هەوڵێك بۆ چارەسەری فاشیلی سیستمی دەوڵەت و وشككردنی ژینگەی پاراوی تیرۆریستان
October 4, 2016
راپۆرتەکان
1. ئەو ئاژاوە و پاشاگەردانییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی باكووری ئەفریقیا، واتە هەر لە لیبیاوە تادەگاتە یەمەن و سووریا و عێراق، تەنیا ئەوەندە نییە دەوڵەتانی ناوچەكەی كردبێتە دەوڵەتی فاشیل، بەڵكو كۆی ناوچەكە بۆتە ناوچەیەكی فاشیل، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو سیستمی دەوڵەتییەی كە لەم ناوچە فراوانەدا دەوڵەتی لەسەر دروستكراوە، سیستمێكی فاشیلە و دەبێت بە سیستمێكی تازە ئەم دەوڵەتانە جارێكی دیكە بونیاد بنرێنەوە.
2. دەستكاریكردنی سنوورەكان، یان دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكان كارێكی ئاسان نییە، راستە ئەم سنوورە دەستكردانەی سایكس پیكۆ هۆكاری سەرەكیی هەموو ئەو كێشە و ئاژاوانەن كە لە تەواوی ئەو ناوچەیە دروست بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستكاریكردنیان ئاسان نییە، ئەوا دەبێت لە چوارچێوەی پەنابردن بۆ سیستمێكی تازەی بونیادنانەوەی دەوڵەت، لەناو سنوورە كۆنەكاندا بیر لە دابەشكردن و شێوازی تازەی دیكە بكرێتەوە.
3. لەناو سنوورە كۆنەكانی سایكس پیكۆ، هەموو كات بونیادی دەوڵەت خۆی فاكتەری سەرەكیی ناسەقامگیری و دروستكردنی ئاژاوە بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە شێوازی بونیادنانەوەی دەوڵەت لەلایەن دەوڵەتانی ئیمپریالیزمی فەرەنسی و بەریتانیاوە بەوجۆرە بووە كە هەمیشە كەمینەیەك حوكمڕانی بكات، بۆ نموونە عەرەبی سوننەی كەمینە لەعێراق و عەلەوی كەمینە لەسووریا، عەرەب لە دەوڵەتانی باكووری ئەفریقیاو پشتگوێخستنی ئەمازیغیەكان، ئەمەش وایكردووە كە بەردەوام كەمینەی حوكمڕان بەرەو دیكتاتۆریەت و عەسكەرتاری و سەركوتكاریی پێكهاتەكانی دیكە هەنگاو هەڵبگرێت، بۆیە ئەگەر ئێستا بیر لە چارەسەر و ریشەكێشكردنی سەرچاوەی ئاژاوە بكەینەوە، ئەوا دەبێت لەناو سنوورە تەقلیدییەكاندا بیر لە جۆرێك لە دابەشبوونێكی تازە بكرێتەوە، بۆ ئەوەی نە كەمینە حوكمڕان بێت، وەك شێوازی فەرەنسی و بەریتانی كۆن، نە زۆرینەش حوكمڕان بێت، وەك شێوازی ئەمریكی لەدوای ئازادكردنی عێراق.
گومانی تێدا نییە زۆربەی ئەو چارەسەرانەی بۆ كێشەكان دەدۆزرێنەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا، سەرەتا لەناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەك چۆن راپۆرتی دیراسەتی عێراق بۆ جاری یەكەم لەمیانەی ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە خرایەڕوو، پاشان چووە ناو ئیدارەی ئەمریكا، بەهەمان شێوە لە ئێستاشدا ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی لەدوای ساڵی 2012 و 2013 لەتەواوی سەنتەرەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە لە رۆژئاوا باسی لێوە دەكرێت، ئێستا خزاوەتە ناو پرۆسەی بڕیار دروستكردنی تەواوی دەوڵەتانی رۆژئاوا لەسەرووی هەمووشیانەوە ئیدارەی ئەمریكا.
دیارە لەساڵی 2012 دوای ئەوەی ئەمریكا تەواوی هێزەكانی لە عێراق كشانەوە، لە ژمارەی مانگی ئادار و نیسانی هەمان ساڵدا، گۆڤاری فۆرین ئەفێرز دیراسەتێكی بڵاوكردەوە بەناونیشانی: (ئەو عێراقەی دوای خۆمان بەجێمان هێشت: جیهان پێشوازی لە دەوڵەتێكی دیكەی فاشیل دەكات)، ئەمە مانای ئەوەیە تەنیا سێ مانگ دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە پێشبینی ئەوەیان كردووە كە عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی فاشیل. لە 2013 كەناڵی CNN ئەو پرسیارەی ورووژاند: (ئایا عێراق لە گرێژنە دەرچووە؟ (? IS Iraq Unraveling)، ئەم پرسیارە بەو مانایە ورووژێنراوە، ئایا عێراق وەك دەوڵەت چیدیكە دامەزراوەكانی كاردەكات، یان نە؟ لەبەرامبەردا و دوای كەمتر لەیەك هەفتە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك زۆر جوان وەڵامی پرسیارەكەی CNNی دایەوە و گوتی: بەڵێ عێراق لە گرێژنە دەرچووە، تەنیا شەش مانگ دوای ئەم وەڵامدانەوەیە، داعش خۆی راگەیاند و پاشانیش خەلافەتی ئیسلامی داعش راگەیەندرا.
لێرەوە ئەگەر هەموو ئەو شێوازانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە 2007 تا 2016 تاقیكردبێتەوە و هیچ ئاكامێكی ئەرێنی بۆ عێراقی دوای داعش بەدەست نەهێنابێت، ئەوا چۆن جۆزیف بایدن دوای سێ ساڵ بەسەر ئازادكردنی عێراقدا كە ئەوكات سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی سەنات بوو، گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت لەچوارچێوەی دابەشكردنی نەرم مامەڵە لەگەڵ پێشنیارەكەی لیسلی گەلب بۆ دابەشكردنی عێراق بگرێت، ئەوا ئێستا كە جێگری سەرۆكی ئەمریكایەو كەسی یەكەمی بەرپرسە لە دۆسیەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، ئەوا لەمیانەی وردبوونەوە لە مامەڵەكردنی سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ واقیعی ئێستای عێراقدا، كۆمەڵێك ئاماژەو بەڵگە دەركەوتوون كە لە ئێستادا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق لەدابەشكردنی نەرم لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵی وەرچەرخاوە بەرەو مامەڵەكردنی واقیعییانە لەگەڵ ئەو دابەشبوونە كردەییەی ئێستا لەعێراقدا بوونی هەیە و هەوڵێكە بۆ ئەنجامدانی ئەو دابەشبوونە بۆ ئاستی دەوڵەتی سەربەخۆ لەچوارچێوەی عێراقدا، ئەم وەرچەرخانەی لەناو سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق دروستبووە، لە شێوازی پیادەكردنی سیاسەتی بەغداو حكومەتەكەی عەبادیش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان رەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی دوای رازیبوونی حكومەتی عەبادی بۆ ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، هەروەها لە رێككەوتنی سیاسیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ و هەماهەنگی و هاوكاری نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان، لەسەرووی هەمووشیانەوە سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بەیاوەری شاندێكی كوردستانی و قسەكردن لەسەر سیاسەتی نەوتی نێوان كوردستان و بەغدا، پرسی داهات و خۆشگوزەرانی هەرێم و بەشەكانی دیكەی عێراق، ئەمانە بەڵگە و ئاماژەی ئەوەن، ئێستا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بەعێراق لەگەڵ سەربەخۆیی سیاسیی تەواوی كوردستاندایە، بەڵام دەبێت هەرێم و عێراق پێوەندییەكی ئابووری پێكەوە كۆیان بكاتەوە، لەسەر بنەمای ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان كوردستان و بەغدا، لە ئێستاوە رێگەچارەی شیاو بۆ عەرەبی سوننەی عێراق بدۆزرێتەوە، رێگەچارەیەك كە لەناو سنوورە تەقلیدیەكانی عێراقدا سەقامگیری و گەشەسەندن و بەرەوپێشەوەچوون دەستپێبكاتەوە و هەروەها ریشەكێشی فیكری توندڕۆیی و وشككردنی ژینگەی پاراوی بەرهەمهێنانی تیرۆریستان مسۆگەر بكرێ، ئەم ئامانجانەش هەموویان پێكەوە ئەو كاتە دێنەدی كە كیانە سیاسییەكانی (كوردو شیعەو سوننە) لەرووی سیاسییەوە سەربەخۆیی تەواویان هەبێت و لەبازنەی ئابووریدا هەماهەنگی و هاوكاری پێكەوە كۆیان بكاتەوە