شایەتحاڵەكانی كوردی شەبەك 159 كوردی شەبەك لەلایەن داعشی تیرۆریستەوە بێسەروشوێن كراون
November 29, 2014
راپۆرتەکان
دیمەنی منداڵانی كوردی شەبەك لە بن دەوارەكاندا بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگری ترە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی داعش كە هیچ جیاوازیەكیان لە نێوان كوردی (ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك)و كوردستانیەكانی(كریستیان و توركمان)و هەموو پێكهاتەكانی تری دەشتی نەینەوا نەكردووە، تیمی گۆڤاری گوڵان ئەمجارەیان سەردانی كەمپی كوردی شەبەكی كرد لە(هەرشەم یەك و بەحركە)، كە زۆرترین ئاوارەی كوردی شەبەك لە پارێزگای هەولێر روویان لەم دوو كەمپە كردووە، ئەوان وێڕای ئەوەی زیاتر لە 56 گوندیان بەجێهێشتووە هاوكات باسیان لە بێسەروشوێنكردنی زیاتر لە 150 كەسیان دەكرد كە لە ناویاندا ئافرەتیش هەیە، ئەمە جگە لەوەی داعشەكان بەبیانووی بوونی پێشمەرگە لەناو گەنجەكانی كوردی شەبەكدا ماڵ و موڵك و مەڕوماڵاتیان دزیون و چەندین گەنجیشیان گوللە باران كردوون، ئەوان جگە لەوەی خۆیان قوربانی دەستی داعشەكانن زۆر دڵتەنگیشن لەبەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی كرایە سەر برا كوردەكانی ئێزیدی و ژمارەیەك لە ئافرەتەكانیشیان رفاندوون، لەم راپۆرتەدا تاوانە وەحشیگەرییەكانی داعش بەرامبەر كوردی شەبەك لەسەر زمانی خۆیانەوە دەخەینەڕوو .
تەرحیلكردنی 56 گوندی شەبەك و تاڵانكردنی ماڵەكانیان
كوردەكانی شەبەك كە دەكەونە سنووری ناحیەكانی بەرتڵەو بەعشیقەو قەرەقۆش و تەلكێف و خاوەنی 56 گوندن هەر هەمووی لەلایەن داعشەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوەو خەڵكە رەسەنەكەی دەربەدەركراون و ژمارەیەكیشیان بێسەرو شوێنكراون، لەمبارەیەوە لە كەمپی هەرشەم یەك چاومان كەوت بەژمارەیەك لەئاوارەكانی كوردی شەبەك و لەنزیكەوە گوێبیستی ئەو تاوانە دڕندانەیە بووین كە دەرهەق بەم پێكهاتە رەسەنەی كورد كراوە؛ سەرەتا حەسەن موحسین كە خەڵكی گوندی خورسوباتە و خۆیی و خێزانەكەی پێش گەیشتنی چەتەكانی داعش رایانكردووەو ئێستا لەم كەمپە نیشتەجێن بە گۆڤاری گوڵانی وت: (داعشەكان لەگوندەكانی خۆرسوبات و باریمەو فازڵیەو عومەرقاپچی هەرچی ماڵی پێشمەرگەو ئەو كوردانەی لەدامودەزگا حكومیەكاندا كار دەكەن تاڵانیان كردووەو هەندێكیشیان بۆمبڕێژ كردووە، تەنانەت هەر كوردێكی شەبەكیان دەست بكەوتایە كە كوڕەكانیان لەریزەكانی پێشمەرگە یا دامودەزگا حكومیەكان بووایە، راستەوخۆ پیاوەكانیان دەستبەسەر دەكردوو زۆریشیان دەكوشت، لەم تاوانەشدا عەرەبەكانی ناوچەكە چاوساغیان بوون و ماڵە پێشمەرگەكانیان بۆ داعشەكان ئاشكرا دەكرد..). زیاد ئەسعەد كە هاووڵاتیەكی گوندی شەبەك بوو تەئكیدی لەوە كردەوە كە زۆر لەخەڵكی ناو گوندە عەرەبەكان یارمەتی داعشەكانیان داوە بۆ دەركردن و تاڵانكردنی ماڵەكانمان لەم رووەوە وتی:(عەرەبەكانی ناوچەكە رق و كینەیەكی مێژوویی زۆریان بەرامبەر كوردی شەبەك هەبوو بگرە ئەوان ناوچەكەمانیان بەخاكی عەرەب دادەنا؛ هەربۆیە یارمەتی داعشەكانیان دا و دەربەدەریان كردین و ماڵەكانمانیان تاڵان كرد، بگرە زۆر لەو ماڵانەی كوڕەكانیان پێشمەرگە بوون دوای تاڵانكردنی خانووەكانیان تێكدا). هەر لەناو ئەو كەمپە ئافرەتێكی كوردی موسڵمانی شنگالمان بینی كە بە خۆیی و خێزانەكەی ئاوارە بوو بوون ئەو پێی راگەیاندین لە شنگال داعشەكان جیاوازییان لەنێوان كوردی ئێزیدی و شەبەك و موسڵمان نەكردووە، گەرچی ئێزیدیەكان قوربانیەكی زۆرتریان دا، بەڵام گەنج و پیاوەكانی ئێمەی كوردی موسڵمانی شنگالیشیان كوشت، ئێمەش بەهاوشێوەی كوردانی ئێزیدی دەربەدەر بووین و ئازیزانمان بێسەروشوێن كراون و كوژراون. هەر لەكەمپی هەرشەم یەك هاووڵاتیەكی كوردی شەبەك بەناوی جەمال قاسم كە خەڵكی گوندی گۆپ جەلی بوو وتی:(داعشەكان بێ جیاوازی نێوان پێكهاتەكانی موسڵ و دەوروبەری پەلاماری هەموو پێكهاتەیەكیان دەدا كە لەگەڵ خۆیاندا نەبن، لەكاتی هەڵهاتنەكەدا چەندین كوردی شەبەك هەبوو دوای ئەوەی كەوتە دەستی داعشەكان درانە بەر گوللەو شەهید كران، تەنانەت زۆر لەخەڵكی ئێمە بێسەروشوێنن).
بێسەروشوێنكردنی كوردانی شەبەك
سەبارەت بەبێسەروشوێنكردنی كوردی شەبەك فازڵ عەباس كە ئێستا ئاوارە بووەو لەكەمپی عەنكاوە نیشتەجێیە وتی:(لەگوندی بازۆیە داعش 8 پیاوو گەنجی كوردی شەبەكیان بردووەو چارەنووسیان دیار نییە، لەگوندەكەی ئێمەش كە ناوی قەرەتەپەیە 2 گەنجمان دوای ئەوەی دەست داعشەكان كەوتوون بێسەرو شوێنن، لەسەرجەم گوندەكان دەیان كوردی شەبەك دوای ئەوەی بەجێماون یا كەوتوونەتە ناو بۆسەكانی داعشەوە بێسەروشوێن كراون و ئەگەری كوشتنیان هەیە، لەم رۆژانەشدا كە پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە زۆر لەو دیلانەیان كوشتووە). سەباح ساڵح كە كوردی شەبەكەو خەڵكی بەعشیقەیە چاوەڕوانی ئازادكردنی زێدی باوك و باپیرانیانەو لەم رووەوە وتی:( ئێمە ئامادەین ببینە پێشمەرگەو زێدی باوك و باپیرانمان رزگار بكەین ئومێدم زۆرە بەسەرۆكی كوردستان كە تەواوی ئەو ناوچانەمان بۆ ئازاد دەكاتەوەو بگرە ئاوەدانیشی دەكاتەوە).
لە میانەی سەردانی تیمی گوڵان بۆ كەمپی بەحركە، ئاوارەكانی كوردی شەبەك وێڕای ئەوەی سوپاسی رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی روانگەیان كرد كە هاوكاری زۆریان كردوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرەو زستان و وەرزی بەفر و باران دەڕۆین، ئاوارەكان پێویستیان بە هاوكاری زیاترە لەمبارەوە موحسین محەمەد لەكەمپی بەحركە وتی: لەم وەرزەی سەرماو سۆڵەو بارانەدا ژیان لەناو چادر زۆر زەحمەتە، خراپی خزمەتگوزارییەكانی ئاوو كارەباو ئاوەڕۆ نەبوونی شوێنی خۆشوشتن ئەگەری كەوتنەوەی نەخۆشی و پەتای لێدەكەوێتەوە هەربۆیە داواكارم ئەم چادرانەمان بۆ بگۆڕن بە كابینە. سەعد عەلی لەناو كەمپەكە داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد هیچ نەبێت ناو كەمپەكە چەوڕێژ بكرێت و رێگایان پێبدرێت پەرژینێك بەدەوری خەیمەكاندا دابنێن تاوەكو منداڵەكانیان لەچوونە دەرەوەو ونبوون بپارێزن. ژمارەیەكیش لەئافرەتەكان هەر بەبیستنی ئەوەی ئێمە رۆژنامەنووسین لێمان نزیك بوونەوەو داوایانكرد حكومەت بە بلۆك لەهاوشێوەی كەمپی كوردانی ئاوارەی رۆژئاوا حەمام و و توالێت (wc) و مەتبەخیان بۆ دروست بكات و تانكی ئاویان بۆ دابنێت).