بەڵێی بەریتانییەكان بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا سەلماندی سەروەریی نەتەوەیی لە هەموو شتێكی دیكە گرنگترە

بەڵێی بەریتانییەكان بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا سەلماندی سەروەریی نەتەوەیی لە هەموو شتێكی دیكە گرنگترە
«جیابوونەوەی بەریتانیا لە ئەوروپا دەبێتە هۆكاری ئەوەی بەریتانیا رووبەڕووی كاریگەری ئابووری خراپ ببێتەوە و گورزێك بەر تێكڕای داهاتی نیشتمانی بكەوێت، ئەمەش واتە بەریتانیا لە چوارچێوەی یەكێتی ئەوروپا دەوڵەمەندتر بوو، وەك لە دەرەوەی یەكێتییەكە، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لە سەر رۆڵی ئیقلیمی و جیهانیی بەریتانیا دەبێت، هەروەها سەرچاوەگەلێكی كەمتری لەبەردەستدا دەبێت بۆ تەرخانكردنیان بۆ بوارەكانی سیاسەتی دەرەكی و بەرگری. هەروەها یەكێك لە كاریگەرییە خراپەكانی لە سەر ئەمەریكا ئەوەیە كە دەستڕۆیشتوویی و نفوزی ئەمەریكا لە ئەوروپادا كەم دەبێتەوە. چونكە راستە واشنتۆن و لەندەن لەسەر هەموو شتێك هاوڕان نین، بەڵام پانتایی هاوڕابوونی ئەم دوو پایتەختە زیاترە لە پانتایی جیاوازییەكانیان. بەو پێیە دەرچوونی بەریتانیا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوروپا پتر لە ئەمەریكا دووربكەوێتەوە و كەمتر بۆ كاركردن لەگەڵیدا ئامادەبێت.


دووركەوتنەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەبێتە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە ئەوروپا رووبەڕووی مەترسی زیاتر ببێتەوە. لەبەر ئەوە دەرچوونی بەریتانیا لە ئەوروپا لە بۆشاییدا روونادات، بە پێچەوانەوە لە ئەوروپایەكی پڕ لە قەیراندا، وەك سەرهەڵدانەوەی جیپۆپۆلەتیك لە فۆرمی هەڕەشە ئەمنییە نوێیەكانی رووسیا و كار و كردەوەی زیاتری تیرۆریستی و شەپۆلی كۆچبەرانی سوریا و شوێنەكانی دیكە و گەشەیەكی ئابووریی كەم. هەروەها ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم لە هەڵكشاندان لە ئەوروپا و دەرچوونی بەریتانیاش گوڕ و تین بەم تەوژمە دەدات. هەروەها جێهێشتنی بەریتانیا دووبارە پرسی سەربەخۆیی سكوتلەندا زیندوو دەكاتەوە. چونك لە راستیدا زۆرێك لە سكوتلەندییەكان پاساو بۆ سەربەخۆیی دەهێننەوە بۆ ئەوەی وەك ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بمێننەوە، خۆ ئەگەر ریفراندۆمیش بكرێت، ئەوا دەرئەنجامەكەی جیابوونەوە دەبێت لە بەریتانیا.»

ریچارد هاس ــ سەرۆكی ئامۆژگای ئەنجومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە


دوای ئەوەی یەكێتی ئەوروپا گەیشتە ئەوەی دراوی یۆرۆ بكاتە دراوی یەكگرتووی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، شنگن سنووری نێوان دەوڵەتانی ناو ئەو یەكێتییە بسڕێتەوە، گەلێك لە توێژەران و پسپۆڕانی بواری زانستی سیاسەت قەنەعەتیان بەوجۆرە وەرچەرخابوو كە ئیدی باوی دەوڵەتی نەتەوەیی (Nation State) بەسەرچووە و جیهان بیر لە حكومەتی گلۆباڵی، یان فیدراسیۆنی هاوشێوەی یەكێتی ئەوروپا دەكاتەوە، ئەم وەرچەرخانە لەسەر ئەو بنەمایە بیری لێكرابووە بەوەی گوایە ئەگەر ئاستی ئابووری و داهاتی ساڵانەی تاكەكەس بەرزبووەوە، ئیدی خەڵكی بیر لە دەوڵەتی نەتەوەیی ناكاتەوە و هەستی نەتەوەیی بە ئاستێك كاڵ دەبێتەوە كە فیدراسیۆن جێگەی دەگرێتەوە، هەر لەسەر ئەم تێڕوانینە تیۆرییەی كە چەندین ساڵە وەك بناخەیەكی نوێ بۆ تێڕوانین لە دەوڵەتی نەتەوەیی ئاماژەی پێدەكرێت، بیرۆكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ هاتەئاراوە، ئەمەش بەو نیازەی كە بتوانرێت مۆدیلی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا لە دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە بكرێتەوە، سەبارەت بەم بۆچوونە، شیمون پێرز سەرۆكی پێشووی ئیسرائیل لە كتیبەكەیدا بە ناونیشانی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) ئەم بیرۆكەیەی بە سەرەتای كۆتاییهاتنی شەڕ و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف كردووە و وەك هەنگاوی یەكەم بۆ دابینكردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە پێناسەی كردووە.

لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی راپرسی بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا (Brexite)، هەموو توێژەران و چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدا بوون بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانە ئابوورییانەی كە بەریتانیا لە دەرچوونی لە یەكێتی ئەوروپا تووشی دەبێت، هاووڵاتیانی بەریتانیا دەنگ بۆ مانەوە لە ناو یەكێتی ئەوروپا دەدەن، وایان مەزەندە دەكرد، لانیكەم رێژەی زیاتر لە 50%یان مانەوەیان لە ناو یەكێتی ئەوروپا پێ باشتر دەبێت، بەڵام راپرسیەكەی رۆژی 23ی حوزەیرانی 2016 دەریخست كە رێژەی 58% دەنگدەرانی بەریتانیا دەرچوونی وڵاتەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا بە باشتر دەزانن وەك لە مانەوەی، ئەمەش مانای ئەوەیە هاووڵاتیانی بەریتانیا كە خاوەنی دەوڵەتی یەكەمی نەتەوەیی هاوچەرخە لە جیهاندا، سەروەری و شكۆی دەوڵەتە نەتەوەییەكان بە هیچ شتێك ناگۆڕنەوە و نایەنەوێت لە برۆكسل-ـەوە شانشینی مەزنی بەریتانیا ئاراستە بكرێت.
بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم هەستە نەتەوەییە تەنیا لای هاووڵاتیانی بەریتانیا بەو شێوەیەیە، یان لە ناو دەوڵەتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپاشدا، رۆژ لە دوای دەنگی ناڕەزایی دژی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بەرزدەبێتەوە؟ هاووڵاتیانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا مانەوەیان بە سەروەریی تەواوەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیاندا، لە نیمچە سەروەریی نێو فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بە باشتر دەزانن، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی دژی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، یۆرگن هابرمای فەیلەسووفی گەورەی جیهانی لە ساڵی 2013 لە موحازەرەیەكدا كە لە یەكێك لە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا پێشكەشی كرد، زۆر بە توندی گازندەی لە بڕیاردروستكەرانی بروكسل كرد، بەوەی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی لەسەر ئاستی شەقامی نیشتمانی یەكێتی ئەوروپا وەك پێویست لەبەرچاو نەگیراوە، بۆیە شەقامی نیشتمانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا ئەو بڕیارانە رەتدەكەنەوە كە لە برۆكسلەوە بەبێ رەچاوكردنی ناڕەزاییەكانی شەقامی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا دەدرێن، هەر بۆیە هابرماس راسپاردەی بۆ نوێنەرانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا ئەوە بوو كە لە چوارچێوەی ئۆردۆ لیبڕاڵیزم بڕیار بدەن، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر دەتانەوێت یەكێتی ئەوروپا بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، ئەوا دەبێت ئەو بڕیارانەی دەیدەن لەگەڵ ئاكامەكانی یەك بگرێتەوە و ببێتە هۆكاری ئەوەی دەنگی ناڕەزایی دژی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا كەم ببێتەوە، نەك بەرز بێتەوە.
سەربەخۆیی واتە روحی نەتەوە
هیچ شتێك جێگەی ناگرێتەوە
ئەو پرسیارە گلۆباڵییەی كە پێش نزیكەی دوو سەدە ورووژێنراوە و دەپرسێت: ئایا ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان نەتەوەكاندا چۆن دێتەئاراوە؟ دیارە لە ماوەی ئەم دووسەد ساڵەدا تەنیا وەڵامێك كە لە رووی تیۆرییەوە هەژموونی بەسەر هەموو وەڵامەكانی دیكەدا كێشاوە، ئەوەیە ئاشتی هەمیشەیی لە سەر ئاستی جیهان تەنیا ئەو كاتە دێتە ئاراوە كە نەتەوەكان خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بن و لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا هەست بە سەروەریی نەتەوەیی بكەن، هیچ نەتەوەیەك بیر لە داگیركردنی نەتەوەیەك نەكاتەوە، یان هیچ پرۆسەیەك شكۆی سەروەریی هیچ نەتەوەیەك نەهێنێتە خوارەوە، ئەم بنەمایە كە بۆتە بنەما بۆ دامەزراندنی كۆمەڵەی گەلان و رێككەوتنی ئاشتی پاریس دوای تەواوبوونی جەنگی یەكەمی جیهانی، بەڵام لە بەر ئەوەی نەتوانراوە هەوڵەكان لەسەر ئاستی جیهانی بۆ ئازادی نەتەوەكان بخرێتەگەر و بەردەوام نەتەوەی سەردەست و بندەست بوونی هەبووە، یان وەك رێككەوتنی ئاشتی پاریس كە سەروەریی نەتەوەیی ئەڵمانیای خستە ژێر كۆمەڵێك مەرجەوە، ئەوا نێوانی هەر دوو شەڕی یەكەم و دووەمی جیهانی تەنیا بریتی بووە لە ئاگربەستێكی كاتی و خۆئامادەكردنەوە بۆ شەڕێكی دیكەی خوێناوی و جیهانی، وەك ئەوەی مرۆڤایەتی لە میانەی جەنگی دووەمی جیهانیدا بە سەریدا هات، هەر بۆیە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی رێكخراوی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەوڵدرا كەموكورتیی پرۆسەی ئازادكردنی نەتەوەكان چارەسەر بكەن لە میانەی كۆتاییهاتنی سەردەمی ئیمپریالیزم و سەربەخۆیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە لە ئاكامی دابەشكردنی نێوان هاوپەیمانانی شەڕ دروستكرابوون، بەڵام دیسان لەبەر ئەوەی دەوڵەتە كۆلۆنیاڵییەكان لە سەر خواستی ئەو نەتەوانە دروست نەكرابوون، كە لەناو ئەو دەوڵەتە دەژیان، بۆیە دوای كۆتاییهاتنی دەوڵەتی كۆڵۆنیاڵیش جەولەیەكی دیكەی شەڕی خوێناوی وەك شەڕی ناوخۆیی لە نێوان نەتەوەكانی ئەو دەوڵەتانە دەستی پێكردەوە كە هەستیان دەكرد لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە كۆلۆنیاڵییانە سەروەریی نەتەوەییان پێشێلكراوە، دیارە گەلی كورد كە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكرابوو، دوای ئەوەی كە سەردەمی ئیمپریالیزمیش كۆتایی هات و كۆماری توركیای نوێ دامەزرا و عێراق و سووریا سەربەخۆییان وەرگرت و لە ئێرانیشدا بە زەبری هێز كۆماری كوردستان رووخێنرا، ئیدی لەو كاتەوە كوردستان وەك ئیسماعیل بێشكچی وەسفی كردووە، بۆتە كۆڵۆنیاڵییەكی نێودەوڵەتی و ئەم كۆڵۆنیاڵییە نێودەوڵەتییەش جیا لەوەی كارەساتی ژینۆساید و كۆمەڵكوژی رووبەڕووی نەتەوەی كورد كردۆتەوە، لە هەمانكاتدا شەڕێكی بەردەوام و بێ برانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، چۆن كورد هەرگیز هەستی بە سەقامگیری نەكردووە، لە هەمانكاتدا ئەو دەوڵەتانەشی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، هەستیان بە سەقامگیری نەكردووە، هەتا كوردیش نەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆی لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە هەست بە سەروەریی نەتەوەیی نەكات، ئەوا ئەو ناسەقامگیرییە بەردەوام دەبێت.
جیهان دەبێت رێز لە راپرسی
كوردستان و گەلەكەی بگرێت
بە هەموو پێوانەیەك فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، ئەزموونێكی نموونەیی پیادەكردنی فیدراسیۆن بوو لە جیهاندا، تەنانەت دەكرێت بڵێین زۆر لە فیدراسیۆنە سەركەوتووەكانی دیكەی دەوڵەتانی فرەنەتەوەی هاوشێوەی بەلجیكا و كەنەدا سەركەوتوو بوو، ئەم فیدراسیۆنە بە مانای وشە نەك هەر فیدراسیۆنێكی ئارەزوومەندانە بوو، لە هەمانكاتدا ئەگەر دەوڵەتێك پێوەرەكانی یەكێتی ئەوروپای لە سەر جێبەجێ نەبوایە، لەو فیدراسیۆنە وەرنەدەگیرا، لەوانەیە باشترین نموونە دەوڵەتی توركیای نوێ بێت، كە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە هەموو هەوڵی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە و ئەمەریكاش كە گەورەترین دەوڵەتی دیموكراتییە لە سەر ئاستی جیهان، هەوڵی زۆری بۆدا بۆ ئەوەی توركیا ببێتە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە، بەڵام دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا رازی نەبوون، بۆیە ئەگەر نموونەیەكی سەركەتووی فیدراسیۆن لە جیهاندا ئەزموون كرابێت كە بێ وێنە بووە، ئەوا ئەزموونی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بووە، بەڵام لەناو ئەم ئەزموونە دەگمەن و نموونەییەشدا نەتەوەیەكی وەك نەتەوەی ئینگلیز كە خۆیان بە خاوەنی شۆڕشی پیشەسازی و پێكەوە گرێدانەوەی جیهان دەزانن، ئەوا وەك بینیمان رازی نەبوون لە چوارچێوەی ئەو فیدراسیۆنە بمێننەوە. دەرچوونی بەریتانیا لە فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا وێڕای ئەو هەموو كاریگەرییە نەرێنییەی هەموو پسپۆڕانی جیهانی باسی دەكەن، نەبووەتە هۆكاری ئەوەی ئاسمان بڕووخێت و رێز لە ئیرادەی گەلی بەریتانیا نەگیرێت، بەپێچەوانە ئەم بڕیارەی گەلی بەریتانیا بووە هۆكاری ئەوەی دیڤید كامیرۆن-ـی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەست لەكار بكێشێتەوە و بڵێت: ناتوانم كاپتنی ئەو كەشتییە بم كە گەلەكەم بەرەو ئاراستەیەكی نادیار دەبات. بەڵام حكومەتی بەریتانیا لە پێش هەمووانەوە و پاشانیش دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكاش رێزیان لە ئیرادەی دەنگدەرانی بەریتانیا گرت و وەك ئەمری واقیع مامەڵەیان لەگەڵ كرد، ئێستا باس لە میكانیزمی چۆنیەتی جیابوونەوەی بەرتیانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەكرێت.
لەم چوارچێوەیەدا كە ئەمەریكا وەك ئەو دەوڵەتەی دوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعس لە عێراقدا بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی خۆی كرد بە دەوڵەتی داگیركار بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی هەبێت عێراق بونیاد بنێتەوە، بۆ ئەمەش لە چوارچێوەی دەستووری 2005 عێراقدا، ئیقراری ئەوە كراوە كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵی بێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا، هەر بەپێی ئەو دەستوورە پێكهێنانی هەرێمی دیكەی فیدڕاڵی لە عێراقدا داوەتە دەست ئەو پارێزگایانەی كە دەیانەوێت پێكەوە هەرێمێكی فیدڕاڵی دروست بكەن. بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو دەسەلاتی ناوەندی بەغدا نەك هەر بواری بەوە نەداوە، هەرێمی دیكەی فیدڕاڵی لە عێراقدا دروست بێت، بەپێچەوانەوە ئەو دەستوورەی كە بەو جۆرە پێناسەكراوە عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بێت، ئێستا ئەو دەستوورە پێشێل كراوە و عێراق نەك هەر نەبووە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، بەڵكو بووە دەوڵەتێكی فاشیل و دابەشبوو، كە ئێستا بەشێكی فراوانی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعشدایە و بە كردەیی پێكەوەژیانی نێوان سوننە و شیعە گۆڕدراوە بۆ شەڕی مەزهەبگەرایی لە نێوان عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە و رۆژ لە دوای رۆژیش پڕیشكی ئەم شەڕە لە ناوچەكەدا پتر بڵاودەبێتەوە.
لەم راستەدا سیاسەتی بەرگریكردن لە یەكپارچەیی عێراق وەك ئێستا ئەمەریكا بەرگری لێدەكات، لەگەڵ ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع بۆتە بەشێك لە رابردوو، عێراق بە كردەیی دابەش بووە، بەڵام لە سەر ئاستی دیپلۆماتی و سیاسەتی فەرمی ئەمەریكا هەتا ئێستا تەفزیلی مانەوەی یەكپارچەیی عێراق بە سەر دابەشكردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەت دەكرێت و بەنیازن لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی كە لە سەر كاغەز دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە یەكپارچەیی عێراق بپارێزن.
لەدوای ریفراندۆمەكەی بەریتانیا كە بەریتانیا جیا لەوەی یەكێكە لە ئەندامانی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە هەمانكاتدا تەنیا هاوبەش و هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمەریكایە لەسەر ئاستی جیهان، هەقە بە پلەی یەكەم ئەمەریكا و بە پلەی دووەم بەریتانیا چاو بە سیاسەتی خۆیان بەرامبەر بە عێراق بخشێننەوە و دان بەو راستییەدا بنێن، كە ئەو عێراقەی پێش 100 ساڵ بەریتانیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بە زۆر دروستی كرد و لە ماوەی ئەم 100 ساڵەشدا تەنیا ساڵێك سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بوار بە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق بدرێت، لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی ئازادانەی گشتپرسیدا چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان كە تا رادەیەكی زۆر كێشەی خاكی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا نەماوە، هەروەها بەغداش هەموو پابەندبوونەكانی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پشتگوێ خستووە و كوردستانی لە داهات و بودجەی عێراق بێبەشكردووە و بارودۆخێكی سەختی ناسەقامگیری لە كوردستاندا دروستكردووە، ئەوا لەو كاتەی كە هەرێمی كوردستان خۆی ئامادەدەكات بۆ ریفراندۆم، هەقە ئەمەریكا و بەریتانیا هاریكاریی ئەم پرۆسەیە بن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان ئازادانە بڕیاری خۆی بدات و پاشانیش رێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان بگرن، بۆ ئەوەی چۆن بەریتانیا بە ئاشتی لە یەكێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە، بەهەمان شێوە كوردستانیش بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە عێراق جیاببێتەوە.
Top