سەرۆکێک بۆ دانپێدانان بە سەروەریی نەتەوەکەی لە دەرگای دەوڵەتانی جیھان دەدات

سەرۆکێک بۆ دانپێدانان بە سەروەریی نەتەوەکەی لە دەرگای دەوڵەتانی جیھان دەدات
لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک سەرۆک بارزانی لەناو کۆشکی سپی باسی دەوڵەتی سەربەرخۆی لەگەڵ سەرۆک ئۆباما و ستافی ئیدارەی ئەمریکی کرد و پاشانیش ھەر لە میانەی ئەو سەردانەیدا لە ئەوروپا ھەمان پرسی لەگەڵ دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ باسکرد، ئەمە پەیامێک بوو ئاراستەی ھەموو جیھانی کرد، بەوەی کوردستان دوایین بڕیاری خۆی داوە، ئەو بڕیارەش ئەوەیە بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ھەنگاو ھەڵدەگرێت.
ئەم پەیامەی بارزانی نەک ئەمریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ-ی نیگەران نەکرد، بەڵکو ھەنگاوی دیکەی بەدوای خۆیدا ھێنا، کە بریتی بوو لە مامەڵەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە دانپێدانەنراوەی کە توانیویەتی ھەموو دەسەڵاتەکانی سەروەریی لە چوارچێوەی رەچاوکردنی یاسا و شەرعییەتی نێودەوڵەتیدا پیادە بکات و رێز لەو پێوەرانەش بگرێت کە شەرعییەتی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتێکی ھاوچەرخ کردوویەتی بە پێوانە.
گرنگترین پرس لای ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دوایین بڕیاری کوردستان بۆ بەدەستھێنانی سەروەریی ئەوەیە، ئەم پرۆسەیە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم و کوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ بە پلەی دووەم یەکلایی بکرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە لە نێوان عێراق و کوردستان چیدیکە خوێنڕشتن و توندوتیژی روونەدات و لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان نەبێتە فاکتەرێک بۆ شێواندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە .

دیارە لەسەر ئاستی پێوەندی فەرمی نێوان ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق، پێوەندیەکە گۆڕاوە بۆ پێوەندی نێوان دەوڵەتێکی دانپێدانەنراوی دیفاکتۆی سەربەخۆ لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی پێشتر بەشێک بووە لێی و ئێستاش بە فەرمی ھەر بەشێکە لەو دەوڵەتە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە پێشتر پێوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بوو لە نێوان حکومەتێکی فیدڕاڵی و حکومەتێکی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، بەڵام ئێستا جۆری پێوەندی نێوان کوردستان عێراق، پرۆسەیەکی دیکە رێکیدەخات کە ئەویش پرۆسەی دابەشکردنی سەروەرییە لەنێوان ھەردوولایاندا. بە کردەیی و لەسەر ئەرزی واقیعیش ئێستا ھەردوولا عێراق و کوردستان تەواوی دەسەڵاتەکانی سەروەریی بە بریاردانی شەڕ و ئاشتیشەوە لەسەر ئەو ناوچانە پیادەدەکەن کە ھەر لایەک لە ژێر دەستی خۆیدایەتی، لەمەش زیاتر ئەگەر ھەردوولا بیشیانەوێت پێکەوە ھاریکاری بکەن، ئەوا وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ دوای رێککەوتن لەسەر کارە ھاوبەشەکەیان دەیخەنە واری کردارییەوە، ھەروەک چۆن بە رێککەوتن سوپای عێراق بۆ ئازادکردنەوەی موسڵ لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی پێدرا بۆ ئەوەی بێتە ناو کوردستانەوە.

لەسەر ئاستی پێوەندی کوردستانیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران، حکومەتی کوردستان توانیویەتی جیا لە رێزگرتنی پرانسیپەکانی دراوسێیەتی باش و نەبوون بە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتانە، لەھەمانکاتدا پێوەندیەکی بەرفراوانی بارزگانی دروستکردووە کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەواوکاری ئابووریدا سوودێکی گەورەی ھاوبەشی بۆ ئەوانیش و بۆ کوردستانیش دروستکردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ھەرێمی کوردستان توانیویەتی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئەو راستییە بە ھەموو لایەک بگەیەنێت، کە ئامانجی کوردستان لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دروستکردنی دەوڵەتێک نییە جیاواز لەو شێوازی دەوڵەتەی کە ئێستا لە جیھاندا بوونی ھەیە، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە دەوڵەتێک دابمەزرێنێت وەک ھەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی دیکە ھەموو پرانسیپ و پابەندبوونەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەرامبەر دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات. سەلماندنی ئەم پابەندبوونانەی کوردستانیش وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی دانپێدانەنراو، جۆرێک لە دڵنیایی لەسەر ئاستی ئیقلیمی بە دەوڵەتانی عەرەبی و دراوسێشەوە دروستکردووە، بۆیە وەک وەڵامدانەوەیەکی ئیجابی بۆ ئەم پابەندبوونانەی کوردستان بە یاسا و شەرعییەتی نێودەوڵەتییەوە، دەبینین بەشی زۆری دەوڵەتانی دراوسێ و ھەروەھا دەوڵەتانی عەرەبیش کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی خۆیان لە ھەولێر دەکەنەوە، ئەمە لەکاتیکدا زۆر باش دەزانن پێوەندی نێوان کوردستان و بەغدا لە رووی کردەییەوە پێوەندی نێوان دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و ھەرێمێکی ناو ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵییە نییە، لەمەش زیاتر باش دەزانن کە کوردستان وەک دەوڵەتێکی دانپێدانەنراوی سەربەخۆ ھەموو لایەنە جیاوازەکانی سەروەریی دەوڵەت لەسەر ئەو جوگرافیایەی کۆنتڕۆڵی کردووە، پیادەی دەکات و ھیچ پێشێلکارییەکیشی بەرامبەر یاسا و شەرعییەتی نێودەوڵەتی ئەنجام نەداوە.

لەم چوارچێوەیەدا کاتێک سەرنج لە شێوازی پڕۆتۆکۆڵی پێشوازیی دەوڵەتان لە سەرۆکی کوردستان دەدەین، وەک لە سەردانی چەند رۆژی رابردووی سەرۆک بارزانی بۆ تورکیا بینیمان بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لێدەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەمە یەکەمجار نییە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی کوردستان دەکرێت، بەڵام تورکیای دوای ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموز، تورکیای پێش ئەو بەروارە نییە، تورکیا ئێستا دەوڵەتێکە لە بارێکی نائاساییدایە و گەورەترین کێشەی ناو تورکیاش کێشەی کوردە، بەڵام کاتێک دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە لە حاڵەتی نائاسایی دەوڵەتدا بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لە بارزانی دەکات، مانای ئەوەیە دەوڵەتی کوردستان بۆ باری نائاسایی تورکیا جێگەی مەترسی نییە و بەڵکو کوردستان ئەو دەوڵەتەیە کە لە کاتی ئاسایی و نائاساییدا رێز لە بنەمای ھاوسێیەتی باش و ئاشتی و سەقامگیری خۆی و دراوسێکانی دەگرێت.

خاڵی گرنگ و گەوھەری لەبەرەوپێشەوە چوونی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و ھەنگاوھەڵگرتن بۆ دوایین قۆناخی بڕیاری چارەنووس و بەدەستھێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، ئەو خاڵەیە کە ئێستا کوردستان وەک دەوڵەتێکی دانپێدانەنراوی سەربەخۆ ھەموو دەسەڵاتەکانی سەروەریی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە کردەیی لەو دەوڵەتە پیادەدەکات و ھاوکات توانیویەتی وێرای ئەوەی بە درێژایی زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر بەرەی شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ھەیە، ئاسایش و سەقامگیری لە دەوڵەتەکەی خۆیدا دابین بکات، ھۆکارێکی ئیجابیش بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و جیھانیش، ھەروەھا لەناو ئەم دەوڵەتە دیفاکتۆیەدا رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگیرێت و توانراوە پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دروست بکات، کە لە ھیچ دەوڵەتێکی جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا نەتوانراوە ژینگەی سیاسیی لەوجۆرە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا دروست بکرێت.
لایەنێکی دیکەی گرنگ لە سەردانی ئەمجارەی سەرۆک بارزانی چ بۆ دەوڵەتانی دراوسێی و چ بۆ دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ ، جیالەوەی ھەوڵدانە بۆ بەدەستھێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی دیفاکتۆی کوردستاندا، لەھەمانکاتدا باسکردنی ئاستەکانی دیکەی پێوەندیی دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، لەمبارەوە پرسی بە دەوڵەتبوونی کوردستان تەنیا ھەر ئەوەندە نییە، ئەم دەوڵەتە رابگەیەندرێت و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست بھێنێت، بەڵکو شێوازی مامەڵەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە تازەیەدا، ئەمەش نەک تەنیا لە بواری سەربازی و پێوەندیدار بە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بەڵکو لەسەر شێوازی پێوەندی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە بوارەکانی ئابووری و پەرەپێدان و ریزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ھاریکاری نێودەوڵەتی لەگەڵ کوردستان لە پێناوی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. بەتایبەتیش پێش ئەوەشی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ متمانەی نێودەوڵەتیش بەدەست بھێنێت، توانیویەتی وەک ئەزموونێک لە قۆناخی دەوڵەتێکی دانپێدانراودا ھەموو پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکات و رێزیان لێبگرێت.
کەواتە کوردستان وەک دەوڵەتێکی دانپێدانەنراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە قۆناخی پیادەکردنی تەواوی دەسەڵاتەکانی سەروەریی دەوڵەت بە شێوەی دیفاکتۆ سەرکەتوو بووە و جێگەی رەزامەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، بۆیە ئەم پرسە ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ گرێ نەدا، بۆ ئەوەی لە ئاکامی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە تازەیە بکۆڵێتەوە، ئەوا سیاسەتی حەکیمانەی بارزانی دڵنیاییەکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستکردووە کە وەڵامی ئیجابی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان بە ئاسانی بەدەست بێت و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان وەک فاکتەرێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێشوازی لێ بکرێت، نەک نیگەرانی دروست بێت لە ئاکامی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە.

سپۆت:
سیاسەتی حەکیمانەی بارزانی دڵنیاییەکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستکردووە کە وەڵامی ئیجابی بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان بە ئاسانی بەدەست بێت و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان وەک فاکتەرێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێشوازی لێ بکرێت
کاتێک دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە لە حاڵەتی نائاسایی دەوڵەتدا بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لە بارزانی دەکات، مانای ئەوەیە دەوڵەتی کوردستان بۆ باری نائاسایی تورکیا جێگەی مەترسی نییە و بەڵکو کوردستان ئەو دەوڵەتەیە کە لە کاتی ئاسایی و نائاساییدا رێز لە بنەمای ھاوسێیەتی باش و ئاشتی و سەقامگیری خۆی و دراوسێکانی دەگرێت
لەسەر ئاستی پێوەندی کوردستانیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران، حکومەتی کوردستان توانیویەتی جیا لە رێزگرتنی پرانسیپەکانی دراوسێیەتی باش و نەبوون بە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتانە، لەھەمانکاتدا پێوەندیەکی بەرفراوانی بارزگانی دروستکردووە کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەواوکاری ئابووریدا سوودێکی گەورەی ھاوبەشی بۆ ئەوانیش و بۆ کوردستانیش دروستکردووە
گرنگترین پرس لای ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دوایین بڕیاری کوردستان بۆ بەدەستھێنانی سەروەریی ئەوەیە، ئەم پرۆسەیە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نێوان کوردستان و عێراق بە پلەی یەکەم و کوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ بە پلەی دووەم یەکلایی بکرێتەوە
Top