بۆشایی دەسەڵات لە عێراقدا بواری بۆ گەورەبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران رەخساند
July 11, 2016
راپۆرتەکان
1. پێكهێنان و بەكارهێنانی كاراكتەرە غەیرە دەوڵەتییەكان و گروپە میلیشیاكان.
2. كەڵكوەرگرتنی خراپ لە ترس و نیگەرانییەكانی كەمینە ئایینییەكان، بەتایبەتی عەرەبە شیعەكان.
3. خۆشكردنی ئاگری رق و قین لە دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل.
4. كاریگەربوون بە سەر هەڵبژاردنە جەماوەرییەكانەوە بۆ ئەوەی سەركەوتن بۆ هاوپەیمانەكانی دەستەبەر بكات.
زەقترین بەرجەستەبوونی ئەم داینامیكیەتە لە لوبناندا بەدی دەكرێت، كە بۆ ماوەیەكی زۆرە حزبوڵای شیعەی پاشكۆی ئێران رۆڵێكی لە قەوارەی خۆی گەورەتر دەبینێت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵگەی لوبنان و لە هەمان كاتدا وەك چالاكترین هێزی سەربازی وڵاتەكە ماوەتەوە. لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا، ئێران حزبوڵای بەكارهێناوە بۆ هەڕەشەكردن و بەرپەرچدانەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەڵام بەم دواییە، حزبوڵا شەڕی لە پێناوی رژێمی ئەسەد – كە عەلەوییەكان حكومڕانن تێیدا- لە سووریادا كرد. لاوازی روو لە زیادی ئەسەد و حزبوڵا بۆتە هۆی ئەوەی پتر پشت بە هاوكاریی دارایی و پاراستنیان لەلایەن تارانەوە ببەستن، لە دەرئەنجامدا ئێران لە شامدا دەستڕۆیشتوویی و بارگرانییەكی بێ پێشینەی بەدەست هێناوە.
بە زۆری هەوڵی ئەمەریكا بۆ لاوازكردنی دەستڕۆیشتوویی ئیقلمیی ئێران دەرئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە. ئەگەرچی ئامانجی شەڕی 2003 بە سەركردایەتی ئەمەریكا دژ بە سەدام حوسێن گواستنەوەی دیموكراسییە نوێیەكەی عێراق بوو بۆ تاران، بەڵام ئەو بۆشایی دەسەڵاتەی كە بە دوایدا هات، لە بری لاوازبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران بەهێزبونی تێڕوانینە ئایینییەكەی ئێرانی لێكەوتەوە لە بەغدا. ئەو سیاسییە شیعانەی عێراق كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكران، توانییان باڵادەست بن بە سەر سیاسییە لیبڕاڵییەكاندا لە هەڵبژاردنە جەماوەرییەكاندا، هەروەها ئەو میلیشیا شیعانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكران، بەرەنگاری سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەبوونەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەوەی تاران ببێتە بەتواناترین هێزی دەرەكی لە عێراقدا. تووڕەبون و بە رادیكاڵیزەبوونی سوننەكانی عێراق و سەرهەڵدانی داعش (كە بە دەوڵەتی ئیسلامیش ناسراوە)، تەنیا بوونە هۆی ئەوەی نوخبەی حوكمڕانی شیعەی عێراق پتر پشت بە ئێران ببەستن.
سەرچاوە: Iran in the Middle East: leveraging chaos