ئابووری بازاڕ و ململانێی هاوسەنگی كەرتی تایبەت بنەمای دیموكراتی و سەروەری یاسایە
October 16, 2014
راپۆرتەکان
هەموو ئەمانە بەرەو ئەو راستییەمان دەبات، سەركەوتن لە پرۆسەی وەرچەرخانی ئابووری لە ئابووریی دەوڵەتەوە بۆ ئابووریی بازاڕ، پێشمەرجی سەركەوتنی قۆناخی راگواستنە بەرەو دیموكراتی. لێرەوە ئەو پرسیارە دێتەئاراوە: بۆچی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو پرۆسەی گواستنەوەی ئابووریی دەوڵەت بۆ ئابووریی بازاڕ ئاستی سەركەوتنیان بە ئەندازەیەكی فراوان جیاواز بووە؟ تەنانەت چەند وڵاتێكی كەم لە ناو وڵاتانی تازەپێگەیشتوو توانییان بەم سیاسەتە رێچكەی ئابوورییان بگۆڕن و توانای دامەزراو و دەزگاكانیان بەرز بكەنەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە سەركەوتن لە پرۆسەی گواستنەوەی ئابووری بەرەنجامی بونیادنان و رێكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەتە، ئەمەش بەو مانایە راستە دەسەڵاتەكان خۆیان دامەزراوەكان بونیاد دەنێن، بەڵام هەر خودی دامەزراوەكانیش سنوور بۆ دەسەڵاتەكان دادەنێت و ململانێی ئابووریی بازاڕ رێكدەخات و سیاسەتی مەحسوبییەت و مەنسوبییەت دەگۆڕێت بۆ لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و دانانی كەسی گونجاو لە شوێنی گونجاو. ئەوجا كاتێك دەوڵەتانی تازە پێگەیشتوو لەم پرۆسە هەستیارەی وەرچەرخاندا لە پرۆسەی بونیادنان و رێكخستنەوەی دامەزراوەكان سەركەوتوو نابن، زۆر جار پرۆسەی بونیادنانی دامەزراوەكان كۆپی دەكەنەوە، یان لاسایی وڵاتانی دیكە دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی پرۆسەی پەرەپێدانی توانای مرۆیی بایەخ پێبدەن، ئەوا دەركەوتنی كەموكوڕییەكانی بەتایبەتكردن دەبێتە هۆكارێك بۆ شێواندنی پرۆسەی ئابووریی وڵات و ئاكامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە، هەر بۆیەش لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریكای لاتینی بەتایبەتی لە پیرۆ و كۆلۆمبیا لە بری ئەوەی بە دوای گرفت و كەموكورتییەكانی پرۆسەی گواستنەوەی ئابووریدا بگەڕێن، ئەوا پرۆسەی ئابووریی دەوڵەتی، دیكتاتۆرێكی وەك بینۆشی لە پرۆسەی ئابووریی بازاڕی بە سەركەوتووتر دەزانن و بانگێشە بۆ ئەوە دەكات سەركەوتوویی ئابووریی چیلی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئابووری بینۆشی، نەك گواستنەوە لە ئابووریی دەوڵەتەوە بۆ ئابووریی بازاڕ، ئەمەش یەكێكە لەو سەرلێشێواوییەی لە ئاكامی شكستی پرۆسەی وەرچەرخانی ئابووری لە ئابووریی دەوڵەتەوە بۆ ئابووریی بازاڕ دێتە ئاراوە.
دیارە هەر لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا و لە پرۆسەی بونیادنانی دامەزراوەكان و دروستكردنی ململانێی و هاوسەنگی لە بازاڕدا، كە ئەمەش دەبێتە ئەو ژێرخانە پتەوەی زەمینە بۆ پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام و بنەماكانی بونیادی دیموكراسی دەڕەخسێنیت، زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبین، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی هەستیار و لەسەرخۆیە و پێویستی بەوەیە قۆناخ بە قۆناخ هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت و كاتێكی زۆری دەوێت! ئەم قسەیە ئەگەر بۆ سەدەی نۆزدەهەم كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لەسەرخۆ و هێواش بووە، راست بووبێت، ئەوا بۆ نیوەی دووەمی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەك هەرگیز راست نییە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژێرخانی كەلتووری دیموكراتی و رۆشنبیری سەروەریی یاسا لە سەركەوتنی بونیادنانی دامەزراوەكان و وەرچەرخانی ئابووری سەرچاوە دەگرێت، هۆكاری سادەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە مافی خاوەنداریەتی تایبەت دەبێتە بنەما بۆ خاوەنداریەتی فیكر و ئازادی رادەربڕین، هەروەها دروستبوونی چینی ناوەند هۆكاری سەرەكی و گرنگە بۆ ژێرخانی سەروەریی یاسا لە وڵاتدا، ئەمە بەرەو ئەو ئاراستەیەمان دەبات بگەڕێینەوە بۆ ئەو ماوەیەی پرۆسەی بونیادنان و رێكخستنی دامەزراوەكان لە دوای نیوەی دووەمی سەدەمی بیستەمەوە پێویستی پێی بووە و چۆن رۆژ لە دوای رۆژ ئەگەر ئیرادە هەبێت، ئەو ماوەیە هێشتا كورتتر دەبێتەوە. هەر بۆ نموونە ئەم پرۆسەیە كە بۆ نزیكەی 180 ساڵ لە بەریتانیا سەركەوتوو بووە، دەبینین لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم ژاپۆن بە 30 ساڵ بڕیویەتی و لە نیوەی دووەمی هەمان سەدە كۆریای باشوور بە 11 ساڵ بڕیویەتی، بۆ ئێستاش كە قۆناخێكی نوێ لە كۆمپانیای فرەنەتەوە و مەرجەكانی بازرگانی جیهانی و راسپاردەكانی بانكی نێودەوڵەتی هاتوونەتە ئاراوە، ئەوا نەك هەر لە ماوەی چەند ساڵێكدا دەتوانرێت ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنرێت، بەڵكو دەتوانرێت لە چەند ساڵێكدا مافی ئەندامیەتی لە رێكخراوی بارزگانی جیهانی وەر بگرێت، بۆ ئێستای جیهانیش ئەندامیەتی رێكخراوی بازرگانی جیهانی ئەگەر هاوتای ئەندامیەتی نەبێت لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوا هیچی كەمتر نییە. لەمەش گرنگتر ئەندامیەتی لە رێكخراوی بارزگانی جیهانی سنووردار نەكراوە بە مافی ئەندامیەتی ئەو وڵاتە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەر بۆ نموونە: تایوان ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، بەڵام ئەندامی رێكخراوی بازرگانی جیهانییە، ئەمە لە كاتێكدا رێكخراوی بارزگانی جیهانی سەدان رەخنەی توندی لەسەر كۆماری چینی میللی هەیە.
لایەنێكی دیكەی ئەم پرسە كە پرۆسەی لاساییكردنەوە و كۆپیكردنەوەیە، مەترسییەكی هێجگار گەورە لە پرۆسەی گواستنەوەی ئابووری دروست دەكات، ئەمەش بەو مانایەی مەرج نییە سەركەوتنی پرۆسەی گواستنەوەی ئابووری پەیوەست بێت بە پرۆسەی تایبەتكردنی وڵاتێك و دووبارە كۆپی كردنەوەی لە وڵاتێكی دیكە، ئەمەش مانای ئەوەیە پرۆسەی گواستنەوەی ئابووری، پرۆسەیەكە رەچاوی تایبەتمەندی وڵاتەكە دەكات و ئەوانەشی لە قۆناخی گواستنەوەی ئابووری سەركردایەتی پرۆسەی پەرەپێدان دەكەن، گرنگە رەچاوی تایبەتمەندی وڵاتی خۆیان بكەن. هەر بۆ نموونە: لی كوان یو سەرۆكی سەنگافورا لە ساڵی 1959 – 1990 سەرۆك وەزیرانی سەنگافورا بووە و لە كتێبەكەیدا بە ناونیشانی (چیرۆكی سەركەوتنی سەنگافورا لە 30 ساڵدا) ئاماژەی بەوە كردووە، لەسەرەتاوە كە دەستی بە پرۆسەی بوینادنانەوەی دەوڵەت كردووە، ویستوویەتی «لاسایی هۆنگ كۆنگ» بكاتەوە، بەڵام پاشگەز بووتەوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سەیرم كرد، لە هۆنگ كۆنگ رێژەی باجدان زۆرە و گەلەكەی من بەرگەی ناگرێت، دیسان ویستم لاسایی وڵاتانی ئەسكەندنافی بكەمەوە، سەیرم كرد پیادەكردنی سۆشیال گەلەكەم تەمەڵ دەكات، بۆیە هاتم بۆ خۆم سیستمێكم بەپێی تایبەتمەندی وڵاتی خۆم داڕشت و هەرخۆم كتێبی ئاوەدانكردنەوەی سەنگافورەم نووسی».
ئەم قسەیە لی كوان یو، وانەیەكی گەورەیە نەك بۆ سەنگافورا، بەڵكو بۆ پرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت و نەتەوە لە هەموو جیهان و لە خۆڕا نییە كە هیلمۆت كۆڵ ئەو راوێژكارەی هەردوو ئەڵمانیای كردەوە بە یەك، لەسەر كتێبەكەی سەركەوتنی سەنگافورا نووسیویەتی: لی كوان یو، وانەیەكی تازەی لە بونیادنانەوەی نەتەوە و دەوڵەت فێر كردین.
ئەمە فێرمان دەكات بەوەی بانگەشەكارانی بەتایبەتكردنی رەهاو تەنانەت سنوورداركراویش لەناو حكومەت پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە ئایا ئەوان تا چەند لە پرۆسەی بەتایبەتكردن تێگەیشتوون؟ ئایا پیرۆزكردنی بەتایبەتكردن تێڕوانینی زۆرینەی خەڵكی ئاسایی گۆڕی، بەوەی رێچكەی ئابووری بەرەو ئابووریی بازاڕ ببەین؟ بێگومان وەڵامەكە بە نەخێرە، لەبەر ئەوەی كەموكورتییەكانی پرۆسەی گواستنەوەی ئابووری لە ئابووریی دەوڵەتیەوە بۆ ئابووریی بازاڕ و ململانێی كەرتی تایبەت وەك پێویست سەركەوتوو نەبووە، هۆكاری ئەو سەرنەكەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە پلەی یەكەم ئەم وەرچەرخانە نەیتوانیوە سیستمێكی باجی رێكوپێكی ئەوتۆ بەرهەم بهێنێت، بەوەی ئەو سیستمی باجە ببێتە هۆكارێك كە لە بری ئەوەی هاووڵاتیان فەرمانبەری حكومەت بن، حكومەت بكاتە فەرمانبەری هاووڵاتی، لە بری ئەوەی وەك ئێستا هەموو هاووڵاتییەك چاوی لەوەیە حكومەت بەخێوی بكات، ئەوكات حكومەت چاوی لە باجدانی هاووڵاتی دەبوو، هاووڵاتیش خۆی حكومەتی خۆی بەخێو دەكرد.
ئەم ئاراستەیە بەرەو ئەوەمان دەبات لە كاتێكدا پرۆسەی وەرچەرخانی ئابووری بۆ ئابووریی بازاڕ و ململانێی كەرتی تایبەت نەیتوانیبێت ببێتە سەرچاوەیەك بۆ هەلی كار و بەخیوكردنی حكومەت، ئایا لۆژیك لە وەرچەرخانی ئابووریی دەوڵەت بۆ ئابووریی بازاڕ و بە تایبەتكردن چییە؟
لە كاتێكدا حكومەت سیستمی باجێكی ئەوتۆی نەبێت كە بتوانێت خۆی لەسەری رابوەستێت، ئایا سەرچاوەكانی ئابووری لە بەردەستی دەوڵەت بن لە بەتایبەتكردن باشتر نین؟ ئایا ئەمە هەمان دووبارەكردنەوەی قسەكانی هاووڵاتییانی پیرۆ و كۆلۆمبیا نین، كە ئەوانیش ئابووریی دەوڵەتی سەردەمی بینۆشی لە وەرچەرخانی ئابووری و بەتایبەتكردنی ئێستای ئەو دوو وڵاتە بە باشتر دەزانن؟
زۆر جاران لەمیان هەوراز و نشێوەكانی ئەم پرۆسە قورسەی وەرچەرخاندا، چۆن پرۆسەی وەرچەرخان لەسەرەتا بە تایبەتكردن دەست پێدەكات، لە هەمانكاتدا كاتێك ئەم بە تایبەتكردنە ئامانجەكەی خۆی ناپێكێت، ئەوا پرۆسەی گێڕانەوە بۆ كەرتی گشتی دووبارە پەنای بۆ براوەتەوە، هەر بۆ نموونە: لە سەرەتای پرۆسەی بونیادنەوەی كۆریای باشوور هێڵی ئاسن كەرتی تایبەت بوو، بەڵام پارك چانگ ئەمەی گێڕایەوە بۆ كەرتی گشتی، هەروەها مارگرێت تاتچەر كە بە گەورەترین سەركردەی جیهان دەناسرێت لە بواری بەتایبەتكردنی هەموو كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت، بەڵام كۆمپانیای دروستكردنی كەشتی شاهانەی لە چوارچێوەی كەرتی گشتی هێشتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە وەرچەرخانی ئابووری لە ئابووریی دەوڵەتەوە بۆ ئابووریی بازاڕ، پرۆسەیەكی بێگیانی یەك ئاراستە نییە كە بە تەنیا گۆڕینی كەرتی گشتی بێت بۆ كەرتی تایبەت، بەڵكو پرۆسیەكی دینامیكییە و زۆرجار لە هەوراز و نشێوەكانی ئەم پرۆسە هەستیارە ئەو ئەو لایانەنەی پرۆسەكە لە چوارچێوەی كەرتی تایبەت سەركەوتوو نەبوون، بگێڕینەوە بۆ كەرتی گشتی كە لەوانەیە ئەم گێڕانەوەیە بەشێویەكی كاتی بێت، هەتا ژێرخانێكی پتەوی بۆ دروست دەكرێت.
ئەگەر لێرەدا هەر بۆ نموونە ئاماژە بە كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان بكەین، كە بە بەردی بناخەی ئابووریی كوردستان هەژمار دەكرێت، بە ئاشكرا هەستدەكرێت، پرۆسەی وەبەرهێنان لەم كەرتە لاوازە، هۆكاری لاوازییەكەی ئەوەیە لەم كەرتەدا قازانج وەك كەرتی نیشتەجێ و تەنانەت نەوتیش خێرا نییە، بۆیە كەمتر سەرمایە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە لە كەرتی كشتوكاڵ خەرج دەكرێت، بۆیە ئەگەر هاندەری گەورەش دروست بكەین و ئاسانكاری زۆر گەورەش بۆ وەبەرهێنان لەم كەرتە فەراهەم بكرێت، لەوانەیە پرۆسەكە بەو ئاستە سەركەوتوو نەبێت كە ئومێدی بۆ دەخوازرێت، راشكاوانەتر لەوانەیە نەتوانێت كەرتی كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەیەك بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ، بۆیە لەم كاتەدا زۆر گرنگە كەرتی كشتوكاڵ راستەوخۆ لەلایەن حكومەتەوە وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، ئەم كەرتە بكاتە سەرچاوەی دۆزینەوەی هەلی كار و لەهەمانكاتدا پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ، بەڵام بە جەختكردنەوەمان لەسەر ئەوەی تەنها دەبێت بە تایبەت بكرێت و تایبەتكردن نەبێت نابینە دیموكراتی، ئەوا ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئاستەنگ دروستكردن و دواخستنی وەرچەرخان و سەركەوتنی پرۆسەی پەرەپێدان.