رەگ و ریشەی دەسەڵاتی گولەنییەكان لە توركیا كودەتاكە و دوای كودەتاكە
August 7, 2016
راپۆرتەکان
پارتی دادوگەشەپێدان تۆمەتی ئەم کودەتایە دەخاتە پاڵ فەتحوڵا گولەن-ی بانگخواز کە ئێستا لە پەنسلڤانیا نیشتەجێیە و ھەروەھا شوێنکەوتووانی، لەگەڵ ئەوەی ململانێی بەردەوامی نێوان ئاک پارتی و گولەنییەکان لەسەر دەسەڵات گومان دەخاتەسەر ئەم تۆمەتە، بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی کۆکراونەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ژمارەیەکی زۆر لە شوێنەکەتووانی گولەن بە بەڵگەوە لە ھەوڵی داڕشتنی ئەم پیلانە و جێبەجێکردنی کودەتا شکستخواردووەکە تێوە گلاون، ھەروەھا بەڵگەکان تەحەددییەکی راستەقینە بۆ تورکیا و ھاوبەشەکەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە دروست دەکات. تورکیا ھەوڵیداوە وەڵامدانەوەی خۆی بۆ ئەم کودەتا شکستخواردووە بەو ئاراستەیە ببات کە سوودێکی ھیجگار گەورەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ لێ وەربگرێت، ئەگەرچی رەنگە بڕیارەکانی ئاکامی گەورەتر لەسەر پەکەکە و تەنگژەی سووریا دروست بکات، لە ھەمانکاتیشدا تورکیا دەیەوێت ئەمریکا وەک ھاوبەشێک بێتەپێش و لەم تەنگژەیەدا ھاوکاری تورکیا بکات و لانیکەم ددان بەوەدا بنێت ئەم کودەتایە لەلایەن ئەو کەسەوە فەرمانی بۆ دەرکراوە، یان ئیلھامبەخشی ئەو کودەتایە بووە، کە ئێستا بە بەردەوامی لە ئەمریکا نیشتەجێیە.
حکومەتی ئاک پارتی لە پێوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی گولەنییەکان مێژوویەکی ئاڵۆزی ھەیە، بەڵام دوای ھەوڵی ئەم کودەتایە دووبارە ئەو پێوەندییانە سەرنجەکانیان بەلای خۆیاندا راکێشایەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٢ ئەم دوو بزووتنەوە ئیسلامییە ھێزەکانیان یەکخست بۆ ئەوەی سەرکردایەتی سیاسیی تورکیا بکەن و خەڵکانی خۆیان لە دەزگای بیروکراسیەتیدا جێگیر بکەن و تەواوی دەسەڵاتی سوپا بخەنە ژیر دەسەڵاتی مەدەنی. ئەوکات ھاوپەیمانی نێوان ئاک پارتی و بزووتنەوەی گولەنییەکان بە باشی بەڕێوەدەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆگان-ی سەرۆک کۆمار، دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوە دەبرد و گولەنییەکانیش خۆیان خزاندە ناو خزمەتگوزاری مەدەنی و ھێزەکانی پۆلیس و دەزگای داواکاری گشتی و دادوەری، ھەروەھا بزووتنەوەی گولەنییەکان شانوگەرییەکی دادگایی رێکخست بۆ پاکردنەوەی سوپا و دەزگا بیرۆکراسییەکان لەو کەسە رادیکاڵانەی کە رکابەری پرۆژە سیاسیە ھاوبەشەکە بوون، بەڵام دواتر بەرژەوەندییە لێکجیاوازەکان و نەخشەی دژ بەیەک بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات سەریکێشا بۆ سەرھەڵدانی ناکۆکی، لەمەش زیاتر گولەنییەکان ھەوڵیاندا ھەڵمەتێکی پاکسازی قورس دژی ئاکپارتیش ئەنجامبدەن، بەڵام ئەردۆگان بە پاکسازی گولەنییەکان لە دەزگا بیرۆکراسییەکان و میدیا و جیھانی کار، تۆڵەی لێکردنەوە و ئەم ھەوڵانە بەردەوام بوون ھەتا ئەو رۆژەی کودەتا فاشیلەکە لە ١٥ی تەموز ئەنجامدرا.
کاردانەوەی خێرای حکومەتەکەی ئاک پارتی بەرامبەر ئەوانەی لە پشت ئەو کودەتایە بوون، خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانی کرد، بەڵام بووە ھۆکاری ئەوەش کە متمانە کەم بێتەوە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەستپێکردنی ھەوڵی کودەتاکە، ئەرۆدگان و بەرپرسانی باڵای حکومەت پێکەوە گولەنیان بە ریکخەری ئەم پیلانە دانا- ئەمە ھەنگاوێکی جێی سەرسوڕمان نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ و متمانەی حکومەتی خستە ژێر پرسیارەوە. حکومەت ئەم ھەڵمەتی پاکسازییە بە تەواوەتی فراوانکرد، سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی رەسمی ٨٦٠٠ کەس لە ھێزەکانی سوپای دەستگیرکرد، ١٥٠٠ کەسی دیکەشی لە دامەزراوەکانی دیکە دەستبەسەر کرد، ھاوکات بە بیانووی ئەوەی پێوەندیان بە بزووتنەوەی گولەنیەکانەوە ھەیە بە دەیان ھەزار فەرمانبەری حکومەتیشی لەکار دوورخستەوە.
ھەروەھا حکومەت متمانەی خۆی لە میانەی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەستبەرسەرکراوەکتان لەکەدار کرد، ھەر بۆ نموونە ئەفسەری موقەدەم لیڤانت تۆرکان کە یاریدەری سەرەکی ھولوسی ئاکاری سەرۆکی دەستەی ژەنڕاڵەکانە، ئەو ددانی بەوەدا ناوە کە یەکێکە لە ئەندامانی بزووتنەوەکەی گولەن و یەکێکە لەوانەی لەپشت ھەوڵی کودەتاکەوە بووە، بەڵام وێنەیەکی فوتوگرافی وەک بەڵگە ئەوە دەخاتەڕوو کە تۆرکان لەو کاتەی دەستبەسەربووە، ئەشکەنجەدراوە، بۆیە ددانپێدانانەکەی بەتەواو دانانرێت، ھەروەھا رێکخراوی چاودێری نیودەوڵەتی ژمارەیەک راپۆرتی وەرگرتووە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێلکاری دژی دەستەبەسەرەکان کراوە، ئەمانەش متمانەی حکومەتی تورکیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەڵام وێرای ئەوەشی متمانەی حکومەتی ئەک پارتی گومانی لەسەرە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە بە تەواوەتی ھەڵەیە.
کەسانێکی کەم ھەن ھاوڕانەبن لەگەڵ ئەوەدا کە بزووتنەوەی گولەنییەکان ھەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٦وە ھەتا ئێستا ھەوڵیداوە ئەندامەکانی بخزێنێتە ناو پێکھاتەی سوپاوە، گۆڤاری نۆکتا کە گۆڤارێکە زۆر بە توندی لایەنگیری کەمالیزم دەکات –کە ئایدیۆلۆژیای دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیایە- لە ساڵی ١٩٨٦ سەرکەوتنی گولەنییەکانی بۆ ناو سوپا ئاشکرا کرد، ھەروەھا گوتەی پیرەمێردیکی گولەنییەکانی بڵاوکردۆتەوە کە بە گەنجەکانی قوتابخانەی سەربازی گوتووە: "ددانی خۆتان تیژبکەنەوە و خۆتان بشارنەوە ھەتا ئەو کەتای خۆتان دەبنە دەستەی ئەفسەرانی باڵا.. چاو بنووقێن و نوێژ بکەن لە دووھەزارەکاندا تورکیا لە دەستی خۆماندا دەبێت."
کە لە میانەی ھەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو گولەنیەکان ئاستیان لەناو سوپا ھەڵکشا، ئەنجومەنی باڵای سەربازی کۆبوونەوەی خولی نیوساڵانەی خۆی بەکارھێنا بۆ دوورخستنەوەی ئەوانەی تۆمەتی گولەنییان لێدەکرێت لەو ئەفسەرانەی سوپادا، ئەمەش شێوازێکی دڵڕەقانە بوو کە بە دڵنیاییەوە نەیتوانی دەستنیشانی زۆرێک لە لایەنگرانی بزووتنەوەکە بکات و لە ھەمان کاتدا رەنگە بە ھەڵە کەسانێکی دیکەی تێوەگلاندبێت.
بەڵام کە ئاکپارتی و گولەنییەکان ھێزەکانی خۆیان یەکخست، ھەوڵەکانی سوپا بۆ دەرکردنی گولەنییەکان ئاستەنگی ھاتەبەردەم، بەمەش کرانەوەیەکی بێوێنە لەبەردەم بزووتنەوەی گولەنییەکان کرایەوە، کە ھەوڵیاندا ھەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات لابەرن، بەشێوەیەکی رۆتینش شێوازە نایاساییەکانیان تاقیکردەوە بۆ خزمەتی ئامانجەکانی خۆیان.
دادگاییکردنە رواڵەتییەکان (کە بە کەیسی ئەرگەنەکۆن و ئۆپەراسیۆنی سلێچھامەر ناسراوە) لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٠ - کە بەڵگەی داتاشرا و دروستکراوی تێدا بەکارھات بۆ تێوەگلاندنی ئەفسەری باڵای سەربازی کە گوایە ھەوڵی رووخاندنی حکومەتیان داوە- تەنیا بەشێکن لە نموونە بەدناوەکانی ھەوڵە پڕ لە گومانەکان کە زۆر زووتر دەستیان پێکرد.
لەساڵی ٢٠٠٥ ، کتیبخانەیەکی بچووک لە شەمدینان بۆمباران کرا، ئەویش بەھەمانشێوە لەلایەن ھێزە لۆکاڵەکانی سوپاوە بوو، بۆیە کاتێک ئەم کەیسە برا بۆ دادگا، تۆمەتەکە -لەلایەن داواکارێکی گشتی نووسرایەوە کە گومان دەکرا سەر بە گولەن بێت-، بەرفراوان کرا بۆ ئەوەی تۆمەتی ئەوەش لەخۆبگرێت کە گوایە فەرماندەی ھێزە زەمینییەکان و دوو ژەنەڕاڵی دیکە رێکخراوێکی نایاساییان دروستکردووە. بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی ھەڵایەک لە دژی سوپا بگرێت، ئەردۆغان دەستێوەردانی کرد و داواکارییە گشتیەکەی لادا. دواتر پارێزەری ژەنەڕاڵەکان، ڤیدات گوڵشەن، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمە یەکەم پیلانی رێکخراوی تیرۆریستی گولەنییەکان بوو لە دژی ھێزە چەکدارییەکانی تورکیا. بەم دواییانەش لە پرسێکی سیخوڕیی سەربازیدا، ئەدمیرالی بەوە تۆماتبار کرابوو کە گروپێک مافیای دروستکردووە بۆ ئەوەی ئافرەتی لەشفرۆشی خوار تەمەنی یاسایی و ئالوودە بە ماددە ھۆشبەرەکان –کە بە شێوەیەکی نایاسایی بازرگانیان پێوەکرابوو- بۆ ئەفسەرانی دەریایی دەستەبەربکەن و بۆ ئەوەی دواتر ناچاریان بکەن زانیارییان پێبدەن، بۆ ئەوەی بیفرۆشن بە دەزگایەکی موخابەراتی بیانی، ئەمساڵ دادگا ھەموو گومانلێکراوەکانی ئازادکرد و داواکاری گشتی دۆسیەکی لێکۆڵینەوەی کردەوە و لەبارەی ئەو بانگەشانەوە کە گوایە ئەفسەرانی سەر بە گولەن ئەو تۆمەتانەیان دروستکردووە، ئەو کەسەش عەقید موحەرەم کوس بووە لەسەر چەندین بەڵگە لەسەر ئەو کەیسی یەکەم ئیمزای کردووە، ھەندێک لە ھێزەکانی ئاسایشیش دەڵێت ھەر ئەو کەسە پیلانداڕێژەری سەرەکی بووە و لە پشت ھەوڵەکانی کودەتاکەی مانگی رابردوو بووە.
لەگەڵ ھەموو دادگاییەکدا یەکێک لە کەسایەتییە سەربازییەکان بە ئامانج گیراوە و دەرگا واڵا بووە بۆ ئەوەی ئەفسەریکی دیکە جێگەی بگرێتەوە، ئەفسەرەکانی سەر بە گوڵەن لەگەڵ دوورخستنەوەی ھەر ئەفەسەریکدا ئامادەبوون بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، ھەروەک لە ناو دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتیشدا ھەمان شێوازیان پیادەکردووە، سەرەتا گولەنییەکان ھەوڵیاندا پێگە موخابەراتییەکان و سەرچاوە مرۆییە سەرەکییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن ، بەڵام لە دوای ٢٠١٠ - ٢٠١٣ کاتێک ئاک پارتی و بزووتنەوەی گولەن لەبەریەک ھەڵوەشان و سەرەنجامیش ھەوڵدرا بەشیوەیەکی بەرفراوان ئەو ئەفسەرانە پاکسازی بکەن کە ھاوکاریان لەگەڵ بزووتنەوە گولەن ھەیە، دەرکەوت کە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجراکێش زیادیان کردووە.
ترس لە ھاندان و توانای گولەنییەکان ئەوکاتە لەھەموو کاتیک زیاتر بوو کە گروپێک لە ئەفسەرانی سوپا کرانەئامانج لە دادگایەکی دروستکراودا کە دەستکرا بە کۆکردنەوەی لیستێکی نەھێنی و دەرکەوت ھەموو ئەو ئەفسەرانە ئەوانەن کە لەگەڵ بزووتنەوەی گولە ھاوسۆزن، ئەم لیستە کە گوڤاری فۆرێن ئەفێرز کۆپییەکی دەستکەوتووە، زۆر گشتگیر نییە، لەبەر ئەوەی ناوی ئەفسەرانی ھێزی ئاسمانی تێدا نییە، ھەروەھا پێدەچێت ئەم لیستە بەتەواوەتی سەرچاوەیەکی دیاریکراوی نەبێت، ھەروەھا بەدووریش نازانرێت ئەم لیستە ناوی ئەو ئەفسەرانەشی تێدا نەبێت کە پێوەندی خۆیانیان لەگەڵ گولەنییەکان لای برادەکانیان ئاشکرا نەکردبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە، ئەم لیستە بەڵگەی تەواو دەخاتە بەردەست و ئەوە دەسەلمێنێت کە گولەنییەکان لە پشت ئەو کودەتا شکستخواردووە بوون.
ھەر بۆیە ھەتا ئەگەر زۆر بەتوندیش ئەوە رەتبکەنەوە، ئەوا ئەو لیستەی پێشتر لەسەر گولەنییە گومانلێکراوەکان ئامادەکراوە، ئاماژەیەکی بەھیزە بۆ ئەو ئەفسەرانەی بەشداربوون لەو کودەتایەدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی یان ئەم بزووتنەوەیە ھەوادارانی خۆی ھانداوە بۆ ئەوەی پێوەندی بەو کودەتایەوە بکەن، یان ئەوەیە دەستێکی دەرەکی پێوەندیەکی بە ھێزی لەگەڵ بزووتنەوەکەی گولەن ھەیە، وەک ئەوانەی کە رقێکی قووڵیان لە ئاک پارتی ھەیە، تا رادەیەکی زۆر ئەوەیان بە فرسەت گرتووە بۆ ئەوەی ئەو ئەفسەرانە دیاری بکەن ھەتا بەشداری لە کودەتاکەدا بکەن.
سەرباری موحەرەم کوس، لیستەکە ئەو گومانلێکراوەنەشی لەخۆی گرتووە کە لە نێو سەکردەکانی ئەو کودەتایەدا بوون، ھەروەھا ئەو ئەفسەرانەشی کە سەرپەرشتی پاراستنی ھێزەکانیان کردووە کە پشتگیری کودەتاکە بوون، لەوانەی ھەوڵیاندا ئەکاری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بڕفێنن و ژمارەیەک ئەفسەری گەورەش دەستگیر بکەن، پاشانیش یاسای سەربازییان لە شارەکانی تورکیا راگەیاند.
لیستەکە ٢٣ ئەفسەری دیکەی تێدایە لە پلەی ئەدمیرال، یان ژەنەڕاڵ و ئەم ئەفسەرانە ٢٠%ی ئەو ئەفسەرانە پێکدەھێنن کە ھەتا ئێستا دەستگیرکراون، ژمارەیەکی کەمیش لە ئەفسەرە گومانلێکراوەکانی سەر بە گولەن لە لیستەکەدا لە دژی کودەتاکە ھەر زوو ھاتوونەتە دەرەوە، لەوانەیە ئەم سەرکۆنەکردنەی کودەتاکە راست نەبێت، بەڵام ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەندامی بزووتنەوەی گولەن ھەموویان پێکەوە بەستراو نین بە توندی وەک ھەندێک باسی دەکەن.
دانپێدانانەکانی ئەکار-ی سەرۆکی ئەرکانی سوپا پرسیاری زیاتر دەورووژێنێت، ئاکار بڕوای وایە ئەوانەی رفاندیان، ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوەی گولەن بوون، لە راستیشدا ژمارەیەک لەوانە ناوە دیارەکانی نێو لیستەکەن کە ماوەیەکی درێژ پێش کودەتاکە کۆکرابوونەوە، ھەروەھا ئاکار دەڵێت: یەکێک لە رفێنەرەکان کە ژەنەڕاڵ ھاکان ئیڤریم بوو، پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ فەتحوڵا گولەن بکەم، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچیت گولەن و کەسە باڵاکانی بزووتنەوەکە پێش ئەنجامدانی کودەتاکە لە رێگەی نامەی شیفرەوە پێوەندییان بە یەکەوە کردبێت و نامەیان گۆڕیبێتەوە. ھەروەھا ئەکار پەنجەی تاوان بۆ عەقیدی خانەنشینی ھێزی ئاسمانیش ئەکین ئۆزتورک رادەکەێشێت کە بڕواناکرێت ئەو سەر بە بزووتنەوەی گولەنییەکان بێت، ئەگەرچی لەسەرەتاوە ھۆیەکانی راگەیاند بەوجۆرە بڵاویان کردەوە کە ئۆزتورکیش پێوەندی لەگەڵ گولەنییەکان ھەبوووە، بەڵام دواتر ئۆزتورک دەرکەوت پێدەچوو لەکاتی بەندکردنەکەیدا باشیان لێ دابێت، ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە، بۆیە ھەتا ئێستا نازانرێت بە راستی چەند کەس فەرمانی ئەو کودەتایەی دەرکردووە.
لەمەش زیاتر زانیارییە دژ بە یەکەکانی دوای کودەتا شکستخواردووەکە سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی ئاک پارتی کاڵ دەکاتەوە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە گولەنییەکان تەنیا لایەنی بەرپرسن لەم کودەتایەدا، حکومەت و ھۆیەکانی راگەیاندن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە گروپێکی بچووک لەناو سوپا ھێرشەکانیان ئەنجامداوە، بەڵام سوپا ئەو ژمارەیە بە ١.٥% لە قەڵەم دەدا، لەلایەکی دیکەوە زیاتر لە ٤٠%ی ئەدمیرال و ژەنەڕاڵەکانی سوپا لە سوپا دەرکراون، ھەر لەمیانەی ئەم حەماسەیە بۆ پاکسازی ئەو ئەفسەرانەشی بەشێک نەبوون لە کودەتاکە، بەڵام گومان دەکرێت گولەنی بن، ئەوانیش دوورخراونەتەوە، پێدەچێت حکومەت لەو پرسەدا کە دەیەوێت تەنیا گولەنییەکان بە پیلانداڕێژی ئەم کودەتایە تۆمەتبار بکات زۆر بە ھیز نەبێت.
حکومەت لەگەڵ ئەوەی ھەوڵینەداوە بیانووەکەی پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام لەبری ئەوە ھەوڵدەدات چیرۆکیک دروست بکات کە زیاتر خزمەتی ئامانجەکانی بکات، لەپشت ئەم پرۆسە پاکسازییە بەردەوامەوە، پێدەچێت لە ژیر کاریگەری ئەو کارەسات و سکانداڵەی پێشووەوە چیرۆکە زیاتر بۆ گولەنییەکان بھۆنێتەوە، لێرەوە باس لە قەسابخانەکەی ئۆلودیری ساڵی ٢٠١١ دەکرێت کە حکومەت بە رێگەی ھێرشە ئاسمانییەکانی ٣٤ گوندنشینی کوردی کوشت کە لە سەر سنوورەکان کەلوپەلیان دەگواستەوە، ئەوان گومانی ئەوەیان کردبوو کە چەکدارانی پەکەکەن، ئەو کات دەوڵەت بەرپرسیاریەتی ئەو رووداوەی نەخستە ئەستۆی خۆی و ھەوڵیدا پەردەپۆشی بکات، بەڵام دوای ١٠ رۆژ لەو کودەتا شکستخواردووە، وەزیری وزەی تورکیا بیرات ئەلبیرەق رایگەیاند جارێکی دیکە ئەو کەیسە دەکەینەوە و لیکۆڵینەوەی تێدا دەکەینەوە کە پێدەچت پێوەندی ھەبێت بە ئەوەی ئەو پێی دەگوت رێکخراوی گولەنی تیرۆریست، حکومەت و ئەردۆگان لەمەدا زۆر سەرکەتوو بوون بۆ ئەوەی بەرپرسیاریەتی ئەم لێکترازانەی کۆمەڵگە بخەنە ئەستۆی گولەنییەکان، چانسێکی باشیشە بە ئارەزووی خۆی سیاسەتی تورکیا رێکبخاتەوە,
خەڵکی دیکەش ھەوڵیانداوە بەشیوەیەکی گشتی چیرۆکی پیلاگێری گولەنییەکان بخەنەروو، لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەل کە بە پارتێکی کوردی ناسراوە، ئەو بزووتنەوەی گولەنییەکانی بەوە تۆمەتبار دەکات کە سەرپەرشتی ئەو ئۆپەراسێۆنەیان کردووە کە ساڵی رابردوو لەو شارانە روویانداوە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، ئەو ئۆپەراسێۆنانە لەسەر فەرمانی ئاک پارتی فەرمانیان بۆدراوە و جێبەجێ کراون، کە بوونە ھۆی کوشتی سەدان ھاووڵاتی و دەربەدەربوونی زیاتر لە ٣٥ ھەزاری دیکە، بۆ ماوەی چەند مانگێکیش لەو شارانە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە ئێوارە تا بەرەبەیان جێبەجێ کراوە، ھەندێک جاریش بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بووە، کاردانەوەی دیمیرتاش رەنگدانەوەی تووڕەیی خەڵکەکەیەتی کە دەیەوێت پەیامێک بنێرێت بەوەی ئامادەیە دووبارە ئەو پرۆسە ئاشتییەی لە ٢٠١٥ راوەستاوە دەست پێبکاتەوە، واتە لە دوای ئەو کودەتا شکستخواردووە جارێکی دیکە دەست بۆ حکومەت درێژدەکاتەوە.
لەوانەیە ئەمریکا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن رووبەڕووی بریاریکی یەکلاییکەرەوە بێتەوە، بەڵام ھەتا ئێستا حکومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە ئەمریکا نەکردووە بە بەڵگەکاندا بچێتەوە و بڕیار لە راستدکردنەوەی بدات، بەڵام نەبۆتە رێگر لەوەی کە حکومەت ئەوەی بە خەڵکی دەڵێت پێچەوانەی ئەوەیە، وێڕای ئەمانەش دەبێت واشنتۆن ئامادەباشی بۆ ئەم ئەگەرە بکات، ئەمەش بە پێی یاساکانی ئەمریکا ئاسانە، بە پێی دەقی یاساکە، ئەگەر ئاستی یاسایی رادەستکردنەوە بوونی نەبێت، ئەوا ئەمریکا نابێت بەوە رازی بێت حەزی تورکیا بۆ تۆڵەسەندنەوە جێبەجێ بکات، لە ھەمانکاتدا نابێت ئەمریکا گولەن بپارێزێت ئەگەر بەڵگەکان توانییان وەڵامی لانیکەمی یاساکە بدەنەوە، بۆ ھەموو ئەوانەی کە خزمەت بۆ فێربوون پشکەشی کردووە و پابەندبوونی چالاکی لەنێوان ئایینەکاندا و لێبوردەیی ئایینی، کاریگەری گولەن لەم کەیسەدا جێگەی نیگەرانییەکی تەواوە، شوێنکەوتووانی گولەن تۆڕێکی قوتابخانەی ئەھلییان دامەزراندووە، کە لانی کەم ئیستیفزار و تەزویر و پێشلکاری ڤیزەی H-IB کە جیاوازە لەو ڤیزەی دیکە دەردێتە پەنابەران، ھەروەھا توانیویانە پێوەندییەکی زۆر بەتین لەگەڵ ھەموو لایەک دروست بکەن ھەر لە قوتابخانەیەکی لۆکاڵەوە تا دەگاتە کەپیتۆل ھۆل لەگەڵ بوونی پێشێلکاری بەردەوامی دارایی.
ھەر بۆیە رەتکردنەوەی رادەستکردنەوەی گولەن شۆکێک دەبێت بۆ زۆربەی خەڵک لە تورکیا و ھەروەھا دەبێتە ھۆی ھەڵکشانی ھیستریای دژە ئەمریکا لە تورکیادا، لەناو میدیای سەر بە ئاک پارتیش دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ ھاندان و گومانخستنە سەر ھاوپەیمانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بەڵام گرەوکردن لەسەر ئاکامێکی لەمجۆرە لۆژیکی نییە، تورکیا ھەوڵیداوە بەم دواییە پێوەندییە نێودەوڵەتییە لەرزۆکەی چاک بکاتەوە بەتایبەتی لەگەڵ رووسیا و ئیسرائیل، ھەروەھا مەزندەی ئەوەی کردبووە کە پێوەندییەکی سەقامگیر و پراگماتیکی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکا ھەبێت، لێرەدا جێگەی خۆیەتی پرسیاریکی بەویژدانانە بکەین، سەبارەت بەو ئاکامە کارەساتەوییەی ھەستی دژی ئەمریکا و دژی رۆژئاوا، ئایا ٧٠ ساڵ پێوەندی لە بەرکارھێنانی بنکەیەکی سەربازی بە بەھاترە، تورکیا نابێت زیاتر لە قەوارەی خۆی سەیری ھێزی خۆی بکات و دەبێت ددان بەوەدا بنێت، ئەوەی تا ئێستا ھەیەتی، بریتییە لەو پێوەندییە درێژ و دامەزراوەییەی کە لەگەڵ ئەمریکا ھەیەتی، ھەر ئەو پێوەندییەش پاراستنی بۆ دروست دەکات.
نووسینی: جۆن بۆتلر .. دۆڤ فریدمان
ئەم بابەتە رۆژی٢ی ئاب لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بڵاوکراوەتەوە