ماس میدیا و تیرۆریزم : میدیا وەك چەكێك بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان یان فەزایەك بۆ گەیاندنی پەیامەكەیان

ماس میدیا و تیرۆریزم : میدیا وەك چەكێك بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان یان فەزایەك بۆ گەیاندنی پەیامەكەیان
«پارادایمی تازەی تیرۆریزم بەشێكی بەرەنجامی ئەو پێشكەوتنە لەپڕ و خێرایەیە كە تەكنەلۆژیای زانیاری بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش بە شێوەیەكی تایبەتی خۆی لەو راستییەدا بەرجەستە كردووە كە رێكخراوە تیرۆریستیەكان خۆیان دان بە بایەخی هۆیەكانی راگەیاندن دەنێن لە سەركەوتنی هەموو ئامانجەكانیان، لەنێوان میدیا و كاری تیرۆریستی پەیوەندییەكی زۆر كارلێكاری هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە ئاڕاستە و شێوازی رووماڵی میدیادا پیشەسازی میدیا توخمی هەستیار بۆ هەواڵ و راپۆرت پەسەند دەكات، كارە تیرۆریستیەكانیش ئەم توخمە هەستیارە بۆ رۆژنامەنووسان فەراهەم دەكەن، ئەمەش وادەكات رەنگدانەوەی كارە تیرۆریستییەكان بوونێكی گەورەی لە رووماڵی هەواڵ و راپۆرتەكانی میدیا هەبێت، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بن كە هۆیەكانی راگەیاندنی ئازاد بۆ خزمەتی ئامانجەكانیان ئیستیغلال بكەن. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین میدیای ئازاد زەمینەیەكی گلۆباڵی بۆ گەیشتنی پەیامی تیرۆریستان فەراهەم كردووە و كاریگەری لەسەر تێڕوانینی خەڵك بۆ تیرۆر و مەترسییەكانی تیرۆر دروستكردووە، هەروەها كاریگەری لەسەر ئەو بڕیارە سیاسییانەش دروستكردووە كە بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆر دەدرێت و لەمەش زیاتر فۆرمەلەی پەیوەندییەكی كردووە لەسەر ئاستی سیاسەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتی. وێڕای هەموو ئەمانەش، بەڵام دیسان نابێت میدیای ئازاد ببێتە ئامێرێك كە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ خزمەتی ئامانجەكانیان بەكاربهێندرێت، بەڵكو پێویستە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی دیراسەتكراوە میدیا بكرێتە جۆرە چەكێك كە رۆڵێكی هێجگار كاریگەر لە تێكشكانی تیرۆریستاندا بگێڕێت»
د. ئەنیتا پیرسن
پسپۆڕ لە ستراتیژیەتی دژە تیرۆر – زانكۆی زەگرەب

كردەوەی تیرۆریستی
پڕوپاگەندە كردن بۆ ترس و تۆقاندن
زۆر پێش ئەوەی گۆتنبێرگ دەزگای چاپكردن دابهێنێت و هیچ هۆیەكی میدیایی بوونی هەبێت، ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی بەو مانایەی بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ سەر خەڵكی مەدەنی بوونی هەبووە، ئامانجیش لە ئەنجامدانی توندوتیژی و هێرشكردنە سەر خەڵكی مەدەنی بۆ گەیاندنی پەیامی ترس و تۆقاندنە و بۆ ئەوەیە ئەم پەیامە بگاتە زۆرترین خەڵك، نەك هەر ئەوانەی هێرشیان دەكرێتەسەر، بەڵكو بۆ ئەوەی لەسەر هەموو كۆمەڵگە رەنگدانەوەی هەبێت، هەربۆیە پێش ئەوەی هۆیەكانی میدیا بوونی هەبێت كاری توندوتیژی و تیرۆریستی وەك كارێكی پڕوپاگەندەیی (propaganda of the deed) مامەڵەی لەگەڵ كراوە و كارە تیرۆریستییەكان لە شوێنە قەرەباڵغەكان ئەنجامدراون، بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی لەو شوێنەن و كردەوە تیرۆریستییەكە دەبینین، بۆ ماڵ و منداڵ و برا و خزم و دۆستەكانیانی بگێڕنەوە و كارەكە دەنگدانەوەی زیاتری هەبێت.
كەواتە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی و بەرهەمهێنانی توندوتیژی پەیامی تیرۆریستانە و دەیانەوێت ئەم پەیامە بە خێرایی و لە زۆرترین شوێن بڵاو ببێتەوە، ئەگەر لێرەدا سەرنج لەو كردەوە تیرۆریستییە بدەین كە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی لە 5ی ئەیلوولی 1972 لە ئۆلۆمپیادی میونغ لە ئەڵمانیا ئەنجامیدا، بۆ ئەوە بوو پەیامی خۆی بە هەموو جیهان بگەیەنێت، ئەگەر وردتر سەرنج لەم رووداوە بدەین كە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین چۆن شوێن و كاتەكەی هەڵبژاردووە، دەبینین مەبەستی ئەوە بووە كە نەك هەر تیمی یاریزانانی ئیسڕائیل بكاتە ئامانج، بگرە ئەم رووداوە دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی جیهانی هەبێت و گەیشتە ئەوەی كە بڵێن جارێكی دیكە رووداوی میونغ رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی لەو كاتەدا بە جیهان ناساندەوە، دواتر ئەم رووداوە كرایە فیلم و هەتا ئێستاش خەڵك سەیری دەكات و دووبارە بیری دێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئامانج لە كاری تیرۆریستی، یان توندوتیژی، گەیاندنی پەیامەكە بووە، ئەگەر پەیامەكە بە سەركەوتوویی گەیشت، ئەوا تیرۆریستان سەركەوتوو بوون، ئەگەر پەیامەكەشیان وەك خۆی نەگەیشت، ئەوا كارەكەیان سەركەوتوو نەبووە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەموو گرووپێكی تیرۆریستی لە دەستنیشانكردنی كات و شوێندا ئەو وردەكارییە رەچاو دەكەن؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا رۆژنامەنووس تۆماس فریدمان سەبارەت بە كەمپی مەشقپیێكردنی رێكخراوی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە، ئاماژەی بەوە كردووە كە لەناو كەمپەكە نامیلكەیەكی مەشق و راهێنانیان هەیە كە وانەی لەسەر دەخوێنن و تیایدا هاتووە كە دەبێت هەوڵبدرێت كارە تیرۆریستییەكان لەو شوێنانە ئەنجامبدرێت كە وەك رەمزی وڵاتێك سەیر دەكرێت، ئەمەش واتە ئەو شوێنانەی وەك پەیكەری ئازادی لە نیویۆرك، بورجی ئیڤل لە پاریس، كاتژمێری بیگ بن لە لەندەن. ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە پەیامەكەیان ترس و تۆقاندن لە رۆژئاوا و هەموو جیهان بڵاو بكاتەوە. تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یش، وەرچەرخانێكی زۆر گەورەیان لە پێناسەی تیرۆر دروستكرد و تیرۆریان لە بە كارهێنانی توندوتیژی لەلایەن گرووپێكی غەیرە دەوڵەتییەوە گۆڕی بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دەوڵەتێكی تیرۆریستییەوە كە ناوی «خەلافەتی ئیسلامی» یان لێناوە.
(مدین درییە)ـی رۆژنامەنووسی كەناڵی ئەلجەزیرە كە فیلمێكی دیكۆمینتاری لەسەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لە پارێزگای رەقە لە سووریا ئامادە كردووە و ماوەی دوو مانگ لە پارێزگای رەقە خەریكی وێنەگرتن بووە، پاشان بە رێگەی وڵاتێكی دراوسێی داعش گەڕاوەتەوە و فیلمەكەی بڵاو كردۆتەوە، راشكاوانە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: «دەوڵەتی خەلافەتی داعش هەموو پایەكانی دەوڵەتی هەیە، بۆیە دەبێت وەك دەوڵەت باسی بكەین».
ئەم فیلمە كە تەنها كاری رۆژنامەوانییە، تیرۆریستانی داعش رێگەیان داوە بە ئاشكرا ئەنجام بدرێت و وەك كارێكی پڕوپاگەندەیی بۆ دەوڵەتی داعش بڵاو بكرێتەوە، لەماوەی ناوەڕاستی مانگی ئاب هەتا ناوەڕاستی تشرینی دووەم، تەنها لە یوتیوب 5 ملیۆن كەس سەیری كردووە، ئەمە بێجگە لەوەی لە زۆربەی میدیاكان لێدراوە، یان بەشێكی بەكارهێندراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پەیامەی داعش وەك دەوڵەت دەیەوێت بەجیهانی بگەیەنێت، نەك هەر گەیشتە سیاسەتمەدار و دەستەبژێری خوێندەوار لە جیهاندا، بەڵكو هەموو جیهان بە چاوی خۆیان سەیریان كرد و پەیامەكەیان پێ گەیشت.
مدین درییە كە دوای دروستكردنی ئەم فیلمە دیكۆمێنتارییە، لەلایەن میدیاكانی جیهانەوە بایەخی پێدەدرێت، راشكاوانە ئەو راستییە دەخاتەڕوو كە تیرۆریستانی داعش ئەو كارە دڕندانەی دەیكەن، (وەك سەربڕین و لە خاچدان) نایشارنەوە و شانازی پێوە دەكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە تیرۆریستانی داعش خۆیان دەیانەوێت بەمجۆرە پەیامی خۆیان بگەیەنن:
1. حەز دەكەن ئەو پرسیارەیان لێبكرێت بۆچی تیرۆریستانی داعش رقیان لە مرۆڤایەتی و لە بەهای مرۆڤایەتییە؟
2. حەز دەكەن پرسیاری ئەوەیان لێبكرێت بۆ هێرش دەكەنە سەر خەڵكی مەدەنی و بێتاوان و كۆمەڵكوژیان دەكەن؟
3. حەز دەكەن پرسیاریان لێ بكرێت بۆچی كچان و ژنانی ئێزیدی و كریستیان دەكەن كۆیلە و سەبایە و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكەن؟
تیرۆریستانی داعش لەو كاتەوەی بەشێك بوون لە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لقی عێراق، زەمینەسازییان لەسەر ئاستی جیهان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە كردووە، وەڵامی ئەو پرسیارانەیان بە رێگەی هۆیەكانی پەیوەندیكردنی هاوچەرخ (Mass Communication)داوەتەوە.
سەبارەت بەم خۆئامادەكردنەی قاعیدە و داعش بۆ ئەم پرسیارانە پڕۆفیسۆر بریجیت ئیل ناكۆس (Brigitte.L.Nacos) لە دیراسەتێكدا بە ناونیشانی «تیرۆریزم و دژە تیرۆر و میدیا لە سەردەمی بەجیهانیبوونی پەیوەندیكردندا»، ئاماژەی بەوە كردووە، تیرۆریستان ماس میدیای وەك (تەلەفزیۆن، رادیۆ، وێبسایت، رۆژنامە و گۆڤار)یان ئیستغلال كردووە، لەمەش زیاتر هەموو هۆیەكانی پەیوەندیكردن وەك ئینتەرنێت، سی دی، دی ڤی دی، یارییە ئەلكترۆنییەكان، موزیك، گۆرانی و كلیپ و ...) وەك چەكێك لە ناو رۆژئاوا و جیهان بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامی خۆیان بەكارهێناوە و تیاشیدا سەركەتوو بوون، لەمەش زیاتر ئەم هۆكارانەی پەیوەندیكردنیان بۆ تەجنیدكردنی تیرۆریستان، كۆكردنەوەی پیتاكی دارایی و پەیداكردنی چەك و هەموو پێداویستییەكانیان بەكارهێناوە.
پڕۆفیسۆر ناكۆس لەو توێژینەوەیەدا باس لە تیرۆریستێك دەكات بە ناوی حامد ئیسحاق كە لە ساڵی 2005 لە رۆما دەستگیر كراوە و، لە دادگای رۆما باسی ئەوەی كردووە كە ئەو لە هۆڵێكی وەرزشی مەشقی لەشجوانی كردووە و یەكێك لە برادەرەكانی بە ناوی سەعید ئیبراهیم بە رێگەی پێدانی سی دی و دیڤی دی، شێوازی مامەڵەی سەربازانی ئەمریكی لەگەڵ عەرەبی عێراق پیشانداوە، لەمەوە پەیوەندی بە قاعیدەوە كردووە و دواتر بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی ئامادە كراوە.
لەمەش زیاتر تیرۆریستانی داعش و قاعیدە، لە ناو كەلتووری رۆژئاوا گاڵتەجاڕی بە رۆژئاوا و سەركردەكانی رۆژئاوا دەكەن، هەر بۆ نموونە گروپی راپ تیرۆر Rap terror، كلیپیكیان بە شێوازی هیب هۆپی ئەمریكی دەركردووە بە ناونیشانی «كافری پیس Dirty Kuffar «لەم كلیپەدا سڵاو بۆ بن لادن دەنێرن و هێرش دەكەنە سەر بوش و بلێر، هەروەها یارییەكی ئەلكترۆنییان دروستكردووە بە ناوی ئومنا دیفێنس 1،2، سیناریۆی ئەم ڤیدیۆ گەیمە بەو جۆرەیە كە لە ساڵی 2014 هەموو جیهان لە ژیر ئاڵای ئیسلامدا یەكدەگرێت و لە جیهاندا خەلافەتی ئیسلامی دادەمەزرێت.
لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتەی تیرۆریستان، هەڵمەتێكی دی خەریكە وەك كاردانەوە دروست دەبێت كە پێی دەگوترێت:White supremacy و بانگەشە بۆ باڵادەستیی سپی پێست و كریستیان لە جیهاندا دەكات، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی دەچێتە چوارچێوەی تیۆری بە یەكدادانی شارستانیەتەكان كە نزیكەی 23 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن (هنتگتن)ـەوە نووسراوە. بەڵام رۆژئاوا لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم كاردانەوەیە نەگاتە ئەوەی پێی دەگوترێت پێكدادانی شارستانیەتەكان و لەلایەن زۆربەی بیرمەندانەوە وەك دیاردەی پێكدادانی شارستانیەتەكان رەتدەكرێتەوە، لێ ئەگەر سەیری ئاكامی هەڵبژاردنەكانی وڵاتانی رۆژئاوای دیموكراتی بكەین، هەست دەكەین ئەو حزبانەی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بانگەشە دەكەن، چیدیكە پەنابەر وەرناگرن، یان سنوورێك بۆ پەنابەران دادەنێن، ئەوانە هەڵبژاردنەكە دەبەنەوە، ئەمە پێمان دەڵێت خەریكە زەمینەیەك بۆ پێكدادانی شارستانیەتەكان دروست دەبێت.
ماس میدیا و رووماڵی كارە تیرۆریستییەكان
هێرشە تیرۆریستییەكەی رێكخراوی ئەلقاعیدە لە 11ی سێپتەمبەری 2001 وەرچەرخانێكی گەورە بوو بۆ كەناڵی ئەلجەزیرە و ناساندنی لەسەر ئاستی جیهان، بە ئاستێك كە لە دوای رووماڵكردنی ئەو كارەساتە و پاشانیش لە شەڕی ئەفغانستان و رووخاندنی ئیمارەتی تالیبان، كەناڵی ئەلجەزیرە زۆر پێش كەناڵی CNN كەوت، دیارە لە مێژووی كاركردنی كەناڵی CNN و لە ماوەی 21 ساڵ كاركردنی لە (1980-2001)، ئەوە بۆ یەكەمجار بوو كە كەناڵێكی تەلەفزێۆنی لە رووماڵ و لە ناوەڕۆكی هەواڵیش پێشی بكەوێت، بۆیە ئەمە بۆ ئەلجەزیرە بە وەرچەرخانێكی گەورە هەژمار دەكرێت. لەمەش زیاتر ئەلجەزیرە بۆ رووماڵی كردەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدە بووە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری بۆ تەواوی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا. دیارە لە كارەساتی 11ی سێپتەمبەر هیچ كام لە تەلەفزیۆنەكانی جیهان وێنەی فڕۆكەی یەكەمیان نییە كە خۆی بە یەكێك لە تاوەرەكانی سەنتەری بارزگانی جیهانیدا تەقاندەوە، بەڵام ئەلجەزیرە بە چەند خولەكێك پێش CNN وێنەی فڕۆكەی دووەمی بڵاوكردەوە پێش ئەوەی خۆی بە تاوەری دووەمدا بتەقێنێتەوە، بەمەش شاشەی تەلەفزیۆنی جەزیرە لەو رۆژەدا چاوی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشا و مێژوویەكی گەورەی بۆخۆی تۆمار كرد. ئەم نموونەیەی كەناڵی ئەلجەزیرە پێمان دەڵێت تا چ ئاستێك توندوتیژی و بەتایبەتیش ئەو توندوتیژی و كارەساتەی كە لە ئاكامی كارە تیرۆریستییەكان دروست دەبێت، چەند هەستیار و سەرنجڕاكێشە وەك توخمی سەرەكی لە پیشەسازی دروستكردنی هەواڵ و راپۆرت لای ئەو رۆژنامەنووسەی كە رووماڵی ئەو رووداوە تیرۆریستییە دەكات.
با وەك رۆژنامەنووسان ئەو ساتە لەبەرچاوی خۆمان وێنا بكەین كە فڕۆكەی دووەم خۆی بە تاوەری دووەمی سەنتەری بازرگانی جیهانیدا دەتەقێنێتەوە، وای دابنێن كە ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواهیری هەردووكیان پێكەوە سەیری ئەو رووماڵەی ئەلجەزیرە و CNN یان كردووە، ئایا هەستیان بەچ خۆشی و كامەرانییەك كردووە؟ ئیمارەتی تالیبانیش وەك خەلافەتەكەی ئێستای داعش رێگەی نەدەدا ئەو حاڵەتانە رووماڵ بكرێت، بەڵام هەر یەك كاتژمێر دوای ئەنجامدانی كارە تیرۆریستیەكەی نیویۆرك، تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە رووماڵی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی فەلەستینی كرد لە غەزە و رامەڵا، بینیمان چۆن شاییان دەكرد و شیرینییان دەبەشییەوە، دیارە هەر فەلەستینیەكان نەبوون، زۆر بوون ئەو خەڵكانەی لە وڵاتانی دیكەی عەرەبیش بەو بۆنەیەوە شاییان كردووە و شیرینییان بەشیوەتەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەردوو كەناڵی ئەلجەزیرە و CNNبەو ئامانجە ئەو رووماڵەیان بەو ئاستە پڕۆفیشناڵییە بەرزە رووماڵ كرد بۆ ئەوەی دەستخۆشی لە تیرۆریستانی ئەلقاعیدە بكەن، یان زەمینە بۆ توندوتیژی زیاتر لە جیهاندا دروست بكەن؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی CNN لە ساڵی 1980ـەوە كە دامەزراوە، دوای ماوەیەكی كورت نازناوی ئەندامی هەمیشەیی شەشەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی پێدراوە، واتە هێندەی هەر یەك لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی جیهان (ئەمریكا، سۆڤیەت، بەریتانیا، چین و فەرەنسا) كاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان و هێندەی ئەو دەوڵەتانە كاریگەری لەسەر رەوتی بڕیار درووستكردن لە جیهاندا هەبووە، بە دیوێكی دیكەدا شاشەی CNNتوانای ئەوەی هەبووە ڤیتۆی بڕیارەكان لە جیهاندا بكات، دیارە سەبارەت بە ئەلجەزیرەش تا ئێستا لە چەندین وڵاتی عەرەبی نووسینگەیان داخراوە و، هەروەها فریكوێنسی شەپۆلەكانیان راگیراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەلجەزیرەش توانای كاریگەری لەسەر رەوتی رووداوەكان و بڕیاردروستكردنی لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەیە، بەڵام ئایا دوای ئەم رووماڵە گەورەیەی میدیاكان، بن لادن چی گوتووە؟
پڕۆفیسۆر یۆرگن گیرهارد لە سەنتەری سیسیۆلۆژی زانكۆی بەرلین لە توێژینەوەیەكدا بە ناونیشانی «تیرۆریزمی نێودەوڵەتی: چۆن هێرشە تیرۆریستییەكان جێگەی خۆیان لە رووماڵەكانی CNN ،BBC ،ARD ئەلجەزیرە دەكەنەوە»، ئاماژەی بەوە كردووە كە بن لادن گوتوویەتی: «سوپاس بۆ خوا بەم كارە توانیمان ترسێكی گەورە لە ئەمریكا و جیهان دروست بكەین»، ئەمەش مانای ئەوەیە نەخشەی بن لادن بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر سەنتەری بارزگانی جیهان، تەنها بۆ رووخاندنی ئەو دوو تەلارە نەبووە لە مەنهاتن، بەڵكو پەیامێك بووە ئاراستەی شەش ملیار مرۆڤی كردووە و ماس میدیاش ئەوپەیامەی بە سەركەوتوویی بۆ گەیاندووە.
دیارە ئامانجی سەرەكیی ماس میدیا، كۆمەڵگەی ئازاد، ئاشتی و زیاتر چەسپاندنی ئازادییە، هۆكاری سادەش بۆ ئەمە ئەوەیە ئاشتی و ئازادی بۆ ماس میدیا ئۆكسجینی ژیان و مانەوەیەتی، هەروەك چۆن لەو شوێنانەی ئاشتی و ئازادی نییە ماس میدیای ئازادیش بوونی نییە، بۆیە ماس میدیا بۆ ئەوە كار ناكات خۆی بكوژێت، بەڵكو بۆ ئەوە كاردەكات ئازادی زیاتر بچەسپێت و بۆ خۆیشی بوونی هەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كارە تیرۆریستییەكان و كارەسات و سەربڕین و بەكۆیلەكردن هەموویان دژی مرۆڤایەتی و ئازادین، ئەم حاڵەتانەش لەبەردەستی رۆژنامەنووس توخمی هەستیارن بۆ رووماڵكردن بۆ بەرژەوەندی ئایندەی مرۆڤایەتی، ئەوا رۆژنامەنووس بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت پەیوەندییەكی كارلێكەری لەگەڵ كارە تیرۆریستییەكان بۆ دروست دەبێت، راشكاوانەتر رۆژنامەنووس بەدوای رووداودا دەگەڕێت، تیرۆریستان رووداوەكەی بۆ ئامادە دەكەن. ئەم حاڵەتە دەكرێت ناوی بنێین فێڵی تیرۆریستان، هەروەك چۆن بیرمەندی گەورەی عەرەب محەمەد سەبیلا لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گوڵان، سەركەوتنی ئیخوان موسلمینی لە میسر ناو لێنا «فێڵی دیموكراتی»، ئەو كات كە چەند مانگێك بوو محەمەد مورسیی بووە سەرۆكی میسر پێی گوتین: ئەمە فێڵی دیموكراتییە، راستە دیموكراتی ئەوی بردە سەر كورسیی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەگەر دیموكراتییەت تەنها وەك پەیژەیەك بۆ دەسەڵات سەیر بكات، هەر دیموكراتییەت دەیخاتە خوارەوە، بۆ ئەم حاڵەتە نەخوازراوەی نێوان میدیا و تیرۆریستان، كە تیرۆریستان دەیانەوێت بە رێگەی میدیای ئازاد و هۆیەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵگە ئازادەكان پەیامی خۆیان بگەیەنن، ئەوا دەبێت رۆژنامەنووسان ئەو فێڵەی تیرۆریستان بەتاڵ بكەنەوە و وەك د.ئەنیتا بیرسن لە توێژینەوەكەی بە ناونیشانی «ماس میدیا و تیرۆریزم» ئاماژەی پێكردووە، دەبێت لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی دیراسەتكراودا میدیا بكرێتە چەكێكی هێندە كاریگەر كە رۆڵێكی هێجگار گرنگ لە تێكشكانی تیرۆریستان بگێڕێت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە چۆن میدیا دەكرێتە چەكێكی كاریگەر لە تێكشكانی تیرۆریستاندا، لە كاتێكدا تیرۆریستان بەگشتی و تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی خۆیان شانازی بە وەحشیەت و ئەو كارە نامرۆڤایەتی و دڕندەییەی خۆیانەوە دەكەن و هەر خۆشیان وێنەی ڤیدیۆی دەگرن و لە یوتیوب بڵاوی دەكەنەوە؟ ئایا میدیا چۆن دەكرێتە چەكێكی كاریگەر لە كاتێكدا رۆژنامەنووسان ناتوانن رووماڵی ژیانی رۆژانەی ئەو ناوچانە بكەن كە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدایە؟ ئایا میدیا چۆن دەبێتە چەكێكی كاریگەر لە كاتێكدا هەموو میدیا گەورەكانی جیهان نەك هەر شاشەی كەناڵەكانی سەتەلایت، بەڵكو تەنانەت رۆژنامە بەناوبانگەكانی وەك گاردیان و تایمز و نیویۆرك تایمز و واشنتۆن پۆست لەناو ئینتەرنێت بوونەتە كەناڵی نووسراو، بیستراو، بینراو بۆ گواستنەوەی كارە دڕندەكانی تیرۆریستانی داعش و هەواڵی ڤیدیۆیی بڵاو دەكەنەوە؟
بێگومان لەگەڵ ئەوەی رووماڵكردنی رووداوە تیرۆریستییەكان وەك دیاردە بۆتە دیاردەیەكی گلۆباڵی و هەموو میدیاكانی جیهان رووماڵی دەكەن و لەمەش گرنگتر لەگەڵ ئەوەی تێڕوانینی هاووڵاتییان و سیاسەتمەداران بۆ مەترسیی تیرۆر لە چوارچێوەی سنووری نیشتمانی فراوانتر بووە و بۆتە تێڕوانینێكی گلۆباڵی، بەڵام دیسان تایبەتمەندی وڵات و نەتەوە و بەرژەوەندییەكانی نەتەوە، شێوازی رووماڵێكی رۆژنامەوانی وڵاتێك لە وڵاتێكی دیكە جیادەكاتەوە، هەر بۆ نموونە رووماڵی میدیایەكی ئەمریكی بۆ سەربڕینی رۆژنامەنووسێك لەلایەن داعشەوە، زۆر زیاتر جێگەی بایەخە لە رووماڵی بەكۆیلەكردن و فرۆشتنی كچان و ژنانی ئێزیدی بەدەستی داعش، یان رووماڵی رۆژنامەنووسێكی بەریتانی بۆ سەربڕینی رۆژنامەنووسێكی بەریتانی بەدەستی داعش جیاوازە لە رووماڵی بۆ سەربڕینی رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی .
بۆیە لەم روانگەیەوە گرنگە میدیای كوردستان، لە ناویشیاندا بەشێوەیەكی تایبەت كەناڵە ئاسمانییەكانی كوردستان، پێویستە و گرنگە لەو كاتەی كە رووماڵی كارێكی تیرۆریستی دەكەن، ناسنامەی تەلەفزیۆنێكی كوردستانی، یان كوردی لە رووماڵەكەدا ون نەكەن، مەبەست لە وننەكردنی تەلەفزیۆنی كوردستانی یان كوردی، ئەوەیە وەك رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشناڵی كورد رووداوەكە رووماڵ بكەن، نەك وەك رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشناڵی بیانی، هۆكاری دروستكردنی ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسەكانی ئێمە بەتایبەتی ئەوانەی رووماڵی بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە و كارەساتەكانی رووداوە خۆكوژییەكانی تیرۆریستان دەكەن، جیاوازییان لەگەڵ پێشمەرگە هەر ئەوەندەیە لە بری كلاشینكۆف مایكی بەدەستە، یان كامێرای بە شانەوەیە، لەمەش زیاتر رۆژنامەنووسەكانی كەناڵەكانی سەتەلایتی كوردستان، تەنها و تەنها وەك رۆژنامەنووس و پیشەی رۆژنامەنووس رووماڵی رووداوەكان ناكەن، بەڵكو ئەو كارە بە كارێكی نیشتمانی و نەتەوەییش دەزانن، بۆیە پێویستە وەك رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشیناڵی پێشمەرگە رووداوەكان رووماڵ بكەن، نەك تەنها وەك رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشناڵ.
لەوانەیە هەندێك لە هاوڕێیانی رۆژنامەنووسمان بەو جۆرە ئەم قسەیە تەفسیر بكەن كە مەبەست ئەوەیە لە شێوازی گلۆباڵی رۆژنامەنووسی دوور بكەوینەوە و رووماڵەكانمان بكەینەوە رووماڵی لۆكاڵی تەقلیدی؟ نەخێر مەبەستەكە تەواو پێچەوانەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رۆژنامەنووسێكی بیانی چەند پڕۆفیشناڵ بێت، هێندەی رۆژنامەنووسە پڕۆفیشناڵە كوردەكە لەو رووداوانە تێناگات كە لە كوردستان روودەدەن، بۆیە گرنگە ئەم تێگەیشتنەی رۆژنامەنووسە كوردەكە ئاوێتەی رۆژنامەگەری پڕۆفیشناڵی گلۆباڵی بێت. لێرەدا گرنگە ئاماژە بە چەند رووماڵێكی گرنگ پێبكەین:
1. ساڵی 1991 زوومی كامێرای رۆژنامەنووسی جیهانی وایكرد بڕیاری 688 و ناوچەی ئارام لە سەرووی هیڵی 36 دابمەزرێت و ئەم ئەزموونەی ئێستای لێ بەرهەم بێت. ئەگەر بە ویژدانەوە بەراوردێك بكەین لەگەڵ رێزی زۆر بێپایانی نەتەوەی كورد بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی لە 1991 كارەساتی ئێمەیان بە جیهان گەیاند، دەبینین ماوەی نزیكەی 10 رۆژ نەتەوەیەك لە مەرگەساتدا بوو، ئەوجا جیهان بڕیاریدا، بەڵام ئەمجارەیان لە2ی ئاب تیرۆریستانی داعش شنگالیان گرت، لەبەر ئەوەی شاشەی تەلەفزیۆنەكانی كوردستان زۆر كوردانە كارەساتی چیای شنگالیان رووماڵكرد، لەگەڵ ئەوەی هەموو كەناڵەكان بەپێی ئیمكانیەتی خۆیان درێغییان نەكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیمكانییەتی تەلەفزیۆنی رووداو لە رووی تەكنیكەوە لەوانی دیكە بەرزتر بوو، توانرا جیهان زووتر بێتە دەنگ و بڕیاریش زووتر لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەربچێت، راستە ماس میدیا ئێستا زۆر لە 1991 پێشكەوتووترە، بەڵام وەرگرتنی بڕیار لە ناو ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە پرسێك دە هێندەی 1991 قورسترە.
2. لە رووماڵی كارەساتی چیای شنگال پەیامنێری تەلەفزیۆنی رووداو لەگەڵ فڕۆكەی فریاكەوتن خۆی گەیاندە چیای شنگال و لەسەر چیاكە ئەو كارەساتەی گواستەوە، دیارە رۆژنامەنووسان بەتایبەتی ئەوانەی رووماڵی كارەسات و شەڕەكان دەكەن، هەموویان هەمان هاندان و بوێری رۆژنامەنووسەكەی رووداویان هەیە، بەڵام ئەوەی دەبێتە هاندانێكی زیاتر بۆ پەیامنێرانی تەلەفزیۆنەكانی كوردستان، هاندەری هەستی نیشتمانی و نەتەوەییە، هەر بۆیە لە ناو ستۆدیۆی هەواڵ و لەسەر شاشەی رووداو رۆژنامەنووسێكی دیكە دەستی بە گریان كرد، ئەو گریانە پڕۆفیشناڵیی رۆژنامەنووسەكەی جوانتر كرد، نەك رووماڵەكەی كردبێتەوە بە لۆكاڵ.
3. لە هەموو جیهاندا بەگشتی و لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی، خەریكە دەركەوتنی تیرۆریستان دەبێتە بەرهەمی خودی كۆمەڵگەكان (homegrown)، بەڵام هەتا ئێستا تیرۆر و تیرۆریستان لە كوردستان نەبووەتە بەرهەمی خودی كۆمەڵگەی كوردی، ئەمەش بەو مانایەی هێزێكی سیاسی لە هەر چوارپارچەی كوردستان نییە (لەو پەڕی چەپەوە بۆ ئەو پەڕی راست) گومانی ئەوەی لەسەر بێت، پشتگیری تیرۆریستانی داعش دەكەن، خۆ ئەگەر پێشتر هەندێكی زۆر كەمیش هەبووبن، ئەوانەش بەرهەمی كۆمەڵگەی كوردستان نەبوون، بەڵكو بەرهەمی كۆمەڵگەیەكی دیكە بوون و لە شوێنی دی پەروەردە كرابوون. بۆیە گرنگە بۆ میدیای كوردستانی ئەم خاڵە لە رووماڵكردنی رووداوەكاندا و لە بەگژداچوونەوەی تیرۆردا توخمی سەرەكیی پیشەسازی میدیای بێت.
4. جێگەی خۆشحاڵی و دەستخۆشی و شانازییە كە میدیاكانی كوردستان، بەتایبەتی شاشەی تەلەفزیۆنەكان وایانكردووە هەموو هاووڵاتیەكی كوردستان خۆی بە پێشمەرگە بزانێت، بەڵام جێگەی رەخنەیە كە نەیانتوانیوە وابكەن هەموو هاووڵاتیانی كوردستان خۆیان بە پۆلیس یان ئاسایش بزانن، لەكاتێكدا ئەم شەڕی تیرۆرە بە پلەی یەكەم و لە بەرەی ناوخۆ و بۆ كاریگەری بۆ سەر ژیانی خەڵك، شەڕی پۆلیس و ئاسایشە، بۆیە گرنگە ئەو هەستەی لای هاووڵاتیان بە رێگەی میدیاكان دروستبووە كە هەموویان خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن، دەبێت هەوڵەكان بەو ئاراستەیەش زیاتر بخرێنەگەڕ كە هەموو هاووڵاتییەك خۆی بە پۆلیس و ئاسایشی ئەم وڵاتە بزانیت، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت میدیاكانی كوردستان هەوڵبدەن هەر هاووڵاتیەكی كوردستان بكەنە خرۆكەیەكی سپی ناو خوێنی جەستەی كوردستان، بۆ ئەوەی چۆن خرۆكە سپییەكانی ناو جەستەی مرۆڤ بوونە ئامێری بەرەنگابوونەوەی ڤایرۆس و ناهێڵن مرۆڤەكە نەخۆش بكەوێت، بەهەمان شێوە دەبێت هەموو بەرپرسیار بین لەوەی رێگە نەدەین تیرۆریستان وەك ڤایرۆس لە كوردستان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.
رووماڵی كاری تیرۆریستی لە كوردستان
هەولێر وەك نموونە
هەفتەی رابردوو ئۆتۆمبیلێكی تیرۆریستان هێرشی كردە سەر بینایەی پارێزگای هەولێر و خۆی تەقاندەوە، ئەگەر لێرەدا هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو تەلەفزیۆنانە بكەین كە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئەو رووداوەیان رووماڵكرد، ئەوا هەست دەكەین ئەمە مانای ئەوەیە ئەو رۆژنامەنووسەی كە گوێبیستی هەواڵەكە بووە، راستەوخۆ لەگەڵ كامێرەمانەكەی هاوڕێی گەیشتۆتە شوێنی رووداوەكە، ئەگەر تیمی تەلەفزێۆنێك خولەكێك پێشتریش گەیشتووبێتە شوێنی رووداوەكە، لەوانەیە پەیوەندی بە دووری و نزیكی تەلەفزیۆنەكە، یان قەرەباڵغی رێگەوبان لەو كاتەدا هەبووبێت، ئەگینا گومان لەسەر حەماسی ئەو رۆژنامەنووسانە بۆ رووماڵەكە نییە، ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە، بەڵام ئەگەر سەیری هەموو رووماڵەكان بكەین، هەست دەكەین تەلەفزیۆنێكیان بەوشێوەیە رووداوەكە رووماڵ دەكات، كە سەرنجڕاكێشتر خەڵك لە دەوری شاشەكەی خۆی بهێڵێتەوە، ئەمەش لەو رووەوە كە كاری رۆژنامەگەری خۆی لە خۆیدا كێبڕكێ و مونافەسەیە، بۆیە بۆ ئەو شاشەیە جێگەی دەستخۆشیە، بەڵام ئەوەی دەبێتە جێگەی قسەكردن لەسەر رووماڵی ئەو شاشەیە، ئەوەیە لە كاتی رووماڵكردنەكەدا رۆژنامەنووسەكەی ئەو كەناڵە توخمی هەستیار تەنها لە قوربانییەكاندا دەبینێتەوە، نەك لەو قوربانییانەی كە نەیانهێشتووە قوربانییەكان زیاتر گەورەتر بن! ئەم تێبینییە لەسەر بەدواداچوونی ئەو شاشەیە نییە كە بۆ ماوەی چەند سەعاتێك بەدواداچوونی لەسەر ئەو رووداوە كردووە و هەموو لایەنەكانی رووماڵكردووە كە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵكو تێبینییەكە لە ساتی رووماڵكردنی رووداوەكەیە بە شێوەیەكی راستەوخۆ، چونكە هەموومان دەزانین كوردستان لە شەڕیكی سەختدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، ئەو تیرۆریستانە بۆیە ئەو كارە خۆكوژییانە بە تایبەتی لە هەولێر ئەنجامدەدەن، بۆ ئەوەی بارێكی ناسەقامگیر و دڵەڕاوكێ لە پایتەختی كوردستان دروست بكەن، بۆیە لەم حاڵەتەدا هیچ دوور نییە تیرۆریستانی داعش خۆیشیان سەیری شاشەی تەلەفزیۆنەكانی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی بزانن تاچەند پەیامەكەیان سەركەوتوو بووە، نەك كارە تیرۆریستییەكەیان.. هەر بۆ نموونە دوای تەقینەوەكە و رووماڵی رووداوەكە بەو شێوە سەرنجڕاكێشە، تەلەفزیۆنی رووداو هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە تیرۆریستانی داعش بە تەلەفۆن و تویتەر و فەیسبووك پیرۆزباییان لە خۆیان كردووە بۆ سەركەوتنی ئەم كارە، ئەم هەواڵە ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو رووماڵەی بۆ ئەو كارە تیرۆریستییە كراوە، پەیامەكەی تیرۆریستانی گەیاندووە، ئەم گەیاندنەش نەك هەر بۆ خەڵكی هەولێر، بەڵكو بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان و هەموو رەوەندی كورد لە جیهاندا بووە، هەروەها مۆراڵێك بۆ تیرۆریستان دروست دەكات، ئەویش ئەوەیە كە دەستیان دەگاتە هەموو شوێنێك و ئەوەی بیانەوێت و دەیانەوێت، بیكەن. ئەمە لە كاتێكدا پۆلیسی پاسەوانی پارێزگای هەولێر نەیهێشتووە ئامانجەكەیان سەركەوتوو بێت و خۆی شەهید بووە بۆ ئەوەی قەوارەی كارەسات و قوربانییەكان كەم بكاتەوە، ئەم حاڵەتە لە هێرشی تیرۆریستان بۆسەر ئاسایشی هەولێریش بەو جۆرە بوو، تیرۆریستان هاتبوون ئاسایشی هەولێر داگیر بكەن، بەڵام ئەو ئاسایشانەی پاسەوانی ئەو دامەزراوەیە بوون، وەك پاڵەوان باوەشیان بە تیرۆریستەكەدا كردبوو كە خۆی بۆمبڕێژ كردبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە پیاوانی پۆلیس و ئاسایشی كوردستان بە قوربانیكردنی خۆیان رێگە نادەن تیرۆریستان ئامانجەكانیان سەركەوتوو بێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا توخمی هەستیار لەم دوو رووماڵەی دووكاری خۆكوژیدا، تەنها ژمارەی قوربانییەكان و زیانەكانی ئەو كارەی تیرۆریستانە؟ ئایا توخمی بەهێز تەنها پیشاندانی خوێن و جەستەی شەهیدەكان و بریندارەكانە؟ ئایا توخمی هەستیار تەنیا دروست بوونی ترسە لای هاووڵاتییان؟ ئەم توخمانە راستە هەستیارن بۆ پیشەسازی هەواڵ، راستە گرنگن بۆ بەهای مرۆڤایەتی و داكۆكیكردن لە بەها مرۆڤایەتییەكان، بەڵام لە ئێستادا جیهان بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی لەگەڵ دوژمنێكدا لەشەڕداین، كە خۆی دەیەوێت لێی بپرسن بۆ خەڵكی مەدەنی دەكوژێت؟ خۆی دەیەوێت لێی بپرسن بۆ سەردەبڕیت و بۆ خەڵك لە خاچ دەدەیت و بۆ كۆیلەیەتیت زیندوو كردۆتەوە؟ ئەم لایەنە زۆر گرنگە و رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵیش كە كاری سەرەكی و بنەمای ئەخلاقیی كاری رۆژنامەگەری وای لێدەكات، هەواڵ، یان راپۆرتە هەواڵ بۆ بەرژەوەندی بەهاو كەرامەتی مرۆڤایەتی دابڕێژێت، ئەمە بە درێژایی تەمەنی میدیای ئازاد پێڕەو كراوە، بەڵام لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و تەواوی تیرۆریستانی دیكە بە هەر ناوێك بن، ئەم شێوازە دەبێتە گەیاندنی پەیامەكانی ئەوان زۆر بەسەركەوتوویی و هەر ئەمەش وایكردووە، لەگەڵ ئەوەی هەموو جیهانی ئازاد لە بەرەیەكدایە دژی تیرۆریستان بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ تیرۆریستان زیاتر دەبن، لەبەر ئەوەی كارەكانیان بە رێگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن لەو پەڕی سەركەوتندا پیشان دەدەرێن.
پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا چۆن واز لەو توخمە هەستیارە مرۆییە سەرنجڕاكێشانە دەهێندرێت، لەكاتێكدا میدیای ئازاد چاوی ئێشكگری كەرامەت و بەهای مرۆڤایەتییە؟ بێگومان هیچ رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشناڵ ناتوانێت دەستبەرداری ئەو توخمە هەستیارانە بێت، بەڵام داهێنانی رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ ئەوەیە لە خاڵی بەهێزی دوژمنەكەیەوە دەستی دوژمنەكەی بشكێنێت، لەمەش گرنگتر لەوانەیە رۆژنامەنووس كە رووماڵی شەڕی نێوان دوو دەوڵەت دەكات، بتوانێت بێلایەن بێت، بەڵام لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا رۆژنامەنووس بێلایەن نییە، بەڵكو سەرباز و پێشمەرگەیە، رۆژنامەنووس تەنها رووماڵی هەواڵ ناكات، بەڵكو خۆی بەشێكە لە شەڕەكە، بۆیە دەبێت داهێنان بكات بۆ ئەوەی بزانێت چۆن دوژمنەكەی نائومێد دەكات، هەر بۆ نموونە رۆژنامەنووس دەتوانێت زۆر بە ئاسانی پەیامی تیرۆریستان پووچەڵ بكاتەوە، ئەگەر باسی هێرشی تیرۆریستان بكەین بۆ سەر ئاسایشی هەولێر، یان پارێزگای هەولێر، هەست دەكەین پیاوانی پۆلیس و ئاسایشی ئەم وڵاتە نەك لە مردن ناترسن، بەڵكو ئەگەر تیرۆریستان بۆمباش بن باوەشیان پیادەكەن و رێگە نادەن ئارامی و سەقامگیری ئەم وڵاتە بشێوێت، ئەوەش توخمی بەهێزن بۆ دروستكردنی هەواڵ ئەو رۆژنامەنووسانەن كە لەناو رووداوەكە راستەوخۆ رووماڵی دەكەن، بۆیە گرنگە رۆژنامەنووسەكە خۆی بكاتە نموونە كە تیرۆر كار لە مۆراڵی هاووڵاتییانی ئەم كوردستانە ناكات، هەر چاوی خۆی و چاوی كامێرەكەی بكاتە پێوەر كە تیرۆریستان ناتوانن بە كردەی تیرۆریستی لە رووبەری 50 مەتر زیاتر لەناو شارەكانی هەرێمی كوردستان بترازێن، خەڵكی وڵاتپارێزیش لەوە ناترسێت.
Top