ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
«ئەو قسەیەی ئەنتۆنیۆ گرامشی كە دەڵێت: (كۆنەكە مردووە، بەڵام هێشتا تازەكە لەدایك نەبووە) زۆر راشكاوانە بەسەر واقیعی ئیستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێمەشدا پراكتیزە دەبێت و ئەو پاشاگەردانییەی دەیبینین گرنگترین نیشانەكانی ئەو واقیعەمان پیشاندەدات، لەمەش زیاتر تەنگژە جیهانییەكان و مێژووییەكان و كەسایەتییە رۆشنبیر و كۆمەڵناس و سیاسەتمەدارەكان پێمان دەڵێن پرۆسەی لەدایكبوونی سیستمیكی دیكە زۆر بە ئازار دەبێت، ئێمە گەر هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە و گۆڕانكارییە تازەكانی عێراق بخوێنینەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە گرامشی لە سەدەی رابردوو ئاماژەی پێكردووە، شتی تازە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا دەركەوتنی رێكخراوی تیرۆریستانی داعش بوو، بەڵام دەركەوتنی دیكەی تازە لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانە لە باكووری عێراق، یان وەك خۆیان دەڵێن لە باشووری كوردستان».
پڕۆفیسۆر فوات كەیمان
سەرۆكی سەنتەری دیراساتی سیاسی
لە ئەستنەبول




سەركەوتنی ستراتیژیەتی بەرگریی پێشمەرگە
دەبێتە ستراتیژیەتی هاوپەیمانان لەسەر زەوی
لەوەتەی شەڕی تیرۆریستانی داعش دەستی پێكردووە، بەردەوام میدیا بەناوبانگەكانی جیهان زۆرترین دیمانەیان لەگەڵ بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان كردووە و قسەكانی لەناو میدیاكانی جیهاندا رەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە و بایەخی گرنگی پێدراوە، هۆكاری بایەخپێدانی هاوپەیمانان و میدیاكانی جیهان بە لێدوانەكانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەیە راستەوخۆ بەرپرسە لە دۆسێی دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا و ئەو هێمنی و ئارامییەی لە كوردستان هاتۆتە ئاراوە و بەرهەمی ئەو ستراتیژییە سەركەوتووەیە كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دایڕشتووە، لەمەش گرنگتر ئەم ئەنجوومەنە دامەزراوەیەكی حزبی و تەنها یەك لایەنە نییە، بەڵكو ئەمە دامەزراوەیەكی نیشتمانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یاساكەی پەسەندكراوە، راشكاوانەتر ئەركی ئەم ئەنجوومەنە داڕشتنی ستراتیژیەتی دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بووە و، بەردەوام شەڕی تیرۆریستانی لەناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان ئەنجامداوە و ژینگەیەكی ئارامی ئەوتۆی دروستكردبوو، كە تیرۆریستان بە چەندین ساڵ جارێك نەیاندەتوانی دزەی تێدا بكەن و كاری خۆكوژی تیا ئەنجامبدەن، ئەمەش لە روانگەی جیهانەوە دڵنیاییەكی دروستكردبوو كە كۆمپانیاكانیان بتوانن بێنە كوردستان و وەبەرهێنان لە كوردستان بكەن. ئەمە هەتا گرتنی موسڵ و دروستبوونی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)، راستەوخۆ ستراتیژیەتی قەلاچۆكردنی تیرۆر رووبەڕووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان دەبووەوە. بەڵام دوای گرتنی موسڵ و تەسلیمبوونی شەش فیرقەی سوپا و پۆلیسی فیدڕالی بە تەواوی چەك و تەقەمەنی و ئامێر و كەلوپەلی سەربازییەوە بە تیرۆریستانی داعش، هەروەها تەسلیمبوونی چەند فیرقەیەكی سەربازی رژێمی ئەسەد، ئیدی شەڕی تیرۆریستان وەرچەرخانێكی گەورەی بەسەردا هات و، تیرۆریستان لە شەڕی گرووپ گرووپی بچووكەوە گۆڕدرا بۆ شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی پڕچەك بە چەكی مۆدیڕنی رۆژئاوایی و رووسی. ئەم وەرچەرخانەش وایكرد كە شەڕی تیرۆریستان وەك شەڕێك كە ئەنجوومەنی ئاسایش پێشتر بەڕێوەی دەبرد، ببێتە شەڕێكی فراوانتر و راستەوخۆ رووبەڕووی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ببێتەوە، ئەو هێزەش وەك هێزێكی سەربازی و پارێزەری وڵات، لەگەڵ ئەوەی گەمارۆیەكی گەورەی ئابووری و پێدانی چەكی لەلایەن حكومەتی عێراقەوەی خرابووەسەر، لە هەمانكاتدا دەوڵەتانی دەرەوەش راستەوخۆ نەیاندەتوانی چەك بە پێشمەرگە بدەن، هاوكات بە شێوەیەكی لەناكاو و لەپڕ پێشمەرگە رووبەڕووی شەڕێك بووەوە، ئەویش شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی بوو، راشكاوانەتر واتە دەوڵەتێك بە تاكتیكی تیرۆریستان شەڕ بكەن و هیچ بنەمایەكی ئەخلاقی سەربازی رەچاو نەكەن، وەك دەستپاراستن لە خەڵكی مەدەنی، پاراستنی مافی دیلەكانی شەڕ، پابەندبوون بە رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان لە كاتی شەڕ، لەمەش زیاتر ئەو چەك و ئیمكانییەتەی لەبەردەستی تیرۆریستان بوو، زۆر تازەتر و زیاتر و بەهێزتر بوو لەو چەكەی بەدەستی پێشمەرگەوە بوو، بۆیە شەڕەكە بۆ پێشمەرگە پێویستی بە شێوازی تازە و ستراتیژیەتی نوێ هەبوو. كەواتە بایەخدانی جیهان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیكردنی بەردەوامی میدیا بەناوبانگەكانی جیهان بە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان، لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتبوو، تا بزانن ئەم دامەزراوەیە كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش وەك گرووپ سەركەوتوو بووە، چۆن ئەم ئەزموونە بگوازرێتەوە بۆ ناو هێزێكی زەمینی سەربازی كە بتوانێت لەسەر زەوی داعش تێكبشكێنت، لە دەستپێكی ئەم شەڕەوە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان ئەم خاڵانەی بە جیهان راگەیاندووە:
1. ئەم شەڕە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تازەیە و دەبێت پێشمەرگە لەگەڵ شێوازی ئەم شەڕە نوێیە رابهێندرێت.
2. ئەم شەڕە تەنها شەڕی گرووپ گرووپی بچووكی تیرۆریستان نییە، بەڵكو ئەم شەڕە شەڕی دەوڵەتێكی بەهێزە بە تاكتیكی تیرۆریستانەوە.
3. تیرۆریستان هیچ یاسایەكیان بەسەردا جێبەجێ نابێت و هیچ یاسایەكیش لەبەر چاو ناگرن، لەمەش زیاتر رێكخراوە تیرۆریستییەكان سنووریان نییە، ئەمڕۆ هەڕەشەن لەسەر رۆژهەڵات سبەی هەڕەشەن لەسەر رۆژئاوا.
4. شەڕی تیرۆریستان لەسەر زەوی یەكلایی دەكرێتەوە، ئەو هێزەی لەسەر زەویش رووبەڕووی تیرۆریستان دەبێتەوە، دەبێت جیهان هاوكاریی بكات بۆ ئەوەی باڵانسی هێز بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە بگۆڕێت، بۆ ئەمەش پێشمەرگە پێویستی بە چەكی مۆدیرن و قورس هەیە.
ئەم لێدوانانەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بووە هۆكاری ئەوەی زەمینەیەك بۆ تێگەیشتن لە شێوازی ئەم شەڕە تازەیە دروست بێت، هەروەها بووە هۆكاری ئەوەی ئەنجوومەنی سەربازیی كۆنگرێس چەند دانیشتن بۆ پسپۆڕانی بواری سیاسەتی بەرگری و ئاسایش گرێبدەن، بەڵام هەموو ئەمانە پێشتر هەتا هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و مەخموور بەوە گرێدەدرایەوە كە هاوپەیمانان ناتوانن یارمەتی عێراقی مالیكی بدەن و ناشتوانن راستەوخۆ هاریكاری پێشمەرگە بكەن، سیاسییەكانی جیهان لە راستییەكان تێگەیشتبوون، بەڵام نەیاندەتوانی بڕیاری بوێرانە بدەن، راشكاوانەتر وەك وینستۆن چەرچل دەڵێت: (ئەمریكا هەتا هەموو بژاردە خراپەكان تاقی نەكاتەوە، پەنا بۆ بژاردە باشەكە نابات)، ئەمجارەش دوای ئەوەی هەموو بژاردە خراپەكانی تاقیكردەوە، دوای كارەساتی شنگال هاتە سەرخەت و پێش ئەمریكاش فەرەنسا بە تایبەتی سەرۆك هۆلاند پشتگیری خۆی راگەیاند و ئەمجارەش فەرەنسا رۆڵی خۆی گیرا بۆ ئەوەی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایش دژ بە داعش دەربچێت.
وەرچەرخانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش
دوای داگیركردنی شنگال
داگیركردنی شنگال كارەساتێكی مرۆیی و رووخساری وەحشیگەرانەی تیرۆریستانی داعشی هیندەی دیكە پیشانی جیهان دا، هەر بۆیە دوای ئەم كارەساتە شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی خۆی چووە بەرەكانی شەڕ بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەكە بكات، لەمەش زیاتر راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانی بوو، بۆ ئەوەی هەموو تواناكان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی پێشرەوییەكانی داعش رابگرن، بێگومان پێش ئەوەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دەست بكەن بە بۆمبارانكرنی پێگەكانی تیرۆریستانی داعش، بە چوونی سەرۆك بارزانی و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ بەرەكانی شەڕ توانرا پێشڕەوییەكانی داعش رابگیرێت، راگرتنی پێشڕەوییەكانی داعش بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی وایكرد، ئەمریكا زیاتر متمانە بە هێرشە ئاسمانییەكان پەیدا بكات و زیاتر بگاتە ئەو قەناعەتەی كە شێوازی فەرماندەیی سەربازیی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو هێزەن، بەبێ یارمەتی دەتوانن پێشڕەوی داعش رابگرن، بەڵام ئامانجی ئەمریكا و دواتریش هاوپەیمانان تەنها راگرتنی پێشڕەوییەكانی داعش نەبوو، بەڵكو تێكشكاندن و لەناوبردنی داعشە، بۆیە ئەركێكی قورستر كەوتە سەر شانی سەرۆك بارزانی و راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ستراتیژیەتێك بۆ ئەم شەڕە دابرێژن، كە ئاراستەی شەڕەكە لە بەرگرییەوە بگۆڕێت بۆ هێرشكردن، سەرۆك بارزانی دوای گرتنی شنگال راشكاوانە بە هەموو جیهانی راگەیاند: شێوازی شەڕەكەمان گۆڕی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن.
لەماوەی تەنها یەك دوو هەفتەدا سەرۆك بارزانی بە هاوكاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان توانی ستراتیژی شەڕەكە بگۆڕن و دەست بە ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە بكەن كە تیرۆریستانی داعش داگیری كردبوون، وەك مەخموور، خازر و بەنداوی موسڵ، هەموو ئەم سەركەوتنانە لە كاتێكدا بوون، كە هێشتا چەك و كەلوپەلی سەربازی نەگەیشتبووە كوردستان، لەگەڵ هاتنی هەندێك چەكی سووك و زیاتر پابەندبوونی پێشمەرگە بەو ستراتیژە تازەیەی سەرۆك بارزانی رایگەیاندبوو، واتە گواستنەوەی ئەزموونی شەڕی دژەتیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بۆ ناو هێزی پێشمەرگە بووە هۆكاری ئەوەی رەبیعە و زوممار لە دەست تیرۆریستان رزگار بكرێن و بە گرتنەوەی رەبیعەو زوممار، هیوایەك بۆ هاوپەیمانان دروست بوو كە دەكرێت بەو ستراتیژیەتەی سەرۆك بارزانی بۆ هێزی پێشمەرگەی داڕشتووە، سەرەتای كۆتایی هاتنی داعش بێت، هەروەها دوای گرتنەوەی زوممار و گرێدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ مسرور بارزانی لە ناو زوممار بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، خۆی لە خۆیدا راگەیاندنی سەركەوتنی ستراتیژە نوێیەكەی شەڕكردن بوو دژی تیرۆریستان، ئەمەش وەك ژەنراڵە سەربازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان ئاماژەیان پێكرد وەرچەرخانێكی گەورە بوو لەشەڕەكەدا.
پەرلەمانی ئەوروپا
بە بایەخەوە وتارەكەی مسرور بارزانی هەڵسەنگاند
سەركەوتن لە گواستنەوەی ئەزموونی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان بۆ ناو هێزی پێشمەرگە و گۆڕینی ئاراستەی شەڕەكە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن و سەركەوتنی هێرشەكان، لەیەك كاتدا ئاستی ئیرادەی لە بن نەهاتووی پێشمەرگە لە جێبەجیكردنی ئەو ستراتیژە تازەیە و دڕندەیی تیرۆریستانی داعش پیشاندەدا، جیهان لە خۆڕا نییە رێكخراوی تیرۆریستانی داعشی بە سەرەتان وەسفكردووە، بەڵام ستراتیژە تازەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و پیادەكردنی لەلایەن پێشمەرگەوە شێوازی لە ریشەهەڵكێشانی ئەو سەرەتانەی بۆ جیهان خستەڕوو.
هەندێك لەوانەی چاویان هەڵنایەت شكۆی پێشمەرگە ببینین، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە هێرشبردندا و رزگاركردنی ئەو ناوچانەی داگیركرابوون، دەگێڕنەوە بۆ شاڵاوی هێرشە ئاسمانییەكان و ئەو چەكە سووكانەی بەم دواییە بە پێشمەرگە دراون، دیارە نكۆڵی لەوە ناكرێت كە هێرشە ئاسمانییەكان و هاتنی چەكی سووك كاریگەری راستەوخۆی هەبووە، بەڵام ئەم كاریگەرییە لەناو شەترەنجی ستراتیژیەتەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا بەو پەڕی توانا سوودی لێوەرگیراوە و بەشێوازێكی زانستییانە لەناو ستراتیژەكەدا تەوزیف كراوە.
شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، شەڕێكی كلاسیكی نییە، بەڵكو شەڕكردنە لەگەڵ خەڵكانێك كە خۆیان كردۆتە بۆمبا و خۆیان دەتەقێننەوە، لەمەش زیاتر هەموو شتێك هەر لە رێگە و بینایە و تەنانەت ئاژەڵیش دەكەنە بۆمبا و بەرامبەر پێشمەرگە بەكاریان هێناوە، بۆیە خاڵی گرنگ لە داڕشتنی ئەو ستراتیژیەتەی شەڕی دژ بە تیرۆریستان كە ئەنجوومەنی ئاسایش دایڕشتووە، گواستنەوەی ئەو ستراتیژە بووە بۆ ناو هێزی پێشمەرگە، كە شەخسی مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەناو سەنگەری پێشمەرگە لەگەڵ پێشمەرگەدا جێبەجێی دەكات و دەیكاتە ئەمری واقیع.
ئەوەی لەم شەڕەدا سەرۆك بارزانی بە شانازییەوە باسی دەكات، خۆڕاگری و قارەمانێتی شەڕڤانانی (یەپەگە)یە لە كۆبانێ، لەمەش زیاتر خۆڕاگری ئەو قارەمانانە لە كۆبانێ سەرنجی جیهانی راكێشا و ئەمریكای هێنایە ئەو قەناعەتە كە پێویستە لە ئاسمانەوە هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر تیرۆریستانی داعش، بەپێی راپۆرتەكانی پێنتاگۆن ئەو شاڵاوە ئاسمانییەی لەماوەی سێ رۆژدا ئەمریكا لە كۆبانێ كردوویەتی، لە هەموو ئەو شاڵاوە ئاسمانییانە زیاتر بووە كە لە دوای داگیركردنی شنگالەوە لە ئاسمانی عێراقدا ئەنجامیداوە، بەلام وەك بینیمان شەڕ لەناو شاری كۆبانێ بووە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان و سەر شەقام، لەمەش زیاتر تیرۆریستانی داعش ویستیان بەرەی دیكە لەگەڵ پێشمەرگە بكەنەوە و چیای شنگال بگرن، بەڵام نەك هەر شكستیان هێنا، بەڵكو لە ئاكامی هێرشەكانی پێشمەرگە چەندین ناوچەی گرنگی وەك رەبیعە و زوممار بە تەواوی گوندەكانی دەوروبەرییەوە ئازاد كران، بۆیە داعش ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی بۆ ناوچە عەرەبییەكانی سووریا و عێراق و توانییان لەماوەیەكی كورتدا سەركەوتنی زۆر گەورە تۆمار بكەن.
هەر بۆیە كاتێك هەموو جیهان قارەمانیەتی پێشمەرگە لەسەرەتاوە و قارەمانیەتی ئێستای شەڕڤانان دەبینن، كە وێڕای ئەو هەموو ئازایەتییە ناتوانن ئاراستەی شەڕەكە پێچەوانە بكەنەوە، لەبەرامبەردا ستراتیژەكەی مسرور بارزانی دەبینین كە ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕیوە، ئەمە بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش وەك داهێنانێك لە ستراتیژیەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە قەڵەم دەدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەو پرسیارە گرنگەی دێتە پێشەوە، ئەوە نییە مسرور بارزانی لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا وتارێكی پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی هاوكاری بۆ كوردستان و پێشمەرگە دابین بكات و بەس، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا لای مسرور بارزانی چ شتێك ئەوەندە گرنگە كە بەرەكانی شەڕ بەجێبهێڵێت و بچێت لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا كۆببێتەوە؟ ئایا ئەو پرسە چییە هێندە گرنگە مسرور بارزانی لەم كاتە ناسكە و دوای سەركەوتنەكانی رەبیعە و زوممار بەرەی شەڕ بەجێبهێڵێت و بەشداری وتووێژێكی نێودەوڵەتی بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارەكەی مسرور بارزانی وەرناگرینەوە، بەڵكو وەڵامی ئەم پرسیارە لەو بڕیارە وەردەگرینەوە كە چۆن مسرور بارزانی لەم كاتەدا بڕیاری دا سەفەر بكات و لەناو پەرلەمانی ئەوروپا وتار پێشكەش بكات، وەڵامی ئەم پرسیارە لە پرسیارەكانی پەرلەمانتارانی ئەوروپا و رۆژنامەنووسان وەردەگرینەوە، كە لەناو تەلاری پەرلەمانی ئەوروپا و لە كۆنگرە رۆژنامەییەكاندا رووبەڕووی مسرور بارزانی دەكرانەوە. مسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووساندا بۆ پێویستی پێشمەرگە بە چەكی قورس، ئاماژەی بە شەهیدبوونی سێ براكەی شاری سۆران كرد، كە چۆن هەر سێكیان شەهید بوون لەبەر ئەوەی چەكی دژە تانكیان پێ نەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە پەیامەكەی مسرور بارزانی بۆ ئەوروپا و جیهان بریتی بووە لە:
1. ئەگەر دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش هەڕەشە بێت لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، ئەوا ئاشتی و سەقامگیريی كوردستانیش بەشێكە لە ئاشتی و ئاسایش لە جیهاندا.
2. بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیريی كوردستان پارێزراو بێت، سەرچاوەی مرۆیی و سەربازیی لە كوردستان هەیە، كە ئەویش هێزی پێشمەرگەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستان بپارێزێت، بەڵام ئەم سەرچاوە سەربازی و مرۆییە پێویستی بەوە هەیە لە رووی سەربازییەوە پەرەی پێبدرێت و چەكی قورس و مۆدیرنی پێبدرێت.
3. سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، ژێرخانێكی تازە بۆ شەڕی دژەتیرۆر لەسەر ئاستی جیهان دروست دەكات، ئەو وەهمەش دەڕەوێنێتەوە كە گوایە تیرۆریستانی داعش هێزێكن ناشكێن، كە هەر ئەوە سەرنجی هەزاران هاووڵاتی رۆژئاوای راكێشاوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە بكەن و پاشان بۆ ئەوروپا بگەڕێنەوە.
4. سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە كۆتایی بە شەڕی بەوەكالەت دەهێنێت كە بەشێكی زۆر لە هاوپەیمان و دۆستەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا بۆ مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات پەنایان بۆ بردووە و لە ئایندەشدا پەنای بۆدەبەن.
5. سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستاندا ئامانجە هاوبەشەكانی هاوپەیمانانی دژە تیرۆر دیسان پۆلێن دەكاتەوە، ئەو جیاوازییانەی ئێستا لە هەڵوێستی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی داعش هەیە، كاڵ دەكاتەوە و لێك نزیكتر دەبنەوە.
6. سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش وەڵامی پرسیارەكەی هەفتەی رابردووی ریچارد هاسی سەرۆكی ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوە دەداتەوە كە لە فورین ئەفیرزدا نووسیویەتی: لەم جیهانە لەبەریەك هەڵوەشاوەدا: چۆن وەڵامی ئەم پاشاگەردانی و بێ سیستەمییە دەدرێتەوە؟
Top