دیالێكتی رزگاركردنی موسڵ ..ئایا پێشمەرگە بەشێكە لە پلانی سەربازیی رزگاركردنی موسڵ؟

دیالێكتی رزگاركردنی موسڵ ..ئایا پێشمەرگە بەشێكە لە پلانی سەربازیی رزگاركردنی موسڵ؟
ماوەیەكی زۆرە شاری (موسڵ)ـی دووەم گەورەشاری عێراق و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكە كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی تیرۆیستانی داعش، بێ ئەوەی حكومەتی عێراق و هاوپەیمانەكانی روونكردنەوە بدەن، واتا رێوشوێن یان پلانی سەربازی و رێكاریی ئەمنی بگرێتەبەر بۆ دەركردنی داعش لەو شوێنانە، جگە لە هەندێ لێدوانی میدیایی نەبێت، لە كاتێكدا داعش رێنمایی تازەی تایبەتی بە مانگی رەمەزان بۆ خەڵكەكە دەركردووە، وەك بڵێی ماوەیەكی زۆر لە موسڵ دەمێننەوە.
پسپۆڕ و بەرپرسانی سەربازی چاوەڕوان دەكەن كە بەم زووانە رێوشوێنی لەناكاوی بەدوادا بێت بۆ دەركردنی داعش لە موسڵ و بە یەكجاری رزگاركردنی شارەكە، بەڵام چۆن دەكرێ دوو ملیۆن هاووڵاتیی ئەو شارە بپارێزرێن و چۆن دەكرێ جیابكرێنەوە؟
راپۆرتی / گوڵان- موسڵ


موسڵ و كاتژمێری سفر
عەمید ئەبو وەلید لە هێزی حەشدی شەعبی ستراتیژییەتێكی ئاشكراكرد كە جێبەجێ دەكرێت و سوپرایزە بۆ داعش، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی كاتژمێری سفر دەكەین بۆ هێرشێكی بەربڵاو بۆ لەناوبردنیان بە بەشداریی عەشیرەتەكانی موسڵ و حەشدی شەعبی، لەلایەكی دیكەوە هیشام هاشمی شارەزا لە كاروباری گرووپە چەكدارەكان دەڵێت: هێزی پێشمەرگە نزیكە لە كاتژمێری سفرەوە كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رزگاركردنكردنی موسڵ لە ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش دیاریانكردووە.
حكومەتی عێراقیش ئاشكرای كردووە كە سەردانەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بۆ هەولێر و دیداری لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن بووە لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی موسڵ.
چەند سیناریۆیەك بۆ رزگاركردنی موسڵ
چەندین سیناریۆ بۆ رزگاركردنی موسڵ داڕێژراوە و یەكێك لەو سیناریۆیانە بریتییە لە چارەسەری سەربازی، بەڵام پێویستی بە كاتە، لەبەر ئەوەی سوپای عێراق لە ئێستادا ئەو ئامادەگییەی نییە، بەڵگەشمان ئەوەیە كە شەش مانگ بەس نەبوو بۆ ئەو سوپایە تا چەكداران لە شارێكی بچووكی وەك فەلوجە دەربكات، ئەی ئەو سوپایە چەند كاتی دەوێت تا بتوانێ چەكداران لە موسڵ دەربكات؟
سیناریۆیەكی دیكە بریتییە لە چارەسەریی سیاسی لە میانی گفتوگۆكردن لەگەڵ چەكدارانی عێراق و چەند سیاسەتوانانی سوننە، بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەندیان هەیە لەگەڵ هەندێ گرووپ لەوانەش پیاوانی رێبازی نەقشبەندی و جەیشی ئیسلامی و ئەنسارولئیسلام و حەماسی عێراق و ژمارەیەكی دیكەی گرووپی نهێنی.
سیناریۆی سێیەم بریتییە لە رێككەوتنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و عەرەبی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران و سعودیە دەگرێتەوە تاكو بە یەكەوە بە شێوەی راستەوخۆ داعش دەربكەن، ئەویش بە لێدانی گورزی سەربازیی ئاسمانیی ئەمریكا، یان بە وتووێژی نهێنی لەگەڵ داعش، كە ئەمەش ئەركێكی ئاسان نییە.
مەینەتیی موسڵ لە ماوەی 11 مانگدا
دوابەدوای داگیركردنی موسڵ لە حوزەیرانی 2014وە لەلایەن داعشەوە، دەروازەكانی ئەم شارە لە بەردەم هاووڵاتیانی شارەكە داخراون، نەكەس دەتوانێ بچێتە دەرەوە و نە كەسیش بۆی هەیە بێتە ژوورەوە، هاوسەنگییەكانی ژیان تێكچوون و كەشوهەوای ژیانی گشتیش گۆڕاوە، هەروەها ئاستی رێنماییەكانی ئایینیش هەر درێژەی هەیە، هاوكات سزای جەستەییش بەرەو ڕووی هاووڵاتیان دەبێتەوە، بەتایبەتیش لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ، ئەمە وێڕای سەدان سوپڕایزی دیكەی تیرۆریستی و تاوانكاریی كە لەم شارەدا بەرچاودەكەوێت. ئەو شارەی ساكارترین بنەماكانی ژیانی تێدا نییە لە سایەی ئەو رەوشە نالەبارە وەك نەبوونی كارەبای نیشتمانی و پشتبەستن بە بەشداریی مانگانەی موەلیدە ئەهلییەكان بە نرخی 7 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك و رێگەش نادرێت كەس لە 5 ئەمپێر زیاتری هەبێت كە رۆژانە ماوەی 9 كاتژمێر پێیان دەدرێت ئەویش لە كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆوە.
خەڵكی شارەكە بۆ چێشت لێنان و خۆشوشتن و شتی دیكە پشت بە نەوتی سووری دەبەستن كە نرخی 20 لیتر بە 25 هەزار دینارە و كوالیتییەكەشی زۆر خراپە و بۆنێكی ناخۆشی لێدێت كە كار لە كۆئەندامی هەناسە دەكات، ئەمەش وا دەخوازێت كە زۆربەی خێزانەكان لەبەر ئەوەی چەند مانگێكە غاز نییە لەسەر تەباخی بچووك چێشت لێدەنێن.
رێكخراوی تیرۆریستی داعش چەندین بڕیاری بۆ مانگی رەمەزان دەركردووە كە هێشتا 50 رۆژی ماوە، هەر لە هێشتنەوەی ریش و قەدەغەكردنی كردنەوەی سەرتاشخانەكان، وێڕای خوێندنی بەزۆریی لە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەكاندا، دوای لابردنی وانەكانی مێژوو و ئابووری و ئەدەب، هەروەها رێگەنەدان بە ئافرەتان بۆ چوونە بازاڕ لە مانگی رەمەزاندا، دواتریش گۆڕینی پشوو لە شەممەوە بۆ پێنج شەممە.
مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی داعش
چەكدارانی داعش بە شێوەیەكی زۆر فراوان بە پارێزگای موسڵدا بڵاوبوونەتەوە، بە گوێرەی دوا زانیارییەكان كە دەست گوڵان كەوتووە، هێزێكی زۆر لە شاری رەقەوە گەیشتۆتە موسڵ، لەترسی هەر شتێكی لەناكاودا، ئەو هێزانە بە نۆرە لەسەر دووڕیان و شەقام و فەرمانگەو كوچە و بازاڕەكاندا بڵاودەبنەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە بە چڕیی لە ماڵەكانی ناوەڕاستی شاردا دەمێننەوە و نایەنە دەرەوە، هاوكات لاوان ناچار دەكەن ئەوانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 18 ساڵی بچنە ریزەكانی داعشەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت هەر یەكەیان 500 هەزار دینار بدەن، هەروەها ناهێڵن كەس بێتە ناو شارەوە، یان بچێتە دەرەوە، تەنیا ئەگەر بۆ تیمارو چارەسەركردن بچنە شاری رەقەی سووریا، ئەویش دوای ئەوەی لێیان دڵنیا دەبن.
تەماعكاری داعش بۆ لاوانی موسڵ
رێكخراوی داعش رێگەیەكی بۆ هاندانی لاوان بەمەبەستی هاوسەرگیریی راگەیاندووە بە مەرجێ بێنە ریز ئەو رێكخراوەوە ئەوانەی كە تەمەنیان لەسەرووی 32 ساڵدایە، ئەوان ئاڵتوونەكانیان پێ دەدەن و بۆیان هەیە لەو كەلوپەلانەش ببەن كە لە ماڵەكانی مەسیحی و شەبەك و كوردو توركمان دەستیان كەوتووە، وێڕای مووچەی 500 هەزار دیناری مانگانە، بۆیە زۆر لەو لاوانە لەبەر ئەو تەماعانە بەگەڵیان دەكەون، بەڵام هەندێ كەس بە نهێنییەوە لە موسڵەوە و بەرێگەی جیاواز و سەختدا هەڵدێن، بەشەو دەردەچن و بە رێگەی جیاوازو دووردا دەڕۆن تا دەگەنە شاری دیكە، لەوانەش رێگەی شنگال لەسەر سنووری سووریا دواتر بۆ قائیم ئینجا ئەلنەخیل و لەوێشەوە بۆ كەربەلا، یان بەغدا، لەكاتێكدا بەهەموو شێوەیەك قسەكردن بە مۆبایل قەدەغەیە و سەرپێچیكاریش 30 جەڵدەی لێدەدرێ، ئەمەش بۆ ئەوەیە تا زانیاری لەسەر رەوشی موسڵ نەدەنە دەرەوە، كاتێك تۆڕیش لاوازدەبێت، خەڵكەكە ناچاردەبن لە سەر شوێنی بەرز، یان لە ئاقاری شارەكە پەیوەندی بكەن.
ئایا هەموو ئەوانەی لە موسڵن داعشن؟
غانم عابد كە شرۆڤەكارێكی سیاسیی خەڵكی موسڵە دەڵێت: زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لەم شارەدان، بۆیە نازانرێ رەوشی ئەوان چۆنە، ئایا زۆرینەیان بوونەتە داعش، دوای ئەو رەوشە خراپەی رۆژ لەدوای رۆژی شارەكە، كە كەلوپەلی خۆراك كەمی كردووە و كارەباش بەردەوام بڕاوە، هەروەها بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری نرخی سووتەمەنی و غازی چێشت لێنان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی چەك لە خەڵكەكە سەندراوەتەوە و سەرجەم جومگەكانی شارەكە كەوتوونەتە دەست داعش و ترس و تۆقینیان خستۆتە دڵ و دەروونی خەڵكەوە، ئەویش بەو هەڵسوكەوتە تاوانكارییە قێزەوەنانە، كاتێك هاتنە ناوشارەكەوە كەوتنە گیانی كارمەندانی سوپاو هاووڵاتیانی مەسیحی و شەبەك و كورد بە گشتی، ئەمە وێڕای كردەوەی دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەتان و حەڵاڵكردنی ئافرەتانیش بۆ خۆیان بە بێ هیچ مەرجێك.
ئایا پێشمەرگە لە سیناریۆی رزگاركردنی موسڵدایە؟
زۆر لە چاودێران و سیاسەتوانان پێیانوایە كە بوونی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ زۆر پێویستەو بەبێ ئەو هێزە مەحاڵە سەربگرێت، دوای ئەوەی بە تەواوی لە كردەوە سەربازییەكانی چەند مانگەی شەڕی دژ بە داعش ئەم ئازایەتییەیان سەلماند، بۆ ئەم مەبەستە ئەسیل نجێفی پارێزگاری نەینەوا داوای لە رۆڵەكانی موسڵ كرد هاوكاری بكەن بۆ دەربازبوون لەم مەینەتییە، هەروەها روونی كردەوە كە لەو باوەڕەدایە خەڵكی موسڵ توانای گۆڕینی ئەم واقیعەیان هەیەو لە رۆژانی دادێ ئەم گۆڕانكارییە روودەدات. هاوكات وتەبێژ بە ناوی حیراكی شەعبی عێراق رایگەیاند كە بوونی پێشمەرگە لە رزگاركردنی موسڵ زۆر پێویستە و بێ ئەوان ناكرێ.
شاری موسڵ كە ناوەندی پارێزگای نەینەوایە و دەكەوێتە سەر رووباری دیجلە دووەم گەورە شارە داوای بەغدای پایتەخت، ئێستا لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدایە، بۆتە خراپترین شاری عێراق، كە پێشتر ناوەندی گرنگی بازرگانی بوو لە عێراقدا، چونكە شارێكی نزیكە لە هەردوو دەوڵەتی توركیا و سووریاوە، ساڵانەش رێژەی بازرگانی لەم شارەدا دەگەیشتە ملیۆنەها دۆلار، بەڵام لە ساڵی 2014 وە تاكو ئێستا بۆتە مۆڵگەی تیرۆر و كاولكاری و نەخشەدانان بۆ ئەنجامدانی كردەوە تیرۆیستییەكان لەلایەن تیرۆیستانی داعش و چەندین گرووپی دیكەی چەكداری لە ژێر ناوی جیاجیادا.
Top