كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان ئیدانەی ئاژاوەگێڕانی ناو خۆپیشاندانەكان دەكەن
October 22, 2015
راپۆرتەکان
سەرەتا نەقیب نەزمی وەكو بنەماڵەی شەهید جووتیار كەمال ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی و داخوازیی پیشەیی و دیموكراسی رەوای مامۆستا و فەرمانبەران دەكەن، هاوكات دەڵێت: «ئەو بارودۆخەی كە ئێمە تێیداین، بارودۆخێكی زۆر هەستیارە و دوژمنانی كورد لە ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەتی داگیركەرانی كوردستان كە تینووی خوێنی كوردن هەموویان لە بۆسەدان بۆ ئەوەی هەموو دەستكەوتەكان لەباربەرن. سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆش ئەوە جەماوەر نییە دێتە سەر شەقام، بەڵكو دەستێكی سیاسی لە پشت ئەو كارانەیە و خەڵكەكە هاندەدات، پێویستە لەم دۆخە ناسكەدا كورد یەكڕیز و یەكگرتوو بێت، بۆ ئەوەی بەسەر هەموو ئەو گرفتانە زاڵ بین كە رێگە بۆ دوژمن خۆش دەكات تاكو گورزی خۆی بوەشێنێت، پێویستە سەركردایەتیی كورد رێگە نەدات دوژمنانی كورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، ئەو تەنگژە سیاسییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا دەبیندرێت، لە ئەنجامی پیلانەكانی نەیارانی كوردە بۆ بەلاڕێدابردنی بەرنامە و ستراتیژییەتی ئایندەی ئەم میللەتە.»
لەلایەكی دیكەوە دایكی شەهید مامەند، بە نیگەرانییەوە بە گوڵانی راگەیاند: وەكو دایكێكی جەرگسووتاو دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و ئاژاوەگێڕییەكم، ئێمە تاوەكو ئەمڕۆش كوردستانمان بە خوێن پاراستووە و سەدان رۆڵەی خۆشەویستمان بەم نیشتمانە بەخشیوە، لەم كوردستانە خێر لەخۆنەدیوە دەیان منداڵ بێ باوك دەبێ و دەیان خێزان بێ سەرپەرشت و دەیان دایكی جەرگ سووتاو و دەیان بووكی دەست بە خەنە رەشپۆش دەبن، من لێرەوە نەفرەت لە شەڕی ناوخۆ و كوردكوژی دەكەم، داوا لە دایكان و باوكان دەكەم رێگە نەدەن منداڵەكانیان تێكەڵی ململانێی دوژمنانی كورد ببن.
هێرش ئەنوەر جگە لەوەی كوڕە شەهیدە، بەرپرسی ناوەندی باڵای گەرمیانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان-یشە، ئەویش وەك ئەندامێكی خانەوادەی شەهید دەڵێت: «بەپێی ئەو ئەزموونەی كە لەم ناوچەیەدا هەمە، ئەو گێرەشێوێنییەی كە لەو چەند رۆژەدا رووی دا، هەوڵێكە بۆ لەباربردنی پرۆسەی بە دەوڵەتبوونی كورد، كە بڕیارە لەسەر دەستی پارتی بە ئەنجام بگات، نەك تەنیا ئێمە وەكو كادیری پارتی، ئەوانەی وەكو كەسانی رۆشنبیر خوێندنەوەی ئەلف و بێی سیاسییان بۆ ئەم بارودۆخە هەیە، تەنانەت هاووڵاتییەكی نەخوێندەواریش لەوە تێدەگات، دەزانن دژایەتیكردنی پارتی لەو سنوورە هیچ رەواییەكی نییە، تەنیا پیلانێكی گەورەیە لە دژی ئامانجە نەتەوەییەكانی پارتی. پارتی لەو سنوورەدا تەنیا سوودی گەورەی پێگەیاندوون. جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت چەندین جار سەردانی ناوچەكەی كردووە، پرۆژەی زۆری بۆ جێبەجێ كردوون، لەوانە: كردنەوەی جووت سایدی نێوان كەلار و دەربەندیخان، كۆمەڵێ قوتابخانە، كۆمەڵێ خانوو بۆ كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوەكان، بەڵام بەداخەوە كاتێك كاك نێچیرڤان كۆمەڵێك بەڵێن بە خەڵكەكە دەدات و جێبەجێ دەكرێت، لای دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورە دەبێتە حەساسییەت، تەنانەت بەربەستی زۆر بۆ تەواوبوونی پرۆژەكانی دروست دەكرێ، جگە لەوەش ئێمە لەگەڵ سووتاندنی بارەگای هیچ لایەنێك نەبووین. بەداخەوە ئەمڕۆ بارەگاكانی ئێمە كرانە ئامانج، لە رابردووشدا بە هەمان شێوە بینیمان، پەلاماردانی بارەگاكانی پارتی دەرەنجام بۆ ئەو لایەنانە بووە بە پەڵەیەكی رەش، تەنانەت ئەو گەنجانەی كە هێنراونەتە سەرشەقام، نەیاندەزانی داواكارییان چییە، ئەو ئاژاوەگێڕییانە نەك دژی پارتی، بەڵكو دژی پرۆسەی بە خاوەن دەوڵەتبوونی كورد ئەنجام دران. بەپێی زانیارییەكانی خۆمان ئەو كارە ئەجیندای گەورەی دەرەكی لە پشتە، جێگەی سەرسووڕمانە كە بۆچی بارەگاكانی پارتی كرانە ئامانج، لە كاتێكدا لەم سنوورەدا پارتی هیچ دەسەڵاتێكی نییە، بگرە دەسەڵاتی چوارەمین، زۆرجار بووین بە پێنجەمیش، دەسەڵات دەسەڵاتی یەكێتی و گۆڕانە، بە دەنگی خودی جەماوەر ئەم دوو حزبە بوونەتە دەسەڵاتداری ناوچەكە، لە بری ئەوەی رووی داواكارییەكانیان لەم دوو لایەنە بكەن كە لەكاتی هەڵبژاردنەكان بەڵێنی بریقەداریان پێداون، كەچی بارەگاكانی ئێمە دەكرێنە ئامانج، پێویست دەكات پارتی لێرەوە خاڵ بۆ ئەم گرفتە دابنێت و خۆی یەكلایی بكاتەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە سەداسەد ئەجیندای دەرەكییان لە پشتە بۆ وەدەرنانی پارتی لەم سنوورە بە تێگەیشتنی خۆمان، ئەوەش كۆتا كاتی خۆیانە بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە هەولێر، دەكرا لە ئاستی باڵا لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنی پارتی خەڵكانی ئەو ناوچانە لە چۆنێتی و چەندێتیی دەسەڵاتی پارتی لە ناوچەكەدا ئاگادار كرابانەوە، بەداخەوە دەزگا راگەیاندنەكانمان نەیانتوانیوە بە باشی پەیامی پارتی بگەیەننە جەماوەر.»
یونس حەسەن عەبدوڵڵا دوو برای شەهید بووە، ئەویش رایوایە لە بری خۆپیشاندان و توندوتیژیی نواندن و بەردباران كردن و سووتاندنی بارەگاكان، دەكرێت هەموو كێشەكانی ناوخۆ بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكەن، گوتیشی: «ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی و گەرمیان و قەڵادزێ دەگوزەرێ، جگە لە گێرەشێوێنی هیچی دیكە نییە. سوود لە هاندانی جەماوەر وەربگرن و ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو ئاراستەی ئاژاوەگێڕی و دروستبوونی نائارامی بەرن، هیچ مانایەكی جگە لە ئاژاوەگێڕی نییە. ئێمە حكومەت و پەرلەمانمان هەیە، بە دەنگی خۆمان ئەو حكومەت و پەرلەمانەمان هەڵبژاردووە دەبێ متمانەشیان پێبكەین كە كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام نەك پەرلەمان بكرێتە حزبی و لە دژی پارتی كودەتای تیا بكرێ.
میران هاشم كوڕی شەهید هاشم، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەداخەوە لە كاتێكدا كوردستان بە دەستی دوژمنێكی تیرۆرست خوێنی لێدەچۆڕێ، لە كاتێكدا رۆژانە پۆل پۆل شەهیدان دەگەنە كاروانی نەمران و مێژوو بە خوێن دەنووسنەوە، كەچی هەندێك كوردی خائین واز لە خۆخۆری ناەێنن و بە فیتی دوژمنانی گەلەكەمان هەوڵی لەناوبردنی دەستكەوتەكان دەدەن كە بە خوێن بە دەستەاتوون، ئەم جۆرە رەفتارانە، دژی دیموكراسی و ناووناوبانگی گەلەكەمانە لەجیەاندا، هەروهەا زیانێكی گەورەش لە یەكڕیزی گەلەكەمان بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگری دەدات.