دكتۆر عەرەفات ستونی : سیاسەتی هەڵەی عەبادی عێراقی گەیاندۆتە ئەم رۆژە

دكتۆر عەرەفات ستونی : سیاسەتی هەڵەی عەبادی عێراقی گەیاندۆتە ئەم رۆژە
عێراق بەرەو كوێ؟
د.عەرەفات كەرەم ستونی*

لەوڵاتێكی وەك عێراقدا پڕۆسەی گۆڕانكاری بەم شێوەیە سەرناگرێت و، پێویستە رەچاوی پێكهاتەكان بكرێت، پارێزگاریی لە هاوتەریبی كۆمەڵگەیی بكرێت، ناكرێ پشت بە چەند پەرلەمانتارێك ببەسترێت، هەر چەندە ئەگەر ئەمەش وا بووبێت، بەڵام هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆی هەیە كە دەست بەسەر هەموو دامەزراوەكاندا بگرێت لە سەرۆكایەتیی كۆمارو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام لە عێراقی تازەدا ئەم دەرهاویشتانە رەچاوكراون. هەر بۆیە ئێستا ئێمە لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە دەنگدان لە دانیشتنێكی گشتیی سەرتاسەریدا، یاخود مانەوەی دەستەی سەرۆكایەتی، ئەوەی دووەم زەحمەتە، بەڵام مەسەلەی لابردنی حەیدەرعەبادی ئەمەیان سەركەوتووترین چارەسەرە، چونكە عەبادی بەو سیاسەتە ملهووڕییەی وڵاتی گەیاندە ئەو پاشاگەردانییە، پێموایە زۆرینەش قەناعەتی بەم چارەسەرە هەیە، لەم كاتەدا چاوەڕوانین كە چی لە رۆژانی داهاتوو روودەدات، بەڵام گۆڕانكارییەكان لە عێراقدا زۆر خێران، هەرلەبەر ئەو خێراییەشە كە ناتوانین شرۆڤەیان بكەین.

ترسمان لەوە هەیە كە گەلی عێراق قەناعەتێكی تەواویان بەوە هەبێت كە شیعە ناتوانن وڵات بەڕێوەبەرن، چونكە دوای رووخانی سەدام تا بەمڕۆ دەگات هیچ پێشكەوتنێك لە عێراق بەدی ناكرێت، ئاسایشەكەی شێواوەو ئابوورییەكەی داتەپیوەو دبلۆماسییەكەیشی شڵۆقە، هەروەها پێوەندیی نێوان بەغداو هەولێریش گرژیی تێكەوتووە، ناكۆكییەكی توندیش لەنێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی شیعەدا هەیە، بەتایبەتیش لەنێوان رەوتی سەدرو لایەنگرانی نوری مالیكی، وێڕای ناكۆكی نێوان شیعەو سوننەو نێوان عەرەب و كورد.. تاد، ئەم بێ سەروبەرییە بەردەوامە وڵات بەرەو داڕووخان و لێكهەڵوەشاندن دەبات، لەوەش گرنگتر ناكۆكیی سیاسی كە شۆڕبۆتەوە نێو كۆمەڵگە، ئەمە كارەساتەكەیە، لێگەڕێ با لاپەڕەكانی مێژوو هەڵنەدەینەوە، بەڵكو لەوەوە دەست پێدەكەم كە لە رۆژانی پێشتر روویدا، دوای ئەوەی بەڕێز عەبادی بۆ سەرۆكایەتیی حكومەت كاندیدكرا وەك پاڵێوراوی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە، دواتر حكومەت پێكهێنرا، ئێمەی كوردیش بەشداریمان لە دەنگدانیدا نەكرد، چونكە كاری خۆمان یەكلایی نەكردبۆوە، بەڵكو داوای زەمانەتی راستەقینەمان كرد، چەند مەرج و ماوەیەكیشمان دیاریكرد بۆ جێبەجێكردنی داواكانمان، تاكو هەڵەكانی سەردەمی نوری مالیكی دووبارە نەبنەوە، لە راستیدا مەبەست لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتەكەی عەبادی لەگەڵ بەشداری نەكردنمان كۆتایی هێنان بوو بە قۆناخی مالیكی نەك پەراوێزخستنی كورد، چونكە چەند كەسایەتییەك دەست نیشانكران بۆ ئەوەی پشكی كورد لە حكومەت وەربگرن، ماوەكە تەواوبوو، رێككەوتن لە نێوان هەولێرو بەغدا كرا، چەندین سەردان لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرا، ئومێدی ئەوە هەبوو كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر چارەسەربكرێن، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات دەركەوت كە عەبادی نایەوێت كێشەكان چارەسەربن، بەڵكو دەیەوێت زیاتر ئاڵۆزبن، ئەو پابەندی رێككەوتنەكە نەبوو، بودجەیشی نەنارد، هەروەها یارمەتیی هێزەكانی پێشمەرگەی نەدا لەگەڵ ئەوەی كە بەشێكن لە دامەزراوەی بەرگریی فیدڕاڵی، هاوكات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەدا، كەواتە بۆ شەقامی كوردی دەركەوت كە پیلانێكی مەترسیدار دژی هەرێم لەئارادایە، بۆیە تەحەددیگەلێكی مەترسیدار بەرۆكی حكومەتی كوردستانیان گرت، شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، ئاوارەكان، لەگەڵ ئەو تەحەددییەی كە بەردەوام بەرەو روومان دەبێتەوە، ئەویش تەحەددی گەندەڵكارانە كە سامانی گشتی بەهەدەر دەبەن و هەڕەشە لە ئابووری وڵات دەكەن، وا دیارە ئەو سەردانانەی كە شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەیكات بێ سوودە، چونكە هیچ ئومێدێك بە شەقامی كوردستانی نابەخشێت.
كەواتە چی روویداوە؟
پێموایە گەلی عێراق لەم دەموچاوە دووبارەبووانەی ناو حكومەت بێزار بووە، بۆیە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە هۆی ئەو گەندەڵی و دواكەوتوویی و هەژاری و بێكارییە ئەم دەموچاوانەن، لەبەر ئەوە داوای گۆڕینی سەرتاسەری و دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكەن، ئەوانەی كە سامانی وڵاتیان بەتاڵان برد، خۆپیشاندانەكانی رۆژانی هەینیش هەر بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام بوون، گومانیشی تێدا نییە كە گەل مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بكات و راپەڕێت و ئەمەش كارێكی دەستوورییە، لەبەر ئەوە ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەكۆی دەنگ دەسەڵاتمان بە عەبادی دا تا چاكسازی ئەنجام بدات، لەمەشدا گەلی عێراق و مەرجەعییەتە باڵاكانیش پشتیگیرییان كرد، بەڵام عەبادی ئەو دەرفەتەی قۆستەوە، بۆیە یەكەم شت دەستی كرد بە لەناوبردنی نەیارەكانی، هەروەها ئەوانەی لەو بەهێزترن و لێیان دەترسا، ئەمەش داوای گەل نەبوو، عەبادی توانی ئەو دەسەڵاتە رەهایانە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا تاكڕەویی بكات، ئەمەش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەركەوت كە ئەو پیاوە چاكسازیی ناوێت، نایەوێت هیچ گەندەڵێك بداتە دادگا، گەلیش گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە بە راستی عەبادی چاكسازیی ناوێت، بەڵكو دەیەوێت كاتەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و ئەوەی كە دەیەوێت بقۆزێتەوە، لەبەر ئەوە گەلی عێراق جارێكی دیكە راپەڕییەوە، بەڕێز موقتەدا سەدڕ دەركەوت و هانی خەڵكەكەی دا دژ بە حكومەت و مۆڵەتێكی بۆ گۆڕانكاریی دایە حكومەت، خۆیشی حكومەتێكی تەكنۆكراتی پێكهێنا، بێ گومان عەبادی هەستی بە مەترسیی هەڵوێستەكە كرد، بۆیە دەستەیەكی پێكهێنا كە كەس ئەندامەكانی ئەو دەستەیە ناناسێت، ئەویش لەلای خۆیەوە حكومەتێكی تازەی تەكنۆكراتی پێكهێنا، بەڵام ئەو حكومەتە رەتكرایەوە، بەتایبەتیش لەلایەن فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە، چونكە ئێمە پێكهاتەی سەرەكین، كە پێویستە عەبادی وەك نەتەوەی دووەم مامەڵەمان لەگەڵدا بكات، رێگەش بە كەس نادەین كەسانێكی دیاریكراو لە كوردستانەوە هەڵبژێرێت تاكو پۆستیان لە حكومەت پێ بدرێت، لەبەر ئەوە نامەیەكمان بۆ عەبادی ناردو داوامان كرد كە پشكی كورد روون بكاتەوە كە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنە كە دەكاتە 20%، هەروەها ئەو وەزارەتانەی كە بە كورد دەدرێن، بەڵام ئەو وەڵامی نامەكەی ئێمەی نەدایەوە، بەڵكو داوای لێكردین كە كاندیدو سیڤییەكانیان رەوانە بكەین، ئێمەش لای خۆمانەوە ئەوەمان رەتكردەوە، چونكە ئەمە شەراكەت نییە، بەڵكو بەشداریكردنە، ئەمە رەفتاری تاكەكەسییە كە پرۆسەی سیاسی و شەراكەتی نیشتمانی لە عێراق لەباردەبات، گەورەترین هەڵەی عەبادی ئەوە بوو كە لەگەڵ كوتلە سیاسی و پەرلەمانییەكاندا گفتوگۆی نەكرد، بەڵكو تاكڕەوانە رەفتاری كرد و تەنیا تێبینی و سەرنجەكانی ئەندام و سەركردەكانی حزبەكەی بەهەند وەرگرت، لەبەر ئەوەش بوو كە كابینەی یەكەم كابینەی حزبی دەعوە بوو، بۆیە شكستی هێناو و پشتگیریی بەدەست نەهێنا، كاتێكیش لە پێشكەشكردنی كابینەكەی شكست دێنێت و متمانەی پەرلەمان بەدەست ناهێنێت، ئەو كاتە حكومەت بە دەست لەكاركێشاوە دەژمێردرێت و سەرۆك كۆمار كاندیدێكی دیكە رادەسپێرێت، ئەم پرۆسەیەش كاتی دەوێت، بارودۆخی عێراقیش بەرگەی لەوە زیاتر ناگرێت، شەقامی عێراق گڕی گرتووە، لەبەر ئەوە ناچاربوو حكومەتێكی دیكە پێكبهێنێت كە لە 14 وەزیر پێكدێت، لەگەڵ مانەوەی پشكی كورد تا ئەو كاتەی كورد لەسەر دیاریكردنی كاندیدەكانی بۆ ئەو وەزارەتانەی بۆی دیاریكراوە، رێكدەكەوێت. ئەمە بە فشاری ئەمریكا بوو، كوردیش بەو پێشنیارە قایل بوو، بەڵام ئەو شتە سەرناگرێت چونكە شەقامی عێراق و حزبە سیاسییەكان بەم گۆڕانكارییە كەمە رازی نابن، كابینەكەش هەر وەكو خۆی ماوەتەوە، لێپرسینەوەمان لە بەڕێز عەبادی كرد تاكو كابینەكەی رابگەیەنێت، كاتێ گەیشتە ناو هۆڵی پەرلەمان و وتارێكی خوێندەوە كە هیچ واتایەكی نەبوو، وتارەكە بریتی بوو لە تۆمەتباركردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە گوایە هۆكارە لە دواخستنی كابینەكە، عەبادی زەرفێكی داخراوی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، كارەساتەكە لەوەدا بوو كاتێ بەڕێز جبوری سەرۆك پەرلەمان نەیتوانی چۆن مامەڵە لەگەڵ عەبادیدا بكات، جبوری هیچ نووسراوێكی فەرمی لە عەبادییەوە پێ نەگەیشتبوو، زەرفەكەی نەكردەوە، مەبەستی راستەقینەی جبوری چارەسەركردنی كێشەكان بوو بەر لەدەنگدان، چونكە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان هێشتا رێك نەكەوتبوون، ئەگەر دەنگیشیان لەسەر كابینەكە بدایە پرۆسەی دەنگدانەكە و كابینەكەی عەبادیش شكستی دەهێناو بە دەست لەكاركێشاوە دادەنرا، هەر ئەوەش بوو كە جبوری ترسی لێی هەبوو، دیارە زۆرینەی پەرلەمانتارانیش عەبادییان بەدڵ نییە كە ئەو لەناخیدا رقی لە پەرلەمانتارانه، بۆیە پەرلمان بۆتە گەمەی دەستی عەبادی بەهۆی سیاسەتی جبوری و هەردوو جێگرەكەیەوە، ئەمەش وای لە پەرلەمانتاران كرد كە ئیمزا كۆبكەنەوە بۆ دەست لەكاركێشانەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئەوەی كێشەكەی ئاڵۆزتركرد ئەوە بوو كە جبوری دوای ئەوەی كابینە داخراوەكەی ناو زەرفەكەی وەرگرت كۆبوونەوەی پەرلەمانی هەڵپەسارد، كە ئەمەش بەجارێك پەرلەمانتارانی تووڕەكرد، چونكە جبوری ئەو هەلەی لەدەستدا كە عەبادی بشكێنێتەوە كە هیچ كاتێك پەرلەمانتاران رێزیان لە حكومەتەكەی نەگرتووە، چونكە ئەو بە هەموو راشكاوییەكەوە دوژمنایەتیی پەرلەمانی كردووە.

با بگەڕێینەوە لای پەرلەمانتارانی مانگرتوو، ئەوانە لە چەند توێژێكی جیا پێكدێن، لە شیعەی مالیكی و سوننەی مالیكی و فراكسیۆنی سەدر و هەندێ لەوانەی بۆ وەزیریی پاڵێوراوبوون و دواتر دوورخرانەوە، هەروەها لە توركمان و لەكوردیش پەرلەمانتارێكی ئافرەت لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێكی دیكەش لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بەڵام ئەوانە ژمارەیان كەم بوو، كۆبووبوونەوە و دانیشتنێكیان ئەنجامدابوو و دەستەی سەرۆكایەتییان لابردبوو، بەڵام لە ژمارەی پەرلەمانتارانی ناو دانیشتنەكە جیاوازیی هەبوو، هەندێ لە پەرلەمانتارانی مانگرتوو پێیان وابوو كە نیسابەكە تەواو بوو، بەڵام فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت كە نیسابەكە تەواو نەبوو كە ژمارەیان 131 ئەندامە كە دەبوایە 165 بێت.


دانیشتنی یەكەم تەواوبوو هەرچەندە ناكۆكیش هەبوو، ئێمە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنی بەدرو مواتین و هەندێ پەرلەمانتاری حزبی دەعوە و یەكێتیی هێزەكان بەشداریمان تێدا نەكرد لەبەر ئەوەی نایاسایی بوو، پەرلەمانتارانی مانگرتوو سووربوون لەسەر ئەوەی كە دانیشتنێكی دیكە ئەنجام بدرێت بۆ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن، بەڵام لەناكاو دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار بەو ناوەی پارێزەری دەستوورە هاتە سەر خەت، ئەو پێشنیاری كرد دانیشتنێكی گشتی بكرێت بۆ قسەكردن دەربارەی دەست لەكاركێشانەوەی دەستەی سەرۆكایەتی، بەڵام پەرلەمانتارانی مانگرتوو ئەو پێشنیارەیان رەتكردەوە، ئێمە لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە چەند فراكسیۆنێكی دیكە كە رایان لەگەڵ ئێمەدا بوو بڕیارمان دا بەشداری لە دەنگدان لەسەر پێشنیارەكەی سەرۆك كۆمار بكەین، بڕیارمان دا بچینە ژوورەوە، هەندێكمان چووینە ژوورەوەو هەندێكی دیكەمان لای دەرگا ماینەوە، نیسابەكە تەواوبوو، رێگەیان نەدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەكەی سەرۆك كۆمار بكرێت، بەو ژمارە تەواوكەرەی نیسابەكە سەرلەنوێ دەنگیان بۆ دەست لەكار كێشانەوە دا، دەرگای خۆكاندیكردنیان كردەوە و دانیشتنەكەیان هەڵپەسارد لەگەڵ مانەوە لەسەر كرانەوە، لێرەدا دەركەوت كە پەرلەمانتارانی مانگرتوو نیسابیان بە ئێمە تەواوكرد، واتا فێڵیان لێ كردین، بۆیە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و یەكێتیی هێزەكان بڕیارمان دا بكشێینەوە، دواتر ئەنجومەنی باڵا و بەدریش بە هەمان شێوە، لەبەر ئەوە گەڕاینەوە كوردستان تا ئەو كاتەی شەرعییەت دەگەڕێتەوە، ئێمە داكۆكیمان لە كەسەكان نەكردووە، دیارە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان زۆر لاواز بوو، بەڵام ئێمە رێگەمان بەو پەرلەمانتارە مانگرتووانە نەدا كە لەو پڕۆژە مەترسیدارەیان سەركەوتن بەدەست بێنن، چونكە ئەگەر لەمەدا سەركەوتبانایە، رەنگە گۆڕانكاریی مەترسیداری دیكەیان بكردایە، كە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراقیان پەراوێز بخستایە.

پەرلەمانتارانی مانگرتوو هەر سووربوون لەسەر ئەنجامدانی دانیشتن لە رۆژی پێنج شەممە 21-4-2016، ئەمە روویدا، موقتەدا سەدر رایگەیاند كە پەرلەمانتارەكانی ئەو لە فراكسیۆنی ئەحرار بكشێنەوە، چونكە ئەوان زۆرینەی ژمارەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان پێكدێنن، حاكم زاملی لە فراكسیۆنەكەی سەدر لەبەردەم پەرلەمانتاران سوێندی خواردبوو كە بە هەر شێوەیەك بێت نەكشێتەوە، بەڵام كشانەوەی فراكسیۆنی ئەحرار كەمەرشكێن بوو بۆ مانگرتووان، بۆیە پێموایە ئەمە كۆتایی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان بوو، بێگومان پڕۆسەی گۆڕین بەم شێوەیە سەرناگرێت لە وڵاتێكی وەك عێراقدا، پێویستە رەچاوی پێكهاتەكان بكرێت، پارێزگاریی لە هاوتەریبی كۆمەڵگەیی بكرێت، ناكرێ پشت بە چەند پەرلەمانتارێك ببەسترێت، هەر چەندە ئەگەر ئەمەش وا بووبێت، بەڵام هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆی هەیە كە دەست بەسەر هەموو دامەزراوەكاندا بگرێت لە سەرۆكایەتیی كۆمارو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام لە عێراقی تازەدا ئەم دەرهاویشتانە رەچاوكراون.

ئێمە لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان هەڵوەشاندنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە دەنگدان لە دانیشتنێكی گشتیی سەرتاسەریدا، یاخود مانەوەی دەستەی سەرۆكایەتی، ئەوەی دووەم زەحمەتە، بەڵام مەسەلەی لابردنی بەڕێز عەبادی ئەمەیان سەركەوتووترین چارەسەرە، چونكە عەبادی بەو سیاسەتە ملهووڕییەی وڵاتی گەیاندە ئەو پاشاگەردانییە، پێموایە كە زۆرینە قەناعەتی بەم چارەسەرە هەیە، بەڵام چاوەڕوانین كە چی لە رۆژانی داهاتوو روودەدات، چونكە گۆڕانكارییەكان لە عێراق زۆر خێران، هەرلەبەر ئەو خێراییەشە كە ناتوانین شرۆڤەیان بكەین.

* پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
Top