مەترسیی میلیشیاگەرایی حەشدی شەعبی هەرەسێكی دیكەیە روو لە عێراق دەكات

مەترسیی میلیشیاگەرایی حەشدی شەعبی هەرەسێكی دیكەیە روو لە عێراق دەكات
راپۆرتی گوڵان ــ بەغدا
ئەو میلیشیایەی بە ناوی حەشدی شەعبی لە عێراق دامەزراوە، تەنیا گوزارشت لە سیاسەتێكی بە بەرنامەداڕێژراوی ئێران دەكات كە بەردەوام لەئاست ناوچەكەدا خەریكی سەپاندنی دەستڕۆیشتوویی و پاوانخوازییە، مەرامی ئێران لەمەشدا ئەوەیە كە هێزێكی دیكەی شەڕكەر هەبێت، مەزهەبگەرایی بەرجەستەبكات، بەمەشەوە نەوەستاوە، بەڵكو هاریكاری چەند هێزێكی وڵاتانی دیكەش دەكات، وەك حزبوڵڵا لە لوبنان و كەتیبەی زێن ئەلشام لە سووریا و حوسییەكان لە یەمەن، لەمەشدا دیارە راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ سەرانی ئەو وڵاتانەدا هەیە، بەڵام عێراق كە تا بینەقاقای لە تایفەگەریدا نغرۆ بووە، بەم دواییە پێكهاتەیەكی هێزی دوور لە یاسای بە ناوی(حەشدی شەعبی) پێكهێنا، ئەم هێزە راستە عێراقییە، بەڵام بە چاودێری ئێران دامەزراوە، لەمەشدا عێراق بە هیچ شێوەیەك بیری لە ئایندەی ئەو هێزە و ئاكامەكانی بوونیان نەكردۆتەوە.


توێژەران پێیانوایە كە پێكهاتە میلیشیاییەكانی حەشدی شەعبی، عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات، هەروەك چۆن یەمەن و سووريا و لوبنان بەم دەردە بران، ئەو حەشدی شەعبییەی عێراق دایمەزراندووە بە شێوەیەك كاریگەریی نەرێنی لەسەر پێكهاتەكانی عێراق هەیە كە لە جیاتی ئەم میلیشیایانە دەتوانرا سوپایەكی فرەڕەنگ لە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق پێكبهێنرێت بە جیاوازیی ئایین و ئایینزا و ئینتیما، ئەم هێزە لە بنەڕەتدا یاسایی نییە و پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، كە رەنگە لە داهاتوودا رەوشەكە بەرەو ئەوە بچێت كە شەڕی تایفەگەری سەرهەڵبدات و بە فەرمی عێراق ببێتە گۆڕەپانێك كە چەندین حكومەتی مافیا و عەقڵییەتی تایفەگەری تێدا حوكمڕان بن، لە قۆناغی داهاتوودا عێراق رووبەڕووی سەختی و دژوارییەكی تازە و مەترسیدار دەبێتەوە، كە ئەویش بریتییە لە چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و دامەزراوە ئەمنییە ناڕێك و هەرەسهێنراوەكان، چونكە لە ئایندەدا ناكرێ سوپایەكی یەكگرتوو لە حەشدی شەعبی پێكبهێنرێت، لەبەر ئەوەی خودی ئەو حەشدە تایفەگەرە، هاوكات ئەو سوپایە ئەو مەشق و راهێنانە سەربازییە نەكراوە و لە ناوەڕۆكدا رووخاوە، هەروەها دەزگایەكی ئەمنیی بەهێزیش دروست ناكرێت، لەبەر ئەوەی ناوەندی بڕیاری سیاسیی یەكگرتوو نییە و تایفەگەری و پشكایەتیی حزبی باڵی بەسەر هەموو ئەو دەزگایانەدا كێشاوە .


بەهیچ شێوەیەك نابێ پاوانخوازیی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بە سەر زۆربەی ناوچەكانی عێراقدا پشتگوێ بخرێت، چونكە ئەوان بە راستی مەترسیی راستەقینەن بۆ سەر ئێستا و ئایندەی وڵات، لە هەمان كاتدا لە دیدگای سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی سەرانی عێراقەوە، ئەم میلیشیایانە سەر بە ولایەتی فەقیهن لە ئێران، واتا بەڕێوەبردنی حوكمڕانیی عێراق بەتەواویی تایفەگەری و ئايینزاییە، نەك نیشتمانی، بەهیچ شێوەیەك گوێ بە فرەیی و فیدڕاڵییەت و دیموكراسی نادات، بۆیە هیچ شەرعییەتێك بۆ وڵات نامێنێتەوە كاتێ میلیشیاكان لە خزمەتی ئایینزا و تایفەگەریدا بن، تەنانەت لە رووی یاساییشەوە هیچ شەرعییەتێكی نامێنێت، لەبەر ئەوەی گەلی عێراق رەشبینە بە ئایندەی وڵاتەكەی خۆی.

لە كاتێكدا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە هەموو لایەكەوە بەتایبەتیش لە رووی ئەمنی و ئابووری و سیاسییەوە وڵاتی بە وێرانی و هەڵوەشاوەیی بەجێهێشت، بەڵام رۆڵی كاریگەری هەبوو لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی، لەمەشدا مەبەستی ئەوە بوو خۆی بدزێتەوە لەو سزایانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگا نێودەوڵەتییەكان بەسەر عێراقیدا دەیسەپێنێت لە ئەنجامی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی و رێگەدان بە دزەكردنی تیرۆریستان و پێكهێنانی میلیشیای چەكدار كە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە یاساغە. دیارە لەو كاتەوەی كە حەشدی شەعبی دامەزراوە حكومەتی بەغدا بە هیچ شێوەیەك گرنگیی بە لایەنەكانی دیكەی ئەمنی و سەربازی نەداوە، تەنیا كەوتۆتە ژێر كاریگەری و گوێڕایەڵیی و جێبەجێكردنی راسپاردە و فەرمانەكانی ئێرانەوە، كاتێكیش حەیدەر عەبادی جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست هیچ گۆڕانكارییەك لە دۆخی عێراق نەگۆڕا، مەگەر زیادبوونی كوژراو و قوربانییەكانی تیرۆر و دابەزینی ئاستی داهات و نانەوەی ئاژاوەی ئابووری و پشتبەستن بە دەوڵەتی دراوسێ.

ئەو حەشدی شەعبییەی كە باسی دەكەین دوابەدوای ئەو شكستە هات كە رووبەڕووی سوپای عێراق بووەوە لە موسڵ، كاتێ داعش لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 ئەو شارە و دەوروبەری داگیركرد، لە ئاكامدا چەندین فیرقە و پێكهاتەی سەربازیی لە بەردەم هێرشی داعش خۆیان نەگرت و رایانكرد، تا دواتر تیرۆریستانی داعش هەڵمەتەكیان فراوانتركرد، ئەوە بوو چەندین شار و شارۆچكەی دیكەشیان داگیركرد، بێ ئەوەی هیچ هێز و لایەنێكی عێراقی بتوانێت بەرگری بكات و دژیان بوەستێتەوە، تەنیا هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبێت كە بەرگریی دلێرانەی لە خاكی كوردستان كرد، كاتێكیش مەترسی گەیشتە دەروازەكانی بەغدا، تەنیا گوێمان لە دەنگی مەرجەعییەتی باڵای شیعە بوو كە جیهادی راگەیاند و لە ئاكامدا حەشدی شەعبی هاتە دامەزراندن، كەواتە ئەو حەشدە لەدایكبووی فتوایەكی ئایینی بوو، بەڵام بە پشتیوانی و پاڵپشتیی سیاسی لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە، پێكهاتەی ئەو حەشدە فراوانتر بوو، دوای ئەوەی كە چەندین هێزی میلیشیایی هاتنە ریزیەوە لەوانە سەرایای سەلام و هێزی بەدر و عەسائبی ئەهلی حەق و حزبوڵڵا .
هەندێ راپۆرتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەوە دووپات دەكەنەوە كە چەندین كێشەی جددیی ئەمنیی لەئارادایە، تایبەت بە كردەوە تاوانكارییەكان و سیاسەتەكانی پاكتاوی تایفەگەری و دزین و بەتاڵانبردنی سامانی دەوڵەت و خەڵكی سڤیل، لە هەمان كاتدا هەندێ لە بەرپرسانی عێراق ئەوە دووپات دەكەنەوە كە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ بە شێوەیەك پەرەی سەندووە كە حەشدی شەعبی سەرمەشقی ئەو هێزانەن كە ئەم كارە ئەنجام دەدەن، ئەویش بە پەلاماردانی خەڵك و فەرهودكردنی ماڵ و سامانیان، لەلایەكی دیكەشەوە راستییەكی دیكەیان سەلماندووە، ئەویش ئەوەیە كە ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ عێراق رەوانە دەكرێت، هەمووی دەكەوێتە دەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە ئێران راستەوخۆ پشتگیرییان دەكات.


هەر لەو روانگەوە محەمەد سالم ئەلغەبان وەزیری ناوخۆ دانی بەوەداناوە كە چەكدارانی حەشدی شەعبی چەندین تاوانی كوشتن و رفاندنی هاووڵاتیانیان ئەنجامداوە، لەهەمان كاتیشدا بەڵێنی دا كە بە توندی بەرەنگاری ئەو( تاوانباران)ـە دەبێتەوە، هەروەها ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژ بە ناوی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراقی رەتی كردەوە كە پێشێلكاریی لەلایەن چەكدارانی حەشدەوە ئەنجام درابێت، دووپاتیشی كردەوە كە ئەوەی گوتراوە تەنیا پڕۆپاگەندە و قسەی ناڕەوایە دەخرێتە پاڵیان بە مەبەستی لەكەداركردنی حەشدی شەعبی دوای ئەو سەركەوتنانەی بەدییانهێناوە. پێشتریش سیستانی كە مەرجەعی باڵای شیعەیە كوشتن و تاڵانكردنی حەرام كردبوو لەو ناوچە سوننەنشینانەی كە پێكهاتەكانی حەشدی شەعبییان تێدایە.


راپۆرتە نێودەوڵەتی و ئەمریكی و ئیقلیمی و ناوخۆییەكان هەموویان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و تێكەڵكردنیان لە ریز سوپای عێراقی و پێكهێنانی هێزێكی ئەمنیی بێلایەن بە چاودێریی نێودەوڵەتی، رەنگە ببێتە فاكتەرێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، بێ گوێدانە ئەو مەترسییانەی لەلایەن مەرجەعەكان و میلیشیا لایەنگرەكانی ئێران دێنە ئاراوە.
سەنا محەمەدی كە چالاكوانێكی مەدەنیی عێراقییە بە گوڵانی راگەیاند: شیاندنی حەشدی شەعبی بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەنیی عێراقی، بێ دەستێوەردانی ئێران و پێكهێنانی هێزێكی تایبەتی سەربازیی عێراقی كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بگرێتەوە، وڵات لە زۆر كارەسات و رووداوی خوێناوی دووردەخاتەوە، بەڵام ئایا ئەمە كەی و چۆن و چ دەسەڵاتێك ئەنجام دەدرێت؟
دوای رزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003دا سوپای عێراق لە بەریەك هەڵوەشاوەیەوەو بە یەكجاری پشتگوێ خرا. ئەوە بوو دواتر گەندەڵی كەوتە جەستەی ئەو دامەزراوەیە و لە ئاكامدا بووە هۆی پێكهێنان و درووستبوونی چەندین میلیشیای بێ كەڵك و بێ توانا، ئەمە لە پاڵ دروستبوونی دەزگای ئەمنی و هەواڵگری كە تەنیا ئیشیان پێشێلكردنی مافەكان مرۆڤ و ئەنجامدانی گەندەڵی و تاوانە، بۆیە بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی رژێمی بەعس هیچ گۆڕانكارییەك نەهاتۆتە ئاراوە.

موحەمەدی داواشی كرد كە سوپایەكی یەكگرتوو پێك بێت كە هەموو توێژ و پێكهاتەكانی گەلی عێراق لەخۆبگرێت، بێ پشتبەستن بە میلیشیای نایاسایی، هاوكات ژێرخانی دەزگای ئەمن و هەواڵگری بەهێز بكرێت و چاودێریی ئەو كەسانە بكەن كە لە گەندەڵییەوە گلاون و بە توندیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، دەكرێ بە ئاشكراش دان بەوەدا بنرێت كە ئەو حكومەتە توانای ئەو هەنگاوانەی نییە، بەڵام دەتوانرێ پشت بە شارەزا و پسپۆڕی سەربازیی بیانی ببەسترێت و لە شارەزایی ئێران دوور بكەونەوە كە لە ئێستادا جگە لە پارچەپارچەبوون و لێكترازان و بەهەڵدێربردنی وڵات چی دیكەی لێ نەهاتۆتەدی.
Top