مالیكی بودجە و مووچەی لێبڕیوون داعشیش ئاو و كارەبا

مالیكی بودجە و مووچەی لێبڕیوون داعشیش ئاو و كارەبا
كاتێك سەردانی ناوچە كوردستانیەكانی دەشتی نەینەوا دەكەیت، ئەو تۆمەت و ناوزڕاندنەی مالیكی و شۆڤێنیەكان دەرهەق بە كوردستان دەیكەن و لەهەوڵی تێكدانی پێوەندی نێوان شیعەو كوردن؛ هەر هەمووی لەلایەن پێكهاتەكانی عەرەبی سوننەو شیعەو توركمان و كریستیانەكان و كوردی یەزیدی و شەبەك ڕەتدەكرێتەوە، ئەوەتا لەهەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر نزیكەی 400 هەزار ئاوارەی موسڵ بەهەموو پێكهاتەكانیەوە ڕوویان تێكردووە. بە باشترین و سەخاوەتترین شێوە دەرگاكانی كوردستانیان بەروویاندا واڵا كراوەو هێزەكانی پێشمەرگەش پارێزگاریان لێدەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا لەبری ئەوەی حكومەتی بەغدا سوپاسگوزاری حكومەتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بێت و یارمەتی و هاوكاری بۆ ئەو لێقەوماوانە بنێرێت، كەچی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری حكومەتی عێراق بێ شەرمانە و دوور لەهەموو ئەخلاقێكی سیاسی بە تیرۆریست ناویان دێنی و وەك كەسێكی ئابڕوو تكاو ئاماژە بەوە دەكات كوردستان بۆتە شوێنی داعش و تیرۆریست و كۆنە بەعسیەكان، ئەوەی لەبیرخۆی بردۆتەوە كە ڕۆژانێك هەر ئەم كوردستانە شوێنی داڵدەدانی ئەو نوری مالیكیە بووە، كە ئێستا ئاوارەكانی بە تیرۆریست ناو دەبات.
لەمیانەی بەسەركردنەوەی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەشتی نەینەوا، ئاوارەكانی تەلكێف و تەلعفەرو ناوچەكانی دیكەی موسڵ باسیان لە سەخاوەتی پێشوازیكردنی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كردوو پێیانوابوو لەم ناوچانەدا هەستیان بەئارامی و پاراستنی سەرو ماڵیان زیاتربووە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەوان چاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی سەرۆكی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستانن تاوەكو پێداویستیە سەرەكیەكانی خۆراك و دەرمان و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكەن، لەبەر ئەوەی لەلایەك داعش و گرووپە تیرۆریستەكانی دیكە ئاو و كارەباو خزمەتگوزارییەكانیان، بەم هاوینە گەرمە و بەم مانگی ڕەمەزانە بڕیوە، ئەوانەی لەم بەسەركردنەوەیەی ئۆردوگای شێخان و خازر قسەیان بۆ كردین زیاتر لە عەرەبی شیعەو توركمان بوون، ئەوان باسی كارە تیرۆریستیەكانی داعش و بۆردومانەكانی فڕۆكە سەربازییەكانی عێراقیان دەكرد كە بەو دوو هۆكارە هەڵهاتوون، تەنانەت فڕۆكە جەنگیەكان چەندین بنكەی تەندروستی و قوتابخانەو خانووی هاووڵاتیانیان كردۆتە ئامانج و بەدەیان هاووڵاتی و منداڵ و ئافرەت كوژراو و بریندار بوون.
Top