هەڵەكانی گۆڕان بوونە هۆكاری دروست بوونی كێشە و ئێستاش دەبێت بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە

هەڵەكانی گۆڕان بوونە هۆكاری دروست بوونی كێشە و ئێستاش دەبێت بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە
مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:


بەرێز محمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گوڵانی راگەیاند ، پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت دەكاتەوە ئەو ژینگە سیاسیە ئێستا هەیە دەبێت گۆرانكاری بەسەرداب بێت و لەمبارەوە گووتی :( تێڕوانینی پارتی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نیوماڵی كورد به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و ژینگه‌ سیاسییه‌ی ئێستای كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت و هه‌وڵبدرێت جۆرێك له‌ پێكهاتن له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان پێكبێت، له‌م بارودۆخه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت به‌ چه‌قبستوو هه‌ژماری بكه‌ین، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌ر حزبێك له‌ جێگه‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌نگاوی خۆی هه‌ڵبگرێت، له‌م قۆناخه‌دا ده‌كرێت، هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ی ئێستا كه‌ كێشه‌ی تایبه‌تی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كانن وه‌لا بنرێن و له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان یه‌كڕیز و یه‌كهه‌ڵوێست بین).
هەروەها سەبارەت بە تیروانینی پارتی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران مەحمود محەمەد راشكاوانە بە گوڵانی راگەیاند : (له‌ سیاسه‌تدا هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه‌، به‌ڵام له‌ روانگه‌ی ئێمه‌وه‌ ئه‌م پرسه‌ پێویستی به‌ زه‌مینه‌سازی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گۆڕان به‌ سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت گۆڕان دان به‌و هه‌ڵانه‌دا بنێت كه‌ كردوویه‌تی و له‌ ئاكامی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی گۆڕان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ناوخۆیی دروست بوون، پێشتر ئێمه‌ وه‌ك پارتی ده‌ستپێشخه‌ریمان كرد و سه‌ردانمان كردن و له‌گه‌ڵیان كۆبووینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان هیچ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو، بۆیه‌ ئێمه‌ هێچ هه‌نگاوێكی دیكه‌ هه‌ڵناگرین هه‌تا ئه‌وان به‌ سیاسه‌تی خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌، مه‌زنده‌ش ناكه‌م ئه‌وان ئه‌و ئاماده‌باشییه‌یان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆدابچنه‌وه‌... هەر بۆیە بۆچوونی ئێمه‌ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ به‌شداریكردنی له‌ حوكمڕانیدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌ركه‌توو نه‌بووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و خودی په‌رله‌مانیان كرده‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان، له‌ كاتێكدا ده‌بوایه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانیش به‌شێك بوونایه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گۆڕان گوشاریان خسته‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی گۆڕان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ئاماده‌باشی ئه‌وه‌یان تێدابوو ئه‌و گوشاره‌ قبووڵ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ په‌رله‌مان زیاتر ببێته‌ شوێنی قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی كێشه‌كان خاوبكاته‌وه‌و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌)
Top