پرسی سەربەخۆبوون و گوتاری سیاسی كوردی كۆنفرانسێك بە هاوبەشیی گوڵان وگرووپی دیبەیتی نیشتمانی لە سلێمانی

پرسی سەربەخۆبوون و گوتاری سیاسی كوردی كۆنفرانسێك بە هاوبەشیی گوڵان وگرووپی دیبەیتی نیشتمانی لە سلێمانی
هۆتێل سلێمانی پاڵاس


رۆژی شەممە رێكەوتی 21ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لە هۆڵی سلێمانی پاڵاسی شاری سلێمانی كۆنفرانسی (پرسی سەربەخۆبوون لە گوتاری سیاسی كوردی دا) بە هاوبەشی گۆڤاری گوڵان و گرووپی دیبەیتی نیشتمانی بۆ پرسی سەربەخۆبوون بەڕێوەچوو.
لەم كۆنفرانسەدا كە 10سیمینار و كۆڕی لەخۆ گرت، تێیدا بابەتێكی وەها هەستیار و ناسكی وەك دەوڵەتی كوردستان یان دەوڵەتی كوردی وروژێنرا، هەنوكە هەن دەبنە لایەنگر و تێكۆشەر بۆ وەدیهاتنی ئەم خواست و مافە رەوایەی گەلی كوردستان، هەشن پێشبڕیاریان داوە و باس و خواسێكی وایان بە ئاسانی پێ قووت نەچێت، لە هەردوو بارەكەدا مەردم سەرپشك و ئازادن لەوەی چۆن بیر لە مافێكی رەوا خۆیان دەكەنەوەو چۆنیش بەرگری لە مافە رەواكانی میللەت و نەتەوەكەیان بكەن.
پرسی سەربەخۆبوون دەبوو لە مێژەوە لەلایەن سیاسەتمەداران و رۆشنبیران خۆیانەوە زانستانە تاوتوێ بكرایە، چونكە شانازیبوونی لە رادەبەدەری تاكی كورد بە نەتەوەیی بوونی خۆیەوە وەهای كردووە هەمیشە كورد بە گشتی پرسی بە دەوڵەت بوون لایان ئەو خەونە دزراوە بێت كە لە دەست خاوەن هێزەكانی نەتەوەو دەوڵەتانەی دەوربەرەوە زەوت كراوە.
جیۆپۆلەتیك
یەكەمین بابەتی كۆنفرانسەكە بریتی بوو لە خوێندنەوەیەكی زانستانە بۆ رەهەندەكانی جیۆپۆلەتیك لە پرسی سەربەخۆیی كوردستاندا كە لە لایەن د.فوئاد حەمە خورشید-ەوە پێشكەش كرا، بەڕێزیان راستیەكی نەشاراوەیان لە بارەی پێگەی جیۆگرافیای كوردستان خستە روو كە چەندە رەنگدانەوەی بەسەر مێژووی نەتەوەی كوردەوە هەبووە، بە شێوەیەك باسی لێوە كرد كە هیچ نەتەوەیەك هێندەی كورد ئەم كارتێكردنە جیۆپۆلەتیكەی بەسەرەوە نییە، هەر ئەمەشە وایكردووە بە بەردەوامی بكەوێتە بەر پەلامارو هێرش و تاڵان و بڕۆ لەلایەن ئیمپراتۆریەكان و دەوڵەتانی دەوروبەریانەوە، ئەمەش رێگر بووە لە بەردەم هەموو وەكیەكبوونی كورد و هۆكاریش بووە بۆ پارچە پارچەبوونی خاك و نیشتمانی كوردان، هەرچەندە ئەم فاكتەرە جیۆپۆلەتیكیە رێگر بووە لە بەردەم سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی كوردا، بەڵام بە درێژایی مێژووی كۆن و هاوچەرخ وەك لە بابەتەكەی دكتۆریشدا نموونەی زۆر هاتبۆوە لەسەر ئەوەی كە هەرگیز دەست لە راپەڕین و شۆڕش هەڵایساندن هەڵنەگیراوە، دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە راو سەرنج و تێبینیەكی زۆر خرانە روو، بە گشتی جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی كە بە درێژایی مێژوو خەباتی كورد بۆ پاراستنی بوون و مانی خۆی و خاكەكەی لە زەوتكردنی بیانی و هەمیشە لە دوای هەلیشدا گەڕاون تا رۆڵێكی مێژوویی شایەن بە خۆیان بگێڕن.
ئەو بەڕێزانەی راو سەرنجەكانی خۆیان دەردەبڕی، بە گشتی وا دەردەكەوێت كە ئەم فاكتەری جیۆپۆلەتیكیە كوردستانی كردبێتە هەڵكەوتێكی جوگرافیایی پڕ بایەخ لە نێوان شارە گەورەكانی وەك بەغداو ئیستەنبوڵ و تاران و دیمەشق و ئەسفەهان و هەر لایەنێكیش بۆ گرتنی ئەم شارانە بەڕێكەوتبا دەبوو پێشتر كوردستان بگرێت یان هەر نەبێت پێیدا تێپەڕ ببێت. ئەم بایەخەی جیۆگرافیای كوردستان وایكردووە زۆر پێكدادانی خوێناوی لەسەر ئەم زەوییە روو بدەن و هەمیشە خەڵكەكەشی تووشی چەرمەسەری ببنەوە..
كۆتایی سایكس پیكۆ
سایكس پیكۆ ئەو برینەیە كە لە سەدەی پێشوودا كوردستان بە دەست كۆمەڵێك وڵاتی داگیركارەوە تا ئەم ساڵانەی دواییش دەیچێژا، یان ئەو بەرزەوتكردن و خاپوور كردنەی خاك و نیشتمان و خەڵك و بەرهەمەكانی ژێرو سەر زەوی كوردان بووە، سایكس پیكۆ لە مێژووی هاوچەرخدا بە جارێك چارەنووسی گەلی كوردستانی بەرەو تاریكی پێچایەوە، بابەتەكەی مەشخەڵ كەوڵۆسی لە ژێر ناوونیشانی كۆتایی سایكس پیكۆ یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە باسی لەو هەوڵانە دەكرد كە چۆن كورد رزگاریان دەبێت لەژێر چەترو سایەی ئەم رێكەوتننامە شوومەی سایكس پیكۆ، چونكە بە شێوەیەك بەندو خاڵەكانی داڕێژرابوونەوە كە بە هیچ جۆرێك كورد نەتوانێت هێزی ئەوە پەیدا بكەن لە بەرانبەر داگیركەرانیاندا خۆڕابگرن، هەروەك چۆن پەیمانی زەهاو وەرچەرخانێكی پڕ مەترسی بوو بۆ دوو كەرت بوونی كوردستان، سایكس پیكۆش مەترسیدارتر بوو كە بووە هۆی ئەوەی سنوورێكی رەسمی لەناو جەرگەی خاكی كوردستان بۆ چوار بەش بكێشێت..
ساتەوەختی مێژوویی بۆ پرسی سەربەخۆیی
ئەم ناوونیشانەی سەرەوەش بریتی بوو لە ناوونیشانی بابەتەكەی بەختیار ساڵح و تێیدا باسی لەو چركەساتە مێژووییانە دەكرد كە نەتەوەكان دەتوانن دەرفەتی تێدا بڕەخسێنن تا بە ئازادییەوە نیشتمانی خۆیان بەڕێوەبەرن و بەرژەوەندی گەلی خۆیان رەچاو بكەن، باشترین بیركردنەوەش لە رەخساندنی ئەو دەرفەتانە بریتین لەو ساتەوەختانەی كە كورد لە ناو خۆیاندا دوور بكەونەوە لەوەی بكرێنە ئامێر بە دەست هێزەكانی بیانی و دژەوە تا لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتی خۆیاندا سەربەخۆییان بەهێزتر بێت و نەبنە پاشكۆ بۆ بابی عالی هیچ وڵاتێكی داگیركار، چونكە چەندە دەسەڵاتی ناوەندی لێیانەوە دوور بێت هێندە زیاتر دەستی بەسەریاندا ناشكێت و پرسی سەربەخۆیی رۆشنتر دەبێتەوە..
پرسی سەربەخۆیی لە پەیڕەوی ناوخۆیی پارتە سیاسییەكانی كوردستاندا
ئەم ناوونیشانەش تایبەت بوو بە توێژینەوە ئاماركاری و داتاییەكەی بەڕێز د.سەردار قادر، ئەم بابەتە رەخنەیەكی زانستانەی تێدا بوو بۆ هەموو ئەو پارتانەی باشووری كوردستان كە ئەگەرچی لە روانینی سیاسەتمەدارانیان و لە دیدی نووسەرانی مەزنی نەتەوەیی كوردەوە پرسی سەربەخۆیی بە راشكاوانە رەنگیدابێتەوە، بەڵام ئەم رەنگدانەوەیە لە ناو پەیڕەوی ناوخۆیی پارتەكاندا یان نییە یان زۆر بە كاڵی هەستی پێكراوە، هەموویان بە جەختەوە باسیان لە دۆزی رەوای كوردستان كردووە لە گۆڕەپانی تێكۆشان و خەباتیشدا تەرجەمەیان كردۆتەوە، بەڵام ئەم خەبات و قوربانیدانەیان لە پێڕەوی فەرمی حزبەكانیاندا و لەسەر كاغەز نادیترێت، ئەمەش ئێكجار نائاساییە لە كاتێكدا ئەو پارتانە بە دەیان هەزار شەهیدیان لا تۆمار كراوە كە لە پێناوی ئازادی خەڵك و رزگاری خاكەكەیاندا گیانیان بەخت كردووە كەچی لە ناو پێڕەو و پرۆگرامیاندا وشەی سەربەخۆیی فەرامۆش كرابێت..ئەم كۆڕانە لەلایەن بەڕێز د.ئاكۆ شوانی بەڕێوەبران..
پرسی سەربەخۆیی لە گووتاری سیاسی پارتە كوردستانییەكاندا
دواتر لە دانیشتنەكانی دوای نیوەڕۆدا سەرەتا بەڕێز ئازاد جوندیانی بابەتێكی لەسەر پرسی سەربەخۆبوون لە گوتاری سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشكەش كرد، كە بە تێكڕا چاوخشاندنەوەیەك بوو بۆ خەباتی ئەو حزبە لە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكی تەمەنیدا، هەر لە پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئێستا كە چۆن لە پێشڕەوێتی شكۆمەندانەدا بوون بۆ دەسەبەركردنی مافی چارەی خۆنووسین كە بەوەش چەند لاپەڕەیەكی زێڕینیان بۆ مێژووی كوردستان تۆمار كردووە..
ئینجا بەڕێز هەڵۆ ئەحمەد كوردە بابەتێكی لەسەر پرسی سەربەخۆبوون لە گوتاری سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەش كرد تێیدا باسی لە بڕوابوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو پرسە كرد هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاش، هەروەها بڕوای تەواوی پارتەكەی خستە روو لە دامەزراندنی كوردستانێكی سەربەخۆ بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی كۆنگرەی سیڤەری 1910 كە زۆر بە راشكاوی دان بە مافی گەلی كورد دەنێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، دەوڵەتێك كە خاوەنی سروودی نیشتمانی و ئاڵای كوردستان بێت، هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین و دۆزی ئێستای كوردستانیش بەشێكی تری بابەتەكەی بەڕێزیان بوو، دواجار ئەوەشی روونكردەوە كە پارتی لەگەڵ چارەسەرێكی ئاشتیانەو عادیلانەی مافی رەوای كوردستانە بە گوێرەی رۆحی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان..
دواتر بەڕێز ئاكۆ حەمە غەریب وەك بەرپرسی ژووری توێژینەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بابەتێكی لەسەر ئەم پرسە خستەڕوو كە تێیدا مەسەلەی حكومەتكردنی خستە بەر باس وەك پرەنسیپێكی بنەڕەتی كە پێداویستیەكی هەنووكەییە بۆ داهاتووی هەر فكرێكی بەدەوڵەتبوون، بە شێوەیەك دەسەڵات بتوانێت دادوەرێتی و بڕیاردانەكان و تیۆرەكان و هەڵسوكەوتی پارت و لایەنەكان و رێكخراوی جەماوەری رێنوێنی بكات بەپێی دەستوور و یاساگەلێك كە خواستەكانی خەڵكی تێدا فەرامۆش نەكرێت و هەمووان وەك یەك بتوانن دەستیان بە سەرچاوەكانی سامان و داهات بگات تا نزیكبوونەوە لە بیرۆكەی بە دەوڵەتبوون ببێتە خواستێكی سەلمێنراو بەڵگەنەویست..
ئینجا بەڕێز ئەبوبەكر عەلی ئەم پرسە گرنگەی سەربەخۆبوونی لە گوتاری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیدا شرۆڤە كردەوە، بابەتەكەی بەڕێزیان زیاتر روونكردنەوە بوو لەسەر ئایین و بیروباوەڕی تاكەكان و تێگەیشتنیان بۆ سەربەخۆیی بوونی نەتەوەو هەست بە بەرپرسیارێتی كردنی خەڵكی و بایەخە فەرهەنگیەكانی ئەم پرسەی بۆ رەوایدان بە دەوڵەتبوونی كوردستان خستە روو.. ئەم چوار كۆڕەی كە گوزارشتیان لە رای پارتە سیاسییەكان كرد لە لایەن د.سەردار قادر بەڕێوە دەبران..
پرۆژەی سەربەخۆبوون لای مامۆستا عەلی باپیر
لە دوایەمین بابەتدا كۆڕێك بۆ مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی تەرخان كرا بە رەوایەتی بوونی دۆزی كوردستان لە بانگهێشت كردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و مافی سەربەخۆبوون لە رووی شەرع و ئایەتە پیرۆزەكانی قوڕئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ) شرۆڤە كردو ئاواتیشی خواست كە بۆ بەدیهاتنی ئەم مافە رەوایە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی ناو ماڵی كورد بكرێتە هێزی گەیشتن نەك پشت بەستن بە هێزی نادیار و بیانی بەستن، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو بڕوایەی كە هەر پێشمەرگەیەك لە پێناوی پاراستنی خاك و نیشتمانی خۆیدا گیانی بەخت بكات، پلەیەكی بەرزی شەهادەتی بە نسیب دەبێت. ئەم كۆڕەش لە لایەن بەڕێز ماجید نووری بەڕێوەبرا..
دوا وتەش خوێندنەوەی بەلاغی كۆتایی كۆنفرانسەكە بوو لەلایەن بەڕێز د.سەردار قادر محێدین، كە تێیدا ئاماژە درا بە هەموو بابەتەكانی كۆنفرانس كە پێكەوە هاوكوف و هاوڕاییەك هەبوو بۆ ئەم پرسە هەنووكەییە گرنگەی سەربەخۆیی كوردستان.
Top