كوردستان ئارامگەیە بۆ ئاوارەكانی دەستی داعش و پێویستی بە كۆمەك و هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە
January 8, 2015
راپۆرتەکان
نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی كوردی ئێزیدی، شەبەك، كریستیان، توركمان و عەرەبی سوننە و شیعە لە هەرێمی كوردستانن كە %63ی لە پارێزگای دهۆك و 20%ی لە پارێزگای هەولێر و 16%ی لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێ كراون. هاوكات زیاتر لە 212 هەزار پەنابەری كوردی رۆژئاوای كوردستان پەنایان بۆ باشووری وڵاتەكەیان هێناوە، ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەنابەرانیش پێویستی بە كۆمەك و یارمەتی زیاتر هەیە. هەروەكو چۆن لە دوا راپۆرتی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی هاتووە: «كوردستان پەناگەیەكی لەبارە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لەدەست توندوتیژی و هەڕەشەكانی داعش ئاوارە بوون و دووچاری مەینەتی هاتوون، بەڵام ئەم ئارامگەیە پێویستی بەكۆمەك و هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە».
خاتوو جاكلین بادۆك جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی UN لە دواڕاپۆرتی رێكخراوەكەی هۆشداری دایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی ئەگەر بودجەیەكی پێویست بۆ پێداویستییەكانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەناهەندە دابین نەكرێت، كارەساتە مرۆییەكە فراوانتر دەبێت، بەتایبەتی دوای هاتنی وەرزی زستان و زیادبوونی ئاوارەو پەناهەندەو ئەگەرەكانی درێژبوونەوەی ئاوارەبوونیان، ئەمە جگە لەوەی لە 50%ی ئاوارەكان پێویستیان بەهاوكاری و چارەسەری پزیشكی هەیە و لە 25%یان لەناو بینایەی تەواونەكراو و هۆڵی ئایینی و شوێنە گشتییەكاندا دەژین.
لە سەردانێكماندا بۆ هەردوو كەمپی كەورگۆسك لە پارێزگای هەولێر و كەویڵان لە پارێزگای دهۆك كە ژمارەیەكی زۆری كوردانی رۆژئاوای تێدایە، ئەوان باسیان لە مەترسیەكانی شەڕ و هەڕەشەكانی داعش لە ناوچەكەدا كردو داوایان لە خێرخوازانی خەڵكی كوردستان كرد كۆمەك و هاوكارییان بكەن.
رۆهەڵات ئەحمەد خەڵكی (حەسەكە)یەو ئێستا لە كەمپی كەورگۆسكە كە 2350 خێزانی كوردی رۆژئاوای تێدایە، بەمشێوەیە باسی لە بارودۆخەكە كرد: «هەرێمی كوردستان بە خاك و نەتەوەی خۆمانی دەزانین، هەر بۆیە كاتێك شەڕ و ماڵوێرانی زۆری بۆ هێناین، روومان لەم مەنزڵگەیە كرد، بەڵام لێرەش بارودۆخی ژیانمان سەختە و ژیان لەناو چادرەكان زۆر ئاستەمە». ئەو هاونیشتمانییەی كوردی رۆژئاوا داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد رێگەچارەیەكی بەپەلە بۆ نیشتەجێبوونیان بدۆزێتەوە بەوەی كابینە، یا ژوورێكی بلۆكیان بۆ دروست بكەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەموو ئەگەرەكان باس لە درێژبوونەوەی ماوەی ئاوارەبوونیان دەكات. قسەكانی ئەم هاونیشتمانییە لەلایەن باوكی جەلال پشتڕاست كرایەوە و ئەویش گوتی: «لە رۆژئاوای كوردستان جگە لە مەترسییەكانی شەڕ، ئێستا هەڕەشەكانی داعش و عەرەبەكانیشی هاتۆتەسەر، گەر وابڕوات ژمارەیەكی زیاتری پەناخواز روو لە باشووری كوردستان دەكەن و بەم نزیكانەش ناتوانین بگەڕێینەوە شارەكانی خۆمان».
عەبدولعەزیز حەسەن وەك ئاوارەیەكی خەڵكی قامیشلۆ، سەرەتا سوپاسی حكومەتی كوردستان دەكات كە دەروازەكانی واڵاكردووە بۆ ئاوارەكان و پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كردووە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هاونیشتمانییانی باشووری كوردستانیش دڵسۆزانی هەوڵی ئەوەیان داوە هاوكارییان بكەن، هاوكات دەڵێت: «بەڕاستی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زۆرن و بە بێ پشتیوانی نێودەوڵەتی ناكرێ بارودۆخیان چاكتر بكرێت».
ژمارەیەكی زۆری خەڵكی (دێركێ) كە لە هەمان كەمپ نیشتەجێ كرابوون، داوای هاوكاری و كۆمەكی زیاتریان دەكرد، بەڵام رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی ئەوە دەكات كە بودجەیان نەماوە و زۆربەی كارەكانیان راگرتووە. ئەوەش بارگرانی زیاتر بۆ حكەمەتی كوردستان دروست دەكات.
ئەوەش لە حاڵێكدایە كە ژمارەیەكی زۆری كوردانی كۆبانێ بە هۆی شەڕ و هەڕەشەكانی داعش دەربەدەری وڵاتی توركیا بوون، بەڵام دوای بڕیاری واڵاكردنی سنوورەكان لەلایەن سەرۆك و بارزانی و پێشوازی گەرمی خەڵك وای لێكردن روو بكەنە هەرێمی كوردستان. هاووڵاتییانی كۆبانێ لە كەمپی كەورگۆسك وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ ئەو پێشوازییە، هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەشیان لە بەرگریكردن لە شارەكەیان بە وەرچەرخانێكی مێژوویی دانا.