شەڕی بەوەكالەت لە بابولمەندەبەوە تا كەنداوی عەقەبە رۆڵی نەرێنی ئێران لە ئاڵۆزكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
March 3, 2016
راپۆرتەکان
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئێران وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و ئەندامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چۆن دەتوانێت ئەم هەموو دەستێوەردانە لە كاروباری وڵاتانی دیكە بكات و چۆن یاساكانی نێودەوڵەتی لێی قبووڵ دەكەن؟ بۆ ئەمەیان باڵیۆز رایان كرۆكەر دەڵێت: «جوانترین پێناسە بۆ ئێران ئەو پێناسەیە كە هنری كیسنجەر بۆ ئێرانی كردووە كە راشكاوانە دەڵێت: دەبێت ئێران خۆی یەكلایی بكاتەوە، بەوەی ئایا دەوڵەتێكی سەربەخۆیە، یان هۆكارە بۆ ئاژاوە و ناسەقامگیری». ئێستا لە باری واقیعیدا ئێران لەیەك كاتدا لەسەر دوو ئاست پێوەندیەكانی لەگەڵ دەوروبەر و جیهان پیادەكات، جۆرێكیان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتان مامەڵە دەكات، لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیەتی مەزهەبگەرایی شیعەش پشتگیری راستەوخۆی سەربازی و لۆجیستی هەموو ئەو هێزانە دەكات كە بەوەكالەت خزمەتی هەژموونی باڵادەستی شیعە لە ناوچەكە دەكەن، بۆ ئەمەش ئێران لەیەمەن حوسییەكانی هەیە، لە بەحرێن شیعەی ئیمامی، لە باشووری لوبنان حزبوڵا، لە فەلەستین حەماس، لە سووریا بێجگە لە بوونی راستەوخۆی هێزەكانی قودس، دەیان و سەدان میلیشیای بەناوی جۆراوجۆر دروستكردووە، لە عێراقیش حەشدی شەعبی بە هەموو ناوە جۆراوجۆرەكانیانەوە. بە فەرمانی راستەوخۆ ئێران ئاژاوە لە ناوچەكە دروست دەكەن.
ئەگەر لێرەوە سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ورد بكەینەوە و، بپرسین ئەگەر بەرنامە و ئامانجی ئێران بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، تۆڵەكردنەوە بێت لە عەرەبی سوننە، بەو حیسابەی دەیان ساڵ شیعەیان چەوساندۆتەوە و هەروەها عەرەبی سوننە لە لوتكەی هەرەمی حوكمڕانی عێراق بوون كە ماوەی 8ساڵ شەڕیان لەگەڵ ئێران كردووە، ئێستاش بە رێگەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و میلیشیای حەشدی شەعبی حزبە شیعەكانی عێراق دەیەوێت عەرەبی سوننە پاكتاوی رەگەزی بكات، ئەوا سەبارەت هەرێمی كوردستان پرسیار ئەوەیە، بۆچی ئێران راستەوخۆ دژایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی باشووری كوردستان دەكات؟ ئایا ئێران دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە و ئەم دەوڵەتە ئەگەر دروست بێت، بەو ئاستە مەترسی لەسەر ئێران وەك دەوڵەت دروست دەكات؟ سەبارەت بە وەڵامی پرسیار دووەمیان د.محەمەد ساڵح جومعە راوێژكاری سیاسیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، راشكاوانە ئەوەی راگەیاندووە، كە ئێران پێی راگەیاندوون ئەگەر باشووری كوردستان بە تەواوەتی خۆی بخاتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە، ئەوا ئێران نەك هەر پشتگیری دامەزراندنی دەوڵەت لە باشووری كوردستان دەكات، بەڵكو ئامادەیە رۆژئاوا و باشووری كوردستانیش یەك دەوڵەت بن.
ئەم قسەیەی د.جومعە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەوڵەتی ئێران دانی بەو راستییەدا ناوە كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مەترسی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران وەك دەوڵەت دروست ناكات، بەڵام پرسیاری دیكە ئەوەیە ئەگەر دەوڵەتی كوردستان مەترسی لەسەر ئێران وەك دەوڵەت دروست نەكات، ئایا ئەم دژایەتییە گەورەیەی ئێران دژی هەرێمی كوردستان چ مانایەكی هەیە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێناسەكەی دیكەی ئێران، وەك سەرچاوەی مەدی شیعەگەرایی و دروستكردنی هیلال و بازنەی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر دەوڵەتی كوردستان لە باشوور دابمەزرێت، ئەوا دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەت لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و بوار نادات ئەوەی لە باشووری عێراق و باشووری لوبنان و یەمەن بۆ پرۆسەی مەدی شیعەگەرایی ئێران دەچێتەسەر، لە كوردستانیش هەمان وەكیلی شیعەگەرایی ئێران بوونی هەبێت، ئەمەش بۆ ئێران وەك دەوڵەتێك كە خۆی خستۆتە خزمەتی بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی شیعەگەرایی، ئەوا دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بە گەورەترین ئاستەنگ دەزانێت لە بەردەم پرۆسەی مەدی شیعی لە ناوچەكەدا.
دەوڵەتی كوردستان بۆتە دیفاكتۆ و
ئێران دەزانێت رێگری لێ ناكرێت
ئێران وەك دەوڵەتێكی دێرینی خاوەن دیپلۆماتیەكی بەئەزموون، چەند ساڵێكە زۆر باش لەو راستییە تێگەیشتووە، ئەگەر ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو ئاستە دژی نابێت كە گەمارۆ بخەنە سەر ئەو دەوڵەتە، یان ئەندامیەتی ئەم دەوڵەتە لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئیجماع رەتبكرێتەوە، بەڵكو دەوڵەتی كوردستان لەلایەن زۆربەی دەوڵەتانی جیهانەوە دانی پێدادەنرێت و ژمارەیەكی كەم بێدەنگ دەبن، ئەوەشی كە راستەوخۆ دژی رادەوەستێت لە كۆماری ئیسلامی زیاتر نابێت، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو راستییەش دەزانێت لە بارودۆخی ئێستای سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی كە تازە رێككەوتنی ئەتۆمی ئیمزا كردووە و سزا ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیراوە، ناتوانێت كاردانەوەیەكی توندی بەرامبەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەبێت، راشكاوانەتر ئەگەر كۆماری ئیسلامی كاردانەوەیەكی بەرامبەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەبێت، ئەوا لە سنوورێكی دیاریكراودا دەبێت و ناتوانێت راستەوخۆ دەستێوەردانی سەربازی بكات. ئەگەر هاتوو ئەمەی كرد، ئەوا كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ رژێمی سەدام حوسێن كرد كە هێرشی كردە سەر كوەیت، بە هەمان شێوە مامەڵەش لەگەڵ ئێران دەكات، بۆیە لەمەدا دیپلۆماتیەتی ئێرانی بەئەزموونە و هەڵەی لەو شێوەیە ناكات.
لە بەرامبەردا وەك باڵیۆز جیمس جێفری دەڵێت، گەلی كورد لە باشووری كوردستان وەك تەواوی گەلانی جیهان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە، ئەو مافەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شەستەكانی سەدەی رابردوو و دوای كۆتاییهاتنی سەردەمی ئیمپریالیزم، چەسپاندوویەتی، بۆیە لەم روانگەیەوە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم دەچێتە خانەی مافی گەلی كوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی، كەواتە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی شەرعییەت بەگەلی كوردستان دەدات لە سەر خاكی خۆی دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت، ئەوجا چەند دەوڵەت رێز لەو مافە دەگرێت و دان بەو دەوڵەتەدا دەنێت، ئەمە پرسێكی دیكەیە و هیچ لە گرنگیی ئەو مافە بۆ نەتەوەكان كەم ناكاتەوە، بەڵام بوار بە ئێران نادات راستەوخۆ وەك دەوڵەت دەستێوەردان لە دەوڵەتی كوردستان بكات، بۆیە لە ئێستاوە ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بە شێوازی شەڕی بەوەكالەت وەك ئەوەی لە یەمەن و سووریا و باشوری لوبنان و عێراق دەیكات، ئاستەنگی گەورە بۆ راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە دروست بكات. هەربۆیە لەو كاتەوەی كە سەرۆك مسعود بارزانی لەكۆتایی ساڵی 2010وە رایگەیاندووە، بڕیاردانی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان یەكێك دەبێت لە ئەولەوییاتی ئەجیندای كاری سەرەكیی ئەو و لە پێناوی ئەو مافەدا تێدەكۆشێت، ئیدی لەو كاتەوە ئێران لەسەر ئاستی هەڵمەتی میدیایی و دۆزینەوەی وەكیل بۆ شەڕكردن دژی ئەم هەوڵانەی سەرۆك بارزانی درێغی نەكردووە و بە هەموو شێوەیەك هێرشیان دەكرێتە سەر و لەهەموو لایەكەوە گوشاریان بۆ دروستدەكرێت. لەسەر ئاستی حكومەتی بەغداش ئێران نفووزی خۆی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی حكومەتی بەغدا بە هەموو شێوەیەك پەڵپ و بیانوو بە هەرێمی كوردستان بگرێت و بودجە و مووچەی كوردستان ببڕێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پەكبخات.
یەكگرتنەوەی بەرژەوەندییەكانی بەغدا و تاران
دژی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان
لە سەرەتای ساڵانی 2011 و 2012، كە كابینەی دووەمی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی دامەزرا، نوری مالیكی لە دووخاڵی زۆر گرنگدا بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران یەكی گرتەوە، یەكەمیان پەراوێزخستنی عەرەبی سوننەی عێراق لە حوكمڕانی، دووەمیان، بونیادنانی هێزێكی سەربازی گەورە بوو بۆ داگیركردنەوەی كوردستان، مالیكی لە یەكەمیاندا كە پەراوێزخستنی عەرەبی سوننەی عێراق بوو تەواو سەركەوتوو بوو، بەڵام لە دووەمیاندا كە بە دروستكردنی هێزی دیجلە و بە ئامانجی داگیركردنەوەی كەركووك دەستی پێكرد، لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بە توندی رەتكرایەوە و ئەمریكییەكان لە مەترسیی بارودۆخەكە تێگەیشتن، بۆیە كەوتنە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و سنووری چالاكییەكانی هێزی دیجلەیان سنووردار كرد. دوای ئەمەش ئێران و مالیكی ناچار بوون رێگەیەكی دیكەی گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان بگرنەبەر، ئەویش ئەوە بوو لە 2014 بە تەواوەتی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیان بڕی، ئامانجی ئێران و مالیكی لەم كارە ئەوە بوو، خەڵكی كوردستان برسی و بێزار بكەن و خۆیان داوا بكەن بە چەپڵەڕێزان مالیكی و هێزەكەی بگەڕێتەوە كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕووخێت، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان زۆر لەوە بەهێزتر بوو كە ئێران و مالیكی بیریان لێدەكردەوە و هەر زوو لە پیلان و مەرامەكانی ئێران و مالیكی تێگەیشتن، ئەمەش بووە دەروازەیەكی دیكە بۆ ئەوەی كوردستان هەنگاوێكی دیكە بەرەو بونیادی ئابورییەكی سەربەخۆ و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان نزیك بێتەوە. سەبارەت بە بونیادنانی ئەو سوپا زەبەلاحەش كە ئەمریكا بۆ عێراقی مالیكی بە نوێترین چەكی سەردەم پڕچەكی كردبوو، ئەوا لەبەر ئەوەی نییەتی مالیكی لەو سوپایە پاراستنی عێراق نەبوو، بەڵكو دەیویست ئەو سوپایە بە هاوشێوەی رژێمەكانی پێشوو بۆ سەركوتكردنی گەلەكەی بیخاتەگەڕ، بۆیە سوپاكە لەسەر بنەمای هەست و شەرەفی نیشتمانی بونیاد نەنرابوو، زیاتر ئامانجی دیكتاتۆری و شیعەگەرای لە پشتەوە بوو، بۆیە لەگەڵ هاتنە ناوەوەی چەند سەد چەكدارێكی تیرۆریستی داعش لە 2014، بە یەكجار 5 فیرقەی ئەو سوپا زەبەلاحە لەبەریەك هەڵوەشانەوە و چەكەكانیان رادەستی داعش كرد و موسڵ داگیركرا، بەمەش گەورەترین بیانوو كەوتە دەستی ئێران بۆ ئەوەی راستەوخۆ بە هێزی سەربازی بێتە ناو عێراقەوە، وەك جێگرەوەیەك بۆ سوپا هەڵوەشاوەكەی مالیكی، میلیشیای حەشدی شەعبی بە هاوشیوەی حزبوڵای لوبنانی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دامەزرا، ئەگەر سەرنج لە مانگی حوزەیران و تەموزی ستراتیژیەتی ئێرانی بۆ شەڕی دژی داعش بدەین، دەبینین ئێران دەیویست ئەوە پیشانی جیهان بدات، كە داعش ئەو هێزەیە لە شكان نایەت، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو، هێزی زیاتر رەوانە بكات و میلیشیای زیاتر لە ژێر سەرپەرشتی خۆی دروست بكات، بۆیە داعش لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەمموزی 2014 بێجگە لەو چەكانەی لە كەوتنی موسڵ و تكریت و لە سووریاش لە رەقە دەستی كەوتبوو، لە ماوەی ئەو دوو مانگە، دوو هێندە چەكی دیكەی لە سوپای عێراق و سووریا دەست كەوت، لەماوەی ئەو دوو مانگەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ستراتیژیەتی كوردستانی بەرامبەر ئەو شەڕە راگەیاندبوو، ئەویش ئەوە بوو كە كوردستان نەبێتە بەشێك لەو شەڕە، بەڵام ستراتیژیەتی ئێرانی لە شەڕەكەدا هێندە زەمینەی بۆ پڕچەككردنی داعش خۆشكرد، بووە هۆكاری ئەوەی داعش بە ئاستێك غروور بێت، بیر لە داگیركردنی كوردستان بكاتەوە. سەبارەت بەم غروورییەی داعش، مانویل ئەلمیدا سەرنووسەری پێشووی چاپی ئینگلیزی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە وتارێكیدا كە رۆژی 4ی كانوونی یەكەمی 2014 لە سایتی ئەلعربیە بڵاوی كردۆتەوە بەناونیشانی (سەربەخۆیی كوردستان چاوەڕوانی دەوێت)، راشكاوانە ئاماژەی بەم غروورییەی داعش كردووە و نووسیویەتی: داعش هێندە غروور ببوو، بۆیە بیری لەوە كردەوە هێرش بكاتە سەر كوردستان، بەڵام مقاوەمەتی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی، سەرانی تیرۆریستی داعشی تووشی هێدمە كرد، ئەم هێرشەی داعش بووە هۆكاری ئەوەی پێشمەرگە پرۆڤەی پاراستنی دەوڵەتی كوردستان بكات، هەر ئەم غروورییەش بووە هۆكاری ئەوەی داعش ئاراستەی شەڕەكەی لە داگیركردنی بەغداوە بەرەو كوردستان بگۆڕێت، لە بەر ئەوەی سەرانی داعش پێیانوابوو هێزەكانی ئێران و حەشدی شەعبی زۆر بە جددی بەرگری لە بەغدا دەكەن، بۆیە بیریان لە بەرەیەكی ئاسانتر كردەوە كە بە حیساب كوردستان بوو، بەڵام بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە و پاشەكشەپێكردنی داعش لە سەر دەستی پێشمەرگە، پرۆسەی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستانی نزیكتر كردەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە دوای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێران هاوكاری پێشكەشی كوردستان كرد، ئەم هاوكاریكردنە لە پێناوی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان وەك باشوور و ناوەڕاستی عێراق بخاتە ژێر هەژموونی خۆی، بەڵام كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دا و ئەمریكا و دەوڵەتانی رۆژئاوا بەدەنگ كوردستانەوە هاتن، هەرێمی كوردستان وەك هەر دەوڵەتێكی دیكە كە هاوكاری كوردستانیان كردووە، سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، سەرۆك بارزانی دوای كۆبوونەوی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە كوردستان زۆر بە گەرمی سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد، بەڵام دیار بوو ئێران تەنیا ئەم سوپاسگوزارییەی نەدەویست، بەڵكو دەیویست كوردستان ببێتە بەشێك لە پاشكۆكانی لە ناوچەكە، واتە ببێتە بەشێك لە ململانێی نێوان شیعە و سوننە و ببێتە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی مەد و هیلالی شیعی لە ناوچەكە، كە كوردستان نەبووە بەشێك لە پرۆسەی شیعەگەرایی، ئیدی ئێران كەوتە هەوڵێكی دیكە بۆ بەگەڕخستنی وەكیلەكانی دیكەی لە ناو كوردستاندا، ئەمەش نەك هەر باشووری كوردستان بەڵكو لە سەرانسەری كوردستاندا.
پەكەكە لە پێناوی چی بۆریی نەوتی كوردستان دەتەقێنتەوە و شەڕی بەوەكالەت بۆ كێ دەكات؟
دوای ئەوەی هێرشی تیرۆریستانی داعش نەیتوانی كوردستان بكاتە بەشێك لە ململانێی نێوان شیعە و سوننە، ئێران هەوڵیدا رێگەی دیكە بگرێتەبەر، یەكەم هەوڵیشی بۆ شەڕی بەوەكالەت دژی كوردستان لە بەكارهێنانی پەكەكەوە دەستی پێكرد، پەكەكە لەیەكەم رۆژی هێرشی داعشەوە بۆ سەر كوردستان هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی رۆڵی پێشمەرگە لاواز بكات، بە حیساب لە هەندێك بەرەی شەڕ وەك هێزێكی كوردستانی بە هانای پێشمەرگەوە چووە، بەڵام لەهەر بەرەیەك پەكەكە هاوكاری پێشمەرگەی كردبێت، دوای شەڕەكە هەوڵیداوە كە ئەو ناوچانە بكاتە بەشێك لە نفووزی خۆی و لە هەرێمی كوردستان دایببڕێت، باشترین نموونەش هاوكاری پەكەكە و پەیەدەیە لە شنگال، ئەوان نەك ئامانجیان رزگاركردنی شنگال و گەڕانەوەی شنگال نەبوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو پێش ئەوەی شنگال بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی و لەسەردەستی پێشمەرگە ئازادبكرێتەوە، ئەوان هەوڵیاندا شنگال بكەن بە كانتۆنێك و لە باشووری كوردستانی داببڕن، كە ئەمەیان بۆ نەچووە سەر و پێشمەرگە شنگالی ئازاد كردەوە، هەوڵیاندا لەگەڵ حكومەتی بەغدا هەماهەنگی بكەن، بۆ ئەوەی شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەم هەوڵەشیان سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئێران هەوڵیدا لە رێگەی پەكەكەوە دیسان زەمینە بۆ هاوپەیمانییەكی فراوان لەگەڵ بەشێك لەو هێزانەی باشووری كوردستان دروست بكات، كە لە ناو ئەو هێزانەدا باڵ و كەسانێك هەبوون مەیلی شیعەگەراییان هەبوو، یان رق و كینەیەكی زۆریان بەرامبەر پارتی و بەڕێز مسعود بارزانی هەبوو، هەر بۆیە ئەگەر سەیری خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2015 بكەین، بە راشكاوی هەست بە بوونی پەكەكە دەكرا و، هەوڵێكی ئاشكرا هەبوو كە كوردستان خەڵتانی خوێن بكرێت، لەمەشدا دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دروستی دا بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاری دا سنوورێك بۆ ئاژاوەگێری دابنێت و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتیش پشتگیری بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد، بارودۆخەكە هێور بووەوە، بەڵام هەر راستەوخۆ دوای ئەم هێوربوونەوەیە، هەندێك لە هەڵسووڕاوە سەربازییەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان بە ئاشكرا بانگەشەیان بۆ دروستكردنی شانەی چەكدار كرد، لەمەش خراپتر هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆریی گازیان لە چەمچەماڵ كردو، پاش ماوەیەك (ئەوجا هەر كەس و لایەنێك ئەوكارەی كردبێت) بۆری گازی قادركەرەم تەقێنرایەوە، ئەوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو هەڕەشانەی كە پێشتر لەو بورییە گازە كرابوون، مامەڵە لەگەڵ تەقاندنەوەی بۆری گازی قادر كەرەم نەكرد، بەڵام ئەگەر سەرنج لە یەك دوو هەفتەی رابردووی لێدوانەكانی پەكەكە بدەین، بەتایبەتی دوای تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان لە ناو توركیا، ئەوا زۆر بێباكانە سەرانی پەكەكە بەرپرسیاریەتی خۆیان لە تەقاندنەوەی ئەو بۆرییانە راگەیاند و لەمەش خراپتر بە ئاشكرا رایانگەیاند دژی رێككەوتنی بۆری گازی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیان، كە سەرچاوەی نەوت و گاز، تەنیا سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی خەڵكی كوردستان و مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئیدارەدانی ئەو بەرە فراوانەی شەڕە كە رووبەری زیاتر لە 1000 كیلۆمەترە.
ئەم رەفتارانەی پەكەكە دژی هەرێمی كوردستان، راشكاوانە لە دژایەتیكردنی راستەوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و شەخسی سەرۆك بارزانی بەرجەستە بووە، هێرشی راستەوخۆی میدیاكانی پەكەكە و ئەوانەشی لەگەڵ پەكەكە دەكەونە یەك بەرەوە، لەیەك مەرجەعەوە رێنمایی وەردەگرن و ئامانجی سەرەكیشیان لە دژایەتی پارتی و سەرۆك بارزانی، داژایەتیكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە، ئەوانیش لە ژێر پەردەی دژایەتی پارتی و سەرۆك بارزانی، دەیانەوێت پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لەبار بەرن، بەڵام ئەم هەوڵەشیان وەك هەوڵەكانی پێشووی خۆیان و هاوەڵەكانیان لەسەر دەستی ئیرادەی خەڵكی كوردستان مایەپووچ دەبێت و دەوڵەتی كوردستان بە كوێرایی چاوی ناحەزان و دوژمنانی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا دروست دەبێت.