دەوڵەتی كوردستان پرۆسەیەكە دەستی پێكردووە و دەمانەوێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئەم دەوڵەتە دابمەزرێت
December 7, 2015
راپۆرتەکان
لە نێوان عێراقی بوون و كوردبووندا
لە سەرەتای پەنێڵەكە ئەو پرسیارە رووبەڕووی هێمن هەورامی كرایەوە، بەوەی ئایا لە كەیەوە هەست بە كوردبوونی خۆت دەكەیت؟ لەوەڵامدا هەورامی گوتی: «ئەگەر زۆر بە راشكاوی بدوێم ئەوا هەرگیز هەستم نەكردووە عێراقیم، لە بەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی دەستكردە و ئەگەر بگەڕیێنەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵانی بیستەكان ئەوا دەوڵەتێك نەبووە بە ناوی عێراق، بەڵكو سێ ویلایەتی سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەبوون. هەروەها ئێمە تەنیا ئێش و ئازارمان لە عێراقدا بینیوە، هەمیشە دووچاری نەهامەتی و خراپەكاری بووینەتەوە لەسەر دەستی حكومەتەكانی عێراق. هەرگیز هەستمان نەكردووە هاووڵاتی ئەم وڵاتەین و ئەوەی بینیومانە كاولكاری 4500 گوندی كوردستان و گۆڕی بەكۆمەڵ و بۆردوومانی كیمیایی و شاڵاوی ئەنفال بووە كە 182 هەزار كەسی تێدا بە زیندوویی خرانە چاڵەوە و تەنیا توانیومانە 5 هەزار روفاتیان بدۆزینەوە. هەروەها كورد زمان و كەلتوور و ناسنامەی جیاوازی خۆی هەیە. ئێمە پرسمان پێنەكراوە، كاتێك كراوینەتە بەشێك لە عێراق، ئێستاش دەمانەوێت خۆمان وڵاتی خۆمان بەڕێوەببەین. هەروەها دەمەوێت باسی ئێستاش بكەم و ئاماژە بەوە بكەم تەنیا ستەم و ناڕەوایەتییەكانی رابردوو نین كە وایان لێكردووین هەست بە عێراقی بوون نەكەین، بەڵكو لە رۆژگاری هاچەرخیشدا دووچاری ستەم بووینەتەوە. سەددام حوسێن كە حوكمڕانیی عێراقی كرد و هەموو تاوانێكی دژ بە كورد ئەنجام دا، بەڵام پەنای بۆ بڕینی بودجەی كوردستان نەبرد، بەڵام حكومەتی ئێستای عێراق ئەم كارەی كردووە. وێنای ئەوە بكەین كە تەنانەت لە عێراقی نوێدا كە هیوای ئەوەمان دەخواست ببێتە عێراقێكی فیدڕاڵی و فرەیی و عەلمانی، كەچی ئێستاش كورد وەك شەریك قبووڵ ناكەن، لەبەر ئەوە ئێمەش پاشكۆیەتی قبووڵ ناكەین. كەواتە ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێك لەو بارودۆخە پڕ لە پشێوییەی عێراقی تێكەوتووە. ئێمە لە كوردستانی عێراقدا دەستمان داوەتە پرۆسەیەك كە بریتیە مومارەسەركردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس.
پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا
سەبارەت بە تێڕوانینی هەرێمی كوردستان بۆ پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و هەڵویستی هەرێم لەسەر پرسی كورد لە توركیا، لە بەشێكی دیكەی پەنێڵەكەدا هەورامی ئاماژەی بەوە كرد، هەمیشە تێڕوانینی كوردستان لە ئاست توركیادا لەسەر بنەمای دوو گۆڕاو بووە، پێوەندی توركیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی توركیا لە ئاست كێشەی كوردی وڵاتەكەی. لە دوای دامەزراندنی توركیای مۆدێرنەوە، كێشەی كورد بە تواندنەوە و نكۆڵی لێكردن و تێنەگەیشتنەوە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە. كاتێك لە ساڵی 1956 پەخشی كوردی لە ئەنقەرە كرایەوە، حكومەتی توركیا نامەیەكی بە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە میسردا بۆ جەمال عەبدولناسر نارد و میسری بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستوەردەداتە ئاسایشی نەتەوەیی توركیاوە، بەڵام عەبدولناسر بە باڵیۆزی توركیا راگەیاند ئایا كورد لە توركیا هەن، وەڵامی باڵیۆز نەخێر بوو، جەمال عەبدولناسریش پێی وت: كەواتە چۆن ئێمە دەستێوەردان لە ئاسایشی ناوخۆیی ئێوە دەكەین؟
لە ئێستادا دەبێت دان بەوەدا بنێین كە ساتەوەختی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن لە ئارادا نەماوە. كوردستانیش بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە كە هەر یەكەیان هەل و مەرجی تایبەتی خۆی هەیە. لە روانگەی هەولێرەوە باوەڕمان وایە گۆڕانكاری لە توركیادا روویداوە و ئەمەش پێشوازی لێدەكەین و پشتیوانیمان لەم پرۆسەیە كردووە و هەرگیز باوەڕمان بەوە نەبووە بتوانرێت بە رێی توندوتیژییەوە هیچ شتێك لە توركیا بەدەست بێت. توركیاش لە رێی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، یان نكۆڵیكردن، یان تواندنەوەوە نەیتوانیوە كێشەی كورد لە وڵاتەكەیدا چارەسەر بكات. تێڕوانینی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991ـەوە تاوەكو 2003 و ماوەیەك دواتریش تێڕوانینێكی ئەمنییانە بوو، واتە توركیا هەرێمی كوردستانی بە سەرچاوەی ناسەقامگیری دەزانی و بە ئاگرخۆشكەری دابەشبوونی توركیای لە قەڵەم دەدا. بەو پیێە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بە سەرچاوەی هەڕەشە دەزانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی، بەڵام كوردستانی عێراق سەلماندی كە هەڕەشە نییە بۆ سەقامگیری ناوچەیی و بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی. دەكرێت هەرێمی كوردستان رەسیدێك بێت بۆ توركیا بۆ هاوسەنگی ناوچەیی ئەم وڵاتە، نەك هەڕەشە بێت بۆ سەر سەقامگیری ناوچەیی توركیا. هەروەها هەرێمی كوردستان سەلماندی تەنانەت لە رووی ئابووریشەوە دەتوانێت ببێتە شەریكی توركیا، چونكە لە كۆی 12 ملیاری قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا، 9 ملیاریان لەگەڵ هەرێمی كوردستانە و لە كۆی 3 هەزار كۆمپانیای بیانی لە كوردستاندا 1300 كۆمپانیایان توركین. لە بیرمانە لە توركیا بە سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی دەوترا سەرۆك خێڵ، بەڵام ئێستا ئیعتیرافیان بە كوردستان كردووە و قونسولگەری توركیا لە هەولێر كراوەتەوە و پێوەندییەكی ئابووری باشتریان بنیادناوە. لە شەڕی داعشدا ئێمە چاوەڕوانی زیاتر لە توركیا دەكەین. لەبەر ئەوەی هەردوولا پێویستمان بە یەكترە، توركیا دەروازەی ستراتیژیە بۆ ئێمە بەرەو جیهان بۆ بۆرییەكانی ئێمە. توركیاش ناتوانێت گرنگیی كوردستان بۆ هاوسەنگی ناوچەیی فەرامۆش بكات. هەروەها هەرێمی كوردستان بۆتە پەرژینێك بۆ ئاسایشی باشووری توركیا لە بەرامبەر ئەو ناكۆكییە لە نێوان شیعە و سوننەدا هەیە لە عێراقدا. ئێمە باوەڕمان وایە لە ناوخۆی توركیاشدا بەدیلی پرۆسەی ئاشتی لە ئارادا نییە. راستە پرۆسەی ئاشتی كۆتایی هاتووە، بەڵام دەبێت ئیرادە و توانا و باوەڕمان بە پرۆسەی ئاشتی هەبێت، چونكە بەدیلەكە درێژەكێشانی خوێنڕێژیە كە دەركەوت ئەوەش شكستی بە دوادا دێت. لە راستیدا ئێمە زۆر نیگەرانین لە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە، لەبەر ئەوەی ئەمە ناسەقامگیری زیاتری لێدەكەوێتەوە لە ناوچەكە و هەروەها لە توركیاشدا. توركیا بەهێزتر دەبێت ئەگەر بتوانێت چارەسەرێكی دیموكراتی و ئاشتییانە بۆ كێشەی كوردی وڵاتەكەی بدۆزێتەوە. ئێمە قسەمان لەگەڵ سیاسییەكانی كورددا كردووە و پەیاممان ناردووە بۆ پەكەكە كە پێویستە ئەو ساتەوەختە بقۆزنەوە. لەبەر ئەوەی هەر هەلێكی سیاسی و هەر بەشداریەكی دیموكراسی لە پەرلەمان و حكومەتدا دەرئەنجامی ئیجابی لێدەكەوێتەوە. ئێمە هیوامان خواست هەدەپە كە 80 كورسی بەدەستهێنا لە پەرلەماندا بچێتە نێو حكومەتەوە بۆ ئەوەی لە ناو حكومەتەوە برەو بە پرۆسەی ئاشتی بدەن و مەرجەكانی خۆیان بەسەر ئاك پارتی-دا بسەپێنن. لە روانگەی هەولێرەوە هەوڵمانداوە هەمیشە ئەوە بە هەردوولا- بە حكومەتی توركیا و پەكەكە و هەدەپە- رابگەیەنین كە ئامادەین ببینە بەشێك لە چارەسەری ئاشتییانە، بەڵام نابینە بەشێك لە چارەسەری ئەمنی و سەربازی بۆ هیچ لایەكتان. لەبەر ئەوەی باوەڕمان وایە ئەمە بێ ئەنجامە. باوەڕمان وابوو ئۆجەلان ئەدرێسێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی رووی تێبكرێت و گفتوگۆی لەگەڵدا بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد. بەڵام هەندێ لە كەسانی سەرسەختی ناو پەكەكە و حكومەتی توركیا ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت كە ئۆجەلان بتوانێت رۆڵێكی باشتر ببینێت. كەواتە باشترین لایەن مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت ئۆجەلان و هەدەپەیە، بەڵام هەندێ كەسانی سەرسەختی قەندیل رێگەیان بەمە نەدا. هەروەها دەبێت گۆڕانكاری لە عەقڵییەتیشدا بێتەئاراوە، نابێت كورد وەك كارتێك بۆ بردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكان، یان بۆ ئەوەی ركابەرەكان دەنگ لە دەست بدەن بەكار بهێندرێت. چونكە ئەمە سەرناكێشێت بۆ چارەسەرێكی درێژخایەن بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیادا. ئێمە پێوەندی زۆر باشمان لەگەڵ هەدەپە هەیە و سەردانی بارەگا سەرەكییەكەیانمان كرد لە ئەنقەرە و ئەزموونی خۆمانمان بۆ خستنەڕوو، پێویستە ئەوان پتر ئارامگری و زیاتری عەمەلی و پراگماتی بن و دەست لە گەمەی سەد و سفر، یان سیاسەتی هەموو شتێك، یان هیچ هەڵگرن. هەروەها باوەڕمان وایە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا تەنیا بە پرسیارێتی ئاك پارتی نییە، بەڵكو سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی توركیا دەبێت شان بدەنە بەر ئەم بەرپرسیارێتیە.
داعش دەرهاویشتەی كێشەكەیە
نەك ریشەی كێشەكە
بەشێكی دیكەی پەنێڵەكە باسكردنی مەترسی و سەهەڵدانی تیرۆریستانی داعش بوو، وەك هەڕەشەیەك بۆ كۆی مرۆڤایەتی، لەسەر ئەم پرسەش، بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمجۆرە بۆ ئامادەبووان بۆچوونی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو: «داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانەی نەخۆشییەكەیە، نەك خودی نەخۆشییەكە، دەرئەنجامی دەوڵەتی شكستخواردوو و سوپای شكستخواردووی عێراق و سووریایە، چونكە بوونە سوپای تائیفەگەری، بەتایبەتی لە عێراقدا بووە سوپای شیعە لەسەر دەستی مالیكی و بە سەركردایەتی مالیكی، هەروەها دەرهاویشتەی نەبوونی ناسنامەیە نەتەوەیی لەم دوو وڵاتەدا. لەبەر ئەوە بۆ چارەسەركردنی دەبێت قووڵ رۆبچینە ناو پرسەكە و هۆكارە ریشەییەكانی چارەسەر بكەین. چونكە داعش گوزارشتە لە توندوتیژی و تیرۆر و پرۆسەی بە رادیكالیزەبوون. پێش داعش ئەلقاعیدە هەبوو، پێش ئەلقاعیدە رادیكاڵیەتی سوننە و شیعە هەبوو، هەواڵە ناخۆشەكە ئەوەیە دوای داعشیش جۆری جیاواز و رەنگی جیاوازی رادیكاڵییەت سەرهەڵدەدەنەوە. داعش لە كوردستاندا هەڕەشەیەكی ناوچەیی نییە، بەڵكو هەڕەشەیەكی جیهانیشە. كەواتە ئەگەر كۆدەنگییەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بێت بۆ تێكشكاندنی داعش، ئەوا زۆر یارمەتیدەرە بۆ ئێمە. بە دڵنیاییەوە كوردستان هێزی زەمینی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەگەر ئەوانیش دەیانەوێت ئەم هێزە زەمینییەی ئەوان سەركەوتوو بێت، ئەوا بەلای كەمەوە زەروورە چەكی پێویست بنێرن بۆ پێشمەرگە كە لەسەر زەمین شەڕ دەكەن، وەك چەكی میلانی دژە تانك. پێشمەرگەیەك كە بە چەكی میلان سێ تانكی داعشی تێكشكاندبوو، هاوسەركەشی دووگیان بوو، دوای هەفتەیەك كە مناڵەكەیان لە دایك بوو، لە خۆشی چەكەكە ناوی میلان –ی بۆ منداڵەكەی هەڵبژارد.
ئەگەر كوردستان دەوڵەت بووایە
ئەوا لە دۆخێكی باشتردا دەبوو
لایەنێكی دیكە كە پەنێڵكە شێوازێكی بەراوردكاری پێدابوو سەبارەت بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و رۆڵی هەرێمی كوردستان لەم شەڕەدا. بۆیە ئەو پرسیارە هاتەئاراوە: ئەگەر كوردستان دەوڵەت بووایە تاچەند دەیتوانی رۆڵێكی باشتر بگێڕێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا هەورامی گوتی: «ئەگەر كوردستان دەوڵەت بووایە ئەوا بێگومان كاری زیاتری پێدەكرا. چونكە بەهۆی ئەوەی دەوڵەت نین، ئەوا زۆر دەوڵەت ئامادە نین چەكمان پێبدەن و هەموو شتێك دەبێت لە بەغداوە بێت، ئێمەش دەزانین دۆخی بەغدا چەند پشێوە. كوردستان و پێشمەرگە شكستی زۆریان بەسەر داعشدا هێناوە. شكست لە رووی فیزیكی و دارایی و هەڵمەتی راگەیاندنیشەوە. داعش نەیتوانی لە ئاست كوردستاندا براوە بێت، بەوەی بانگەشەی ئەوە بكات كە ئەوان نوێنەری راستەقینەی سوننەن، لەبەر ئەوە شەڕی راگەیاندنیان لە دژی كوردستان دۆڕاندووە. لە رووی جوگرافییەوە ئێمە توانیومانە 27 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە لە دەستی داعش رزگار بكەین و پارێزگاری لێبكەین و ئیدارەشی بكەین. كەواتە لە روانگەی ئێمەوە دەكرێت داعش تێكبشكێندرێت، ئەگەر هاتوو كاراكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان گەیشتنە كۆدەنگییەك كە ئەولەوییەتی یەكەم تێكشكاندنی داعش بێت، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا جیاوازی هەیە لەم رووەوە و لەسەر ئاستی ناوچەییش هەندێ وڵات داعش وەك كارتێك بۆ لاوازكردنی ركابەركانیان لە رووی جیوپۆلەتیكییەوە بەكار دەهێنن، كە دەبێت ئەم تێڕوانینە بگۆڕێت. هەروەها ئێمە سوپاسی حكومەت و گەڵ و هێزە چەكدارەكانی ئەڵمانیا دەكەین بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشكەشیان كردووە بە ئێمە. ئەڵمانی یەكێك بوو لە باشترین هاوپەیمانەكانی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام بواری ئەوە هەیە زیاتر هاوكاریمان بكەن و پشتیوانیمان بكەن. ئێمە داوادەكەین چەكی باشترمان هەبێت لە داعش، بەڵام تا ئێستا پێشمەرگە چەكی پێویستی بەدەست نەگەیشتووە. بۆ نموونە، لە كۆی 1300 پێشمەرگەی شەهید و 7 هەزار بریندار لە سەدا 73یان بەهۆی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و بۆمبی چێنراوەوە بووە. ئێمە هێزی زەمینی ئێوەین و بۆ ئەوەی ئەم هێزەشتان سەركەوتوو بێت، ئەوا پێویستە دەست لە سیاسەتی عێراقی یەكگرتوو هەڵگرن، عێراق بە ناو و لەسەر نەخشە یەكگرتووە، بەڵام لە رووی واقیعەوە دابەش بووە. نكۆڵیكردن لەم واقیعەش یارمەتیدەر نابێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی درێژخایەن لە دژی تیرۆریزم. دەبێت ئێوە هاوكار و پشتیوانی كوردستان بكەن. كەواتە كوردستان باشترین ئەدرێسە بۆ تێكشكاندنی داعش لە ناوچەكەدا و حیساباتی ستراتیژی ئێمە ئەوەیە كوردستان ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ، چونكە بەغدا خاوەن دەوڵەتێكی شكستخواردووە، كوردستانیش نایەوێت ببێتە بەشێك لەو دەوڵەتە شكستخواردووە.
لە رووی وەرگرتنی پەنابەر و ئاوارەوە
باری سەر شانی كوردستان لە ئەوروپا قورسترە
سەبارەت بەو رەوشە نەخوازرەوەی ئەوروپا بەدەست پەنابەرانەوە رووبەڕووی بۆتەوە، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لە هەندێك لایەنی دیكە كرد كە بوونەتە بارقورسی بە سەر هەرێمی كوردستانەوە و لەمبارەوە گوتی: «لە ئێستادا ئەوروپا رووبەڕووی شەپۆلێكی پەنابەردان بۆتەوە كە دووچاری حاڵەتێكی هیستریای كردوون، بەڵام ئەگەر لە ژمارەكان بڕوانین، ئەوا تەنیا دوو ملیۆن پەنابەر روویان كردۆتە هەموو ئەوروپا، لە كاتێكدا كوردستان سەرەرای شەڕی داعش و بڕینی بودجە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی داڵدە داوەو ئاسایش و ئارامی بۆ دەستەبەر كردوون، ئەمە لە كاتێكدا حكومەتی عێراق هەموو مانگێك مووچەی تەواو بۆ مووچەخۆرانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە موسڵ دەنێرێت، و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی بڕیوە كە پارێزگاری لە دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەر دەكات.
دەمانەوێت دەوڵەتی كوردستان
بە ئاشتییانە رابگەیەنرێت
پەنێڵەكە ناونیشانەكەی «بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان» بوو، بۆیە ئەو پرسیارەش رووبەڕووی هێمن هەورامی كرایەوە: ئایا كەی و چۆن ئەم دەوڵەتە رادەگەیەندرێت؟ سەبارەت بەم پرسیارەش راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پرسی دەوڵەتی كوردستان پرۆسەیەكە و دەستی پێكردووە، كوردستان سەلماندوویەتی كە سەرچاوەی سەقامگیرییە، نەك ناسەقامیگری لە ناوچەكەدا، گوتیشی: «ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆییەكە بە ئاشتییانە و بە دیالۆگ و بە راپرسی ئەنجام بدرێت و بە سەرپەرشتی چاودێرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێت، نامانەوێت لە رێی توندوتیژی و بە سەپاندنی دۆخێكی سەربازی بێت. دەمانەوێت مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆمان بكەین، ئەمەش تەنیا لە كوردستانی عێراقدا روو بدات. ئێمە ئەجێندای فراوانخوازیمان نییە. گۆڤاری ئیكۆنۆمیست، كە ژمارەیەكی تایبەتی بۆ كوردستان تەرخان كرد بۆ ساڵی 2013 و نیوەی ساڵی 2014، لە دەرئەنجامدا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی كە لەسەر ریزبەندی ئاشتی جیهان لە كۆی 163 دەوڵەت، كوردستان لە ریزبەندی 115یەمین وڵاتدا بوو، بەڵام عێراق لە ریزبەندی 160ـەمیندا بوو. لە رووی سەقامگیری و ئاسایشەوە لە كۆی 183 وڵات كوردستانی عێراق لە ریزبەندی 83ـەمین بوو، لە كاتێكدا بەشە عەرەبیەكەی عێراق لە ریزبەندی 181ـەكەمین وڵات بوو. تەنانەت لە رووی پەرەپێدانی مرۆیی و ژینگەی سیاسیشەوە لە پێش كرواتیا و هیندستان و بەرازیل-ـەوە بوو. كەواتە كوردستان دەوڵەتێكی كارایە، راستە كەم و كوڕی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە بەها و بەرژەوەندی هاوبەش دەستەبەر بكەین. كەواتە دەوڵەتی كوردستان مایەی سەقامگیری زیاترە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی بەها دیموكراتییەكان لەم ناوچەیەدا. ئێمەش لە كوردستان پرۆسەی دەوڵەتمان دەست پێكردووە، كە پێویستی بە بنیادنانی دامەزراوەكان و ئابووری سەربەخۆ و درووستكردنی سوپا هەیە، بەڵام لە ئێستادا ئەولەوییەتی ئێمە تێكشكاندنی داعشە. بۆ نموونە لە مانگی تەمووزدا سەرۆكی هەرێم لە پەرلەماندا داوای پێكهێنانی كۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی كرد بۆ رێكخستنی راپرسی و ئێستاش ئەو كۆمسیۆنە دروست بووە. لە مانگی شووباتی ساڵی 2014ـەوە حكومەتی عێراق بودجەی كوردستانی بڕیوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانیومانە پیشەسازی نەوت دروست بكەین و ئەگەر سەربەخۆ بین ئەوا دەتوانین لە سەدا 25 بۆ 35ی پێداویستی گازی سرووشتی ئەوروپا دابین بكەین و دەبینە 9یەمین گەورە وڵات لە رووی یەدەگی نەوتەوە. هەروەها هەوڵ دەدەین لە ناوخۆدا كۆدەنگییەك دروست بكەن و دیالۆگ لەگەڵ توركیا و ئێران و بەغدا و تەنانەت ئەمەریكا و ئەوروپاش بكەین. چونكە ئەگەر سەربەخۆ بین، ئەوا دەبینە هاوپەیمان و دەتوانن كارمان لەگەڵدا بكەن و دەبینە بەشێك لە سەقامگیری ناوچەكە. لە راستیدا دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئێمە لە عێراق جیا نابینەوە، بەڵكو عێراق لە ئێمە جیا دەبێتەوە. چونكە ئەوان ئێمە وەك شەریك قبووڵ ناكەن. ئەگەر بە راستی عێراق دیموكرات و فیدڕاڵ و فرەیی و عەلمانی بێت، ئەوا ئێمە وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی بەهێزتر دەبووین لە دەوڵەتێكی سەربەخۆی سنوورداخراو، بەڵام بەداخەوە عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووی تائیفەگەرە و دەستوور جێبەجێ ناكات. بۆچوونی شەخسی منیش ئەوەیە لە ماوەی 3 بۆ 5 ساڵی دیكەدا ئێمە راپرسی دەكەین، دوای ئەوەش یەكەم پایتەخت كە رووی تێدەكەین بۆ پرسی سەربەخۆیی بەغدایە- چونكە راپرسی جیایە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی-. هەروەها ئێستا كوردستان بۆتە ناوچەیەكی ئارام بۆ پێكهاتەكانی دیكەش هەر بۆ نموونە لە كۆی 350 هەزار مەسیحی عێراق 330 هەزاریان لە كوردستاندان، چونكە ئێرە تاكە شوێنە بتوانن تێیدا بژین. هەروەها ئێمە مافی ئەوەمان دەستەبەكردووە نەتەوەكانی دیكە بە زمانی خۆیان بخوێنن، وەك توركمان كە كۆتای لە سەدا پێنج- یان هەیە بۆ پەرلەمان و وەزیریان هەیە و قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە رووی یاساشەوە قەدەغەیە پیان بڵێین كەمینە. ئێمە بە دۆستە توركەكانمان وتووە كە با كورد لە توركیادا هەمان ئەو مافانەی هەبێت كە توركمانی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان هەیانە و زیاتر نا.
پرسی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان
ئەو هەڵەی لە دەستووری عێراقدا كرا
سەبارەت بە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان وەك پرسێك كە دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراقدا چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی لە دەستووری عێراقدا بە ناوچەی ناكۆكی لەسەر تۆماركراوە، ئایا چۆن ئەم پرسانە یەكلایی دەكەنەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا هەورامی گوتی: «یەكێك لە هەڵە گەورەكانی ئێمە لە سەروەختی گفتوگۆكانماندا لە بارەی دەستووری عێراقەوە ئەوە بوو رازی بووین بە دەستەواژەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، چونكە ئەو ناوچانە لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە بەشێكن لە كوردستان، بەتایبەتی كەركووك كە سەركردەی رۆحیی كورد، مەلا مستەفا بارزانی بە دڵی كوردستانی ناو بردووە، ئەم شارە بووە ئامانجی بە عەرەبكردن. ئێمە رازی بووین بەوەی بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و سەرژمێری بكرێت و راپرسی بكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق 11 ساڵە هیچی نەكردووە لەم رووەوە. ئێستا پێشمەرگە نزیكەی 100%ی خاكی كوردستانی كە لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە كوردستانن، كۆنتڕۆڵ كردووە، ئێمە ئاسایش و ئارامیمان بۆ ئەو ناوچانە دەستەبەر كردووە و ئامادەشین راپرسی بكەین و خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان بڕیار بدەن، ئایا دەبنە بەشێك لە دەوڵەتی داهاتووی كوردستان، یان لەگەڵ عێراقدا دەمێننەوە.
هەر بەشێكی كوردستان
تایبەتمەندی خۆی هەیە
هەر سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و سنووری ئەو دەوڵەتەی دادەمەزرێت و كاریگەری لەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستان، هەورامی بۆ ئامادەبووانی روونكردەوە: «ئێمە ناتوانین ئەزموونی خۆمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان دووبارە بكەینەوە، هەروەها ئەجێندای فراوانخوازیمان نییە. باوەڕمان وایە باشترین رێگەچارە بۆ كوردستانی عێراق ئەوەیە سەربەخۆ بێت. باشترین چارەسەریش بۆ دۆخی كوردی سووریا ئەوەیە ببنە هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچیێوەی سووریایەكی فیدڕاڵی- ئەگەر ئەمە مومكین بوون-. باوەڕمان وایە باشترین هەنگاو لە توركیا ئەوەیە ئۆجەلان ئازاد بكرێت و خۆی سەركردایەتی گفتوگۆی سیاسی بكات لە توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و لێخۆشبوونی گشتی بۆ ئەوانەی شاخ دەربكرێت و رێگە بدرێت كورد بە زمانی دایكی خۆیان بخوێنن و پەرەپێدان ئابووری هەبێت لە ناوچەكانیاندا و ئیدارەیەكی نامەركەزی هەبێت لەو شوێنانەی زۆرینەی كوردن.