ئازادكردنی شنگال و لەتكردنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ‘مۆدێلێكی تازەی سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا
November 19, 2015
راپۆرتەکان
لە ناو میدیاكانی جیهاندا
لە 10ی حوزەیرانی 2014 ـەوە، ئەو خاكەی تیرۆریستانی داعش «دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی»یان لەسەر راگەیاندووە، رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتری دەكەن، تەنیا لە كوردستان و لەو ناوچانەی راستەوخۆ سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕ دەكات و هێزی پێشمەرگەی لێیە، تیرۆریستانی داعش رۆژ لە دوای رۆژ بچووك دەبنەوە و رۆژ لە دوای رۆژیش زیاتر بێئومێد دەبن و لە ریشەهەڵكێشان نزیك دەبنەوە، لەمەش زیاتر ئەو شوێنە ستراتیژییانەی رۆژ لە دوای رۆژ بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ تەنیا بە دەست و بازووی پێشمەرگە لە سەر زەوی و بە هەماهەنگیی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك دەكرێنەوە، بۆتە جێگەی هۆی سەرنج و سەرسوڕمانی تەواوی میدیاكانی جیهان و سیاسەت دروستكەران و ژەنڕاڵە سەربازییەكانی تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش، ئەم لایەنەش رەهەندێكی نێودەوڵەتی داوەتە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و شێوازی سەركردایەتی شەڕەكان لەلایەن سەرۆك بارزانی-یەوە، بۆتە جێگەی بایەخپێدانێكی ئەوتۆ كە زانستی سەربازیی هاوچەرخ لە ئاستیدا دەستەوەستانە و سوپای تەقلیدیی هاوچەرخ لە ئاستیدا بێ وەڵام ماوەتەوە.
ئەوانەی لە رۆژی 12ی 11ی 2015 ـەوە بە وردی بەدواداچوون لەسەر سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەناو تەواوی میدیا جیهانییەكاندا دەكەن، ئەوا لە دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا مزگێنی ئازادكردنی تەواوی شنگالی بە كوردستان و جیهان راگەیاند، میدیا بە ناوبانگەكانی جیهان پەنایان بردووە بۆ زمانی نەخشەی جوگرافی ناوچەكە و گرنگی ئەم داستانە مێژوویی و گەورەیە لەسەر نەخشە بۆ خوێنەران و بینەرانیان روون دەكەنەوە.
پەنابردن بۆ زمانی نەخشە، بۆ پەی بردن بەسەركەوتنی گەورە و مەترسیی گەورە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی شەڕی دووەمی جیهانی، كاتێك رۆزفەڵت-ی سەرۆكی ئەمریكا دەیوست ئەمریكا بەشداری ئەو شەڕە بكات و كۆنگرێس رێگەی نەدەدا، بۆیە رۆزفەڵت بۆ ئەوەی مەترسیی هیتللەر بۆ هاووڵاتیانی ئەمریكا روون بكاتەوە و بیانگەیەنێتە قەناعەت بەوەی ئەگەر ئەمریكا لەم شەڕە بەشداری نەكات، مەترسی لەسەر ئەمریكاش دروست دەبێت، بۆیە ناچار بوو داوا لە هاووڵاتیانی ئەمریكا بكات، هەر یەكەیان نەخشەیەكی جیهان لە بەردەمی خۆی دابنێت، بۆ ئەوەی بە رێگەی لێدوانی هەفتانەی رادیۆوە ئەو مەترسییەیان بۆ روون بكاتەوە.
دوای ئازادكردنی شنگال بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، میدیاكانی جیهان ئەمجارەش پەنایان بۆ زمانی نەخشە بردەوە، بۆ ئەوەی گەورەیی ئەم سەركەوتنە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان روون بكەنەوە و ئومێدێكیان بۆ دروست بكەنەوە، بەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، خەریكە چ مەترسییەكی گەورەی داعش لە كۆڵ مرۆڤایەتی دەكاتەوە.
بۆیە لەم راستەوە كاتێك لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان باس لە ئەم سەركەوتنە گەورەیەی پێشمەرگە دەكرێت، سەركەوتنەكە تەنیا لە ئازادكردنی شنگالدا بەرجەستە دەكرێت، بەڵام پسپۆڕانی دیراساتی شەڕ كاتێك لەسەر ئەم سەركەوتنە قسە دەكەن، هێندە بایەخ بە رێگەی ستراتیژی 47 دەدەن كە موسڵ و رەققە لێك جیادەكاتەوە، هەروەها بایەخ بە ئازادكردنی رێگەی سەرەكی باشووری شنگال دەدەن كە دەگاتە سنووری بەعاجی مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە، ئەو كات تێدەگەین ئێستا شنگال بۆتە ناوچەیەكی ئارام لەناو زۆنێكی بەرفراوانی ئەو ناوچەیەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێر ئازادی كردووە.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رۆژی 20ی 12ی 2014 كاتێك سەرۆك بارزانی لەسەر چیای شەنگالەوە مزگێنی ئازادكردنی ناوچەیەكی فراوانی راگەیاند و بەڵێنی دا كە بستێك لە خاكی كوردستان نابێت لە ژێر دەستی تیرۆریستە گڵاوەكانی داعش بمێنێتەوە، ئێستا دوای ئازادكردنی شنگال، لەو پلانە سەربازییە تێدەگەین كە سەرۆك بارزانی لە ماوەی 11 مانگی رابردوو هەوڵیداوە هەموو رەهەندەكانی لەبەر چاو بگرێت و بەشێوەیەك شنگال ئازاد بكرێت، كە نەك هەر شنگال ئازاد بكرێتەوە، بەڵكو ئەم پلانە سەربازییەی سەرۆك بارزانی شنگالی كردۆتە ناوچەیەكی ئارام لەناو ناوچە رزگاركراوەكانی كوردستاندا، شنگالی بە شێوەیەك بە كوردستانەوە گرێداوەتەوە، كە جارێكی دیكە لە هیچ قۆڵێكەوە تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی كوردستان نەتوانن لە شنگال نزیك ببنەوە.
ئازادكردنی شنگال خاڵی دەستپێكی جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش
پڕۆفیسۆر وۆڵكەر پێرسەس سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئامۆژگای (SWP)ی ئەڵمانی لە موحازەرەیەكیدا بە ناونیشانی «كۆتایی ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ئێمە دەمانناسی»، لە دەستپێكدا ئاماژە بەوە دەكات ئەو دەوڵەتانەی بەرهەمی رێككەوتنی سایكس پیكۆ بوون، لەبەریەك هەڵوەشاون، ئێستا هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا، وەك دوو دەوڵەت كە خاوەنی خاكێكی یەكگرتوو بن بوونیان نەماوە، لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا، ئێستا خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە دامەزراوە، ئەم دەوڵەتە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتێكی تۆتالیتاری و دڕندەیە، بەڵام مۆدێلێكی نوێی بونیادنانی دەوڵەتە لە ناوچەكە و لەناو ئەم دەوڵەتە دڕندە و تۆتالیتارییەتە دامەزراوەكانی دەوڵەت بوونی هەیە و دەوڵەتی خەلافەتی داعش توانای فرۆشتنی نەوتی هەیە، ئەم دەوڵەتە دڕندە و تۆتالیتارییە بۆتە هەڕەشە بۆ ناوچەكە و بۆ كۆتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی تراژیدی، لەبەرامبەر ئەم مۆدێلە ناشیرینەی داعش، مۆدێلێكی جوانی بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت لە ناوچەكە بوونی هەیە، ئەویش مۆدێلی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە عێراقدا.
پرۆفیسۆر وۆڵكەر لەم بەراوردكارییەی دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرهەمی نەخشەكەی سایكس پێكۆ كۆتایی هاتووە، چیدیكە دەوڵەتانی ناوچەكە ناتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوە عێراق و سووریا بوونی نەماوە، عەرەبستانی سعودیە ئەگەر لەسەر ئاستی سەربازیش بتوانێت سەركردایەتی هاوپەیمانی دژی داعش بكات، بەڵام لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە مزگەوت و قوتابخانەكانی عەرەبستانی سعودیە خۆیان باشترین سەرچاوەن بۆ بەرهەمهێنانی فیكری داعش و توندڕەویی، بۆیە ئەوەی كە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و جیهان پشتگیری لێ بكات، ئەو مۆدێلەی بونیادنانی نەتەوەو دەوڵەتەیە كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە عێراقدا خەریكە بەرەو سەركەوتنی گەورە هەنگاو هەڵدەگرێت.
گرنگیی ئەم دەستنیشانكردنەی پڕۆفیسۆر وۆڵكەر بۆ مۆدێلی سەركەوتووی بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەو مۆدێلەی لە باشووری كوردستان بوونی هەیە، تەنیا ناوچەیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لە پاكستانەوە تا نەیجیریا، كە وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ بتوانێت، تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنت و توانای ئەوەی هەبێت خاكەكەی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەمەش وەك فرانسیس فۆكۆیاما لە تازەترین كتێبیدا بە ناوی «دامەزراوە سیاسییەكان» جەختی لەسەر دەكاتەوە، چەمكی دەوڵەتی هاوچەرخ ئەو دەوڵەتەیە كە بتوانێت توانای ئەوەی هەبێت خاكەكەی بپارێزێت و سەروەریی یاسا پیادە بكات و دامەزراوەكانی توانای هەڵسووڕانی باشیان هەبێت.
ئەگەر ئەم سێ خاڵەی فرانسیس فۆكۆیاما بۆ دەوڵەتی هاوچەرخ دیاریكردووە، لەسەر ئەرزی واقیعی شەڕی دژی داعش پراكتیزە بكەین، ئەوا فۆكۆیاما لە شرۆڤەی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی داعش دەڵێت: «كاتێك سەیر دەكەین دەوڵەتەكان لە پاكستانەوە تا نەیجیریا، خۆیان لە بەردەم هێرشی تیرۆریستانی داعش ناگرن و خاكەكەیان داگیر دەكرێت، ئەمە مانای ئەوە نییە، تیرۆریستانی داعش، یان خەلافەتی ئیسلامی دەوڵەتێكی بەهێزە، بەڵكو ئەم شكستە لە بەردەمی داعش ئەوەمان پێدەڵێت، دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە فاشیل و لاوازن». فۆكۆیاما لەم خاڵەوە هەوڵیداوە جارێكیتر بە پرۆسەی كتێبی «بونیادنانی دەوڵەتدا» بچێتەوە كە هەر خۆی لە دوای ساڵی 2003 وەك پرۆسەیەك بۆ بونیادنانەوەی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئەفغانستان كاری لەسەر كردووە، بەڵام دوای 8 ساڵ واتە لە ساڵی 2011 و دوای ئەوەی ئەمریكا لە پرۆسەی بونیادنانەوەی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئەفغانستان شكستی هێنا و نەیتوانی لە عێراقی دوای سەدام حوسێن و ئەفغانستانی دوای تاڵیبان دوو دەوڵەتی هاوچەرخ بونیاد بنێتەوە، كەواتە هەوڵدان بۆ توێژینەوە لەسەر (بنەچەی دامەزراوە سیاسییەكانی دەوڵەت لە سەردەمی پێش زایینەوە هەتا سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی)، لەم هەوڵەیدا فۆكۆیاما گەڕاوە بە دوای ئەو نهێنییەی كە چۆن دەوڵەتان دەتوانن خاكەكەی خۆیان بپارێزن، بۆ ئەمەش ئاماژەی كردووە بە مۆدێلی دەوڵەتی چینی وەك بەهێزترین دەوڵەت لە مێژوودا بەوەی توانیویەتی سنووری خۆی بپارێزێت، كەواتە گەورەترین كێشەی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئەوەیە كە لە زۆر ناوچەی ئەم جیهانە دەوڵەتان ناتوانن خاكی خۆیان بپارێزن.
لەم خاڵەوە لەوانەیە عێراق باشترین نموونە بێت كە چۆن سوپاكەی لە بەردەم تیرۆریستانی داعش لەبەریەك هەڵوەشا، ئەو سوپایەی تەنیا ئیدارەی ئەمریكی بەهای 25 ملیار دۆلاری پارەی تێدا خەرج كردبوو، هەموو چەكێكی پێشكەوتووی هاوچەرخی بۆ دابینكرابوو، بەڵام بەبێ ئەوەی یەك فیشەك بەرامبەر تیرۆریستانی داعش بتەقێنێت، ئەو سوپا زەبەلاحە لەبەریەك هەڵوەشا و هەموو چەكەكانیشی رادەستی تیرۆریستانی داعش كرد.
بۆیە لەم خاڵەوە و بەرامبەر بە تێكشكانی سوپا تەقلیدییەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە، دەوڵەتانی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی دووچاری هێدمەیەك بوون بەوەی بۆچی سوپای ئەم وڵاتانە خۆیان لەبەردەم تیرۆریستانی داعش ناگرن؟ هەربۆیەش لە سەرەتادا رۆژئاوا نە توانییان دەستێوەردان بكەن، نە توانیشیان هیچ بڕیارێك بدەن، هەتا ئەو كاتەی تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر شنگال و دەستیان بە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی كرد، بەڵام دەستێوەردانەكەشیان تەنیا لە رێی بۆردومانی هێزی ئاسمانییەوە بوو، بەڵام كاتێك بینینان لە سەر زەوی هێزێكی وەك هێزی پێشمەرگە و سەرۆكێكی وەك مسعود بارزانی بوونی هەیە، كە بە چەكی حەفتاكانی سەدەی رابردوو رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە و توانیویانە سنوورێك بۆ پێشڕەوییەكانی داعش دابنێن، وردە وردە لە هێرشی ئاسمانییەوە هەنگاوەكان گۆڕان بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی تێكشكان و لەبەریەك هەڵوەشانی تیرۆریستانی داعش.
ئەم ستراتیژە لەگەڵ ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی 2014ـەوە لەلایەن سەرۆك ئۆباما-وە راگەیەندراوە، بەڵام بە كردەیی تەنیا لە كوردستان و لەو ناوچانەی كە سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، توانیویەتی ئاكامێكی هەبێت، لەمەش زیاتر لەگەڵ راگەیاندنی ستراتیژیەتی دژی داعش و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و گۆڕینی ئاراستەی شەڕەكە لە كەوتنی كۆبانێ-وە بۆ رزگاركردنەوەی كۆبانێ لە ماوەی نزیكە 85 رۆژدا، هەروەها ئازادكردنی زیاتر لە چەندین هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە بە دەستی پێشمەرگە لە كۆتایی 2014، ئەمانە هەموویان بوونە هۆكاری ئەوەی هاوكاری و پشتگیری لۆجیستی و چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بچێتە قۆناخێكی دیكە. بەڵام لە دوای ئازادكردنەوەی شنگال و ئەو متمانە گەورەیەی جیهان بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بە توانا و ئیرادە و مۆراڵی بەرزی پێشمەرگە، لە ئێستا ئاراستەی شەڕەكە وەرچەرخانێكی دیكەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش لەتكردنی دەوڵەتی ئیسلامییە لە عێراق و سووریا، دابڕانی موسڵە لە رەقە، ئەمە وادەكات كە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بە تایبەتی زیاتر پێگەی خۆیان لە كوردستان بەهێز بكەن و لە كوردستانەوە ستراتیژیەتی تێكشكان و لەبەریەك هەڵوەشانی تیرۆریستان بە كردەیی دەست پێبكەن.
تەنیا بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و
دووركەوتنەوە لە ئاڵای حزبی
وانەیەكی دیكە كە لە ئازادكردنی شەنگال و پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ئەم سەركەوتنە گەورەیە فێری دەبین، جەختكردنەوەی سەرۆك بارزانی بوو لەسەر تەنیا هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە ناو شنگال و دووركەوتنەوە لەململانێی سیاسی و حزبی بۆ ئەوەی سەركەوتنەكە وەك سەركەوتنی نەتەوە و پێشمەرگە وەك سوپای بەرگری كوردستان دەربكەوێت. ئەم جەختكردنەوەی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاڵای كوردستان و هێزی پێشمەرگە وەك هێزی بەرگری و رزگاركەری خاكی كوردستان، كە دەشێت وەك بەشێكی دیكەی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت لە فیكری بارزانیدا سەیر بكرێت، بەداخەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی خەریكە جۆرێك لە تەمومژی نەخوازراو دەدەن بە رووی ئەم سەركەوتنەدا، ئەمە لە كاتێكدایە كوردستان ئەمڕۆ بە قۆناخێكدا تێدەپەڕێت، كە هەنگاوی سەخت و گەورەی لەبەردەمدایە و گەیشتۆتە قۆناخێك بەرەو هەورازی لوتكەی سەرفرازی هەنگاو هەڵدەگرێت، بەڵام بیروبۆچوونی حزبی و بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی لە هەوڵێكی نەزۆكدان بۆ ئەوەی ئاستەنگ لە بەردەم ئەم پرۆسە نیشتمانییە دروست بكەن.
ئەوەی بۆ ئێستا و ئایندەی كوردستان لە تێڕوانینی جیهاندا گرنگە، ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان سوپای دەوڵەتی ئایندەی كوردستان بێت، دەوڵەتی كوردستان كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لای هەندێك لایەن جێگەی بڕوا پێهێنانی تەواو نییە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع و لە چوارچێوەی تێڕوانینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ چۆنیەتی سەركەوتن لە شەڕی دژی داعشدا، ئەم دەوڵەتە بۆتە پێویستییەكی بردنەوەی ئەم شەڕە، هەروەها دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆتە پێویستیەك بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی ستراتیژیەتی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەم ناوچە هەستیار و گرنگە، لە بەرامبەر ئەم راستییە حاشەهەڵنەگرەدا، لەوانەیە تێڕوانینی كۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان بەرگری دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ مانەوەی سیستمە كۆنەكە و جوگرافیای دەوڵەتە كۆنەكان بە نەگۆڕی هەبن، بەڵام ئەمانە هیچیان لەو راستییە ناگۆڕن كە سیستمە كۆنەكە و جوگرافیای دەوڵەتە كۆنەكانی ناوچەكە سەرچاوەی قەیران و گرفتی ئەم ناوچەیەن و دەبێت بوار بدرێت دەوڵەتی تازە بۆ چارەسەكردنی ئەم قەیرانە لەدایك بێت، جوانترین مۆدێلیش بۆ دەوڵەتێك كە بتوانێت تیرۆریستان تێكبشكێنێت، مۆدیلی دەوڵەتی كوردستانە.
«لە رۆژی پێنج شەممە 12ی11ی2015 ـەوە، رێگەی ستراتیژیی 47 لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، ئەمەش گەورەترین سەركەوتنە كە لەسەر زەوی بەدەستهاتووە دژی تیرۆریستانی داعش، لەبەر ئەوەی ئەم رێگەیە، رێگەی سەرەكیی گواستنەوەی كۆمەك بووە لە نێوان رەققەی پایتەختی تیرۆریستانی داعش و مووسڵ لە باكووری عێراق، لەمەش زیاتر كۆنتڕۆڵكردنی ئەم رێگە سەرەكییە، تەنیا رێگەیەك نییە بۆ پاراستنی شنگال، بەڵكو كۆنتڕۆڵكردنی رێگەی سەرەكیی باشووری شنگالیش بەرەو بەعاج-ی ژێر دەستی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، دەبێتە ناوچەیەكی فراوان و شنگال لە ناوچەكانی تیرۆریستانی داعش دادەبڕێت».
BBC: د. فیكتوریا فۆنتان توێژەر لە دیراساتی شەڕ - زانكۆی لەندەن.
فرانس پرێس:
ئازادكردنەوەی شنگال و راپۆرتەكەی مۆزەخانەی هۆلۆكۆست
دوو هەواڵی خۆش بوون بۆ ئێزیدییەكان
كامیرۆن هودسۆن، بەڕێوبەری سەنتەری سیمۆن-سكیجۆد بۆ بەرگرتن لە جینۆساید- كە سەر بە مۆزەخانەی هۆلۆكۆست ـە لە واشنتۆن و خۆی راپۆرتەكەی نووسیوە، دەڵێت: «تاوانی جینۆساید لە دژی ئێزیدییەكان بەردەوامە، لەبەر ئەوەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی كە ژمارەیەكی زۆریان لێ رفێندرا، هێشتا وەك كۆیلە ماونەتەوە لە ژێر دەستی ئەو كەسانەی دەستبەسەریان كردوون»
لە مانگی ئەیلوولدا سەنتەرەكە گەشتێكی دوو هەفتەیی ئەنجامدا بۆ پارێزگای نەینەوا بە مەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو تاوانانەی روویاندا، هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشەكە و تێگەیشتن لەو مەترسییانەی لە ئایندەدا رووبەڕووی كەمینە و مەدەنییەكانی دیكەی ناوچەكە دەبێتەوە.
جێگری سەنتەرەكە، نائومی كیكۆلێر، كە خۆی گەشتی كردووە بۆ عێراق بۆ ئەنجامدانی چاوپێكەوتنەكان، دەڵێت: «نەك تەنیا نییەتی ئەنجامدانی جینۆسایدمان بەدی كردووە، بەڵكو لە راستیدا ئەو كارانەشمان بەدی كردووە كە بەرجەستەی ئەو نییەتە دەكەن. هەروەها لێدوان و دەزگای جۆراوجۆرەكانی پڕوپاگەندەكانی دەوڵەتی ئیسلامیمان بینی كە هەڵدەستن بە روونكردنەوە و دووپاتكردنەوەی ئەو كارانەی بە گوێرەی ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەكەی خۆیان ئەنجامیان داوە.»
سەنتەرەكە لە راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی: «چیرۆكی زۆر مەترسیداری دەربەدەركردن و ناچاركردن بە گۆڕینی ئایین و دەستدرێژی جەستەیی-اغتصاب- و ئەشكەنجەدان و ڕفاندن و كوشتنمان بیستووە.» هەروەها دەڵێت: «كە ئێمە لەگەڵ ئەو پیاوە ئێزیدییانەدا دانیشتین كە ناو لە دوای ناوی ئەندامە بێ سەر و شوێنەكانی خێزانەكانیان دەنووسی- لە ژن و كچەكانیان، كە باوەڕ وایە رفێنداربێتن، هەروەها كوڕ و براكانیان كە نازانرێت لە سایەی چ هەل و مەرجێكدا ژیان دەبەنە سەر». هەروەها راپۆرتەكە «چیرۆكی دڵبریندارەكەی» تێدایە لە لایەن ئەو كەسانەی ڕزگاریان بووە كە كەسانی بە ساڵاچوو و ئەندامی نەخۆشی خێزانەكانیان لە دوای خۆیان جێهیشتوە لە كاتێكدا كە دەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی هەڵاتن.
بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە دوای ئەوە هات كە هێزەكانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی گورزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا شادەمارێكی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامییان لەگەڵ سووریادا بڕی لە سەروەختی شەڕەكەیاندا بۆ گرتنەوەی شاری شنگال لە دەستی جیهادییەكان. ئەم راپۆرتە لە لایەن چالاكی ئێزیدی دەخیل شەمۆوە پێشوازی لێكرا، كە ستایشی ئەوەی كرد لە یەك كاتدا دوو هەواڵی خۆش بیسترا، راپۆرتەكە و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال.
فۆرن پۆلیسی:
لەوانەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئیدارەی ئەمریكا جینۆسایدی ئێزیدییەكان بە فەرمی بناسێت
كاتێك چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی –داعش - پارێزگای نەینەوایان لە باكووری عێراق لە هاوینی ساڵی 2014دا داگیركرد، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانیان بریتی بوو لە سڕینەوەی كوردانی ئێزیدی لەو شوێنانەدا كە لێی دەژیان. زیاتر لە 1500 ئێزیدی كە زۆربەیان پیاو بوون، كوژران، بە هەزاران ئافرەت و منداڵیش رفێندران و بە كۆیلەكران.
لە رۆژی 12ی 11ی 2015 مۆزەخانەی هۆلۆكۆست راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ئەو هێرشانەی بە جینۆساید ناساند. راستییەكانیش لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە داڕێژراون كە نائومی كیكۆلێر- جێگری بەڕێوبەری مۆزەخانەكە- لە كاتی سەردانیكردنیدا بۆ كامپی ئاوارەكان و چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت و نەتەوە یەكگرتوەكان و هەروەها چاوپێكەوتنی لەگەڵ قوربانییەكاندا كۆی كردوونەتەوە. هەروەها راپۆرتەكە چیرۆكی تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسسلامی دژ بە كەمینە ئایینی و ئیتنییەكانی عێراق تێدایە، لە نێویاندا شەبەك، كە لقێكی جیابۆوەی ئیسلامی سۆفیگەرییە، لەگەڵ توركمانە شیعەكان. ئێزیدی ئایینێكی 4000 ساڵەیە و رەگەزەكانی زۆرۆستریانیزم و جوداییزم و مەسیحییەت و ئیسلام لەخۆدەگرێت، هەروەها نزیكەی 500 هەزار،شوێنكەوتەی لە عێراق و كوردستانی عێراقدا هەیە. ئافرەت و منداڵە ئێزیدییەكان ناچار بە كۆیلایەتی كران لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە، هەروەها ناچاركران ئایینی خۆیان بگۆڕنە سەر ئایینی ئیسلام، كە لە سایەی حوكمڕانیی دەوڵەتی ئیسلامیدا پابەندبوون بە فۆرمێكی زۆر توندی شەریعەوە لە خۆدەگرێت. لە كاتێكدا ئەگەری ئەوە هەیە پیاوانی ئێزیدی بە تەواوەتی بكوژرێن. خراپترین كۆمەڵكوژی لە مانگی ئابی 2014دا تۆمار كرا، كە ئەگەری ئەوە هەیە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی 400 گوندنشینی ئێزیدییان لە پارێزگای نەینەوا كوشتبێت. لە هەمان ئەو مانگەدا، ئۆباما كە ترسی هەبوو لە رووودانی ئەوەی خۆی پێی دەگوت: « potential acts of genocide» - واتە رەنگە ئەو كردەوانەی روویانداوە جینۆساید بن-، فەرمانی دەركرد بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە دژی ناوچە مەحكەمەكانی دەوڵەتی ئیسلامی و نزیكەی 50،000 ئێزیدی رزگار كرد كە هەوڵیاندا لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی هەڵبێن و لە چیای شەنگال گیریان خواردبوو. هەر خێزانێكی ئێزیدی كە چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كراوە لە راپۆرتەكەدا، ئەندامێكی خێزانەكەی رفێندراوە، یان كوژراوە. یەكێك لە ئافرەتە ئێزیدییەكان، كە لە لایەن توێژەرەكانەوە ناوی xianی لێنراوە، دەڵێت: «هەرگیز وێنای ئەو ئاستەی توندوتیژییەم نەدەكرد كە لە دژی خەڵكی ئێزیدی ئەنجام دران. پێموا بوو جیهان زۆر لەوە پێشكەوتووترە، كەچی چەندەها منداڵم بینی لە چیاكە دەمردن، هیوادارم جارێكی دیكە و هیچ كەسێكی دیكە ئەمە نەبینێتەوە.»
نەتەوە یەكگرتووەكان بەو شێوەیە پێناسەی جینۆساید دەكات: «هەر كارێكی توندوتیژ، یان ناچاركردن بێت و بۆ مەبەستی لە ناوبردنی بەشێك، یان تێكڕای گرووپێكی نەتەوەیی، ئیتنی، نەژادی یان ئایینی ئەنجام بدرێت». هەندێك لە خراپترین هەڵمەتەكانی لە ناوبردن لە جیهاندا بریتین لە كوشتنی شەش ملیۆن جوولەكە لە كارەساتی هۆلۆكۆستدا لە ئەوروپا و نزیكەی دوو ملیۆن كەمبۆدی لە سایەی حوكمڕانیی هیندە سوورەكاندا. راپۆرتی جۆراوجۆر هەن لە بارەی ئەوەی لە هاوینی ساڵی رابردوو چەند ئێزیدی كوژراون، بەڵام توێژەرانی مۆزەخانەكە دەڵێن كە بەربڵاویی هێرشەكان مەسەلەكە نییە، بەڵكو بوونی نیازی پشت ئەو هێرشانەیە لە دژی ئێزیدییەكان كە دەبێتەهۆی ئەوەی پێناسەی جینۆسایدیان بەسەردا داببڕێت.
بە پێی یاهو نیوز، بەرپرسانی ئەمەریكا سەرنجیان لەم پرسە داوە. لە ماوەی هەفتەكانی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا تاوتوێی ئەگەری بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانە دەكات كە لە دژی ئێزیدییەكان ئەنجام دراوە. بۆی هەیە هەنگاوێكی لەم چەشنە ببێتەهۆی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی رەسمی و دادگاییكردن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا.
كاتی خۆی بۆ هۆلۆكۆست هیچ نەكرا
بەڵام دەبێت ئێستا بۆ ئێزیدییەكان هەموو جیهان بێتەدەنگ
مۆزەخانەی یادەوەری هۆلۆكۆست داوا لە ئیدارەی ئۆباما دەكات كار بكات بۆ راگرتنی - ئەوەی پێی دەووترێت- جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسلامی لە دژی ئێزیدییەكان، كارنەكردنیش بۆ راگرتنی هۆلۆكۆست بە بیر دەهێنێتەوە و دەڵێت: با ئەمە ببێتە هاندەر و پاساوێك بۆ ئەوەی لە ئێستادا ئەو كارە بكرێت.
سەرۆكی مۆزەخانەكە لە لێدوانێكیدا راگەیاند: «دەوڵەتی ئیسلامی- كە خۆی ئەم نازناوەی لە خۆی ناوە- هەڵمەتێكی بەربڵاو و سیستماتیكی و مەبەستداری بە گەڕ خستووە بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی نەژادی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دژی كەمینە ئایینییەكانی عێراق، تەنیا بە هۆی بیروباوەڕە ئایینییەكەیانەوە. ئێمە بەرپرسیارێتی ئەخلاقیمان لەسەر شانە، نەك تەنیا بۆ ئەوەی ببینە شایەتحاڵی روودانی ئەو تاوانانە، بەڵكو بۆ ئەوەی كار بكەن لە پێناوی رێگری لێكردنیاندا.» لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەگەریشدا كە لە بەیانیی رۆژی 12ی 11ی 2015 ئەنجامدرا بەرپرسەكان رایانگەیاند: «لە هەڵمەتێكی مەبەستداردا دەوڵەتی ئیسلامی بە هەزاران ئافرەت و منداڵی كوردانی ئێزیدی رفاندووە و بە سەدان و رەنگە بە هەزاران كەسی لە كەمینە ئیتنی و ئایینییەكان كوشتووە.» لە سەروەختی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، مارگێت مێیسنەر، كە یەكێكە لە رزگاربووانی هۆلۆكۆست و خۆبەخشانە لە مۆزەخانەكەدا كار دەكات، باسی لەوە كرد كە «لە سەروەختی روودانی هۆلۆكۆستدا هیچ كارێك نەكرا بۆ رێگری لێكردنی و داوای كرد لە ئێستادا دەستێوەردان بكرێت.» ئەو خانمە رایگەیاند: «ئێمە شایەتحاڵی تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاكتاوی نەژادی و جینۆسایدین، دەبێت ئێمە دەنگ بەرز بكەینەوە، بەم كارەش ئەوە دەكەین كە لە سەروەختی هۆلۆكۆستدا لە بری جوولەكەكان نەكرا.»
سەرچاوە: ئاژانسی جۆوش تەلەگرافیك