هەڵكۆڵین لەناو گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا چیمان پێدەڵێت و چیمان لێ دەشارێتەوە؟
October 29, 2015
راپۆرتەکان
پڕۆفیسۆر سارە میلیز
زانكۆی شفیلد – بەریتانیا
گوتاری بزووتنەوەی گۆڕان
دروستكردنی پەرژینێك بۆ پەروەردەكردنی رق و كینە
گوتار بریتی نییە لە كۆمەڵێك وشەی گوتراو، یان نووسینی دەقێك، بەڵكو بریتییە لە پیادەكردنی سیاسەت بۆ دروستكردنی بابەتێك لە رێگەی وشە و رەمزەوە كە دەیەوێت ئەو بابەتەی دروستی كردووە، بە شێوەی گوتراو، تێگەیشتن و كاریگەری لەناو پانتایی گشتیدا بە رێگەی زمان كاریگەری خۆی هەبێت، بەم مانایە گوتار خۆی شتێكە، بەڵام شتێكی دیكە دروست دەكات، دەكرێت بناخەی دروستكردنی ئەم گوتارە لە چوارچێوەیەكدا ئاشكرا بكرێت، ئەمەش بە وردبوونەوە لە شێوازی رەفتاركردن و بیركردنەوەی ئەو لایەنەی ئەو گوتارەی بەرهەمهێناوە.
لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ گوتار، پەیوەست دەبێت بەوەی ئەم گوتارە وەڵامدەرەوەیە بۆ كام گوتاری بەرامبەر، یان راشكاوانەتر كاردانەوە و رەتكردنەوەی كام گوتارەیە كە گوتاری دروستكراو وەك هاودژی خۆی پێناسەی دەكات. لەم راستەوە ئەگەر خوێندنەوەیەكی مەعریفییانە بۆ ئەو گوتارە سیاسییەی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان بكەین، كە بە شێوەیەكی رادیكالیانە دەیەوێت هەست و سۆزی بەرامبەر رابكێشێت، ئەوا ئێمە ناتوانین بەهیچ جۆرێك لە بەركارهێنانی ئەو زمانە تێبگەین كە لەناو ئەو پانتاییە تایبەتدا بەكار دەهێندرێت و دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ وێناكردنی گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان. لەوانەیە پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوە بێت، ئایا مەبەست لە تێگەیشتن لە گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو وشە و هێمایانەیە كە لەناو گوتارەكەدا بەكار هاتوون و بەشێوەی گوتراو ئێمە دەیبیستین و گوێمان لێیان دەبێت، یاخود تێگەیشتن لە گوتاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵدانێكە بۆ هێنانەوە گۆی ئەو وشە چەپێنراوانەی كە وشە گوتراوەكان رێگەنادەن ئێمە گوێمان لێیان بێت؟ لەم راستەوە ئەگەر سەرنج لە گوتاربێژەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بدەین، بە ئاسانی هەست بەو دیاردەیە دەكەین، كە ئەوان بە شێوەیەكی ئیستفیزازی و دەنگی بەرز و حەماس ئامێز ئەو وشە دروستكراوانە دەڵێنەوە كە لە فابریكەی گوتاری سیاسیی گۆڕاندا بەكار هاتوون و بوونە ئەو گوتارەی كە ئامانجی ئەوەیە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا، وشەكانی نێو گوتارەكەدا شێوازی ( گوتن و تێگەیشتن و كاریگەرییان) بەو شێوەیە گۆڕانكاری بەسەردا بهێنن، كە خودی گوتاربێژەكە مەبەستێتی.
دیارە پرۆسەی دروستكردنی گوتاری سیاسی لەمجۆرە كە دەبێتە بەرهەمی رەفتار و بیركردنەوەی ئایدیۆلۆژییانەی لایەنێكی دیاریكراو، ئامانجە شاراوەكەی لە بەرگێكی دیكەدا پیشانی خەڵك دەدات، ئەوا پێش ئەوەی ئەم گوتارە وەك بەرهەمی ئایدیۆلۆژیایەكی سیاسی دیاریكراو بخرێتە ناو بازاڕی سیاسەتەوە، دەبێت ئەو زۆنەی دەبێتە كارگە، یان كۆمپانیا بۆ بەرهەمهێنانی ئەم گوتارە، پەرژینێكی بەدەورەدا دروست بكرێت و هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بخرێنەگەڕ، وشە و ئاماژەی ناو گوتارەكە لە ناو ژینگەیەكی رق و كینەی گوتاری بەرامبەری دژ بەرهەم بهێندرێنەوە، بۆیە لێرەوە گرنگە پرۆسەی هەڵكۆڵین دەست پێبكەین بۆ ئەوەی شوێنەواری ئەم گوتارە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای پێناسەكردنەوەی گوتار و بزانین ئەم گوتارەی بزووتنەوەی گۆڕان پێوەندی بە كام گوتاری دیكەوە هەیە و ئەم گوتارە وەك كاردانەوەیەك بۆ دژایەتی كام گوتاری سیاسی دروست بووە.
1. كاتێك چینە ئەستوورە دروستكراوەكانی گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەكۆڵین، دەگەینە شوێنەواری بیركردنەوەو رەفتاری كەسێك، ئەو كەسەش ناوی نەوشیروان مستەفایە و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە.
2. كەواتە بیركردنەوە و رەفتاری نەوشیروان مستەفا، پێوەندی بە شێوازی كاركردن و بیركردنەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هەیە لەو كاتەی كە گوتاری سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ رەفتار و بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا هاودژی، یان لێكترازان دروست دەكات.
3. دروستبوونی ئەم هاودژییە لەنێوان گوتاری سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و رەفتار و بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا، پێوەندی بەشێوازی ساسیەت و جیهانبینی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هەبووە بۆ چۆنیەتی حوكمڕانی لە كوردستان و شێوازی پێكەوەگرێدانەوەی تواناكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و گەیشتن بە رێككەوتنی ستراتیژی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە هەستیار و ناسكەی نەتەوە و نیشتمانەكەمان پێدا تێدەپەڕێت. بەڵام رەفتار و بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ چۆنیەتی جیهانبینی و سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەوجۆرە بووە كە یەكێتی نیشتمانی وەك حزبێكی سیاسیی لە بری ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ببنە هێزێكی كاریگەر و سەرەكی بۆ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستوور و عێراقی نوێدا، ببێتە حزبێك بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بتوێنێتەوە.
4. بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم دوو گوتارە دژە لەناو سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، سەكردایەتی یەكێتی بڕیاری دا هەڵبژاردن لەنێو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە بكرێت، نەوشیروان مستەفا لە سەرەتاوە پێشوازی لەم بڕیارە كرد، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایە بوو، ئەو گرووپەی بەو شێوەیە پەروەردەی كردوون، یەكێتی بكەنە حزبێك بۆ تواندنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی دەبەنەوە، ئەو كاتیش ئەو بەشێوەیەكی كردەیی دەبێتە كەسی یەكەم لەناو یەكێتی و ئەوەی بیری لێدەكاتەوە سەرلەنوێ یەكێتی نیشتمانی لەسەر دروست دەكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مام جەلال باوەڕی بەو فیكرە ئینقلابییە نەبوو، هەروەها زۆرینەی ئەندامانی یەكێتی نیشتمانیش لەو راستییە تێگەیشتبوون، كە شەڕی ناوخۆ و ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی پێویستی بە هاوپەیمانی و پارێزگاریكردن لە رێككەوتنی ستراتیژی هەیە، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆییدا، ئەندامانی یەكێتی دەنگیان بە گرووپەكەی نەوشیروان مستەفا نەدا.
5. دۆڕاندنی نەوشیروان و گرووپەكەی لەناو هەڵبژاردنە حزبییەكانی یەكێتیدا، راگەیاندنی كۆتایی ژیانی سیاسیی نەوشیروان مستەفا بوو، خۆیشی لە سەرەتادا هەر وای كرد و رایگەیاند، ژیانی سیاسی ئەو كۆتایی هات و، وەك هەر سیاسەتمەدارێكی هاوچەرخ دوای ئەوەی ژیانی سیاسی كۆتایی دێت، روودەكاتە بوارێكی، دیكە كە ئەویش بواری توێژینەوە و دیراساتە بە شێوەیەكی هێمن وەك هاوكارییەكی حزبەكەی خۆی بە پلەی یەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەر بەم شێوەیەش لەگەڵ مام جەلال قسەی كردبوو، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش گردەكەی زەرگەتەی پێبەخشرا بۆ ئەوەی ئامۆژگایەكی دیراسات و توێژینەوە دابمەزرێنێت و خەریكی كاری خۆی بێت، بۆ سەركەوتنیشی لەم كارەی مام جەلال 10 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرد.
6. بەڵام نەوشیروان مستەفا لە بری دامەزراندنی ئامۆژگایەكی دیراسات و توێژینەوە، بریاریدا زۆنێك بۆ پەروەردەكردنی رق و كینە دژ بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروست بكات، ئەم زۆنە سەرەتا ویستیان ناوی لێبنێن كومپانیای زەرگەتە، وەك ناوێك دوو مەدلوولی هەبێت، مەدلوولی یەكەمیان، گردەكە ناوی گردی -زەرگەتە-یە، مەدلوولی دووەمیان خودی وشەی زەرگەتەیە، كە بەمانای (زەردەواڵە)یە، واتە پێوەدان، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی میكیاژێك بۆ ئەم كۆمپانیایە دروست بكەن ناویان لێنا (كۆمپانیای وشە).
7. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفەكانی پێش دروستبوونی كۆمپانیای وشە وەك زۆنێك بۆ پەروەردەكردنی رق و كینە، دەگەینە ئەو راستییەی كە نەوشیروان مستەفا راشكاوانە ئەو راستییەی گوتووە كە ئەو هەوڵدەدات كێشەكانی خوارەوەی یەكێتی بگوازێتەوە بۆ ناو سەكردایەتی، واتە بۆ ململانێی نێوان باڵەكەی خۆی و ئەو باڵەی كە نەدەچوونە ژێر بیروبۆچوونە ئینقلابییەكەی ئەوەوە، بۆیە شێوازی كاركردنی كۆمپانیای وشە، لەسەرەتاوە بووە كارگەیەكی دروستكردنی رق و كینە بەرامبەر مام جەلال و تەواوی ئەو سەركردایەتیەی كە نەچووبوونە ژیر كاریگەری رەفتار و بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفاوە. بۆ ئەمەش كۆمپانیای وشە بەبێ ئەوەی رێز لە خەبات و شەهیدانی یەكێتی نیشتمانی بكرێت، هەموو خەبات و خوێنی شەهیدان و سەروەرییەكانی یەكێتی كردە كەرەستەیەك بۆ بەرهەمهێنانی وشەی سووك و جنێو و پێناسەكردنەوەی یەكێتی بەوەی چ جیاوازییەك لە نێوان سەركردایەتی ئێستای یەكێتی و مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس هەیە؟!
8. ئەم هەوڵەی نەوشیروان مستەفا بۆ لیكترازانی یەكێتی نیشتمانی و وێناكردنی سەركردایەتیەكەی وەك مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس، هەمووی لە پێناوی ئەوە بوو، ئەو گیانی هاوخەباتی و پێكەوە كاركردنەی لە نێوان پارتی و یەكێتی لە بەر رۆشنایی بیركردنەوەی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی دروست ببوو، لەبەر یەك هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەگەر زەمەن بگێڕینەوە بۆ دواوە و رووداوەكان وەك خۆیان بدوێن، ئەوا گوێمان لەو پەیامە ژەهراوییانەی كۆمپانیای وشە دەبێت، كە زۆر بێباكانە رایدەگەیاند: «رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆتە هۆكاری دروستكردنی دیكتاتۆریەت لە كوردستان و سەپاندنی حوكمی بنەماڵەیی لە نێوان دوو حزبدا». لە بەرامبەردا جەنابی مام جەلال چۆن وەسفی رێككەوتنی ستراتیژی دەكرد؟ مام جەلال لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان راشكاوانە گوتی: «من رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بە موقەدەس دەزانم»، ئەگەر سەیری ئەم دوو بیركردنەوەیە بكەین، كە جەنابی مام جەلال دەڵێت: «رێككەوتنی ستراتیژی موقەدەسە»، بەڵام نەوشیروان مستەفا دەڵێت: «ریككەوتنی ستراتیژی حەرامە و دیكتاتۆریەتی دروستكردووە»، ئەو پرسیارە درووست دەبێت كە ئایا چۆن دەتوانین لە گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان تێبگەین، ئەگەر نەزانین ئەم گوتارە پێوەندی بە كام گوتارەوە هەیە و لە دژی كام گوتار دروست بووە؟!
لەم چەند خاڵەوە ئەگەر راشكاوانەتر هەڵوەستەی لەسەر بكەین، دەبینین لەو كاتەوە پێگەیشتوویی ئەقڵی سیاسی لە كوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لە بری درێژەدان بە شەڕی ناوخۆ و یەكتری كوشتن و یەكتری ناشرینكردن، شێوازی پێكەوە كاركردن و پێكەوە خەباتكردن لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی هەڵدەبژێرن، رۆژ لەدوای رۆژ شكۆی كوردستان و سەركردەكانی لە كوردستان و بەغدا وەك سەركردەی نێودەوڵەتی روو لە هەڵكشان دەبێت.
شەخسی سەرۆك بارزانی داوا دەكات لەسەر ئاستی ناوخۆ و گوتاری میدیاییدا، لە هەموو هەواڵێكدا ناوی فەخامەتی مام جەلال پێش ناوی ئەو بخرێت و جەنابی مام جەلال زۆر بە راشكاوییەوە رایدەگەیەنێت: «من وەك پشكی كورد سەرۆك كۆماری عێراقم و كاندیدی سەرۆك بارزانیم»، ئەم تێگەیشتنە بەرزەی ئەقڵی سیاسیی كوردستان، بە نەوشیروان مستەفا قبووڵ ناكرێت و لەسەر بنەمای رق و كینە لەسەر ئەم واقیعە تازەی كە هەموو كورد و كوردستانییەك لە هەر چوار پارچە و لە تاراوگە ئومێدی پێیەتی، بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، بەردەوامیش بە مەبەستی گەڕانەوەمان بۆ ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، یان سەرەتای دەستپێكی لێكترازان و دووبەرەكی لەناو بزاڤی رزگاری كوردستاندا، هەوڵی گۆڕینی ئەم واقیعە تازەیەی داوە.
وتووێژ لەگەڵ ئەو خاڵە رەشانەی كە گوتاری رووكەشیی بزووتنەوەی گۆڕان شاردوویەتەوە
كارگە، یان كۆمپانیای وشە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، كاری بەرهەمهێنانی وشەی سووك و جنێودان بووە، لەمەش زیاتر ئەم بەرهەمەی قسەی سووك و جنێودانە، لە زۆنی كۆمپانیای وشەی پێشوو، یان بزووتنەوەی گۆڕانی ئێستادا، وەك ناوەندێكی مەشق و راهێنان، مەشق و راهێنانێكی زۆر چڕ بە هەڵسووڕاوانی ئەم بزووتنەوەیە كراوە، بەوەی چۆن ئەم وشە سووك و جنێوانە بە وەستایی بەكار دەهێنن و چۆن داهێنان لە وشەی سووك و جنێوداندا دروست دەكەن، دوای ئەم مەشق و راهێنانە، قۆناخێكی دیكە دەست پێدەكات، كە ئەو هەڵسووڕاوانەی مەشق و راهێنانی تەواویان لەسەر بەكارهێنان و داهێنان لەم وشە و جنێوانە كردووە، چۆن خۆیان دەبنە پاڵنەر و هاندەر بۆ بەرهەمهێنانی رق و كینە، بۆ ئەوەی ئەم وشە و جنێوانە لای هەرزەكاران بكەنە كار و كردەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئاژاوە و توندوتیژی! لەمەش زیاتر چۆن بازنەی رق و كینە لە زۆنی گردەكەوە فراوان دەكرێت بۆ ناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كۆڕ و كۆبوونەوەی نووسەران و رۆشنبیران، لە ژێر ناوی ئازادی رادەربڕین، نەبوونی هیچ پیرۆزییەك، خۆیان گوتەنی «هیچ شتێك بەو ئاستە پیرۆز نییە بكەوێتە سەرووی رەخنەوە» یاریكردن بە چەمكی ئاسایشی نیشتمانی و بێ بایەخكردنی ئەم چەمكە، دەرهێنانی ئازادی رادەربڕین لە چوارچێوەی سنوورداركردنی یاسا و گۆڕینی چەمكی ئازادی، لە ئازادی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی دامەزراوەییەوە بۆ ئازادییەكی ئەنارشیستی كە ئاژاوە و ئاشووب بەرهەم دەهێنت، بێبایەخكردنی چەمكی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بەتاڵكردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان وەك ئامانج و گۆڕینی ئەم ئامانجە گەورەیە بۆ دەوڵەتێكی ئاسایی وەك ئامراز، هەوڵدان بۆ یاریكردن بە چەمكەكانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە سیستمی دیموكراتیدا و بانگەشەكردن بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی لە سیستمی شمولیدا، بانگەشەكردن بۆ دیموكراتی و هەوڵدان بۆ پەكخستنی دامەزاروەكانی سیستمە دیموكراتییەكە، یاریكردن بە دیاردەی گەندەڵی و رێگەگرتن لە پرۆسەی چاكسازی و بەهێزكردنی دامەزراوەكان بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی، دەرهێنانی میدیا وەك توخمی سەرەكی و بەشێك لە دەسەڵات لە سیستمی دیموكراتیدا، بۆ میدیایەك كە هەموو كاری ئەوە بێت سیستمە دیموكراتییەكە بڕووخێنێت، كۆبەرهەمی كارگە، یان كۆمپانیای وشە بوون. پرسیار لێرەدا ئەوەیە هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێن و چیمان لێدەشارنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش لەم چەند خاڵەدا دەخرێنەڕوو:
ئەوەی لە گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا وەك خاڵێكی ڕەش بەردەوام دەشاردرێتەوە، بریتییە لە پەروەردەكردنی رق و كینە، ئەم رق و كینەیە بەرامبەر لایەنێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو بەرامبەر بە هەر لایەنێكە كە ئەو بزووتنەوەیە و شەخسی نەوشیروان مستەفا لە چوارچێوەی كاری فرەلایەنی و سیستمی دیموكراتیدا نەتوانێت بە شێوەیەكی ئازاد و دیموكراتییانە ململانێی بكات.
خاڵێكی دیكەی رەش لەناو گوتاری گۆڕاندا، باوەر نەبوونیەتی بە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، واتە باوەڕی بەوە نییە دیموكراتی بە شێوەی دامەزراوەیی و لە چوارچێوەی سیستمێكدا هەڵبسووڕێت، بۆیە ئەم بزووتنەوەیە و تەواوی ئەو بزووتنەوانەی دیكەش كە وەك گۆڕان بیر دەكەنەوە، هەوڵدەدەن، سیستمی لیبڕاڵی و دیموكراتی لە یەكتری جیابكەنەوە، بێگومان لیبڕاڵیزم واتە كۆمەڵگەی سەروەریی یاسا، واتە رێكخستنی ئازادییەكان لە چوارچێوەی یاسادا، بۆیە كاتێك ئەم دوو چەمكە دیموكراتی و لیبڕاڵیزم لە یەكتری جیادەكاتەوە، ئەوا زمانی دیموكراتی لە زمانی مافەوە دەگۆڕێت بۆ زمانی پابەندبوون و ملكەچبوون، بزووتنەوەی گۆڕان لەم خاڵەدا بە تەواوەتی لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان بەهەموو ئاراستەكانی میانڕەو و توندڕەوەوە یەكدەگرێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەی ئەوەندە لێهاتوو نەبوون، بتوانن ئامانجی خۆیان بەرامبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بشارنەوە، راشكاوانەتر ئەوان هەر زوو رایانگەیاند ئامانجی ئەوان ئەوەیە رێككەوتنی ستراتیژی كۆتایی پێبێت، لەوانەیە خاڵی گرنگ لە هەڵپەكردنی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی دژی رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەكێتی بێت، بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەو تێگەیشتنەی لە نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەگشتی و لە نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی بۆ زەروورەتی رێككەوتنی ستراتیژی دروست بوو، بەشێوەیەكی باش رۆنەچووبوو بۆ خوارەوە، واتە بۆ ناو رێكخستنەكانی یەكێتی و پارتی بەگشتی، بەتایبەتیش بە هۆی گوشار و چەواشەكارییەكانی كۆمپانیای وشەوە، بۆ ناو رێكخستنەكانی یەكێتی، بۆیە توانی ئەم هەلومەرجە بقۆزێتەوە و بە باشی كاری لەسەر بكات، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە، پارتی و یەكێتی لەبەرامبەر ئەم پیلانەی نەوشیروان، ئەوجا لەبەر هەر هۆكار و گوشارێكی رێكخستنەكانی هەردوولا بووبێت، بێباكانە و بێمنەتانە مامەڵەیان لەگەڵ یەكتری كرد، ئەمە گەیشتە ئەوەی بە ئاشكرا هەردوولا باس لەوە بكەن، رێككەوتنی ستراتیژی درزی تێكەوتووە، هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی 2013 بە لیستی جیاواز چووە هەڵبژاردن و ئەمەش هێندەی دیكە نەوشیروان مستەفای غروور كرد بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ شتی دیكە هەڵبگرێت.
بە دابەزینی یەكێتی بە لیستی جیاواز لە پارتی، هەروەها بانگەشەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری لە دەسەڵات و «چوار ساڵی ئارامی»، وایكرد یەكێتی و پارتی هەردوولایان گەیشتنە ئەو قەناعەتە كە ئەمەش لەگەڵ گۆڕان تاقی بكرێتەوە، بەڵام وەك دەركەوت، بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر نەیتوانی «چوار ساڵ ئارامی» رابگرێت، بەڵكو وێڕای ئەو هەموو قەیرانانەی كە شەڕ و ئابووری و بودجەبڕان لەسەر كوردستان دروستیكرد، نائارامییەكی خولقاند كە داعش پیرۆزبایی لێ بكات! ئەگەر لۆژیكی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوایە، كوردستان نەك هەر سەقامگیری تێدا نەدەما، بەڵكو كوردستان و ئەزموونەكەی وەك دیارییەكی بەلاش پێشكەشی تیرۆریستانی داعش دەكرا.
سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان زۆر باسی یاسا و دیموكراتی دەكەن، بەڵام لە ژێر ئەم دروشمەدا ئامانجیان بێماناكردنی دیموكراتی و سەروەریی یاسایە لە كوردستان، ئامانجیان ئەوەیە یاساكان لە ئاستی ئاژاوەگێڕی و ئاشووبدا پەك بخەن، ئەوان دەیانەوێت یاسایەك سەروەر بێت كە ببێتە پاسەوانی ئاژاوەگێڕان و بوار بۆ ناسەقامگیری كوردستان دروست بكات، لەمەش زیاتر دەیانەوێت لەناو هەموو ماددەیەكدا لەناو هەموو پیرۆزییەكدا، فیزیك و میتافیزیك لێ جیابكەنەوە، ئەوان وا خۆیان پیشاندەدەن، هەموو شتێك تەنیا فیزیكییە، نازانن لایەنی میتافیزیكی هەر شتێك پیرۆزییەكی هەیە و بێبایەخكردنی ئەو پیرۆزییە وڵات بەرەو ئاژاوەگێڕی و كارەسات دەبات. ئەم بزووتنەوە سەیرە زۆر بێ شەرمانە دەڵێت: «ئینجا هەڵكوتانە سەر بارەگا و سووتاندنی بارەگا چییە، دوایی چاك دەكرێتەوە»، بەڵام پرسیار لە خۆیان ناكەن هەڵكوتانە سەر بارەگای حزبی هاوپەیمان و سووتاندنی چ مەدلوولێكی میتافیزیكی هەیە، چۆن متمانە لە ریشەوە هەڵدەكێشت و ژینگەی فرەلایەنی و پیكەوەكاركردن بەسەر یەكدا دەرووخێنێت؟ ئەم بزووتنەوە سەیرە، نە بڕوای بە متمانەی نێوان تاك و كۆمەڵگە هەیە، نە بڕوای بە متمانەی نێوان كۆمەڵگە و دەسەڵات (پەرلەمان، حكومەت، دەسەلاتی دادوەری) هەیە.
كێشەكانی كۆمەڵگە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان
لە پرۆسەی دانوستاندن و كۆبوونەوەی لوتكە گەورەترە
كێشەی سەرەكی و وەهمی گەورەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، هەتا ئێستاش پێیوایە ئەو بەرهەمەی كە كۆمپانیای وشە لە بەرهەمهێنانی وشەی سووك و جنێودان بەرهەمی هێناوە، كەرەستەیەكی باشن بۆ سیاسەتكردن لە كوردستاندا، بۆیە ئەگەر بڕیار ئەوە بێت، لەسەر ئەم كەرەستە ناشرینانەی بزووتنەوەی گۆڕان سیاسەتی پێدەكات، بێنە ناو پرۆسەی دانوستاندنەوە، ئەوا پرۆسەی وتووێژ، یان دانوستاندن، لەسەر مێزێك دەكرێت كە هیچ متمانەیەك بوونی نابێت، لەمەش زیاتر ئەگەر متمانەیەكیش لە نێوان دوو لایەندا دروست ببێت، ئەوا ئەو كەرەستە ناشیرینانە ئەو متمانەیە دەپووكێنێتەوە، ئەوجا لەمەش سەیرتر ئەو وشە سووك و جنێوانەی ئەم كۆمپانیایە بەرهەمی هێناوە، بە بێ سانسۆڕ و لەبەر رۆشنایی مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ تێكەڵی ژینگەی كۆمەڵایەتی كوردستان كراوە، بۆیە ئێستا ئەگەر بمانەوێت، هەنگاوێك بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی هەڵبگرین، ئەوا لەبەر ئەوەی لە نێو تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە متمانە درزی تێكەوتووە، ئەوا زەمینەی لێكتێگەیشتن و پێكگەیشتن زۆر قورس بووە، ئەم بەرهەمەی كۆمپانیای وشە كە قسەی سووك و جنێوە، بۆتە فاكتەری ئەوەی هەر هەنگاوێك هەڵبگرێت، وەك ئەوە وایە بەناو كێڵگەیەكی مینڕێژكراودا هەنگاو هەڵبگریت، ئەم كێڵگە مینڕێژ كراوەی گۆڕان بە قسەی سووك و جنێودان، بۆتە فاكتەری گوشار لەسەر هەموو حزبەكانی سنووری سلێمانی و دەوروبەری كە نەتوانن بە ئاسانی ئەو ژینگەیە بگۆڕن، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، ئەو كێشانەی كە بزووتنەوەی گۆڕان لەناو ژینگەی كۆمەڵایەتی كوردستاندا دروستی كردوون، پەیوەستن بە تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی كادر و هەڵسووڕاوانی ئەم بزووتنەوەیە مەشق و راهێنانی زۆر باشیان لەسەر بەكارهێنانی قسەی سووك و جنێودان پێكراوە، بەئاسانی دەتوانن ئەم قسە سووك و جنێوانە بگۆڕن بۆ سیاسەتیكی سەرنجڕاكێش و خەڵكی پێ بجووڵێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر حزبە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەو مەترسییەی قسەی سووك و جنێوە بەرهەمهاتووەكانی گۆڕان لەسەر كۆمەڵگە دروستی كردووە، راستەوخۆ بچێتە ناو كۆبوونەوە و وتووێژ بۆ چارەسەكردنی ئەم قەیرانە، ئەوا ئەم قەیرانە دەبێتە ئاگربەستێكی كاتی و دەبێت كوردستان خۆی بۆ قەیرانێكی گەورەتر ئامادەبكات، بۆیە لە ئێستاوە گرنگە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بگەنە ئەو قەناعەتەی بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری راستەقینە لە كوردستان بێتەوە ئاراوە، دەبێت فاكتەری سەرەكی ئەم قەیرانە ریشەكێش بكەن، كە ئەویش ئەو ژینگەیەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای رق و كینە بۆ بەرهەمهێنانی قسەی سووك و جنێو دروستی كردووە، هەتا ئەم زۆنە گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت و كارگەی دروستكردنی قسەی سووك و جنێو دانەخرێت و ژینگەی رق و كینە كۆتایی نەیەت، ئەوا بەهیچ شێوەیەك كوردستان ئاشتی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و كێشەكانیش رۆژ لەدوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبن.
گوتار مەعریفە بەرهەم دەهێنێت
گوتار نەك هەر تەنيا ئەو جیهانە دەخوڵقێنێت كە تێیدا دەژین، بەڵكو سەرجەم فۆرمەكانی مەعریفە و ڕاستی بەرهەم دەهێنێت، بەلای فۆكۆ-وە مەعریفە شتێك نيیە سەربەخۆ لە زمان بوونی هەبێت. میشێل فۆكۆ لەوە زیاتر دەڕوات و دەڵێت: گوتار ڕاستی بەرهەم دەهێنێت، یاخود ئەوەی هەندێ كەس پێی دەڵێن «ڕاستی» كاریگەريیەكان. گوتارگەلێكی دیاریكراو لە سیاقگەلێكی دیاریكراودا هێزی ئەوەی هەیە قەناعەت بە خەڵك بكات كە ئەوەی وتراوە ڕاستیيەكەیە، ناكرێت ئەم هێزەش هیچ پێوەندیەكی هەبێت بە ڕاستی و دروستی بابەتییانەی ئەوەی وتراوە. نەریتی كەڵەشاخ بە نەریتێكی پەسەندكراو دادەنرا، ئەمە سەرەڕای ئەو كاریگەرییە زیانبەخشانەی كە لە ڕۆژگاری ئێستادا بۆمان دەركەوتووە. لەبەر ئەوەی لە گوتاری پزیشكی كۆندا، ڕۆچووبووە نێو تۆڕی گوتاری پزیشكی كۆنەوە، كە زۆر كەس وەك «ڕاستی» قبووڵیان دەكرد. بە هەمان شێوە، زۆرێك لە كردە پزیشكییەكانی ئەم سەردەمەش ڕەنگە لە سەردەمی كۆندا بە كردەیەكی شێتانە، یان دڵڕەقانە بهاتنایەتەبەرچاو، لەبەر ئەوەی لە ڕووی گوتارەوە پشتیوانی نەدەكران.
گوتار ناسنامهی گوتاربێژه
گوتار نەك هەر تەنيا مەعریفە دەگوازێتەوە لەبارەی ئەو مانایەی كە زمان مەبەستێتی بیگەیەنێت، بەڵكو شتێك لەبارەی ئەو كەسەشەوە دەڵێت كە هەڵدەستێت بە دەربڕینی گوتارەكە. دەتوانرێت لە ڕێی شیكردنەوەی گوتارەكەی ئەو كەسەی بەكاری دەهێنێت، زۆر شت بزانین لەبارەی ڕەگەز و نەژاد و جێندەری و باری چینایەتی كەسەكەوە، تەنانەت بە شێوەیەكی دیاریكراوتر لەبارەی پێوەندیی گریمانەكراوی ئەو كەسە بە كەسانی دەوروبەریەوە. بۆ نموونە، گوتاری پزیشكی دەسەڵات دەدات بە پزیشك كە قسە بكات، بەو پێیە دەیخاتە پێگەی دەسەڵاتەوە لە بەرامبەر نەخۆشەكانیدا. فۆكۆ بایەخێكی تایبەت دەدات بە تێڕوانین لە شێوەكانی گوتار كە هەموو كەس مافی ئەوەی نییە بەكارێ بهێنێت، یان ئەوەی كە پێویستی بەوەیە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لە پێگەیەكی دیاركراودا بێت.
گوتار جیهانێك دەخوڵقێنێت
گوتار جیهانێك دروستدەكات لە ڕێی داڕشتنی تێڕوانینەكانمانەوە بۆ جیهان، بە گرێدانەوەی كۆمەڵە ڕایەڵێك كە تێگەیشتنێكی مانادار بەرهەم دەهێنێت. دواتر هەڵدەستێت بە ڕێكخستنی ڕێگەی ڕەفتاركردنمان لە ئاست شتەكانی جیهان و خەڵكانی دیكە. دەكرێت بوترێت گوتار جیهانی ڕۆژانەمان دەخوڵقێنێت. ئەگەرچی زانست فێرمان دەكات كە «جیهانی ڕاستەقینە» جیهانە ماددییەكەیە كە پێكهاتووە لە ئەتۆم و وزە، بەڵام لە ڕاستیدا، جیهان بۆ زۆرێك لە ئێمە بریتییە لە جیهانی ڕەنگ و هەست و سۆز و ئایدیاكان و ژیان. جیهانێكی واقیعییە كە زادەی هزری خۆمانە، بەڵام نەك هەر تەنیا زادەی هزری خۆمان، بەڵكو ئێمە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە ئەم جیهانە دەخوڵقێنین، ئەویش لە ڕێی تەفاعولێكی ئاڵۆزی نێوان ئەزموون و پەروەردە و گۆشكردنەوە. گوتار، زنجیرەگەلێكی زمانە كە وەك بوونەوەری كۆمەڵایەتی پێكەوەگرێمان دەدەن، هەروەها لە پێكهاتنی كۆمەڵایەتیی واقیعەكە ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت.
گوتار و دەسەڵات
ئەمەش دەمانباتە سەر ڕێگەی چوارەم كە بە هۆیەوە گوتار كاری خۆی دەكات، ئەویش بە ڕۆچوونی قووڵی لە تۆڕی دەسەڵاتەوە كە ڕیشەی كۆمەڵایەتی هەیە، لەبەر ئەوەی گوتارگەلێكی دیاریكراو بوار بە كەسانێكی دیاریكراو دەدات بۆ ئەوەی «ڕاستی بڵێن»، یاخود بەلای كەمەوە باوەڕیان پێبكرێت، كاتێك دەربارەی بابەتێكی دیاریكراو قسە دەكەن. هەروەها گوتار ئەندازەیەكی دیاریكراو لە دەسەڵاتی كۆمەڵایەتی و كەلتووری و تەنانەت سیاسیش دەدات بەم كەسانە. بە شێوەیەكی گشتی باوەڕ بە پزیشكەكان دەكرێت، كاتێك باسی نەخۆشیی جەستەیی، یان دەروونی دەكەن، ئەمەش دەسەڵاتیان پێدەدات بۆ ئەوە ڕاسپاردەیە چارەسەر بكەن.
سەرچاوە: فۆكۆ و گوتار
نووسینی: كڵایتۆن ویسنانت