100 ساڵە رێككەوتنێكی شووم دەوڵەتی كوردستانی دواخستووە هەتا مەرگی سایكس پیكۆ رانەگەیەندرێت، داعش كۆتایی نایەت
May 8, 2016
راپۆرتەکان
رێككەوتنی سایكس پێكۆ كە تەواوكاری رێككەوتنی قوستەنتەنییە-ی ساڵی 1915یە لە نێوان ئەو سێ دەوڵەتەدا، بەپێی رێككەوتنی قوستەنتەنییە، پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی و نۆ كەندی جێوستراتیژی گرنگی توركیا بدرێتە رووسیا، فەرەنساش سووریا و قەلقیلیەی پێبدرێت، بەریتانیاش قوبرس بەرێت بۆخۆی و میسریش بخاتە ژێر پارێزگای خۆیەوە. بەڵام ساڵی دواتر واتە لە 1916 و لە چوارچێوەی رێككەوتنی سایكس پیكۆدا، نەخشەیەكی دیكە داڕێژرا، بەپێی ئەو رێككەوتنە رووسیا چەند شارێكی ئەرمەنی لە ئاسیای بچووك و چەند شارێكی كوردانی لەناو توركیای ئێستا پێدرابوو، فەرەنساش ویلایەتی موسڵ و بەشێك لە خاكی توركیا كە دەكاتە شاری ئامەدی ئێستا، هەروەها سنوورەكانی درێژ دەبووە تا ئەو شوێنەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن لوبنان، بەریتانیاش بەشێكی زۆری میزۆپۆتامیا و بەغدا و هەروەها حەیفا و عەكاشی بەركەوت، لەكاتێكدا وا بڕیار بوو كە فەلەستین بخرێتە ژێر چاودێری نێودەوڵەتییەوە، هەر لەو رێككەوتنە وابڕیار درابوو، كە بەندەری ئەسكەندەریە، بەندەرێكی ئازاد بێت، یان ببێتە دەوڵەتێكی كۆنفیدڕاڵی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی، یان دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەتەنیا بێت.
دیارە رێككەوتنی سایكس پیكۆ-ی ساڵی 1916، لە دوای شەڕ وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، دەوڵەتی توركیای ئێستا، كە بەپێی رێككەوتنی سایكس پیكۆ بوونی نییە و دابەشكراوە لە نێوان فەرەنسا و رووسیا و بەریتانیا، دوای شەڕ توركەكان بە سەرۆكایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك، توانییان توركیای هاوچەرخ بەم سنوورەی ئێستایەوە دابمەزرێنن و بەشێكی زۆری نەخشەكەی 1916ی سایكس پیكۆ بگۆڕن. ئەو بەشەی ویلایەتی موسڵ كە درابووە فەرەنسا، لەلایەن بەریتانیاوە داگیركرا و پاشان بە پێكەوە گرێدانەوەی ویلایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرا، بەمەش بەریتانیا توانی تەواوی عێراق و میسر داگیربكات، فەلەستینیش كە بڕیاربوو ببێتە ناوچەیەك لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، بەریتانیا دەستی بەسەردا گرت و پاشانیش پشتگیری پەیمانی بەلفۆرد-ی كرد، بەوەی بەشێك لەو ناوچەیە بدرێتە جوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر دابمەزرێت. لەمەش زیاتر دوای سەركەوتنی شۆڕشی بەلشەفی بەسەر رووسیای قەیسریدا لە سەردەستی فلادیمێر لینین، رووسیا لە رێككەوتنی سایكس پیكۆ هاتەدەرەوە و ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەشی ئاشكرا كرد، پاشانیش لە ساڵی 1923 لە چوارچێوەی رێككەوتنی لۆزان، پەیماننامەی سیڤەر لەناو برا و كۆماری توركیا دانی پێدا نرا، توركیاش وەك میراتگری دەوڵەتی عوسمانی دەستبەرداری تەواوی ئەو ناوچانە بوو كە پێشتر بەشێك بوون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، كوردستانیش كە بەپێی رێككەوتنی سایكس پیكۆی 1916 (رۆژئاوا و باشوور و باكووری) پێكەوە دەهێشتەوە، لەدوای شەڕ و لە دوای رێككەوتنی لۆزان، بە فەرمی بووە چوار پارچە و هەر پارچەیەكیش لكێنرا بە دەوڵەتیكەوە و ماوەی نزیكەی 100 ساڵیشە، هەر چوار دەوڵەتی داگیركاری كوردستان، بە هەموو شێوەیەك نكۆڵییان لەبوونی كورد كردووە، هەتا ئەم ساڵانەی دواییش ئەو چوار دەوڵەتە چەند لەنێوان خۆیان كێشە و شەڕ و ناكۆكییان هەبووبێت، بەڵام لەسەر چۆنیەتی سەركوتكردنی دۆزی كورد و شۆڕشەكانی یەكدەنگ بوون و هەموو كێشەكانی خۆیان وەلاناوە، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە بەشێكی عێراق و سووریادا و دوای گۆڕینی كێشەی سەرەكیی ناوچەكە بۆ ململانێی نێوان سوننە و شیعە و نەمانی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق وەك دوو دەوڵەتی یەكگرتووی خاوەن سەروەری، بەرژەوەندییەكان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئێران وەك نوێنەری شیعە لە جیهاندا لەگەڵ توركیا كە خۆی بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی و بەرگریكار لەبەرەی سوننە دەزانێت، بەرژەوەندییەكانیان یەكناگرێتەوە، بەوەی لەیەك بەرەدا دژی كورد رابوەستن.
لە هەمانكاتدا بەرگریی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرپەرچدانەوەی داعش و پیشاندانی ئیرادەیەكی ئەوتۆ بەوەی تەنیا هێزە لەسەر زەوی كە دەتوانێت هێرشی تیرۆریستانی داعش رابگرێت و تێكیان بشكێنێت، پشتیوانییەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دروست بووە، ئەمەش وایكردووە، لەو كاتەوە پرۆسەی حوكمڕانیی بەغدا بە تەواوەتی لەبەریەك هەڵوەشاوە و خاكی عێراقیش بە كردەیی بۆتە سێ دەوڵەتی جیاواز، كوردستان توانیویەتی نموونەی دەوڵەتێكی دیفاكتۆی هاوچەرخ و وەك هاوپەیمانی جیهانی ئازاد و هاوپەیمانی نیودەڵەتی دژی داعش خۆی بسەلمێنێت، بەمەش دەروازەیەكی گەورەی پشتگیری بە رووی كورددا واڵا بووە، بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی تەواو و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەنگاوی گرنگ و خێرا هەڵبگرێت.
دەوڵەتی كوردستان و
لە گۆڕنانی سایكس پیكۆ
دیڤید ئیگناشیۆس گەورە ستووننووسی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە راپۆرتێكیدا كە لە هەولێرەوە بۆ واشنتۆن پۆستی ئامادەكردووە، دەڵێت: «لە مانگی ئایاری 2016 سەد ساڵی تەواو بە سەر رێككەوتنی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێت، ئەو رێككەوتنەی كە عێراق و سووریا و چەند دەوڵەتێكی دیكەی فشۆڵی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا دروستكردووە، بەڵام رووداوەكانی چەند هەفتەی رابردوو بەڵگەی تازە و سەرسوڕهێنەرمان دەهێنێتە بەرچاو، بەوەی ئەو چوارچێوە دەستكردەی هەر دوو دەوڵەتی فەرەنسا و بەریتانیا بۆ ئەو دەوڵەتانەی دروستكردووە، چیتر كارنەكەن و دەبێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت. عێراق و سووریا لەبەریەك هەڵدەوەشێن، ئێستا عێراق بە واقیعی بۆتە سێ پارچەی دژ بە یەك، ناوچەی عەرەبی سوننە دەوڵەتی ئیسلامی داعش حوكمڕانی دەكات، كورد خۆی خاوەنی دەوڵەتێكی نیمچە سەربەخۆیە، ئەو زۆنەشی كە بەغدای پایتەخت و باشوور دەگرێتەوە، لەلایەن لەلایەن رژێمێكی شیعەوە حوكمڕانی دەكرێت، بە هەمان شێوە سووریاش دابەش بووە، حكومەتی ناوەندی لە هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق بوونی نەماوە. سەبارەت بەم واقییعە مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كورد زۆر راشكاوانە لە دیمانەیەكدا پێی گوتم: (ماوەی 100 ساڵە ئەو سیستمەی لە عێراقدا كاری پێدەكرێت، ئێستا دەبینین فەشەلی هێناوە. عێراق هەرگیز لەسەر بنەمایەكی راست دروست نەكراوە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندیی هێزە گەورەكان دروست كراوە، بۆیە 100 ساڵ فاشیلبوون بەسە و پێویستمان بەوەیە بە دوای بژاردەی تازەدا بگەڕێین).»
ئیگناشیۆس لە ساڵی 1982ـەوە لە بەیروت-ـەوە كاری رووماڵكردنی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و لە ساڵی 1987 رۆمانی (سیخوڕەكانی بەرائەت -Agents of Innocence)ی لەسەر كاری دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا (CIA) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیوە. ئەم كتێبە لەگەڵ ئەوەی 27 ساڵ لەمەوپێش نووسراوە، بەڵام ئێستا لە كتێبخانەی ئامازۆن باشترین فرۆشی هەیە و زۆر كەس لەسەر ئەم كتێبەیان نووسیوە، هەتا رۆمانەكەی ئیگناشێوس نەخوێنیتەوە، لەوە تێناگەیت (CIA)چۆن كاردەكات. مەبەست لەم بەبیرهێنانەوەیە ئەوەیە، رۆژنامەنووسێكی بەئەزموون و ناوداری وەك ئیگناشیۆس و رۆژنامەیەكی بەناوبانگی وەك واشنتۆن پۆست، هەروا و لە خۆڕا و لە 3ی ئایاری 2016 بە راشكاوی نانووسێت: «ئەو دەوڵەتە فشۆڵانەی وەك عێراق و سووریا 100 ساڵ پێش ئێستا فەرەنسا و بەریتانیا دروستیان كرد، ئێستا بەڵگەی زۆر لەبەر دەستە كە ئەو دەوڵەتانە بوونیان نەماوە»، لەمەش زیاتر هەر لە رۆژی 5ی ئایاری 2016، هەمان رۆژنامە وتاری بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كوردستان بڵاو ناكاتەوە، كە راشكاوانە بەرێزیان ئاماژەی بەوە كردووە، عێراق دەوڵەتێكی فاشیلە و كوردستان ریفراندۆم ئەنجامدەدات وەك هەنگاوێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە عێراق جیابێتەوە.
دیارە رۆژنامەیەكی وەك واشنتۆن پۆست كە لەم كاتەدا پرسی كۆتاییهاتنی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق بەو راشكاوییە دەخاتە ناو رای گشتی وڵاتەكەی، ئەمە مانای ئەوەیە، ئەگەر هەتا ئێستا رێككەوتنی سایكس پێكۆ وەك پەراوێزێك لە تۆماری مێژووی رۆژئاوا و ئەمەریكا سەیر دەكرێت، بەڵام بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە میراتێك كە زۆربەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە هۆكاری سەرەكیی هەموو كێشەكانی ئەم ناوچەیە ئەو سنوورە دەستكردانەیە كە 100 ساڵ پێش ئێستا بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتانی كۆلۆنیاڵی بەریتانیا و فەرەنسا دروستكرابوون، بۆ ئێستا چیتر ئەو سنوورانە ناتوانن بە پتەوی بمێننەوە. خۆ ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش مكوڕ بن لەسەر ئەوەی ئەم سنوورانە وەك خۆیان بهێڵنەوە، ئەوا دەبێت ئەو راستیەش لەبەر چاو بگرن، هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە بەشێكی عێراق و سووریا، هۆكارە سەرەكییەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمەریكا سەركەوتوو نەبوو لە دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لە چوارچێوەی سنوورە دەستكردەكەی سایكس پیكۆ، هەروەها سەلمێنەری بەسەرچوونی ئەو سەردەمەیە كە بتوانرێت بە رێگەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریزم و دیكتاتۆری سنوورە دەستكردەكان بپارێزرێت.
هەر سەبارەت بە نەمانی كاریگەریی سنوورەكان، ئەویش نەك هەر لە چوارچێوەی رێككەوتنی سایكس پیكۆ، بەڵكو لە سەردەمی گلۆبالیزەیشن-یشدا سنوورەكان خۆیان كەوتوونەتە بەر مەترسی و چیتر سنوورەكان ناتوانن رێگە لە تیرۆریستان و نەخۆشی بگرن، وەك سیسۆلۆژی گەورەی ئەڵمانی لە كتێێبی (كۆمەڵگەی مەترسی) ئاماژەی پێكردووە، گلۆبالیزەیشن بە هیچ جۆرێك بایەخی بۆ سنوور نەهێشتۆتەوە، راستە دیاردەی گۆلۆبالیزەیشن لە رووە ئیجابییەكەیەوە وایكردووە هەموو جیهان لە یەك كاتدا سوود لە سەرجەم دەستكەوتەكانی مرۆڤایەتی وەربگرێت، بەڵام لە هەمانكاتدا واشیكردووە ئەگەر نەخۆشییەك لە ئەفریقیا بڵاوببێتەوە، بە ئاسانی بگاتە سنوورەكانی وڵاتانی ئەوروپا. هەر بۆیە ئەم دیاردەیەی شۆڕشێكی دیكەی لە سەر ئاستی دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت كە پێی دەڵێن: (شۆڕشی چوارەم)، هەروەها شۆڕشێكی دیكەی لە سەر ئاستی جیۆپۆلیتكی دروست كردووە كە پێی دەڵێن: (شۆڕشی سێیەم)، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر لەئاكامی جەنگی یەكەمی جیهان نەخشەی سیاسی جیهان وەك شۆڕشی یەكەم گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت، ئەوا لە ئاكامی شەڕی دووەمی جیهانی جارێكی دیكە نەخشەی سیاسیی جیهان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دیارە لە دوای رووخانی دیواری بەرلین و كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، جارێكی دیكە نەخشەی سیاسیی بەشێكی جیهان وەك دەوڵەتانی بەلكان و كۆمارەكانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت گۆڕانكاری بەسەردا هات، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لەوە كرد كە لە بەشەكەی دیكەی جیهان، كە (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)ـە ئەو گۆڕانكارییە رووبدات. هەتا ساڵی 2011 و لە راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبیدا، سنوورەكان چیدیكە نەیانتوانی رێگری لەوە بكەن كە راپەڕینەكانی تونس بپەڕێتەوە بۆ میسر و پاشان بۆ لییبیا و یەمەن و سووریا، هەروەها سنوورەكان نەیانتوانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی تیرۆریستان بكەن لە پاكستانەوە بۆ نەیجیریا، ئێستاش لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەموو توانای خۆی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام دیسان سنوورەكان نەیانتوانیوە رێگری لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بكەن، كە بە هاوشێوەی خەلافەتەكەی لە عێراق و سووریا، هەمان خەلافەت لە لیبیاش دروست نەكاتەوە، لەمەش زیاتر سنوورەكان نەیانتوانیوە رێگری لە تیرۆریستان بكەن كە نەپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، بەپێچەوانەوە هەوڵدانی رۆژئاوا و ئەمەریكا بۆ پارێزگاریكردن بە سنوور و جیۆپۆلیتكی سەردەمی شەڕی سارد لەم بەشەی جیهاندا، خەریكە ئەو جیۆپۆلیتكە كۆنە دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە لە ناو ماڵی تەواوی دەوڵەتانی رۆژئاوا بە ئەمەریكاشەوە.
داعش و سایكس پێكۆ
دەبێت پێكەوە كۆتاییان بێت
لە 20ی نیسانی 2016 هەردوو توێژەری گەورە ستیڤن بیدل و جاكۆب شاپیرۆ كە هەردووكیان دوو راوێژكار و دوو تایبەتمەندی بەناوبانگن لەسەر پرسی تیرۆر، پێكەوە وتارێكیان لە سایتی زە ئەتلەنتیك ( The Atlantic) بە ناونیشانی (ئەمەریكا نەیتوانی شتێكی ئەوتۆ بەرامبەر داعش بكات - America Can’t Do Much About ISIS) بڵاوكردەوە، لەم باسەدا هەردوو توێژەر رەخنەی ئەوە لە ئەمەریكا دەگرن، بەوەی ئەمەریكا هێندەی هەوڵیداوە داعش وەك دیاردەی نەخۆشییەك كۆتایی پێبهێنێت، هێندە هەوڵی نەداوە خودی نەخۆشییەكە چارەسەر بكات، هەر بۆیە ئەگەر هەوڵی دابێت، ناوچەیەكیش لە داعش پاك بكاتەوە، ئەوا كارەساتی كاولكاری و مرۆیی گەورەیی بە دوای خۆیدا هێناوە. دیارە ئەو خاڵەی كە ئەم دوو توێژەرە دەستنیشانیان كردووە، كەموكورتی سەرەكیی سیاسەتی ئەمەریكایە، بۆیە لە رۆژی 29ی نیسانی 2016، جێمس جیفری باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق وەڵامی ستیفن بیدل و جاكۆب شاپیرۆی داوەتەوە بە وتارێكی دیكە بە ناونیشانی (رەگ و ریشەی هۆكارەكان بخەنە لاوە: دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا بڕووخێنن- Leave Root Causes Aside -- Destroy the ISIS ‹State)، بێگومان كێشە سەرەكییەش ئەمەیە: ئایا هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵدانی داعش چارەسەر بكرێن؟ یان دەوڵەتی ئیسلامی داعش بڕووخێندرێت؟ لە هەڵبژاردنی ئەم دوو بژاردەیە، بەداخەوە هەتا ئێستا ئەمەریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش بژاردەی دووەمیان هەڵبژاردووە كە ئەویش هەوڵدانە بۆ رووخاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش.
بەڵام هەڵوەستەی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەشێكی زۆری عەرەبی سوننە لە هەر دوو دیوی عێراق و سووریا پشتگیری رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناكەن؟ بێگومان وەك توێژینەوەكانیش دەریانخستووە، بەشێكی زۆری دانیشتووانی موسڵ لە عێراق و رەققە لە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە، راستە خەلافەتەكەی داعش گەڕانەوەی مرۆڤایەتییە بۆ سەدەی حەوتەمی زایینی، بەڵام هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی پیادە كردووە و ناڵێین چۆن كاروباری ئەو خەڵكە بەڕێوەدەبات، بەڵام بە هەر شێوازێك بێت كاروباری رۆژانەیان ئەوە ماوەی دووساڵە بەڕێوەدەبات. پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی ئەو بەشە زۆرەی عەرەبی سوننە لە عێراق و سووریا، ژیانیان لەگەڵ داعش پێ باشترە، وەك ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد و شیعەی بەغدا حوكمڕانییان بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش بێگومان ئەوەیە رژێمی عەلەوی لە دیمەشق و شیعە لە بەغدا بە پشتگیری راستەوخۆی ئێران دەیانەوێت لەلایەك پرۆژەی ئەمەریكا بۆ بونیادنانەوەی عێراق وەك عێراقێكی دیموكراتی و فرەیی و پەرلەمانی لە ریشەوە هەڵبكێشن و رژێمی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بمێنێتەوە، لە لایەكی دیكەوە ئێران مەبەستێتی تۆڵەی شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق، نەك هەر لە عەرەبی سوننەی عێراق بكاتەوە، بەڵكو لە هەموو دەوڵەتانی عەرەبی سوننە لەناوچەكە بكاتەوە، كە لە ماوەی هەشت ساڵی شەڕی عێراق – ئێراندا، دژی ئێران پشتگیری سەدام حوسێن-یان كرد.
كەواتە واڵاكردنی دەرگا لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدـەوە بە هاتنی سەركردەكانی قاعیدە بۆ سووریا و بە ئاشكرا كاركردنیان لە ناو سووریا و ناردنەوەیان بۆ عێراق، لە پێناوی ئەوە بووە، ژینگەیەك دروست بكەن بۆ ئەوەی قاعیدە و داعش نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە بكەن، پاشان عەرەبی سوننە وەك داعش و قاعیدە لە بەردەم رای گشتی وێنابكەن، كێشە و ناكۆكیی هەزار ساڵەی نێوان شیعە و سوننە بگۆڕن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی جیهان لەگەڵ تیرۆریستانی قاعیدە و داعش، سەبارەت بەم لایەنە تۆماس فریدمان لە یەكێك لە موحازەرەكانیدا باس لەوە دەكات، لە ساڵی 2007 – 2011، وشكە ساڵییەكی گەورە ناوچەی عەرەبی سوننەی سووریای گرتەوە، بۆیە ناچار بوون مەڕوماڵاتیان بفرۆشن و روو لە شارەكان بكەن. رژێمی ئەسەد كە ئەو حاڵەتەی عەرەبی سوننەی پشتگوێ خست و هەوڵینەدا چارەسەری بكات، بێكاری و برسێتی لەناویاندا بڵاو بووەوە، بۆیە هەر كە رێكخراوی قاعیدە و داعش ئاڵا رەشەكەی (اللە اكبر)یان بەرزكردەوە، بەشی هەرە زۆری عەرەبی سوننەی سووریا شوێنیان كەوتن و پشتگیرییان كردن. لە عێراقیش دوای ئەوەی ئەمەریكا هێزەكانی كشاندەوە، نوری مالیكی سەرۆك وەزیران پێشووی عێراق، دیسان بە ناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پیلانێكی دڕندانەی دژی عەرەبی سوننەی عێراق داڕشت، لە هەنگاوی یەكەمیشیەوە بە گرتن و ئەشكەنجەی ئەو خەڵكانەی عەرەبی سوننە دەستی پێكرد كە لە ناو دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراقدا نوێنەرایەتی عەرەبی سوننەیان دەكرد، بیگومان بێدەنگیی ئەمەریكا بەرامبەر رەفتارەكانی نوری مالیكی، وایكرد، عەرەبی سوننە هیچ متمانەیەكیان بە ئەمەریكاش نەمێنێت، بۆیە كاتێك لە ئەمەریكا نائومێد بوون، رێكخراوی قاعیدە لقی عێراق كە لە سەرەتای 2014 خۆی وەك داعش راگەیاند، وەك نوێنەر و داكۆكیكار لە عەرەبی سوننە خۆی نمایشكرد، بەتایبەتیش دوای ئەوەی داعش، گۆڕانكاری لە بنەماكانی راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیدا كرد و خۆی لە قاعیدە جیاكردەوە، دیارە قاعیدە راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی خستۆتە دوای ئەوەی هێزی رۆژئاوا تێكدەشكێنێت، بەڵام داعش شیعەی وەك دوژمنی سەرەكی پێناسە كردووە، ئینجا رۆژئاوا و ئەمەریكا، بۆیە لە پێناوی رووبەڕووبوونەوەی ئەو غەدرەی شیعە بەرامبەر عەرەبی سوننە دەیكات، دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە وتارەكەی ستیڤن بیدل و جاكۆب شاپیرۆ بدەین، كە داوادەكەن خودی ئەو نەخۆشییە چارەسەر بكرێت كە بۆتە هۆكاری سەرهەڵدانی داعش وەك دیاردەیەكی نەخۆشییەكە، لەگەڵ جەختكردنەوەی سیاسەتی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەر رووخانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، هەست دەكەین، ئەوەی بیدل و شاپیرۆ ئاماژەیان پێكردووە، رێگە راستەكەی ریشەكێشكردنی فیكری داعشە، لەبەر ئەوەی ئەگەر عەرەبی سوننە لە عێراق و سووریا بتوانن بژین و نەكەونە ململانێی نێوان شیعە و سوننە و شیعە سەركوتیان نەكات، ئەوا هەر عەرەبی سوننە خۆیان دەوڵەتی داعش كۆتایی پێدەهێنن و فیكری داعش ریشەكێش دەكرێت.
ئەوانەی شارەزای سایكۆلۆژیەتی عەرەبی سوننەی عێراق و سووریان، دەزانن بە درێژایی مێژووی عێراق، عەرەبی سوننەی عێراق و سووریا پشتگیرییان لە توندڕەوی نەكردووە، تەنانەت لە كۆتایی ساڵی 2006 و 2007، كاتێك ئەمەریكا ژینگەیەكی سیاسی ئەوتۆی دروستكرد كە عەرەبی سوننە بە رێگەی هێزەكانی سەحوە و لە چوارچێوەی ناردنی هێزی بەپەلە (Surge) بۆ عێراق كاربكەن، ئەوە هەر عەرەبی سوننەی عێراق خۆیان بوون كە رێكخراوی قاعیدەیان تێكشكاند و چەكدارەكانی قاعیدەیان ناردەوە بۆ سووریا، جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، پێشنیاری زیادكردنی هێزی بەپەلە، پێشنیاری ( ستیڤن بیدل) بووە، كە ئەمجارەش داوادەكات خودی نەخۆشییەكە چارەسەر بكرێت، نەك دەرهاویشتەی نەخۆشییەكە كە داعشە. بەڵام پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: ئەمەریكا و هاوپەیمانان كە بێگومان ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە بە رووخانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، كێشەكە چارەسەر نابێت، بۆچی نایانەوێت كێشەكە لە ریشەوە چارەسەر بكەن؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە لەوە قووڵترە كە هەندێك مەزندەی دەكەن. سەبارە بەم پرسیارە پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز ئوستادی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و تایبەتمەند لە سەر پرسی سووریا و كورد، لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (رووسیای ئەمڕۆ) راشكاوانە ئەو راستییەی ئاشكراكردووە: «پێویستە هەرچۆنێك بێت هەوڵبدرێت كێشەكانی سووریا و عێراق چارەسەر بكرێت، هەردوو دەوڵەتەكە دەبێت لەبەریەك هەڵبوەشێت، هەر بۆیە كاتێك بیر لە چارەسەر دەكرێتەوە، دەبێت ئاكامی ئەو دوو دەوڵەتەش لەبەرچاو بگێرێت.» لەم وەڵامەی پڕۆفیسۆر لاندیزـەوە، دەگەینە ئەوەی هەر هێزێكی نێودەوڵەتی بیەوێت بە جددی كێشەی عێراق و سووریا چارەسەر بكات، ئەوا دەبێت میانگێرێكی باش بێت بۆ ئەوەی ئامادەبێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە هەردوو دەوڵەتەكە دابەش بكرێت، بەڵام ئایا ئەم دابەشكردنە چۆن دەكرێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا پڕۆفیسۆر كینس پۆلاك بەڕێوەبەری سەنتەری سابان بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامۆژگای برۆكینگیز كە لە هەمانكاتدا ئەندامی ئەو گروپەشە كە راپۆرتێك لەسەر ئایندەی عێراق بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا ئامادە دەكات، لە دیراسەتێكدا بە ناونیشانی ) شەڕبكەین، یان هەڵبێین - Fight or Flight) تیایدا جەخت لەسەر ئەو بژاردانە دەكاتەوە كە ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕوویان دەبێتەوە، راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە كە كاتی خۆی بیل كلینتۆن چۆن مامەڵەی لەگەڵ كێشەی بۆسنیا كرد و لە دایتۆن هەموو لایەنە پێكناكۆكەكانی لە سەر یەك مێز كۆكردەوە و چارەسەری كێشەكەی كرد، ئێستاش بەهەمان شێوە دەبێت لایەنە پێكناكۆكەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كورد و عەرەب و شیعە و سوننە پێكەوە لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە، بزانن چۆن دەتوانن بە ئاشتی پێكەوە بژین و دوای هەڵوەشانەوەی عێراق و سووریا چۆن دەوڵەتە تازەكان بونیاد دەنرێنەوە. ئەم چارەسەرە كە دەستبەرداربوونە لە پیرۆزیی سنوورەكانی سایكس پیكۆ، تەنیا رێگەیە بەبێ ئەوەی هاوپەیمانی دژی داعش و ئەمەریكا ئەو هەموو هەوڵەی هەیانە بیخەنەگەڕ، خەلافەتی ئیسلامی كۆتایی پێدێت و فیكری داعشیش لە ریشەوە هەڵدەكێشرێت.
مسرور بارزانی*:
ریفراندۆم ئەنجامدەدەین وەك هەنگاوێك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و جیابوونەوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە عێراق
عێراق وەك دەوڵەتێكی شكستخواردوو خەڵكەكەی كە هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان بە یەكەوە نەبوو، بە زۆر ئاخنرانە نێو وڵاتێكەوە و رووبەڕووی چارەنووسێكی نادیار كرانەوە، ئێستاش كاتی ئەوەیە دان بەوەدا بنێین كە ئەزموونەكە سەركەوتوو نەبوو، مانەوەشمان لە چوارچێوەی عێراقدا بەردەوام مەحكووممان دەكات بە بەردەوامبوونی ناكۆكی و دوژمنایەتی.
لە هاوینی 2014 عێراق تووشی مەترسی و شەمەزاری هات، كاتێك گرووپی تیرۆریستی داعش دەستی بە سەر یەك لە سەر سێی وڵاتدا گرت كە بەشێكی گەورەی لە سنووری عێراق و سووریا بوو. سوپای عێراق كە یەكێك لە دامەزراوە باوەڕپێكراوەكان بوو، نەیتوانی وڵاتەكە بپارێزیت.
پێكەوەژیانی زۆرەملێیانە سەركەوتوو نەبوو، بۆیە هەرێمی كوردستانی عێراق ریفراندۆم ئەنجام دەدات كە هەنگاوێكە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و میكانیزمێكیشە بۆ جیابوونەوە لە بەغدا و دابینكردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدان كە نیشتمانی گەلی كوردە.
ئەم هەنگاوە نەك تەنیا ئومێد و هیوا بە گەلی كورد دەبەخشێت، بەڵكو سەقامگیریش لەو ناوچە دابەشكراوەدا دێنێتەدی. ئێمە سەلماندوومانە كە دەكرێ هاوپەیمانی جێی متمانەی زۆرێك لە وڵاتە دراوسێكانمان بین. ئێمە بەردی بناخە و هێزی سەرەكیی شەڕی دژی داعشین و میوانداری هێزی سەربازیی لانیكەم دوازدە وڵاتیش دەكەین.
ئێمە ئێستا لە دەروازەكانی موسڵین و ئامادەین بۆ گێڕانی رۆڵێكی سەرەكی لە دەرپەڕاندنی داعش لە دووەم گەورەترین شاری عێراق. لە دوو ساڵی رابردووشدا پێشوازیمان لە سەدان هەزار ئاوارە كردووە. هەرێمی كوردستان ئێستا باوەشی بۆ ژمارەیەكی زۆری مەسیحی كردووەتەوە كە لە موسڵ و بەغدا رایانكردووە و حكومەتی بەغداش نەیتوانی بیانپارێزێت.
هەر كەسێك لە سەر كورسیی دەسەڵات بووبێت لە عێراق، لە بەڵێنەكانی بەرامبەر كورد پەشیمان بووەتەوە و ئیلتیزاماتە دەستوورییەكانیان پشتگوێ خستووە. بە كورتی هیچ متمانەیەك لە نێوان ئێمە و حكومەتی ناوەندیدا نییە و پێوەندییەكانمان زۆر دژبەیەك و لەیەك دوورن.
چارەسەرەكە لە بەغدایە. ئێمە هەموو هەوڵێكمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی داوە و هیچیان سەریان نەگرتووە، تاكە چارەسەر جیابوونەوەیە، بۆیە دەمانەوێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بكەین. بەڵام لە سەرەتادا پێویستە گفتوگۆ و كار لەگەڵ بەغدا بكەین بۆ رێگەخۆشكردن بۆ جیابوونەوەیەكی دۆستانە و هێمنانە كە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوولاماندایە. پرۆسەكە دەستی پێكردووە و چین و توێژێكی بەرفراوانی كورد پشتگیری لێدەكەن. لەگەڵ توركیا وئێرانیش قسە دەكەین بۆ روونكردنەوەی ئەوەی، ئەم هەنگاوە ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەكان تێكنادات. ئێمە بە توندی لەو باوەڕەداین كە ئەم هەنگاوە بە هەمانشێوە لە خزمەتی دۆستەكانمان دەبێت لە ناوچەكەدا.
كوردستانێكی سەربەخۆ كە خاوەنی چەك و تەقەمەنی بێت بۆ بەرگری لە خۆكردن، زیاتر دەتوانێ بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی و خەڵكی ناوچەكە بپارێزێت. پێوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا ئاستەنگی بۆ ئێمە دروستكردووە لە دەستگەیشتن بە چەك. ئێمە چەكی پێشكەوتوومان بە دەست ناگات، چونكە دەبێ لە رێگەی حكومەتی بەغداوە بێت. سەربەخۆبوونی كوردستان یارمەتیمان دەدات كە قەرزی ماوەدرێژ وەربگرین و رێككەوتن لەگەڵ بازاڕی جیهانی بكەین و نەوت و گاز بە نرخێكی كێبەڕكێكار بفرۆشین بۆ سووككردنی قەیرانی داراییمان.
كاتی ئەوە هاتووە دان بەوەدا بنرێت كە مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی شكستخواردوو، كارێكی دەبەنگانەیە.
ئێمە مافی بڕیاردانی چارەنووسمان هەیە و سەلماندوومانە كە بە بێ ئەوەی دەوڵەتیشمان هەبێت، پێكهاتەیەكی گرنگ و بەهادار بووین بۆ كۆمەڵگەی نێودەولەتی، هەروەها هاوپەیمانێكی زۆر جێی متمانەبووین لە ناوچەیەكدا كە جێگیربوونی تێدا كەمە، ئێمە ئامادەین وەكو دەوڵەتێك ببینە بەشێك لە كۆمەڵگەی نێودەلەتی .
*چەند پەرەگرافێك لە وتاری مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كوردستان كە رۆژی 5ی ئایاری 2015 لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوكراوەتەوە.
سایكس پیكۆ چەند دەوڵەتێكی شكستخواردووی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست كرد و پێشبینی شڵەژانی گەورەتریش دەكرێت
بنچینەی سیستمی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری جەنگی یەكەمی جیهانی، كە بە راددەیەكی گەورە لە لایەن هێزە ئەوروپییەكانەوە ئەم سیستمە رەنگڕێژكرا. لە 16ی ئایاری ساڵی 1916دا، فەڕەنسا و بەریتانیا رێككەوتنی سایكس پیكۆ-یان ئەنجامدا و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا-یان بۆ ناوچەی نفوز و دەستڕۆیشتوویی خۆیان دابەشكرد، كە لەو كاتەدا هێشتا ویلایەتی سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون. شۆڕشی رووسی و بردنەوەی شەڕی سەربەخۆیی لەلایەن توركیاوە رێگر بوون لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لە ئەنادۆڵ.
ریشەی دروستبوونی سووریا و لوبنان لە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسا و دروستكردنی عێراق و ئەردەن و ئیسرائیل كە لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بن، لە رێككەوتنەكەی ساڵی 1916دا بوونی هەبوو. بڕیاری هێزە براوەكان بۆ داڕشتنی سنوورەكانی دەوڵەتگەلێكی نوێ- بە پێچەوانەوەی دەوڵەتانی ئەوروپاوە- بە بێ رەچاوكردنی ئینتیمای زمانەوانی، ئیتنی، ئایینی و تایفەگەری خەڵكەكە ئاكامی دوورمەودای لێكەوتەوە. لەوەش خراپتر، هێزە خاوەن ئینتیدابەكان دەسەڵاتی دەوڵەتە نوێیەكانیان لەسەر بنەمای كەمینە ئایینییەكان دامەزراند. فەڕەنسا دەسەڵاتی لە نێو عەلەوییەكانی سووریادا دامەزراند، بەریتانیاش لە نێو سوننەكانی عێراقدا.
دوورەپەرێزخستنی گروپە ئایینی و زمانەوانییە گەورەكان بوونەهۆی بە سیاسیكردنی ناسنامە ئیتنی و تایفەگەرییەكان. هەمان شت بەسەر كورددا جێبەجێ بوو، كە هەرگیز نەبوونە پێكهاتەیەكی ئاوێتەبوو لە بونیادی دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن، بەڵكو دووچاری پەراوێزخستن بوون و هەوڵی تواندنەوەیان درا بە ناوی (ناسیۆنالیزمی توركی و عەرەبی و فارسی)یەوە، دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، هێزە گەورەكان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا پاڵپشتییەكانیان سنووردار كرد بۆ رژێمە خۆسەپێنەكان لە ناوچەكەدا، لە هەمان كاتدا گوتارە جیهانییەكە لەبارەی یەكسانی و بەشداریی سیاسی و دیموكراسییەوە سەنگی زیاتری بەدەستهێنا.
بەرزبونەوەی ئاستی پەروەردە، زیادبوونی زانیارییەكان و تەكنەلۆژیای پێوەندیكردن و ئەو تۆڕە جیهانییەی دروست بووە لە نێوان گروپە هەرێمایەتی و مەحەلییەكانەوە – كە بەهۆی ئەو پێشكەوتنانەوە دروست بووە- بوونە هۆی بەهێزكردنی پێگەی هاووڵاتیانی دەوڵەتە خۆسەپێنەكان- كە بە راددەیەكی گەورە پەراوێزخراون- تاوەكو ببنە كاراكتەرێكی سیاسی رادیكاڵی كە لە ژێر ناوی ناسنامە تەقلیدییەكاندا خۆیان رێكبخەن. لە ئاسۆدا كۆتاییەك نییە بۆ ئەم پەرەسەندنانە و بۆ داڕووخانی سیستمی دەوڵەت كە لەم پەرەسەندنانەوە دەكەونەوە. تاوەكو ئێستا دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شكستیان هێناوە لە وەڵامدانەوە و چارەسەركردنی ناڕەزایەتییەكان. بە پێچەوانەوە، پاكتاوی رەگەزی و چونیەككردنی كەلتووری و دروستبوونی بونیادی نیمچە دەوڵەتی نوێ (وەك دەوڵەتی ئیسلامی) بەرجەستەكاری ئاماژەگەلێكی نیگەرانكەرن لەبارەی سەرهەڵدانی شڵەژانی گەورە لە ئایندەدا.
سەرچاوە: The Return of the Kurdish Question :On the Situation of the Kurds in Iraq، Syria and Turkey
نووسینی: گەنتەر سەوفرت
سایكس پیكۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی
كردە گۆڕەپانی شەر و ململانێ
سەدەیەك دوای سایكس پیكۆ كە لە ساڵی 1916دا لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا واژۆكرا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی سیاسییەوە وەك بەرمیلێك بارووت ماوەتەوە و بۆتە ناوچەیەك بۆ ناكۆكی و شەڕی چەكداریی یەك لە دوای یەك. ئەو سنوورانەی كە سەدەیەك پێش ئێستا داڕێژران لە لایەن هێزە رۆژئاواییەكانەوە لە ئێستادا بەرەو كاڵبوونەوە و سڕینەوە دەچن. لە ساتەوەختێكی كتوپڕدا دۆخێك هاتۆتەئاراوە كە بۆتەهۆی ئەوەی خەسڵەتی ناوچەكە بە چەشنێكی لە رادەبەدەر لە گۆڕانكاریدا بێت.
دوای واژۆكردنی رێككەوتنامەی سایكس پیكۆ لە ساڵی 1916 و دابەشكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا، زنجیرەیەك پەیماننامە و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بارەی ناوچەكەوە ئەنجامدران، كە بە زۆری ئەو پەیماننامە و كۆنفرانسانە دژیەكیان لە خۆگرتبوو، بە دەگمەن لەبەرچاو گیران، یان رێزیان لێگیرا. ناكۆكیی نێوان ئەمەریكا و یەكێتی سۆڤیەت، كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە سروشتییەكان، غاز و نەوت، پێشبڕكێی پڕچەككردن، دەستەبەركردنی چەك و ئازادیی تێپەڕبوون لە كەناڵی سویس، هەموو ئەمانە بوونە هۆی هێنانەئارای شەڕی دەسەڵات، ئەم ناوچەیەش بووە گوڕەپانی تێكڕای رووبەڕووبوونەوەكان.
مارك سایكس و فرانسوا پیكۆ بە شێوەیەكی هەڕەمەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش كرد، بە بێ ئەوەی قەناعەتیان هەبێت بەوەی لە راستیدا ئەم رێككەوتنە جێبەجێ دەكرێت. هەر لە سەرەتاوە، دابەشكردنەكە، دابەشكردنێكی لاواز و لەرزۆك بوو. رێككەوتنەكە بە پەلە و لە نێو جەرگەی جەنگی یەكەمی جیهانی و لە كەشێكی بەدگومانیی دوولایەنەدا، واژۆ كرا.
لە دابەشكردنی زۆنەكانی دەستڕۆیشتووییدا پێكهاتەی گەلانی ناوچەكە لەبەرچاو نەگیران. واتە رەچاوی لایەنە دیموگرافی و كەلتووری و كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان نەكرا لە لایەن فەڕەنسا، یان بەریتانیاوە. چەندین خێڵی عەرەب لێكدابڕان و لە نێوان چەند دەوڵەتێكی جیاوازدا دابەش كران. ئەم خێڵانە بە توندی بەرهەڵستیی حكومەتی مەركەزییان كرد. ئەم نەخشە دیپلۆماسییە بووەهۆی بەهێزكردنی كەمینەی عەلەوییەكان لە سووریادا، لە كاتێكدا زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە سوننەن، هەروەها بووەهۆی باڵادەستبوونی كەمینەی سوننە بەسەر زۆرینەی شیعە لە عێراقدا. بە تێپەڕبوونی كات، راپەڕینە ناوخۆییەكان، كودەتا و یاخیبوونەكان- كە تا ئێستاش بەردەوامن- ناوچەكەیان هەژاند. بەریتانیا سیاسەتگەلێكی پڕ لە ناسازی و دژیەكی پیادەكرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مانۆڕی دیپلۆماتی پڕ لە گومانی بەكارهێنا بۆ رازیكردنی هەم عەرەب و هەم جوولەكە، لە هەمان كاتدا خۆی بە دوورگرت لە ئەنجامدانی شیكردنەوەی جددی بۆ ئەو كێشانەی لەو كاتەوە و لە ئایندەدا لە ناوچەكەدا سەریانهەڵدەدا.
لە ئێستادا و بە درێژایی ناوچەكە، هەر لە لیبیاوە بۆ سوریا، دەسەڵات داڕووخاوە و خەڵكی ئەم وڵاتانە بۆ ناسنامە دێرینەكەیان خۆیان (شیعە و سوننە و كورد) دەگەڕێنەوە. گروپە تایفەگەرییەكان كە بە زۆری گروپی ئیسلامین، هەڵساون بە پڕكردنەوەی ئەو بۆشایی دەسەڵاتەی دروست بووە و سنوورەكان دەبڕن و توندوتیژی بڵاودەكەنەوە.
ناكۆكیی عەرەب-ئیسرائیل تەنیا كێشەیەكی گەورە نییە لە ناوچەكەدا. لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا، 23 شەڕ تۆمار كراون، لە نێویاندا شەڕی نێوان شیعە و سوننەكانی عێراق، كە سەقامگیری سەربازی و ستراتیژی شڵەژاندووە و پتر لە ملیۆنێك قوربانی لێكەوتۆتەوە.
كاریگەری بەهاری عەرەبی كە لە وڵاتێكدا سنووردار نەبوو، هەروەها شەڕی ناوخۆیی سووریا هیچ پێوەندییەكیان بە ناكۆكیی عەرەب-ئیسرائیلەوە نەبوو. هەموو نائارامییەكانی نێو جیهانی عەرەبی، نائارامیی ناوخۆیی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و خێڵەكین. هەروەها دەرئەنجامی سەركردە گەندەڵەكانن كە بۆ چەندین دەیە، سوودیان لە هەژاری و نەزانی هاووڵاتییەكانیان وەرگرتووە و سامانی وڵاتیان بە تاڵان بردووە لە رێی دروستكردنی دەوڵەتی پۆلیسی و حوكمڕانیكردن لە رێی ترس و تۆقاندنەوە.
سەرچاوە: The Failures of the International Community in the Middle East since the Sykes-Picot Agreement، 1916-2016
نووسینی: فریدی ئیتان
دوای تێپەڕبوونی سەدەیەك بە سەر سایكس پیكۆدا دەركەوت ئەو دەوڵەتانەی ئەوروپا سەپاندیان قاوخێكی پووچ و بەتاڵن
لەو كاتەوەی سیناتۆر جۆزێف بایدن وتارە مشتومڕهەڵگرەكەی لە ساڵی 2006دا لە نیویۆرك تایمز نووسی و پێشنیاری پێكهێنانی سێ هەرێمی خۆبەڕێوبەری- ئۆتۆنۆمی- كرد بۆ شیعە و سوننە و كورد، بۆ ئەوەی هەر یەكێك لەو پێكهاتانە پانتایی سیاسیی خۆیان هەبێت، ئەوا لەو كاتەوە گفتوگۆكان لەبارەی ئایندەی عێراقەوە ئاڵ و گۆڕیان بەسەردا هاتووە. دوای 13 ساڵ لە شەڕ، شیرازەی نەتەوە نوێیەكە لێكترازاوە. بەو فۆرمەی ئێستاوە، عێراق كەمتر لە سەدەیەكە بوونی هەیە، كە سەددام حوسێن چارەكە سەدەیەك حوكمڕانیی كرد. لە دوای رووخانی دەسەڵاتی سەددام-یشەوە، بەغدا نەیتوانیوە رێگاچارەیەكی سیاسی گەڵاڵە بكات بۆ دڵنیاكردنەوەی پێكهاتە نائومێدەكانی تاوەكو هەست بكەن كار بۆ هێشتنەوەی وڵاتەكە بكەن بەو شێوەیەی كە ئێستا لە ئارادایە. ئابووریی ئەم وڵاتە كە بەرهەمهێنەرێكی گەورەی نەوتە، بەهۆی چەند هۆكارێكەوە ئیفلیج بووە. ئیدارەدانێك كە بۆتەهۆی بەهەدەردانێكی گەورە، دەزگایەكی بیرۆكراسیەتێكی هەڵئاوساو بە كارمەندە ناكارامەكان، چاوچنۆكییەكی روولە زیاد و دابەزینی نرخی نەوت. ناسیۆنالیزم لەبەریەك هەڵوەشاوە. عێراقییەكان شانازیەكی زۆر بەو شارستانییەتە دێرینەوە دەكەن كە لە سەر خاكی ئەوان دروست بووە، بەڵام پێوەندیی عێراقییەكان بە وڵاتەكەیانەوە لە ئێستادا، ئەو تەحەددییەیە كە هەڕەشە لە بوونی ئەم وڵاتە دەكات.
لە سووریا ئەو تێكشكاندنە فیزیكی و مرۆییەی لەو وڵاتەدا هاتۆتەئاراوە، بۆتەهۆی لەناوبردنی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێكی كارا لە چەند ساڵی داهاتوودا. ئەم وڵاتە لە دۆخێكدایە كە مایەی تێگەیشتن نییە. پتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەكە پشت بە یارمەتییە مرۆییەكان دەبەستن بۆ دەستەبەركردنی پێداویستیی رۆژانەیان، كە دانیشتووانی وڵاتەكە 22 ملیۆن كەسن. نزیكەی سێ ملیۆن منداڵ لە قوتابخانە بێبەشبوون. سەرەڕای ژمارەی كوژراوەكان كە مایەی سەرسوڕمانە، یەك ملیۆن و نیو لە خەڵكی وڵاتەكە بریندار بوون، یان بۆ هەمیشەیی دووچاری پەككەوتەیی بوون. نزیكەی یەك لەسەر پێنجی دانیشتووانەكەی وڵاتەكەیان جێهێشتووە. كە پاڵنەرێكی كەمیشیان هەیە بۆ گەڕانەوە. تێكڕای ئەو زیانە ماددییانەی لە وڵاتەكە كەوتوون، بەلای كەمەوە 250 ملیار دۆلارە، ئەمە لە كاتێكدا رووبەری وڵاتەكە هێندەی ویلایەتی واشنتۆن-ـە. ئەم زیانەش رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.
كەواتە، دوای سەدەیەك لە سایكس-پیكۆ، ئەم دوو قەیرانە پەردەیان لەسەر ئەو جۆرە دەوڵەتە هەڵگرتووە كە لەلایەن ئەوروپییەكانەوە سەپێندراوە و دەریانخست كە ئەم وڵاتانە چ قاوخێكی پووچ و بەتاڵن. عێراق لەلایەن بەریتانیا و سووریا لە لایەن فەڕەنساوە بەڕێوەدەبردران، كە لە ئاستێكی سنوورداردا سەرقاڵی دروستكردنی نەتەوە بوون. لەم دوو وڵاتەدا پێش ئەوەی سەربەخۆییان پێببەخشن. خەڵكی ئەم دوو وڵاتە ئاڵای نوێیان هەڵبژارد و كۆشكی مەزنیان بۆ سەركردەكانیان دروستكرد و هانی نوخبە بازرگانەكانیان دا و مەشقیان بە ژمارەیەكی زۆری سەرباز كرد، بەڵام هەردوو وڵات خاوەنی دامەزراوەی لاواز، كۆمەڵگەی مەدەنیی لاواز، ئابوورییەكی پڕ لە نادادپەروەری و یاساگەلێكی بێمانا بوون. لە نێوان ساڵانی 1949 بۆ 1970 سووریا بە 20 كودەتای سەربازیدا تێپەڕی، هەندێكیان شكست بووە چارەنووسیان و هەندێكیشیان سەركەوتوو بوون، واتە لە هەر ساڵێك كودەتایەك روویداوە، تا ئەو كاتەی ئەسەد دەسەڵاتی گرتەدەست- لە میانەی كودەتایەكی دیكەدا. كەواتە، ئەوەی ئەم دوو وڵاتەكەی بە یەكگرتوویی هێشتبۆوە، بریتی بوو لە ترس و حوكمڕانییەكی داپڵوسێنەر.
سەرچاوە: How the Curse of Sykes-Picot Still Haunts the Middle East
نووسینی: رۆبن رایت