دیاریی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی بۆ جەژنی رۆژووی ئێزیدییەكان رزگاركردنی شنگال
December 25, 2014
راپۆرتەکان
دوای ئەوەی داعش لە حوزەیرانی رابردوو گەورەترین شاری عێراقی داگیركرد، پاشان ئاراستەی پەلامارەكانیان بەرەو كوردستان گۆڕی، ئەمەش بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی كوردەكانی عێراق و هەروەها 22 ملێۆن كوردی دیكە لە ناوچەكە، سەرەتا بەهۆی كەمیی چەكی دەستی پێشمەرگە و زۆریی چەكی پێشكەوتوو بە دەست تیرۆریستانی داعشەوە، پێشمەرگە ناچار بوو هەندێ پاشەكشە بكات، بەڵام بارزانی فەرمانی دا (تا دواهەناسە و تا دوادڵۆپی خوێن شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەین).
لەئێستا و لەسەر ئەرزی واقیع لەگەڵ ئەوەی مسعود بارزانی سەرۆكی گەلێكی بێ دەوڵەتە، بەڵام لە پێگەیەكدایە بڕیار لە ئایندەی عێراق و هەروەها بڕیار لە ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات».
گۆڤاری تایم لە ناساندنی كەسایەتی ساڵدا
ئۆپەراسیۆنی هەڵكردنی ئاڵا
لە مەزاری شێخ شەرەفەدین
دەستنیشانكردنی رۆژی ئاڵای كوردستان بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی دەڤەری شنگال و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە مەزاری شێخ شەرەفەدین لە سنونێ و بناری چیای شنگال، تەنها سەركەوتنێكی سەربازی نییە، بەڵكو وانەیەكی دیكەی مێژووی نەتەوەكەمانە كە سبەی زارۆكانی ئێزیدی و موسڵمان لە یەك قوتابخانە پێكەوە دەیخوێنن و بەو وانەیە هەستی نیشتمانپەروەرییان زاخاو دەدرێتەوە، دەستنیشانكردنی رۆژی ئاڵای كوردستان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی كە هەموو جیهانی سەرسام كردووە و دڕندەترین تیرۆریستانی جیهانی بە چۆكدا هێناوە، پرسیارە گەورەكەی مسعود بارزانی رێبەری كوردستانە كە لێمان دەپرسێت ئێمە كێین؟ چۆن ناسنامەی خۆمان پیشانی جیهانی ئازاد بدەین؟ سەرۆك بارزانی كە خۆی لەسەنگەری پێشەوەی پێشمەرگە وەك نووسینەوەی مێژوو ئەم وەڵامەی لەگەڵ هاوسەنگەرەكانی بۆ جیهانی ئازاد دەنووسییەوە و پێی راگەیاندن: ئەو رۆژەی داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، من بە جیهانم راگەیاند تا دوادڵۆپی خوێن و دواهەناسە و تا رزگاركردنی هەر بستە خاكێكی كوردستان شەڕی سەرتاسەری لە دژی تیرۆریستانی داعش دەكەین). بارزانی لەم ئۆپەراسیۆنەدا كە خۆی سەرپەرشتی دەكات، سەركەوتنەكانی پێمان دەڵێت: بارزانی ئێستا پەیامێكی دیكە بۆ كورد و كوردستانییان و هەموو جیهان رادەگەیەنێت و دەڵێت: (دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی دەڤەری شنگال لە رۆژی ئاڵای كوردستان و گەیشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال لە 18-ی 12-ی 2014 مانای خۆی هەیە، با هەموو دوژمنان و ناحەزان بزانن ئەگەر جارێك بۆیان بڕەخسێت، كینی خۆیان بەرامبەر كورد و كوردستان دەربكەن، لە كۆتاییدا باجی تاوانەكانیان دەدەن و دەبێ تیرۆریستانی داعش ببنە پەند بۆ هەموو دوژمنان)، ئەمەی ناو كەوانەكە بەدەق پەراگرافێكە لە پەیامی بارزانی بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە ئاراستەی هەموو كوردستانییەك و هەموو جیهانی كردووە. با ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین ئەم پەیامەی بارزانی كە بە خوێنی هەموو تاكەكانی ئەم كوردستانە لە كوردی سوننە و شیعە و كاكەیی و شەبەك و ئێزدی و بە خوێنی كوردستانییانی كلدوئاشور و سریان و توركمان نووسراوەتەوە، چیمان پێدەڵێت؟ دیارە ئەم پەیامە بۆ كورد مانای ئەوەیە كوردبوون و بیری كوردایەتی لەسەرووی ئایین و مەزهەبەوەیە، ئاساییە ئایینمان جیاواز بێت، بەڵام یەك نەتەوەین ئەویش نەتەوەی كوردە، بۆیە لەیەك سەنگەردا و لە پشت سەرۆكەكەیانەوە، كوردی موسڵمانی شیعە و سوننە و شەبەك و كاكەیی و ئێزبدی، هەروەها كوردستانییانی كلدوئاشوری و سریان و توركمان و ئەرمەن هەموو خوێنیان تێكەڵ دەبێت و بەو خوێنە ناسنامەی گەلێك دەنووسنەوە كە گەلی كوردستانە و یەك ئامانج هەموویان كۆدەكاتەوە كە بەشێك بن لە جیهانی ئازاد و لە پرۆسەی بنیادنانەوەی كوردستاندا ئیرادەی ئەو گەلە پیشان بدەن لە پێناوی ئایندەی ئازادیدا ئامادەی ئەوەن كۆتایی مێژوو بخوڵقێنن.
ئەگەر لە چاوی جیهانەوە سەیری ئەم پەیامەی بارزانی بكەین، ئایا پێش ئەوەی ئێمە وەك كورد و كوردستانی پرسیاریان لێ بكەین، قسەكانیان كە دەبێتە سەردێڕی میدیاكانی جیهان چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە؟ دیارە پێش ئۆپەراسیۆنی هەڵكردنی ئاڵا و دوای سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەدی موسڵ و زوممار، ژەنەڕاڵەكانی پێنتاگۆن و ژەنەڕاڵەكانی 60 دەوڵەتی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، كوردستانیان ناو لێنا: «ئەسپەرتەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، ئەمەش وەك لە ئامۆژگای واشنتۆن بڵاوكراوەتەوە، واتە كوردستان وڵاتێكی بچووك، پێشمەرگە هێزێكی بە ژمارە كەم و چەكی ئاسایی، هەمان ئەفسانەی ئەسپارتەی دەوڵەتەشاری یۆنانیان دوای زیاتر لە 2000 ساڵ دووبارە كردەوە، بۆیە جیهان ناچارە لەبەر قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێز لە كوردستان بگرێت. گۆڤاری تایم لەسەر زاری كارل ڤیكی رۆژنامەنووسەوە كە باسی ئەفسانەی كەسایەتی سەرۆك مسعود بارزانی دەكات، ئاماژەی بەوە كردووە سەرۆك مسعود بارزانی، كوڕی (مستەفا بارزانی)یە، مستەفا بارزانی لە دوای ژەنەڕاڵ (سەڵاحەددینی ئەیووبی)یەوە لەسەدەی 12 بەناوبانگترین كەسایەتی كوردە لە جیهاندا، ئەوجا دێتە سەر پێناساندنی سەرۆك مسعود بارزانی و ئاماژە بەوە دەكات ئەو هێشتا تەمەنی 68 ساڵە، بەڵام هێشتا بەرخۆدانی مسعود بارزانی لە نووسینەوەی مێژووی نەتەوەكەی بەردەوامە، ئەم پێكەوە گرێدانەوەیەی گۆڤارێكی سیاسی و بەناوبانگی جیهانی چیمان پێدەڵێت؟ بە چەند خاڵێك وەڵامی دەدەینەوە:
1. بەكارهێنانی وشەی ژەنەڕاڵ بۆ سەڵاحەددینی ئەیووبی، لەبەر ئەوەیە بارزانی مستەفا سوپاسالار و ژەنەڕاڵ ی كۆماری كوردستان بووە و ژەنەڕاڵ بۆتە پێشگری ناوی مستەفا بارزانی و هەموو كات بە ژەنەڕاڵ بارزانی ناوی هاتووە. دیارە سەڵاحەددینی ئەیووبی، ئەویش وەك بارزانی مستەفا خۆی سەركردەی نێو شەڕەكان بووە.
2. ناساندنی سەرۆك مسعود بارزانی وەك كەسایەتی ساڵ و وەك كوڕی ژەنەڕاڵ بارزانی، مانای ئەوەیە لە دوای ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی بەناوبانگترین سەركردەی سەربازییە، كە نەك لە كوردستان بەڵكو شێوازی فەرماندەیی سەربازیی ئەم ژەنەڕاڵە هاوشێوەی سەڵاحەددینی ئەیووبی و بارزانی مستەفا، سنووری وڵاتەكەی خۆی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێپەڕاندووە و هەموو جیهانی سەرسامكردووە، ئەمە بەراوردكردنی سەركەوتنەكانی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی یە، بە سەركەوتنەكانی سەڵاحەددینی ئەیووبی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها سەركەوتنەكانی بارزانی مستەفا بە پەڕینەوەی لە ئاراس و هەژاندنی هەموو جیهان.
3. گرێدانەوەی ناوی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی، بە ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و ژەنەڕاڵ سەڵاحەددینی ئەیووبی، پیشاندانی روویەكی دیكەی ژەنەڕاڵ (مسعود بارزانی)یە، لەبەر ئەوەی ژەنەڕاڵ سەڵاحەددینی ئەیووبی و ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، توانییان نەتەوەكەیان یەكبخەن و سنوورەكان بسڕنەوە، ئێستا ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی ئەمەشی كردووە و پێشمەرگەی هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردستانییانی هەر چوار پارچەی لەیەك سەنگەردا و بەرامبەر دوژمنێكی هاوبەش كۆكردۆتەوە. هەروەك چۆن لەساڵی 2010 كاتێك پڕۆفیسۆر كینس پۆلاك لە ئامۆژگای برۆكینگز ویستی مسعود بارزانی بە ئامادەبووانی كۆڕەكەی بناسێنێت گوتی: نازانم چۆن ئەم كەسایەتییەتان پێ بناسێنم، ئەو پێشمەرگەیە، بەڵام ئەم پێشمەرگەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك پاریس وایە بۆ فەرەنسا و هەموو رێگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچنەوە لای بارزانی، هەر بۆیە ئەوەی گۆڤاری تایمیش بۆ ئەوەیە كە خوێنەرانی وەك خۆی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی بناسن.
4. هەر لەم ناساندنەدا گۆڤارەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی كە تەمەنی 68 ساڵە، هێشتا مێژوو دەنووسێتەوە، ئەم مێژووە لەسەر پاشخانی چی دەنووسێتەوە؟ بێگومان گۆڤارەكە خۆی ئاماژەی پێكردووە، ئەویش 60 ساڵ خەباتی (ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی)ـە، ئەو خەباتەش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، بۆیە گۆڤارەكە راشكاوانە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی هێشتا ئەم ئومێدەی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لەسەر دەستی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی نەهاتۆتەدی و سەرۆكی گەلێكی بێ دەوڵەتە، بەڵام ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی لە پێگەیەكدایە بڕیار لەسەر ئایندەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. دیارە گۆڤاری تایم ئاگاداری ئەو كتێبە رۆژنامەنووسییانەیە كە كاتی خۆی لە بارەی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی نووسراون و باس لەوە كراوە كە هەموو كات ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی كاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی جیهانی سێهەمیش هەبووە. گۆڤارەكە لەسەرەتای ئەم مانگە ئاماژەی بە بەردەوامیی نووسینەوەی مێژووی لەلایەن ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی داوە و تەنها دوو هەفتە دوای ئەم ناساندنە، ژەنەڕاڵ بارزانی گەورەترین سەركەوتنی لە دەڤەری شنگال تۆمار كردو چاوی داعشی بۆ هەموو جیهان شكاند.
5. ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی، هەموو كات ناوی پێشمەرگەی لە پۆستی سەرۆكی كوردستان لا گەورەتر بووە، نووسەری ئەم دێڕانە لە رۆژی 13/7/2014 لە دیمانەیەكی تایبەتی (گوڵان)دا لە جەنابیانم پرسی: بۆچی ئەوەندە ناوی پێشمەرگە و جلی پێشمەرگەت لا پیرۆزە و هەموو كات بە جلی پێشمەرگانەوە دەتبینین؟ لە وەڵامی گوڵاندا سەرۆكی كوردستان گوتی: «پێموایە جلی پێشمەرگە زۆر زۆر پیرۆزە، من شانازی پێوە دەكەم، لەبەر ئەوەی جلی پێشمەرگەیە، هەروەها سەربەرزیشم كە بەو جلانەوە چوومەتە كۆشكی سپی و چوومەتە كۆشكی كۆماری توركیا، ئەمەش لەسەردەمی خوالێخۆشبوو (توركۆت ئۆزاڵ)دا، بۆیە ئەم جلانە لەبەردەكەم، لەبەر ئەوەی تا دەشمرم من هەر خۆم بە پێشمەرگە دەزانم»، ئەم وەڵامەی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی لێرەدا كۆتایی نایەت، چونكە دوای ئەو دیمانەیە و لەسەردەمی سەرۆك وەزیران رەجەب تەیب ئەردۆگاندا، سەرۆك بارزانی چووە شاری ئامەد و لەناو شاری ئامەد و لەگەڵ سەرۆك وەزیران ئەردۆغان، هونەرمەندی گەورەی كورد شڤان پەروەر گۆرانی (واهاتن پێشمەرگێت مە)ی چڕی و لەو كۆبوونەوەیەشی كە سەرۆك بارزانی لەگەڵ شارەوانی ئامەد گرێیدا بۆ یەكەمجار لە مێژوودا ئاڵای كوردستان هەڵواسرا، هەر بۆیە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەد وانەیەكی مێژوویی بوو بۆ كوردانی باكوور و كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان و بارزانی بە جیهانی راگەیاند لە هەر بستە خاكێكی كوردستان ئاڵای كوردستان هەڵدەكەین، بەڵام لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ ئەوانەی بڕوایان بە ئاشتی و پێكەوەژیان هەیە، ئەوا ئێمەش بە شێوەیەكی ئاشتییانە و پێكەوەژیانمان دەوێت.
وەرچەرخانی بارودۆخی سەخت و ئاڵۆز
بۆ بەرژەوەندی كوردستان
ژمارەیان زۆر كەمە ئەو سەركردانەی كە دەتوانن لە بارودۆخی سەختی نەتەوەدا، بارودۆخە سەخت و ئاڵۆزەكە بۆ بەرژەوەندی وڵات و نەتەوەكەیان رێكبخەنەوە، لەم بارەوە ئەگەر لە مێژووی نەتەوەكانی جیهانەوە سەیر بكەین، دەبینین ئەو سەركردانەی توانیویانە لە بارودۆخی شەڕدا ئەم هاوكێشەیە بگۆڕن، ژمارەیان زۆر كەمن، دەكرێت لە مێژووی دامەزراندنی كۆماری ئەمریكا ئاماژە بە ژەنەڕاڵ جۆرج واشنتۆن بكەین، لە مێژووی كۆماری فەرەنسادا ئاماژە بە ژەنەڕاڵ شارڵ دیگۆل بكەین، بۆ بەشداری ئەمریكاش لە شەڕی دووەمی جیهانیدا دەكرێت ئاماژە بە دبلۆماتیەتی چەرچل و ئازایەتی رۆزفەلت بكەین، لە نەهێشتی سیستمی كۆیلەیەتیشدا دەكرێت ئاماژە بە ئەبراهام لنكۆلن بكەین، دیارە ئەم سەركردانە كە هەریەكەیان لەناو بەرەكانی شەڕدا خۆیان سەرباز و ژەنەڕاڵ بوون، شەڕیان بەسەردا سەپێندراوە و لە پێناوی ئازادی و بۆ دامەزراندنی كۆماری ئازاد مێژوویان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان وەرچەرخاندووە، ئەگەرنا سەركردەی دیكەش هەبوون بۆ هەمان مەبەست خۆیان لە بەرەكانی شەڕدا بەشدار بوون، بەڵام هەوڵەكانیان بۆ دامەزراندنی كۆمارێك نەبووە لەسەر بنەماكانی ئازادی، هەر بۆ نموونە: هۆشی مینە توانای ڤێتنامی باكوور لە دەستی فەرەنسییەكان رزگار بكات و ڤێتنامی باشووریش لە ئەمریكا وەربگرێتەوە و هەردوو ڤێتنامیش بكاتەوە بە یەك، بەڵام هۆشی مینە لە پرۆسەی بنیادنانەوەی نەتەوەی ڤێتنامدا سەركەتوو نەبوو، هەروەها كیم ئیل سۆنگ لە كۆریای باكوور توانی گەورەترین شەڕ بكات، بەڵام وڵاتەكەی دابەشكرا و پاشانیش ئەو كۆمارەی ئێستا دەیبینین (كۆریای باكوور) هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان.
هەر بۆیە كاتێك باسی مێژووی هاوچەرخی كوردستان دەكرێت، لە دوای مێژووە ئیسلامییەكەی سەڵاحەدینی ئەیووبی، جیهان لەسەر ئاستی سیاسی باسی مێژووی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دەكات و لە دەستپێكی شۆڕشەكانی بارزان و دواتریش شۆڕشی ئەیلوولەوە ناسنامەی كورد و كوردستان لەسەر ئاستی سیاسی و دبلۆماتی دەخوێننەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە پێشتر رۆژئاوا بایەخی بە مێژوو و كەلتووری كورد و كوردستان نەداوە، نەخێر، رۆژهەڵاتناسەكان دەیان كتێبیان لە سەر كورد و مێژووی كورد نووسیوە، بەڵام توێژینەوەی رۆژهەڵاتناسەكان لەسەر كورد و كوردستان وەك ئیدوارد سەعید دەڵێت بۆ ئەوە نەبووە هۆشیار بینەوە و بەرەو ئازادی هەنگاو هەڵبگرین و خەبات بكەین، بەڵكو بۆ ئەوە بووە چۆن داگیرمان بكەن، راشكاوانەتر هاتوون توێژینەوەیان لەسەر كردووین بۆ ئەوەی بزانن خاڵە لاوازەكانمان چین و چۆن دەستەمۆ دەكرێین، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی بارزان و پاشان چوونی بارزانی نەمر و پێشمەرگەكانی بۆ كۆماری كوردستان و دواتر پەڕینەوە لە ئاراس و لە ساڵی 1961 هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، شێوازی نووسین لەسەر مێژووی كورد و كوردستان بوو بە شێوازی رێزگرتن لە ئیرادەی نەتەوەیەك كە بۆ ئازادی تێدەكۆشێت. بۆیە كە دەڵێین مێژووی ناسنامەی سیاسی كورد و كوردستان لەگەڵ دەركەوتنی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دەست پێدەكات، مەبەست ئەوە نییە ئێمە پێشتر ناسنامەی سیاسیمان نەبووە، نەخێر، مەبەست ئەوەیە لە چاوی رۆژئاوا نەمانبووە، هەروەك چۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئەگەر ژەنەڕاڵ دیگۆل نەبوایە، ناسنامەی نەتەوەیی نەتەوەی فەرەنسا ئەم شكۆیەی ئێستای نەدەبوو، ئەگەر هاوپەیمانان بە تەنها پاریسیان ئازاد بكردایە، كۆماری ئازادی ئەمریكا نەدەبوو، ئەگەر ژەنەڕاڵ جۆرج واشنتۆن بڕیاری شۆڕشی نەدابایە، لە جەنگی جیهانی دووهەمدا چیدی بەریتانیای مەزن شكۆی مەزنایەتی نەدەما، ئەگەر چەرچل رۆزفەلەتی بە مەترسییەكانی هیتلەر ئیقناع نەكردایە، بێگومان ئەگەر (ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی)یش نەبوایە ئێستا هەرێمی كوردستان بوونی نەدەبوو (لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی رێككەوتنی ساڵی 1970یە و ژەنەڕاڵ بارزانی ئیعترافی كوردی لە عێراقدا كردە دیكۆمێنتێكی یاسایی)، تەنانەت بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشیش لەسەر بنەمای تێگەیشتنی حكومەتی بەعس بۆ رێككەوتنی ئادار (واتە 1974 نەك 1970) دەركراوە، كە ئێمە بڕوامان بە تێگەیشتنی بەعس بۆ رێككەوتنی ئادار نییە و شەڕ لەسەر ئەوە هەڵگیرسایەوە لەبەر ئەوەی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بڕوای بە تەفسیری 1974ی بەعس بۆ رێككەوتنی ئادار نەبوو.
ئەم باكگراوەندە بۆ ئەوە بوو بارودۆخەكە وەك خۆیان بخەینەڕوو و ئامانجی ئەم نووسینە لە بەراوردكاری شەڕدا بچووك نەكرێتەوە، بەڵكو ئامانجی ئەم نووسینە بۆ بەراوركردنی مێژووی نەتەوەكانە بۆ گەیشتن بە ئازادی.
ئەم شەڕەی داعش باشترین نموونەیە بۆ تێڕوانینی جیهان بۆ ئەو سەركردانەی لە پێناوی ئایندەی ئازادیی نەتەوەكانیان خەبات دەكەن، لەدوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە پاشان داگیركردنی تكریت و بەشێكی فراوانی دیالە و ئەنبار، ئەمریكا و هاوپەیمانان نەیانتوانی هاوكاری حكومەتی عێراق بكەن بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، بەڵام كە لە 2ی ئاب، سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی سەرتاسەری دژی داعش راگەیاند، لەماوەی كەمتر لە 100 سەعاتدا بڕیاریان دا هاوكاری كوردستان بكەن و هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئامادەییان دەربڕی بۆ ئەوەی هاوكاری سەرۆكی كوردستان بكەن، كە خۆی بەشەخسی وەك پێشمەرگەیەك و ژەنەڕاڵێكی پێشمەرگە بڕیاری راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش دابوو، زۆر لەوانەی خۆیان بە چاودێر و شرۆڤەوانی سیاسی لە قەڵەم دەدەن، هۆكاری زوو بەتەنگەوەهاتنی جیهان بۆ كوردستان بەوە گرێیان دەدایەوە، كە مەسەلەكە پاراستنی كێڵگەكانی نەوتە لە كوردستان، یان پاراستنی دبلۆماتەكانیانە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەم پرسە كەم و زۆر پەیوەندی بەوەوە نەبووە، لەبەر ئەوەی:
1. ئەو نەوتەی لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەیە زۆر لەو نەوتە زۆرترە كە لە كوردستان هەیە، لەو كاتەی ئەمریكا و هاپەیمانان بڕیاری هاوكاریكردنی كوردستانیان دا، كوردستان رۆژانە توانای هەناردەكردنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەبوو، لەبەرامبەردا عێراق توانای نزیكەی 2.4 ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێكدا هەبوو.
2. ئەگەر لە كوردستان ژمارەیەك لە دبلۆماتی ئەمریكی و ژمارەیەك راوێژكاری مەدەنی هەبن، ئەوا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەیە لە جیهاندا و نزیكەی 40 هەزار سەرباز و راوێژكاری سەربازی و مەدەنی ئەمریكا لە بەغدا بوون.
3. خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەو مەترسییەی كەوتە سەر شارەكانی دیكەی عێراق بەتایبەتی بەغدا، زۆر گەورەتر بوو لەو مەترسییەی كەوتە سەر هەولێر، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو لە عێراقدا سوپا لەبەریەك هەڵوەشا، بەڵام پێشمەرگە تەنها كەموكورتی لە چەك و شێوازی نوێی ئەم شەڕە هەبوو.
4. ئەمریكا بڕی 25 ملیار دۆلاری لە بنیادنانەوەی سوپای عێراق خەرج كردبوو، تەنها 92 ملیۆن دۆلار لە ماوەی 8 ساڵدا كۆمەكی پێشمەرگەی كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە عێراق و یەكپارچەیی عێراق لای ئەمریكا چەند گرنگ بووە.
لەبەر رۆشنایی ئەم خاڵانە و بە هەموو حسابێك دەبوو ئەمریكا زووتر لەسەر بەغدا بێتەدەنگ نەك هەولێر، بەڵام هەموو جیهان تووشی شۆك بوو كە باراك ئۆباما توانی بۆ هاریكاری پێشمەرگە بڕیار بدات، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، ئۆباما گەیشتبووە قەناعەت كە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی دوورگەیەكی ئازادییە لە نێو ئۆقیانووسێك ئاژاوەدا، بۆیە ئەگەر ئەم دوورگە ئازادە تێكبچێت، ئەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نامێنێت.
گرنگیی سەرۆك مسعود بارزانی لە وەرچەرخانی ئەم هاوكێشە ئاڵۆزە ئەوە بوو، ئەو چاوەڕێی ئەوەی نەكرد كە جیهان هاوكاری كوردستان دەكەن یان نە، بەڵكو پێش ئەوەی جیهان بڕیار بدات، سەرۆك بارزانی وەك پێشمەرگە بڕیاری ( كوردستان، یان نەمان)ـی دا و، وەك ژەنەڕاڵێكی سەربازی پلانی بۆ بە تاڵكردنەوەی ئەفسانەی داعش داڕشت و پیشانیدا ئەفسانەی ئەوەی كە تیرۆریستانی داعش تێكناشكێندرێن، ئەوا هێزی پێشمەرگە دەتوانێت تێكیان بشكێنێت، ئەم پێچەوانە كردنەوەیەش لە رزگاركردنی قەزای مەخموورەوە دەستی پێكرد كە سەرۆك بارزانی خۆی بەشەخسی سەرپەرشتی دەكرد، ئەم سەركەوتنەی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی بۆ داڕشتنی ئەو پلانە سەربازییە دەگەڕێتەوە كەلە ماوەی كەمتر لە 100 سەعات و پێش ئەوەی فڕۆكەی هاوپەیمانان دەست بە هێرشەكانیان بكەن، شاری مەخمووری ئازاد كرد و مەترسی لەسەر پایتەخت دوور كردەوە، ئەمە وانەیەكە دەبێت بۆ شەڕی هاوچەرخ لەگەڵ تیرۆریستان لە هەموو ئەكادیمییە سەربازییەكانی جیهان بخوێندرێت و ئاماژەی پێبكرێت، لەبەر ئەوەی لە دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەری 2001، ئەمە یەكەمجارە لە مێژووی شەڕی تیرۆریستانی قاعیدە، داعش، بۆكۆ حەرام، شەباب. بەمجۆرە تیرۆریستان تێكبشكێندرێت.
ئەم سەركەوتنە كە دواتر سەركەوتنەكانی سەدی موسڵ و زومماری بەدوای خۆیدا هێنا، سەرلەبەری ستراتیژیەتی شەڕی دژی داعشی گۆڕی، ئەمڕۆش كە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی وەك پێشمەرگە و ژەنەڕاڵێكی سەربازی خۆی سەرپەرشتی شەڕەكە دەكات، پێشمەرگە بە ئاڵای كوردستانەوە دەچێتە ناو شنگال و ئەمەش مانای ئەوەیە سەرۆك مسعود بارزانی وەك پێشمەرگە و ژەنەڕاڵێكی سەربازیی جیهانییە كە گەورەترین گرێی ئاڵۆسكاوی لە شەڕ دژی تیرۆر بۆ هەموو جیهانی ئازاد كردەوە و، هەموو جیهان دەبێت لەسەر مۆدیلی پێشمەرگە و لە چوارچێوەی پلانی سەربازیی ژەنەڕاڵ مسعود بارزانی ستراتیژیەتی دژەتیرۆر دابڕێژێتەوە.