شۆڕشی گوڵان ..دەستكەوتی نەتەوەیەك

شۆڕشی گوڵان ..دەستكەوتی نەتەوەیەك
شۆڕشی گوڵان ..دەستكەوتی نەتەوەیەك

فەرهاد محەمەد

شۆڕشی گوڵان بریتی نییە لە شۆڕشێك تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی پێوە بكات، هەروەها جۆرێك نییە لە كێبڕكێی حزبی بەوەی چ لایەنێك شۆڕشی هەڵگیرساندەوە، ئەم پرسە و خوێندنەوەی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیمان خوێندنەوەی لەمە قووڵتر و تێگەیشتنی لەمە زیاتریشی دەوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان هێندەی دروستكردنەوەی ئومێدە بۆ نەتەوەیەك و بەتاڵكردنەوەی ئەو خەونەی بەعس و سەدام حوسێن بوو بەوەی پێشمەرگە و چیاكانی كوردستان لێك جیا بكەنەوە، هێندە پێوەندی بە حزبایەتییەوە نییە. راستە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا ئەم شۆڕشە دەستی پێكردۆتەوە، راستە میللەت بەرەو نائومێدی هەنگاوی هەڵدەگرت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە دامەزراندنی سەركردایەتی كاتی، بەرپرسیاریەتی قۆناخە سەختەكەی هەڵگرت و شانیدایە بەر و دەستی بە خۆهەڵسەنگاندنەوە و خۆئامادەكردن بۆ شۆڕش و درێژەپێدانی مقاوەمەت كردەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەو قۆناخەدا بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی خۆیان بە خاوەنی كارەسات و نسكۆكە زانیوە و لێی هەڵنەهاتوون، بەڵكو جارێكی دیكە گەڕانەوە بووە بۆ ناو میللەت و هەوڵدان بووە بۆ دووبارە دروستكردنەوەی ئومێد بۆ ئایندەی نەتەوەیەك، ئەم لۆژیكەی كە شۆڕشی گوڵانی لەسەر هەڵگیرساوەتەوە، هەتا ئێستاش لە ویژدانی مسعود بارزانی-دا یەك مانای هەیە، ئەو مانایەش ئەوەیە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەر چەندە سەركەوتووبن، ئەوە سەركەوتنی هەمووانە و گەلی كوردستان خاوەنی راستەقینەی ئەو دەسكەوتە گەورانەیە و بۆ ئێستاش گرنگە لەسەر پاشخانی 40 ساڵی رابردووی شێوازی سەركردایەتی مسعود بارزانی سەیری ئایندەی نەتەوەكەمان بكەین و دڵنیا بین لەوەی لای سەرۆك بارزانی ئایندەی نەتەوە گرنگە نەك حزب، لە ئێستاشدا كە شانی داوەتە بەر ئەوەی بە هەر نرخێك بێت كوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، هێمای ئەوەیە كە دەیەوێت گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوە و تەواوی حزبە سیاسییەكانەوە هاوبەش بن لەم بڕیارە و هەموو پێكەوە بڕیار بدەین، گەلی كوردستانیش هەر بڕیارێك بدات، هەموو پێكەوە جێبەجێی بكەین.
Top