ئایندەی بەشە عەرەبییەكەی عێراقلە كارنامەی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكادا
February 22, 2016
راپۆرتەکان
ئێران دەیەوێت ئەو پەرداخە ژەهرەی لە 1988 خواردیەوە، ئێستا بیكاتەوە بە قوڕگی عێراقییەكاندا
باڵێۆز جیمس جێفری:
كورد خاوەنی سوپا و ئابووریی سەربەخۆی خۆیەتی و مافی بڕیاردانی چارەنووسی هەیە
ژەنراڵ مایكل باربارۆ:
عەرەبی سوننە تەنیا لە كوردستاندا هەست بە دڵنیایی دەكات و كورد شەڕی داعشی بۆ خۆی كردووە و جارێكی دیكە ئەم بارودۆخە بۆ پێش داعش ناگەڕێتەوە
رۆژی 12ی شوباتی 2016، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز راپۆرتێكی بە ناونیشانی (تووڕەیی و بێزاری عەرەبی سوننە و مەزندەكان بۆ دووبارە یەكگرتنەوەی عێراق لە دوای داعش) بڵاوكردەوە. لەو راپۆرتەدا جیا لەوەی ئاماژە بەوە كراوە كە رایان كرۆكەر باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، لە ئامۆژگای ئەنجومەنی ئەتڵەنتیك-ـەوە سەرۆكایەتی دەستبەكاربوونی گروپێك دەكات بۆ توێژینەوە سەبارەت بە ئایندەی عێراق (Launch of the Task Force on the Future of Iraq)، ئەم گروپە كە پێكهاتوون لە 25 باشترین و بەئەزموونترین كەسانی پسپۆڕ لەسەر سیاسەتی عێراق لەسەر ئاستی جیهان، لە رۆژی 16ی شوباتی 2016، بە فەرمی دەستبەكاربوونی خۆیان راگەیاند، بۆ ئەوەی لە ماوەی 9 مانگی داهاتوو، واتە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی نۆڤەمبەری 2016 كە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكێكی نوێی ئەمریكا دەكرێت، بەرنامەیەك ئامادەبكەن بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا، بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئایندەی عێراق، بەڵام وەك لە ناوەڕۆكی پەنێڵەكە هەریەك لە باڵیۆز رایان كرۆكەر و باڵیۆز جیمس جیفری و ژەنڕاڵ مایكل باربارۆ، زۆر بە راشكاوی جەختیان لەسەر كردووە، پرسی سەرەكی بۆ ئایندەی عێراق، ئایندەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق و چۆنیەتی پێكەوەژیانی عەرەبی سوننە و شیعەیە، نەك دووبارە رێكخستنەوەی عێراق وەك ئەوەی پێش تەمموزی 2014 بوونی هەبووە، دیارە پێكهێنانی گروپی كار (تاسك فۆرس) بۆ ئایندەی عێراق، ئەمە دووەمین هەوڵی لەو جۆرەی ئەمریكایە لە دوای پێكهێنانی گروپی ئامادەكردنی دیراسەتی عێراق (كە ناسراو بوو بە راپۆرتی بیكەر هاملتۆن لە 2006)، بۆ دیراسەتكردنی بارودۆخی عێراق، ئەمەش مانای ئەوەیە چۆن لە 2006 كاتێك باڵیۆز پیتەر گالبریس كتێبی (كۆتایی عێراق)ی بڵاوكردەوە، بەشە عەرەبییەكەی عێراق كۆتایی هاتبوو، لە 2006دا ئەمریكا زیاتر لە 130 هەزار سەربازی تەنیا لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق هەبوو، بەڵام جۆرج دەبلیو بوش ناچار بوو بەپەلە 30 هەزار سەربازی دیكە رەوانەی عێراق بكات، بۆ ئەوەی رێگە لە كۆتایی عێراق بگرێت، لە ئێستا كە سەربازێكی ئەمریكی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق بوونی نییە و عێراق بە تەواوەتی كەوتۆتە ژێر نفوز و كاریگەریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەوا نەك هەر ناتوانرێت بیر لە یەكپارچەیی بەشە عەرەبییەكەی عێراق بكرێتەوە، بەڵكو ئەم گروپی تاسك فۆرسە بە دوای رێگەیەكدا دەگرێت، چۆن عێراق لە هەژموونی ئێران رزگار بكرێت و چۆن شیعە و سوننە لە یەكتری جیابكەنەوە.
ئێران دەیەوێت ئەو پەرداخە ژەهرەی 1988 نۆشی ئێستا بیكاتەوە بە قوڕگی عێراقییەكاندا
لە میانەی شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو بڕیاری ژمارە 598ی بۆ راوەستاندنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران راگەیاند. ئەوكات كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەی یەك دوو ساڵ ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكرد، بەو هیوایەی لە بەرەكانی شەڕەوە عێراقی سەردەمی سەدام حوسێن-ـی ئەوكات تێكبشكێنێت، بەڵام پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئەوكات بۆ سەدام حوسێن وایكرد، ئێران ناچار بێت بڕیارەكە قبووڵ بكات و شەڕ لەگەڵ عێراق رابگرێت، بەڵام لە راگەیاندنی قبووڵكردنی بڕیاری 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، جێبەجێكردنی ئەم بریارە و راگرتنی شەڕ لەگەڵ عێراق، وەك ئەوەیە بە ناچاری پەرداخێك ژەهر بخۆینەوە، بەڵام دوای 15 ساڵ بە سەر راگرتنی شەڕی ئێران –عێراقدا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2003 رژێمی سەدام حوسێن-ی رووخاند. ئەو هەنگاوەی هاوپەیمانان بە رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن، لەگەڵ ئەوەی رزگاكردنی عێراق بوو لە حوكمڕانیی دیكتاتۆری 35 ساڵەی حزبی بەعس و سەدام حوسێن و لە سەرەتاوە عێراقییەكان بە هیوای ئەوە بوون، دوای رووخانی دیكتاتۆریەتی بەعس، عێراقێكی تازەی خاوەنی سیستمێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی بونیاد بنێنەوە، بەڵام بە دیوێكی دیكە عێراق بووە گۆڕەپانێكی بەلاش بۆ گەشەكردنی هەژموون و نفوزی ئێران لە هەموو جومگەكانی سیاسەت و حوكمڕانیدا.
باڵیۆز رایان كرۆكەر كە لە ماوەی ساڵانی 2007- 2009 باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە عێراق، لەو پەنێڵەی هەفتەی رابردوو لە ئامۆژگای ئەنجومەنی ئەتلەنتیك دەستبەكاربوونی گروپی دیراسەتی ئایندەی عێراقی راگەیاند، راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئایندەی عێراق، هەژموون و باڵادەستی ئێرانە لە ناو عێراقدا، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری بەرپرسە گرنگەكانی ئێران وەك قاسم سولەیمانی بكەین، دەبینین بە تەواوی ئەركی خۆی دیاریكردووە كە بەنیازە لە سووریا و عێراقدا چ ئەركێك ئەنجام بدات، هەروەها كاتێك هێزەكانی ئێران بە سەرۆكایەتی قاسم سولەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی چوونە ناو تكریت-ـەوە، دەركەوت ئامانجی ئێران لەو شەڕە چییە. سەبارەت بە مەترسیی تیرۆریستانی داعشیش لە سەر كۆماری ئیسلامی، كرۆكەر راشكاوانە ئەوەی خستەڕوو نە تیرۆریستانی داعش مەترسین بۆ سەر كۆماری ئیسلامی و نە ئەوانیش مەترسین بۆ سەر داعش، بەڵكو ئامانجی ئێران لەم شەڕە ئەوەیە كە هەموو شارەكانی عەرەبی سوننەی عێراق بە تەواوەتی كاول بكرێت و ژێرخانەكان لەبەریەك هەڵوەشێن و جارێكی دیكە عێراق نەبێتەوە بە هەڕەشە لەسەر ئێران، بۆ شارەكانی شیعەنشینی باشووری عێراقیش كە خاوەنی گەورەترین سامانی نەوتی لێیە، لەوێش هەژموونی خۆی بە تەواوەتی لەسەر پارتە سیاسییە شیعەكان هەبێت و بیكاتە پاشكۆی خۆی. كرۆكەر ئەوەی بە بیری ئامادەبووانی پەنێڵكە هێنایەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1988 بە رازیبوونی بە بڕیاری 598ی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ راگرتنی شەڕ لە گەڵ عێراقدا رایگەیاند بە ناچاری پەرداخێك ژەهر دەخواتەوە، بۆیە لە ئێستادا ئێران دەیەوێت تۆڵەی ساڵی 1988 لە عێراق بكاتەوە و دەیەوێت ئەو پەرداخە ژەهرە بكاتەوە بە قوڕگی عێراقییەكاندا و جارێكی دیكە و بۆ هەتاهەتایە عێراق نەتوانێت هەڕەشە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بكات.
ژەنڕاڵ مایكل باربارۆ كە بەشداربوویەكی دیكە بوو لە پەنێڵی دیراسەتی ئایندەی عێراق و خاوەنی ئەزموونێكی گەورە بووە لەگەڵ ژەنڕاڵ پەتریۆس لە ساڵانی 2007-2009 بۆ پێكهێنانی هێزەكانی سەحوەی عەرەبی سوننە و تێكشكاندنی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە عێراقدا، راشكاوانە ئاماژەی بەوە كرد، لە دوای رێككەوتنی ئەمریكا و رۆژئاوا لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی پرۆژە ئەتۆمییەكەی، ئێستا ئێران زیاتر دەستی ئاوەڵا بووە بۆ ئەوەی زیاتر دەست لە كاروباری سووریا و عێراق وەربدات، وتیشی: ئێران چۆن توانیویەتی لە لوبنان حزبوڵا دروست بكات، بەهەمانشێوە ئێستا لە سووریا حزبوڵا و ملیشیای هاوشێوەی حزبوڵای دروستكردووە، لە عێراقیشدا هێزەكانی حەشدی شەعبی بە تەواوەتی لە ژێر كاریگەری و رێنمایی ئێران كاردەكەن و هادی عامری سەرۆكی هێزەكانی بەدر كە دیارترین فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی-یە، بەردەوام یاوەری قاسم سولەیمانی بووە و فەرمان لەوەوە وەردەگرێت، ئەم حاڵەتەش بارودۆخێكی هێجگار قورسی بۆ عێراق و بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دروستكردووە، وەك پشتگیرییەكیش بۆ بۆچوونەكانی ژەنڕاڵ باربارۆ، لە راپۆرتەكەی رۆژی 2ی شوباتی 2015ی نێویۆرك تایمز-یش، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات، ئەمریكا بە نیاز بوو دوای رێككەوتنی لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی، ئێران ببێتە شەریكی ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و بە ئامادەبوونی دیپلۆماتەكانی ئەمریكا و ئێران هەموو سەركردەكانی عێراق كۆببنەوە بۆ ئەوەی نەخشەیەكی رێگە بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی عێراق دابڕێژن، بەڵام وەك راپۆرتەكەی نیۆیۆرك تایمز ئاماژەی پێكردووە، ئێران ئەم داوایەی ئەمریكای رەتكردۆتەوە، لە ئێستاشدا هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعە بوونەتەوە بە خاوەنی میلیشیای خۆیان و كەوتوونەتە ژێر هەژموونی سیاسەتی ئێران و ئەوەی ئێران بیەوێت، ئەوە دەكەن، نەك هاوكاریكردنی حكومەت، یان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانێكی لاواز دەربكەوێت و نەتوانێت ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی بكات.
لە سەر شێوازی مامەڵەكردنی ئێران وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی لەگەڵ دەوڵەتان و هەروەها مامەڵەكردنی لە روانگەی مەزهەبگەرایی شیعەوە لەگەڵ لایەنە شیعیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا، باڵیۆز جیمس جیفری جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، شێوازی مامەڵەی ئێران وەك یەكێتی سۆڤیەتی پێشان لەسەر دوو ئاستە، ئاستێك مامەڵەی دەوڵەتی دەكرد، وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام مامەڵەیەكی ئایدیۆلۆژیی كۆمونیستیشی هەبوو وەك حزب لەگەڵ حزبە كۆمونیستییەكانی جیهان، بۆیە ئێستا ئێرانیش بە هەمان شێوە وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی دیكە دەكات، بەڵام لە هەمانكاتیشدا لە روانگەی ئایدیۆلۆژیەتی شیعەگەرایشەوە مامەڵە لەگەڵ حزبەكانی شیعە و تەواوی ئەو لایەنانەی دیكە دەكات كە خۆی مەبەستیەتی، یان لەبەرژەوەندیدا بێت، هەر بۆیە باشترین پێناسە بۆ ئێران ئەو پێناسەیە كە هنری كیسنجەر بۆی كردووە كە دەڵێت: ئێران خۆی بڕیار دەدات كەی وەك دەوڵەت مامەڵە دەكات و چ كاتێكیش وەك غەیرەدەوڵەتی، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا جیمس جیفری ئەو پرسیارەی ورووژاند: ئایا ئێران بەنیازە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە كوێ؟ لە وەڵامدا گوتی: هەموو ئەوانەی كار لەسەر سیاسەتی ئێرانی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئێران دەیەوێت پێگەی هێزێكی ئیقلیمی بەهێزی هەبێت و هەموو شیعە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە.
جارێكی دیكە سوننەی عەرەب ناتوانێت لە عێراقیكدا بژی شیعە هەژموونی بەسەر حوكمڕانییەكەیدا هەبێت
رایان كرۆكەر سەبارەت بە ئایندەی عەرەبی سوننە لە عێراقدا، بە نیۆیۆرك تایمزی راگەیاندووە: «ئومێدی ئێمە ئەوە بوو ئیدارەی سەرۆك ئۆباما زۆر بە قووڵی هەوڵی بدایە بۆ ئەوەی بێتە ناو پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەكان لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا، بەڵام بەو جۆرە نەهاتە پێشەوە، بۆیە دەركەوتنی دیاردەی خەلافەتی ئیسلامی داعش، بەرەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسییەیە، پرۆسەی سەربازیش سەركەوتوو نابێت لەبەر ئەوەی فەشەلی پرۆسەكە بۆتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی داعش، لە ئێستاشدا هیچ هەوڵێكی سیاسی ئەوتۆ بەدی ناكرێت كە ببێتە هۆكاری ئەوەی كە منداڵێكی سەروو تەمەن سێ ساڵی عەرەبی سوننە هەست بكات ئایندەی لە عێراقدا هەیە«. بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئایا سەرۆك ئۆباما لە ماوەی دوو خولی سەرۆكایەتییەكەیدا بۆچی نەیتوانی سیاسەتێكی كاریگەرتر بەرامبەر عێراق پیادە بكات؟ سەبارەت بەم پرسیارە باڵیۆز جیمس جیفری كە خۆی لەو كاتەدا باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە عێراقدا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، سەرۆك ئۆباما كە بووە سەرۆك، هاتە سەر سیاسەتێكی سەركەوتووی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، لەبەر ئەوەی توانرابوو دوای زیادكرنی بەپەلەی هێز و پێكهێنانی هێزەكانی سەحوەی سوننە، تا رادەیەكی باش سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ عێراق، هەروەها پێكهاتەكانی عێراق ئامادەبوون پێكەوە كاربكەن و یەكپارچەیی عێراق بپارێزن، بەڵام كە لە كۆتایی ساڵی 2011 ئەمریكا بەپێی رێككەوتنی سۆفا تەواوی هێزەكانی لە عێراق كێشایەوە و كۆتایی شەڕی ئەمریكا لە عێراقدا راگەیەندرا، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، سیاسەتێكی مەزهەبگەرای توندی دژی سوننەی عێراق پیادەكرد، سوننەی لە حوكمڕانی پەراوێز خست و تا رادەیەكی زۆریش كورد، هەموو بودجەی عێراقی بەكار هێنا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەكەی خۆی، لەو كاتەشدا ئەولەوییەتی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق بریتی بوو لە (ئاسایش، ئاسایش، ئاسایش)، بەڵام سەرەنجام گەیشتنە ئەوەی لە 2014 داعش موسڵ-ی داگیركرد، ئێمە لە 2012 دەمانتوانی زۆر كاری جددی و باش بكەین، بەڵام نەمانكرد. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا ئێستا دەتوانرێت هەمان سیناریۆی هێزەكانی سەحوەی سوننە دووبارە بكرێتەوە و سەقامگیریی عێراق رێكبخرێتەوە؟ ژەنڕاڵ باربارۆ گوتی: ئێمە خۆمان بەهەڵەدا دەبین ئەگەر پێمانوابێت، لە ئێستادا ئەو هێزانەی دەیانەوێت عێراق یەكگرتوو بێت، بەهێزتر بن لەو هێزانەی كە دەیانەوێت عێراق لەبەریەك هەڵوەشێت، دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین كە لە ئێستادا ئەو هێزانە بەهێزترن كە دەیانەوێت عێراق لەبەریەك هەڵبوەشێت، لەمەدا ژەنڕاڵ باربارۆ مەبەستی رۆڵی ئێران بوو بۆ پاكتاوی رەگەزی دژی عەرەبی سوننە و لەبەریەك هەڵوەشانی هەموو ژیرخانەكانی ئابووری و خزمەتگوزاری لە شارەكانی سوننەنشینی عێراقدا..
لەو پەنێڵەدا راشكاوانە دەستخرایە سەر ئەو راستییانە و ئاماژە بەوە كرا، ئەو كاولكارییەی كە لە گرتنەوەی تكریت روویداوە، هەمووی بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانەوە نەبووە، بەڵكو هێزەكانی ئێران بەشی زۆری ئەو كارەیان كردووە، هەروەها لە گرتنەوەی بێجی-یشدا هەمان رەفتار دووبارە كراوەتەوە و ئەو پاڵاوگەیانەی لە بێجی هەبوون، هەمووی هەڵوەشێنراون و براون بۆ ئێران، ئەمانە ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی كە ئێران مەبەستێتی هەموو شارەكانی سوننەنشینی عێراق كاول بێت. سەبارەت بەم لایەنە لە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز ئاماژە بە شاری رومادی كراوە، وەك ناوەندی پارێزگای ئەنبار دوای ئازادكردنی شارەكە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە، ئەم شارە جیا لەوەی بەشێكی زۆری بینایەكانی كاول بووە، لەهەمانكاتدا ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو و كارەبا و تەندروستی لەبەریەك هەڵوەشێنراون، سەبارەت بەم لایەنە خاتوو لیس گراندی رێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لە عێراقدا بە نیویۆرك تایمزی راگەیاندووە، شاری رومادی كە چەند سەد هەزار كەسی لێ نیشتەجێیە، بەڵام هەمووی خاپوور بووە، تەنیا بۆ گێرانەوەی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان وەك ئاو و كارەبا و نەخۆشخانەی گەرۆك پێویستیان بە دەیان ملیۆن دۆلارە، ئەم شارە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە مینڕێژكراوە، ئەگەر بە بەردەوامی كاری تێدا بكرێت بۆ پاككردنەوەی، ئەوا نزیكەی 9 مانگی دەوێت، پێش ئەوەی بتوانرێت خەڵك بگەرێتەوە بۆ ئەو شارە، لە هەمانكاتدا دوای گەڕانەوەشیان بە سەدان ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ ئەوەی خانووی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بكرێتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا حكومەتی عێراق لە ئێستادا ئەو توانایەی هەیە، یان ئەو توانایە تەرخان دەكاتەوە بۆ پاككردنەوەی شاری رومادی لە مینی چێنراو؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا حەمید ئەلجەنابی كە یەكێكە لە ئەفسەرە باڵاكانی سوپای عێراق و تایبەتمەندە لە سەر هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی مینە چێنراوەكان، بە ریپۆرتەرەكەی نیویۆرك تایمزی راگەیاندووە، ئەوانەی كە شارەزان لە هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی مینە چێنراوەكان بەشی زۆریان كوژراون، بۆیە بە ناچاری دەبێت پەنا ببەین بۆ ئەو خەڵكە لۆكاڵانەی خۆیان شتێك لە پووچەڵكردنەوەی ئەو مینانە دەزانن، بەڵام بۆ ئەمەشیان پارەمان لەبەردەست نییە و هەندێك لەو شارەزا لۆكاڵانە لە گەڵیان رێككەوتووین بەقەرز هاوكاریمان بكەن، ئەگەر لەسەر ئەم خاڵە هەڵوەستە بكەین، دیارە حكومەتەكەی عەبادی نەك هەر ئیفلاسیی سیاسی كردووە، بەڵكو لە رووی دارایی و ئابووریشەوە ئیفلاسی كردووە، كەچی بۆ موزایەدەی سیاسی و تێكدانی باری سەقامگیری هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردوو دەڵێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات، ئەوا بەغدا ئامادەیە مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم بدات، كە ئەمەش جگە لە درۆ و چەواشەكارییەكی دیكەی حكومەتی بەغدا شتێكی دیكە نییە.
لەگەڵ ئازادكردنی هەر ناوچەیەك لە دەستی داعش كارەساتێكی مرۆیی بە دواوەیەوە
ئەگەر هۆزە عەرەبە سوننەكانی عێراق لە 2007 ئامادەبوون دژی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە شەڕبكەن و قاعیدە تێكبشكێنن، ئایا بۆچی لە ئێستادا بە تیرۆریستانی داعش رازین و هەمان هەڵوێست دووبارە ناكەنەوە؟ سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە باڵیۆز رایان كرۆكەر كە ئەو كات باڵێوزی ئەمریكا بووە لە عێراق دەڵێت: لە ساڵی 2007 ئێمە تەنیا ئەركی هۆزە عەرەبەكانمان گۆڕی لە پشتگیركردنی رێكخراوی قاعیدە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سوننەی عەرەب، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوكات لایەنە شیعەكان و حكومەتی عێراق بە بەرنامە ئامانجیان ئەوە نەبوو، پاكتاوی رەگەزی دژی عەرەبی سوننە ئەنجام بدەن، سەبارەت بەم لایەنە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك ژن و منداڵی رزگاربووی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی داعش كردووە، ئەوەیان گێڕاوەتەوە لەو كاتەوەی گەیشتوونەتە دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی ژن و منداڵەكان بە جیا براون بۆ كەمپەكانی ئاوارە و پیاوەكانیش براون بۆ بەندیخانەكان بۆ لێكۆڵینەوە و لەو كاتەشەوە هەتا ئێستا ئەو ژنانە لە هەواڵی برا و هاوسەرەكانیان بێ هەواڵن، پەیامنێرەكەی نیویۆرك تایمز هەوڵیداوە بە رێگەی تەلەفۆن پێوەندی بە ژنێكی دیكەوە بكات لە ناوچەی فەلوجە كە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە، راشكاوانە گوتوویەتی: «دەمەوێت ئەم پەیامەی من بگاتە هەموو خێرخوازانی جیهان، ئێمە كەوتینە نێوان بەرداشی دڕندەیی و ناعەداڵەتی چەكدارانی داعش و نادڵنیایی ئایندەمان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا».
سەبارەت بەم بارودۆخە دژوارەی ناوچەكانی عەرەبی سوننە و هەڵوێستی حكومەتی عێراق و گوشارەكانی ئەمریكا بۆ راگرتنی، شێخ فەیسەڵ عیساوی قائیمقامی عامریەی فەلوجە، بە نیویۆرك تایمزی راگەیاندووە: «داعش لەسەر مانگ نەهاتووە، هەروەها لە زەویش هەڵنەتۆقیوە، ئەمە كاردانەوەی بەشێك لە گەلی ئێمەیە دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی و كەلتووری رق لێبوونەوە، ئێمە دەزانین ئەمریكا هەوڵیداوە گوشار بخاتە سەر حكومەتەكەی عەبادی بۆ ئەوەی هەندێك كۆمپرۆمایز بۆ سوننە بكات و تەواوی بەندكراوە سیاسییە سوننەكان ئازاد بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بەڵێنیشی داوە، هیچ كام لەو هەنگاوانەی هەڵنەگرتووە، ئەگەر بە راشكاوی بدوێم، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بێدەسەڵاتە».
لە كۆی خوێندنەوەی ئەم واقیعە تاڵە و باڵادەستیی میلیشیاكانی حەشدی و جووڵانەوەیان لەبەر رۆشنایی رێنماییەكانی فەرماندە ئێرانییەكان و بێدەسەڵاتیی حكومەتەكەی عەبادی بۆ هەڵگرتنی هەر هەنگاوێك بۆ ریفۆرمی سیاسی و چاكسازی دامەزراوەیی، ئەوا بیركردنەوە لەوەی جارێكی دیكە عەرەبی سوننە و شیعە دەتوانن پێكەوە بژین، بیركردنەوەیەكی ناواقیعییە و هەتا لایەنە سیاسییەكانی شیعە و حكومەتی بەغدا لە ژێر هەژموونی سیاسی ئێراندا بن، ئەوا ئەو كارە لە مەحاڵ دەچێت.
ئایندەی هەرێمی كوردستان
لە راپۆرتەكەی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیكدا
پێش ئەوەی ئامۆژگای ئەنجومەنی ئەتڵەنتیك گروپی تاسك فۆرس بۆ دیراسەتی ئایندەی عێراق بە سەرۆكایەتی باڵیۆز رایان كرۆكەر رابگەیەندرێت، لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2015 ـەوە گروپێكی تاسك فورسی دیكە بە سەرۆكایەتی باڵیۆز نانسی نۆدەربیرگ لە هەمان ئەنجومەنی ئەتڵەتیك بە ناونیشانی (گروپی تاسك فۆرس بۆ بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق) دەست بەكاربووە و ئەم گروپە لە مانگەكانی كۆتایی 2015 راپۆرتی خۆیان بڵاوكردەوە. راپۆرتەكەی گروپی تاسك فۆرسی بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق، كۆمەڵێك راسپاردەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ئیقلیمی لە خۆی گرتووە، بۆیە پرسی كوردستانی عێراق لە دیراسەتكردنی بارودۆخی ناوچەكە لەگەڵ عێراق، وەك پرسێكی نیمچە سەربەخۆ لە سەر واقیعێكی دیفاكتۆ خۆی جیاكردۆتەوە، لێرەوە ئەگەر سەرنج لە تەوەرەكانی گروپی تاسك فۆرسی ئایندەی عێراق بدەین، دەبینین ئەم گروپە تازەیە كار لەسەر ئەم تەوەرانە دەكات:
1. ئایندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی
2. بارودۆخی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا.
3. دوبارە یەكگرتنەوەی ئەو خەڵكانەی لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارە بوون.
4. دووبارە نیشتەجێكردنەوەی عەرەبی سوننە لە ناوچەكانی خۆیان.
5. بونیادنانی حكومەتێكی چالاك لە بەغدا.
6. ئەنجامدانی ریفۆرم لە ئابووری عێراقدا.
7. دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكان لە نێوان عێراق و هێزە ئیقلیمییەكاندا.
ئەگەر بە وردی سەرنج لەو حەوت تەوەرە بدەین كە ئەم گروپە بۆ دیراسەتی عێراق كاری لەسەر دەكەن، دەبینین لە یەك خاڵدا ئاماژە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، ئەمەش نەك وەك بەشێك لە عێراق بەڵكو بۆ شێوازی پێوەندیی ئەم حكومەتە لەگەڵ عێراقدا.
لە میانەی وەڵام و پرسیارەكانی ئامادەبووان كە بەشداربووانی پەنێڵەكە كرا، باسی ئەوەش كرا كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كردووە ریفراندۆم بكرێت و لە هەمانكاتدا سیستمی دەوڵەتیش لەسەر ئاستی ناوچەكە لەبەریەك هەڵوەشاوە، ئایا ئەمە دەرگایەك نییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان؟ لە وەڵامدا رایان كرۆكەر سەرۆكی گروپی تاسك فۆرسەكە راشكاوانە ئاماژەی بەوەكرد، ئەم سنوورانەی ئێستا هەن 100 ساڵ لەمەو پێش دەوڵەتانی رۆژئاوا ئەو سنوورانەیان دیاریكردووە و گەلانی ئەو ناوچەیە پرسیان پێ نەكراوە. كرۆكەر گوتی: من لە نزیكەوە لەگەڵ هاوڕێ كوردەكانم قسەم كردووە، دەزانم ئەوان ئەم خەونە نەتەوەییان هەیە و دەیانەوێت هەنگاوی بۆ هەڵبگرن، بەڵام تا ئێستا لەبەر بارودۆخەكە ئەو هەنگاوەیان هەڵنەگرتووە، بۆ پشتگیری قسەكانی كرۆكەر، باڵیۆز جیمس جیفری، جەختی لەسەر ئەوە كردووە، ئەگەر سەیری مافی بڕیاردانی چارەنووس بكەین، كورد ئەو مافەی هەیە پیادەی بكات، ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراقیش بكەین، ئەوا ئێستا هەرێمی كوردستان خۆی سوپای سەربەخۆ و ئابووری سەربەخۆی خۆی هەیە، هەروەها هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی ئابووری زۆر گرنگیشی لەگەڵ توركیا هەیە. هەر لەسەر ئەم پرسە ژەنراڵ باربارۆ لەو خاڵەوە دەستی پێكرد، لەو كاتەوەی داعش موسڵی داگیر كردووە، عەرەبی سوننە لە هیچ شوێنێكی عێراق هەست بە ئارامی و دڵنیایی ناكات، بێجگە لە هەرێمی كوردستان، لەو ناوچانەی ناكۆكی لەسەر بووە و پێشمەرگە ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش پاراستووە، عەرەبی سوننەی ئەو ناوچانە هیچ رەفتارێكی نەشیاویان بەرامبەر ئەنجام نەدراوە، لەمەش زیاتر لە دوای سەرهەڵدانی داعش، كورد شەڕێكی سەختی لەگەڵ داعش كردووە و ناوچەكانی خۆی پاراستووە، بۆیە جارێكی دیكە ئەم بارودۆخە بۆ پێش دەركەوتنی داعش ناگەڕێتەوە.
هەر لەسەر ئەم پرسە و سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لە سەر یەكپارچەیی عێراق، پڕۆفیسۆر هنری باركی بەڕێوەبەری پڕۆگرامەكانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامۆژگای وۆرد و ویلسن، پرسیارێكی ئاراستەی باڵیۆز رایان كرۆكەر كرد، بەوەی ئێران بە فەرمی داوای پاراستنی خاكی عێراق و دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكات، بەڵام ئێوە ئاماژەتان بەوەكرد كە ئێران دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە عێراق بكاتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا باڵیۆز كرۆكە دووپاتی كردەوە، ئێران دەیەوێت باشووری شیعەنشینی خاوەنی زۆرینەی نەوت لە ژێر كاریگەری نفوزی خۆیدا بێت، ژیرخانی ناوچە سوننەنشینەكان لەبەر یەك هەڵوەشێنێت، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت گەورەترین كاریگەری و هەژموونی لە سەر هەرێمی كوردستان هەبێت، بۆیە ئێران قەت نایەوێت عێراق بەهێز و یەكگرتوو بێت، بەڵكو دەیەوێت لاواز و پەرتەوازە بێت، بۆ ئەوەی هەرگیز نەتوانێت هەڕەشە لە سەر ئێران دروست بكاتەوە.
بەراوردێك لە نێوان تاسك فۆرسی ئەتڵەنتیك و
دیراسەتەكەی راپۆرتی بیكەر هاملتۆن
لە ساڵی 2006 پڕۆفیسۆر ستیفن بیدل كە توێژەری ستراتیژییە لە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا، لە دوای گەڕانەوەی لە عێراق توێژینەوەیەكی بڵاوكردەوە بە ناونیشانی (كاتێك سەیری بەغدا دەكەین، سایگۆمان بیردەكەوێتەوە)، ستیفن بیدل لەم ناونیشانە مەبەستی ئەوە بوو، عێراق بۆتە ڤێتنامێكی دیكە بۆ ئەمریكا و دەبێت بە دۆڕاوی پاشە كشەی لێ بكەین، بۆ دیراسەتی ئەو بارودۆخە و دۆزینەوەی چارەسەر، بڕیار درا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی جیمس بیكەری وەزیری پێشووی كۆمارییەكان و لی هاملتۆن-ی دیموكراتی سەرۆكی پێشووی كۆنگرێس پێكهێنران، بۆ دیراسەتی ئەو بارودۆخەش پەنا بۆ گەورەترین پسپۆڕان و شارەزایان لەسەر عێراق بردرا، ئەمجارە لە یەكەم پەنێڵی گروپی تاسك فۆرس بۆ ئایندەی عێراق، دوو باڵیۆز بانگهێشت كراون، كە یەكەمیان باڵیۆز كرۆكەر-ی سەر بە كۆمارییەكانە و دووەمیان جیمیس جیفری سەر بە دیموكراتەكانە، بەهەمان شێوە پەنا بۆ هەمان ئەو پسپۆڕانە براوە كە راپۆرتی بیكەر هاملتۆون پەنای بۆ بردوون. ئەركی سەرەكیی ئەم دوو گروپە هەردووكیان یەك ئەركە، ئەویش دیراسەتكردن و دیاریكردنی كێشەكانی عێراقە وەك ئەوەی هەیە بە شێوەیەكی مەیدانی و پاشان دیراسەتكردن و دۆزینەوی رێگە چارەی خۆی، بەڵام جیاوازی كاری نێوان ئەم دوو گروپە ئەوەیە، گروپی راپۆرتی بیكەر هاملتۆن راپۆرتەكەیان بۆ سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش ئامادە دەكرد كە خۆی لە دەسەڵاتدا بوو، بەڵام ئەم گروپەی تاسك فۆرس، راپۆرتەكەیان بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا ئامادەدەكەن، دەیانەوێت دوای كۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆك ئۆباما، سەرۆكی داهاتوو كۆماری، بێت یان دیموكراتی، نەخشەیەكی رێگەی بۆ ئامادە بكەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی عێراقی دوای داعش، كەواتە مەزندەكانی ئەم راپۆرتە پێمان دەڵێت:
1. بەپێی ئەم راپۆرتە لە ساڵی 2016 تیرۆریستانی داعش كۆتاییان دێت.
2. شارە سوننەنشینە عەرەبەكانی عێراق بە تەواوەتی كاول بوون.
3. عەرەبی سوننەی ئەو شارانە ئاوارە بوون.
4. هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجامداوە.
بۆ رێكخستنەوەی ئەم واقیعە تازەیە پێویستە ئیدارەی تازەی ئەمریكا، زۆر بە قووڵی بێتە ناو ئەم واقیعە و رۆڵێكی سیاسیی گەورە بگێرێت بۆ رێكخستنەوەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق و ئایندەی كوردستان وەك كیانێكی سەربەخۆ، بۆ ئەمەش دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت و ببێتە هاریكار و میانگیرێكی باش بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئاكامی ریفراندۆم لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ وتووێژی لەسەر بكرێت و دەوڵەتی كوردستان بە شێوەیەكی ئاشتییانە دابمەزرێت.ش