گۆڕینی ستراتیژیەتی پێشمەرگە لەبەرگرییەوە بۆ هێرشكردن وەرچەرخانێكی گرنگی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا بە هێزە ئاسمانیەكان بۆ پشتگیری پێشمەرگە دەست بەكار بن، هەروەها فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و ئەلمانیا و تەواوی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی خۆیان بۆ كوردستان و پێشمەرگە پیشانداوە، دیارە ئەم راپۆرتەی ئیمە پێش دەرچوونی ئەو بڕیارانەیە، بەڵام دەبێت ئەو راستیە لەبەر چاو بگیرێت مقاوەمەت و ئیرادەی پێشمەرگە ئەو گۆڕانكاری و وەرچەرخانەی دروستكردووە، هەر بۆیە لێدوانەكانی نێو ئەم راپۆرتە رەنگدانەوەی ورەی بەرزی پێشمەرگەیە، هەر بۆیە ئەو كاتەی بەرەو سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە لەچەند میحوەرێكی شەلالات و بەعشیقەو تلكێف و بەرتڵە و كەمپی ئاوارە ئیزیدیەكان لە كۆمەڵگەكانی شاریا و سحێلێ و شارەدێی خاكێ لەپارێزگای دهۆك بەڕێكەوتین پێشمەرگەكانی كوردستان پشتگیری خەڵكیان بەگەورەترین سەرمایە دادەنا و داوایان لەخەڵكی كوردستان كرد متمانە بەهێزو ورەی پێشمەرگەیان هەبێت و ئەوان ئامادەی قوربانیدان و شەهیدبوونیان هەیە، لەمیحوەری شێخان – شەلالات فەرماندە سەربازیەكانی پێشمەرگە باسیان لە پێشڕەوی پێشمەرگە و دەستبەسەراگرتنی زۆر لەو گوندو ناحیانە كرد كە تیرۆرستانی داعش لەژێر دەستیان بوو، بگرە لەبەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە شەڕی توند لەنێوان قەناسەكانی پێشمەرگەو چەتەكانی داعش بەڕێوەدەچوو، لە نزیك گوندەكانی نوران و باریمە ژمارەیەك لەپێشمەرگە خۆبەخشەكان پێیان وتین: (ئێمە بە گیان و خوێن پارێزگاری لەكورد و خاكی كوردستان دەكەین و رێگانادەین بە كوشتنی كوردو قڕگرتنی پێكهاتەو ئاینزاكانی كوردستان)، ژمارەیەكیش لە پێشمەرگەكانی لقی 20ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە پێشڕەویدا بوون بۆ سەنگەرەكانی پێشەوە باسیان لە نەبەردیەكانی پێشمەرگە دەكرد كە بەرامبەر پێشكەوتووترین چەك و چبەخانەی سەربازی ئەمەریكاو وڵاتانی پێشكەوتوو دەجەنگێن، ئەمەش دوای ئەوەی تیرۆرستە ئیسلامییە توندڕەوەكان لە12 فیرقەی عێراقی دەستیان كەوتبوون، ئەفسەرێكی تۆپچی كە سەرپەرشتی یەكەیەكی تۆپخانەی پێشمەرگەی دەكرد سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لەبەرامبەر گەیشتنی چەكی قورس و تۆپی پێشكەوتوو. ژمارەیەك لە ئاوارەكانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تری شنگال و دەوروبەری كە بەسەر قوتابخانەو مزگەوت و هەیكەلی بینا تەواونەبووەكان لەكۆمەڵگاو ناحیەو قەزاكانی پارێزگای دهۆك دابەشبووبوون بەگۆڤاری گوڵانیان وت: (ئێزیدی وەكو پێكهاتەیەكی رەسەنی كورد رووبەڕووی دڕندەترین رەشەكوژی لەسەر دەستی ئەو تاقمە چەكدارە توندڕەوە بووەوە و قوربانی و زیانێكی زۆرمان بەركەوت بەرادەیەك زۆر لە ئافرەت و پیاوەكانیشمان بێسەروبەرن و لەلایەن ئەو گروپە ئیسلامییە توندڕەوەوە ڕفێندراون)، هاووڵاتی سلێمان حەسەن باسی لەوە كرد كە خەلافەتی ئیسلامی لەعێراق بڕیاریداوە هەر كوردێكی ئێزیدی نەبێت بەئیسلام دەكوژرێت. لەپەرستگای لالش كە زیاتر لە 700 خێزان پەنایان بۆ ئەو پەرستگایە بردووە لەبارودۆخێكی خراپی خزمەتگوزاریدان و هیچ گرەنتیەك لەسەر تەندروستیان نەبوو ئەوان پێیان راگەیاندین دەستبەرداری كوردبوون و ئاینەكەیان بەهیچ شێوەیەك نابن و متمانەشیان بەپێشمەرگە هەیە ئەو شوێنانەیان بۆ ئازاد بكات كە چەكدارەكانی داعش لەدەست پێشمەرگەیان دەرهێناو داگیریان كرد. لەپارێزگای دهۆكیش هاووڵاتی جەلیل سەلمان كە ئاوارەی شەنگالەو لەبینایەكی هەیكەل دا خۆی و خێزانەكەی نیشتەجێن پێی وتین: (بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی كوردستان و نێودەوڵەتی بەپێی پێویست بەدەنگ گەورەیی كارەساتەكەوە نەهاتوون لەكاتێكدا 500 هەزار كوردی ئێزیدی ئاوارەو دەربەدەر بوون). زۆربەی ئاوارەكان داوای ئازادكردنی قەزاو گوندەكانیان لەدەست گرووپە تەكفیرییەكان و زەمانەتێكی نێودەوڵەتیان دەكرد.