عێراق كۆتایی هاتووە و ئەستەمە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتە فاشیلەكەی جارانیش
July 24, 2014
راپۆرتەکان
لە ئێستادا لەو باوەڕەدانین هیچ شتێكی ئەوتۆمان دەربارەی دەسەڵاتی عێراق لەبیرمابێت، چونكە ئەم دەوڵەتەی جاران بە جارێك هەرەسی هێناوە، تەنانەت پێش ئەوەش لە سایەی سیاسەتێكی فاشیلی حكومەتدا هەر بە دەوڵەتێكی فاشیل ناودەبرا، دەبوایە هەر بەمە قایل بووباینایە، چونكە ئومێدی سەرەتاكانی گەڕانەوە هێشتا لە ئارادابوون، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێت بریتییە لە هەرەسهێنان و وێرانكاریی تەواوی دامەزراوەكانی سەربازی و مەدەنی و ئابووری و سیاسیی دەوڵەت كە تەنانەت دەوڵەتێكی فاشیلیشی لێ نەماوەتەوە، بەڵكو بوو بە حاڵەتێكی لەناوچوون و دابەشبوون و داهزران لە هەموو ڕوویەكەوە، دیارە ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتی چەوت و هەڵەی سەرۆكی حكومەتی عێراق و دارودەستەكەیەوە بوو بە درێژایی 11 ساڵ، كە وایكرد هیچ تروسكاییەكی هیوا نەیەتەدی تاكو وەك جارانی لێ بێتەوە، تەنیا بە دابەشبوون نەبێ بۆ سێ دەوڵەتی عێراقی.
هاووڵاتی عێراقی زۆر سەبری گرت و چی دیكە بەو ئومێدە ناژی كە جارێكی دی دەوڵەتی عێراق بگەڕێتەوە ئاستی ڕاستەقینەوەو واقعییانەی جاران، بە تایبەتیش دوای ئەوەی كوشتارو شەڕی تایفەگەری و پێكدادانی مەزهەبی سەری هەڵدا، كە كار گەیشتە هەرەسهێنانی سیستەمی ئەمنی و ئابووری و سیاسی، ئەوانەش ئەو بنەمایانە بوون كە هەر دەوڵەتێك پشتیان پێدەبەستێت هەتا ئەگەر فاشیلیش بێت، بەڵام چ شتێك ئەم وڵاتە ڕزگار دەكات، مەگەر دامەزراندنی دەوڵەتۆكەی بچووك نەبێت كە ئەو كاتە حوكمڕانیی ناوەند تەنیا بریتی دەبێت لە دەسەڵاتی سنووردار و كەم.
ئاساییش و سیاسەت
پێوەندیی نێوان هەرەسهێنان و نەبوون و بێ سەروبەریی ئەمنی لەگەڵ قەیرانە سیاسیییەكان لەوەتەی 11 ساڵی ڕابردووەو تاكو ئێستا پێوەندییەكی بەرامبەرە و هەرگیز بەیەك ناگەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە حكومەت نەماوەو لایەنە سیاسییەكانیش ڕوویان كردۆتە بەكارهێنانی سیاسەتی توندوتیژی و كارتی فشار و پاكتاوكردنی نەیارەكانیان، جا هۆكارەكە هەرچی بێت دەبینی كە حكومەتی بەغدا پەنای بردە بەر هەوڵی پینەكردن و چارەسەری بچووك، بەڵام هەموویان بە وەكالەت بەڕێوە دەچوون، سووربوون و بەردەوامبوونی حكومەتەكەی ئێستا لەسەر مانەوە لە دەسەڵات وێڕای ئەو هەموو قوربانییانەی ڕیز خەڵكی سڤیل، ڕەنگدانەوەی گوێ پێنەدان و سووكایەتی كردنی ئەو حكومەتەیە بە خوێنی ئەو خەڵكە بێتاوانە.
ئەو پەرەسەندنانەی لەم دواییەدا عێراق بەخۆیەوە بینی، لە هەرەسهێنانی دامەرزاوە ئەمنی و سەربازییەكان و بواردان بە گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستەكان لەوانەش(دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) و داگیركردنی گەورە شارەكانی ڕۆژئاوای عێراق، زیاتر ئەو وڵاتەی خستە دووڕیانێكی مەترسیدارو نادیارەوە، كە ئەستەمە جارێكی دیكە ئاسایی ببێتەوە. وێڕای سەرهەڵدانی كوشتن لەسەر ناسنامە و جاڕدانی جیهاد و ڕێك نەكەوتن لەسەر شێوازی ئارامبوونەوەی بارودۆخەكە لە وڵاتدا، لە كاتێكدا هەندێك سوورن لەسەر گۆڕینی نوری مالیكی سەرۆكی ئێستای حكومەتی عێراق، ڕەنگە عێراق جارێكی دیكە لەسەر پێ بوەستێتەوە و دامەزرازوەكانیش بگەڕێنەوەو سوپای عێراقیش بنیادبنرێتەوە، بەڵام تەنانەت ئەمەش مسۆگەر نییە، ئایا ئەو دەسەڵاتدارەی داهاتووی وڵات، گۆچانی سیحری بەدەستەوەیە تا بێت و عێراق ئاوەدان بكاتەوەو كۆتایی بە توندوتیژی ئێستا و كوشتاری شەقام و شارو شارۆچكەكان بهێنێت، و سنوورێك بۆ تەقینەوەكان دابنێت و مافی پەنابەر و ئاوارەكان دابین بكات و پشتیوانی بكات لە بێوەژن و منداڵان و هەیكەلبەندیی پەروەردەوە فێركردن دابڕێژێتەوەو ئاساییش و سیستەمی دادوەریی دادپەروەرانە بنیاد بنێت؟
حوسام ڕوبێعی كە چاودێری سیاسی و لێكۆڵەرەوەی ئەمنییە لە بەغدا، بە گوڵانی ڕاگەیاند: نەبوونی ئاساییش لە عێراق بۆ نەبوونی بنەما سەرەكییەكانی ئاساییش و بەرگری و گەندەڵی و بە سیاسەتكردن دەگەڕێتەوە، چونكە ئاسایش بەبێ سیستەمێكی سەقامگیریی سیاسی بوونی نابێت، ئەمەش لە بارودۆخی ئێستای عێراقدا نییە، لەوەتەی ساڵی 2003وە عێراق لە تێكچڕژان و قەیرانەكاندا دەژی هەر لەپێناو مانەوەی لایەنە سیاسییەكان لە دەسەڵاتدا، ئەو لایەنەنانە هۆكاری سەرەكین لە زیاتر ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە، هەر لەبەر ئەوەیە كە ئەو ڕێكخراوە جیهادییانە لاوازیی ئاساییش و بەرگریی عێراقیان قۆستەوەو چەندین كردەوەو هێرشیان دژی پێگەو شوێنەكان ئەنجام دا، هەندێكیان پێگەو شوێنی كوالیتی بوون وەكو دامەزراوەكانی دەوڵەت، لەوانەش بەندیخانەو بانكەكان، بەڵام لەم دواییەدا شوێنە گشتییەكان و بازاڕو شارو شارۆچكەكانیش كرانە ئامانج. ڕوبەیعی ئەوەی بەدوور زانی كە لەو هەرەس و ئاژاوەیەی عێراقی تێوەگلاوە هیچ چارەسەرێكی بەپەلەی بۆ بێتەئاراوە، ڕوونیشی كردەوە كە ئەمە پێویستی بە سیستەمێكی بەرگری و ئیرادەیەكی نیشتمانی هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەو كاولكارییەی عێراقی گرتۆتەوە، من پێموایە كە عێراق پێویستی بە دوو ساڵ زیاتر هەیە تاكو لەو توندوتیژییە ڕزگاری بێت، دیارە ئەویش بە بوونی سەركردایەتییەكی ئەمنی دەبێت كە توانایەكی نیشتمانی هەبێت نەك تایفەگەریی دوژمنكارانە.
كوژراو و قوربانییەكانی دەست سیاسەتی حكومەت
لە ساڵی 2003دا زیاتر لە 32 هەزار كەس لە عێراق كوژراون و پتر لە 70 هەزاریش لەوانە پۆلیس و سەرباز برینداربوونە، بەڵام تا نیوەی 2014 گەیشتە هەشتیەكی ئەم ژمارەیە، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق(یۆنامی) لە 1ی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕایگەیاند كە تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا 5536 هاووڵاتی عێراقی لە كردەوەی توندوتیژیدا كوژراون و بریندار بوون، كە ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەوەتەی سەرەتای ئەمساڵدا، دووپاتی كردەوە كە شاری بەغدا لەهەموو شارەكان زیاتر زەرەرمەند بووە، لەلایەكی دیكەوە نیكۆلای ملادینۆڤ سەرۆكی نێردەكە دووپاتی كردەوە كە مانەوەی بەشێكی زۆری وڵات لەژێر دەسەڵاتی (داعش) وا دەخوازێت كە سەركردە نیشتمانپەروەرەكان بەیەكەوە كاربكەن بۆ هەرەس پێهێنانی ئەو هەوڵانەی لە ئارادان بە مەبەستی لێكهەڵوەشاندنەوەی پێوەندیی پێكهاتەیی كۆمەڵایەتی، ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەوەی كە بە پرۆسەی سیاسیی دێتەدی بە كاری سەربازی ئەنجام نادرێ. كردەوەكانی توندوتیژیش بە شێوەیەك زیادیان كردووە دوای ئەوەی كە داعش لە 10ی حوزەیراندا شاری موسڵی داگیركرد كە دواتر چالاكییەكانی چڕتركردەوە بەرامبەر بە پارێزگاكانی سەلاحەدین و دیالە و ئەنبار.
كۆچ و ئاییندەیەكی نادیار
بەپێی دوا ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا گەیشتۆتە 7.6 ملیۆن كەس كە بەرزترین ژمارەیە لەوەتەی ساڵی 1994، ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە پێنج دەوڵەت ڕێژەكەیان لە پێشەوەی دەوڵەتانی دیكەوەیە لە ژمارەی پەنابەراندا، كە بریتین لە ئەفغانستان و سۆماڵ و عێراق و سودان و سوریا.
ژمارەی پەنابەرانیش لە عێراق لە هەردوو ساڵی 2013 و 2014 لە ملیۆنێك زیاترە كە هاتوونەتە نێو وڵاتەوە، لە كاتێكدا كە حكومەت لەو كارەساتە مرۆییە كەم دەكاتەوە كە لە ناوچە كێشە گەرمەكانی عێراق بەرەو ڕووی ئەو خێزانانە بۆتەوە، دیارە ژمارەی پەنابەرانی تازەی جیهان لە ڕۆژێكدا گەیشتۆتە 14 هەزار كەس لە ساڵی 2011 و لە 2013 بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە 23 هەزار كەس، بەڵام لە 2014 گەیشتە 32 هەزار كەس، ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو توانایەی نەماوە كە چی دیكە كێشەو ململانێكان بگرێتە خۆی. باوكی عەبدولڵا كە پەنابەرێكەو لە نەینەوا هەڵاتووەو لە هەولێر نیشتەجێیە بە گوڵانی ڕاگەیاند: هەست نەكردنی حكومەتی عێراق بە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر میللەت وامان لێدەكات هیچ ئومێدێكمان بە ئاییندە نەمێنێت، ئاماژەش بەوە دەكات كە ئەگەر چاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبوایە لە حەواندنەوەی هەزاران پەنابەر، ئێستا چارەنووسمان بە چی دەگەیشت.
وڵاتی نەوت بەرەو فیدرالی ههرێمهكان یان دروست بوونی چهند دهوڵهتێكی سهربهخۆ
عێراق وڵاتێكی نەوتاوییە و خاوەنی دووەم یەدەگی نەوتە لە ناوچەكەدا، لە ئێستادا دووچاری شەپۆلێكی داڕمانی ئابووری بووە كە لە مێژووی ئەو وڵاتە ڕووینەداوە، ساڵح تەحان شارەزای ئابووری دەڵێت: بودجەی عێراق گەیشتۆتە 157 ترلیۆن دینار، ئەمەش ژمارەیەكی ترسناكە لە وڵاتێكدا كە خەڵكەكەی لە ژێر كەمترین ئاستی هێڵی هەژاری و گومڕاییدا دەژین لە كاتێكدا كە بودجەی عێراق سێ ئەوەندەی بودجەی ئەردەن و ئێران و دوو ئەوەندەی توركیاو دەوڵەتانی عەرەبی و ئەفریقی و تەنانەت ئەوروپیشە.
لەلای خۆشیەوە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: ئەو داخوازیانەی تایبەت بە دابەشكردنی عێراق بۆ هەرێمەكان ئامادەیە و بە دڵنیاییەوە هیچ بە دوور نازانرێ ئەگەر كێشەكانی بەغدا چارەسەر نەكرێت و نەخشەی عێراق نەگۆڕدرێ، هەروەها ئەگەر ئیدارەی ئێستا هەر بەم شێوەیە بەردەوام بوو، ڕوونیشی كردەوە كە دروستبوونی هەرێم لە دەستووردا هاتووە و یاسایەكیش پێشتر دەرچووە تایبەت بە شێوازی پێكهێنانی هەرێمەكان، ئەو پێیوایە كە پێكهێنانی هەرێمەكان دەروازەیەكە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئاسن و پاوانخوازی كە دژی مافی پارێزگاكان و هاووڵاتیان درێژەی هەیە.
هەوەها نوجەیفی بەرپرسیارێتیی ئەوەی كە لە عێراق دەگوزەرێت لە هەرەسهێنانی ئاساییش و پرۆسەی سیاسی كۆمەڵایەتی خستە ئەستۆی نوری مالیكی، ناڕەزایی خۆیشی دەربڕی لەهەمبەر بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەكوێی هاوكێشەكەوەیە؟
سەلوان سابیر كە مامۆستای زانكۆیە بە گوڵانی گوت: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نایەوێت مالیكی بەردەوام بێت، بەڵام ترسی جێگرەوەكەی هەیە، لەبەر ئەوەی عێراق نوقمی هەرەسی ئەمنی و ئابووری و سیاسی بووە، لەوەش دەترسێت بكەوێتە مەترسی دیكەوە. سابیر ڕەخنەشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان گرت كە ئیدیعای بایەخدان بە مافی مرۆڤ دەكات، چونكە هەرگیز پابەند نابێ بەوەی كە دەیڵێت و هیچ یەكسانییەك دانانێت لە نێوان مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و دەوڵەتانی دیكە، ئەو زۆر گوێی لە سەرپێچییەكان دەبێت و دەشیانبینێت، بەڵام لە هەمان كاتدا یارمەتی مالیكی دەدات و لای ئەو دەگرێت لەسەر حیسابی لایەنەكانی دیكە بە قسەی ئەوەی كە گوایە ئەمریكا پابەند نەبووە بە فشار خستنە سەر مالیكیی كە پابەندی ڕێكەوتننامەی هەولێر بێت، هەوەها گوتی: هەرچەندە مالیكی پابەند نەبوو بەو ڕێكەوتننامەیە، بەڵام هەر پشتگیری لێكراوە، بە پێچەوانەوە گوشار لە ئێمەو لە كورد و هەندێ هێزی شیعە كراوە كە نەتوانن متمانەی لێ بسەننەوە.
ئەو مامۆستایە دووپاتی كردەوە كە ئێران پشتیوانی ئەمنی و سیاسیی مالیكی دەكات، بەڵام ئەمە زیاتر تووشی هەڵەو كارەساتی دەكات، كە ئەمەش وا دەكات نەگەڕێتەوە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، ڕەزوان فاروق شارەزای ستراتیژی دەڵێت: بێ سەروبەریی ئەمنی و گەندەڵیی دارایی و سیاسی و دەستڕۆیشتوویی ئەوانەی حوكمڕانیی دەكەن و دەستگرتنیان بەسەر دادگاو ڕاگەیاندن و دەسەڵاتە ئەمنییەكان و سامانی وڵات، ئەمانە بوونە هۆی داڕمانی دەسەڵات و دەزگاكانی دەوڵەت، پرۆسەی سیاسیش كەموكورتیی تێدایەو پشت دەبەستێ بە تایفەگەریی سیاسی و پەراوێزخستن و ڕیشەكێش كردن و دوورخستنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمریكا ڕۆڵی تەماشاكەر و پشتیوانیكار لە ڕژێمی ئێستا دەبینێت، بەڵام وابزانم بارودۆخەكە بەرەو گۆڕان دەچێت. عێراق وڵاتێكە 35 ملیۆن كەسی تێدا دەژی، پێگەیەكی گرنگی ستراتیژی و ئابووریی لە ناوچەكەدا هەیە، پێویستی بە ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی هەیە كە هەموو هاووڵاتیان مافیان تێیدا پارێزراوبێت، دادپەروەری و خزمەتگوزارییەكانی ئاساییش و سەقامگیریی تێدا دەستەبەر بكرێت.
كوردو جاڕدانی دەوڵەت
پرسیارێكە ڕۆژانە دەخرێتە ڕوو لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان و لە زەینی 60 ملیۆن كورددایە لەسەر ئاستی جیهان، لە كاتێكدا كە دەیان ملیۆن لە كوردی عێراق و سوریاو ئێران و توركیا كە لەدێر زەمانەوە خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینن، بەڵام ئەو خەونە نایەتەدی، لە ئێستاشداو لەناو جەرگەی ئەو پشێوی و ئاژاوەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتیش لەوەی كە لە عێراق دەگوزەرێت، دەبینین سەركردەكانی كورد هەنگاوی یەكلاكەرەوە دەهاوێژن بە ئاراستەی ئەو خەونە، نەك هەر لە عێراق، بەڵكو لە سوریاش، كە بەم دواییە لایەنە كوردییەكان ئیدارەی سەربەخۆیان لە باكووری ڕژهەڵاتی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندووە. كوردی عێراق لە باكووری ئەو وڵاتە ناوچەیەكی سەربەخۆو گەشەسەندووی خۆیان هەیە، سوپای تایبەت و هەواڵگری تایبەتیان هەیە، ئەو هەرێمە دەتوانێ فیزای هاتنە ژوورەوە بدات. لەم سۆنگەیەوە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2014 داوای كرد ئامادەباشیی بكرێت بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ بڕیاردانی چارەنووس، بەڕێزیان گوتی: من پێموانییە كە وا پێویست بكات چی دیكە پابەندبین بە دەوڵەتی عێراقهوه.