پرۆسەی ریفراندۆم كلیلی سەرەكیی یەكلاكردنەوەی پرسی سەروەریی نەتەوەكانی جیهان
February 11, 2016
راپۆرتەکان
ئەگەر نەخشەكەی سایكس پیكۆ وەك ئەوەی لە ساڵی 1916 داڕێژرابوو، پاشانیش كە وۆرد و ویلسن-ـی سەرۆكی ئەمریكا 14 بەندەكەی بۆ مافی چارەنووسی گەلانی ژێردەستی دەوڵەتی عوسمانی راگەیاند، هەمان نەخشە جێبەجێ بكرایە، ئەوا بەپێی رێككەوتنامەی سیڤەر، كوردیش دەبووە خاوەنی دەوڵەتی خۆی (دەوڵەتێكی كۆڵۆنیاڵی هاوشێوەی دەوڵەتەكانی دیكە) لەم حاڵەتەشدا، وەك چۆن لە شەستەكانی سەدەی رابردوو، نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری كۆتاییهاتنی ئیمپریالیزمی راگەیاند و دەیان دەوڵەت سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند، ئەوا لەو حاڵەتەشدا ئەگەر كوردستان دەوڵەتێكی كۆڵۆنیاڵی بوایە، ئەو كات ئەویش سەربەخۆیی خۆی رادەگەیاند.
بەڵام لە دوای رێككەوتنی لۆزان-ـەوە كە بە فەرمی باشووری كوردستان لكێنرا بە دەوڵەتە تازە درووستكراوەكەی عێراقەوە، لەو كاتەوە هەتا ئێستا، هەلێكی لەباری مێژوویی بۆ كورد هەڵنەكەوتووە كە بتوانێت بەمشێوەیەی ئێستای باس لە مافی چارەنووس و ئەنجامدانی ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بكاتەوە. كەواتە باشترین زەمینە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، قۆستنەوەی ئەو بارودۆخەیە كە رووداوە و شەڕە گەورەكان دەیهێننەئاراوە. هەر بۆ نموونە دەوڵەتێكی وەك ئیتاڵیا لەدوو دەرفەتی مێژووییدا ریفراندۆمی ئەنجامداوە، یەكەمجار دوای شۆڕشی 1848 ی ئەوروپا كە دەوڵەتی ئیتاڵیای راگەیاندووە، دووەمیان دوای شەڕی یەكەمی جیهانی كە بەشەكانی ئیتاڵیای یەكپێگرتووەوە، هەر بۆیە ئەو هەلومەرجەی دوای راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی لە 2011 و دەركەوتنی داعش لە ساڵی 2014، گەورەترین رووداو، شەڕ و گۆڕانكارین كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سووریای بەتایبەتی گرتۆتەوە، لەمەش گرنگتر، چۆن كۆماری توركیای نوێ لە دوای شەڕی یەكەمی جیهانی لەسەر دەستی مستەفا كەمال نەیهێشت وڵاتەكەی ببێتە بەشێك لە رێككەوتنی سایكس پێكۆ، كە لە بنەڕەتدا سایكس پێكۆ بۆ دابەشكردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی ئیمزا كرابوو، پاشانیش توركیا بووە ئەمری واقیعی دوای شەڕی یەكەمی جیهان و هاوپەیمانی دەوڵەتانی رۆژئاوا لە چوارچێوەی پەیمانی ناتۆ-دا، بەهەمان شێوە باشووری كوردستانیش بە رابەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی و قارەمانەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، توانی كوردستان وەك ئەمری واقیع بهێڵێتەوە و نەكەوێتە ژێردەستی تیرۆریستانی داعش، یان بەشێك لە هاوپەیمانیی هیلالی شیعە، یان بەشێك لە هاوپەیمانیی سوننە دژی هیلالی شیعەی ئێرانی، بۆیە ئێستا باشووری كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع لەناو نەخشە ئاڵۆز و سەقەتەكەی سایكس پێكۆی وەك ئاكامی شەڕی یەكەمی جیهانی، واقیعێكی تازەی درووستكردووە، ئەم واقیعە تازەیە پێویستی بەوەیە لە باشووری كوردستان پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامبدرێت. ئەم ریفراندۆمە نەك بۆ ئەوەی ئاكامەكەی مولزەم بێت بە مانای (binding referendum)، بەڵكو وەك سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە، ئاكامی ئەم ریفراندۆمە دەبێتە دیكۆمێنێتك بەدەست كوردەوە، واتە ( (non-binding referendum بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای ئەم دیكۆمێنتە وتووێژ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكرێت، لەبنەڕەتیشدا فەلسەفەی ریفراندۆم بۆ ئەوەیە رای تاكەكانی نەتەوە وەربگیرێت، پێش ئەوەی دەستكاری جوگرافیا و سەروەریی دەوڵەتی ئێستا بكرێت.
شەڕ و رووداوی گەورە
زەمینەیە بۆ ریفراندۆمی سەروەری
پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت جیاوازە لەگەڵ پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەتدا. لەوانەیە لەناو ئەدەبیاتی سیاسیی جیهانی هاوچەرخدا بە هەزاران سەرچاوە و لێكۆڵینەوە لەسەر پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەتی هاوچەرخ لەناو چوارچێوەی دەوڵەتە لەرزۆك و فاشیلەكاندا دەستبكەوێت، بەڵام لەوانەیە بەناو هەموو (Google) پشكنین بكەین، تەنیا لاپەڕەیەكت دەست ناكەوێت باس لە چۆنیەتی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتێكی تازە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بكات، بێجگە لەو چەند سەرچاوە كەمەی كە بەهەوڵی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەی جیهانی، تویژینەوەیان لەسەر كراوە. هەر بۆ نموونە وەك كتێبی (ئایندەی كوردستان لە عێراقدا)، هەروەها دیراسەتی (بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراقدا)، ئەم حاڵەتە تایبەتەی كوردستانی عێراق، تەواو هاوشێوەی حاڵەتی بونیادنانی دەوڵەتی سەنگافورا-یە، لی كوان یۆی سەرۆكی پێشووی سەنگافورا لە یاداشتەكانی خۆیدا نووسیویەتی: «كاتی سەربەخۆیی سەنگافورا (لەبەر ئەوەی مالیزیا بڕیاری دا سنگافورا لە خۆی جیابكاتەوە)، تەنیا لاپەڕەیەكم دەست نەكەوت، كە فێرم بكات چۆن لە جوگرافیایەكی هاوشێوەی سەنگافورا دەوڵەتێك درووست بكەم، بۆیە ناچاربووم خۆم كتێبی بونیادنانی دەوڵەتی سەنگافورا بنووسمەوە». لە ئێستاشدا سەرۆك بارزانی هیچ سەرچاوەیەكی لەبەر دەست نییە، بۆیە خۆی بە ناچاری كتێبی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان دەنووسێتەوە.
كەواتە ئەم واقیعە پێمان دەڵێت، لەسەر ئاستی سیاسەتی نیودەوڵەتی و هەرێمایەتیی ئێستای جیهان، هەروەها لەسەر ئاستی تەواوی ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی جیهان، نەخشەڕێگەیەكی ئامادەكراو بۆ بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان لە بەردەست نییە، بۆیە ئەوەی ئەركی سەرشانی سەرۆك مسعود بارزانی لەم پرۆسەیەدا قورستر كردووە، درووستكردنی ئەو نەخشەڕێگەیە كە دەبێت خۆی درووستی بكات. درووستكردنی نەخشەی رێگەش بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی تازە، زۆر جیاوازە لە نەخشەی رێگە بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەتێكی هاوچەرخ لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتە كۆنەكەدا. ئەمە مانای ئەوەیە پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت، گۆڕانكاری لە جوگرافیا و نەخشەی سیاسی ناوچەكە دروست ناكات، بەڵام پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی تازەی كوردستان، هەم گۆڕانكاری جوگرافی و هەم گۆڕانكاری لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهانی درووست دەكات. ئەوجا لەبەر ئەوەی نەخشەی رێگە بۆ بونیادنانی دەوڵەتی تازەی كوردستان تەنیا سەرچاوەكەی لای سەرۆك بارزانی-یە، بەو سەرچاوە ئەكادیمییانەشەوە كە بۆ درووستكردنی ئەم نەخشەی رێگەیە پەنای بۆ براوە، ئەوا زۆر ئاساییە سیاسەتمەداری لۆكاڵی كوردستان، هەر هێندەی خۆی ئەقڵی پێدەشكێت، لە بایەخ و گرنگی و وردەكاری ئەو نەخشەی رێگەیەی دەوڵەتی كوردستان تێبگات، كە سەرۆك بارزانی شەو و رۆژ و تەواوی ژیانی خۆی بۆ تەرخانكردووە.
لەناو ئەو نەخشەڕێگەیەی سەرۆك بارزانی هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەدات، دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆتە پرۆسەیەكی بەردەوام و لەسەرخۆ بۆ ئەوەی هەموو ئەو قۆناخانە ببڕێت كە لە نەخشەی رێگەكە دەستنیشانكراوە، لەمەش زیاتر پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە ناو نەخشەڕێگەكەی بارزانی-دا، پرۆسەیەكی ئاشتیخوازانەیە و لە میانەی وتووێژی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، یەكەمجار لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پاشان دەوڵەتانی دەوروبەر و دواتر لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدایك دەبێت. بە دیوێكی دیكەدا پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان لای بارزانی، واتە درووستكردنی ئەمری واقیعی ئەو دەوڵەتە، درووستكردنی پاڵپشتی یاسایی بۆ ئەو دەوڵەتە، ئینجا وتووێژكردن بۆ ئیقناع پێكردنی لایەنە پێوەندیدارەكان بە دانپێدانان بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا.
سەبارەت بەم لایەنە دیارە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەكان بە یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكاوە، هەتا ئێستاش سوورن لەسەر ئەوەی كە نەخشەی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سووریا هەر وەك خۆی بمێنێتەوە، باشترین نموونەش ئەو هەوڵانەیە كە بۆ چارەسەری كێشەی سووریا لە میانەی كۆبوونەوەكانی (ژنێف 1و2و3) خراونەتەگەڕ و لەیەك كاتدا سعودیە و ئێران و هەروەها رووسیا و ئەمریكای لەسەر یەك مێزی دانوستاندن كۆكردۆتەوە، بەڵام گرنگیی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی ئەوەیە لە ناو ئەم كۆدەنگییەی جیهان لەسەر مانەوەی نەخشەی سایكس پیكۆ و دەوڵەتانی ناوچەكە وەك خۆی، توانیویەتی وتووێژكردن لەسەر درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان بكاتە پرسێكی جیهانیی ئەوتۆ كە هەموو لایەك ئامادەبن وتووێژی لەسەر بكەن، لەمەش گرنگتر سەرۆك بارزانی ئەم پرسەی بردۆتە ناو وتووێژەكانی كوشكی سپی و راستەوخۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستانی باسكردووە، ئەمە لە كاتێكدایە هەتا ئێستاش سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، هەروەها سیاسەتی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا بە شێوەیەكی فەرمی بەرامبەر بە عێراق هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا زۆر ئاساییە كاتێك لەسەر ئاستی فەرمی دیپلۆماتەكانی ئەوروپا و ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەوەی ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقن و ئێستا كاتی بڕیاردانی سەربەخۆیی كوردستان نییە، ئەمە شتێكە و ئەوانەی كە لە پرسی سیاسەتی ئەمڕۆی نێودەوڵەتی تێدەگەن، دەزانن بێجگە لە دەربڕینێكی نەریتی دیپلۆماتییانە شتێكی دیكە نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخ و هەڵوەستەكردنە، ترس و دڵەڕاوكێی عێراق و دەوڵەتانی ئیقلیمی ناوچەكەیە كە تێدەگەن پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان گەیشتۆتە چ قۆناخێك، بۆیە هەر كاتێك باسی دەوڵەتی كوردستان دەكرێت، ئەوان شێتگیر دەبن و خۆیان پێ كۆنتڕۆڵ ناكرێت. ئەمە مانای ئەوەیە دەوڵەتانی ئیقلیمی و تەنانەت عێراقیش لەو راستییە تێگەیشتوون، ئەگەر قۆناخ بە قۆناخ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی وەك ئەوەی نەخشەی بۆ كێشاوە بەڕێوەبچێت، ئەوا دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان حەتمییە، ئەم حاڵەتەی ئێستای دەوڵەتانی ئیقلیمی سەیری واقیعی ناوچەكە و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی پێدەكەن، تەواو تەواو لەو كاتەی گۆرباچۆف دەچێت كە لە ساڵی 1991 سەیری ئایندەی یەكێتی سوڤیەتی پێشانی پێدەكرد، گۆرباچۆف بۆ رێگرتن لە هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت بڕیاری دا ریفراندۆم بۆ یەكپارچەیی یەكیتی سۆڤیەت بكات، بەڵام ئەو هەنگاوەی گۆرباچۆف نەك هەر نەیتوانی یەكێتی سۆڤیەت بپارێزێت، بەڵكو جیا لەوەی یەكێتی سۆڤیەت لەبەریەك هەڵوەشا، لەهەمانكاتدا دەرگای كردەوە بۆ زنجیرەیەك ریفراندۆم كە هەموو كۆمارەكانی یەكێتی پێشوو سەربەخۆییان وەرگرت. ئێستا ئەو هەوڵانەی عێراق و هەندێك لە دەوڵەتانی ئیقلیمی بۆ ئاستەنگ درووستكردن بۆ دەوڵەتی كوردستان هەڵیدەگرن، خۆی دەبێتە دەرگایەك بۆ ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان زووتر دەست پێبكات.
جۆرەكانی ریفراندۆم و ئامانج لە ئەنجامدانیان
ریفراندۆم لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتادا بۆ یەكلاكردنەوەی سەروەریی نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوەیی دەركەتووە، بەڵام لە مێژوودا بۆ چەندین مەبەستی دیكەش پەنای بۆ براوە. هەربۆیە ئەوەی پەیوەست بێت بەو ریفراندۆمانەی بە درێژایی مێژوو و تا رۆژگاری ئێستا ئەنجام دراون، ئەوا دەكرێت ئاماژە بە هەشت كۆمەڵە ریفراندۆم بكرێت:
1. شۆڕشی فەڕەنسی: دەكرێت ئاماژە بە 13 ریفراندۆم بكرێت كە پەیوەستن بە شۆڕشی فەڕەنسییەوە و لە نێوان ساڵانی 1791 و 1799دا ئەنجام دراون. ئەوەی ئاشكرایە، ئەم ریفراندۆمانە لە رووی جوگرافییەوە لە ئەوروپا و لە نزیك فەڕەنسا روویانداوە. یەكەم ریفراندۆم- كە زۆر ئاماژەی پێدەكرێت- بریتیە لە ریفراندۆمی ئەفینیون و كۆمتا ڤەنیسا لە ساڵی 1971، كە ئەمەی دوایین بووە بەشێك لە فەڕەنسا. كەیسی ئەفینیون وەك یەكەم ریفراندۆم پەیوەست بە سەروەرییەوە باسی لێوەدەكرێت. (ئەگەرچی بە تێڕوانینی ئێمە یەكەم ریفراندۆم پەیوەست بە سەروەرییەوە لە ئەمەریكادا ئەنجام دراوە، كە دواتر لە كۆمەڵەی 6دا ئاماژەی پێدەكەین). زۆرێك لەم ریفراندۆمانە، ریفراندۆمی گواستنەوە بوون، بەو مانایەی ئاڵوگۆڕی سەروەری تەقلیدی (دەسەڵاتی رەها بەسەر خاكەوە) لەخۆدەگرت لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی دیكە، بۆ نموونە، بۆ فەڕەنسا. لۆجێكی سەرەكی ئەم جۆرە ریفراندۆمە ئاوێتەكردن بوو، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی سەرەكی ئاڵوگۆڕی دڵسۆزی و چاوەڕوانییەكیان بە ئاڕاستەی سەنتەری نوێ (كە لەم كەیسانەدا بە ئاڕاستەی فەڕەنسا بوون) لەخۆدەگرت.
2. بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە ئەوروپا. لە ناوەڕاست سەدەی نۆزدەدا چەند ریفراندۆمەك بەڕێوەچوون كە ئامانج لێیان بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو، ئەوانەش بوونە ساتەوەختی درووستكردنی دەوڵەت لە سویسڕا و ئیتاڵیا لە كۆتایی چلەكان و حەفتاكانی سەدەی نۆزدەدا. ساتەوەختی دامەزراندنی كۆنفیدراسیۆنی سویسڕا بە رەوتێكی خێرا بەڕێوەچوو، كە دوای شەڕی ناوخۆیی هاتەئاراوە و بە هۆی زنجیرەیەك ریفراندۆمەوە لە ساڵی 1848دا بەڕێوەچوو، بەڵام یەكگرتنەوەی ئیتاڵیا پرۆسەیەكی درێژخایەنتر بوو. لە كۆی 43 ریفراندۆم كە لە سەروەختی درووستكردنی دەوڵەتدا ئەنجام دران 22یان پەیوەست بوون بە كەیسی سویسڕاوە و 21یان پەیوەست بوون بە درووستكردنی ئیتاڵیای مۆدێڕنەوە.
3. جەنگی یەكەمی جیهانی. 26 ریفراندۆم ئەنجامدران كە پەیوەست بوون بە دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكانەوە لە دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانییەوە. پێویستە ئەم ریفراندۆمانە لە سیاقی دوای ڤیرسای و راگەیاندنە بەناوبانگەكەی بنەماكەی سەرۆكی ئەمەریكا -ویلسۆن - لەبارەی مافی بڕیاردانی چارەنووسەوە، لێیان بڕوانرێت.
4. رۆژگاری دوای جەنگی دووەمی جیهانی و هەڵوەشاندنەوەی كۆڵۆنیاڵیزم. ئەم سەردەمە ئەنجامدانی ژمارەیەكی زۆری ریفراندۆمی بەخۆوە بینی، بە تێكڕای 143 ریفراندۆم، كە بەراورد بە ریفراندۆمەكانی پێشوو، پتر هەمەڕەنگتر بوون، زۆربەی ئەم ریفراندۆمانەش لە ئەفریقیا و ئاسیا و ئەمەریكای لاتیندا ئەنجام دران. بەپێچەوانەی ریفراندۆمەكانی دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە، كە بوونە هۆی گۆڕانكاری لە سنوورەكان و زۆربەیان لە چوارچێوەی ئەوروپادا بەڕێوەچوون، ئەوا گۆڕانكاری لە سنوورەكاندا لە رۆژگاری دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا پتر دیاردەیەكی جیهانی بوو. ئەم ریفراندۆمانە پتر گرێدرابوون بە پرسی سەربەخۆییەوە كە لە موستەعەمەرە ئەوروپیەكانی پێشوودا ئەنجام دران.
5. لەبەریەك هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت و رۆژگاری دواتر. لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت، شەپۆلێكی ریفراندۆمی پەیوەست بە سەربەخۆییەوە لە نێوان ساڵانی 1990 و 1993 دەستی پێكرد، ئەمەش زۆربەی كۆمارەكانی پێشووی ئەو یەكێتیەكەی لە خۆگرت، وەك: جۆرجیا، ئەرمینیا، ئۆزبەكستان، ئۆكڕانیا و توركمانستان، بە هەمان شێوە وڵاتانی بەڵتیكیشی گرتەوە، وەك ئیستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا. لە ترۆپكی داڕووخانیدا سەرۆك گۆرباچۆڤ ریفراندۆمێكی رێكخست لە بارەی پاراستنی یەكێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991دا. كاریگەری داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت بە زەقی لە بەلقان هەستی پێكرا، كە ریفراندۆم لە كۆمارەكانی یۆگسلافیادا ئەنجام درا وەك سلۆڤینیا، كرواتیا، مەقەدۆنیا، بۆسنیا- هێرزۆگوڤینیا، مۆنتینیگرۆ و كۆسۆڤۆ (ئەگەرچی ئەمەی دواییان كۆمار نەبوو).
6. درووستبوونی ئەمریكا. بەلای ئێمەوە یەكەم ریفراندۆم لە ئەمەریكا ئەنجام درا، ریفراندۆمی ماساشوسێتس لە ساڵی 1776دا لە بارەی راگەیاندنی سەربەخۆییەوە. ئەمە یەكەم ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو كە پێوەندی هەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی كۆلۆنیاڵیزمەوە. هەرچۆنێك بێت، ئەمە تەنیا ریفراندۆمێك بوو كە لەسەر خاكی ئەمەریكا ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی پێشتر هیچ ریفراندۆمێكی دیكە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام نەدرابوو.
7. سەروو نەتەوەیی. ئەم ریفراندۆمانەش سەرجەمیان گرێدارون بەوەی پێی دەوترێت: “pooling of sovereignty” كە پەیوەستن بە پرسی چوونە نێو یەكێتیەكی گەورەتر، یان دەستهەڵگرتن لە هەندێ دەسەڵات، بۆ قەوارەیەكی سەروو نەتەوەیی. ئەمانە لۆجێكی ئاوێتەكردن لەخۆدەگرن لەبەر ئەوەی هەمیشە ئەو سەروەرییەی دەستی لێهەڵدەگیرێت، تێكڕای سەرەوەری لە خۆناگرێت، لەبەر ئەوەی سەروەری یاسایی و نێودەوڵەتی لە دەستی دەوڵەتە ئەندامەكانیدایە.
8. دابەزاندن و جیابوونەوە. بە هەمان شێوە دەكرێت، ریفراندۆم ئەنجام بدرێت كە پرۆسەی بونیادی لەخۆبگرێت و پەیوەست بێت بە داینامیكیەتی خۆبەڕێوبەری و مافی بڕیاردانی چارەنووسەوە، ئەوانەشی كە لە كۆتایی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی بیستەوە بە دواوە ئەنجام دران، بەم چەشنە ریفراندۆمانە هەژمار دەكرێن. بۆ ئەوەی وردبین، ئەوا پێشتریش ریفراندۆمی پەیوەست بە ئۆتۆنۆمی و جیابوونەوە ئەنجام درابوون. بۆ نموونە، پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی ئیسپانیا، گالیسیا و هەرێمی باسك لە ناوەڕاستی ساڵانی سییەكاندا ریفراندۆم لەبارەی ئۆتۆنۆمییەوە ئەنجام دران، یاخود هەوڵی شكستخواردووی جیابوونەوە روویاندا لە ساڵی 1933دا لە ئوستڕاڵیای رۆژئاواو. بە كورتی، ئەم جۆرە ریفراندۆمە بە درێژایی رۆژگارەكان ئەنجام دراون، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت لە ساڵانی حەفتاكاندا بەرەو هەڵكشان چوون. لە ئێسپانیا و لە ساڵی 1979دا، هەرێمی باسك، هەروەها كەتەلۆنیا ریفراندۆمیان ئەنجامدا بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی زیاتر (ساڵی دواتر گالیسیاش ریفراندۆمی ئەنجام دا). لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكاندا، پرسی دابەزاندنی دەسەڵات لەوپەڕی گوڕوتیندا بوو كە لە ساڵی 1997دا وێڵز و سكۆتلەندا ریفراندۆمیان ئەنجام دا و لە ساڵانی 2000دا داینامیكیەتی بە نامەركەزیكردن بووە پرۆسەیەكی باڵادەست لە ئەمریكای لاتین، بەتایبەتی لە بۆلیڤیا. هەروەها دەكرێت هاوشان بەم ریفراندۆمە، ریفراندۆمەكانی پەیوەست بە بەدەستهێنانی سەربەخۆییەوە پۆلێن بكەین. خواستی بەدەستهێنانی سەروەری تەقلیدی بە سەركەوتوویی كۆتایی هات لە چەند حاڵەتێكیدا، وەك جیابوونەوەی ئەریتریا لە ئەسیوبیا لە ساڵی 1993دا، جیابوونەوەی تەیموری رۆژهەڵات لە ئەندەنوسیا لە ساڵی 1999 و جیابوونەوەی سوودانی باشوور لە سوودان لە ساڵی 2011. هەروەها هەوڵە سەرنەكەوتووەكانیش كەیسی بەناوبانگی هەردوو ریفراندۆمەكەی كیوبیەكە لەبارەی سەربەخۆییەوە كە لە 1980 و 1995دا ئەنجام دران.
ئاكامی ریفراندۆم و
چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ كردنی
گرنگترین هەنگاو لە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە و ئەو بژاردانەیە كە دەخرێنە بەردەم دەنگدەری كوردستان، هەروەها ئەو ژینگە سیاسییەیە كە پرۆسەكەی تێدا بەڕێوەدەچێت، بۆیە زۆر گرنگە لە شێوازی ئەو بژاردانەی لە فورمی ریفراندۆمەكەدا دەخرێتە بەردەستی دەنگدەر، پێویستە بژاردەكان زۆر بە سادەیی نووسرابن، هەروەها گرنگە ریفراندۆم بۆ سەروەریی نەتەوەیی، تێكەڵاوی ریفراندۆم بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان نەكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چەند فۆرمی ریفراندۆم سادە بێت و بژاردەكانی سەر فۆرمەكە ئاسان بن، هێندە پرۆسەكە سەركەوتووتر دەبێت، لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە بۆ پرۆسەی ریفراندۆم، رێگرتنە لە تێكدانی ژینگەی سیاسی و ساردكردنەوەی حەماسی جەماوەری بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم.
سەبارەت بە خاڵی یەكەمیان كە تایبەتە بە بژاردەكانی سەر فۆرمی ریفراندۆمەكە، باشترە لە ئێستاوە هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بخرێنەگەڕ كە ریفراندۆم بۆ سەروەریی نەتەوەیی، ریفراندۆمێكی تایبەت و سەربەخۆ بێت و ئەو پرسە شتی دیكەی تێكەڵاو نەكرێت، لەوانەیە هەندێك لە سیاسەتمەدارە لۆكاڵەكانی كوردستان بۆ بازاڕگەرمی و قۆستنەوەی پرۆسەكە بۆ موزایەدەی سیاسی حزبی، هەوڵی زۆر بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی پرۆسەكە ئاڵۆز بكەن، یان لەگەڵ پرسی دیكە بە بیانووی جۆراوجۆر تێكەڵاوی بكەن، بۆیە پرۆسەكە چەند سادە و سەربەخۆ بێت، هێندە ئاكامەكەی ئەرێنیتر دەبێت، دواتریش باشتر دەتوانرێت وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و دەستكەوتی لەسەر كۆبكرێتەوە، سەبارەت بە خاڵی دووەمیشیان كە لە ئێستاوە هەندێك لایەنی سیاسی لە هەوڵی ئەوەدان، ژینگە سیاسییەكە ئاڵۆز بكەن، یان بە بیانووی جۆراوجۆر ریژەی بەشداری خەڵك لەم پرۆسەیە كەم بكەنەوە، وەك ئەوەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی راشكاوانە بانگەشەی بۆ دەكات، كە گوایە زەمینە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبار نییە، ئەوا پێویستە لە ئێستاوە هەڵمەتێكی چڕی هۆشیاركردنەوە سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و شێوازەكانی و پاشان چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاكامەكانی دەست پێبكرێت، لەمەش گرنگتر، ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان لەو راستییە تێبگەن، كە زەمینەی ئاڵۆز و وەرچەرخان و شەڕی گەورە، زەمینە بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی سەروەریی نەتەوەیی دەڕەخسێنێت، بەپێچەوانە هیچ نەتەوەیەك نەیتوانیوە زەمینە بۆ ریفراندۆمی سەروەریی نەتەوەیی بڕەخسێنێت، ئەگەر وەرچەرخان، یان رووداو، یان شەڕێكی گەورە ئەو زەمینەی نەڕەخساندبێت.
«سەروەریی دەوڵەت بە مانا هۆبز-ییەكەی، یان لە چوارچێوەی رێككەوتنی ویستیفالیا بۆ پێناسەكردنی سەروەریی دەوڵەت، لە بنەڕەتدا بریتی بووە لە سەروەریی رەها، ئەمەش بەو مانایەی هیچ دەوڵەتێك مافی ئەوەی نەبووە دەست لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتێكی دیكە وەربدات و هەر دەستێوەردانێك لە پێشێلكردنی سەروەریی دەوڵەتەكە لە قەڵەم دراوە. هەر بۆیە لەگەڵ دەركەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و مافی نەتەوەكان بۆ بڕیاردانی چارەنووس، زۆربەی دەوڵەتەكان پەنایان بۆ ریفراندۆم بردووە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی نەتەوەكەیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆدا. ئەم پرۆسەیە بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1776 لە ویلایەتی ماساشوسێتس ئەنجامدراوە كە ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی كرد، بەڵام لە دوای شۆڕشی فەرەنساوە، پرۆسەی ریفراندۆم بۆتە دیاردەیەكی باو بۆ چارەسەری پرسی سەروەریی دەوڵەتان لە ئەوروپادا.
پرۆسەی ریفراندۆم قۆناخ و شێوازی جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە، زیاتر لەو قۆناخە ئەنجامدراوە كە جیهان گۆڕانكاری گەورەی بەخۆەوە بینیوە، وەك شۆڕشی ساڵی 1848 كە بە بەهاری نەتەوەكانی ئەوروپا ناوزەد كراوە، لە ماوەی ساڵانی 1848- 1870، لەو ماوەیەدا 43 جار لە ئەوروپا ریفراندۆم ئەنجامدراوە كە 22یان بۆ دامەزراندنی كۆنفدراسیۆنی سیویسڕا بووە، 21یشیان بۆ یەكگرتنەوەی ئیتاڵیا بووە. لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی و لە چوارچێوەی پەیمانی ئاشتی ڤێرسایی و لەبەر رۆشنایی 14 بەندەكەی وۆردۆ ویلسن بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەكان 26 ریفراندۆم ئەنجامدراوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سنووری نێوان نەتەوەكان، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیشەوە و بەتایبەتی دوای راگەیاندنی كۆتاییهاتنی ئیمپریالیزم 143 ریفراندۆم ئەنجامدراوە، بەشی هەرە زۆری ئەم پرۆسەیە بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی دەوڵەت ئەنجامدراون، لەدوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤێتیشەوە بەدەیان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدراون، لەوانە هەموو كۆمارەكانی یەكیتی سۆڤیەتی پێشوو، كۆمارەكانی یوگسلافیای پێشوو، ئیستۆنیا، لاتیفیا، لیتوانیا، ئەم پرۆسەیە بۆ سەربەخۆیی نەتەوەكان بەردەوام بووە، لە ساڵی 1999 تیموری رۆژهەڵات، لە 2006 مونتینگرۆ، كۆسۆڤۆ كە 20 ساڵ پێش بڕیاری سەربەخۆیی ریفراندۆمی ئەنجامدابوو لە 2008 سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، لە 2011 باشووری سوودان، ئەمە بیجگە لە سكۆتلەندا و كوبیك كە هەر یەكەیان دووجار بۆ سەربەخۆیی ریفراندۆمیان ئەنجامداوە.»
توێژینەوەی: كێشە لەسەر سەروەری: نەخشەی ریفراندۆم سەبارەت بە دووبارە دابەشكردنەوەی سەروەری لە كات و سەردەمی جیاوازدا
نووسینی: میكا جێرمان و فیرناندۆ مێندز لە زانكۆی زویرخ
ریفراندۆم ئامرازێك بۆ شهرعیيهتدان
به دووباره داڕشتنهوهی سنوورهكان
لە ئێستادا ئەنجامدانی ریفراندۆم زیاتر وەك ئامرازێك بەكاردەهێندرێت بۆ شەرعییەتدان بە دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكان و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی دەسەڵاتە سیاسییەكان. هەروەها بە شێوەیەكی روولەزیاد رۆڵێكی باڵا دەبینێت لە بنەڕەتیترین پرسە سیاسییەكاندا كە پەیوەستن بە دیاریكردنی سروشت و سنووری خاكی هەر وڵاتێك، تەنانەت ریفراندۆم بووەتە رێگایەك بۆ شەرعییەتدان بە دروستبوونی دەوڵەتانی نوێی وەك تەیموری رۆژهەڵات و سوودانی باشوور. ئەگەر باس لە ریفراندۆم پەیوەست بە سەروەریشەوە “sovereignty referendum” بكرێت، ئەوا دەكرێت لە سێ رووەوە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت.
یەكەم: ئەو هەل و مەرجەی تێیدا ریفراندۆم پەیوەست بە سەروەرییەوە ئەنجام دەدرێت، كە پتر تەركیز لەسەر جۆرێكی دیاریكراوی ئەم جۆرە ریفراندۆمە دەكرێت، یان لە سیاقێكی هەرێمی، یان نەتەوەیی دیاریكراودا بەڕێوەدەچێت. بۆ نموونە، ئەو ریفراندۆمەی یەكلایەنە ئەنجام درا لە هەرێمی كەتەلۆنیا لەبارەی سەربەخۆییەوە، یان ئەوەی راستەوخۆ لە سیاقی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد ئەنجام درا.
دووەم: پەیوەستە بە نەخشەی ریفراندۆمەوە كە جەخت لەسەر كەیسێك دەكاتەوە لە سیاقی دابەشبووندا، وەك جیابوونەوەی جورا لە كانتۆنی بەرنەی سویسری (كە زنجیرەیەك دەنگدانی یەك لە دوای یەكیان ئەنجامدا).
سێیەم: پێوەندیدارە بە دەرئەنجام و دەرهاویشتەی ریفراندۆم پەیوەست بە سەروەرییەوە، واتە لێرەدا پرسیارە بنەڕەتییەكە ئەوەیە ئایا ریفراندۆمەكە گونجاوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكە.
هاوكات دەكرێت شەش جۆرێ ریفراندۆم پەیوەست بە سەروەرییەوە دەستیشان بكرێت.
1. ریفراندۆم پێوەندیدار بە سەربەخۆیی دەوڵەتە نەتەوەییەكانەوە.
2. ریفراندۆم بە ئامانجی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ناوچەناكۆكی لەسەرەكان.
3. ریفراندۆم بۆ بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی موستەعمەرەیەكەوە.
4. ریفراندۆم بۆ گواستنەوەی سەروەری بۆ یەكەیەكی خوارنەتەوەیی(شۆڕكردنەوە)، یان یەكەیەكی سەروو نەتەوەیی.
5. ریفراندۆم بۆ ئاسانكاریكردن بۆ جیابوونەوە، یان دەستهەڵگرتن لە خاك.
6. ریفراندۆم بە ئامانجی ئەوەی خاكی زیاتر بخرێتەسەر سنووری وڵاتەكە.
لە راستیدا دەكرێت بوترێت سەرجەم ریفراندۆمەكان توخمێكی سەروەرییان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە (بەلای كەمەوە كاتێك پابەندكار دەبن)، لەبەر ئەوە راوێژكردن بە خەڵك لەسەر ئەو بیرۆكەیە بنیادنراوە كە ئەوان، واتە خەڵك، سەرچاوەی باڵای دەسەڵاتن لە هەر پرسێكی دیاریكراودا. هەروەها لەبەر ئەوەی ریفراندۆم میكانیزمێكی دامەزراوەییە بۆ مومارەسەكردنی (سەروەری) لەلایەن خەڵكەوە، ئەوا دەكرێت بڵێین سەرجەم ریفراندۆمە (پابەندكارەكان) وەك ریفراندۆمی پەیوەست بە سەروەرییەوە لێكبدرێنەوە.
توێژینهوهی: ریفراندۆمی سهروهری له كات و سهردهمی جیاوازدا – زانكۆی زیوریخ
باشووری سوودان
سازشكردنی لهسهر سهربهخۆیی كرده هێڵی سوور
ريفراندۆمەكەی سوودانی باشوور بۆ مومارەسەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس بەردی بناغە و دەرئەنجامی رێككەوتنی ئاشتی سەرتاسەری بوو، رەنگە بتوانین بڵێین بۆ باشووریيەكان تاكە بەشی رێككەوتنەكە بوو كە بەلایانەوە گفتوگۆهەڵنەگر بێت.
رێككەوتنی ئاشتی سەرتاسەری كۆتایی بە دووەمین كاولكارترین شەڕی ناوخۆیی سوودان هێنا و دەرئەنجامی دیپلۆماسیەتێكی چڕ و پڕی كاراكتەرە نێودەوڵەتیيەكان(كە بە ترویكا ناوزەد دەكرا) بوو كە ماوەیەكی زۆر بوو بەشداربوون لە هەوڵەكانی چارەسەركردنی ناكۆكیيەكە لە سوودان - ئەمەریكا و بەریتانیا – نەرویج، بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی هەرێمایەتی رۆژهەڵاتی ئەفریقیا.
ئەو شەڕە ناوخۆییانەی لە سوودان هەڵدەگیرسان، بۆ چەند هۆكارێكی ئاڵۆز دەگەڕانەوە، بەڵام گەوهەریترین هۆكاریان پەیوەست بوون بە هەستی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە و بوون بە هاووڵاتی پلە دووەوە كە باشووريیەكان هەستیان پێدەكرد، ئەو باشووريیانەی تووڕەییەكی قووڵیان هەبوو لە ئاست باڵادەستيی سیاسی و ئابووری نوخبەی باكووری وڵاتەكەوە، هەروەها لە ئاست ئەو توندوتیژيیەی كە ئەنجامیان دەدا.
سەرچاوە: 2011 Referendum Learning from Sudan’s
نووسینی: Jon Temin and Lawrence Woocher