هەموو رێگەكان دەچنەوە لای بارزانی كوردستان ژمارە قورسەكەی ناو گۆڕانكارییە هەستیار وئاڵۆزەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
December 17, 2015
راپۆرتەکان
كوردستان ژمارە قورسەكەی ناو گۆڕانكارییە هەستیار وئاڵۆزەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
«خاڵی بەهێز و جیاكراوەی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەیە كە ئەم هێزە تەنیا هێزی هاوپەیمانە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە توانای ئەوەی هەیە لە ناو عێراق و سووریا تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، ئەم هێزە كە ژمارەیان 160 هەزار پێشمەرگەیە، لە ماوەی 18 مانگی رابردووی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش توانیویانە سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن، بە بێ ئەوەی زیانێكی گەورەی گیانی بدەن، ئەو 8500 پێشمەرگەیەشی شەهید و بریندار بوون، وەك راپۆرتەكانی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی پێدەكەن بەشی هەرە زۆریان قوربانی ئەوە بوون كە هێزی پێشمەرگە ئەو چەك و پێداویستییە سەربازییانەی نەبووە، بە بەراورد بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كە ئێران پشتگیری دەكات، هەروەها خودی تیرۆریستانی داعشیش، بۆیە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەو راستییە دڵنیا بێت كە هەتا تیرۆریستانی داعش ئەو ناوچە فراوانەیان لە عێراق و سووریا بەدەستەوە بێت، ئەوا هیچ شوێنێك لە ناوخۆی ئەمریكادا سەقامگیر و دوور لە مەترسی نابێت، هەروەك ئەو هێرشەی كە لە 13ی نۆڤەمبەر كردیانە سەر پاریس، بۆیە پێموایە بە كاری هاوبەشمان لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لەسەر زەوی دەتوانین كۆتایی بە مەترسییەكانی داعش بهێنێن و رێگە دەگرین لە وەی تیرۆریستان سەرچاوەی پێویستیان لە بەردەست بمێنێت، بۆ ئەوەی هێرشی دیكە بكەنە سەرمان. ئەو پڕۆژە یاسایەی رۆژی چوارشەمەی رابردوو ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس پەسەندی كردووە و داوادەكات راستەوخۆ چەك و كەلوپەلی سەربازی بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو چەكە تەقلیدییانە لەخۆیان دەگرن كە بریتین لە: چەكی دژەتانك و زرێپۆش، تۆپی دوورهاوێژ، ئەو چەكانەی وەك رەشاش و دۆشكە كە پێویستییان بەیەك كەس زیاترە و هەروەها زەخیرە و پێداویستی، هەموو پێداویستییەكی پێوەندی و كەلوپەلی لۆژیستی سەربازی و بەرگری زیاتر و یارمەتی سەربازی دیكە كە سەرۆك بە پێویستی دەزانێت. جەختكردنەوەمان لەسەر ناردنی راستەوخۆی چەك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەو هۆكارەیە كە حكومەتی بەغدا پێشتر بە قەوارەی ئەو چەكانەی لەسەری رێككەوتووین و لەكاتی خۆی چەكی نەگەیاندۆتە حكومەتی هەرێمی كوردستان.»
سیناتۆر رۆس راید
سەرۆكی ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە لە كۆنگریسی ئەمریكا 10/12/2015
هەموو جیهانی ئازاد لە شەڕدایە دژی داعش
كوردستان بەرەی پێشەوەی ئەو شەڕەیە
كاتێك مسعود بارزانی لە 3ی ئابی 2014 بڕیاری «شەڕی مان و نەمان»ی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند و كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێهێشت و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ پێشمەرگایەتی و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا و لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان ژمارەیەكی زۆر كەم چەكی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردووی لەبەردەست بوو، هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاستێك كەموكورتی لە تەقەمەنیی چەكی سووك هەبوو، كە بە ناچاری لە قاچاخچیی لۆكاڵی و بازاڕی رەشی ناوخۆ تەقەمەنی دەكڕی، بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێت لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش بەرگری پێبكات. لە بەرامبەردا تیرۆریستانی داعش تەنیا ئەو چەكە مۆدێرنانەی لە سوپای عێراق دەستیان كەوتبوو، بە بەهای 25 ملیار دۆلار بووە و لە سووریا چەكی دەوڵەتێكیان دەست كەوتبوو، ئەمەش واتە پێشمەرگە بە چەكی كۆن و تەقەمەنی كەم لە شەڕێكدا بوو دژی دەوڵەتێكی تیرۆریستی كە چەكی مۆدێرنی دوو دەوڵەتی لەبەردەست بوو، ئەمە جیا لەوەی ئەو خەڵكانەشی دوای داگیركردنی موسڵ و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی پێوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە كردبوو، بەشی هەرە زۆریان ئەفسەر و پلەداری پێشووی رژێمی سەدام حوسێن بوون، كە هەر نەك بەئەزموون و شارەزا بوون لە تاكتیك و زانستی سەربازی، بەڵكو شارەزا و بەئەزموون بوون لەشەڕكردن دژی پێشمەرگە و بەركارهێنانی ئەو چەكانەی لە سوپای عێراقەوە دەست تیرۆریستانی داعش كەوتبوون.
لە هەفتەی یەكەمی ئەم شەڕەدا واتە لە 3-11/8/2014، كاتێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مسعود بارزانی توانی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش رابگرێت و قەزای مەخمور ئازاد بكاتەوە، ئەم سەركەوتنەی پێشمەرگە سەرسوڕمانێكی لەنێو ژەنڕاڵەكانی پێنتاگۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش درووستكرد، كە بگاتە ئەوەی بڵێن: «سەركردایەتی مسعود بارزانی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە، كوردستانی كردووە بە سپارتە و دەبێت لەبەر خاتری ئەو سەركردایەتییە و ئەو سەركەوتنانە جیهان رێز لە كوردستان بگرێت». ئەم سەركەوتنانە بووە هەوێنی ئەوەی سەرۆك ئۆباما دوای 3 ساڵ بتوانێت بڕیارێك بدات بۆ ئەوەی بە رێگەی هێزی ئاسمانی هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت. تۆماس فریدمان كە شەوی 11 لەسەر 12ی ئابی 2014 لەسەر ئەم پرسە دیمانەی لەگەڵ سەرۆك ئۆباما كردووە، راشكاوانە ئەوەی پێدەڵێت: «نیوەی سەرت سپی بوو، هەتا توانیت ئەم بڕیارە بدەیت، نیوەكەی دیكەشی بە خەمی تی پارتییەوە سپی دەبێت». فریدمان جیا لەوەی یەكێكە لە رۆژنامەنووسە گەورەكانی جیهان و ستووننووسی بەناوبانگی نیویۆرك تایمزـە، ئێستا وەك یەكێك لەو بیرمەندانە لە جیهاندا لەقەڵەم دەدرێت كە توانای پێشبینی گەورەی بۆ گۆڕانكارییە بەردەوام و خێراكانی سەدەی بیست و یەكەم هەیە، بۆیە ئەم قسەیەی فریدمان كە بە سەرۆك ئۆبامای وتووە، مانای ئەوەیە پێش سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بۆ راگرتنی هێرشەكانی داعش، بە درێژایی مێژووی دیپلۆماتی ئەمریكا هیچ سەرۆكێك وەك سەرۆك ئۆباما بێئومێد و دەستەوەستان نەبووە لە ئاستی هەڕەشە و مەترسییەكاندا، هۆكاری سەرەكیی ئەم نائومێدبوون و بێدەسەڵاتییەی سەرۆك ئۆباما-ش بەرامبەر گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لەم خاڵانەدا رەنگی دابۆوە:
1. سەرۆك ئۆباما دانی بەو راستییەدا نابوو، ئەمریكا كاتێك ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراقی لە 2003 بۆ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن ئەنجامدا، راستە جەنگەكەی بردەوە و رژێمەكەی رووخاند، بەڵام شەڕەكەی دۆڕاند، لەبەر ئەوەی نەیتوانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی سەركەتوو بونیاد بنێتەوە.
2. لە دوای راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی و بۆ رووخانی رژێمی موعەمەر قەزافی، ئەمریكا لە رێگەی ناتۆوە بەشداری كرد بۆ رووخانی رژێمی قەزافی، لەمەشیاندا راستە قەزافی رووخا، بەڵام لیبیا بووە ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی تیرۆریستان.
3. ئەمریكا لە سووریا نە پەنای بۆ ئۆپەراسیۆنیك برد بۆ رووخانی ئەسەد، نە بە رێگەی هاوپەیمانی ناتۆش هێرشی كردە سەر دیمەشق، بۆیە وەك بینیمان لە ساڵی 2014 داعش دەركەوت و بەشی زۆری سوننەی سووریا پێوەندییان پێكرد و لەگەڵ دەركەوتنیشیان لە موسڵ پێنج فیرقەی سەربازی عێراق خۆیان دا بەدەستی تیرۆریستانی داعشەوە.
ئەگەر لەم سێ خاڵەوە سەرنج لە بڕیارەكەی 11ی ئابی 2014ی سەرۆك ئۆباما بدەین، ئەم بڕیارەی سەرۆك ئۆباما بریتی نەبووە لە ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵكو بڕیارێك بووە بۆ هاوكاری كوردستان و بۆ راگرتنی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش، بەڵام دوای ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، ئەفسانەی داعشی لەسەر زەوی بەتاڵكردەوە، سەرۆك ئۆباما لە 11ی سێپتەمبەری 2014، ستراتیژیەتی ئەمریكای بە تێكشكاندن و بێئومێدكردن (degraded and destroyed)-ی تیرۆریستانی داعش راگەیاند، بەڵام ئەم ستراتیژییەش تەنیا لەو ناوچانە و بەرەكانی شەڕی داعش بەرهەمی هەبوو كە هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مسعود بارزانی بەرپەرچی تیرۆریستانی داعشی دەدایەوە، سەركەوتنەكانیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبوون، هەتا هێزی پێشمەرگە توانی سەد (ئاوبەند)ی موسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكات، ئەم سەركەوتنە گەورەترین چەكی دەستی داعشی پووچەڵ كردەوە كە پێشتر هەڕەشەی ئەوەی دەكرد، دەتوانێت بە تەقاندنەوەی ئەم سەدە بەغدا نقوومی ئاو بكات. بۆیە پاش ئەم سەركەوتنە و نەمانی مەترسی لە سەر بەغدا، ئەمجارەیان پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بە فەرمی بانگهێشتی بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی سەبارەت بە شەڕی دژی داعش پەیامێك لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا پێشكەش بكات و دواتریش ژمارەیەكی زۆر لە وەزیرانی بەرگری دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا كۆبوونەوەی تایبەتیان لەگەڵ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشمانی كوردستان گرێدا.
ئەگەر بە خێرایی سەرنج لە رووداوەكانی 18 مانگی رابردووی شەڕی دژی داعش بدەین، دەبینین هەموو گۆڕانكارییەكان لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش، گرێدراونەتەوە بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەسەر زەوی. گەورەترین گۆڕانكاری لەماوەی ئەم 18 مانگە لە ستراتیژیەتی دژی داعش، ئەو بڕیارەی مسعود بارزانی بوو بە ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هاوكاری شەڕڤانان لە كۆبانێ، بۆ سەرۆك ئۆباما كەوتنی كۆبانی ببووە گرێیەك، بەتایبەتی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند كۆبانێ دەكەوێتە دەستی تیرۆریستان، هەربۆیە سەرۆك ئۆباما بڕیاریدا هێرشە ئاسمانییەكان بۆسەر كۆبانی زۆر چڕبكرێنەوە بۆ ئەوەی بتواندرێت هێرشی تیرۆریستانی داعش رابگیرێت، بەڵام بەپێی شاهیدییەكی پڕۆفیسۆر ماكس بۆت كە گەورە توێژەری سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكایە، راشكاوانە رایگەیاند: ئەمریكا چەند خۆی ماندوو بكات و هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی كۆبانێ بپارێزێت، بەڵام سەرەنجام دەبێت وەك ناوی (خی سانی ڤێتنامی) بەجێبهێڵێت و پاشەكشە بكات، لەبەر ئەوەی ناتوانێت بیپارێزێت، بەڵام پاش ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئەوكات تەنیا 25% كۆبانی لە ژێر دەستی شەڕڤانان مابوو، توانرا لە ماوەی 85 رۆژدا هاوكێشەی شەڕەكە پێچەوانە بكرێتەوە و ئازادكردنی كۆبانێ رابگەیەندرێت. دیارە پێشتریش بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیبووی چیای شنگال ئازاد بكاتەوە، بۆیە ئەم دوو سەركەوتنە نەك هەربوونە هۆكاری ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گۆڕانكاری لە ستراتیژیەتی خۆیدا بۆ شەڕی دژی داعش بكات، بەڵكو لە مانگی شوباتی 2015 كۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایش، بە تەنیا سەرۆك مسعود بارزانی بانگهێشت كردبوو، كە سەرۆكی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبوو، ئەم بانگهێشتكردنە تایبەتەكەی سەرۆك بارزانی بۆ لوتكەی میونخ و دیداری لەگەڵ ئەنگێلا میركل-ی راوێژكاری ئەڵمانیا لە ژێر ئاڵای كوردستاندا، ئەو مانایەی هەبوو كە كوردستان بەشێكی گرنگ و ستراتیژی پاراستنی ئاسایشی هەموو جیهانە، ئەم تێروانینە لە مانگی مارتی 2015 ببێتە پرۆژە یاسایەك لە كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ ئەوەی بە هاوشێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ چەك بدرێتە كوردستان، كە ئەم پرۆژە بڕیارە كە كێشەی لە نێوان كۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریكا درووستكرد، بەڵام دوای سەردانی سەرۆك بارزانی لە ئایاری 2015 بۆ كۆشكی سپی و كۆبوونەوەی لەگەڵ پێنتاگۆن یەكلایی كرایەوە و سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكا ئیحراج نەبێت، رازی بوو بەوەی چەك لە رێگەی بەغداوە بگاتە هەرێمی كوردستان بە مەرجی چەكەكان بە قەوارەی خۆی و لەكاتی خۆی بگاتە دەستی هێزی پێشمەرگە، بەڵام لە ماوەی ئەم چەند مانگە بەغدا دیسان بە تەواوەتی پابەند نەبووە بەو رێككەوتنە و بڕی چەكەكان بە قەوارە خۆی و لەكاتی خۆی ناگاتە دەستی پێشمەرگە، بۆیە رۆژی چوارشەممەی رابردوو جارێكی دیكە لەناو كۆنگرێس ئەو پرۆژە یاسایەی ئەنجوومەنی پێوەندییەكانی دەرەوە پەسەند كراو، ئەمجارەیان زۆر راشكاوانە كۆنگرێس بەوجۆرە قسە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكی و سەرۆك ئۆباما دەكات: ئەگەر دەتەوێت لە شەڕی دژی داعش سەركەوتوو بیت و تیرۆر لە ئەمریكا دوور بێت، ئەوا دەبێت ئەم یاسایە پەسەند بكرێت و بەپێی ئەم یاسایەش دەبێت هەموو جۆرە چەكێكی تەقلیدی بەرگری و هەموو پێداویستییەكی سەربازی راستەوخۆ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت، لەمەش زیاتر دەبێت بۆ ماوەی سێ ساڵ رێگە بدرێت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی پێداویستی خۆی چەك و كەلوپەلی سەربازی بكڕێت.
ئەم جەختكردنەوەی كۆنگرێس لەسەر پێدانی راستەوخۆی چەك بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك لە پرۆژە یاساكەشدا راشكاوانە ئاماژەی پێكراوە، كوردستان تەنیا هاوپەیمانی ئەمریكایە لە ئۆپەراسیۆنی تێكشكاندنی داعشدا، بە دیوێكی دیكەدا پەیامێكە بۆ هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەو دەوڵەتانەشی كە ئەندامی هاوپەیمانییەكە نین و شەڕی داعش دەكەن، ئەگەر ئامانجمان ئەوەیە لە شەڕی دژی داعش سەركەوتوو بین، ئەوا دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە، چۆن لەگەڵ مسعود بارزانی مامەڵە دەكەین و چۆن لە كوردستانەوە ستراتیژیەتی كۆتاییهێنان بە تیرۆریستانی داعش دەست پێدەكات.
سەردانەكانی بارزانی بۆ وڵاتان و
پێشوازی كردنی بە ئاڵای كوردستان
ئازادكردنی شنگال وێستگەیەكی گرنگی وەرچەرخانە لە ستراتیژیەتی جیهانی ئازاد بۆ كۆتاییهێنان بە تیرۆریستانی داعش، ئەو سەركەوتنەی لە ئازادكردنی شنگال بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و بە هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە لە زەوی و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە لە ماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێر بەدەستهات، بێجگە لەوەی بووە هێدمەیەكی قورس و گورزێكی گورجكبڕ بۆ تیرۆریستانی داعش و ئەو دەوڵەتەی پێی دەڵێن «دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی»، لە هەمانكاتدا جێگەی سەرسوڕمان و هێدمە بوو بۆ هەموو پسپۆڕانی سەربازی و هەواڵگری، لەبەر ئەوەی هەموو پسپۆڕانی سەربازی و هەواڵگری مەزندەی ئەوەیان دەكرد، شەڕی ئازادكردنەوەی شنگال، شەڕێكی درێژخایەنی كۆڵان بە كۆڵانی ناو شنگال بێت، بەڵام كاتێك لە چوارچێوەی ئەو پلانە سەربازییە سەرۆك بارزانی دایڕشتبوو و هێزی پێشمەرگە بەسەركەوتوویی جێبەجێی كرد و تیرۆریستانی داعش دووچاری سەرلێتێكچوون و هەڵاتن هاتن، بە ناچاری تیرۆریستانی داعش پەلامارەكانیان لە ئەوروپا دەستپێكرد، وەك ئەوەی لە 13ی نۆڤەمبەر لە پاریس ئەنجامیاندا، ئەمە وایكرد كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێك پەسەند بكات بەوەی تیرۆریستانی داعش مەترسییەكی بێ وێنەن لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەبێت بە هەموو رێگەیەك ئەم مەترسییە دوور بخرێتەوە. دوورخستنەوەی ئەم مەترسییەش وەك لە پرۆژە یاساكەی رۆژی 9ی 12ی 2015 هاتووە، تەنیا و تەنیا بەو دانپێدانانە دەبێت كە كوردستان تەنیا هاوپەیمانی راستەقینەی ئەمریكایە و دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە پێویستە راستەوخۆ و چەك و پێداویستی سەربازییان بۆ دابینبكرێت. هەروەك چۆن لە میانەی سەردانەكانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ دەوڵەتانی كەنداو و توركیا، بە راشكاوی هەستی پێدەكرێت، پێگەی كوردستان لەو ئاستەیە كە دەبێت هاوشانی دەوڵەتانی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
هەر بۆیە ئەگەر لە رەهەندە جیاوازەكانی شێوازی پێشوازی ئەم سەردانانەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی ورد بینەوە، دەبینین ئەو دۆسێی و بەرنامانەی لەگەڵ سەرۆكی كوردستان لەسەر ئاستی رێز و بەرژەوەندی هاوبەش باسیان لێوە دەكرێت، هەست دەكرێت لەوە گەورەترە، كە سەرۆكی كوردستان تەنیا پێویستی بەوە بێت ئەو دەوڵەتانە بڵێن كوردستان هەیە، یان نییە، بەڵكو كوردستان وەك دەوڵەتێكی ئەمری واقیع لە چوارچێوەی سەركردایەتی لۆژیكانەی مسعود بارزانی بۆتە ئەو دەوڵەتەی بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكە هەیە و دەوڵەتی كوردستان فاكتەرێكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها سوپای هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەو سوپا كاریگەرەیە كە توانای ئەوەی هەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، مەترسی هێرشە تیرۆریستییەكان لەسەر پایتەختەكانی رۆژئاوا و تەواوی پایتەختەكانی جیهان دووربخاتەوە.
هەر بۆیە ئەگەر لە میانەی سەردانەكانی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتانی كەنداو و شانشینی عەرەبستانی سعودیە، بەرنامەی سەردانەكەی تێكشكاندنی داعش و ئایندەی ناوچەكە بێت دوای تێكشكاندنی داعش، لەوەی چ جۆرە دەوڵەتێك بۆ عەرەبی سوننە لە سووریا و عێراق دابمەزرێت و كۆتایی بە شەڕی مەزهەبگەرایی شیعە و سوننە بهێندرێت، ئەوا لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ توركیا جۆرە ئەجیندا و بەرنامەیەكی دیكە دەخوێندرێتەوە كە خاڵی هاوبەش لە نێوان كوردستان و توركیا درووست دەكات، راستە تەوەری سەرەكی بەرنامەی سەرۆكی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی توركیا، تایبەتە بە شەڕی دژی داعش و كۆتاییهێنان بە مەترسیی تیرۆریستانی داعش، بەڵام دیوێكی دیكەی تایبەتە بە قۆناخی دوای كۆتاییهاتنی داعش و رۆڵی كوردستان لە سەقامگیری و تەناهی ناوچەكەدا، هەر بۆیە وەك بینیمان یەكێك لە ئەجیندای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، كۆبوونەوە بووە لەگەڵ هادەپ و سیاسەتمەدارانی كورد لە توركیا، بۆ ئەوەی دووبارە پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا دەست پێبكاتەوە. سەرۆك بارزانی تەنیا سەرۆكە كە لەم پرۆسە ئاڵۆزەدا رۆڵی كاریگەری هەبووە و ئێستا كە ئەم پرۆسەیە گەیشتۆتە بنبەست، دیسان سەرۆك بارزانی تەنیا سەرۆكە كە ئەم پرسە بە راشكاوی لەگەڵ حكومەتی توركیا و سیاسەتمەدارانی كوردی توركیا باس دەكات و ئامادەیە ببێتە ناوبژیوان بۆ هەردوولا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێبكاتەوە و میكانیزمێك دابنرێت بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەو وڵاتە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەركردن بوو، لە میانەی پێشوازی سەرۆك بارزانی لە توركیا، دانانی ئاڵای كوردستان بووە لە فڕۆكەخانە و هەروەها لە میانی كۆبوونەوەكاندا، دانانی ئەم ئاڵایە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەتایبەتی كە سەرۆك وەزیرانی توركیا وەك نەریتێكی پرۆتۆكۆلی بۆ پێشوازی لە سەرۆكی كوردستان دایبنێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان نەك هەر هەڕەشە نییە بۆ توركیا، بەڵكو فاكتەرێكی هاوكارە بۆ سەقامگیری و ئاشتی ناوخۆیی توركیا.
لە میانەی ئەم وەرچەرخانەی لە شەڕی دژی داعش و رێكخستنەوەی ئایندەی ناوچەكە لە دوای نەمانی تیرۆریستانی داعش، پێدەچێت سەردانەكانی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتانی دیكە و سەردانی سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی وڵاتانی دیكە بۆ كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون بكات، بۆیە هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە، لە دوای ئەم سەردانانەی سەرۆك بارزانی كە راشكاوانە بوونی كوردستان وەك فاكتەرێك و لایەنێكی سەرەكی لە هاوكێشە سیاسییەكانی ئێستا و داهاتوو بەرجەستە دەكات، كاردانەوەی ئەرێنی و نەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی كە هەتا ئێستاش خەو بەوە دەبینین كە ببنە رێگر بۆ ئەوەی نەخشەی ناوچەكە وەك خۆی بمێنێتەوە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەیێت.
خۆ ئامادەكردنی كوردستان
بۆ كۆتاییهاتنی داعش و ئایندەی دوای داعش
ئێستا جیهانی ئازاد ئەوەی راگەیاندووە كە لە شەڕدایە دژی تیرۆریستانی داعش و ئەوەی ناویان لێناوە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دەبێت بڕووخێندرێت و كۆتایی بە داعش بهێندرێت، خاڵی سەرەكی و گەوهەری لە دوای كۆتاییهاتنی داعش ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ عەرەبی سوننە دەكرێت. لەبەر ئەوەی لە سووریا و عێراقیش سیاسەتە هەڵەكانی رژێمی بەشار ئەسەد و حكومەتەكەی نوری مالیكی وایكرد، عەرەبی سوننە لە نێوان مالیكی و بەشار ئەسەد داعش هەڵبژێرن، كەواتە ئەم هاوكێشە تازەیە پێمان دەڵێت، بۆ ئەوەی فیتنەی مەزهەبگەرایی شیعە و سوننە سنوورێكی بۆ دابنرێت كە لایەنی وەك تیرۆریستانی داعش و ئەلقاعیدە لەو بارودۆخە سوودمەند دەبن، ئەوا ناكرێت جارێكی دیكە سوننە و شیعە تێكەڵی یەكتری بكرێن، بۆیە دەبێت لە یەكتری جیابكرێنەوە، ئەم لە یەكتری جیاكردنەوەی عەرەبی سوننە لە شیعە، ئەوا نەخشەی سیاسی تەواوی ناوچەكە دەگۆڕێت، لە هەمانكاتدا ناشكرێت ئەو كیانە سیاسییەی كوردستان كە وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع بۆتە پێگەی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و بە دامەزراندنی دەوڵەتی سوننە هیچ پێوەندییەكی جوگرافی لەگەڵ حكومەتی بەغدا نامێنێت، هەروەك چۆن لە دوای راگەیاندنی بەناو خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەوەی كوردستان و بەغدا تەنیا ئاسمان پێكەوەیان دەبەستێتەوە، بۆیە لە ئێستاوە كوردستان وەك كاراكتەری سەرەكی لە شەڕی داعش لە سەر زەوی وەك كیانێكی سیاسی و لایەنێكی سەرەكی لە هاوكێشەی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خۆی بۆ ئایندەی دوای كۆتایی هاتنی داعش ئامادە دەكات و دەبێتە مۆدێلێك بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رێگە نەدرێت هاوشێوەی تیرۆریستانی داعش بەو ئاستە گەشە بكەن كە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی رابگەیەنن.
لێرەوە و لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و تێڕوانینەكان بۆ دووبارە گێرانەوەی سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستی بە دەستنیشانكردنی نەخۆشییە راستەقینەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، نەك سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش، لەبەر ئەوەی دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش بەرەنجامی ئەو دەوڵەتە سەقەتەیە كە لە بەر رۆشنایی رێككەوتنی سایكس پیكۆ، ئەنجامی رێككەوتنەكانی دوای شەڕی یەكەمی جیهانی سەپاندوویەتی، بۆیە ئەم جۆرە دەوڵەتانەی كە وەك دەستكەوتی شەڕ لە نێوان هاوپەیمانانی شەڕی یەكەمی جیهانی دابەشكراون، لەسەر بنەمای دەوڵەتی هاوچەرخی نەتەوەیی سەدەی حەڤدەهەمی ئەوروپا وەك پرۆسەیەك بۆ بونیادنانی ئاستی هەمیشەیی لە نێوان نەتەوەكانی ئەوروپا بونیاد نەنراون، بەڵكو بۆ رازیكردنی هاوپەیمانانی شەڕەكە درووستكراون.
هەربۆیە لە ئێستادا كە جیهان لەسەر پرسی لەناوبردنی داعش بەرەو كۆدەنگییەكی بێ وێنە دەچێت. پرسی سەرەكی كە لێرەوە دەست پێدەكات، مەسەلەی دانوستاندنەكانی دوای شەڕی داعش و كۆتایی پێهێنانی داعشە.
خاڵی بەهێزی كوردستان لەو خاڵەوە دەست پێدەكات، بەوەی ئێستا كوردستان لە سایەی سەرۆكایەتی مسعود بارزانی-دا، بۆتە جێگەی تەنیا ئومێدی هاوپەیمانانی دژی داعش و ناتۆ و ئەمریكا بۆ ئەوەی لەسەر زەوی ئەم شەڕە بەلایەكدا بخات، ئەم واقیعە رۆژ لە دوای رۆژ رەهەندی تازە بە دوای خۆیدا دەهێنێت و ناوەندەكانی درووستكردنی بڕیاری سیاسی و ناوەندەكانی درووستكردنی پلانی سەربازی، خەریكە بە تەواوەتی دەگەنە ئەو قەناعەتەی لە چوارچێوەی نەخشە كۆنەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هیچ شێوەیەك نە داعش كۆتایی پێدەهێندرێت، نە ئاشتی و سەقامگیریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی دەبێت، سروشتی پێشكەوتنە تەكنەلۆژیاكانی سەدەی بیست و یەكەمیش واقعێكی وای خوڵقاندووە كە چیتر سەدەی بیست و یەكەم، سەدەی بیستەم نییە، هەتا دەسەڵاتی خۆسەپێن و تۆتالیتاری بتوانێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی دیكتاتۆریدا سەقامگیری بەرهەم بهێنێت، بۆیە لەم راستەوە چەند خاڵێك بۆتە، خاڵی هاوبەش بۆ بەرژەوەندی تەواوی هێزە گەورەكان و لایەنە پێوەندیدارەكان بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، كە دەكرێت ئەمجۆرە ئاماژەیان پێبكەین:
كێشەی گەورە و سەرەكی لە ناو عەرەبی سوننە، مەسەلەی زەقبوونەوەی تەنگژە و كێشەی نێوان شیعە و سوننەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی كێشەی نێوان شیعە و سوننە، سنووری دەوڵەتەكانی بەزاندووە و بۆتە كێشەیەكی گەورە لە نێوان دەوڵەتانی سوننەی كەنداو و ئێراندا، ئەوا دەبێت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە سوننە و شیعە لێك جیابكرێتەوە، باشترین دەوڵەتیش بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەی لێ تاقی بكرێتەوە، هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراقە، لەبەر ئەوەی ئێستا سووریا و عێراق، هیچ سیفەتێكی دەوڵەتی خاوەن سەروەرییان تێدا نەماوە.
ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئامانجی ئەوە بێت فیكری داعش لە ریشەوە هەڵبكێشێت، ئەوا ئەم فیكرە بە دەستی عەرەبی سوننە هەڵدەكێشرێت، لەبەر ئەوەی عەرەبی سوننە كە هاتە سەر هەڵبژاردن لە نێوان شیعە و داعشدا، ئەوا داعش هەڵدەبژێرێت، نەك پێكەوەژیان لەگەڵ شیعەدا، ئەوجا بۆ ئەوەی داعش نەمێنێت، ئەوا دەبێت شیعە و سوننە لە یەكتری جیابكرێتەوە.
لەم نێوەندەدا كوردستانی باشوور تەنیا قەوارەی سیاسییە لە ناوچەكە كە كێشەی مەزهەبگەرایی شیعە و سوننە و كێشەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی نییە، ئەم مۆدیلە كە هەموو بیرمەندان جەختی لەسەر دەكەنەوە، بەوەی پێویستە ببێتە مۆدێلی تازەی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا لەلایەن رۆژئاواو هاوپەیمانی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپاوە پشتگیری لێدەكرێت، هەروەها كوردستانی باشووریش خۆی ئەو راستییەی سەلماندووە كە دەتوانێت بەبێ چاودێری نێودەڵەتی و بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی، ئاشتی و تەناهی و سەقامگیری لە چوارچێوەی كوردستانی باشووردا فەراهەم بكات.
لەبەر رۆشنایی ئەم راستییانە كە ئێستا بەشێكن لە واقیعی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەركردنی كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوە دەرچووە كە سنوورە كۆنەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە پێی چارەسەر بكرێت، خۆ ئەگەر لەم حاڵەتەدا سنوورێك بۆ ئەم تەنگژەیە دانەنرێت، ئەوا مەدی شیعە و سوننە بە شێوەیەكی مەزهەبیی زۆر خراپ، دووبارە سنوورەكان درووست دەكاتەوە، هەروەك چۆن ئێستا مەدی شیعە سنووری لە نێوان باشووری لوبنان و سووریا و عێراق نەهێشتووە، هەروەها مەدی فیكری داعش سنووری لە نێوان سووریا و عێراق نەهێشتۆتەوە.
لەسەر بنەمای ئەم واقیعە تازەیە كە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەسەر زەوی بۆ باشووری كوردستان درووستیان كردووە، ئەجیندای سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی نەتەوەی كورد و سەرۆكی كوردستان لە پێگەیەكدایە كە هەموو جیهانی ئازاد پشتگیری ئەو سەقامگیری و تەناهییە دەكات كە لە كوردستان بوونی هەیە، ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییە كە دەبێتە پاڵپشتێكی گەورە بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی، كوردستانی لە هاوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردۆتە دەوڵەتێكی هاوچەرخی خاوەن سەروەری و فاكتەرێك بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەكە.