كوردستان توخمی سەرەكی واقیعی تازەیەخۆی ناكاتەوە بە سەربازی نێو گەمەی شەترەنجی یەكپارچەیی عێراق

كوردستان توخمی سەرەكی واقیعی تازەیەخۆی ناكاتەوە بە سەربازی نێو گەمەی شەترەنجی یەكپارچەیی عێراق
((ئەوەی لە عێراق روودەدات شەڕی ئێمە نییە وەك ئەمریكا، لەبەر ئەوەی وێڕای هاندانی ئەمریكاو خەڵكانی دیكەش، بەڵام سێ راستی لە عێراقدا دروست بوون كە زەحمەتە گۆڕانكارییان بە ئاسانی بەسەردا بێت، ئەو راستیانە بریتین لە:
1. نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق بە هیچ جۆرێك نایەوێت پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقدا جێبەجێ بكرێت.
2. كورد لە عێراقدا نایانەوێت یەك هەنگاو لە سەربەخۆیی پاشەكشە بكەن.
3. عەرەبی سوننە لە ئێستادا، هاوپەیمانیان لە داعش لا پەسەندترە نەك متمانە بەحكومەتێكی شیعە بكەن كە داواكارییەكانیان پشتگوێ بخات و سەركردەكانیان بچەوسێنێتەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هیچ كام لەم راستیانە بۆ ئێمە جێگەی سوپرایزن؟ بۆیە كە ئەم راستیانە بوونیان لە واقیعدا هەیە، بۆچی هەندێك لە ئێمە باسی شتی دیكە دەكەین.. دوای سەردانەكەی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغدا، نوری مالیكی رایگەیاند بەوەی ئامادەیە حكومەتێكی نوێ پێكبهێنێت، بەڵام حكومەتێكی زۆر شمولی كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا كودەتایە نەك پێكهێنانی حكومەت)).
فرید كاپلان
تۆژەری باڵا لە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە
25ی حوزەیرانی 2014


پرۆفیسۆر ئیللۆت ئەبراهام گەورە تۆژەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە لە رۆژی 25 حوزەیرانی 2014 دیراسەتێكی لە گۆڤاری (standpoint) بە ناونیشانی (هێشتاش ئەمریكا دەتوانێت یەكپارچەیی عێراق و سوریا بپارێزت؟) بڵاو كردۆتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات ئیدارەی ئۆباما نەیتوانیوە لە هەمبەر دووبارەبوونەوەی دیاردەی كۆمەڵكوژی لە سەدەی بیست و یەكەم، نە بنەما ئەخلاقیەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و نە توانیویشیەتی سەركردایەتی تەواو بۆ كێشەكان بكات.
پرۆفیسۆر ئیللۆت ئەبراهام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پاش زنجیرەیەك لە رووداوی كۆمەڵكوژی سەدەی بیستەم، بەدەنگی بەرز ئەمریكا دەیگووت (چی دیكە ئەو رووداوانە دووبارە نابنەوە))، ((بەرپرسیاریەتی پارێزگاریكردن بۆ دووبارە نەبوونەوەی كۆمەڵكوژیی ئەركێكی نێودەوڵەتیە)، بەڵام هەر لە دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەكەم، كۆمەڵكوژی دارفۆمان بینی و ئەوە لەسوریاش كۆمەڵكوژی بەردەوامە وا دەپەڕێتەوە بۆ عێراقیش، لەبەرامبەر ئەمەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەسەروو هەمووشیانەوە ئەمریكا نەیتوانیووە وەڵامدانەوەی پێویستی هەبێت، یان تەنانەت نەیتوانیووە كۆتاییشی پێبهێنێت.
سەبارەت بە سوریا هەتا ئێستا 160 هەزار كوژراو هەیە، هەروەها زیاتر لە 6.5 ملیۆن هاووڵاتی لە ترسی خۆیان لەناو سوریا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، زیاتر لە 2.7ملیۆن كەس ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، ئەمەش مانای ئەوەیە وڵاتێكی وەك سوریا كە ژمارەی دانیشتوانی تەنیا 22 ملیۆنە، 50% بوونە قوربانی و ئاوارە بوون.
سەبارەت بە هەڵوێست و سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر واقیعی ئێستای سوریا كە پێدەچێت لە عێراقیشدا چاوەڕێی زیاتری لێ نەكرێت، پرۆفیسۆر ئیللۆت ئەبراهام لە دیراسەتەكەی نووسیوویەتی: (سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سوریا یان كاردانەوەیە یان یارمەتی مرۆییە بۆ لێقەوماوانی سوریا) ئەمەش واتە ئەمریكا هیچ جۆرە سیاسەتێكی روون و ئاشكرای بەرامبەر سوریا نییە، لەمەش زیاتر پرۆفیسۆر ئەبراهام ئاماژە بە دەست لەكاركێشانەوەی رۆبەرت فۆرد رێكخەری سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سوریا لە ئیدارەی ئۆباما دەكات و ئاماژە بەو پرسیارە دەكات كە رۆژنامەنووسان دوای دەست لە كاركێشانەوەكەی ئاڕاستەی باڵیۆز رۆبەرت فۆرد كراوە بەوەی بۆچی دەستی لەكاركێشاوەتەوە؟ لەوەڵامدا باڵیۆز فۆرد راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو لەو پۆستەدا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی چیدیكە ناتوانێت بەرگری لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سوریا بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە لەناو ئیدارەی ئەمریكیشدا نیگەرانی بەرامبەر سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لەهەمبەر سوریا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بەرپرسانی ئیدارەكە نەتوانن بەرگری لە سیاسەتی ئەمریكا بكەن.
ئەو بارودۆخەی چەند ساڵە لەسوریا بوونی هەیە، ئێستا پەڕیوەتەوە بۆ عێراق، وەك لەسەرەتاشەوە هەستی پێدەكەین، ئیدارەی ئۆباما چۆن مامەڵەی لەگەڵ دۆسێی سوریا كردووە، بە هەمان شێوە مامەڵەش لەگەڵ عێراق دەكات. هەر بۆ نموونە:
1. لە ساڵی 2011 كاتێك رژێمی ئەسەد دەستی كرد بە كۆمەڵكوژی گەلەكەی، سەرۆك ئۆباما بانگێشەی بۆ ئەوە كرد كە دەبێت بەشار ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵات بێت و كورسیەكەی بەجێبهێڵێت، بەڵام لە كۆنگرەی جنێف 2، ئەمریكا خۆی كورسیەكەی بە ئەسەد بەخشیەوە.
2. لە هاوینی 2013 كاتێك ئەسەد چەكی كیماویی (گازی سارینی) بەكارهێنا، ئەمریكا بڕیاریدا بەرێگەی ئاسمانی لە رژێمەكەی ئەسەد بدات، بەڵام بە مانۆرێكی روسیا بەوەی ئەسەد چەكە كیماوییەكانی لەناو دەبات، ئەمریكا پاشگەزبووەوە، لەمەش خراپتر ئەسەد لە 2014 دووبارە چەكی كیمیاویی بەكارهێنایەوە و ئەمجارە لەبری گازی سارین، گازی كلۆری بەكارهێنا، بەڵام ئەمریكا نەك كاردانەوەی نەبوو، بەڵكو خۆی لێبێدەنگ كرد.
3. سەبارەت بە ئێستای عێراقیش، وەك ستیڤن كوك گەورە تۆژەری ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە، لە تازەترین وتاری كە رۆژی 27ی حوزەیران بڵاوی كردۆتەوە، كە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق لەیەكەم كاردانەوەدا ئەوەبوو، كە داعش توانی ئەمریكا بكات بە هاوپەیمانی ئێران و روسیا بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، كە ئێستا شتێك بە ناوی یەكپارچەیی عێراق بوونی نییە.
4. بەپێچەوانەی سوریا، ئیدارەی ئۆباما لەبەرامبەر عێراق، هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەسەڵاتدا بمێنێت و دیموكراتی و فیدرالی بگۆڕێت بۆ دیكتاتۆریەت و حكومەتێكی سەنترالی دیكتاتۆری، ئەم حاڵەتەش وەك لە واقیعدا دەبینرێت، نەك قابیلی قبوڵكردن نییە، بەڵكو عەرەبی سوننە هاوپەیمانی داعشی پێباشترە نەك متمانەكردن بە مالیكی، هەروەها كوردیش مامەڵە لەگەڵ واقیعێكی تازە دەكات، ئەو واقیعە تازەیەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەكەی لەگەڵ كەناڵی CNN رایگەیاند، سەبارەت بە ماناو مەدلوولی ئەو واقیعە تازەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو دیمانەیە ئاماژەی پێكردووە، ستیڤن كوك لە وتارە تازەكەیدا دەڵێت: ئەوەی سەرۆك بارزانی باسی سەربەخۆبوونی كوردستانی كرد، ئەوە پرسێكی تازە نییە و پێشتریش باسكراوە، بەڵام گرنگە هەڵوەستە لەو دەستەواژەیە بكەین كە سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێكرد مامەڵە لەگەڵ(واقیعێكی تازە) دەكەین، ئەو واقیعە تازەیەی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێكرد، واتە هەڵوەشانەوەی عێراق، هەڵوەشانەوەی سوپا، هەڵوەشانەوەی سیاسەتی ئەمریكی لە عێراقدا).
واقیعی تازە
پێشوازی لە دەوڵەتێكی تازەی دیموكراتی دەكات
لە میانەی سەردانەكەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كەركوك و بەسەركردنەوەی بەرەكانی پێشمەرگە و راگەیاندنی بەوەی مادەی 140 جێبەجێكرا و چیدیكە باسی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق ناكەین، هاوكات میدیاكانی جیهانیش لە رووماڵكردنی سەردانەكەی بارزانی بۆ كەركوك، ئاماژەیان بە بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی كوردستان دەكرد، نەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمەش مانای ئەوەیە چیدیكە كوردستانی باشوور هەمووی پێكەوە بەشێك یان هەرێمێك نییە لە عێراق و بەرەو دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرن، لەمەش گرنگتر ستیڤن كوك نووسیویەتی، كوردەكان بۆ ئەم هەنگاوە رادەكەن نەك هەنگاوی ئاسایی هەڵبگرن.
لەمەش جێگەی سەرنجتر ئەوەیە، كە بەشی زۆری تۆژەران سەبارەت بەسەردانەكەی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆلای سەرۆكی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو پێشنیارەی كە جۆن كیری پێشكەشی بارزانی كردووە بەوەی كورد هاوكار بێت بۆ دووبارە رێكخستنەوەی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، ئەو پسپۆرانە دەڵێن لەگەڵ ئەوەی كورد ئامادەباشی پیشانداوە كە هاوكار بێت بۆ رێكخستنەوەی عێراق و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع پێشنیارەكەی جۆن كیری هیچ مانایەكی نییە، لەبەر ئەوەی واقیعی نوێی عێراق شتێكی دیكە دەڵێت و پیشنیارەكەی كیریش لە خەیاڵ پڵاوییەك بەولاوە شتێكی دیكە نییە.
تۆژەران و چاودێرانی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق، ئاماژە بەوە دەكەن، كوردی عێراق زۆر هاوكاری عێراقی كرد، بەڵام ئەو هەوڵانەی بۆ عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالی خرانە گەڕ، هەمووی فەشەلی هێنا و سەرەنجام عێراق و سوپاكەیی و سیاسەتی ئەمریكاش لە عێراقدا لەبەر یەك هەڵوەشا، بۆیە باشترە ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ واقیعە تازەكە بكات نەك پێشنیاری بێمانا پێشكەشی كورد و عێراقیەكان بكات، لەمەش زیاتر ئەو تۆژەرانە ئاماژە بەوە دەكەن كورد ئەم بارودۆخەی پێخۆش نییە، لەبەر ئەوەی هەتا ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆش رابگەیەنین، ئەوا یەكێك لە دراوسێیەكانی دەبێتە داعش، ئەو پرسیارە دەكەن، چ دەوڵەتێك پێی خۆشە دراوسێكەی دەوڵەتێكی تیرۆریستی بێت و ئەبوبەكری ئەلبەغدادی سەرۆكی ئەو دەوڵەتە بێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا، پێویست بوو ئەمریكا هەوڵبدات چەكی پێشكەتووی ئەمریكی بدات بە پێشمەرگە نەك مالیكی، لەبەر ئەوەی چەكی دەستی پێشمەرگە هەموویان چەكی روسی كۆنن و سەری تیرۆریستانیش پێویستی بە چەكی ئەمریكی تازە هەیە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا و لەمیانەی كۆنفرانسێكی میدیایی كە گۆڤاری فۆرن ئەفیرز بۆ هەریەك لە پرۆفیسۆر ستیڤن سیمۆن و پرۆفیسۆر بارك میندلسۆن سازی كردبوو لەو كۆنفرانسە ئاماژەیان پێكردووە، ئەمریكا هاوكاری نوری مالیكی كرد بۆ ئەوەی هێزێك دروست بكات ژمارەی بگاتە نۆسەد تا یەك ملیۆن چەكدار، بەڵام ئەم سوپا زەبەلاحە كە بە چەكی تازەی ئەمریكی پڕچەك كرابوون و راوێژكارە سەربازییەكانی ئەمریكا مەشقیان پێدابوون، لەبەرامبەر چەند هەزارێك لە چەكدارانی داعش هەرەسی هێناو توایەوە، بۆیە دەپرسن، باشە وا ئەمریكا ئەمجارەش هاوكاری نوری مالیكی كرد و هەمان سوپای بونیادنایەوە، باشە با گریمانەی ئەوە بكەین ئەم هێزە توانی ئەنبار و نەینەوا و دیالەو تكرتیش دووبارە بگرێتەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن ئەم ناوچانە دەپارێزرێن؟، ئایا چەند هێزی پێویستە لێیی بمێنێتەوە؟ ئایا تاچەند گەرەنتی هەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو هێزە لەبەردەم داعشدا دیسان لەبەریەك هەڵنەوەشێتەوە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەو جۆرە ئاراستە نەكراون عێراقیەكان یان كورد وەڵامیان بداتەوە، بەڵكو ئەم پرسیارانە ئاراستەی ئیدارەی سەرۆك ئۆباما كراون و پێویستە ئیدارەی ئەمریكا وەڵامیان بداتەوە، بەلای هەندێ تۆژەری باڵاوە وەك ئیللۆت ئەبراهام، لەوانەیە وەڵامەكەی ئیدارەی ئەمریكا ئەمجارەیان بە دەست لەكاركێشانەوەی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بدرێتەوە، بەوەی باڵێۆزی ئەمریكا لەبەغدا دەست لەكاربكێشێتەوە و بە ئاشكرا رایبگەیەنێت كە چیدیكە لەو پۆستەدا ناتوانێت بەرگری لە سیاسەتی ئەمریكی لە عێراقدا بكات، هەروەك چۆن باڵیۆز رۆبەرت فۆرد رایگەیاند چیدیكە ناتوانێت لەو پۆستەدا بەرگری لە سیاسەتی ئەمریكا لە سوریادا بكات.
عێراق شایەنی ئەوە نییە
بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە
ئەم ناونیشانە لاوەكیە، دوایین دێڕی توێژینەوەیەكە كە گراهام فۆلەر لە دیراسەتێكدا بە ناونیشانی عێراقی 2003 بەكاری هێناوە و راشكاوانە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن نەتوانرا عێراقێكی دیموكراتی و سەقامگیر بونیاد بنرێتەوە و ناچاربین عێراق بەزەبری هێز بە یەكپارچەیی بهێڵینەوە، ئەوا لەو كاتەدا عێراق شایەنی ئەوە نییە بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە.
ئەوەی ئێستا لە سیاسەتی ئەمریكی بەرامبەر عێراق دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا دەیەوێت بەزەبری هێز عێراق بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە، بۆ ئەم ئامانجەش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەدوای ئەوەدا وێڵە دۆستەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئیسرائیل و دەوڵەتانی كەنداوە بكات بە پشتگیری ئەو بۆچوونەی بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە دۆستەكانی ئەمریكا رێنمایی ئەمریكا دەكەن دەستبەرداری سیاسەتی مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بن، لەبەر ئەوەی عێراق پارچە پارچە بووە و یەكلابۆتەوە و دەوڵەتی كوردستانیش دروستبووەو تەواو بووە، بۆیە باشترە لەسەر ئەم ئەرزی واقیعە هەوڵبدرێت ئاشتی و سەقامگیری دابین بكرێت نەك زەمینە بۆ كۆمەڵكوژییەكی تازە خۆش بكرێت، كە دیارە ئەگەر شەڕی نێوان عەرەبی شیعەو سوننە رووبدات كە ئێستا هەردوولا خۆی بۆ ئامادە دەكەن، ئەوا بێجگە لەوەی كارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوە، لە هەمانكاتدا بڕانەوەشی ئاسان نابێت.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو لایەنانە كێن كە پشتگیری ئەمریكا دەكەن بۆ ئەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە؟ دیارە وەك پرۆفیسۆر ئیللۆت ئەبراهام و پرۆفیسۆر ستیڤن سیمۆن و ستیڤن كوك و باراك میندلسۆن، راشكاوانە لە نووسینەكانی چەند رۆژی رابردوویان ئاماژەیان پێكردووە، ئەو لایەنانە بریتین لە (ئێران و حزبوڵڵا و روسیا) لە چەند رۆژی رابردوو رژێمی ئەسەدی هاتۆتە سەر، چونكە نوری مالیكی پێشوازی لەو هێرشە ئاسمانییە كرد كە بەشار ئەسەد بۆسەر شاری قائیم كردی.
تۆژەران و دیپلۆماتەكانی پێشتری ئیدارەكانی ئەمریكا، سەبارەت بەو سیاسەتەی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیادەی دەكات، ئەو پرسیارە لەخۆیان دەكەن، ئایا بۆچی سەرۆك ئۆباما ئەم واقیعانە نابینێت و بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، دیارە ئەو تۆژەر و دیپلۆماتانەی لەبەرامبەر سیاسەتی ئێستای ئەمریكا نیگەرانن، خەڵكانی ئاسایی نین، هەر بۆ نموونە ئەم نیگەرانییە لای دیپلۆماتكارێكی وەك دینس رۆس دروست بووە، كە لەساڵی 1991 توانی یەكێتی سۆڤیەت بكاتە هاوپەیمانی ئەمریكا بۆ ئازادكردنی كوەیت، ئەم نیگەرانییە لای ریچارد هاس دروست بووە كە لەهەردوو ئیدارەی بیل كیلنتۆندا سەرۆكی ستاڤی پلاندانان بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەم نیگەرانییە لای باڵیۆز رۆبەرد فۆرد دروست بووە كە رێكخەری سیاسەتی ئەمریكا بووە بەرامبەر سوریا لەئیدارەی ئۆبامادا، ئەم نیگەرانییە لای ژەنەراڵ پەتریۆس دروست بووە كە فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بووە لەعێراق و توانی لە ساڵی 2008 سەركەوتن بەدەست بهێنێت و سەقامگیریەكی رێژەیی باش بۆ بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق بگێڕێتەوە، ئەم نیگەرانییە لای وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئێستای ئیسرائیل دروست بووە، بەوەی راشكاوانە بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو خودی باراك ئۆباما بڵێن بەدوای كڵاوی بابردوو مەكەون، دابەشكردنی عێراق تەواو یەكلایی بۆتەوە.
هەموو ئەوانەی ئەم نیگەرانییەیان لا دروست بووە، ئەم ترسانەیان لەبەر چاوە و رۆژانە بەردەوام بڵاوی دەكەنەوە و رای گشتی ئەمریكای لێ ئاگادار دەكەنەوە:
1. ئەو سیاسەتەی ئێستا ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیادەی دەكات، شكۆی ئەمریكای وەك سۆپەر پاوەر شكاندووە، لەبەر ئەوەی نە توانای ئەوەی هەیە رێگە لە كۆمەڵكوژی بگرێت، نە توانای پارێزگاریكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی هەیە، نە دەشتوانێت شەڕی تیرۆر بكات، بەپێچەوانەوە، ئێستا لە ناو هێزەكانی داعش، 50 هاووڵاتی ئەمریكی و 400ی بەریتانی و 700ی فەرەنسی بوونی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمریكا لەشەڕی دژە تیرۆردا لەبری ئەوەی تیرۆر قەڵاچۆ بكات، هاووڵاتیانی رۆژئاوای خزاندە ناو تیرۆریستانەوە.
2. ئەمریكا لەشەڕی سوریا كەوتە بەرەی دۆڕاوەوە، تەنانەت هێندەی ئیسرائیلیشی پێنەكرا، كە چەند جارێك جۆلانی بۆردمان كرد، هەروەها نە توانی ئەسەد لابەرێت، نە توانیشی سەقامگیری دروست بكات، بە پێچەوانەوە تەرازووی هێز بەلای رژێمی ئەسەد شكایەوە، بۆیە ئەمریكا ئەو بەرەی شەڕەی دۆڕاند كە داوای دەكرد دەبێت ئەسەد بڕوات، لەبەرامبەردا روسیا و ئێران و حزبوڵڵا براوە بوون.
3. لە مامەڵەكردنی ئێستای لەگەڵ واقیعی تازەی عێراقدا، ئەمریكا پشتی لە هاوپەیمانە دێرینەكانی وەك (توركیاو ئیسرائیل و دەوڵەتانی كەنداو كردووە) و كەوتۆتە ناو هەوپەیمانی نەیارەكانی دوێنیی، كە ئەوانیش بریتین لە (رژێمی ئەسەد، حزبوڵڵا، ئێران، روسیا)، ئەو پسپۆرانە پرسیار لە خۆیان دەكەن، كاتێك ئەمریكا دەكەوێتە سەنگەری دژ بە هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی خۆی، ئایا هاوپەیمانەكانی چ كاردانەوەیەكیان دەبێت.
دەوڵەتی كوردستان وەك پێویستیەك
بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە
ستیڤن كوك زۆر راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە، ئێستا تەنیا ئۆباما و مالیكی لە خەمی ئەوەدان عێراق لەبەر یەكهەڵنەوەشێت، ئەم قسەیە بۆ تۆژەرێكی باڵای تایبەتمەند لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توركیا، مانای ئەوەی كوك لەوە دڵنیایە كە زۆربەی دراوسێكانی عێراق، كوەیت و ئەردەن و توركیا، فرمێسك بۆ لەبەریەكهەڵوەشانی عێراق هەڵناڕێژن، هەروەها دڵنیاشە لەوەی كە هەموو دۆستەكانی ئەمریكا واتە شەش دەوڵەتەكەی كەنداو و هەروەها ئەردەن و توركیا پێشوازی لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، لەمەش گرنگتر وەك لە نووسینەكەی ئاماژەی پێكردووە، ستیڤن كوك خۆی واقیعی كوردستانی بینیوەو سەردانی هەولێر و سلێمانی كردووە و كاتێك وەسفی دیمەنەكانی هەردوو هۆتێلی دیڤان و رۆتانا دەكات، ئەوەمان لەبن دێڕەكان پێدەڵێت كە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و بەشێكی زۆری لەو خەڵكانەشی كاریگەریان لەسەر سیاسەتی ئەمریكی هەیە، پێشوازی لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن.
ئەوەی لەم واقیعە تازەیە دەخوێنرێتەوە، هەناردەكردنی نەوتی كەركوكە لە رێگەی بۆرییە نەوتیەكانی كوردستان و گەڕانەوەی داهاتی نەوتی كەركوكە بۆ كوردستان (واتە كوردستان لە سەعدیە و خانەقینەوە هەتا دوز و لەوێشەوە بۆ مەخمور تا دەگاتە شەنگال)، ئەمەش لەو چوارچێوەیەدا باس دەكرێت كە رێژەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بە نەوتی كەركوكەوە لەئێستادا دەگاتە 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەم رێژەیەش لەو داهاتە كەمترە كە كوردستان پێشتر لە بەغداوە بۆی دەهات، ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ ئەوەی نەوتی كەركوك وەك سەرچاوەی داهاتی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی قبوڵكردنە.
لەم چوارچێوەیەدا و لەگەڵ ئەوەی كوردستان چەند ساڵێكە لە میانەی پرۆسەی بونیادنانەوە و پەرەپێداندا بانگێشە بۆ ئەوە دەكات كە هەولێر دەبێتە دەستەخوشكی دوبەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام چاودێران و پسپۆران لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی هەولێر لەگەڵ هیچ شارێكی عێراق بەراورد پێناكەن، لەبەرامبەردا پێیانوایە وێڕای ئەوەی كە حكومەتی عێراق هەتا ئێستا وەك پێویست بەشەداهاتی كوردستانی نەناردووە و لەگەڵ ئەوەی ماوەی حەوت مانگە بەتەواوەتی بودجەی كوردستانی نەناردووە، راستە هەولێر نەیتوانیووە ببێتە دوبەی، بەڵام دەكرێت بگوترێت هەولێر لە عەممانی پایتەختی ئەردەن نزیكبۆتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر كوردستان ببێتە دەوڵەت و سەرچاوەی داهاتی خۆی لەبەردەستی خۆی بێت، دەتوانێت هەنگاوەكانی لە پەرەپێدان و بونیادنانەوە خێراتر بكات.
لەلایەكی دیكە كوردستان كە لەئێستادا بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە چەكێكی مۆدێرنی هەبێت، بەبێ ئەوەی بودجەیەكی گەورەی لەبەر دەست بێت، هێزی پێشمەرگە بتوانێت شەڕی تیرۆریستان بكات و دورگەیەكی ئارام لەناو دەریایەك كاری تیرۆریستی دروست بكات، ئەوا لەگەڵ بوونی بەدەوڵەت و دەست راگەیشتنی بە چەكی مۆدێرن و مەشقی سەربازی مۆدێرن بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش، كوردستان دەبێتە ئەو دەوڵەتەی دراوسێكانی لە تیرۆر جیابكاتەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە و هەرێمی و جیهانیشدا دەبێت.
لەم بارودۆخەدا كە هەموو جیهان بەگشتی و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و دراوسێكانی عێراق بە تایبەتی هەستیان بەوە كردووە، مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی هەموو كات سەرچاوەی ئاژاوە و توندوتیژی دەبێت بۆ ناوچەكە و جیهان، ئەوا لەبەرامبەر بڕیاری راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان نەك هەر پێشوازی دەكەن، بەڵكو لە رێوڕەسمی راگەیاندنەكەدا بەشی زۆریان لە هەولێر ئامادەی رێوڕەسمەكەش دەبن.
Top