فەشلی حكومەتەكەی مالیكی عێراق بهرەو كوێ دەبات؟
February 25, 2016
راپۆرتەکان
دووساڵ بەسەر حوكمڕانیی عەبادی-دا تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ لە بارودۆخەكە نەگۆڕاوە، تەنیا شكست دوای شكستی لێ هاتۆتەئاراوە كە رووەو هەرەسهێنانێكی مسۆگەرە، ئەو حكومەتە لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای بەرنامە و بیری پشكایەتی و تایفەگەری دامەزراوە بۆیە بەم شێوەیە پەرتەوازەو پارچەپارچە بووە، بە شێوەیەك كە توانای ئەوەی نییە چارەسەری ئەو هەموو قەیرانانە بكات كە ساڵانێكە بەردەوام عێراق پێوەیان دەتلێتەوە، لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا پەنجەی تۆمەت هەمیشە بۆ هاوبەشە سیاسییەكان رادەكێشرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ئەو حكومەتە بەردەوام مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی پێشێلكردووە، دوای ئەوەی كە پشكی سەرەكیی بودجەی لێبڕین، هەر بەمەشەوە نەوەستا بەڵكو دۆخەكە گەیشتە ئەوەی كە لاسەنگیی ئابووری و مایەپووچی یەخەی ئەو حكومەتە بگرێت، بەڵام خەڵكی هەرێمی كوردستان سەرباری ئەو قەیرانە دروستكراوەی بەغدا هەر خۆڕاگربوو، بۆیە ئەگەر بە وردیی لەو حكومەتە وردبینەوە دەبینین تەنیا شكست لەدوای شكست دێنێت بە شێوەیەك گەیشتۆتە قۆناغی هەرەسهێنان، كە ئەمەش بۆماوەیی كابینە شكستخواردووەكانی نوری مالیكی سەرۆكی وەزیرانی پێشووی عێراقە.
هەڵوەستەیك لەسەر نموونە زیندووەكانی شكست و هەرەسهێنانی حكومەتی عەبادی لەماوەی ئەو دووساڵەی حوكمڕانی ئەودا، دەمانگەیەنێتە ئەو راستییەی كە موزایەداتی سیاسی باڵی بەسەر رەوش و گوزەرانی خەڵكەكەدا كێشاوە، ئەو حكومەتە لەجیاتی داننان بەو شكستانەدا، دێت پەنجەی تۆمەت بۆ هەرێمی كوردستان درێژدەكات، لە كاتێكدا كە عێراق بە سەختترین قۆناغی هەرەسدا تێدەپەڕێت، كە بە هیچ شێوەیەك كۆننتڕۆڵی بەسەر شتەكاندا نەماوە. شتێكی شاردراوەش نییە كە قەیرانی كارەبا بەهۆی گەندەڵی حكومەتەكەی پێشووی نوری مالیكی سەری هەڵدا كە پتر لە 50 ملیار دیناریان بۆ ئەم كەرتە تەرخانكرد، بەڵام نەتوانرا تەنیا یەك میگاوات كارەباش بۆ تۆڕی نیشتمانیی زیادبكرێت، هاوكات شكستی ئەو حكومەتە لە گەڕاندنەوەی سێیەكی خاكی عێراق لەدەست داعش، هەروەها شكستی حكومەت لە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی وڵات و ئەنجامدانی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و سیاسی و نزیككردنەوەی لایەنە نەیارەكان لەیەكدی، ئەمە سەرەڕای شكستی حكومەتەكەی عەبادی لە چاكسازی كردن لە دامەزراوەكانی دادگا و وەزارەتەكان، عەبادی نەشیتوانی پارێزگاریی لە پێگەی عێراق بكات لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە رووی شەفافییەت كە ئەمەش هەر درێژكراوەی گەندەڵییەكانی نوری مالیكی بوو.
شكستی عەبادی و حكومەتەكەی لە پاككردنەوەو چاكسازیی دەزگا ئەمنییەكاندا نموونەیەكی دیكەیە كە راستەوخۆ گوزارشت لەوە دەكات كە ئەو حكومەتە ناتوانێت دۆسێی گەندەڵكاران رادەستی دادگا بكات، هەروەها بەرپرسانی هەڵاتوو لە دادگا دەستگیربكات، ئەمە سەرەڕای شكستی عەبادی لە یەكخستنی سوپای نیشتمانی و چارەسەركردنی دۆسێیەكانی تایبەت بە ماددەی 140 و یاسای نەوت و غاز، ئەمە سەرباری شكستی حكومەتی فیدڕاڵ لە چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئەو سەرۆك وەزیرە تەنانەت ناتوانێت رەوشی ئابووری چاك بكات و داهاتی وڵات زیاد بكات لە دەرئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوەی كە مالیكی گەنجینەیەكی خاڵی رادەستی عەبادی كردبوو دوای 8 ساڵی حوكمڕانی، رەوشی ئەمنیش بابەتێكی دیكەیە كە رووبەڕووی ئەو حكومەتە دەبێتەوە كە رۆژانە تەقینەوە روودەدات، ئەمە سەرباری ئەوەی نەیتوانیوە سەروەریی عێراق بپارێزێت دوای ئەوەی كە ئێران بە تەواوی هاتۆتە ناو كایەكانی حوكمڕانیی ئەو وڵاتە، جگە لە شكستی عەبادی لە چاككردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا.
قۆناغی هەرەسی ئابووری لە عێراقدا
سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوە دەكات كە عێراق رووبەڕووی قەیرانێكی سەختی دارایی بۆتەوە كە وا پێویست دەكات سەرانی گەندەڵی دەستنیشان بكرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ئابووریی وڵات ببووژێنێتەوە و سەرلەنوێ بتوانێت ئەو قەیرانە داراییە تێپەڕێنێت.
لەلایەكی دیكەوە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە عێراق خەریكە دەگاتە قۆناغی هەرەسی ئابووری، چونكە ناتوانێت قەرزەكانی سەری بداتەوە و مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بكات، محەمەد تۆفیق عەلاوی وەزیری پێشووی گەیاندن پێی وایە كە عێراق لەسەر لێواری كارەساتێكی ئابوورییە ئەگەر نەتوانرا چارەسەری قەیرانەكان بكرێت، هۆشداری ئەوەشی دا كە یەدەگی پارەی وڵات بەو شێوەیەیە كە دیناری عێراقی بە تەواوی هەرەس بهێنێت، هەروەك چۆن لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و لەسەردەمی گەمارۆی ئابووری رووی دا، چونكە حكومەت هیچ بژاردەو ئەلتەرناتیڤی دیكەی لەبەردەستدا نییە.
شكستهێنان لە تێكەڵكردنی وەزارەتەكان
توركی سەلمان كە توێژەرێكی سیاسییە بە( گوڵان) ی گوت: ئەو كابینە وەزارییەی ئێستا هەر وا بە شكست و سەرنەكەوتوویی دەمێنێتەوە، تا ئەو كاتەی حكومەتێكی تەكنۆكڕات دادەمەزرێت، ئەوەشی بەدوورخستەوە كە تێكەڵكردنی وەزارەتەكان سەركەوتن بهێنێت، بۆ نموونە عەبادی بڕیاری دا كە هەردوو وەزارەتی كارەباو نەوت تێكەڵبكات و بكەوێتە ژێر دەستی عادل عەبدولمەهدی، هاوكات تێكەڵكردنی هەردوو وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە پشكی حەسەن راشد لە كوتلەی بەدر، وەزارەتی بازرگانیش كە بە وەكالەت لەلایەن محەمەد شیاع سودانییەوە بەڕێوەدەچێت بدرێتە یەكێتیی هێزە سوننییەكان و بە چاودێریی محەمەد كەربولی بێت لە كوتلەی (ئەلحەل).
10ساڵ پەكخستنی پڕۆسەی سیاسی و ئیداریی حكومەت
ئەو حكومەتەی كە لەئێستادا جڵەوی حوكمی گرتۆتەدەست بەشێوەیەك پڕۆسەی سیاسی و ئیداری پەكخستووە، كە چاككردنی ئەستەمە، كوردیش كە نەتەوەی دووەمە لە عێراقدا و حوكمڕانیی چوار پارێزگا دەكات، خاوەن سیستەمێكی حوكمڕانیی ئیقلیمی دیموكراسییە و لە نێو دەوڵەتاندا دانی پێدانراوە، بەڵام وا چەند ساڵە كورد دۆسێ و كارنامەیەكی زۆری پێشكەش بە حكومەتی عێراق كردووە، كەچی وەڵام نەدراونەتەوەو بەهەند وەرنەگیراون، كاتێ حەیدەر عەبادیش هاتە سەر كورسیی حوكمڕانی بەڵێنی زۆری دا كە چارەسەری كێشەكان بكات، بەڵام هەر بەقسەو و وەك بڵێی وتەبێژی حكومەت بێت و تەنانەت یەك هەنگاویشی بۆ چارەسەركردن نەهاویشت، بە پێچەوانەوە زۆر كێشەی دیكەشی بۆ هەرێمی كوردستان هێنایەكایەوە، بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە ئەوەیە كە حكومتەكەی بەغداو خودی عەبادی تەنیا ئەو كاتە كوردیان لەبیرە كە پێویستیان پێیەتی، بە تایبەتیش بۆ گەڕاندنەوەی شارە داگیركراوەكان كە داعش دەستی بەسەردا گرتوون، ئەوان داوا لە پێشمەرگە دەكەن هاوكاریان بكەن، كەچی بودجەی هەرێم وتەنانەت مووچەو شایستەكانی خودی پێشمەرگەش دەبڕن.