شەڕ و تەنگژە.. مێژووی رۆژە سەختەكانی نەتەوە دەنووسێتەوە و كاریزمای سەرۆك دەخاتەڕوو ئەركە مەحاڵەكانی سەرۆك .. لەكاتی بەڕێوەبردنی شەڕ و تەنگژەدا
January 21, 2016
راپۆرتەکان
توێژینەوەی: «سەركردە جەماوەرییەكان لەكاتی تەنگژەدا: ئەركە مەحاڵەكان»
نووسینی: پڕۆفیسۆر ئیرژین بۆێن لە زانكۆی لیدن . پڕۆفیسۆر پاول هارت لە زانكۆی ئۆترێخت لە هۆڵەندا
بڕیاڕی بوێرانەی سەرۆك
لە دووڕیانی مێژووی نادیاری نەتەوەدا
كاتێك نەتەوە دەكەوێتە دووڕیانی مێژوویەكی نادیارەوە، ئەوە سەرۆكی لێهاتوو و خاوەن بڕیاری سەخت و بوێرانەیە ئاراستەی مێژووی نەتەوە لە ئاراستەی ملكەچبوون و خۆبەدەستەوەدان و قبووڵكردنی ئەمری واقیعی تەنگژەوە دەگۆرێت بۆ بەرپەرچدانەوە و رەتكردنەوەی ئەو واقیعە سەپێندراوە و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو نووسینەوەی مێژوویەك بۆ نەتەوەكەی كە بەرجەستەیی ئیرادەی نەتەوە دەخاتەڕوو، لەم هاوكێشە هەستیار و ئاڵۆزەی كە لە قۆناخێكی هەستیار و نادیاری نەتەوەدا رووبەڕووی سەرۆكی ئەو نەتەوەیە لە قۆناخێكی مێژوویی دیاریكراودا دەبێتەوە، سەرۆكی نەتەوە ئەركەكانی وەك شێوە مەحاڵێك دەردەكەون، زۆر جاران لە دەوڵەتانی دیموكراتیدا، لە نێوان تێڕوانینی سەرپێی پەرلەمان و بیركردنەوەی قووڵی سەرۆك بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵە و هەنگاو هەڵگرتن جێبەجێكردنی ئەو ئەركە مەحاڵە جۆرێك لە جیاوازی و تەنانەت كێشەش درووست دەبێت. هۆكاری درووستبوونی ئەم جیاوزی و پێكنەگەیشتنە لە نێوان بیركردنەوەی سەرۆك و شێوازی موناقەشەكردن و بڕیاردانی پەرلەماندا، لە باشترین حاڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لەبیركردنەوە و تێڕوانینی سەرۆك بۆ ئایندەی نەتەوە تەنیا یەك رێگەچارەی شێوە مەحاڵ هەیە بۆ رزگاركردنی نەتەوە، بەڵام لەناو وتووێژەكانی پەرلەماندا بژاردەی جیاواز دێنە پێشەوە، كە زۆر جاران هێندەی رەنگدانەوەی بیركردنەوەیە لە بەرژەوەندی حزبی، هێندە بیركردنەوە نییە لە بەرژەوەندی گشتی و ئایندەی نەتەوە، هەربۆیە هاوكێشە گرنگەكەی: (پاراستنی نەتەوە، ئامادەكردنی نەتەوە، وەڵامدانەوەی هەڕەشە و تەحەدییەكان، بونیادنانەوەی ئایندەی نەتەوە) لە دیدی حزبە سیاسییەكاندا دەگۆڕێت بۆ هاوكێشەیەكی دیكەی حزبی كە بریتی دەبێت لە: (پاراستنی حزب لە داكشانی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا، ئامادەكردنی حزب بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، وەڵامدانەوەی حزب بۆ سواڵكردنی دەنگ، بیركردنەوە لە ئایندەی حزب، نەك نەتەوە). هەروەها لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی و خەبات بۆ رزگاربوون لە داگیركاری بەتایبەتی ئەگەر بزاڤی نەتەوە نەگەیشتبێتە ئەوەی خاوەنی پەرلەمانی خۆی بێت، ئەوا دیسان كێشمەكێشی حزبە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی كاریزمای ئەو قۆناخە دەگاتە ئاستی ئەوەی سەرۆك ناچار بێت بڕیاری قورسی خۆی بدات و لەهەمانكاتدا هەوڵەكانیشی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی رایەكی گشتی لەسەر مەترسیی ئەو قۆناخە بە پشتبەستن بە گەل درووست بكات.
لە مێژووی مرۆڤایەتی و مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، هیچ سەرۆكێكی كاریزما نییە، رووبەڕووی ئەم ئاستەنگ و كێشە و لێكتێنەگەیشتنە ناوخۆیانە نەبووبێتەوە، هەر ئەمەش وایكردووە زۆر لە سەرۆكەكان لەو قۆناخە سەخت و مێژوویی و چارەنووسسازانەدا، هەوڵیانداوە گەلەكانیان لە بازنەیەكی گەورەتر لە بازنەی حزب كۆبكەنەوە، یان راستەوخۆ پەنا بۆ ئیرادەی گەلەكەیان بەرن بۆ ئەوەی ئاستی بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی تێپەڕێنن و حزبەكان ناچار بكەن لە ژێر گوشاری ئیدارەی گەلدا واز لە بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی بهێنن.
لەم رووەوە ئەگەر سەیری رۆڵی جۆرج واشنتۆن بكەین لە سەركردایەتی شۆڕشی ئەمریكا بۆ سەربەخۆیی، دەبینین هەموو ئیرادەی گەلی ئەمریكای لە چوارچێوەی پرەنسیپێكدا كۆكردەوە، كە دەڵێت: «كە نوێنەرایەتی نەبێت، باجدانیش بوونی نییە». جۆرج واشنتۆن ئەم بنەمایەی شیكردووەتەوە و ئەم ئەركە مەحاڵەی سەربەخۆیی ئەمریكای گرێدایەوە بە هەر تاكێكی ئەمریكاوە، لەبەر ئەوەی ئەوكات ئەمریكییەكان باجیان دەدا، بەڵام خاوەنی نوێنەرایەتی و پەرلەمان نەبوون، هەر ئەمە وایكرد جۆرج واشنتۆن بنەمای شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریكا لە ئاهەنگی چاخواردنەوە لە سەر رووباری بۆستن ئەنجام بدریت و هەموو بارە چاكان بخەنەوە ئاوەكەوە بەو مانایەی «باج دەدەین بە دەریا، بەڵام باج نادەین بە پەرلەمانی بەریتانیا»، لەم قۆناخەدا دیارە ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆرج واشنتۆن ئامانجی سەربەخۆیی بەدەست هێنا، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا كێشەی لێكتێنگەیشتن و جیاوازیی رای هەندێك لە گرووپەكانی ئەو كاتی ئەمریكا لەگەڵ جۆرج واشنتۆن بوونی نەبووە؟ بێگومان ئەو كێشەیە بوونی هەبووە. بە هەمان شێوە ئەبراهام لنكۆڵن كە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم شەڕی دژی كۆیلایەتی راگەیاند و ئێستا لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئەمریكادا بە لنكۆڵن دەڵێن: «میراتی ئازادی بۆ ئەمریكا»، گەورەترین كێشەی لنكۆڵن لەگەڵ كۆنگریس بوو. كۆنگرێس زۆر دژی بڕیارەكەی بوو بۆ شەڕی دژی كۆیلایەتی، هەتا كار گەیشتە ئەوەی لنكۆڵن بڕیاری دا هاوكات لە كاتی شەڕدا، بینایەكی تازە بۆ كاپیتاڵ هۆڵ درووست بكات و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە لەو بینا تازەیەی كاپیتاڵ هۆڵ وەڵامی كونگریسمان و گەلی ئەمریكا دەداتەوە، لەكاتی شەڕی دووەمی جیهانیشدا، كە فاشیزم و نازیزم هەڕەشەی گەورەیان لە سەر دەوڵەتانی دیموكراتی رۆژئاوا درووست كردبوو، وینستۆن چەرچل-ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و هەروەها رۆزفەڵتی سەرۆكی ئەمریكا، رووبەڕووی گۆشارێكی زۆر توندی كۆنگرێس و پەرلەمانی بەریتانیا بوونەوە. رۆزفەڵت بۆ تێپەڕاندنی گوشاری كۆنگرێس پەنای بۆ رای گشتی خەڵكی ئەمریكا برد، چەرچڵ كە بە بڕیاری بوێرانەی بەریتانیای بەشداری شەڕەكە كرد و شەڕەكەش بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانان كۆتایی هات، بەڵام چەرچڵ پۆستەكەی خۆی لەسەر دانا، یان ئەگەر سەیری بڕیارە بوێرانەكەی دیگۆل بكەین دوای داگیركردنی فەرەنسا لەلایەن ئەڵمانیاوە، راستە دیگۆل توانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان سەربەخۆیی و رزگاری بۆ فەرەنسا بگێڕێتەوە، بەڵام حزبە سیاسییەكانی فەرەنسا دوای ساڵی 1946 كێشەیەكی ئەوتۆیان لەگەڵ دیگۆڵ درووست كرد، بەوەی دیگۆل ناچار بوو بۆ ماوەی 12 ساڵ ئایندەی فەرەنسای بۆ بیركردنەوەی حزبە سیاسییەكانی كۆماری چوارەم بەجێهێشت، بەڵام باسەیری ساڵانی 1946- 1958 و مێژووی سیاسی و دەوڵەتداری فەرەنسا بكەین، بزانین ئەو حزبانە فەرەنسایان بەرەو كوێ برد؟ مێژووی سیاسی و دەوڵەتداری فەرەنسا پێمان دەڵێت لە ماوەی ئەو 12 ساڵە حزبە سیاسییەكانی كۆماری چوارەم كارێكیان بە فەرەنسا كرد كە خەریك بوو فەرەنسا لە شكۆی دەوڵەتێكی گەورەی جیهانەوە بهێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی دەوڵەتێكی ئاسایی، بۆیە لە ساڵی 1958 جارێكی دیكە دیگۆڵ بە پشتبەستن بە رای گشتی گەلی فەرەنسا توانی حزبی دیگۆلی دابمەزرێنێت و كۆتایی بەو پاشاگەردانییە حزبیەی فەرەنسا بهێێنت، بەڵام ئایا دوای ئەوەی دیگۆل جارێكی دیكە شكۆی بۆ فەرەنسا گێڕایەوە، ئایا حزبە ساسییەكان وازیان لە چارەنووسی فەرەنسا هێنا، بێگومان نەخێر، پاش ئەوەی دیگۆل لە ماوەی ساڵانی 1958- 1968 لە چوارچێوەی كۆماری پێنجەمدا فەرەنسای گەیاندەوە شكۆی شایستەی خۆی و بەردی بناخەی یەكێتی ئەوروپای دانا، حزبە سیاسییەكان لە ساڵی 1968 بە بیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی مانەوەی ئەمریكا لە ڤێتنام، ئاژاوەیەكیان لە فەرەنسا درووست كرد، كە زۆر بێ بەزەییانە شەقامی شانزەلیزەیان خەڵتانی خوێن كرد و زانكۆی سۆربۆنیان سووتاند، بەڵام دیسان لەبەر ئەوەی دیگۆل پشت ئەستور بوو بە ئیرادەی فەرەنسییەكان توانی ئەم ئاژاوەیە كۆتایی پێبهێنێت و ئەوانەشی كە هۆكاری هەڵگیرسانی ئەم فیتنەیە بوون، ناسنامە و رەگەزنامەی فەرەنسیان لێ سەندراوەیە و وڵات بەدەر كران.
لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی و لەو وڵاتانەی كە هێشتا خاوەنی پەرلەمانی خۆیان نەبوون، بۆ نموونە وەك باشووری ئەفریقیا و هیندستان، مەهاتما گاندی و نیلسۆن ماندێلا، ئەم دوو سەركردە كاریزمایەش وەك هەموو سەركردەكانی دیكەی جیهان رووبەڕووی هەمان ئاستەنگ و لێكتێنەگەیشتن بوونەوە. تەنانەت ماندێلا لەسەر پرسی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی رەگەزپەرستی گەیشتە ئەو ئاستەی لە خێزانەكەی جیا بێتەوە، مەهاتما گاندی-یش دوای ئەوەی بەریتانیای مەزنی بە چۆكدا هێنا و نیمچە كیشوەری هیندستانی رزگار كرد، بەدەستی هاووڵاتیەكی خۆی تیرۆر كرا.
ئەگەر لەسەر پاشخانی ئەم سەركردە كاریزمایانەوە بپەڕێینەوە بۆ كوردستان و ئەو پرسیارە بكەین، ئایا سەرۆكی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی لە قۆناخی دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوولی سەرتاسەری، وەك سەرجەم سەكردە كاریزماكانی نەتەوەكانی جیهان رووبەڕووی هەمان ئاستەنگ بۆتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەكرێت دژایەتی و لێكتێنەگەیشتن لە گەڵ تێڕوانینی سەرۆك مستەفا بارزانی لەسەر دوو ئاست بخوێنینەوە.، یەكەمیان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كە ئەوكات لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا جیهان تەواو دابەش ببوو بە سەر جەمسەری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا، سەرۆك مستەفا بارزانی ئەگەر لە هەنگاوێكدا رەخنەی لە رۆژئاوا بگرتایە، ئەوا بە شیوعی تۆمەتباریان دەكرد و ئەگەر رەخنەی لە رۆژهەڵات بگرتایە، ئەوا بە پیاوی ئیمپریالیزم تۆمەتبار دەكرا، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكیشدا رەفتارەكانی سەرۆك مستەفا بارزانی لە روانگەی بەرژەوەندی، ئەو تێڕوانینە بووە كە ئایندەی كوردستانی تێدا دەبینی، لە سەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی كوردستانیش هەنگاوەكانی لەسەر بنەمای پشتبەستن بوو بە بەرژەوەندی گەلی كوردستان، نەك بەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر بۆیە كە لە ساڵی 1964 و دوای وەرگرتنی رای خەڵكی كوردستان لە كۆنگرەی كۆیە بڕیاری دا بۆ ماوەیەك شۆڕش ئاگربەست بكات، هەتا خەڵكی كوردستان بەروبوومی ئەو ساڵەیان كۆدەكەنەوە، ئاستی لێكتێنەگەیشتن و جیاوازی لە بیركردنەوەی سەرۆك مستەفا بارزانی و بەرژەوەندی مەكتەبی سیاسیی پارتی وەك حزب گەیشتە ئەو ئاستەی كە بڵێن: «مەلا مستەفا كوردستانی بە سێو و پڕتەقاڵ فرۆشتووە»! لەمەش سەیرتر ئەوكات ئەوانەی لە سەرۆك مستەفا بازرانی ناڕازی بوون، پەنایان بۆ شای ئێران برد، بەڵام دوای ئەوەی بەرژەوەندی شۆڕش وای پێویست كرد پێوەندی لەگەڵ ئێران درووست بكرێت، ئەوجا شۆڕشی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكرا كە پشتی بە ئێران بەستووە، لەمەش سەیرتر هەڵمەتێكی تیرۆری فیكری دژی شۆڕشی كوردستان و سەركردایەتییەكەی پیادە كرا، بەڵام دوای ئەوەی لە 1970 شۆڕشی كوردستان توانی رێككەوتنی ئادار لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ئیمزا بكات، سەرۆك مستەفا بارزانی دووبارە ماڵی كوردی یەكخستەوە و كۆتایی بە دووبەرەكی هێنا.
ئەم حاڵەتە ئێستا بەهەمان شێوە رووبەڕووی سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی بۆتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆك مسعود بارزانی لە دەستپێكی داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، هەموو ئامانجی ئەوە بوو كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بپارێزیت، ئەوكات كە سەرۆك مسعود بارزانی هەوڵی پاراستنی كوردستانی دەدا، لەهەمانكاتدا هەوڵی خۆئامادەكردنی دەدا بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە بێتەپێشەوە، لەم ماوەیەدا كە سەرۆك مسعود بارزانی خەریكی ئەم خۆئامادەكردنە بوو، دەنگی نەشاز هەبوو دەیانویست گوشار بخەنە سەر سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئەوەی راستەوخۆ كوردستان ببێتە بەشێك لەو شەڕە، بەڵام سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەرۆكێكی كاریزما لە قۆناخێكی هەستیاری نەتەوەكەماندا، لە كاتێكدا بڕیاری بوێرانەی دا، كە تیرۆریستانی داعش شەڕێكی نەخوازراویان بە سەر كوردستاندا فەرز كرد، لەم كاتەشدا كە سەرۆك مسعود بارزانی خۆی وەك پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگری بوو، كە هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بوو دوژمنان و تیرۆریستان تێكبشكێنت، زۆر جار ئەوەی لە میدیاكانی كوردستانەوە سەبارەت بەو شەڕە سەپاوە گوێمان لێی دەبوو، دوژمنانیش هەر ئەوەیان بە كورد و كوردستان دەگوت. بەڵام سەركردایەتی لێهاتووانەی سەرۆك مسعود بارزانی و بە پشتبەستنی بە ئیرادەی گەلی كوردستان و هێزی پپشمەرگە، بارودۆخەكەی بە جۆرێك وەرچەرخان كە نەك هەر تیرۆریستانی داعش تێكشكێندران و ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان ئازاد كرانەوە، لە هەمانكاتدا سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی بووە هەوێنی رێككەوتنی دهۆك و ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و ئازادكردنەوەی كۆبانێ تەنیا لە ماوەی 80 رۆژدا، هەر بۆ مێژوو ئەو كاتەی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی رێككەوتنی دهۆك لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا ئیمزا كرا و پاشتریش پێشمەرگە نێردرا بۆ كۆبانێ، تیرۆریستانی داعش 80%ی كۆبانێ-یان داگیركردبوو، سەرۆك كۆماری توركیا بە ئاشكرا دەیگوت: كۆبانێ كەوت، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕەكە و هاوكاریی سیاسی و سەربازی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ رۆژئاوا وایكرد، كۆبانێ وەك چیای شنگال لە یەك كاتدا ئازاد بكرێت، دوای ئەو سەركەوتنانەش ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی دژەتیرۆر چووە قۆناخێكی دیكە و پێشمەرگە بووە سیمبولی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، لەمەش زیاتر دەوڵەتانی هاوپەیمان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرچەرخانێك لە تێڕوانینیان بۆ كوردستان درووست بوو، بەجۆرێك كە بۆ یەكەمین جار لە مێژووی كوردستاندا، سەرۆك مسعود بارزانی لە مانگی ئایاری 2015 پرسی دەوڵەتی كوردستان و بڕیاردانی خەڵكی كوردستان لە چارەنووسی خۆیانی خستە سەر مێزی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و تەواوی ستافی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا و بە راشكاوانە پێی راگەیاندن، مێژووی ئێمە وەك كورد مێژوویەكی تاڵە، واقیعێك بەسەر نەتەوەكەماندا سەپاوە لەدەرەوەی ئیرادەی خۆمان بووە و بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراوین، سەبارەت بە باشووری كوردستانیش سەرۆك مسعود بارزانی زۆر بە راشكاوی بە سەرۆك و ئیدارەی ئەمریكای راگەیاندبوو، لە باشووری كوردستانیش مێژوویەكی تاڵمان لەگەڵ هەموو حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی بەغدا هەیە، تا گەیشتە ئەوەی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستان بكەن و بە چەكی كیماوی لە نەتەوەكەمان بدەن، لەگەڵ حكومەتی ئێستای عێراقیش جیا لەوەی سیاسەتەكانی بۆتە هۆكاری ئەوەی عێراقە لەبەریەك هەڵبوەشێت، بەڵام بودجە و مووچەیان لە كوردستان بڕیوە، بۆیە جەختی لەسەر ئەوە كردبووە، كە ناكرێت جارێكی دیكە نەتەوەی كورد ئایندەی نادیار بێت، یان هەموو ئەو كارەساتە دووبارە بێتەوە و گەلی كوردستان شایستەی ئەوەیە خۆی بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات. ئەم راشكاوییەی سەرۆك مسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئیدارەی ئەمریكا، مانای ئەوەیە سەرۆك بارزانی بە تەواوەتی بە سەرۆك و ئیدارەی ئەمریكای راگەیاندووە پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان دەستی پێكردووە، مانای ئەوەشە كە سەرۆك بارزانی سوورە لە سەر ئەوەی ئەم مێژووە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە كاتێك سەرۆك بارزانی لەم سەردانە سەركەوتووەی گەڕایەوە، بە نیازی چی بوو؟ حزبە سیاسییەكانی كوردستان چۆن بیریان دەكردەوە؟ بێگومان دیارە سەرۆك بارزانی نیازی بوو ژوورێكی عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێكبهێنێت، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە حزبە سیاسییەكان بەوجۆرە بیریان دەكردەوە چۆن دەبێت ئەم دەوڵەتە لەسەر دەستی سەرۆك مسعود بارزانی رابگەیەندرێت. بەڵام لۆژیكی سەركردایەتی سەرۆك بارزانی نەك هەر نەیهێشت ئەم لێكتێنەگەیشتن و ئاستەنگانە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پەكبخەن، بەڵكو بە ئازادكردنەوەی شنگال، پرۆسەی دەوڵەتی كوردستانی كردە ئەو ئەمری واقیعەی كە خۆمان بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی گشتی ئامادە بكەین.
كوردستان و گەشبینی بۆ ئایندە
لە تێڕوانینی سەرۆكدا
ئەم قۆناخەی ئێستا كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، لە تێڕوانینی سەرۆك بارزانی-دا بەرەو ئایندەیەكی موژدەبەخش هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام دیسان لە روانگەی سەرۆك بارزانی- یەوە ئەم رێگەیە بە گوڵ نەچێنراوە و ئاستەنگ و نشێوی زۆری دێتەڕێ، بەتایبەتی كە هەتا ئێستا هێزگەلێكی ئیقلیمی هەموو هەوڵی خۆیان بەو ئاراستەیە دەخەنەگەڕ كە ئاستەنگی سەرەكی بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە بەكارهێنانی گوشاری جۆراوجۆر درووست بكەن، لەم چوارچێوەیەدا بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و كۆسپانەدا، پلانی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەكی هەیە بۆ چاوپۆشین لە بەرژەوەندییە تەسكە حزبیەكان و درووستكردنی زەمینەیەك بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەدا هەموو لایەك سەیری ئایندەی كوردستان بكەن، بۆ درووستكردنی ئەم زەمینەیەش سەرۆك بارزانی لە پەیامی سەری ساڵی 2016 هێڵە گشتییەكانی ئەو نەخشەڕێگەی بە گەلی كوردستان راگەیاند و دوای لە سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستان كرد، پێكەوە كۆببنەوە و لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە سێ رێگەچارە یەكێكیان هەڵبژێرن، ئەو رێگە چارانەش بریتی بوون لەوەی:(یان ئەوەتا رێكبكەون هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێت، یان لە نێوخۆیاندا رێكبكەون یەكێك هەڵبژێرن بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یان رێكبكەون هەتا هەڵبژاردنی 2017 بارودۆخەكە پێكەوە بەڕێوە بەرن).
ئەگەر سەیری ئەم نەخشەڕیگەیە بكەین كە سەرۆك مسعود بارزانی بۆ حزبەكانی كوردستانی داڕشتووە، راشكاوانە ئەوەی خستۆتەڕوو، بەوەی ئەم قۆناخە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هەموو حزبە سیاسییەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان هەیە، ئەوجا لە پێناوی گەیشتن بەم ئامانجە و نەبوونی هیچ لایەك بە بەشێك لە ئەجیندای هەرێمی لە دژی پرۆسەی دەوڵەتی كوردستان، ئەوا سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری داوە، ئەگەر ئەم ئامانجە بە نەمانی ئەو لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بێتە دی، ئەوا بڕیاری خۆی داوە.
لێرەوە گرنگە هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بێت، بزانین ئایندەی كوردستان لە تێڕوانینی سەرۆك مسعود بارزانی بەرەو كام ئاراستەیە و چۆن ئایندەی كوردستان دەبینێت، لێرەدا بەچەند خاڵێك دەیخەینەڕوو:
- سەرۆك بارزانی لە كاتێكدا ئەم نەخشەی رێگەی داڕشتووە، كە پێگەی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی هەرێمی و نیودەوڵەتی لە ژێر سەركردایەتی ئەودا، گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهان پێشوازی لێدەكرێت.
- لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و كەنداو جۆرێك لە قەناعەت و تێگەیشتن لای سەرۆك و میر و پادشاكانی ئەو وڵاتانە درووست بووە كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان فاكتەرێكە بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
- دەوڵەتی توركیا كە هەتا رابردوویەكی نزیك نكۆڵی لە ناوی كورد دەكرد، بەڵام وەك لە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بینیمان لە فڕۆكەخانەی ئەنكەرا و لە ناو كۆشكی سەرۆكایەتی توركیادا بە ئاڵای كوردستان پێشوازی لە بەڕێزیان كرا.
- لەسەر ئاستی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ پێشوازییەكی گەورە لە هەنگاوەكانی سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت، لە میانی دیدار و كۆبوونەوەكانیان چ لە كوردستان، یان پایتەختەكانی ئەوروپا بە گرنگییەوە گوێ لە هەنگاوەكانی سەربەخۆیی دەگیرێت و بە قەناعەتەوە پشتگیری دەكەن.
ئەمانە و چەندین هەنگاوی گرنگی دیكە كە لە سایەی سەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی وایكردووە كوردستان وەرچەرخانی گەورەی بە خۆیەوە بینوە، بۆیە ئێستاش سەرۆك بارزانی لە پێناوی ئەوەی ئەم هەلە مێژووییەی بۆ كوردستان هاتۆتە پێشەوە، لە دەست نەدرێت و بە یەكڕیزی و یەكدەنگی بەرەو ئەم ئامانجە مێژووییە گرنگە هەموو پێكەوە هەنگاوی بۆ هەڵبگرین، ئامادەباشی پیشانداوە كە هەموو رێگەیەك بگرێتە بەر بۆ ئەوەی هیچ هێزێك نەتوانێت ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان دابنێت.
ئەم تێڕوانین و جیهانبینییەی سەرۆك بارزانی جۆریكە لە خەسڵەتی كاریزمایی سەرۆك كە هەموو ئامانجەكانی لەسەر ئایندەی بونیادنانی نەتەوە و گەیاندنی نەتەوە بۆ گەیشتن بە قۆناخی سەرفرازی بونیاد دەنێت، نەك بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كە دوورتر لە سندوقەكانی دەنگدان شتێكی دیكە نابینین.
جهنگی دووهمى جیهانی ئهو شانۆ گهورهیهی
رۆزفهلت رۆڵی خۆی تێدا گێڕا
فرانكلین رۆزفەلت كارامەییەكی سرووشتی بۆ دەسەڵات و ئامادەیی بۆ بەكارهێنانی هەبوو. جەنگی دووەمی جیهانی- كە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەسەر ئاستی جیهان و هاوپەیمانێتیگەلێكی نێودەوڵەتی ئاڵۆز و تەحەددیگەلی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە خۆدەگرت- شانۆیەكی گەورە بوو كە ئەو رۆڵێكی بنەڕەتی تێدا بگێڕێت. رۆزفەلت بە هەموو پێوەرێك، فەرماندەیی هێزی چەكداری نەتەوەكەی خۆی بوو، پێگەیەكی سەرەكیشی هەبوو لە هاوپەیمانێتی سەروەختی شەڕەكەدا كە لە 26 وڵات پێكهاتبوون و پێی دەوترا نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەو لەگەڵ جۆزێف ستالین و وینستۆن چێرچل سێ مەزنەكەیان لە نێو جەرگەی ئەم هاوپەیمانێتیەیان پێكدەهێنا. بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی جەنگەكەدا، فرانكلین زیاتر و زیاتر وەك ناوبژیوان و بڕیاردەری نێو گرووپەكە رەفتاری دەكرد.
لە ماوەی جەنگەكەدا، سەرۆك جەختی لەسەر گرنگيی بنیادنانی هاوپەیمانێتی كردەوە. بە چەشنی ستراتیژیەتی سەربازی، ستراتیژیەتی دیپلۆماسیش بووە خەسڵەتی سەركردایەتیيەكەی لە سەروەختی جەنگەكەدا. سەرۆك كاری خۆسازدانی سەربازی و كۆكردنەوەی زانیاريی هەواڵگری بە مەركەزی كرد، ئەویش بۆ ئەوەی بتوانێت لە نزیكەوە چاودێری و ئاڕاستەی ڕووداوەكان بكات لە كۆشكی سپیيەوە. ئەو رێزی لە ئەنجومەنی فەرماندە سەربازيیەكانی دەگرت و ئامادەبوو ستراتیژیەتی شەڕ و وردەكاریيەكان كارەكانیان بۆ بەجێبهێڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووی تەحەددی بۆوە، بەڵام لە پێوەندیدا بە ستراتیژیەتە گەورەكەوە رۆزەفڵت پێداگیر بوو، بواری نەدەدا كەسانی خوارەوە ستراتیژیەتی پێچەوانە و دژ بە ستراتیژیەتەكانی خۆی دابێژن.
سەرچاوە: freedom from fear FDR commander in chief
ئامادەكردنی: سێنسیا كۆچ
سەركردایەتی چێرچل ئێستاش جێگهی پهند و تێڕامانه
هێشتا میراتی چێرچل زیندووە كە چەندین سەركردە پەند لە بنەماكانی شێوازی سەركردەیی ئەو وەردەگرن، نەك تەنیا بۆ شەڕی تیرۆر لە رۆژگاری ئێستادا، بەڵكو بۆ سەركردەكانی بواری بزنس و بازرگانیش لەم جیهانەدا كە بە رەوتێكی خێرا لە گۆڕانكاریدایە. وتارەكانی چێرچل بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ سەركردەكانی جیهانی ئێستا، كاتێك لەوە دەڕوانن كە چۆن چێرچل لەسەروەختی نائارامییە سیاسییەكان لە جیهاندا هەڵسوكەوتی كردووە.
درووستكردنی پێوەندی بەهێز لە سەروەختی قەیراندا فاكتەرێكی گرنگە كە چێرچل لە رۆژگاری جەنگی دووەمی جیهانیدا كاری لەسەر دەكرد. هەمیشە گۆڕانكاری شتێكی حەتمییە و خەڵكی بەرهەڵستی دەكەن، لەبەر ئەوە درووستكردنی پێوەندی رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانكارییە لە ناو رێكخراوێكدا بە ئیجابی بشكێتەوە. بۆ نموونە كەسێكی وەك لۆنگستاف بەراوردی بنەماكەی چێرچل دەكات لە بواری بزنسدا، كە چۆن لە ئەگەری روودانی قەیرانێك دەڕوانرێت، ئەویش كاتێك قازانجەكان كەم دەبنەوە، بچووككردنەوە كارێك خوازراو دەبێت، لەو كاتەدا تیمەكە پاڵنەریان نامێنێت و پشكدارەكانیش بێئومێدی دایاندەگرێت. لەم كاتەدا ئەگەر وێنای ئەوە بكەین كە چێرچل چۆن لەم حاڵەتەدا رەفتار دەكات، ئەوا دێت و واقیعەكە روون دەكاتەوە و دواتر ئیلهام بە تیمەكە دەدات و تێڕوانینێكیان بۆ دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی وێنە گەورەكە ببینن، هەروەها ئامۆژگارییان دەكات كە چۆن ئامانجەكانیان بەدەست بێنن و پاڵنەری ئەوەشیان بۆ درووست دەكات كە بە دەستی بێنن. هەروەها هاندانەكانیش رەنگدانەوەی دەبوو لەسەر هەڵسوكەوتەكانی، چونكە خەڵكی زیاتر لە كردار دەڕوانن، نەك گوفتار. پێداگیری و پەرۆشی چێرچل هاوكاری بوون لەوەی رۆئیای خۆی بگەیەنێت و ببێتە ئیلهام بۆ ئەو كەسانەی سەركردایەتی دەكردن. بنەماكانی سەركردایەتی چێرچل زەمەن تێپدەپەڕێنن و خاوەن كار و سەركردەكانی ئەم رۆژگارە و ئایندەش پەندی لێوەردەگرن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن.
سەرچاوە: Leadership Analysis - Winston Churchill
لە سایتی http://leadershiprocks.tripod.com/id1 بڵاوكراوەتەوە.