كوردستان و ئەگەرەكانی ئایندە فیدڕاڵی.. سەربەخۆیی.. كۆنفیدڕاڵی..

كوردستان و ئەگەرەكانی ئایندە فیدڕاڵی.. سەربەخۆیی.. كۆنفیدڕاڵی..
دەقی موحازەرەی پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری لە كۆنفرانسی كوردستانی عێراق و دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە رۆژانی 27و 28ی ئایاری 2015 زانكۆی كوردستان لە هەولێر كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی (كوردستانی عێراق . دووبارە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست IRAQI KURDISTAN AND THE RESHAPING OF THE MIDDLE EAST) لە هۆتێلی رۆتانا بۆ ژمارەیەك ئەكادیمیست لەسەر ئاستی زانكۆكانی جیهان و زانكۆی كوردستان و ژمارەیەك لە قوتابیانی زانكۆی كوردستان گرێدا. لەم كۆنفرانسەدا هەموو لایەنەكانی كوردستان و بارودۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توێژینەوەی ورد و گرنگی لەسەر پێشكەش كراو وتووێژی لەبارەوە كرا. یەكێك لەو موحازەرانەی لە رۆژی دووەمی كۆنفرانسەكە پێشكەش كرا، ئەم موحازەرەیەی پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری بوو لەسەر دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی دەستووری عێراق دوای 10 ساڵ. دوای ئەوەی گوڵان بە فەرمی مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی ئەم موحازەرەیەی لە پڕۆفیسۆر ئۆلێری وەرگرت، لەبەر گرنگیی باسەكە وەك خۆی بڵاوی دەكەینەوە. هەروەها لەسەر موحازەرەكەش هەندێك پرسیارمان هەبوو، پڕۆفیسۆر ئۆلێری وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانیشی دایەوە، كە لەگەڵ ئەم باسەدا بڵاوی دەكەینەوە.

دەستووری ئەمریكا
مۆدێلێك بۆ نووسینەوەی دەستوور

لە دەستپێكی موحازەرەكەیدا پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری باسی لە شێوازی نووسینەوەی دەستووری عێراقی لە ساڵی 2005 كرد، بۆ ئەمەش ئاماژە بەوە دەكات هەوڵدراوە سوود لە ئەزموونی نووسینەوەی دەستووری ئەمریكا وەربگیرێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەر ئەوكات ئەو بیرۆكەیە هەبووە كە سوود لە مۆدێلی دەستووری فەرەنسی وەربگیرێت و بەمجۆرە باسەكەی گێڕایەوە: «دەستووری ئەمریكا لە بنەڕەتدا دەستوورێكی خەوشدار بوو، كۆمەڵێك كەلێنی تێدابوو لەوانە «كۆیلایەتی هەڵنەوەشاندەوە» ئەمەش واتە لە بری ئەوەی پرسەكان چارەسەر بكەن، ئاڵۆزتری كرد، كۆیلەكان هیچ مافێكی سیاسییان نەبوو، بەڵام ئەوان هاتن ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەكانیان -بە كۆیلەكانیشەوە- كردە بناغەی ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەروەها لە سەرەتادا دەستووری ئەمریكا هیچ شتێكی سەبارەت بە دانیشتووانی رەسەنی ئەمریكا و یەكسانیی ئافرەت باس نەكردووە، هەر بۆیە كارێكی زۆر ساویلكانەیە ئەگەر بڵێین: پێویستە پیاهەڵدان بە ناوەڕۆكی دەستووری ئەمریكادا بكەین، بەڵام ئەم دەستوورە هەرچۆنێك بێت، دەشێت وەك مودێلێك سەیر بكرێت بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت دەستوور بنووسنەوە، یان دایبڕێژن. جیا لەمەش لە كاتی پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، رەخنەیەك هەبوو لەلایەن ئەو لایەنانەی كە دژی دەستێوەردانی ئەمریكا بوون لە عێراق، هەروەها لە ناو خودی عێراقییەكانیشدا ناڕەزاییەك هەبوو بەوەی نابێت دەستووری ئەمریكی بكرێتە مۆدێل و دەبێت دەستووری فەرەنسی بكرێتە نموونە، بۆ نووسینەوە، یان داڕشتنی دەستووری عێراق».
چۆن دەستووری عێراق نووسرایەوە؟

پڕۆفیسۆر ئۆلێری خۆی یەكێك بووە لە راوێژكارانی دەستووری نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنی شاندی كوردستان لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا. ئەو بەمجۆرە باسی شێوازی نووسینەوەی دەستوورەكەی كرد: «ئەگەر ئێمە دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ دووبارە لە خۆمان بپرسین ئەو دەستوورە چۆن نووسرایەوە؟ بێگومان ئەو كات ئەنجوومەنێكی نیشتمانی ئینتیقالی لە عێراقدا هەبوو كە راستەوخۆ هەڵبژێردرابوو، بەڵام لیژنەی نووسینەوەی دەستوور پێوەندی بە میكانیزمی ئەو ئەنجوومەنەوە نەبوو كە لە چوارچێوەی زۆرینەدا كارەكانی هەڵبسووڕێت، بەڵكو پێشتر لە وتووێژەكان بۆ داڕشتنی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی ئینتقالی لە 2004 ( transitional administrative law- یان TAL)، بڕیار لەسەر پرسە سەرەكییەكان درابوو، بۆیە ئەو رێككەوتنەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناخی ئینتیقالی بووە بنەما بۆ پەسەندكردنی دەستوورەكە لە 2005، هەروەها وەك ئاگادارن پرەنسیپی پەسەندكردنی دەستوورەكەش بەو شێوەیە بوو، ئەم دەستوورە پێویستە بخرێتە دەنگدانەوە و لەلایەن گەلانی عێراقەوە پەسەند بكرێت، بەڵام ئەگەر 2/3ی سێ پارێزگا دەنگیان بە دەستوورەكە نەدا، ئەوا ئەو دەستوورە پەسەند ناكرێت. ئەم شێوازە بۆ ئەوە پەیڕەو كرا بۆ ئەوەی ئیعتراف بە فرەیی ناسنامەی نەتەوەیی لە عێراقدا بكرێت، بۆیە لەم ڕووەوە لێكچوونێكی هەبوو لەگەڵ مۆدێلی ئەمریكیدا نەك فەڕەنسی. ئەوەی جێی سەرنج بوو، لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، ئەمریكییەكان بێ ئاگابوون لە مێژووی خۆیان، لەبەر ئەوەی باڵیۆز پۆل بریمەر كە سەرۆكایەتی گفتوگۆكانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری دەكرد و كاتێك پێشنیارێكی پێگەیشت لەلایەن شاندی گفتوگۆكاری كوردستانەوە كە پێویستە دەستوورەكە لەلایەن كوردستانەوە- وەك هەرێمێك- پەسەند بكرێت، یان لەلایەن سێ پارێزگاوە، وەڵامەكەی ئەوە بوو كە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا نەبووە كە دەستوور لەلایەن ناوچەیەك، یان هەرێمێكی دیاری كراوەوە پەسەند بكرێت. لەبەر ئەوە شاندی كوردستان ناچار بوون كۆپیەكی دەستووری ئەمریكای بدەنە دەستی كە ڕێككاری پەسەندكردنەكە ئەوە بوو دەبێت لە 13 ویلایەت 9 ویلایەت پەسەندی بكەن و ئەمەش پێشینەیەك و ڕێگایەكە بۆ پەسەندكردنی دەستوور. كەواتە كاتێك لەو كارانە دەڕوانرێن كە ئەمریكا ئەنجامی داون و دەوترێت باڵیۆزی ئەمریكا لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا مەسەلەكانی سەپاندووە، ئەمە خۆ بە هەڵەدابردنێكی گەورەیە، بۆ دانانی ئەم رێكارەش واتە وەك مەرج دەبێت ئەم دەستوورە لەلایەن هەرێمی كوردستان، یان سێ پارێزگاوە پەسەند بكرێت، بووە هۆكاری ئەوەی كورد و عەرەبی سوننە ببنە خاوەنی مافی ڤیتۆ لە دەستوورەكەدا و رێگەگرتن بوو لە هەژموونی زۆرینەی شیعە كە رەنگدانەوەی لەسەر دەستوورەكە هەبێت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور پتر سەركەوتوو بێت. لەبەر ئەوەی ئەگەر مۆدێلی فەڕەنسی پەیڕەو بكرایە، ئەوا شیعەستانێكی گەورەمان دەبوو. هەربۆیە لە بری ئەوە گفتوگۆیەكی ڕاستەقینە كرا بۆ داڕشتنی عێراقێكی فیدڕاڵی. ڕاستە لە چەند ڕوویەكەوە ئەو عێراقە فیدڕاڵییە شكستی هێناوە، بەڵام هۆكاری شكستەكەی بۆ چۆنیەتی نووسینەوە و داڕشتنی دەستوورەكە ناگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوورەكە هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی (كورد و سوننە و شیعە) توانای گفتوگۆی جددییان هەبوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە ئایندەدا.

لە نووسینەوەی دەستووردا
ئەمریكا پشتگیری كوردی نەكردووە

لە بەشێكی دیكەی موحازەرەكەیدا و سەبارەت بە پشتگیری ئەمریكا بۆ كورد لە داڕشتنی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی ئینتیقالی و پاشانیش لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، پڕۆفیسۆر ئۆلێری ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەگەر بە ویستی ئەمریكا بوایە هەرێمی كوردستان بوونی نەدەبوو، لەبەر ئەوەی ئەمریكییەكان دەیانوویست پارێزگاكان بكەنە بنەما بۆ فیدڕاڵیزم لە عێراقدا، لەمبارەوە گوتی: «چەند رەخنەیەك هەیە لە بارەی چۆنیەتی نووسینەوەی دەستوورەوە، كە پێموایە زۆربەیان، یان ئەوەتا هەڵەن، یاخود زیادەڕەوییان تێدا كراوە. لە ڕۆژنامەگەری ڕۆژئاوادا باس لەوە دەكرێت كە دەستوور لەلایەن كوردەوە سەپێندراوە، ئەمە راست نییە، لەبەر ئەوەی كورد یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراقی بۆ قۆناخی ئینتیقالی هەموار كرد، بۆ ئەوەی هەندێك مافی خۆیان لە یاساكەدا جێگە بكەنەوە. هەروەها لە نووسینەوەی دەستووری عێراقیشدا تا ڕاددەیەكی زۆر ئەو بەرژەوەندییانەیان پاراست كە پێشتر بەدەستیان هێنابوو، بەڵام ئەم پاراستن و بەرەوپێشبردنانە بە ڕەزامەندی و هاوكاری ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بوو لە عێراقدا، كە ئەو كات حزبی سەرەكیی شیعە بوو لە عێراقدا. هەروەها ئەو بیرۆكەیەی كە لە ڕۆژنامەكانی ڕۆژئاوادا باس دەكرێت، بەوەی ئەمریكا پشتیوانی كوردی كردووە لە نووسینەوەی یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی ئینتیقالی و نووسینەوەی دەستووردا، ئەوانیش دوورن لە راستییەوە. لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا ئەمریكا نەیدەویست هەرێمی كوردستان بوونی هەبێت، خۆ ئەگەر هەندێ دەستپێشخەرییەكانی سەرەتا سەریان بگرتایە و سەركەوتوو بوونایە، ئەوا كوردستان سێ پارێزگا دەبوو، واتە هەرێمێكی نەدەبوو. هەروەها باڵیۆزی ئەمریكا و تیمەكەی خۆشحاڵ نەبوون بە سەركەوتنی كورد لە پرسی سەرچاوە سروشتییەكاندا. كەواتە ئەوە ڕاست نییە كە ناوەڕۆكی دەستووری عێراق لە واشنتۆن نووسراوەتەوە و لەلایەن واشنتۆنەوە سەپێندراوە، ئەوەش ڕاست نییە بوترێت ناوەڕۆكی دەستووری عێراق بە شێوەیەك بوو كە لایەنگیری ئەمریكای تێدا بووە بۆ بەرژەوەندی كورد. هەروەك شتێكی دیكە بەردەوام بەرگوێمان دەكەوێت ئەوەیە كە دەستوور بە شێوەیەكی ئاشكرا لە دژی بەرژەوەندییەكانی سوننەكان نووسرایەوە و تەنها لمیان بۆ سوننەكان جێهێشت و شیعە و كورد بە شێوەیەك مەسەلەكەیان ڕێكخست كە سەرجەم سەرچاوە سەرەكییەكانی نەوت بكەوێتە ژێردەستی خۆیان، ئەمەش ڕاست نییە، چونكە سەرچاوەیەكی زۆری نەوت هەیە لەو ناوچانەی سوننەكان زاڵن بەسەریاندا. كێشەكە سەرەكییە -كە ئەم شیكردنەوەیە لەبەرچاوی ناگرێت- ئەوەیە سوننەكان خۆیان بە دەستی خۆیان لە پرۆسە دەستوورییەكە دوور كەوتنەوە، ئەوان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقدا نەكرد، بەڵام دواتر هەوڵ و كۆشش درا بۆ ئەوەی بەشدارییان پێ بكرێت لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووردا، كە باوەڕم وایە ئەو هەوڵانەش جددی بوون. دواتر گفتوگۆكارە سوننەكان بە شێوەیەكی ستراتیژی و مەبەستدار ڕەفتاریان كرد و ویستیان ئەوەندەی دەكرێت ماوەی پرۆسەكە درێژ بكەنەوە، چونكە ئەگەر وایان بكردایە، ئەوا بە گوێرەی ئەحكامەكانی یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی ئینتیقالی دەبوو دەستەیەكی دیكە دروست بكرێت بۆ نووسینەوەی دەستوور و ئەمجارەیان ئەوان ململانێیان دەكرد لە هەڵبژاردنەكەدا و بە هەمان شێوەی كوردستان، ئەوانیش ئەمجارە دەسەڵاتی ڤیتۆیان دەبوو. ئەوەی جێی سەرسوڕمان نەبوو، ئەوە بوو كە كورد و شیعەكان بە پەرۆش نەبوون ئەم دەرفەتەیان بدەنێ. كەواتە دەبێت ئەو پرسیارە بكرێت: ئایا دەستوورێكی تایەفەگەری بەسەریاندا سەپێندراوە؟ ئایا دەستووری عێراق ئەوەندە بەلای مەزهەبی شیعەدا دایشكاندووە- لەبەرامبەر مەزهەبی سوننەدا- كە بتوانین بڵێین پێكهاتەیەك سەپێندراوە بەسەر پێكهاتەیەكی دیكەدا. ئەگەر لە دەستووری عێراق بڕوانن، ئەوا زەحمەتە ئەم شیكردنەوەیە بەدەست بهێنن. هەروەها باس لەوە دەكرێت كە دەستوورەكە و پەسەندكردنی دەستوورەكە ئەوەندە بە پەرۆش و بە حەماسەوە لەلایەن كورد و شیعەكانەوە جێبەجێ كرا كە بووە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان عەرەبەكاندا. ئەمەش ناڕاستە، چونكە كاتێك دەستكرا بە نووسینەوەی دەستوور شەڕە ناوخۆییەكە لەئارادابوو، بە بۆچوونی من بەردەوامیش دەبوو بە چاوپۆشین لەوەش كە دەستوورەكە چ ناوەڕۆكێكی دەبوو. بۆ ئەوەی ئەمە بسەلمێت، دەبێت ئەوە بخەینەڕوو كە رەشنووسی دەستووری عێراق لە سەرەتادا بە ئەندازەیەكی گەورە و بە ڕوونی دژی سوننەكان بوو، بەڵام من و خالید ساڵحی هاوڕێم و هاوكارانی دیكەمان لە كاتی چەسپاندنی ڕێوشوێنەكاندا لەناو پرۆژەی دەستووردا و لە كاتی بنیادنانی دامەزراوە گشتییەكانیش بە گوێرەی دەستوور، گرنگییەكی تەواومان دا بەوەی سوننەكان بەرژەوەندییان هەبێت لە سیستمی سیاسی ئایندە لە وڵاتدا. ئەوەی وایكرد دووچاری دژواری بین لە نووسینەوەی دەستوورێكی باش لە هاوینی ساڵی 2005دا ئەوە بوو لەو كاتەدا شەڕی ناوخۆیی هەبوو، حزبی بەعس، فەرماندە و ئەفسەرەكانی پێشووی سوپای عێراقی هاندەدا بچنە ریزی یاخیبووان بۆ ئەوەی دژی ئەمریكا بجەنگن و رێگە نەدەن عێراق بەرەو دیموكراتی هەنگاو هەڵبگرێت، چونكە لە چاوی ئەوانە ئەگەر عێراق ببێتە دیموكراتی، شیعە باڵادەست دەبێت، بۆیە رێگرییان بۆ پرۆسەی دیموكراتی لە عێراقدا دروست دەكرد. من وەك راوێژكارێك گفتوگۆیەكی ناوخۆیی ڕاستەقینەی عێراقییەكانم بینی لە كاتێكدا عێراق وڵاتێكی داگیركرابوو.، ئەوەی من بینیم - كە پێموایە ئەمە راستی بوو - ئەوكات لە نێو شیعەكاندا قەناعەتێكی بەربڵاو هەبوو بەوەی بەم زووانە سوننەكان دەگەڕێنەوە و لە عێراقدا باڵادەست دەبنەوە، بۆیە دەیانویست بۆ مەودای دوور بەرژەوەندییەكانیان لەبەرامبەر دووبارە هەڵكشانەوەی دەسەڵاتی سوننە بپارێزن، لایەنی كوردیش هەمان تێڕوانینیان هەبوو، ئەوەش هەڵقوڵاوی ئەزموونێكی مێژوویی بوو. كورد قەناعەتی وابوو هەر جارێك بەغدا لاواز بووبێت ئەوا بەڵێنی پێداون و خۆی پابەند كردووە و كاتێك بەهێز بۆتەوە پاشگەز دەبێتەوە لێیان، لەبەر ئەوە ستراتیژیەتی ئەوان بریتی بوو لە پاراستنی ئەوەی بەدەستیان هێنابوو، واتە بەرفراوانكردنی دەسەڵاتیان بەو ئەندازەیەی مومكین بێت. لەبەر ئەوە كورد لە سایەی ئەو گریمانەیەدا كاریان دەكرد كە حكومەتی داهاتووی بەغدا پاشگەز دەبێت لە پابەندبوونە دەستوورییەكانی، هەروەك ئێستا دەبینین كە ئەو هەڵسەنگاندنانە چەند ژیرانە بوون.

هەڵسەنگاندنی دەستوورەكە
لە روانگەی جیاوازەوە

دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق لە 2005 لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژئاوا بە چوار میتۆد هەڵسەنگاندن و شیكردنەوە بۆ دەستووری عێراق كراوە، پڕۆفیسۆر ئۆلێری بەمجۆرە ئەمانەی خستەڕوو:
1- شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی یاسایی بۆ دەستوورەكە كە لەلایەن ڕاوێژكارە یاساییە ئەمریكییەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە لە عێراقدا كراون و وتارەكەیان لە Cornell international law journal بڵاوكرایەوە. لە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنەكەیاندا دوو ماددەی سەرەكی گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە، كە ماددەكانی 115 و 121ی دەستووری عێراق كە دەسەڵات بە هەرێمەكان دەدات بۆ ڕەتكردنەوەی یاسایەكی فیدڕاڵی، یان هەمواركردنەوەی بەو شێوەیەی بۆیان گونجاوە، هەروەها لە كاتی ناكۆكیدا باڵادەستییەكی یاسایی بە حكومەتی هەرێمەكان دەدات لە بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵیدا لەو پرسانەی دەكەونە دەرەوەی دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵییەوە، ئەمەش لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی لاوازكردنی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی لە پێوەندی بە سەرچاوە سروشتییەكانەوە، لەبەر ئەوەی دەستوور بە ئاشكرا وا داڕێژراوە كە دەسەڵاتی حەسری نەدات بە حكومەتی فیدڕاڵی لە بارەی سەرچاوە سروشتییەكانەوە. ئەگەر ئەم وتارەی ئەم دوو پارێزەرە ئەمریكییە بخوێننەوە- كە بەشێك بوون لە تیمە ڕاوێژكارییە یاساییەكەی ئەمریكا- ئەو تێگەیشتنەتان بۆ دروست دەبێت كە هەر دوو ماددەی 115 و 121 بەرئەنجامی هەوڵەكانی ساتەوەختی كۆتایی بوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمەكان، نەك ئەو ماددانە هەوڵێك بووبێتن بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی عێراق بكرێتە چەند هەرێمێكی فیدڕاڵی و بۆ ڕێگریكردن لە گەڕاندنەوەی دەسەڵات لە حكومەتی فیدڕاڵیدا.

2- ڕاڤەی دووەم بۆ دەستوورەكە تا ڕاددەیەك تەبا بوو لەگەڵ تێڕوانینی عەرەبە سوننەكاندا، ئەم بۆچوونە پێیوابوو هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی دەستوورەكە بریتی بووە لە دووبارە بە مەركەزیكردنەوەی عێراق، بە هاوكاری كورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە و ئەوانی دیكە وەك هاووڵاتییەكی یەكسان، دەستووری فەڕەنسیش كرابووە بناغەی ئەم جۆرە تێڕوانین و تەفسیرە. باشترین كتێبێك لەم بارەیەوە نووسرابێت، لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی ئەندرو ئاراتۆ -كەسێكی هەنگاری و خاوەن ڕابردوویەكی ماركسی- نووسراوە كە لە هاوینی ساڵی 2005 لە بەغدا بوو. پاساوەكەی ئەوە بوو كە دەستووری ئەوروپای رۆژهەڵات هۆكاری سەركەوتنی ئەو وڵاتانە بوو، ئەو دەستوورەش لە سایەی یەكڕەنگیی نەتەوەییدا نووسرابوو. یەكێك لە میراتییەكانی (هیتلەر و ستالین)یش داماڵینی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بوو لە هەمەڕەنگیی ئیتنی، لەبەر ئەوە گریمانەكەی ئەندرۆ ساویلكەییەكی قووڵی لە خۆدەگرت لەبارەی كۆمەڵگەی عێراقییەوە.

3- تێڕوانینی سێیەم لایەنگیری شیعەیە، كەسێك بە ناوی حەممودی كتێبێكی نووسیوە لەبارەی دەستووری عێراقەوە و كتێبەكەی لە كاتێكی زۆر نەگونجاودا بڵاوبۆوە. لە ساڵی 2013دا نووسی و لە ساڵی 2014دا بڵاوی كردەوە. ئەو لە پەڕەی یەكەمدا دەنووسێت: دەقاودەق ئەم كتێبەم بۆ ئەوە نووسیوە كە بیسەلمێنم چەندە دەستووری عێراق سەركەوتوو بووە. بڵاوبوونەوەی كتێبێكی لەم چەشنە لە ساتەوەختی ڕووخانی موسڵدا ڕووداوێكی چەند پڕ لە بەدبەختییە بۆ هەر نووسەرێك، پووچەڵبوونەوەی بۆچوونەكانی لەو رۆژەی كتێبەكەی بڵاو دەكرێتەوە ئیحراجییەكی گەورەیە. ئەو باس لەوە دەكات لەبەر ئەوەی لە دوای 2005ـەوە هەڵبژاردن كراوە و دامەزراوە بنیادنراون، ئەوا دەستوور سەركەوتوو بووە. هەروەها باس لەوە دەكات كە سەركەوتنی دەستوور لەوەدایە كە ئەو دەقانەی مشتومڕ هەڵگرن و ئەو دەقانەی دژوارن، جێبەجێ نەكراون. ئەمە تێڕوانینێكی دوولایەنەیە و ئەو پێیوایە لەبەر ئەوەی زۆرێك لە كاراكتەرە سیاسییەكان پەنایان نەبردۆتەبەر توندوتیژی دژی ڕژێمەكە، ئەوا ئەمە بە سەركەوتن دادەنرێت، هەروها لەبەر ئەوەی چەند بڕگەیەك جێبەجێ نەكراون، ئەوا ئەمە بە سەركەوتن دادەنرێت.

4- تێڕوانینی چوارەم لایەنگری كوردە. ئێمە دەبێت ئەو پرسیارە بكەین چۆن دەستوور سەركەوتوو دەبێت؟ ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە بكەین، ئەوا دوو وەڵامی سادە هەیە بۆ ئەو پرسیارە، یەكەمیان ئەوەیە دەستوور بە باشی داڕێژرابێت و بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرابێت، وەڵامی دووەم بۆ ئەو پرسیارە وەڵامێكی سیاسییە و ڕەنگە پتر مایەی قەناعەت پێهێنانیش بێت، ئەویش بریتییە لەوەی دەستوور لەو كاتەی نووسراوە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێز بووە لەو وڵاتە و بە سەركەوتووییش جێبەجێ كراوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەو هاوسەنگیی هێزە كە لە بنەڕەتدا بوونی هەبووە لە ئارادا ماوە و ئەگەری ئەوە هەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەر هاتوو لایەنە دۆڕاوەكانی پرۆسە دەستوورییەكە هەست بكەن، دەتوانن سوود لە دەستوورەكە وەربگرن و لە سایەی ئەحكامەكانیدا بژین، دەكرێت دەستوورەكە سەركەوتوو بێت.
بۆچی دەستووری عێراق

بەشێوەیەكی سەركەوتووانە جێبەجێ نەكرا؟

پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری لە دوای 10 ساڵ لە نووسینەوەی دەستوورەكە، هێشتا قەناعەتی بەوەیە ئەگەر لایەنە عێراقییەكان بیانەوێت سوود لە دەستوورەكە وەربگرن، دەتوانن كێشەكانی خۆیانی پێ چارەسەر بكەن، سەبارەت بەم لایەنەش ئەو پێیوایە دەكرێت سەیری چەندین نموونەی جیهانی بكەین و لەسەر عێراق جێبەجێی بكەین، لەمبارەوە دەڵێت: «ئەم شێوازە واقیعییانەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن دەستوور سەركەوتوو دەبێ. بەڵام با بێین ئەمانە بەسەر دەستووری عێراقدا جێبەجێ بكەین. ئەگەر لە ناكۆكییە سەرەكییەكان بڕوانین لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوورەكە، ناكۆكییە سەرەكییەكان بەمجۆرە بوون:
1. لایەنی كوردی و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، تیڕوانینێكی نامەركەزی ڕادیكاڵانەیان هەبوو و كوردستان وەك مۆدێلێك لێی دەڕوانرا، كە هەموو هەرێم و ناوچەكانی دیكە بە چەشنی هەرێمی كوردستان دەسەڵات و توانای هەبێت، لە سایەی ئەم هەلومەرجەدا كوردستان دەبووە هەرێمی گەورەتر بەهۆی ماددەی 140 و لە سایەی ئەم تێڕوانینەدا بۆ دەستوور، عێراق دەبوو لە سێ، یان پێنج، یاخود حەوت هەرێم پێكبهێندرێت، لەم حاڵەتەشدا هەرێمی كوردستان وەك حاڵەتێكی نۆڕماڵ سەیر دەكرا، نەك ئاوارتە.

2. بۆچوونی دووەم كە لە نێو ئەو شیعانەی خوازیاری مەكەزییەت بوون، لەگەڵ هاوشانە سوننەكانیاندا بۆچوونێكی زاڵ بوو، بریتی بوو لە (asymmetric federalism) واتە كوردستان وەك هەرێمێكی بچووك بمێنێتەوە و ئومێدیان ئەوە بوو كە لەوە زیاتر بەرفراوان نەبێت و باقی عێراق بە ئاستێكی گەورە بە مەركەزی بكرێت- بە بەراورد بە مۆدێلی یەكەم-. لەم تێڕوانینەدا كوردستان دەبێتە هەرێمێكی بچووكتر و نابێتە مۆدێلێك بۆ باقی عێراق. ئەوانەی خاوەنی ئەم تێڕوانینە بوون، خوازیاری ئەوە بوون كە بۆ سەرچاوەكان، كوردستان پشت بە حكومەتی بەغدا ببەستێت و حكومەتی فیدڕاڵی باڵادەست بێت بەسەر سەرچاوە سروشتییەكاندا و كۆنتڕۆڵیان بكات، بەو پێیە تێڕوانینی گرووپی یەكەم نەدەهاتەدی.

ئاشكرایە ئەم ناكۆكییە لە نێو عەرەبەكاندا و لە نێوان- ئەوانەی پێیانوابوو كوردستان مۆدێلێكە و ئەوانەی پێیانوابوو كوردستان حاڵەتێكی تایبەتە- بەلای ئەوەدا شكایەوە وەك حاڵەتێكی تایبەت لە كوردستان بڕواندرێت و دەست نەدرێتە بە هەرێمكردنی عێراق، ڕاستە حاڵەتی ئیستیسناش هەیە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەم تێڕوانینە لە نێو شیعەكاندا شكستی پێهێندراوە و تەنانەت لە نێو سوننەكانیشدا ئەوانەی لەگەڵ بە هەرێم بووندا بوون، تەوژمی زاڵ نین لە نێو سوننەكاندا، بەڵكو ئیستیسنان.

3. پرسێكی دیكە بریتییە لەو تێگەیشتنەی لە بارەی حكومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە لە نێو لایەنە سیاسییەكاندا. تێڕوانینی یەكەم كە لەلایەن ئەیاد عەللاوی سەرۆك وەزیرانی قۆناغی ئینیتقالی، هەروەها عەرەبە سوننەكان و ئەمریكییەكانیش باس دەكرا، ئەوە بوو حكومەتێكی فیدڕاڵی بەهێز هەبێت كە هەمووان لەخۆ بگرێت، بە سوننە و كورد و كەمینەكانی دیكەشەوە. بە پێچەوانەوە دیدگای حزبی دەعوە و شیعەكانی دیكە لەگەڵ بوونی حكومەتێكی زۆرینەی بەهێزدا بوون كە لە حكومەتی فیدڕاڵیدا بەرجەستە بێت و تەنها بەپێی پێویستی هەل و مەرجەكەش سازش بكرێت.

ئێمە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بینیمان كە ڕێگەیەكی ئاشكرا گیراوەتەبەر كە بریتی بووە لە هەوڵی دووبارە بە مەركەزیكردنەوەی عێراق لە سایەی سەرۆك وەزیرانێكی خۆسەپێندا كە لە سەردەمی مالیكی -دا گەیشتە ترۆپكی خۆی. بەڵام ئایا سەرچاوەی كێشەكە لە چۆنیەتی داڕشتنی دەستوورەكەدا بوو؟ باوەڕم وا نییە. راستە لە دەستوورەكەدا كەموكوڕی هەیە، بەڵام پێموایە مەسەلەی سەرەكی كە بووە هۆی لە ناوبردنی ئەگەری جێبەجێكردنی سەركەوتووانەی دەستووری عێراق بریتی بوو لە گۆڕانی هاوسەنگی هێز، حزبی دەعووە بووە هێزێكی هەڵكشاو لە نیو شیعەدا، نەك ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، واتە شەریكە دەستوورییەكەی كورد –كە لە كاتی گفتوگۆكاندا بۆیان دروست ببوو- لە نێو بلۆكی شیعەدا شكستی هێنا. پێموایە ئەمە بە شێوەیەكی بنەڕەتی هاوسەنگیی هێزی گۆڕی، هەر ئەمەش وایكرد ئەگەری جێبەجێكردنی مۆدێلی بە هەرێم كردن، كە تێیدا كوردستان تەواوی مافەكانی بەدەست بێنێت، كەمتر چاوەڕوانی هاتنەدی لێ بكرێت. ئەمە مەیلێكی شەڕانگێری نێو شیعە نەبوو، بەڵكو ئەوان لە نێو خۆیاندا لە ململانێدا بوون لە بارەی ئەوەی كە باشترین ڕێگەی وەڵامدانەوەی یاخیبووانی عەرەبی سوننە چییە؟ لەبارەی ئەوەی ئایا باشترە عەرەبە سوننەكان ئاوێتە بكرێن، یان نا؟ هەروەها هەمان مشتومڕیان هەبوو لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كوردیشدا. بە دڵنیاییەوە مەیلە زاڵەكەی نێو نوخبە سیاسییەكە بەخشندە نەبوو. كەواتە بە بۆچوونی من زیانی بنەڕەتی كە بە دەستوور گەیشتبێت، لە ئەنجامی شكستهێنانی هەوڵەكانی درێژەپێدانی هاوپەیمانێتی نێوان شیعە و كورد بووە كە بە ڕاستی بایەخیان بە بەفیدڕاڵیكردن دەدا. ئیستاش بە خێرایی ئاماژە بە شكستی بابەتییانەی دەستوورەكە دەكەم:
دەزانین دەستوور شكستی هێنا لە دروستكردنی هەرێمەكاندا هەروەك وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، یاساكە دەرچوو، بەڵام لە هیچ شوێنێك ڕێكارەكانی دروستكردنی ئەو هەرێمانە پیادە نەكرا.
ڕێز لە دەقە دەستوورییەكانی تایبەت بە سەرچاوە سروشتییەكان نەگیراوە.
دادگایەكی دەستووریمان نییە وەك ئەوەی لە دەستووردا وێنای كراوە، دادگایەك هەیە كە لە سەردەمی قۆناغی ئنیتقالی ماوەتەوە و شەرعیەتی نییە و جار بە جار داوای دەركردنی بڕیاری لێدەكرێت. ئەوەی گرنگە ئەمە ئەو دادگایە نییە كە لە دەستووردا باسی كراوە و دامەزراندنی ئەم دادگا باڵایەش پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە. هۆكارەكەش- هۆكاری بە مەرجگرتنی زۆرینەی دوو لەسەر سێ- ئەوەیە كە ئەو دادگایە لای سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق شەرعیەتی هەبێت. ئێمە دەزانین یاسای پێكهێنانی ئەنجومەنەكەی دیكە- یاسادانان- دەرنەكراوە، كەواتە ناكرێت بێ بوونی دادگای دەستووری و بێ بوونی ئەنجومەنی دووەمی یاسادانان فیدڕاڵییەتت هەبێت.

زۆربەی ئەحكامە سەرەكییەكانی پەیوەست بە مافەكان و بە دامەزراندنی دەستە سەربەخۆكانەوە فەرامۆش كراون بە هۆی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و پاساوی ئەمنی و دەستە سەربەخۆكانیش وەك بانكی مەركەزی و دەستەی نەزاهە، ئەمە لەلایەن مالیكیەوە بە جۆرێك كاریگەرییان خرایە سەر كە كاركردنیان بە چەشنێك بوو ڕێگری لە بە فیدڕاڵیزەكردنی عێراق دەكرد.

دواتر گۆڕانكاری لە سیستمی هەڵبژاردنەكاندا كرا، سەرەتا هەموو عێراق یەك بازنە بوو، كە ئەمەش ڕێگەیەكی گونجاو بوو بۆ نووسینەوەی دەستوور. دواتر گۆڕانكاری كرا و نوێنەرایەتییەكە لەسەر بنەمای پارێزگاكان بوو. لە سیستمی بازنەییدا كوردستان بەرزترین ڕێژەی دەنگدانی هەبوو، بەڵام دوای ئەو گۆڕانكارییە بە نزیكەی 20 كورسی پەرلەمانی لە دەست دا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی توانای كورد بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لاواز بێت و بەردەوامیش لاواز دەبێت بەهۆی ئەوەی گەشەی دانیشتووانی عەرەب زیاترە. كەواتە دەبێت گۆڕان لە سیستمی هەڵبژاردندا وەك بەشێك لە خراپبوونی ڕەوشەكە بەگشتی لە پێوەندی بە مافی كەمینەكانەوە لێی بڕواندرێت.
رەنگە باسی ئەوەتان كردبێت كە ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بكرایە، ئەوا زۆربەی كەركووك دەبووە بەشێك لە كوردستان، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەو هەمواركردنانە بكەم كە لە دەستووردا بواری پێدراوە و دەبووە هۆی خێرا چارەسەركردنی هەندێ پرس و زۆرێك لە نیگەرانییەكانی عەرەبە سوننەكانی دەڕەواندەوە، ئەگەر ئەنجام بدرانایە. واتە ئەو هەمواركردنانە كە لە لیژنەی دەستووری پەرلەمانی عێراق تێپەڕین- ئەگەر هاتوو جێبەجێ بكرانایە. دەبوونە هۆی لاوازكردنی دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران و دەبوونە هۆكاری ئەوەی كە وەزارەتەكان لەبەردەم وەزیرەكانی خۆیان بەرپرسیار بوونایە، نەك سەرۆك وەزیران. من هەموو ئەمانەم وت بێ ئەوەی ئاماژە بە دیكتاتۆریەتی مالیكی بكەم، دەمتوانی ئەم كارە بكەم، بەڵام پێویست بەوە ناكات، ئەوەی من خستمەڕوو وەسفكردنی بابەتییانەی شكستی دەستوور بوو».

كوردستان دوای 10 ساڵ
لە نووسینەوەی دەستووری عێراق

ئایا تاچەند گۆڕانكاری لە تێڕوانین و بیركردنەوەی نێوان 2005 و 2015 كەسێكی وەك ئۆلێری سەبارەت بە ئایندەی عێراق و كوردستان روویانداوە؟ لەم موحازەرەیەدا بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەراوردی كوردستان بكەین دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بە سەر نووسینەوەی دەستوورەكەدا، هەروەها ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ 10 ساڵ پێش ئێستا كە چۆن بیرم دەكردەوە و ئێستاش چۆن بیر دەكەمەوە. ئەوا دەڵێم:

لە ساڵی 2005دا لە زانكۆكانی ئەمریكا باسم لەوە دەكرد كە كوردستان توانیویەتی دانپێدانان بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەدەست بهێنێت و لە ڕاستیدا سەروەرییەتی ناوخۆیی تەواویان هەیە لە هەر شتێكدا كە پێوەندی بە سیاسەتی ناوخۆییەوە هەبێت. نەك تەنها خاوەندارێتیەكی حەسرییان هەیە، بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە سروشتییە ئیستیغلال نەكراوەكانیان، بەڵكو بەشی خۆیان لە سەرچاوە سروشتییەكانی عێراقیش هەیە.
توانییان پێشمەرگە بكەنە هێزێكی یاسایی- كە چاوەڕوان دەكرا یەكبخرێن و ئەوەش كێشەیەكی قووڵە-، بەڵام توانییان سەرنج و دانپێدانان بە پێشمەرگە بەدەست بێنن.

لە سایەی دەستوورەكەدا كە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی پیادە كرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كوردەكان لایەنێكی گرنگ بن لە پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵیدا، بەڵام ئایا پێشبینی مەترسیم كرد؟ بەڵێ. ئایا پێشبینی ئەوەم دەكرد بەغدا خۆی بدزێتەوە لە پابەندبوونەكانی كاتێك عێراقی عەرەب بەهێز دەبێتەوە دوای كشانەوەی ئەمریكا؟ دە ساڵ پێش ئێستا ئەو پرسیارەم كرد بۆچی كورد بایەخێكی زۆر نادەن بە پاراستنی هەرێمە فیدڕاڵییەكەیان لە ڕێی دابەشكردنی دەسەڵاتەوە لە گەڵ ناوەندا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە باس لە هەوڵەكانی كورد دەكەم بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە ماوەی گفتوگۆكانی ساڵی 2005دا، كە من وەك راوێژكارێكی كورد لەو كاتەدا ڕەخنەم لە خۆم هەیە و باس لە شكستی خۆم دەكەم – ئەمە ڕەخنەی كورەكان نییە لەمن، بەڵكو ڕەخنەی خۆمە لە خۆم-، لەو كاتەدا كوردستان دەرفەتێكی زۆر باشی هەبوو، هەرچەندە دەستكەوتیشی بەدەست هێنا، توانی كارێك بكات لایەنەكانی دیكەی عێراق دان بە شەرعیەتی قەوارەی كوردستاندا بنێن، بەڵام لە مەودای دووردا بیری لە دەسەڵاتی خۆی نەكردەوە لە مەركەزدا، لە بەشێكیدا لەبەرە ئەوەی كەسانێك هەبوون پێیانوابوو بۆ ماوەیەكی زۆر لەوێ نامێننەوە، ئیتر بۆچی خەمیان بێت، كەسانێكی دیكە هەمان هەڵەی ئەمریكییەكانیان دووبارە كردەوە لە ساتەوەختی نووسینی دەستووردا، دەیانوت مادام جەلال تاڵەبانی لێ بێت (مەبەستیان ئەوە نییە مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراقە) ئیتر بۆچی خەمی ئایندەی دوورمان بێت. ئەو كاتە ئەو كوردانەی لە سەرۆكایەتی عێراقدا بوون، دەیانتوانی ڕێگە لە ڕوودانی شتی نەخوازراو بگرن، بەڵام هەر یەكەیان لە بری پێكهاتەكەی كاری دەكرد و ئەوەش هەڵەیەكی ستراتیژی بوو، هۆی ڕوودانی ئەو هەڵە ستراتیژییەش هۆكاری حزبی بوو، لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان تەركیزی لە سەر پاراستنی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی كوردستان دەكردەوە، لە كاتێكدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەركیزی لەسەر مەودای نزیك بوو، لەسەر بەدەستهێنانی هەندێ دەسەڵات لە بەغدا، دەرئەنجامەكەش ئەوە بوو كە بەرژەوەندییەكانی كوردستان وەك پێویست لە مەركەزەوە پارێزگاری لێنەكرا. چۆن دەكرا ئەو بەرژەوەندییانە باشتر ڕێكبخرێتەوە و باشتر بپارێزرێن، ئەوا ئەمە پێوەندی بەو پرسەوە هەبوو كە هەر كەسێك سەرۆك وەزیران بوایە، زاڵ دەبوو بە سەر حكومەتەكەدا لە بەغدا، لەبەر ئەوە من هەموو ئۆباڵەكە ناخەمە ئەستۆی مالیكی، چونكە ئەگەری زاڵبوونی سەرۆك وەزیران بە سەر حكومەتدا لە دەقەكانی دەستووردا جێیان دەبێتەوە و بەشێكی بەرهەمی شكستی كوردەكانە لە گفتوگۆكاندا.
ئەگەرەكانی ئایندە

لە كۆتایی موحازەرەكەدا پڕۆفیسۆر ئۆلێری بەمجۆرە ئەگەرەكانی ئایندەی خستەڕوو:
1. ئەگەرێكیان ئەوەیە -كە ئەمریكاش خوازیارە ئەمە ڕووبدات- كوردستان ڕۆڵی هەبێت لە سەرخستن و سەقامگیركردن و جێبەجێكردنی دەستووردا.

2. ئەگەری دووەم سەربەخۆبوونی كوردستانە، لە ڕاستیدا دژوارییەكی زۆر هاوشانە بەم پرۆسەیە، چونكە بە بێ بوونی دانپێدانانێكی بەربڵاو ئەمە بێئەندازە كارێكی زەحمەتە، كەمتر لە دوو لەسەر سێی دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیعتیرافیان بە كۆسۆڤۆ كرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2008ـەوە سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. لەبەر ئەوە دەبێت كوردستان زۆر وریا بێت لەبارەی ئەو دژوارییانەی ئەگەری ئەوەیان هەیە هاوشان بە سەربەخۆیی ڕووبەڕووی ببنەوە.

3. ئەگەری سێیەم – كە بەلای منەوە حاڵەتێكی میسالی دەبێت ئەگەر ڕووبدات، بریتییە لە كۆنفیدڕاڵی كە لە ئەنجامی گفتوگۆوە بێتەئاراوە. هەروەك دەزانین لە كۆنفیدڕاڵیدا هەر قەوارەیەك خاوەن سەروەرییە و مافی سەربەخۆیی هەیە. نموونەی زیندوو بۆ ئەم شێوازە كە لە ماوەیەكی كورتدا گۆڕا بۆ سەربەخۆیی، سەربەخۆیی مۆنتینیگرۆیە لە سربیا، كە لە ساڵی 2003دا ئەم دەستوورە داڕێژرا و مۆنتینیگرۆ لە ساڵی 2006دا جیابۆوە، هۆكاری ئەوەی مۆنتینیگرۆ توانی جیا ببێتەوە و دانی پێدابنرێت، دەقاودەق لەبەر ئەوە بوو پێشوەختە گفتوگۆیەكی سەركەوتوو لە بارەی پێگەی كۆنفیدڕاڵییەوە كردبوو. كەواتە پێگەی كۆنفیدڕاڵی هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ كوردستان، بەڵام بەدەستهێنانی پێویستی بە شەریكێكی گفتوگۆكارە دەبێت، لە بەر ئەوەی ئەمە پێویستی بە جۆرێك لە ڕێككەوتننامە دەبێت.

كەواتە ئەو ئەگەرانە لە ئارادایە بۆ ئایندە، دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی لە ساڵی 2005دا هاتەئاراوە، كوردستانێكی سەربەخۆ، یان عێراقێكی كۆنفیدڕاڵی كە تێیدا كوردستان قەوارەیەكی خاوەن سەروەری بێت.
Top