مارك جۆنز: پۆپۆلیستەكان ناڕەزایی خەڵك بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەكار دەهێنن و دواتر هەڵدەستن بە سەركوتكردنی ئەو ناڕەزایەتییانە

مارك جۆنز: پۆپۆلیستەكان ناڕەزایی خەڵك بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەكار دەهێنن و دواتر هەڵدەستن بە سەركوتكردنی ئەو ناڕەزایەتییانە
مارك جۆنز پسپۆڕی زانستی سیاسی بۆ گوڵان:


مارك جۆنز پڕۆفیسۆری دیراساتی ئەمەریكای لاتینە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی رایز، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە كاریگەری یاساكانی هەڵبژاردن و دامەزراوە سیاسییەكانی دیكە لەسەر حوكمڕانی و نوێنەرایەتی و دەنگدەدان دەدات. بۆ قسەكردن لەسەر مەترسی پۆپۆلیزم لەسەر دامەزراوەكان و گۆڕینی هێزی بەشداری بۆ هێزی ناڕەزایەتی و كاریگەری لەسەر لاوازكردنی سیستمی دیموكراتی، لەوەڵامی پرسیارێكی گوڵاندا بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو.


دیاردەی پۆپۆلیزم لە ئەمریكای لاتین جۆرێكە لە كاردانەوە بۆ هەندێك لە شكستەكانی كۆدەنگیی واشینتۆن. واتە لەم رووەوە كاردانەوەیەك هەیە كە خۆی لە سەرهەڵدانی سەركردە پۆپۆلیستەكاندا بەرجەستە دەكات، كە بە شێوەیەكی رێژەیی پاڵپشتییان بۆ لیبڕاڵ دیموكراسی سنووردار كرد. سەركردە پۆپۆلیستەكان كاریان كرد بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بێت بگەنە دەسەڵات و ئەوەیان دروست كرد كە زۆرجار وەك رژێمی دەسەڵاتخوازیی ركابەر ئاماژەی پێدەدرێت كە تیایدا هێشتا هەڵبژاردن و دامەزراوەی دەستووری هەیە، بەڵام یاسا لاواز بووە و ساڵانە ئاستی دیموكراسی كەم دەبێتەوە. هەر بۆیە هیچ یەكێك لەو سیستەمانە سەركەوتوو نین كە سەركردە پۆپۆلیستەكان دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. لە سەركەوتنە سەرەتاییەكانی ئێڤۆ مۆرالێس لە بۆلیڤیا و هەروەها هیگۆ چافێز لە ڤینزوێلا باشتركردنی پێوەرەكانی ژیانی چینی كرێكار و هەژار بوو بە شێوەیەك كە رووینەدابوو لە ژێر رژێمەكانی پێشوودا، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات جەختیان زیاتر لەسەر دەسەڵات كردەوە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكانی تەشریعی و قەزائییان لاوازكرد و كۆت و بەندەكانی سەر هەڵبژاردنەكانیان لابرد و خۆیان كردە دیكتاتۆری دیفاكتۆی هەڵبژێردراو.
پۆپۆلیستەكان پەنادەبەن بۆ ئەو پڕوپاگەندانەی كە خەڵك رازی دەكات بە سیستەمی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، بەڵام دواتر خۆیان رێكدەخەن و ئامادە دەكەن بۆ باشتركردنی هەڵوێستەكانیان و بەدەستهێنانی پاڵپشتی، هەر كە پاڵپشتیشیان بەدەستهێنا، یاساكان بەكار دەهێنن بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا. راشكاوانەتر هەر كە پۆپۆلیستەكان دەسەڵاتیان بەدەستهێنا، هەوڵدەدەن ناڕەزایەتییەكان بكەنە پرد بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا. كاتێك لە دەرەوەی دەسەڵاتدان ناڕەزاییەكان ئامادەدەكەن، بەڵام كاتێك چوونە دەسەڵاتەوە، هەوڵدەدەن ناڕازاییە جەماوەرییەكان رێكبخەن و تەنیا لە دژی دوژمنان بەكاری دەهێنن و ئەو ناڕەزاییانەی لە دژی خۆیان بێت، سەركوتی دەكەن. كەواتە ئامانجی سەرەكیی پۆپۆلیستەكان كۆكردنەوەی دەسەڵاتە لە دەستیاندا كە لاوازكردنی حوكمی یاسا دەكاتە كارێكی پێویست لە بەرئەوەی لە كۆتاییدا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆیان لەسەر دەسەڵاتەكەیان ناوێت، وەك ئەو لێكۆڵینەوانەی كە دەسەڵاتی قەزایی سەربەخۆ دەیكات، بۆیە ئامانجی ئەو سەركردانە ئەوەیە كە هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆكدا كۆبكەنەوە كە بە مانای لاوازكردنی سیستەمی قەزایی دێت و دەسەڵاتی قەزایی هەرچی سەرۆك بیەوێت دەیكات، باشترین نموونە كە هەمانە لێرە لە ئەمریكای لاتین ڤینزوێلا و بۆلیڤیا و نیكاراگوا و ئیكوادۆرە، بۆلیڤیا لەژێر دەستی ئێڤۆ مۆرالێس و ڤینزوێلا لەژێردەستی هیگۆ چافێز و نیكاراگوا لەژێردەستی دانیال ئۆرتێگا و ئیكوادۆر لە ژێر دەستی رافائیل كۆرێ كە دەسەڵات لە دەستی تەنیا كەسێكدا كۆبۆتەوە و ئەركی فراوانی سیستەمی دیموكراسییان لاوازكردووە، هەرچەندە لە ڤێنزوێلا و نیكاراگوا توندترە لە ئیكوادۆر و بۆلیڤیا.»
Top