دەوڵەتی دیفاکتۆی باشوور و سیاسەتی لۆژیکانەی سەرۆک بارزانی
September 4, 2016
راپۆرتەکان
دیارە ئەم وەرچەرخانەی سەرۆک بارزانی لە تێڕوانینی جیھان بۆ کورد و کێشەکەی و تەنانەت چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکەی دروستکردووە، تەنیا بۆ باشووری کوردستان نەبووە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئەم سیاسەتە بە وەرچەرخانی گەورە بۆ پارچەکانی دیکەش شکاوەتەوە، بەتایبەتیش بۆ رۆژھەڵات و باکوور.
دیارە لەناو وەرچەرخانی ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، ئێران وەک دەوڵەتێکی گەورەی ناوچەکە بۆتە پارێزەری ھەر دوو رژێمی شیعەی باڵادەست لە بەغدا و عەلەوی باڵادەست لە دیمەشق، ئەو ھەلەشی ھاتۆتە پێشەوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاکامی شەڕی سووریا و عێراق بۆ کورد، ھەردوو بەشی باشوور و رۆژھەڵات بە پلەی یەکەم دەگرێتەوە، ئێستا ئێران بە ئاشکرا بۆ مانەوەی باڵادەستی دوو رژێمی شیعە لە بەغدا و دیمەشق بەرگری لە یەکپارچەیی ھەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق دەکات، دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکات.
دیارە لە باشووری کوردستان، لەگەڵ ئەوەی ھەوڵێکی زۆر دراوە ئەم پارچەیە دابەش بکرێت بەسەر جەمسەربەندیی ناوچەکەدا، بەڵام لەبەر ئەوەی سیاسەتی لۆژیکانەی سەرۆک بارزانی ھەرچۆنێک بێت و بەھەر نرخێک بێت، باردۆخەکەی راگرتووە، ئەوا کە باس لە چارەسەری کێشەی عێراقی دوای داعش دەکرێت، باس لە دامەزراندنی سێ دەوڵەتی سەربەخۆ، یان لانیکەم سێ دەوڵەتی کۆنفیدراڵی دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی پەیەدە کەوتە ژێر کاریگەری سیاسەتی پەکەکە و نەیتوانی لەو نەخشەڕێگەیەی بارزانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ھەولێر و دھۆک بۆی دیاریکردبوون، ھەنگاو ھەڵبگرن، بەمەش پەیەدە نەیتوانی نموونەیەکی دیموکراتی و فرەیی سەرنجڕاکێش پیشانی جیھان بدات، ئەوا ئێستا کە باسی سووریا دوای داعش دەکرێت، یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکرێتە ھێڵی سوور، لەمەش خراپتر جیا لەوەی ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە سووریا وەک خۆی بمێنێتەوە، لە ھەمانکاتدا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، پەیەدە وەک نوێنەری کورد لە کۆنگرەکانی ژنێف بۆ سووریای دوای ئەسەد قبووڵ ناکەن، ئەمە لە کاتیکدا لە چوارچێوەی ئەزموونی دیموکراتی کوردستان پێش رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، نەک ھەر بەبێ کوردی باشوور ھیچ کۆنگرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ عێراقی دوای سەدام حوسێن گرێنەدەدرا، بەڵکو زۆرجار کورد خۆی سەرۆکایەتی کۆنگرەکانی دەکرد.
ئەو ھەلە مێژووییەی بۆ رۆژئاوای کوردستان لەم یەک دوو ساڵەی ھاتنی داعش و دڕندەیی رژێمی ئەسەد ھاتەپێشەوە، بە درێژایی مێژوو بۆ ھیچ پارچەیەکی کوردستان نەھاتۆتە پێشەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رۆژئاوای کوردستان کەوتۆتە نێوان دوو دوژمنی ھەموو جیھانی ئازادەوە کە ( ئەسەد و داعشە) و جیھان لەیەک کاتدا داوای رووخانی ھەردوولایان دەکات، بەڵام کاریگەری سیاسەتی پەکەکە لەسەر پەیەدە وایکردووە، جیھان لەنێوان نوسرە و پەیەدە، نوسرە ھەڵبژێرن و لەنیوان ئەسەد و پەیەدە، ئەسەد ھەڵبژێرن، ئەمە لە کاتێکدا ھەموو لایەک دەزانن کە ئەمریکا خۆی بە خاوەنی حکومەتی ناوەندی عێراق دەزانێت و ھەموو سیاسەتی ئەمریکا بۆ مانەوەی عێراقە بەیەکگرتوویی، بەڵام سیاسەتی بارزانی وایکردووە کە نەک ھەر ئەمریکا رازی بێت بەوەی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ رەفتاردەکات، بەڵکو کاتێک ھەرێمی کوردستان داوای ئەوە دەکات وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەشداری کۆبوونەوەکانی ھاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش بکات و عێراق ناڕەزایی دەردەبرێت، ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەنێوان عێراق و کوردستاندا، ریز لە داواکەی کوردستان دەگرن و جێگەی نوێنەری کوردستان دەکەنەوە و ناڕەزاییەکەی عێراق لەبەرچاو ناگرن.
دیارە ئەم تێڕوانینە بۆ دوو ئەزموون و دوو بیرکردنەوی جیاواز، بۆ ئەو مەبەستە نییە کە رۆژئاوای کوردستان خۆی ھەر بە جیاوازی بھێڵێتەوە، بەڵکو ئەمە بۆ بەرچاوڕوونییە بۆ ئەوەی پشتی خۆی بداتە دەوڵەتی دیفاکتۆی کوردستان و بە زمانی دیموکراتی و فرەیی و یەکتری قبووڵکردن دەرگای جیھان لە رێگەی باشوورەوە بەسەر خۆیدا بکاتەوە.