هەوڵە بێهودەكان بۆ دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵی لە باشووری عیراقدا

هەوڵە بێهودەكان بۆ دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵی لە باشووری عیراقدا
بەغدا بۆ شارێكی پڕ لە وەهم و دڵەڕاوكێ و زێدەڕۆیی وەرچەرخاوە

شەقامە كەلەپووریەكانی بەغدا كە جاران تژی بوون بە هونەرو ئەدەب و كەلەپوور ئێستا بوونەتە دوكان بۆ كەڵەكردنی كەلوپەل

هەر كاتێك كەسێكی داماو هیوای بە هیچ شتێ نامێنێت، ئیتر بە نزمترین ئاستەكانی ژیان ڕازی دەبێت، ئەمە گوزارشتێك نییە لە بڕواو قەناعەت و ڕازی بوون بە بەشی خۆ، بەڵكو ئەمە لە ناخەوە مەرگی پارچەیەك ڕۆحی مرۆڤایەتیە، ئەمە ئەو بارە سەختەیە كە زۆربەی هاووڵاتیانی نیشتمانێكی وەك عیراقی تێدا گیرۆدەیە نیشتمانێك كە خاوەن بیری نەوت و سامانی سروشتی و خێروبەرەكەتی خواوەندە، ئێستا ڕوانین بەلای هاووڵاتیەكانیەوە شەوكوێرانەیە، یان ڕوونتر بڵێم ڕوانینێكی سادەوساكارانەیە، لە ژیانێكدان هیچیان بەر ناكەوێت، كاتێك خەڵكی شارەكانی بەسڕەو كوت داخوازی دروستكردنی هەرێمیان هەیە، ئەوە تەنیا لە پێناوی باشتر بوونی بارودۆخی بژێوییان و سەقامگیربوونی ئاسایشی ناوچەكانیانە، نەك بۆ شتی تر.
كاتێ ئەو هەموو زبڵ و پیساییانەی ناو شاری بەغدای پایتەختت چاو پێدەكەوێت، لە بەرانبەریشدا داڕمانی ئەدەب و هونەرو ڕۆشنبیری دەبینیت، ئیتر ئەوە بەسە تا پایتەختێك لە یاد بكەین كە لە مێژوودا ناوی دارولسەلام بووە، ئێستا خەڵكەكەی وێڵگەردی دەرفەتێكن تا بژین و رۆحی مرۆڤایەتیان بۆ بگەڕێتەوە.
هەرێمەكان و بیرۆكەی بە هەرێمبوون لە عیراقدا
هەر لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ستەمكار لە ساڵی 2003 بە دواوە، ئیتر زۆر لە پارێزگاكانی عیراق كەڵكەڵەی بیرۆكەی بەهەرێمكردن كەوتە سەریان، تا وەك مۆدێلە ئەكتیڤ و زیندووەكەی هەرێمی كوردستانی عیراق، ئەوانیش ببنە هەرێمێكی سەربەخۆ، بەڵام زۆربەی داخوازییەكانی بە هەرێمكردن كاردانەوەیان نەبووە، نەبیستران و گوێیان لێ كەڕ كراوە، لەبەرئەوە بێ ئاكام ماونەتەوە، وائیل عەبدوللەتیفی سیاسەتمەدار بە یەكەمین كەس لە قەڵەم دەدرێت كە هەوڵێكی لەم شێوەیەی بۆ بە هەرێمكردنی بەسڕە لە ساڵی 2003 داوە، دواتر لە ساڵی 2008 توانیویەتی واژۆی 2%ی كاندیدكراوان كۆبكاتەوەو داوایەكی فەرمی پێشكەشی بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكات بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر پێكهێنانی هەرێمێك بۆ بەسڕە،بەڵام هەوڵەكەی سەركەوتوو نەبوون، بە هۆی ئەوەی كە نەتوانراوە ڕێژەی 10%ی دەنگدەرانی بۆ كۆبكرێتەوە، كە ئەوە بۆ خۆی یەكەمی قۆناغ بوو بۆ بڕینی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ڕاپرسی جەماوەری، دواتر لە ساڵی 2010 زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە داوای گۆڕینی شاری بەسڕەیان بۆ هەرێم كردو داواكارییەكەی خۆیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد تا بە پێی ڕێوڕەسمە كارگێڕییەكان فەرمان بدەن بە كۆمسیۆن لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە هەرێم بوونی بەسڕە ڕابگەیەنن و لەو ماوە دیاریكراوەشدا پرۆژەكە بە هێزە سیاسیەكان بناسێنن تا پشتگیری ئەوانیش بە دەست بهێنن، دواتر كات وادەی ڕاپرسیە جەماوەرییەكە دیاری بكرایە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمی وەڵامی ئەو داواكارییەی نەدانەوە، پاشتر لە كۆتاییەكانی ساڵی 2013 ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە دوبارەهەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە بۆ هەمان مەبەست، بە شێوەیەك ئەمجارەیان سكاڵای یاسایی لەسەر ئەنجومەنی وەزیران تۆمار بكەن گەر داواكارییەكە بخاتە كونجی فەرامۆشی، چونكە لە 35 ئەندام 12 ئەندامیان واژۆی ڕەزامەندییان لەسەر دابوو، دواجار داواكارییەكە بلۆك كرا یان لە چوارچێوەی تێگەیشتنی سیاسیدا كشێنرایەوە.
پەراوێزخستن و لەخشتەبردن هۆیەكە بۆ داواكردنی دروستكردنی هەرێم
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەر بە دەوڵەتی قانون بە ناوی عەبدولسەلام مالیكی هۆشداری دا بۆ سەرلەنوێ زیندووكردنەوەی بابەتی ڕاگەیاندنی هەرێمیی بە هاوشانی كۆمەڵێك پارێزگای ترەوە چونكە ئەوانە هەست بە فەرامۆشكراوێتی دەكەن و جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە سامانەكانی بەسڕە بە هەدەر دەبرێت و دەدرێتە چەند لایەنێك كە دابەشكردنی سامانەكان بە یەكسانی لەگەڵ پارێزگاكانیاندا ڕەت دەكەنەوە، جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی ئەمە كارێكە نە بێدەنگ دەبین لێی نە پێی ڕازی دەبین و نە ڕێگەدەدەین بەوەی بەسەریانەوە بچێت.
ئەم نوێنەرە هاوكات جێگری پارێزگای بەسڕەیە لەو بارەیەوە وتی((بەسڕە لە لایەن هەندێكەوە بە پایتەختی ئابووری عیراق و ئەو سنگە دەژمێردرێ كە عیراق هەناسەی پێ وەردەگرێت،%80 سامانی نەوتیی عیراق و چوار دەروازەی سنووری گرنگی لەسەرە كە دەڕوانێتە سەر كەنداوی عەرەبی، خەڵكەكەی هێشتا لە ناو پلێت و تەنەكەدا ژیان بەسەر دەبەن و خزمەتگوزاری لە نزمەترین ئاستەكانیدایە.))
ئاڵای پێشنیازكراو بۆ هەرێمی بەسڕەو كوت
هەرێمی واست واتە شاری كوت ئاواتی لە مێژینەی هەموو خەڵكی ئەو دەڤەرەیە، كەچی بەهۆی پەراوێزبوونی بەردەوامی لە لایەن حكومەتەوە لە كاتێكدا واست كۆمەڵێك ڕووبارو سامانی كشتوكاڵی و سامانی نەوتی تێدایە و باكوورو باشووری عیراق پێكەوە دەبەستێتەوە، ئاڵاپێشنیاركراوەكەی هەرێمەكەش بە پێی ئەوەی لە سایتەكانەوە بڵاوكراوەتەوە پاش ئەوەی چاویان لەسەر بەسڕەیە كە ببێتە هەرێم، بریتیە لە سێ ڕەنگ، شین كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەسڕە دەڕوانێتە سەر دەریا، سەوز كە ڕەمزە بۆ ڕەزو دارستان و باخەكانی بەسڕەو لە ناوەندیشدا سپی كە هێمایە بۆ ئاشتیخوازی بەسڕەو دەوربەری.
هەروەها دوو پەلكە گەڵای دارخورما لە ناوەندیدا هەیە بە سێبەری پشتەوەی دڵۆپێكی گەورەی نەوت وەك هێمایەك بۆ سامانی تێرو پڕی نەوت لەو شارەدا.
قەیرانەكە هاوگونجانی بیرو ڕاو هەڵوێستەكان دەریخستوون
بیروڕاو هەڵوێستی هێزە سیاسیەكانی بەسڕە سەبارەت بە جێبەجێكردنی هەرێمی فیدراڵی بۆ بەسڕە هاوكوف و هاو گونجاون، جگە لە هەندی حزب و بزووتنەوە نەبێت كە بە تەواوی لە دژی دەوەستنەوە، هەندێكیش پشتگیری دەكەن بە ڕێژەی بەرزو نزمەوە، لایەنە سیاسیەكانی كە پشتگیری بیرۆكەو پرۆژەكە دەكەن پێیان باشە هەرێمەكە هەرسێ پارێزگاكانی واست و زیقارو میسان بگرێتە خۆی و پایتەختەكەشی بەسڕە بێت هەندێكیش پێیان وایە شاری نەجەفیش لە خۆی بگرێت و پایتەختی نۆ پارێزگا بێت كە دەكەونە هەرێمەكەوە، زۆربەی زۆری بەرپرسان پشتگیری پرۆژەكە دەكەن بە نهێنی و بەڵام بە ئاشكرا دەرینابڕن لەبەرئەوەی بە پێچەوانەی بیروڕای حزبەكانیانە..
چالاكوانی سیاسی ساڵح مەعموری لە بەسڕەوە بۆ گوڵان هاتە قسەو وتی ئامانجی سەرەكی لە داواكاری بە هەرێم كردنی بەسڕە و پارێزگاكانی تر چاولێكەری هەرێمی كوردستانی عیراقە كە بووەتە مۆدێلێكی زیندوو لە ناوچەكەداو وەك ئەزموونێكی پێشەنگ لە مێژووی عیراقدا لێی دەڕوانرێت ئەوەیە هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی لێ بكرێت، لەو بارەیەوە مەعموری درێژەی زیاتری پێداو وتی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان هەموو پارێزگاكانی تری هانداوە ئومێد بخوازن لانی كەم 70% ئەو ئاسایش و ئارامی و پەرەپێدانی ئابووری و ئاوەدانیەی وەك ئەویان هەبێت، بەڵام زۆر لایەنی شیعی هەن لە پێناوی بەرژەوەندییە هەرێمایەتیەكان و هەروەها بەرژەوەندی سەنتهری بڕیاردان كە بەغدایە ئەم پرۆژانەی بە هەرێمكردنی بەسڕە ڕەت دەكەنەوە.
ئەوەی زیاتر هاندەرە بۆ پێشكەش كردنی ئەم پرۆژانە ئەو هەموو زێدەڕۆیی و وەزیفە وەهمیانەیە كە لە ئەمیندارێتی گشتی بەغدا دەركەوتون كە بریتیە لە 7500 وەزیفەی وەهمی تێیدا لە كاتێكدا باری ئابووری وڵات لە هەڵدێرێكی سەختایە.
ئەو گەڕەكە زێدەڕۆیانەی لە بەغدا بڵاوبوونەتەوە فەوزایەكی كۆمەڵایەتی بێسەرو بەری خوڵقاندووەو مەترسیەكانی ئابووری و ئاسایشی زیاتر كردۆتەوە، ئەوانە لە ئاكامی جەنگە تایەفەگەرییەكان و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و نەبوونی یاسا خوڵقاون وێڕای ئەو هەموو خێرو بێرەی وڵاتی عیراق هەیەتی، چەندین دامودەزگا هەن بە بێ هەبوونی كادرو كەسانی پیشەیی..
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە بەغداوە بە گوڵانی ڕاگەیاند كە لە ناو ناوچە زێدەڕۆیەكاندا ڕێژەی منداڵان و ئافرەتان لە پیاوان زیاترن و زۆربەشیان بێ ناسنامەن و زۆربەی ژن و مێردەكان بە بێ گرێبەستی هاوسەرگیرین، چونكە نەچوونەتە دادگاكان بۆ ئەوەی هاوسەرگیرێتی بە یاسایی بكەن، منداڵانیان بێ قوتابخانەو بێ خوێندنن، خانووەكانیان بە هەڕەمەكێتی لە پلێت و تەنەكەو بلۆكی ڕووتەن بە بێ ژمارە دروست كراون، ژمارەی فەرمانبەریان لە حكومەتدا زۆر كەمە، زۆربەیان دەسگێڕو دەرۆزەكەرن، تێكەڵەیەكن لە خەڵكانی پەنابەر كە بەهۆی پرۆسەكانی توندوتیژێتی تایەفەگەرییەوە لەوێدا كۆبوونەتەوە.
7500 وەزیفەی وەهمی لە ئەمیندارێتی بەغدا
گۆڤاری گوڵان هەوڵی زۆری دا تا پێوەندی بكات بە بەرپرسانی ئەمیندارێتی بەغدا، هەندێكیان ئامادەییان نیشان نەدا بۆ وتووێژ زۆربەشیان لە دەرەوەی وڵات بوون بەسەفەر چوون، هەندێكیشیان تەلەفونەكانیان داخرابوون، تەنیا یەكێكیان نەبێت بە ناوی ئەبو نەسیڕ فەرمانبەرە لەو بارەیەوە بە گوڵانی وت:7500 فەرمانبەری وەهمی ناویان تۆماركراوە، موچەی هەموویان لە نێوان بەرپرسانی ئەمیندارێتی دابەش دەكرێت.
شەقامی ڕەشید كە سەدان ساڵە بە شەقامی هونەرو كەلەپوورو بیناسازی ناسرابوو ئێستا بووەتە شەقامی دوكان و زبڵ وپاشماوەكانە، بەو شێوەیە پایتەختی عیراق هیچ هەستێكی شاعیری و هونەری تێدا نەماوەو بەرپرسان بیرێك لە شانۆو نواندن و ئەدەب و شیعری لە مێژینەی شارەكەیان ناكەنەوە تەنیا ڕوانینیان وەرچەرخاوە بۆ چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت و بازرگانیكردنی بەرەڵڵا و دروست كردنی كۆمپانیای هەڕەمەكی، لەو بارەیەشەوە محەمەد حسێن كە ڕۆماننووسێكی عیراقی مشەختیە بە گوڵانی ڕاگەیاند هەست ناكەین ئێمە لە ناو دەوڵەتێكی بە دامودەزگاویكراو بین كە تێیدا حاكم لە گەلەكەی بترسێت، بەڵكو تەنیا خەریكی ململانێن لەگەڵ نەیارانیاندا.
Top