2016 ساڵی كوردستانەبۆ دیالۆگ و رێككەوتن لەسەر قۆناخی دوای سەربەخۆیی

2016 ساڵی كوردستانەبۆ دیالۆگ و رێككەوتن لەسەر قۆناخی دوای سەربەخۆیی
«مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پلانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاندووە، لە رۆژی 4ی تەموزی 2014 ئەم پلانەی بە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندووە، هەروەها لە 7ی ئایاری 2015 جارێكی دیكە سووربوونی خۆی لەسەر ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە دووپاتكردۆتەوە و لە 22ی ئایاری 2015 جارێكی دیكە بەتایبەتی بە ئەندامانی گرووپی راسپێردراو بۆ نووسینی راپۆرتی بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراقدا راگەیاندووە، بارزانی پێی گوتین ئەم ریفراندۆمە دوای تێكشكاندنی داعش ئەنجامدەدەین، بۆیە هیچ خشتەیەكی زەمەنی دیاری نەكردووە، بەڵام سەرۆك بارزانی باوەڕی وایە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی زەمینەكی لەباری یاسایی و جەماوەری و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە كە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە ئایندەدا درووست دەكات. سەبارەت بە راگەیاندنی ئەم دەوڵەتەش سەرۆك مسعود بارزانی راشكاوانە گوتوویەتی: «من ناڵیم كەی ئەم دەوڵەتە رادەگەیەنین، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێكردووە». ئەم راپۆرتەش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كورد ساڵانێكی دوور و درێژ خواستی سەربەخۆیی كوردستانی دواخستووە، بۆ ئەوەی عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام ئێستا عێراق بۆتە دەوڵەتێكی فاشیل و هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵدەگرێت. ئەمە لەكاتێكدا هەتا ئێستاش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندە بەو بۆچوونەی كە دەبێت عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، بۆیە ئەم راپۆرتە بۆ دووبارە هەڵوەستەكردنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەو بۆچوونە كە وەبەرهێنانێكی زۆری كرد بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، هەروەها بۆ ئەو لایەنانەشی كە پێوەندیدارن بەم پرسە، وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەو ئامانجەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا هاوكاری كورد بن بەرەو سەربەخۆیی، نەك لە دژی سەربەخۆیی كوردستان رابوەستن. بەڵكو پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار لەگەڵ كورد بكات، بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەقامگیر و سەربەخۆی كوردستان دابمەزرێت. پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاسانكاری بۆ دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغداو ئێران و توركیا بكات، بۆ ئەوەی قۆناخی دوای سەربەخۆی دیاری بكرێت، ئێستاش كاتی ئەوەیە كە وتووێژ لەسەر ئەوە بكرێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیە دەكرێت.، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «سوننە ترسیان لە ئایندەیان هەیە، شیعە ترسی لە رابردووی هەیە، بەڵام كورد ترسی لە رابردوو و لە ئایندەش هەیە، بۆیە بە هاوكاری و پشتگیری و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كوردستانی عێراق دەتوانێت قۆناخێكی راگواستنی ئاشتییانە و دڵنیاكەرەوە بەرەو سەربەخۆیی درووست بكات و چیدیكە پێویستی بەوە نامێنێت لە ئایندەی خۆی بترسێت».
راپۆرتی : بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق
زانكۆی كۆلۆمبیا _ سەنتەری دیراساتی مافەكانی مرۆڤ
تشرینی دووەمی 2015

پێناسەكەی ماكس ڤیبەر
بۆ دەوڵەتانی سایكس پیكۆ ناشێت
پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت (State building) وەك چەمكێك لەناو ئەدەبیاتی سیاسەتی نێودەوڵەتی و لەچوارچێوەی بەكارهێنانی ئەم چەمكە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، یان وڵاتانی دوای شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی پێی دەگوترا جیهانی سێیەم، هێندەی ئاماژەیە بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەت بە مانای دەوڵەتی دامەزراوەیی و دیموكراتی لە ناو سنوورە كۆنەكاندا، هێندە ئاماژە نەبووە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێك كە پێشتر دەوڵەت نەبووە، هەر بۆیە بەكارهێنانی ئەم چەمكەش بۆ واقیعی ئێستای كوردستان لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی فیكر و توێژینەوە هەر بەهەمان مانا بەكاردەهێندرێت و ئامانج لێی بونیادنانی دەوڵەتێكی دیموكراتی و خۆشگوزەران و لێبووردە و پێكەوەژیان و بەهێزە لە چوارچێوەی سنووری باشووری كوردستاندا، جیاوازی بەكارهێنانی ئەم چەمكە بۆ باشووری كوردستان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دیكە ئەوەیە، پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت لە باشووری كوردستان سنووری ئەمری واقیع دەگۆڕێت بۆ سنووری دانپێدانراو لەسەر ئاستی دەوڵەتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
پرۆسەی (بونیادنانی دەوڵەت) بەمانا تەقلیدییەكەی، بە درێژایی سەدەی بیستەم و لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی گەلان دوای شەڕی یەكەمی جیهانی و هەروەها رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش دوای شەڕی دووەمی جیهانی، لە نێو هەموو ئەو دەوڵەتانەی كە كۆلۆنیاڵی دەوڵەتانی رۆژئاوا بوون و بەزۆر لە چوارچێوەی سنووری دەستكردا پێكهاتەی جیاوازیان كۆكردۆتەوە، سەركەوتوو نەبووە، هەر ئەم هۆكارەش بوو، هانی بیرمەندی ئەمریكی (فرانسیس فۆكایاما)دا، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی سنوورە كۆنەكانی ئەفغانستان و عێراق هاوكاری وڵاتەكەی خۆی (ئەمەریكا) بكات. فۆكۆیاما لە دوای رووخانی رژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان و رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق، لە ساڵی 2004 كتێبێكی بە ناونیشانی (بونیادنانەوەی دەوڵەت) بڵاوكردەوە، فۆكۆیاما لەم كتێبەیدا هێندەی لەسەر دەوڵەتانی فاشیل و لەرزۆك هەڵوەستەی كردووە و مەترسیەكانی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی خستۆتەڕوو، هێندە لەسەر شێوازی بونیادنانەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی سنووری تازەدا هەڵوەستەی نەكردووە، بۆیە ئامانج لە نووسینی ئەو كتێبەی ساڵی 2004 هاوكارییە بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق و ئەفغانستان وەك دوو دەوڵەتی بەهێز لە چوارچێوەی سنوورە كۆنەكانیدا درووست بكرێنەوە، هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونەش ئیدارەی ئەمریكی لە سەردەمی جۆرج بوش دەبلیو و هەروەها لە سەردەمی باراك ئۆباما-شدا، بەوجۆرە لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق و ئەفغانستان بەردەوام بوون، كە خاوەنی سوپایەكی بەهێز و مۆدێرن بێت، بۆ ئەوەی یەكپارچەیی وڵاتە بە یەكەوە بهێڵێتەوە، هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئەوەی حكومەتێكی هەڵبژێردراوی شەرعی بوونی هەبێت، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەژێر سەروەری یاسادا هەڵبسووڕێن.
ئەم سێ خاڵە گرنگەی فۆكۆیاما بۆ پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی سنوورە كۆنەكاندا، كردوویەتی بە ستوونی توێژینەوەیەك و هەوڵدانێك بوو بۆ جێبەجێكردنی ئەو سێ مەرجەی ماكس ڤیبەر بۆ پێناسەی دەوڵەت دیاریكردوون، بەڵام دوای 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەو كتێبەدا واتە لە 2014 ئەو تیۆرەی فۆكۆیاما بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەت دایڕشتبوو، كە ئیدارەی بوش و ئۆباما پراكتیزەیان دەكرد، سەرلەبەر هەموویان پێچەوانە بوونەوە، سەبارت بە هۆكارەكەشی دەكرێت راشكاوانە بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێبكەین:
1. ئەو سوپا بەهێز و پڕچەكە مۆدێرنەی بۆ عێراقی نوێ درووستكرابوو، كە تەنیا ئەمەریكا بڕی 25 ملیار دۆلاری تێدا سەرف كردبوو، نەك هەر نەیتوانی یەكپارچەیی عێراق لە بەردەم تیرۆریستانی داعشدا بپارێزێت، بەڵكو خۆی دا بەدەستەوە و بووە سەرچاوەیەكی زۆر باشی پڕچەك كردنی تیرۆریستانی داعش بە چەكی پێشكەوتووی ئەمەریكی و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش.
2. ئەو هەڵبژاردنەی كە فۆكۆیاما پێیوابوو، حكومەتێكی هەڵبژێراوی شەرعی بەرهەم دەهێنێت، حكومەتێكی مەزهەبگەرای شیعەی بەرهەم هێنا، لە بری ئەوەی ئەم حكومەتە ببێتە چەترێك هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق وەك بەشدار و هاوبەش لەو حكومەتە نیشتمانییە كۆبكاتەوە، بووە هۆی لیكترازانی پێكهاتە جیاوازەكان و پەراوێز خستنی عەرەبی سوننە و كورد و زەمینەخۆشكردن بۆ زیاتر لێكدابڕان و شەڕی ناوخۆی مەزهەبگەرایی لە نێوان شیعە و سوننە.
3. پرۆسەی دامەزراندنی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بۆ بەسەروەربوونی یاسا و هەڵسووڕاندنی دامودەزگاكان لە ژێر سێبەری سەروەریی یاسادا، لە سەردەمی حوكمڕانیی نوری مالیكی-دا دەسەڵاتی دادەوەری سەربەخۆ گۆڕا بۆ دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆی حزبی دەعوا و كرایە ئامێرێك بۆ سەركوتكردنی عەرەبی سوننە و درووستكردنی بەندیخانەی نهێنی و رەشبگیری بێ دادگای هاووڵاتیان، هەروەها بەرامبەر بە هەرێمی كوردستانیش، دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەری بووە هۆكاری درووستبوونی هێزی دیجلە و پاشانیش بڕینی بودجە و مووچەی هاووڵاتیان و سەرەنجامیش پەكخستن و لەبەریەك هەڵوەشانی تەواوی دامەزراوەكانی عێراق ئەوەی پێی دەڵێن :(unraveling) واتە پاشاگەردانی تەواو.
ئەم ئاكامە پێچەوانەیەی كە لەبەر رۆشنایی فیكری ماكس ڤیبەر بۆ دەوڵەت هاتۆتە كایەوە، ئایا بەو مانایەیە دێت كە فیكری ماكس ڤیبەر بۆ دەوڵەت كۆتایی هاتووە و چیتر كاری پێناكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مێژووی ژیانی ئەم بیرمەندە دەیداتەوە. لەبەر ئەوەی كاتێك ماكس ڤیبەر ئەم پێناسەی بۆ دەوڵەت داڕشتووە، پرۆسەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەوروپا دوای نەمانی شەڕی 30 ساڵەی ئایینی و ناوخۆیی كۆتایی پێهاتووە و نەتەوەكانی ئەوروپا لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی ویستفالیا پێوەندی تازەیان درووستكردووە، لەمەش زیاتر ماكس ڤیبەر تێۆری بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی ئەوروپا داڕشتووە، دەوڵەتێك كە دەتوانێت سوپایەكی بەهێزی هەبێت و خاكەكەی بپارێزێت، هەڵبژاردن بكات و حكومەتێكی شەرعی هەبێت، دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەری هەبێت و یاسا سەروەر بێت، هەر بۆیە ماكس ڤیبەر تیۆری بۆ دەوڵەتی بەزۆر درووستكراو و بەرهەمی رێككەوتنێكی نهێنی وەك -سایكس پیكۆ- دانەڕشتووە، بۆیە بە درێژای 90 ساڵ لە ( 1920-2010) هەر دەوڵەتێك كە بەرهەمی سایكس پێكۆ بووبێت، نەتوانراوە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی تێدا سەركەوتوو بێت، ئەم حاڵەتە بۆ دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و دەوڵەتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەتیش راست بووە، هەر ئەم راستییە وایكرد دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1996ی یوگسلافیای پێشوو، فەرید زەكەریا-ی هاندا بۆ ئەوەی تێۆری - دیموكراتی نالیبڕاڵی - illiberal democracy لەساڵی 1997 دابڕێژێت و بەردەوامیی ئەم ئاكامە سلبییانەی بونیادنانەوەی دەوڵەت لە سنوورە كۆنەكاندا وایكرد فەرید زەكەریا پرسیار لەسەر ئایندەی ئازادی درووست بكات و لە ساڵی 2003 كتێبی (ئاییندەی ئازادی) بڵاوكردەوە، هەربۆیە رەچاونەكردنی ئەم خاڵە گرنگانە لای فۆكۆیاما لە دوای 2001 و 2003، بووە هۆكاری ئەوەی لە بری ئەوەی عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی بەهێز درووست ببێت، دەوڵەتێكی فاشیلی شیعەگەرای پاشكۆی ئێران هاتە كایەوە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا فۆكۆیاما لەگەڵ ئەم هەموو گۆڕانكارییە، گۆڕانكاری بەسەر بیروبۆچوونەكانی نەهاتووە؟ سەبارە بە وەڵامی ئەم پرسیارە خودی فۆكۆیاما لە دوای ساڵی 2011 و دوای بڵاوكردنەوەی كتێبی (بنەچەكانی سیستمی سیاسی) و هەروەها لە ساڵی 2014 ش دوای بڵاوكردنەوەی كتێبی (سیستمی سیاسی و هەڵوەشانی سیاسەت)، راشكاوانە دانی بەوەدا ناوە كە هۆكاری سەرهەڵدانی داعش لەوە سەرچاوەی نەگرتووە كە داعش بەهێزە، بەڵكو داعش بەرهەمی لاوازی و فاشیلی دەوڵەتانی ناوچەكەیە، دیارە پێش هەر وڵاتێكی دیكە بەرهەمی فاشیلی دەوڵەتی عێراقە، كە ئەمەریكا وەك سەرچاوەكانی خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، زیاتر لە 3 ترلیۆن دۆلاری بۆ بونیادنانەوەی خەرجكردووە، ئەم دوو كتێبە تازەیەی فۆكۆیاما جگە لەوەی قەناعەتێكی تازەی فۆكۆیاما بۆ (سیستمی سیاسی لە كۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكان، یان لەو كۆمەڵگەیانەی لە قۆناخی وەرچەرخاندان) لە هەمان كاتدا ئەوەمان پێدەڵێت: دەوڵەتی بەهێزی دیموكراتی و فرەیی لە ناو سنوورە كۆنەكانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست نابێت، راشكاوانەتر وەك پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز بەڕێوەبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆكلاهۆما دەڵێت: ناتوانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستكاری رژێمەكان بكرێت، لەبەر ئەوەی دەوڵەتەكان لەبەر یەك هەڵدەوەشێن، ئەمەش هەمان قەناعەتی پڕۆفیسۆر رۆبن رایت توێژەری باڵای ئامۆژگای وۆردۆ ویلسن -ـە كە دەڵێت: چیتر ناكرێت باسی دەوڵەتی فاشیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە خۆی سەرەتا بۆتە ناوچە، یان هەرێمێكی فاشیل.
دەوڵەتی كوردستان و چارەسەركردنی
كێشەی پاراستنی خاك
گەورەترین ئامانجی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت، هەتا ئێستا دامەزراندنەوەی دەوڵەتێكە كە بتوانێت خاك و سنووری خۆی بپارێزێت، بەڵام ئەم بۆچوونە چەند خۆی پێوە ماندوو كرا و چەند پارەی تێدا خەرجكرا، سەرەنجام وەك ئێستا دەبینین هەڵە دەرچوو، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق و ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە درێژایی ساڵانی 2003- 2014، گەمارۆی بودجە و مووچە و چەك و پێداویستی سەربازییان خستبووە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە مەبەستی ئەوەی پێشمەرگە نەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵام دەركەوت سوپای عێراق بەهەموو چەك و پێداویستییە سەربازییە مۆدێرنەوە نەیتوانی وەك پێشمەرگە بە چەكە كۆنەكانی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە بەرپەرچی داعش بداتەوە و هێرشەكانیان رابگرێت. ئەم ئیرادە و قارەمانەتییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی پیشانی جیهانی دا، بووە سەرەتای بیركردنەوە لە چەمكێكی تازەی دەوڵەت، هەروەها بووە هەوێنی ورووژاندنی دەیان پرسیار كە پێشتر بیركردنەوە لەو جۆرە پرسیارانە لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیتمی جیهانیدا وەك جۆرێك لە قەدەغە سەیر دەكرا، ئەو پرسیارانەش ئەوە بوون، چۆن هێزێك لە سەر زەوی درووست دەكرێت هاوشێوەی پێشمەرگە بتوانێت تیرۆریستان رابگرێت و تێكیان بشكێنێت؟ ئایا بۆچی سوپایەكی گەورەی وەك سوپای عێراق خۆی بەدەستی تیرۆریستانەوە دەدات؟ ئایا بۆچی كۆماندۆكانی ئەمەریكا و تەواوی دەوڵەتانی ناتۆ لەسەر زەوی شەڕی تیرۆریستانیان پێناكرێت؟ سەبارە بە وەڵامی ئەم پرسیارانە ریچارد هاس لە وتارێكیدا كە لە نۆڤەمبەری 2015 لە سایتی (سندیكیت پرۆجێكت) بە ناونیشانی (دوای پاریس) بڵاوی كردۆتەوە، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، درووستكردنی هێزێكی هاوشێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شەڕی دژی داعش مەحاڵە. ئەمەریكا و رۆژئاوا ئەگەر دەیانەوێت لە شەڕی داعش سەركەوتوو بن، تەنیا رێگە ئەوەیە هاوپەیمانی لەگەڵ كورد بكەن، بەم دواییەش لە رۆژانی 5و6ی كانوونی یەكەمی 2015 لە كۆڕبەندێكی سەنتەری سابان لە ناو ئامۆژگای برۆكینگز، كە لە ژێر ناونیشانی پێوەندییەكانی ئایندەی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا رێكخرابوو، راشكاوانە بنیامین نەتانیاهۆ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بارودۆخی ناوچەكە سەرتاسەر ئاژاوەیە و پێویستی بە رووبەڕوونەوە هەیە، خاڵی گرنگیش لەم دەستپێكە ئەوەیە هێزەكانی كورد چەكدار بكرێن و هاوكاری تەواوی لۆجیستی بكرێن، لەبەر ئەوەی هێزە كاریگەرەكەی شەڕی دژی داعشن.
ئەم خاڵە كە كۆڵەكەی سەرەكی پێناسەی ماكس ڤیبەرـە بۆ پێناسەی دەوڵەت، ئێستا لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئیسڕائیل-یشەوە تەنیا لەكوردستان و لەو هەرێمەی مسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، خۆی دەبینێتەوە. لەسەر ئەم پرسە و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی حزبوڵا و حەماس، نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل خۆی دان بەوەدا دەنێت، كە سوپای ئیسڕائیل لە ئاستیاندا دەستەوەستانە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار هاوكاری دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستین دەكات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و تەواوی فەلەستین نەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حەماس و ئاژاوەیەكی سەرتاپاگیر. بۆیە لەم راستەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەركردایەتی لۆژیكانەی مسعود بارزانی توانیویانە كۆڵەگە سەرەكییەكەی دەوڵەت درووست بكەنەوە، ئەوا جیهان نەك هەر ناچارە ئەم دەوڵەتە وەك ئەمری واقیع بناسێت، بەڵكو دەبێت هاوكاری بكات بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی تەواو بكات.
كوردستان لە قۆناخی دوای سەربەخۆیی
بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا
كێشەی سەرەكیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ كوردستان ئەوەیە، كوردستان بە فەرمی دەوڵەت نییە، بەڵام ئەمری واقیعێك درووست بووە و دەبێت وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، وەك دەوڵەتی سەربەخۆ سەردانی بكرێت و وەك دەوڵەتی سەربەخۆش پێشوازی لە سەرۆك و شاندەكانی ئەو هەرێمە بكرێت، كێشەیەكی دیكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە كوردستان كە كاراكتەری سەرەكییە لە شەڕی دژی داعش لەسەر زەوی ناتواندرێت وەك دەوڵەتی سەربەخۆ بانگهێشتی كۆبوونەوەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش بكرێت، ناتوانرێت راستەوخۆ داواكانی لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان وەربگرێت و راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتانی بەخشەر بۆ دووبارە رێكخستنەوەی كوردستان مامەڵە بكات، هەروەها لەبەر ئەوەی كوردستان بە فەرمی دەوڵەت نییە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت راستەوخۆ هاوكاری كوردستان بكات بۆ ئەوەی بەشێوازی دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان، پێوەندییەكانی دوای قۆناخی سەربەخۆیی دابڕێژێت، سەبارەت بەم هەموو كێشانە لە راپۆرتی (بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق) كۆمەڵێك راسپاردە خراونەتە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە دەروازەیەك بۆ ئەم كێشانە دەكاتەوە:
1. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رادەسپێرێت كە لەژێر ناوی (Arria Formula) راستەوخۆ كار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت و هەرێمی كوردستان بانگهێشتی ئەنجومەنی ئاسایش بكرێت و بە شێوەیەكی راستەوخۆ قسەی لەگەڵ بكرێت، سەبارەت بە پلانی هەرێمی كوردستان بۆ دووبارە رێكخستنەوەی كوردستان لە قۆناخی دوای سەربەخۆیی.
2. كۆمەڵگە نێودەوڵەتی رادەسپێرێت كە هاوكاری هەرێمی كوردستان بن بۆ دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی بەغدا، هەروەها لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران، بۆ دیالۆگ و رێككەوتن لەسەر پێوەندییەكانی دوای سەربەخۆیی و پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوانیان.
3. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رادەسپێرێت چیدیكە دژایەتی كورد نەكەن بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، لەبەر ئەوەی كورد دەستی كردووە بە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەت و باشترە هاوكاری كورد بكەن، بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان ببێتە نەوایەكی ئارام و هاوپەیمانێكی سەقامگیر لە شەڕی دژی داعش، هەر لەم راپۆرتەدا ئاماژەی بە قسەیەكی مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان كردووە كە سەبارەت بە سەربەخۆیی گوتوویەتی: ئەگەر كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت، دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەرتر لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بگێڕێت، ئەگەر كوردستان دەوڵەت بێت، خۆی دەتوانێت رێككەوتننامە بۆ كرینی ئەو چەكەی پێویستیەتی ئیمزا بكات و بیكڕێت.
4. كۆمەڵگە نێودەوڵەتی و بەتایبەتی رێكخراوی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی سەر بەو رێكخراوە رادەسپێرێت، بەوەی لەسەر ئاستی مرۆیی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكەن، ئێستا لە عێراقدا 8.2 ملیۆن كەس پێویستییان بە یارمەتی دەستبەجێ هەیە، لەم ژمارەیە 3 ملیۆنیان دەركراوی ناوخۆیین و زیاتر لە 250 هەزاریان ئاوارەن، لەم ژمارەیە بەپێی ئاماری بانكی نێودەوڵەتی 1.60 ملیۆن كەسیان لە كوردستانن، لەم ژمارەیە 157 هەزار خێزان كە دەكاتە 946 هەزار كەس عەرەبی عێراقن كە لەترسی توندوتیژی بەغداو شارەكانی دیكەی عێراقیان بەجێهێشتوو و روویان كردۆتە كوردستان، مەزندەی بانكی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئاوارانە لەكوردستان 1.4 ملیار دۆلارە.
بۆیە لەبەر رۆشنایی ئەم واقیعەی كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئەرزی واقیع درووستی كردووە، ئێستا لە ناوەندەكانی بڕیار درووستكردن لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا و هەروەها لەسەر ئاستی سیاسەتی هەردوو بەری ئەتڵەسی (ترانس-ئەتڵەنتیك)، قسەكردن لەسەر دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع بۆتە راستییەكی حاشاهەڵنەگر، هەرێمی كوردستان توانیویەتی پشتگیری ئەم لایەنانە بەدەست بهێنێت و هەموویان داوادەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكرێت و پێداویستی سەربازی و دارایی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت، بەڵام وەك لە راپۆرتەكەی بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق راشكاوانە ئاماژەی پێكراوە، لەنێوان دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریكا و لە چوارچێوەی سیاسەتی ترانس-ئەتڵەتیك هەماهەنگییەكی هاوبەش نییە بۆ ئەوەی پێكەوە هاوكاری كورد بكەن و پێوەندییەكان و شێوازی مامەڵەكردنی دەوڵەتانی ئیقلیمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتی كوردستان لە قۆناخی دوای سەربەخۆیی رێكبخات، لەم روانگەیە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە 2014 ئەمە چوارەمین جارە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە پرۆسەی ریفراندۆم لە تەواوی باشووری كوردستان ئەنجام بدرێت بە كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمەوە، بۆ ئەوەی ئاكامی ئەم راپرسیە ببێتە زەمینەیەكی لەباری یاسایی و جەماوەری و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت و پەیوەندییەكانی دوای قۆناخی سەربەخۆیی دیاری بكات.




ئەشتون كارتەر:
پێشمەرگە ئەو هێزە قارەمان و
كارایەیە كە لە شەڕی دژی داعش بێ وێنەیە

ئێستا كوردان لە خەباتیاندا چاویان لە سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی دەوڵەتە، چونكە پێیانوایە ئەمە تاكەڕێگەی ڕزگاربوونە و ناكرێت چیتر قەدەر و چارەنووسی خۆیان بە دەست هیچ هێز و نەتەوەیەكی دیكەوە بدەن. هاوكات ئەم هەستە نەتەوەیی و ئەم خەونی سەربەخۆییە لە ئاستێكی بەرزدایە، بەتایبەتی كە لە رۆژی ئاڵای كوردستاندا بە باشی گوزارشتی لێكرا و سەرتاپای ڕێگەكان ئاڵای كوردستان هەڵكرابوون و بە باڵەخانەكاندا هەڵواسرابوون و هاووڵاتیان لەسەر سنگیان دەدان و لە ملی كوڕان و كچانی گەنجدا دەبینران، هەموو ئەمانەش ئاماژە بوون بە پابەندبوون بە خەونی دەوڵەتێكی سەربەخۆوە، پێشمەرگەش هاوڕایە كە ئێستا سەروەختی سەربەخۆیی كوردستانە، چونكە هەروەك یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەركە گوتی: «پێویستە هەموو كەس دەوڵەتی خۆی هەبێت، كوردستان بۆ ئێمە و سوننەستان بۆ عەرەبی سوننە و شیعەستان بۆ عەرەبی شیعەیە، بەڵام ئەگەر گرووپێك دەسەڵاتدار بێت بە سەر گرووپەكانی دیكەوە، ئەوا ئەمە مایەی نادادپەروەری دەبێت.»
هەمان رۆژ كاتێك بەرەو هەولێر بەڕێكەوتین لە ڕادیۆوە گوێبیستی ئەوە بووین كە وەزیری بەرگری ئەمەریكا ئاشتۆن كارتەر تازە گەیشتۆتە هەولێر. دواتر لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 17ی كانوونی یەكەمدا كارتەر ڕایگەیاند كە پێشمەرگە بەڕاستی ئەو هێزەن كە ئێمە بەدواییدا لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریادا پێویستمان پێیەتی، هێزێكی خاوەن توانا و پاڵنەرن و دەبێت ئێمە هاوكاری بكەین. كارتەر وەك هێزێكی قارەمان و كارا وەسفی پێشمەرگەی كرد، كە لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەدا بەرپەرچی هێرشێكیان دابوۆە لە كەسكێ. هەروەها ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئازادكردنەوەی شنگال. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هەمیشە كورد داوای چەكی زیاتری رۆژئاوایی دەكات، كارتەر ڕایگەیاند چەكی زیاتر لەلایەن 12 دەوڵەتی هاوپەیمانەوە بەڕێوەیە. لە ڕاستیشدا شەڕی دژی داعش كوردستانی لە عێراق دابڕیوە. هەرچۆنێك بێت، هەموو كارێك پەرچەكردارێكی پێچەوانەی هەیە، هەروەها ئەم دابڕانە ئابوورییە و بوونی شەڕی داعش لە نێو جەرگەی ناوچە سوننەكاندا بە مانای ئەوە دێت كە دەوڵەتی كوردستان بووەتە ئەمری واقیع.
راپۆرتی: ئەوانەی رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە
گۆڤاری جیرۆسەلیم پۆست 25ی12ی 2015
Top