سڕینەوەی ئاسەواری رق و كینە و دووبەرەكی ژێرخانێكی پتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان

سڕینەوەی ئاسەواری رق و كینە و دووبەرەكی ژێرخانێكی پتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان
«نزیكەی سەدەیەك بەسەر ڕێككەوتننامەی ئاشتی ڤێرسای تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا كورد نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بەڵام لە ئێستادا كورد لە هەوڵ و بزاوتێكی زۆردایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، لەگەڵ ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كە كوردی هەر چوار وڵاتەكە بگرێتەوە، ئەگەرێكی دوورە، بەڵام پرسی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردی توركیا و سووریا لە گەشەكردندایە، گەرچی ئەم پرسە هەتا ئێستا لە ئێران بوونی نییە، بەڵام پرسی سەربەخۆبوونی كوردستانی عێراق پرسێكە ئەگەری روودان و دامەزراندنی دەوڵەتی لێ دەكرێت.
كورد لە ئێستادا لەگەڵ دوژمنێكی توندڕەو و تیرۆریست لە شەڕێكی گەورەدایە، گەرچی خوازیاری ئەوەیە ئەم دوژمنە تێكبشكێنێت و زۆر بە باشی شەڕدەكات، بەڵام پرسەكە تەنیا تێكشكاندنی ئەو دوژمنە نییە، بەڵكو كورد دەیەوێت دەستكەوتی گەورەتر بەدەست بهێنێت، كە ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە. ڕەنگە ئایندەی كوردستان بە توندی كەوتبێتە بەر بەرداشی بەشە عەرەبییەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە ئێستادا نە سووریا و نە عێراق خاوەنی حكومەتێكی بەهێز و كارای مەركەزی نین، ئەگەرچی لە ڕابردوودا، هەمیشە توانیویانە بزووتنەوە نەتەوایەتییەكانی كوردی تێكبشكێنن. لەبەر ئەوە لە ئێستادا كورد هەست دەكەن دەرفەتێكی گەورەیان بۆ ڕەخساوە بۆ بنیادنانی كوردستانێكی سەربەخۆ لەم ساتەوەختەدا. ئەو دەوڵەتە كوردییە سەربەخۆیەی لە ئایندەدا دروست دەبێت، ڕووبەڕووی چەندین تەحەددای سیاسی و ئابووری و ئیداری دەبێتەوە، بەڵام سەركەوتنی ئەم دەوڵەتە گەمەكە دەگۆڕێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو ڕاستییە سەختەش لە ئارادایە كە هێشتا ڕۆژئاوا هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە لە ئاست عێراق و سووریا و توركیا و پێداگیری دەكات لەسەر ئەوەی سنوورەكان بە دەستكارینەكراوی بمێننەوە، كە ئەمەش دژی خواستی كوردە بۆ سەربەخۆیی.
كەواتە دەبێت سەركردایەتی كورد لە بارەی بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا گفتوگۆ بكەن. ناكرێت كورد لەم سیناریۆیەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەرامۆش بكرێن. گۆڕانكارییە سیاسی و پشێوییە پڕ لە توندوتیژییە ناوخۆییەكان لە سەرتاسەری ناوچەكەدا كوردیان كردۆتە گەمەكارێكی گرنگ لە زۆرێك لە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ئێستادا، ڕۆژ بە ڕۆژ كورد هەست دەكەن زیاتر نزیك دەبنەوە لە دواخەونی خۆیان كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە. كەواتە خەونە نەتەوایەتییەكانی كورد، كە لەم ساتەوەختەدا لە ئاستێكی باڵادایە، بۆی هەیە ببێتە مایەی دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست».
سەرچاوە: كوردستانی سەربەخۆ لە گەڵاڵەبووندایە
نووسینی: مانیش ڕای


سڕینەوەی ئاسەواری رق و كینە
ژینگەیەكی لەبار بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دورست دەكات
لە ئێستادا لەوانەیە هیچ هاووڵاتیەكی بەریتانی ئامادە نەبێت بە شێوازی دەوڵەتی لیڤاسانی تۆماس هۆبز حوكمڕانی بكرێت، بەڵام هیچ تاكێكی ئینگلیزیش نییە كە بتوانێت نكۆڵی لەوە بكات، لیڤاسان یەكێكە لە شاكارە دەگمەنەكانی ئەدەبیاتی سیاسیی ئینگلیزی و مرۆڤایەتیش، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لیڤاسان بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ دامەزراندنی یەكەمین دەوڵەتی نەتەوەیی و سڕینەوەی ئاسەواری شەڕی 30 ساڵەی خوێناوی لە ناوخۆی بەریتانیا. بۆ ئەمەش تۆماس هۆبز دەسەڵاتی رەها دەداتە پادشا بۆ ئەوەی ئاسەواری رق و كێنە و شەڕی ناوخۆ لە ئینگلتەرا بسڕێتەوە.
جوانیی تێۆری لیڤاسان ئەوەیە زۆر بە وردی كێشەی سەرەكیی دروستبوون و دامەزراندنی دەوڵەت دیاری دەكات، ئیلهامی ئەم تیۆرە، وردبوونەوەیە لەو پرسیارەی كە پەروەردگار چۆن مرۆڤی دروست كردووە؟ لیڤاسان وای پیشانداوە، پەروەردگار كاتێك مرۆڤی دروستكردووە، هەموو جووڵەیەكی مرۆڤی بە یاسا دیاری كردووە، بۆیە مرۆڤەكان لاسایی خوڵقێنەری خۆیان دەكەنەوە و مەخلووقێكی دیكە دروست دەكەن، بەڵام زۆر گەورەتر لە خۆیان كە ئەویش دەوڵەتە و دەیانەوێت هەموو جومگەكانی ئەم دەوڵەتە بە یاسا رێكبخرێت. هەروەها چۆن هەر بەشێكی جەستەی مرۆڤ تەواوكاری بەشەكەی دیكەیە، دەیانەوێت دەوڵەتیش بە هەمان شێوە بێت، لە مرۆڤدا ئەوەی تەحەكوم بە هەموو جووڵەیەكی مرۆڤەوە دەكات و بڕیاردەری هەر جووڵەیەكە، سەری مرۆڤەكەیە، لەباری ئاساییدا سەری مرۆڤ بڕیاری ئاسایی دەردەكات، بەڵام كاتێك بەشێك لە جەستەی مرۆڤەكە نەخۆش دەكەوێت، یان بریندار دەبێت و تەندروستی مرۆڤەكە تێكدەچێت، ئەوا سەری مرۆڤ بڕیاری قورس و رەها دەدات بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە چارەسەر بكرێت. لە لیڤاساندا بەهەمان شێوە سەری دەوڵەت پادشایە، لەكاتی ئاساییدا بڕیاری ئاسایی دەدات، بەڵام كە ئاژاوە و ناسەقامگیری دروست بوو، كە نیزامی دەوڵەت بەرەو نانیزامی رۆیشت، كە بەشێك لە تاكەكانی كۆمەڵگە بوونە دوژمن و گورگ بۆ براكانیان لەناو هەمان كۆمەڵگە، ئەوا دەبێت سەری دەوڵەت كە پادشایە، وەك سەری مرۆڤ بڕیاری رەها و یەكلاییكەرەوە بدات، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری جێگەی ئاژاوە و پاشاگەردانی بگرێتەوە، نیزام جێگەی نانیزامی بگرێتەوە، مرۆڤەكان ببنەوە برا بۆ مرۆڤەكان و یەكتری كوشتن كۆتایی بێت.
دەسەڵاتی رەهای سەری دەوڵەت، یان پادشا بۆ هەموو كاتێك و سەردەمێك نییە، بەڵكو بۆ ئەو كاتانەیە كە جەستەی دەوڵەت بووە بە ئاژاوە و نانیزامی، هەروەك چۆن بڕیارەكانی سەری مرۆڤ لە كاتیكدا رەها و بێ سنوورە كە جەستە نەخۆش دەكەوێت و باری تەندروستی ئاڵۆز دەبێت، هەر بۆیە كە جەستەی مرۆڤ نەخۆش دەكەوێت، سەری مرۆڤ فەرمان دەكات، جەستە بەشێك لە ژەهر وەربگرێت بۆ ئەوەی نەخۆشییەكە كۆتایی بێت، بۆ دەوڵەتیش لەو كاتە دیاریكراوەدا، سەری دەوڵەت بڕیاری قورس دەدات بۆ ئەوەی ئیرادەی خێر بێتە ئاراوە و ئاژاوە و ناسەقامگیری و نانیزامی كۆتایی بێت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم تیۆرەی لیڤاسان كە نزیكەی 400 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بۆ سەردەم و بارودۆخی ئێستای جیهان سوودێكی هەیە، تا باس بكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەزموونی دەوڵەتانی پڵنگەكانی ئاسیا دەیدەنەوە و پێمان دەڵێن: بونیادنان و گەشەكردنی ئەو دەوڵەتانە وەك پڵنگ لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، تا رادەیەكی زۆر تێكەڵكردنی تیۆرەكەی لیڤاسانە لەگەڵ ئابووریی بازاڕ. راشكاوانەتر لە رووی سیاسییەوە دەوڵەت لیڤاسان بووە و لە رووی ئابوورییەوە كراوە بووە، مێژووی بونیادنانەوەی نەتەوە و بونیادنانەوەی دەوڵەتیش لە تەواوی سەدەی بیستەم، تەنیا ئەو چەند نموونەیەمان وەك نموونەی سەركەوتوو پیشاندەدەن، كە لە بوینادنانەوەی نەتەوە و دەوڵەتدا، سەری دەوڵەت بە هاوشێوەی سەری مرۆڤ خاوەنی بڕیاری رەها و یەكلاییكەرەوە بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان. ئەزموونی كۆریای باشوور جیاوازی نێوان ساڵانی 1953 – 1961ی حوكمڕانیی سینگمان رەی-مان لەگەڵ ئەزموونی 1961 – 1971ی پارگ چانگ-مان پیشان دەدا. لە قۆناخی یەكەمدا سینگمان رەی توانای بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان، بۆیە كۆریای باشوور دوای شەڕ لە 1953 زۆر باشتر بووە لە كۆریای باشووری 1961، بەڵام كاتێك پارگ چانگ هاتە دەسەڵات و بڕیاری رەها و یەكلاییكەرەوەی بۆ چارەسەری كێشەكانی كۆریای باشوور دەركرد، كۆریا لە دەوڵەتێكی دواكەوتووی جیهانی سێیەمەوە لە ماوەی 11 ساڵدا بوو بە دەوڵەتێكی پێشكەوتوو لە جیهانی یەكەم.
هەر بۆیە ئەوانەی شارەزان لە مێژووی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ، زۆر باش دان بەو راستییەدا دەنێن، كە دەوڵەتی نەتەوەیی دروست نابێت، ئەگەر هێزێك نەبێت كە سنوور بۆ شەڕی ناوخۆیی و تێكبەربوون دابنێت، یان هێزیك نەبێت رق و كینە و ئاسەواری شەڕی ناوخۆیی رابماڵێت. واتە لە وڵاتێكدا هێزێك نەبێت لێكترازان و تێكبەربوون بگۆڕێت بۆ پێكەوەكاركردن و پێكەوەژیان، ئەوا هەرگیز دەوڵەتی نەتەوەیی دروست نابێت.
لە مێژووی هەموو نەتەوەكانی جیهاندا، بە جیهانی كۆن و هاوچەرخیشەوە، دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئامانج بووە، ئەمەش بەو مانایەی دەوڵەت دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ رزگاربوونی ئیرادەی تاك لە كاریگەری و ملكەچی بۆ هێزێكی دەرەكی، لەم قۆناخەدا دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەبێتە هێزی خواوەند بۆ لەدایكبوونی ئیرادەی ئازادی تاكەكانی نەتەوە، ئەوا ئەم ئیرادە ئازادە هەموو توانا و میكانیزمەكانی ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەت پۆلینیان دەكات و هەر هێزێك ببێتە ئاستەنگ بۆ دواخستن، یان پەكخستنی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەوا ئەو هێزە وەك هێزێكی داگیركاری بیانی لە ویژدانی نەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەر هێزێك ببێتە هۆكاری دروستبوونی ئاژاوە و لێكترازانی ریزەكانی نەتەوە، ئەو هێزە خراپترین فاكتەر دەبێت، بۆ ئەوەی ئیرادەی تاكەكانی نەتەوە لە ژێر كاریگەری ئیرادەی دەرەكی بمێنێتەوە.
لە مێژووی هەموو نەتەوەكانی جیهاندا، پرۆسەی حوكمڕانیی سەربەخۆ، لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەست پێدەكات، لەوانەیە لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخدا، شێوازی لیبڕاڵیزم بە مانای دەوڵەتی سەروەریی یاسا، شێوازێكی باوی پیادەكراو بووبێت، ئەم لیبڕاڵیزمە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە، كە چیدیكە تاكەكانی نەتەوە ناكرێت ملكەچی ئیرادەی هێزێكی دەرەكی بن، یان لە دەرەوەی ئیرادەی تاكەكان (بۆ نموونە كەنیسە) یاساكان داناڕێژرێن و پاشان تاكەكانی نەتەوە ملكەچی بن. ئیلهامی پەنابردن بۆ ئەم چەمكە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی (وەك بەشێكی جیابووەوە لە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی)، كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەناو ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی-دا بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا مرۆڤ خۆی یاسای بۆ خۆی داناوە، ئەمە وێڕای ئەو كەموكوڕییانەشی كە لە یاساكانی ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی بوونی هەبووە، بەڵام لۆژیكی پەنابردن بۆ یاساكانی ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاسایانە مرۆڤ دایناون و بواری ئەوە هەیە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، نەك وەك یاساكانی كەنیسە كە بەرگی پیرۆزیان بە بەردا دەكرێت و ناتوانرێت دەستكارییان بكرێت.
كەواتە لیبڕاڵیزم واتە دەوڵەتی سەروەری ئەو یاسایانەی كە مرۆڤ بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانەی خۆی دایدەڕێژێت و بەرهەمی راوێژی تاكەكانی كۆمەڵگەیە، بۆ ئەوەی سەرەنجام یاساكان دەربڕی ئیرادەی تاكەكان بێت، تاكەكانیش بێجگە لە ملكەچبوون بۆ ئیرادەی خۆیان ملكەچی هیچ ئیرادەیەكی دیكە نەبن. ئەم وەرچەرخانە كە لە ژێر چەتری دەوڵەتی نەتەوەیی دێتەئاراوە، زەمینەی ئەوەی دروستكرد، كە دیموكراتی لیبڕاڵی لەدایك بێت، دیموكراتی لیبڕاڵیش بەو مانایەی، خەڵك لە چوارچێوەی سەروەریی یاسا بەشداری پرۆسەی سیاسی دەكات، ئامانجی پاراستنی دەوڵەتە نەتەوەییەكەیەتی لە هەڕەشەی دەرەكی، هەروەها لە هەڕەشەی دەوڵەتەكەی بۆ سەر دەوڵەتێكی دیكە، ئەمەیە لۆژیكی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ كە هاووڵاتیانی نە قبووڵ دەكەن هێرش بكرێتە سەریان، نە قبووڵ دەكەن دەوڵەتەكەیان هێرش بكاتە سەر نەتەوە، یان دەوڵەتێكی دیكە.
كێشەی سەرەكیی كۆمەڵگەی ئێمە لە كوردستان هەتا ئێستاش ئەوەیە جیاوازی لە نێوان یاسای دانراوی هاووڵاتیانی كوردستان و یاسای دەرەكی ناكەن، ئەوجا یاسای دەرەكی یاسای دەوڵەتێكی دیكە بێت، یان یاسایەكی ئاسمانی بێت، بۆیە یاسا و بڕیار لە قۆناخی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی وەك ئامانج دادەڕێژرێت. هەر بۆ نموونە: كاتێك تۆماس هۆبز لە پرۆسەی دەوڵەتی لیڤاساندا رەهاترین دەسەڵات دەداتە پادشا، دەزانێت ئەگەر پادشا ئەو دەسەڵاتەی نەبێت، ئەوا نەك هەر ئاسەواری شەڕی ناوخۆ و ئاژاوەگێڕی كۆتایی نایەت، بەڵكو دەوڵەتێك بوونی نابێت ناوی ئینگلیستان بێت، ئەو ئینگلیستانەی لەسەر دەوڵەتەكەی لیڤاسان دروست بوو، لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا بانگەشەی بۆ ئەوە دەكرد: «بەریتانیای مەزن خۆری لێ ئاوا نابێت».
بۆ ئێمەی كوردستانی گرنگە سوود لە ئەزموونی نەتەوەكانی جیهان لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی وەربگرین، بەتایبەتی لەم قۆناخە ناسكەی كە نەتەوەكەمانی پێدا تێدەپەڕێت، دەبێت ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت كە مەترسیترین ئاستەنگ لە بەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییمان، دروستكرنی ئاژاوە و لێكترازانی ریزەكانی نەتەوەیە، هەر بۆیە هەر هێز و شێوازێك بتوانێت سنوورێك بۆ ئاژاوەگێڕی و ئاشووب و سرینەوەی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ دابنێت، ئەوا ئەو هێزە دەبێتە دروستكەری بڕیاری قورس و بەرهەمهێنانی ئیرادەی خێر، ئەم ئیرادە خێرە كە لە سەر بنەمای ویژدانی نەتەوە بۆ دژایەتی ئاژاوە و ناسەقامگیری بڕیاری قورس دەدات، لە ویژدانی هەر تاكێكی نەتەوە ئیرادەیەكی رەها رێزی لێدەگیرێت، وەك ئەمانوئێل كانت-یش دەڵێت: ئەگەر هیچ شتێك لەم جیهانەدا بە رەها هەژمار نەكرێت، ئەوا ئیرادەی خێر بە رەها دەژمێردرێت، لەبەر ئەوەی ئیرادەی خێر نەك هەر تەنیا دەبێتە هۆكارێك بۆ بەرهەمهێنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و سەقامگیر، بەڵكو لەسەر ئاستی تاكەكانیش دەبێتە وەڵامدەرەوە بۆ رەخنەكانی (ئەقڵی موجەڕەد و ئەقڵی كردەیی و شێوازی حوكمدان و دامەزراندنی میتافیزیای ئەخلاق)، ئەم وەڵامەش ژینگەیەك لە كۆمەڵگە دروست دەكات كە مرۆڤ هەست بە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی خۆی بكات.
چۆن ئاژاوە و ناسەقامگیری دەگۆڕێت
بۆ ئاشتی و سەقامگیری
كێشەی سەرەكی بۆ بەردەوامیی ئاژاوە و ناسەقامگیری و بەردەوامیی رق و كینە لە مێژووی پەنجا ساڵی رابردووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئێمە نەمانتوانیوە پێناسەیەكی گونجاو بۆ ئاژاوە و ناسەقامگیری و بەردەوامیی رق و كینە دیاری بكەین، بە مانا هیگل-ییەكەی بۆ پێناسە، نەمانتوانیوە ئاژاوە و ناسەقامگیری و رق و كینە، لە سیاقی ئەخلاقی كوردەواری بێنینە دەرەوە و بوێرانە دیاری بكەین، كە ئەم چەمكانە نامۆن بە ئەخلاقی كوردەواریمان، لەمەش راشكاوانەتر نەمانتوانیووە پێناسەی ئەم چەمكانە بە مانای رەدكردنەوە لەناو ئەخلاقی كوردەواری رەدبكەینەوە.
پێناسەكردن، ئەوجا پێناسەی چەمكێك بێت، یان هەر شێك، بە مانا هیگڵ- ییەكەی واتە جیاكردنەوە لە گشت و دەرهێنانی وەك بەش، روونتر لەمە چۆن كاتێك پێناسەی قەڵەم دەكەین وەك گشتێك جیاوازە لەوەی قەڵەمێك بە رەنگێكی دیاریكراو، بۆ نموونە سوور، یان شین جیادەكەینەوە، لەو حاڵەتەدا كە دەڵێین ئەو قەڵەمە سوورە، یان شینە، ئەمە ئاماژە نییە بۆ قەڵەم وەك گشتێك، بەڵكو ئاماژەیە بۆ قەڵەمێك وەك بەش، بۆیە بە هەمان شێوە كاتێك هۆكاری ئاژاوە، یان ناسەقامگیرییەك دیاری دەكەین، ئەمەش مانای ئەوەیە ئاژاوە و ناسەقامگیری دیاردەیەكی گشتگیری نێو خەسڵەت و ئەخلاقی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان نییە، بەڵكو ئەمە بەشێك، یان گروپێك لەناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان هۆكاری بەردەوامیی ئاژاوە و ناسەقامگیری و لێكترازان بووە.
كەواتە خاڵی سەرەكی و گەوهەری بۆ وەرچەرخانی ئاژاوە و ناسەقامگیری بۆ ئاشتی و سەقامگیری، دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێبكات، هۆكاری ئەم ئاژاوە و ناسەقامگیرییە وەك دیاردەیەكی گشتگیر بگۆڕێت بۆ مەزاجی گروپێك، یان بەشێكی بچووك لە ناو كۆمەڵگەی كوردستان و لە كۆی گشتی بزاڤەكە جیابكرێتەوە. دوای ئەمە پێویستە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرچاوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری، مامەڵەیەكی واقیعییانە و لۆژیكانە بێت. چۆن پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1994 «تەحریم و تەجریم»ی شەڕی ناوخۆی كرد، بە مانای رێگرتن لە ئاژاوە و ناسەقامگیری، بۆ ئەمەش هیچ پاساو و بیانوویەكی قبووڵ نەكرد، دەبێت لە ئێستاشدا بەهەمان شێوە دروستكردنی ئاژاوە و ناسەقامگیری هیچ پاساو وبیانوویەكی بۆ نەدۆزرێتەوە. لێرەدا ئەگەر ئەدای پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1995 بە ئەدای پەرلەمانی 2015 بەراورد بكەین، دەبینین ئەو پەرلەمانەی كە لە كۆی شەڕی ناوخۆی كوردستان بێلایەن بووە، بەڵام لەو كاتەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆتە بەشێك لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان، هەست دەكەین، خودی پەرلەمان لەم خولە و خولی پێشووشدا، خۆی بۆتە سەرچاوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە كوردستاندا، هەتا كارگەیشتە ئەوەی لە رۆژی 19ی ئابی 2015 بە تەواوەتی سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستانی ئیفلیج كرد. كێشەی سەیر لە مامەڵەكردنمان لەگەڵ دیاردەی ئاژاوە و ناسەقامگیری، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، تەواوی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئەو چەمكانەی كە بەو جۆرە پێناسەی ئاژاوە و ناسەقامگیری دەكەن، وەك ئەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری دیاردەیەكی گشتگیر و دەرهاویشتەی پیادەكردنی سیستمی دیموكراتییە! لەم راستەوە ئێمە لە بری ئەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە پرۆسەی دیموكراتی جیابكەینەوە، دێین دیموكراتی و پرۆسەی دیموكراتی بە جۆرێك پێناسە دەكەینەوە كە بە تەواوەتی ئاژاوە و ناسەقامگیری تێدا جێی ببێتەوە! ئەمە لەكاتێكدا پێناسەكردنی دیموكراتی و پرۆسەی دیموكراتی، بێ ماناكردنی دیموكراتییە لەناو پێناسەی دیموكراتیدا، لەبەر ئەوەی دیموكراتی ئەو چەمكەیە وەك ئازادی پێناسە ناكرێت و لە سیاقی پیادەكرندا بە هاوشانی ئازادی دیاری دەكرێت، هەر بۆیە كاتێك دیموكراتی بەوجۆرە پێناسە دەكرێت، شەرعییەت بە ئاژاوە و ناسەقامگیری بدات، ئەوە شتێك نامێنێت ناوی دیموكراتی بێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەوە هەرگیز كارێكی شیاو نییە شەرعییەتی دروستكردنی ئاژاوە لە دیموكراتی وەربگیرێت، یان بەرهەمهێنانی قسەی سووك و جنێو بە ئازادی رادەربڕین پەرەدە پۆش بكرێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت، ئاژاوە و ناسەقامگیری دیاری بكرێت و لە ناو پرۆسەی دیموكراتی رەدبكرێتەوە، دیموكراتی بەو جۆرە وەڵام بدرێتەوە، هەر كارێك ئاژاوەی بەرهەمهێنا و ناسەقامگیری دروستكرد و ئاشتیی كۆمەڵایەتی خستە مەترسییەوە، ئەوە كارێكە دوور و نزیك پێوەندی بە دیموكراتییەوە نییە و هەر یاسایەكیش بەو ئاستە بێ مانا بكرێت كە ببێتە پەرژینێك بۆ ئاژاوەگێڕان، ئەوە هەرگیز یاسا نییە و بێ ماناكردنی سەروەریی یاسایە.




تەنیا دەوڵەت...
نەتەوە لە ژێردەستەیی سیاسی و یاسایی ڕزگار دەكات



دەوڵەتی نەتەوەیی ئەو دەوڵەتەیە كە تێیدا دڵسۆزی و وەلائی هاووڵاتیان بۆ ناسنامە خودییە كەلتوورییەكەیە، كە دەتوانین پێی بڵێین: نەتەوە، یان نەتەوایەتی، كە لە ڕۆژگاری ئێستادا بۆ فۆرمی باڵادەست بۆ ڕێكخستنی دەوڵەت، دەوڵەتە نەتەوەییەكان خاوەنی سەروەری و شەرعییەتن. گرنگیی دەوڵەتی نەتەوەیی ئەوەیە كە هەر كاتێك پایەكانی خۆی لەسەر بنچینەی نەتەوەیەكی دیاریكراو چەسپاند، ئەوا دەبێتە فۆرمێكی جێگیر بۆ ڕێكخستنی دەوڵەت. دەوڵەتی نەتەوەیی تاكە فۆرمە تێیدا گەشەكردنی دیموكراسی تێیدا مومكین بێت و مەیلی فراوانخوازی و بەرفراوانكردنی سنوورەكانی نەبێت. ئەم ژینگە جێگیرە گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە بۆ سەرهەڵدانی شارستانییەتی دارایی و پیشەسازی و تەكنەلۆجی مۆدێرنی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە هەردوو سەدەی 17 و 18ـەدا.
تا دەركەوتنی دەوڵەتە نەتەوەییەكان لە هەردوو سەدەی 17 و 18ـەدا. حكومەت لە لایەن حوكمڕان و دەسەڵاتدارانەوە بەڕێوەدەبردران كە سەرچاوەی دەسەڵاتیان لە ڕەزامەندیی حوكمڕانەكانەوە سەرچاوەی نەدەگرت، ئەو حوكمڕانانەی بە كەسانی ملكەچ دادەنران «subjects». بەو شێوەیە حوكمڕانیی ئەو دەوڵەتەیان دەكرد، كە حەوت فۆرمی جیاوازی هەبوو: حوكمڕانیی تاكەكەسی، تیوكراسی، دەوڵەت-شار، ئۆلیگارشی، دەوڵەتی سەربازی، دەوڵەتی خێڵەكی و ئیمپراتۆریەت.
دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئاڵوگۆڕێكی بە دوای خۆیدا هێنا كە بریتی بوو لە گواستنەوەی شەرعییەت لە حوكمڕانێك كە بەرپرسیار نەبوو لە بەردەم ئەو كەسانەی حوكمڕانیی دەكردن، بۆ شەرعییەتێكی سەرچاوەگرتوو لە نەتەوەوە. دەتوانین سێ قۆناخ دەستنیشان بكەین لە ڕەوتی بەرەپێشچوونی هەر دەوڵەتێكی نەتەوەیی. قۆناخی یەكەم: پەرەسەندنی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كە پێشوەختە بە ڕوونی دیاریكرابێت و پێناسەكرابێت. قۆناخی دووەم: گواستنەوەی سەرچاوەی شەرعییەت بوو لە حوكمڕانەكانەوە بۆ نەتەوە. قۆناخی سێیەم: بریتی بوو لە گوزارشتكردن لە شەرعییەت لە ڕیی پرۆسەیەكی یاساییەوە، واتە لە ڕێی دەستوورەوە، كە لە سایەیدا دەتوانرێت حكومەت پێكبهێندرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە، كە دەكرێت گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەكانی بكرێت و پەسەندبكرێن. هەروەها چەمكەكانی شەرعییەت و سەروەری پێویستن بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، لەبەر ئەوەی بە سرووشتی خۆی، وەلائی هاووڵاتیان تێیدا بۆ نەتەوەكەیە. لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەك دەوڵەتێكی هەیە، ئەوا ناكرێت نەتەوەیەك لە ڕووی سیاسییەوە ملكەچ و ژێردەستی نەتەوەیەكی دیكە بێت. لەبەر ئەوە ئێمە چەمكێكی یاساییمان هەیە كە بریتییە لە سەروەری، بەو پێیە دەوڵەتی نەتەوەیی ناكەوێتە ژێرباری دەسەڵاتی یاسایی هیچ لایەنێكی دیكەوە. هەروەها لەبەر ئەوەی دڵسۆزییەكە بۆ نەتەوەیە-وەك موجەڕەدێكی كەلتووری- ئەوا دەبێت حكومەتەكە لە لایەن خەڵكەوە- وەك سەرچاوەی دەسەڵاتی نەتەوەیی- قبووڵ كرابێت. كەواتە چەمكێكی سیاسیشمان لە پێوەندی بە سەروەرییەوە هەیە.
سەرچاوە: دەوڵەتی نەتەوەیی
نووسینی: ئەنتۆنی پیك



دەوڵەتی نەتەوەیی بەرجەستەبوونی ئیرادەی ئەخلاقی كۆمەڵگەیە و
لە سایەیدا هاووڵاتیان دەتوانن گوزارشت لە خۆیان بكەن



بە لای هیگڵ-ـەوە دەوڵەت تەواوكردنی مەسیرەی خوایە لە سەر زەوی، بە مانای ئەوەی دەوڵەت بەرجەستەبوونێكی یەزدانییە لەسەر زەوی. وەك هەمیشە لای هیگڵ، دواقۆناخی هەر پەرەسەندنێك كۆكەرەوە و پوختەی سەرجەم قۆناخەكانی پێش خۆیەتی. بەتایبەتی هیگڵ دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژگاری بەو شێوەیە لێكدایەوە كە سازانی چەمكی دەوڵەتە وەك كۆمەڵگەیەكی ئەخلاقی- ئەو كۆمەڵگە ئەخلاقییەی كە لە جیهانی كۆندا باڵادەست بوو- لەگەڵ چەمكە هاوچەرخەكانی دیكەی دەوڵەت كە پشتیوانییان لە ئازادی و تاكەكەس دەكرد.
ئەمەش پێكەوەسازانی یەكەی ئەخلاقیی خۆنەویستیی كۆمەڵگە بچووكەكانی كۆمەڵگەی یۆنان-Greek Polis- و ئازادی كۆمەڵگەی مەدەنییە لە یەكەیەكی باڵاتری خود-هۆشیاردا كە ئەویش دەوڵەتە و تێیدا هاووڵاتیان بە ئیرادەی خۆیان و بە شێوەیەكی ئازادانە ئەركەكانی هاووڵاتی لە ئەستۆ دەگرن لە ئاست نەتەوەكەیاندا، هەم لە كاتی ئاشتی و هەم لە سەروەختی شەڕدا.
بە چەشنی ئەركەكانی ناو خێزان، ئازادی لە قبووڵكردنی هۆشیارانە و ئازادانەی ئەم ئەركانەدا دێتەدی. بەم شێوەیە هیگڵ بانگەشەی پێكەوەكۆكردنەوەی دوو چەشنە ئازادی دەكات، ئازادیی سلبیی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادی ئیجابیی ژیان بە گوێرەی سیستمێكی ئەخلاقی و سیاسی كردووە كە مایەی پەسەندكردنی ئێمەن. لەبەر ئەوەی ئەمە عەقڵانییەتە و ئەمە بەشێكە لە كۆمەڵگە نەتەوەكە كە ئێمە لە چوارچێوەیدا خۆمان پێناسە دەكەین و مەرام و مەبەستە ئەخلاقییەكانیشی بە هی خۆمان دەزانین.
كەواتە، چەمكی دەوڵەتی تەواو گەشەكردوو لای هیگڵ، بریتی بوو لە ئاوێتەبوونێكی دیالیكتیكی ئاڵۆزی ئاستە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەی مەدەنی و خودی دەوڵەت. لە ڕێی بەشداریكردنیشەوە لەم ئاستە جیاوازانەدا تاكەكەسەكان گوزارشت لە خۆیان دەكەن و خودی خۆیان بەدی دەهێنن. بنەڕەتیترین ئاستیش بریتییە لە خێزان كە تێیدا تاكەكەسەكان ژیانێكی هاوبەش دەبەنەسەر لەسەر بنەمای ئەرك و خۆشەویستییەكی خۆنەویستانە، كە لە چوارچێوەیدا هەر كەسێك هێندەی ئەوەی خەمخۆری خۆیەتی، بە هەمان ئەندازەش خەمخۆری ئەوانی دیكەیە، ئەم كارانەش بە ئیرادەیەكی ئازادانە ئەنجام دەدەن، بەڵام لە دەرەوەی خێزان، ئێمە دەچینە قۆناخێكی جیاوازەوە، قۆناخێك كە لە سەر بنەماگەلێكی تەواو جیاواز بەڕێوەدەچێت. ئەمەش كۆمەڵگەی مەدەنییە، كۆمەڵگەی مەدەنیش قۆناخی شوێنكەوتنی بەرژەوەندییە خودییەكان، قۆناخی ململانێ و تمووح و خۆویستییە، قۆناخی تاكەكەسییە كە تێیدا موڵك و ماڵ بە گرنگ دادەنرێت و بە ڕەنگدانەوە و درێژبوونەوەی خودی تاكەكەس لە قەڵەم دەدرێت.
هیگڵ یەكەم تیورزان بوو كە پێداگری دەكرد لەسەر جیاكردنەوەی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەت. ئەو دەوڵەتی بە بەرجەستەبوونی ئیرادەی ئەخلاقی تەواوی كۆمەڵگە دادەنا. مشتومڕی ئەوەشی دەكرد كە تاوەكو بەم شێوەیە نوێنەرایەتی چاكەی گشتی نەكرێت، ئەوا دەوڵەت ناتوانێت بانگەشە بە سەر كۆمەڵگەیەكدا بكات كە تاكەكەسەكانی تەواو خۆویستن. لەبەر ئەوەی دەوڵەت بەرجەستەبوونی ئیرادەی ئەخلاقی كۆمەڵگەیە، ئەوا دەتوانێت داوای پشتیوانی لە هاووڵاتیان بكات لە كاتی ئاشتی، هەروەها لە سەروەختی شەڕدا.
سەرچاوە: چەمكی دەوڵەت لای هیگڵ
نووسینی: پوجا مۆندال
Top