ئەوانەی بە عەقڵی كۆن سیاسەت دەكەن، نەیانتوانی خۆیان بكەنە یاوەری بارزانی و بەشێك بن لە نەخشەڕێگە تازەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دوای ئەوەشی ئاستی پێشوازی و زمانی تازەی قسەكردنی نێوان بەغدا و كوردستانیان بینی، دیسان گەڕانەوە بۆ ئەو زمانە كۆنەی ماوەیەك پێش ئێستا سەری رەزامەندییان بۆ قسەكانی نوری مالیكی دەلەقاند، سەبارەت بەو ئەقڵییەتە كۆنە، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی كە بڕیاردەری لیژنەی داراییە لەپەرلەمانی عێراق بەجۆرێك سەری لەخۆی تێكدابوو، بەشاندی كوردستانی دەگوت شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، خواهەڵناگرێت بێژەرەكەی تەلەفزیۆنەكەی كۆمەڵ هەوڵیدا تێیبگەیەنێت ئەو شاندە شاندی كوردستانەو كۆمەڵێك حزب لەخۆی دەگرێت، بەڵام پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ لەبری ئەوەی داوای لێبووردن بكات و هەڵەكەی راستبكاتەوە، گوتی: ئەمە شاندی پارتی دیموكراتی كورستانەو ئەو حزبانەی دیكە لەبەر خاتری كاك مسعود بارزانی لەگەڵی هاتوون، تائێرە قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ وەك «عوزر لە قەباحەت خراپترە»بوو، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو حزبانەی كوردستان لەبەر خاتری كاك مسعود بارزانی چووبوون بۆ بەغدا، ئەمە هەم شانازییە بۆ ئەو حزبانەو هەم شانازیشە بۆ سەرۆك بارزانی و پارتی، بەڵام لەدوای ئەم وەڵامەی گوتی: ئەمریكیەكانیش بە كاك مسعود بارزانی -یان گوتووە، تۆ سەردانی هەموو پایتەختەكانی جیهان دەكەیت بۆ سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق ناكەیت كە لەهەمووان بۆ تۆ گرنگترە، دیارە ئەم قسانەشی جۆرێك سەرلێشێواوی پێوە دیارە، لەبەر ئەوەی ئەمریكا ئەگەر بە سەرۆك بارزانی گوتبێ گرنگە چۆن سەردانی پایتەختەكانی دیكەی جیهان دەكەیت، ئەوا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بكەیت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەمریكا وەك سەرۆكی دەوڵەت، نەك سەرۆك حزب ئەو پێشنیارەی داوەتە سەرۆك بارزانی، لەبەر ئەوەی بارزانی سەردانی هەر پایتەختێكی كردبێت، وەك سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لێكراوە، نەك وەك سەرۆكی هەرمێكی فیدڕاڵی، ئێ باشە ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ كوردستان كە سەرۆكەكەی وەك سەرۆكی دەوڵەت سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بكات. بەهەرحاڵ پێدەچێ ئەمیری كۆمەڵ و میدیای كۆمەڵی ئیسلامی زوو هەستیان بەوە كردبێت كە نەبوون بەیاوەری شاندی بارزانی دواكەوتنە لەكاروانی سیاسی لە كوردستاندا، بەڵام ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕی و پێكەنینە، ئیفلاسی سیاسی بزووتنەوە مۆدێرنەكەی گۆڕانە، كە هیچی بەدەستەوە نەمابوو، پەرلەمانتارەكانیان كاوێژی قسەكانی مالیكی و هەوادارنی مالیكی-یان دەكردەووە، یان تەلەفزیۆنەكەیان KNN زۆر بێباك و بێشەرمانە ئەو تویت و پۆستانەی بڵاودەكردەوە كە ئەندامانی دەعوای مالیكی لە فەیسبووك و تویتەر بڵاویان دەكردەوە، لەمەش زیاتر پەرلەمانتارێكی گۆڕان كە جار جارە خۆی بە موفەكیری بزووتنەوەی گۆڕان لەقەڵەم دەدات و بەحیساب شرۆڤەی سیاسی دەكرد، بەعەقڵی كۆن باسی لامەركەزیەتی پارێزگانی دەكردو هەوڵیدەدا زمانە تاكتیكییەكەی عەبادی كە باسی پێدانی لامەركەزیەتی زیاتر بە پارێزگاكان و پشتگیری سەقامگیری هەرێمی كوردستانی دەكرد، بەئەنقەست تێكەڵ بكات و بۆ شاردنەوەی ئەو شكستە سیاسییە گەورەیەی بەسەر خۆی و بزووتنەوەكەی هاتووە، بڵاویكردبووە، «لەم سەردانەدا ئاستی هەرێم هاتەوە ریزی پارێزگاكانی عێراق.»
بە هەرحاڵ ئەوەی لەم شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی بۆ دۆست و دوژمن دەركەوت، ئەوەیە كە لای سەرۆك بارزانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پێوەندی بە هەموو لایەنەكانی كوردستانەوە هەیەو كێشەو ململانێ ناوخۆییەكان لەوە بچووكترن كە لە پرسێكی ئاوا گەورەدا هیچ لایەنێك فەرامۆش بكرێت، هەر ئەمەش سیماو رەنگدانەوەی سەردانە سەركەوتووەكەی شاندی كوردستان بوو، بەڵام ئەو دوولایەنەی كە نەیانتوانی بەسەر باری دەروونی خۆیاندا زاڵ ببن و كۆتایی بە رق و كینە بێنن، پێش هەموو شت لەوە خافڵگیر بوون، مانا و مەبەستی ئەم سەردانە چییە، دەیانویست تەنیا بۆ دژایەتی دەوڵەتی كوردستان گرەو لەسەر هەموو ئەسپێكی دۆڕاو بكەن، بەڵام ئێستا كە دەبینین ئەم سەردانە سەرەتای شێوازێكی نوێی پێوەندییە لەگەڵ بەغداو هەنگاوی جددییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و هەموو لایەكیش لەم پرۆسەیەدا سەركەوتوون، ئەوا یان دەبێت بە خۆدا بچنەوە، یان دەبێت وەك گۆڕان لەسەر عینادی خۆیان بەردەوام بن تا بەتەواوی دەكەونە پەراوێزی سیاسەت و پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا.ش