ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان روودەدات فیتنە و گێرەشێوێنیە و تەنیا خزمەت بە دوژمن و تیرۆریستانی داعش و دەستێوەردانی دەرەكی دەكات
October 14, 2015
راپۆرتەکان
سەرۆكی پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان بۆ گوڵان:
توركمانەكان لەگەڵ كورد مێژوویەكی دوور و درێژ و هاوبەشیان هەیە و لە دێرزەمانەوە پێكەوە دەژین و بە پێكهاتەیەكی سەرەكی و كوردستانی دادەنرێن. توركمانەكان لەگەڵ كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە، ئەمڕۆ ئازادییەكی باش بۆ توركمانەكانی كوردستان هەیە و لەسەر هەموو كار و پرۆژە و بڕیارێك راوبۆچوونیان وەرگیراوە. ئەوان گلەییان هەیە بەرامبەر ئەو دەنگانەی لە هەندێك حزبی كوردستانەوە بەرز دەبێتەوە بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان لە پرۆسەی سیاسی و كەمكردنەوەی كورسییەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان. هەروەها سەبارەت بە مافەكانیان پێیانوایە گەر بێتوو هاووڵاتیانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەشدار بن، دەبێت نەك تەنیا ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بكرێت، بەڵكو لە پۆستە باڵاكانیشدا حیسابیان بۆ بكرێت. گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی دڵشاد چاوشلی سەرۆكی پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان كردووە و لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیار و دژواردا تێپەڕ دەبێت. ئایا لەم دۆخەدا كە پێشمەرگە سەرقاڵی شەڕی تیرۆریستانی داعشن و بەغدا گەمارۆی ئابووری لەسەر كوردستان سەپاندووە، تاچەند ئێوە وەكو پێكهاتەیەكی كوردستانی پارێزگاری لە سەقامگیری و ئاسایشی كوردستان دەكەن؟
- وەكو ئاماژەت پێدا كوردستان لە دژوارترین بارودۆخەكانیدایە و پێشمەرگە لە شەڕێكی قورسدایە دژ بە دڕەندەترین تیرۆریستانی داعش شەڕ دەكات، لەم پێناوەشدا هەزاران شەهید و برینداری لێكەوتۆتەوە، هاوكات بەغدا بۆ زیاتر لە ساڵێكە گەمارۆیەكی سەختی لەسەر كوردستان سەپاندووە. لە دەوروبەریشماندا دۆخەكە ئاڵۆز بووە، دوای ئەوەی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و ململانێی زلهێزەكانی جیهان تێكەڵ بە شەڕی سووریا و عێراق بووە. وەكو دەبینین وڵاتێكی زلهێزی وەكو رووسیا بە هەموو هێزی ئاسمانی و دەریایی و زەمینی و چەك و جبەخانەوە هاتۆتە سووریا و لە دەریای قەزوینەوە بارەگاكانی هێزەكانی دژ بە بەشار ئەسەد مووشەكباران دەكات، ئەمەش كاریگەری لە سەر كوردستانیش دەبێت. لەم دۆخەدا ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان و پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكی لە كوردستان پێمان خۆشە هێمنی و ئاسایش لە كوردستان هەبێت، چونكە نەتەوەكانی دەوروبەرمان كەوتوونەتە ناو ئاگرێكی گەورە، ئێمەش نامانەوێت خەڵكی سڤیل لە كوردستان دووچاری ئەو داماوی و نەهامەتییە ببن، كەچی لە بەرامبەردا بەداخەوە زۆر لە حزبەكانی كوردستان ئاستەنگیان لە بەردەم وتارێكی یەكگرتووی سیاسی داناوە.، هەر بۆیە رەوشی نائارامی و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵكی كوردستان دروست بووە، كە وایكردووە گەنجەكانمان رێگەی هەندەران بگرنەوەبەر، لەبری ئەوەی لەم قۆناغەدا پاڵپشتی پێشمەرگە و هەوڵەكانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بین بۆ پاراستنی ئەزموونەكەمان، هاتووین خۆمان و خەڵكیشمان سەرقاڵی شەڕی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كردووە، لە كاتێكدا بە توانایی و پڕ ئەزموونی ئەو سەركردەیە توانراوە جیهانی پێشكەوتوو هاوكارمان بن بەو هاوكارییە سەربازی و ماددی و لۆجیستیەی كە پێشكەش پێشمەرگە كراوە، توانرا بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر لە بەرەكانی شەڕ شكست بە داعش بهێنین، هەر لە كۆبانێ تاوەكو خانەقین. هەر بۆیە دەكرا حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو خاڵ و ناكۆكییانە بەلاوە بنێن و گفتوگۆ و پرسە ناكۆكەكان بخرێنە دوای شەڕی داعش، لەمەشدا هەموو كەسایەتی و حزبە نیشتمانپەروەرەكان وامان كردووە، بەڵام هەندێك لەو حزبانە داخ لەدڵن و چاویان بە سەقامگیری كوردستان هەڵنایەت. هەر بۆ نموونە كاتێك ئێمە پرسی سازان و گفتوگۆ و وەلانانی گرفت و ناكۆكییەكانمان خستەڕوو، كەچی ئەو حزبانە تۆمەتباریان كردین بەوەی پاڵپشتی و پشتگیری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین. لەبیریان چووە ئێمە پاڵپشتی سەقامگیری و پاراستنی خەڵكی كوردستان و بار و گوزەرانی ئەو خەڵكە پڕ لە مەینەتییە دەكەین، وەك تۆڵە كردنەوەیەكش لەم هەڵویستەمان ئەو حزبانە هاتن داوای كەمكردنەوەی ئیستحقاقاتی نەتەوەیی توركمان دەكەن بە كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانمان، یا لە رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان مافەكانمان زەوت دەكەن، ئەو مافانەی كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی داكۆكی لە سەر كردووە . بەڕێز مسعود بارزانی بە هاوشێوەی هەموو پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان داكۆكی زۆری لە نەتەوەی توركمان لە عێراق و كوردستان كردووە، هەر بۆیە ئێمەش مافی خۆمانە بەرگری لەو سەركردەیە بكەین كە پاڵپشتی نەتەوەكەمانە. دەبێت لەم قۆناغە هەستیار و ناسكەدا حزبەكانی كوردستان نیشتمانییانە و نەتەوەییان هەڵسوكەوت بكەن، چ ئەوانەی لەناو پەرلەمانن و چ ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی لە دەرەوەی پەرلەمانن، نەك هەوڵی قووڵكردنەوەی قەیرانەكان و موزایەدەكردن بدەن.
* ئایا حزب و لایەنە توركمانەكان تاچەند لەو كۆبوونەوە و وتووێژە چارەنووسسازانە بەشدارن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە رۆڵی زیاترتان هەبێت بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەسەرەكان؟
- ئێمە وەكو حزب و لایەنە توركمانییە كوردستانییەكان بە پێویستی دەزانین لە هەموو ئەو كۆبوونەوە و دانوستاندنانە بەشدار بین كە لە نێوان پێنج حزبەكە ئەنجام دەدرێت، نەك تەنیا وەكو چاودێرێك بین و رۆڵمان پێ نەدرێت. جێگەی داخە ئەو لایەنە سیاسی و حزبە كوردستانییانەی تا دوێنێ بوو باسیان لە دیموكراتی و بەشداریكردنی زۆرینە لە حوكمڕانی دەكرد، ئەمڕۆ بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوت دەكەن. ئەو چوار حزبەی كوردستان (گۆڕان و یەكیتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو) بەهەموو شێوەیەك دژ بە نەتەوەی ئێمە رادەوەستن و دەیانەوێت توركمان تەنیا بە یەك ئەندام بەشدار بێت لە كۆبوونەوەكاندا، كە ئەمە لای توركمانەكان قابیلی قبووڵكردن نییە. ئێمە بەپێی یاسا و رێنماییەكان مۆڵەتی حزبیمان هەیە و لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشدار بووین ودەنگمان هێناوە و پێكهاتەی حكومەت و ژمارەی كورسییەكانمان بە تەوافق و رێككەوتن بەدەست هێناوە و تەنانەت داوای پۆستی سیادیشمان نەكردووە، ناشبێت چەند حزبێك بە ناوی گەلی كورد پێشێلكاری ماف و ئیستحقاقاتی نەتەوەی دووەم بكەن. ئەمە زیانی بۆ ئەو كەلتوورەی پێكەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە جیهانی پێشكەوتوو دەبێت كە لەسەر ئەو بنەمایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لە حكومەتەكانیان هەیە پاڵپشتی و پارێزگاری لەكوردستان بكەن.
* لەگەڵ ئەم هەوڵانە بۆ پەراوێزخستنی نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، بەڵام بە بەردەوامی سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و هاوكاری خۆی بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان دووپات كردۆتەوە. ئێوە چۆن لەم هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڕوانن؟
- دەزانن بۆچی جیهانی پێشكەوتوو رێگەی نەدا كوردستان داگیر بكرێت، یاخود وڵاتانی دەوروبەر هێرش بكەنە سەرمان، ئەمە بۆ ئەو كەلتوورەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان پێی ناسراوە و مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بە بەردەوامی لە هەوڵی پاراستن و دەوڵەمەندكردنی بووە. هەر ئەمەشە وایكردووە ئێمە لە بیروبۆچوون و ستراتیژییەتی بەڕێز مسعود بارزانی نزیك بین. كێ پاڵپشتی و پشتگیری مافەكانی نەتەوەی توركمان بكات، ئێمەش دەبێت پاڵپشتی بكەین. لە هەموو پرسە ناوخۆیی و نیشتمانییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری بە ئێمە كرددوە، چ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی كێشە و قەیرانەكان، چ بۆ داكۆكیكردن لەسەر كێشە نەتەوەییەكان، هەر جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو كە وایكرد زۆرترین مافەكانمان لە ناو دەستووری عێراقدا جێگیر بكرێت، لە كوردستانیش مافەكانمان جێگیر بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین مومارەسەی كار و مافە نەتەوەییەكانمان بكەین. ئێمە پێمانوایە ئەم كەلتوورەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە بەرهەمی فیكری مستەفا بارزانی -یە كە هەموو پێكهاتەكان بە توركمانیشەوە لە دەوری ئەو سەركردەیە كۆبوونەوە و گەورەترین شۆڕشیان هەڵگیرساند. من هەرگیز ئەو بیرەوەرییە لەیاد ناكەم كە لە ساڵی 1970 دانوستاندن لە نێوان لایەنی كوردی و حكومەتی عێراق ئەنجام درا، سەركردە مستەفا بارزانی پێداگیری كرد لە مافە رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكانی نەتەوەی توركمان، ئەمەش بووە بناغە و رێچكەی سەرەكی بۆ پێكەوەژیانی نێوان هەر دوو نەتەوەی كورد و توركمان لە دوای راپەڕینیش بەڕێز مسعود بارزانی هەر لەسەر هەمان رێچكە درێژەی بەو كەلتوورە دا و پێداگیری لەجێگیركردنی مافە نەتەوەییەكانی توركمان كرد.
* ماوەیەكە بە پلانێكی داڕێژراو چەند حزب سەرقاڵی نانەوەی فیتنەیەكی گەورەن، ئایا ئەمە تا چەند كاریگەری خراپی لەسەر رەوشی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- زۆربەی حزبەكان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارن. ناكرێت ئەو چوار حزبەی ئێستا كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانوستاندان، خۆیان بە بەرپرسیار لە قەیران و كێشەكانی خەڵكی كوردستان نەزانن. ئەوان دەستیان كردووە بە موزایەدەی سیاسی و هەیبەت و شكۆی پەرلەمانیان شكاند، لە كاتێكدا هەمووان دەزانن پەرلەمان شوێنی موزایەدە و راگەیاندنی چەواشەكاری نییە، بەڵكو شوێنی دانانی یاسا و تەشریعات و چاكسازی و چاودێریكردنی ئەدای حكومەتە. ئەو حكومەتە ئەوانیش تێیدا بەشدارن و لێی بەرپرسیارن. ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان روودەدات، فیتنە و گێرەشێوێنییە و بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە خەڵكی كوردستان ناكات و تەنیا خزمەت بە دوژمن و تیرۆرستانی داعش و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێمان دەكات. ئەگەر ئەو حزبانە دۆخەكە هێور نەكەنەوە و لەسەر ماكینەی شەڕی راگەیاندن بەردەوام بن، زیان بە ئەزموونەكەمان دەگەیەنن. تۆ سەیری ئەو دوو دیمەنە جیاوازە بكە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو سەنگەرە دژ بە تیرۆرستانی داعش، كەچی لەلای ئەو حزبانە هێرشی راگەیاندن بەرامبەر ئەو سەركردەیە دەكرێت و خزمەت بە مەرامی هەواڵگری ئەو وڵاتانە دەكەن كە دژی بەدەوڵەتبوونی كوردستانن، بگرە بە روونی دیارە كەسایەتی وا هەیە بە ئاشكرا دەستی لەناو دەستی دوژمنانی كوردە، ئەگەر ئەو دەست و پیلانانە نەبڕدرێت، بە تەئكید دۆخی سەقامگیری و ئاسایش تێك دەچێت. ئێمە وەكو حزبێكی توركمان پاڵپشتی لە خۆپیشاندانی هێمنانە دەكەین بۆ بەدەستهێنانی مافەكان، بەڵام ئاشكرایە ناحەزانی گەلەكەمان زۆرن و ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بۆ خراپەكاری دەگۆڕن، لە كاتێكدا لە چواردەورماندا دۆخەكە ئاگری تێبەر بووە و لە ناوخۆشدا هاووڵاتیانی كوردستان بەدەست بێ مووچەیی و بێ بازاڕی و بێكارییەوە ماندوون. ئەمڕۆ كوردستان لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە بەرهەمی عەقڵ و لۆژیكی سەردەمییانە هەیە، دوور لە موزایەدەی راگەیاندنەوە، ئەوەی سەركردایەتی ئەم دۆخە ئاڵۆز و دژوار و پڕمەترسییەی پێ دەكرێت، تەنیا بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە زۆر حكومەتە پێشكەوتوو زلهێزەكانی جیهانی بەرەو هاوكاریكردنی پێشمەرگە راكێشاوە و كوردستانیش لە راگەیاندنی دەوڵەت نزیك بووەتەوە، گەلی كوردستان هەر كاتێك یەكڕیز و تەبا بوون، دەستكەوتەكانیان گەورە بووە، بە پێچەوانەشەوە هیچی دەست نەكەوتووە. لە دەستدانی سەقامگیری و ئارامی كوردستانیش خزمەت بە دۆخەكە و هیچ حزب و سیاسەتمەدارێكی كوردستان ناكات.
* هەر سەبارەت بە ئاشتی و دەستكەوتەكانی گەلی كورد چەند ساڵێكە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا هەنگاوی باشی بڕیبوو، هەردوو گەلی كورد و تورك لێی سوودمەند بوون؛ ئایا وەكو توركمانەكانی هەرێمی كوردستان تاچەند پاڵپشتی و پشتگیری لە مافەكانی گەلی كورد لە توركیا دەكەن؟
- با بە لۆژیكی عەقڵ بڕوانینە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كە تێیدا هەردوو گەلی كورد و تورك سوودمەندی سەرەكی و راستەوخۆی ئەو پرۆسەیە بوون. تەنیا لایەنێك لەم پرۆسەیە سوودمەند نەبووە، ئەویش دوژمنانی كوردە، چونكە بە پلەی یەكەم كوردە داوای مافە رەواكانی خۆی دەكات و لە ئاشتیدا دەستی كەوتووە. ئێمە وەكو توركمان پاڵپشتی لە تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە توركیا دەكەین، هەروەكو چۆن ئێمە داوای تەواوی مافەكانی توركمان لە كوردستان دەكەین، هەرواش پاڵپشتی ئەوان دەكەین. بڕوانن وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئاشكرا لە بارەگای پارتە كوردییەكان لە توركیا هەڵدەواسرێت و پارتە كوردییەكان خاوەنی چەندین كورسیی پەرلەمانن كە تەنانەت گەلی كورد لە عێراق دوای ئەو هەموو ساڵە دەستی نەكەوتووە. هەر بۆیە راوەستانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا زۆر دڵتەنگی كردین، ئەوەش زیانی بۆ هەرێمی كوردستانیش هەیە، كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت، بۆ كەس نییە دژایەتی ئەم دەوڵەتە بكات، كە تێیدا ئێمەی توركمانیش سوودمەند دەبین.