كوردی ئێزدی و كریستیانەكان سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە شنگال و دەوروبەری بەگەڕانەوەی خاك و كەڕامەت دادەنێن

كوردی ئێزدی و كریستیانەكان سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە شنگال و دەوروبەری بەگەڕانەوەی خاك و كەڕامەت دادەنێن
ئێزدییەكان داوا لە سەرۆك بارزانی دەكەن ئەوانەی دەستیان لە قەتڵوعامكردنی كوردی ئێزدی هەبووە، بەسزای خۆیان بگەیەنێت

كریستیانەكان نوێژو نزا بۆ پاراستنی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە دەكەن

گوڵان- شێخان

دوای ئەوەی لەماوەیەكی زۆر كەمدا هێزی پێشمەرگە توانی گەمارۆی سەر چیای شنگال بشكێنێت و رەبیعەو زومارو سنوونێ و بەشی هەرە زۆری شاری شنگال لەدەست داعش رزگار كرا؛ كوردی ئێزدی بە ڕێزەوە دەڕواننە ئەو سەركەوتنانەو پێیان وایە ئەو دەستكەوتانەی لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە بەدیهات جوانترین، دیاریی بوو كە لە رۆژانی جەژنی ئێزدی لەلایەن سەرۆك بارزانی یەوە پێشكەشیان كرا، هەربۆیە ئێزدییەكان سوپاسگوزاری خۆیان ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە كرد. كریستیانەكانیش هاوشێوەی ئێزدییەكان دوای ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ستراتیژییەتی شەڕەكەی گۆڕی، چاوەڕوانن لە جەژنی كریسمس و هاتنی یادەكانی سەری ساڵی نوێ ناوچەكانی ئەوانیش لەدەشتی نەینەوا رزگاری بێت، ئەوان لە كەنیسەكان دوعاو نزا دەكەن و لە خودا دەپاڕێنەوە سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەكانی كوردستان بپارێزێت و خودا سەبووری بەكەسوكاری شەهیدانیش بدات.
تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای شێخان و پەرستگای لالشی كردوو لەنزیكەوە گوێبستی ئێزدییەكان بوون كە هەموویان خۆیانیان بە پێشمەرگە دادەناو سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەیان كرد كە لەسەر دەستی ئەوان زۆربەی زۆری ناوچەكانیان ئازاد كرا، زەینۆ ئیسماعیل ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵی خەڵكی شنگالە كە بەهۆی هێرشەكانی داعش و قەتڵوعامكردنی شنگالیەكان رووی لە شێخان كردووەو لەناو بینایەكی تەواو نەكراودا، خۆی و خێزانەكەی نیشتەجێن بەمشێوەیە باسی لەسەركەوتنەكانی پێشمەرگە كرد (سەركەوتنی پێشمەرگە بۆ ئێمە گەڕانەوەی كەرامەت و مافی ئێزدییەكان و سزادانی ئەو تاوانبارانەیە كە كچ و ئافرەتەكانیان ڕفاندوین، ئێمە بە رزگاركردنی شنگال و سنوونێ زۆر دڵخۆشین هەرچەندە بەهۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەوە نەمانتوانی شایی و جەژن بكەین، بەڵام لە ناخماندا بە هۆی ڕزگاركردنی ناوچەكانمانەوە، جەژنەكەمان بوو بە دوو جەژن)هەروەها سەبارەت بە قوربانیەكانی پێشمەرگەو هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ رزگاركردنی تەواویی ناوچەكانی ئێزدی خەلەف خێرۆ وتی (پاش دوو رۆژ لەرزگاركردنی شنگال خۆم پێ رانەگیراو چوومە چیای شنگال و مەزاری شەرەفەدین، لەنزیكەوە قارەمانێتی پێشمەرگەكانی كوردستانم بینی دەستی یەكە یەكەیان ماچ دەكەم، چوونی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ چیای شنگال و رزگاركردنی زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی ئێزدی مانایەكی زۆر گەورەی لەلای ئێمەی ئێزديی هەیە) ئەم هاووڵاتییە داوای لە سەرۆك بارزانی كرد بە هاوشێوەی نەبەردیەكانی ئازادكردنی دەڤەری شنگال، بەڕێزیان داوا لەو شێخە عەرەبانە بكات كە خەڵكەكانیان دەستیان لە قەتڵوعامكردنی كوردی ئێزدی هەبووە تاوەكو بێسەروشوێنەكانیان بۆ بگەڕێننەوە، سەبارەت بەقەتڵوعامكردنی ئێزدی و فڕاندنی كچەكانیان، كرێت بادۆ كە پیاوێكی كوردی ئێزدی بە تەمەنە، بەدەنگێكی بەرزەوە هاواری كردو وتی:(ئێمە هەموومان پێشمەرگەین و بە رزگاركردنی شنگال كەرامەتمان بۆ گەڕایەوەو داوا لە جەنابی بارزانی دەكەم لە فڕاندنی كچ و ژنە كوردە ئێزدییەكان و دەستدرێژیكردنە سەر نامووسمان خۆش نەبێت و ئەوانەی دەستیان لەم قەتڵوعامەكەدا هەبووە سزا بدرێن) ئەم هاووڵاتیە ئێزدییە ئەو زانیاریانەی پشتڕاست كردەوە كە باس لە فڕاندنی ژمارەیەكی زۆری كچ و ئافرەتانی ئێزدی دەكات لەلایەن چەكدارە توندڕەوە ئیسلامیەكانی عەرەبی سونەوە، لەم رووەوە وتی:( پێش ئەوەی لە شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان داعش بشكێت، ژمارەیەكی زۆری كچ و ئافرەت و منداڵی ئێزدی گواستراونەتەوە ناو شاری موسڵ و ناحیەكانی تەلعەفەرو شاری رەقەی سوریا، لەنزیكەوە هەواڵمان بەدەست گەیشتووە كە مامەڵەی زۆر خراپ و نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەكرێت، ئەوە ئەركی هۆزە عەرەبە سوننەكانە، كە كچ و ژن و منداڵە دیلەكانمان بۆ بگەڕێننەوە).
بەمشێوەیە ژمارەیەكی زۆری كوردی ئێزدی داوایان لەسەرۆك بارزانی كرد، هەروەكو چۆن شكاندنی داعشی لەدەڤەری شنگال بەدیاری بۆ هێنان، هەرواش داوا لەهۆزە عەرەبەكان بكات دیلەكانیان لەلای داعش ئازاد بكەن، هەروەها ئیسماعیل سلێمان و فەرمان حوسێن كە خەڵكی گوندی ئەلقەسفنە ئومێدیان خواست گوندەكەیانیش بەهاوشێوەی ناوچەكانی تر رزگار بكرێت و هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە دابنرێت.
لەمیانەی بەسەركردنەوەكەماندا لە شێخان و ناحیەی عەنكاوە سەردانی كریستیانەكانمان كرد، كە دوای داگیركردنی شاری موسڵ و ناوچەكانیان لەدەشتی نەینەوا روویان لەهەرێمی كوردستان كردووەو ژمارەیەكی زۆریان لە ناحیەی شێخان و عەنكاوە نیشتەجێبوون، ئەوان وێڕای دڵخۆشیيان بەسەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەخودا دەپاڕێنەوە ئەو سەركەوتنانە پيرۆز بكات و لەجەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و كریسمس و یادەكانی سەری ساڵی نوێدا، نوێژو دوعاشیان بۆ شەهیدان و قوربانیەكان كرد، لەم رووەوە خاتوو لەیلا كە كریستیانێكی خەڵكی موسڵە وتی( ئێمە زۆر دڵخۆشین بە تێكشكاندنی ئەو دڕندانە، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ئومێدكی بەخشییە تەواوی پێكهاتەی كریستیانەكان دوای ئەوەی جگە لەكوردستان لەتەواوی شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا لە لایەن گرووپە توندڕەوە تەكفیریەكانەوە دەربەدەر كراین) جۆرج وەردەش پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كردوو هیوای خواست مەینەتیەكانی كریستیانەكان و تەواوی ئایين و ئاینزاكانی عێراق كۆتایی بێ بهێنرێت، ئەو كریستیانە پاراستنی كریستیانەكانی لەلایەن سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەوە بەشانازییەكی گەورە وەسف كرد. ژمارەیەكی زۆری كریستیانەكانی ناو بینایەكی تەواونەكراو لەبەرامبەر كەنیسەی عەنكاوە كە بە گرنگیەوە دەیانڕوانیە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو لەدەستپێكی قسەكانیان داوایان لە ڤاتیكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سوپای عێراق كرد، هاوكاری پێشمەرگە بكەن تاوەكو بتوانێت بەهاوشێوەی شنگال ناحیەكانی باشیك و قەرەقۆش و تەلكێف و شاری موسڵ رزگار بكەن.
Top