بەسەركردنەوەی گوڵان بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
July 24, 2014
راپۆرتەکان
ئەم واقیعە وایكردووە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەدەرەوەی مەنزومەی دیفاعی عێراقی بمێنێتەوەو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجە و مووچە بۆ پێشمەرگە دابینكراوە نەك مووچە و بودجەی پێشمەرگە وەك خەرجی سەروەریی لەو بودجەیە تەرخان بكرێت كە ساڵانە پێش پەسەندكردنی بودجەی عێراق بۆ خەرجیە سەروەرییەكان جیادەكرێتەوە، لەمەش زیاتر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە بە حساب لە 17%ی بودجەی عێراق بووە و لەسەرەتای ساڵی 2014شەوە بەتەواوەتی لەلایەن نوری مالیكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڕاوە، پێشتر ساڵانە ڕێژەی لە 9.5-10% دەگەیشتە كوردستان، ئەمەش واتە ڕێژەی لە 40-45%ی ئەو بودجەی كوردستان بەپێی دەستووری عێراقی بۆی دیاریكرابوو، دەگێڕایەوە بۆ خەرجی سەروەریی، بەڵام بودجەو مووچەی پێشمەرگەش نەدەدرا.
ئاماژەكردن بەم باكگراوەندە بۆ ئەوەیە خوێنەر ئەو واقیعەی لەبەر چاو بێت، كە هاتە ئێستاش هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو مووچەیە وەرناگرێت كە شایستەی پێشمەرگەیە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدرالی بەشێك بووە لە عێراق، بەپێی پرانسیپی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانیش، سیستمی بەرگری عێراق یەكێك بووە لە دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكومەتی فیدرالی بەغدا، ئەوا بودجە و مووچەی هێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق دەبوو لەلایەن بەغداوە دیاری بكرێت و لە بودجەی سەروەریی سەرفبكرێت، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو بەگشتی و لە ماوەی 8ساڵی ماوەی سەرۆك وەزیرانی هەردوو خولی نوری مالیكی ئەم مەسەلەیە بە ئەنقەست پشتگوێ خراوە و هەوڵێكی ڕاستەوخۆ بووە بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر كوردستان و هێزی پێشمەرگە نەمێنێت. بەڵام وەك ڕووداوەكانی حوزەیران دەریانخست هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ماوەی 10 ساڵە گەمارۆی مووچە و بودجەی لەسەرە و لە پەرەپێدانی هێزی سەربازی عێراق بێبەشكراوە، ئەو هێزە جوامێرە بوو كە توانی لەبەردەم هێرشی تیرۆریستانی داعش ڕابوەستێت و ئەو شوێنانەش پڕبكاتەوە كە ئەفسەر و فەرماندەكانی مالیكی جلی سەربازیان لێ فڕێداو بە دسداشەوە هەڵهاتن و ئێستا ئەوە هەر هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كە بەم مانگی ڕەمەزانە و بەم هاوینە گەرمە سنورێك دەپارێزێت كە درێژییەكەی 1050 كیلۆمەترە.
داعش.. لە ئاستی پێشمەرگه ئەژنۆی شكاوە
لە ناو سوپاكەی مالیكیەوە لەدەرگای بەغدا دەدەن
نوری مالیكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كاتێك سوپا تێكشكاوو بەزیوەكەی خۆی دەبینێت كە هەموویان لەترسی داعش جلە سەربازییەكانیان داكەندوو دسداشەیان لەبەر كردوو هەڵاتن و ئەو هەموو چەكە مۆدێرنەشیان بۆ تیرۆریستانی داعش بەجێهێشت، لەبەرامبەردا كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبینێت نەك هەر لەبەردەم تیرۆریستانی داعش سنگی خۆی كردۆتە قەڵغان، لە هەمانكاتدا هەموو ئەو ناوچە كوردستانیانەشی كۆنترۆڵكردووە كە سوپا بەزیوەكەی بەجێیهێشتووە، بۆیە نوری مالیكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەم واقیعە هەست بە شكان و شەرمەزاری دەكات، بۆیە تووشی هیستریایەكی ئەوتۆ بووە كە ڕۆژێك تۆمەت دەخاتە پاڵ پێشمەرگە و بۆ ڕۆژی دوایی تۆمەت دەداتە پاڵ هەولێری پایتەختی كوردستان.
ئەم واقیعە تازەیە وایكردووە كە هێزی پێشمەرگە سنورێكی تازەی بۆ دروست بێت، ئەو سنورە تازەیەش دەوڵەتێكی دروستكراوی دەستی تیرۆریستانە نەك دەوڵەتی عێراق، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا لەنێوان كوردستان و بەغدا دەوڵەتێك نییە ناوی عێراق بێت، وەك لە میانەی بەسەركردنەوەی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەش لەلایەن تیمی گوڵانەوە، ئێستا لە سەنگەری پێشمەرگە لە باشوری كەركوك (تەلوەرد) ئەم سنورە وەك عەمید خالید جەوهەر غەفور جێگری فەرماندەی لیوای شەشی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێی ڕاگەیاندین كە دووری نێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش تەنیا 200 مەترە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەو سەنگەرەوە دووری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپا بەزیوەكەی مالیكی لە نزیكترین خاڵدا 200 مەتر كەمتر نییە، ئەم سەنگەرەی ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان كەركوكی لێوە دەپارێزێت، لەسەرەتای ڕووداوەكانی حوزەیران و دوای هەڵاتنی سوپا فشۆڵەكەی مالیكی، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە داگیر كرابوو و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی كەركوكی دڵی كوردستان لەدەستی تیرۆریستان ڕزگاری كردووە، خۆ ئەگەر ئەم بەرزاییەی (تەلوەرد) بەدەستی تیرۆریستانی داعشەوە بمایەوە، ئەوا شاری كەركوك لە ژێر مەترسی تیرۆریستانی داعش دەمایەوە، سەبارەت بە گرنگی ئەم ناوچەیە بۆ پاراستنی كەركوك، عەمید خالید جەوهەر غەفور بەمجۆرە بۆ گوڵانی خستەڕوو: (لیوای شەشی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ دەسپێكی ڕووداوەكانی حوزەیران و هەڵاتنی سوپاكەی مالیكی، وەك سەرجەم هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشدار بووە لە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچە كوردستانیانەی كە سوپای عێراق لێی هەڵاتوون، بۆیە لەگەڵ دەسپێكی ئەم ڕووداوە، ئێمە وەك لیوای شەشی پیادە چووینە میحوەری مەخمور و گوێڕ، پاشان فەرمانمان پێكرا بچین بۆ كەیوان و دواتریش چووین بۆ تەلوەرد، ئەم بەرزاییەی تەلوەرد كە ئێستا هێزی پێشمەرگەی لێیە و تەنیا 200 مەتر لە تیرۆریستانی داعش دوورین، پێشتر لەلایەن چەكدارانی داعش داگیركرابوو و هێزی پێشمەرگە ئەم بەرزاییانەی ڕزگار كرد وەك پشتێنەیەك بۆ پاراستنی كەركوك، بایەخی ئەم ناوچەیە كە بەرزاییەكە، بایەخێكی گرنگ و ستراتیژی بۆ پاراستنی كەركوك هەیە، چونكە لە سێ لاوە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە و لەسێ لاوە هێرش دەكەنە سەر ئەم ناوچەیە بۆ ئەوەی داگیری بكەنەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك قەڵغان ڕووبەڕوویان بۆتەوە و ئەم ناوچەیە دەپارێزێت، ورەی پێشمەرگەش پۆڵایینە لەبەر ئەوەی ئێمە خاكی خۆمان دەپارێزین و خاكی كەسمان داگیر نەكردووە، بۆیە لە ئێستادا هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە سەنگەرەكانمان باشتر قایم بكەین بۆ ئەوەی كەركوك پارێزراو بێت)).
نزیكیی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە تیرۆریستانی داعش، جیا لەوەی داعش هەموو چەك و ئۆتۆمبێل و زریپۆش و تەواوی كەلوپەلە سەربازییەكانی سوپاكەی مالیكی كەوتۆتە دەست، لە هەمانكاتدا لەبەر ئەوەی سوپا شكاوەكەی مالیكی توانای هێرشی نەماوە و تەنیا پشتی بە هێزی ئاسمانی بەستووە، ئەوا ئەم حاڵەتە وایكردووە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ترسی لە فڕۆكە جەنگیەكانی عێراقیش هەبێت، كە بە ئەنقەست و بەناوی هەڵەی نیشان یان (نیران الصدیقة)، سەنگەرەكانی پێشمەرگەش بۆردومان بكات، سەبارەت بەم مەترسیە جێگری لیوای شەشی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد كە لەم شەڕەدا دەبێت هەموو ئەگەرێك لەبەرچاو بگیرێت و حسابی بۆ بكرێت، لەبەر ئەوەی هەر لەو ماوەیە لە خورماتوو حاڵەتێكی وا ڕوویداوە كە بە حساب بە هەڵە ئەو شوێنەیان بۆردومانكردووە، بۆیە ئەوەش ئێمە وەك ئەگەرێك حسابمان بۆ كردووە و دەبێت لەبەر چاوی بگرین.
بەڵام ئەگەر لە بەرەی سوپای عێراقەوە سەیری ئاستی ڕووبەڕوونەوەی چەكدارانی داعش و سوپاكەی مالیكی بكەین، ئەوا ئەوە دەبینین كە سوپاكەی مالیكی وێڕای ئەوەی یارمەتیەكی گەورەی لۆژیستی لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و هەروەها یارمەتی هەواڵگری لەلایەن ئەمریكاوە دەكرێت و لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دەیان فڕۆكه و هەلیكۆپتەری جەنگی و ڕۆكێتی دوور هاوێژە و ڕۆژانە بەشێوەیەكی ڕەمەكی بۆمباران دەكات بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی ئەو ناوچانە خەڵكی سڤیلی لێیە، بەڵام ئەوە زیاتر لە چل ڕۆژە نەیتوانیووە پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعش ڕابگرێت و بە ناچاری خەندەق لەدەوری بەغدا لێدەدات بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانێت بەغدا بپارێزێت و سوپاكەی هێندە بێ ورە و فشۆڵە ئەركی پاراستنی بەغدای سپاردووە بە ملیشیاكانی (جەیشی مەهدی و فەیلەقی بەدر و عەسائبی ئەهلی حەق) ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا سوپا و حكومەتەكەی مالیكی شتێكی ئەوتۆی لە حكومەت و سوپاكەی كابولی سەردەمی مەلا عومەری تاڵیبان زیاتر نییە.
پێشمەرگە سەلماندی
سوپای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانه
هەر گەل و نەتەوەیەك خاوەنی ڕۆڵەی وەك ئەو پێشمەرگانە بێت كە ئێستا سنوری كوردستان دەپارێزن، ئەو ئیرادەیەشیان هەیە بڕیاری بووێر بدەن و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن.
چەند لە سیما و ئیرادە و ورەی پێشمەرگە ورد دەبینەوە، هێندە نهێنی زیاترمان بۆ ئاشكرا دەبێت، كاتێك ئەم هێزە نەبەردە لەگەڵ سوپای دەوڵەتانی سەربەخۆ بەراورد دەكەین، هەست دەكەین ئەو تواناو خۆڕاگریی و ورەی هێزی پێشمەرگە هەیەتی، ئەستەمە هیچ سوپایەك لە جیهاندا هەیبێت.
ئەمە پێداهەڵدان نییە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها هۆنینەوەی پەخشانێكی حەماس ئامێز نییە كە ورەی پێشمەرگەی پێ بەرز بكەینەوە، لەبەر ئەوەی ورەی هێزی پێشمەرگە ئەو ورەیەیە كە لە بەرزاییەكانی حەمرینەوە ئاڵای كوردستان دەشەكێننەوە، میدیاكانی جیهان ئاڵای كوردستان بەدەستی پێشمەرگەوە لە سێ ڕیانی (موسڵ و فەتحە و تكریت) بڵاودەكەنەوە، هەڵبژاردنی ئەم وێنەیەش لەناو نووسینێكی پرۆفیسۆر یۆست هێلتەرمان بە ناونیشانی:(سەربەخۆیی كوردستان: لەوە قورسترە كە دەیبنین – Kurdish independence: Harder Than It Looks))، ئەمە بۆمان دەردەخات ئەركی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چەند سەخت و قورسە، ئەمە پێمان دەڵێت چۆن لەو بارە سەخت و قورسەدا ورەی پێشمەرگە هێشتا لە چیاكانی هەڵگورد و حەسارۆست بەرزترە.
وەك لە پێشەكی ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەمان پێكرد، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەیە ئەم هێزە مووچەی نییە، ئەوەی هەیە، تەرخانكردنی بەشێكی كەمە لە بودجەی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی لە بناخەوە مووچە و بودجەی پێشمەرگە دەبوو لەسەر خەرجی سەروەرییەكانی عێراق بوایە، بەڵام حكومەتەكەی مالیكی ماوەی 10ساڵە بودجە و مووچەی پێشمەرگەی هەر نەداوە، بۆیە دەكرێت بڵێین ئەو مووچەیەی ئێستا دەدرێتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تەواو وەك ئەو یارمەتیە بێت كە هێزی پێشمەرگە لە شاخ وەریدەگرت، دیارە ئەوانەشی پێشمەرگایەتیان كردووە، پێدانی یارمەتی بە پێشمەرگە لەشاخ، هەم بڕەكەی زۆر كەم بوو، هەمیش پێوەندی بەسەری مانگەوە نەبوو، واتە مەرج نەبوو هەموو مانگێك پێشمەرگە یارمەتی پێبدرێت، لەمەش زیاتر كاتێك یارمەتی بۆ پێشمەرگە دەهات، ئەگەر لەو كاتە پێشمەرگەی تازە هەبوونایە و ناویان لەناو لیستی یارمەتیەكەش نەبوایە، ئەوا یارمەتی پێشمەرگە بەو جۆرە دابەشدەكرا ئەوانەش بگرێتەوە كە هێشتا ناویان لە لیستی یارمەتی نییە، لەگەڵ بوونی هەندێك جیاوازی لەنێوان بارودۆخی شاخ و ئێستای هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەڵام بە بەراودر بەهەموو مووچەخۆرانی كوردستان و هەروەها بە بەراورد بە مووچەی سەربازانی سوپاكەی مالیكی، ئەوا ئەو مووچەیەی پێشمەرگەی كوردستان وەریدەگرێت، تەنیا یارمەتییە، لەمەش زیاتر ئەو ئیمكانییەتەی وەزارەتی بەرگری عێراق لەبەردەستیەتی بە بەراورد ئەو ئیمكانییەتەی كە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لەبەر دەستیەتی هێشتا بەراورد ناكرێت، نزیكە لەوەی بڵێین جیاوازی نێوان ئیمكانییەتی بەردەستی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، وەك جیاوازی ئیمكانییەتی وەزارەتی بەرگری عێراقی سەردەمەكانی ڕژێمەكانی پێشوو و مەكتەبی عەسكەری شۆڕشە، بەڵام ئەگەر سەرنج لە شێوازی ئیدارەدانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەراوردی بكەین بە شێوازی ئیدارەدانی وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەوا شێوازی ئیدارەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زۆر زیاتر لە شێوازی ئیدارەدانی وەزارەتی بەرگری عێراق سەركەوتووترە، ئەگەر سەیری وەفا و دڵسۆزی پێشمەرگە بكەین بۆ خاكی كوردستان و سەرنجیش لەوەفا و دڵسۆزی سەربازانی عێراق بدەین، ئەوا دەبینین بەشی زۆری پێشمەرگە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی دەچێت بۆ سەنگەرەكانی پێشەوە و سەربازانی عێراقیش نەك هەر ئۆتۆمبێلەكانی سوپا بە جێدەهێڵن، بەڵكو بەرگە سەربازییەكانیشان فڕێ دەدەن.
ئەم بەراوردە ئەوەمان پێدەڵێت كە ورەی پێشمەرگە هەڵقوڵاوی خۆشەویستی كوردستانە و ئامادەن گیانی خۆیان فیدای كوردستان بكەن، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین كاتێك تیمی گوڵان لە ڕۆژی چوارشەممە 16/7/2014 سەردانی سەنگەرەكانی تەلوەردیان كردووە، هاوكات تیرۆریستانی داعشیش هێرشیان كردۆتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و بەداخەوە دوای گەڕانەوەی تیمەكەی گوڵان ئەو هەواڵەیان پێداین كە یەكێك لەو پێشمەرگە قارەمانەی قسەی بۆ ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان كردووە شەهید بووە. ئەو قارەمانەش ڕائید ڕەقیب شێروانییە، بۆیە ئێمە كاتێك قسەكانی ئەم شەهیدە قارەمانە و هەڤاڵانی بڵاو دەكەینەوە سەری ڕێز بۆ ئەو شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین و لە پەروەردگار دەپاڕێینەوە بە بەهەشتی بەرین شادیان بكات.
كەواتە ئەم ڕووداوە ئەوەمان پێدەڵێت ئەوە پێشمەرگەیە كە لەو ساتەی خۆشەویستی خۆی بۆ خاكی كوردستان پیشاندەدات، لە ساتەوەختێكی دیكە خۆی فیدای كوردستان كردووە، ئەو ڕۆژەش تیمەكەی گۆڤاری گوڵان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە چاوی كەوت بە چەند ئەفسەرێك و پێشمەرگەیەكی كوردستان كە پێیان ڕاگەیاندین سەرەڕای خراپی بارودۆخەكەو ئاڵۆزی ناوچەكەو بەرزی پلەكانی گەرما، بەڵام ئەوان شانازی بەوەوە دەكەن كە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان هەستیان لای ئەوانەو متمانەیان پێ دەكەن و تەنانەت خوێن و هاوكاری و كۆمەكیشیان پێشكەش كردوون؛ هەربۆیە پێشمەرگە بەڵێنیان داوە خوێنی خۆیان ببەخشنە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان. لەمبارەوە ڕائید ڕەقیب شێروانی لەلیوای شەشی پیاده(بەداخەوە دوای ئەم دیدارە شەهید بوو) وتی:(هێزی پێشمەرگە لەتوانایدا هەیە ڕووبەڕووی هەموو ئەو چەكدارانەی داعش و هێزانە ببێتەوە كە هەڕەشە لەخاكی كوردستان دەكەن، كاتی ئەوە هاتووە ئەم سەنگەرانە پاڵپشتی بكرێن و بەهێز بكرێن، مادام هێزەكانی پێشمەرگە نیازی مانەوەی هەیە، پاڵپشتی و پشتگیری خەڵكی كەركوك بۆ ئێمە گەورەترین سەرمایەیە). ئەمەو ڕائید نایف محەمەد سەبارەت بەتوانای پێشمەرگە وتی:(ئەگەر بڕیاری سەركردایەتی خۆمان نەبووایە پێشڕەوی زیاترمان دەكردوو تەواویی خاكی كوردستانمان لەتیرۆریستان و شۆڤێنییەكان ڕزگار دەكرد، بەڵام ئێمەش پێمان باشە لەم شوێنانە جێگیر ببین و زیاتر بەرگری بكەین، ئەگەر سەركردایەتی و سەروو خۆمان بەنیازبن بۆ هەتا هەتایی لێرە بمێنینەوە، پێویستە ئەم شوێنانە توندو بەهێزتر بكەین). ملازم عومەر جەمال باسی لەو كەلێنە كرد كە هێزەكانی داعش سوودیان لێوەرگرتووەو بووە هۆی تێكشكانی ئەو هێزە گەورەیەی سوپای عێراق، ئەویش شێوازی مامەڵەكردنی تائیفی و خراپی سوپاكە بوو لەگەڵ خەڵكی عەرەبی سوننەو دواتر هەڵگەڕانەوەی ئەو سەربازە سوننانە بوو لەسەركردایەتیەكی تائیفی. هەر ئەمەشە وایكردووە زۆر لەهۆزە عەرەبیەكان دژایەتی داعش نەكەن، بەڵكو پاڵپشتی و پشتگیریشی دەكەن. ئەمەش لەدوا ڕۆژدا مەترسی گەورەی هەیە.