عێراق بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی پێویستی بە380 ملیار دۆلارە

عێراق بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی پێویستی بە380 ملیار دۆلارە
دوای ساڵانێكی زۆر و بەردەوام لە شەڕوشۆڕ و سەپاندنی سزای ئابووری و كێشەو ململانێ، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بارودۆخی عێراق رۆژ لەدوای رۆژ رووەو خراپییەو گرژیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، هەر لە ساڵی 2003وە ئاستی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ئاسایش و پەرەپێدانی ئابووری لە دابەزیندایە، ئێستا كە ساڵی 2014یە هاووڵاتیانی عێراقی بە تایبەتی لە شاری بەغدای پایتەخت، بەدەست خراپیی باری ئابووری و نەبوونی دەرفەتی كار و خزمەتگوزاریە بنەڕەتییەكانەوە دەناڵێنن.
لە وڵاتێكدا كە زیاتر لە 35%ی دانیشتووانەكەی لە رەوشێكی سەخت و بێ سەروبەریدا ژیان دەگوزەرێنن، دەبینین بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان وا مەزەندە دەكرێت كە ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی 2030 بگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن كەس كە ئەمەش فشارێكی زۆر دەخاتە سەر هاووڵاتیان كە نەتوانن شوێنی گونجاوی نیشتەجێبوون بۆ خۆیان دابین بكەن.
((بێدەنگ دەبین و نازانین ئەمە تاكەی بەردەوام دەبێت)) ئەمە قسەی باوكی ئیسرایە كە هاووڵاتییەكی خانەنشینی دانیشتووی بەغدایەو تەمەنی 55 ساڵە، هەروەها هیلال تەحان كە شارەزایەكی ئابووریی دانیشتوی بەغدایە بە گوڵانی راگەیاند كە بەغدا رووبەڕووی گەردەلوولێكی چاوەڕواننەكراو و سەختی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئەمنی و سیاسیی گشتیی بۆتەوە، ئەمە وێڕای چەقبەستنی بارودۆخی ئابووری، هاوكات سەرجەم ئیش و كاری ئازادو پرۆژە ئابوورییەكانیش وەستاون، ئەوەی كە مابێت تەنیا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە، لە راستیدا ژیان نیمچە وەستاوە.
تەحان زیاتر دەڵێت: بەغدا لەسەرجەم بوارەكانی دیكەشدا دووچاری قەیرانێكی سەخت و كوشندە بۆتەوە، بە تایبەتیش لە رووی ژمارەی خانووبەرە كە هەر لەوەتەی 2003وە بە شێوەی هەڕەمەكی دروست دەكرێن كە راستەخۆ كاریگەرییان بۆ سەر جوانیی و دیمەنی پایتەخت هەبووە، ئەمە وێڕای وەستانی هەموو ئیش و كارێك، لە سایەی ئەو بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری كە ئەمە خۆی لە خۆیدا گرفت و كێشەی زۆری كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو زیاتر باسی لە بارودۆخەكە كردو گوتی: ژمارەیەكی زۆری گەنج و لاوان لەبەر بێكاری و هەژاری پەنایان بۆ كاركردن لە ریزی گرووپە چەكدارەكان بردووە و بەشداری لە كردەوە تیرۆریستییەكان دەكەن لەبەرامبەر دەستكەوتنی پارەیەكی كەم، ئەمەش بووە هۆی رشتنی خوێنی رۆڵەكانی هەردوو چینی مام ناوەندو خوارووی كۆمەڵگا. دیارە ئەمە خزمەتگوزارییە بەراییەكانی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوون و خۆشگوزەرانی لە ئاستێكی كەمیشدا بێت بۆ ئەو لاوانە دەستەبەر بكات.
تەحان ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان هۆشیارییان داوەو نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە كێشەكانی لاوانی بێكار بە تایبەتیش دەرچووان خستۆتەڕوو.
بە پێی ئامارە فەرمییەكان یەك تاكی عێراقی مانگانە كەمتر لە 77،000 دینار خەرج دەكات، لە كاتێكدا كە ژماری بێكاران لە 8 ملیۆن كەس زیاترە، دیارە كردەوەكانی توندوتیژی و چەمكە نەریتییەكانی كۆمەڵایەتی و نەبوونی ئاساییش و لاوازیی ئەدای دامودەزگاكانی دەوڵەت كاریگەریی بۆ سەرجەم ژیانی كۆمەڵایەتی هەیە. ئەو شارەزا ئابوورییە زیاتر روونی كردەوە كە سیاسەتمەداری عێراقی بە رێگایەكی سیاسییانە مامەڵە لەگەڵ بودجەدا دەكات، كە هەر ئەمەیشە بۆتە هۆی كاولكردنی وڵات، بیر لە هاووڵاتی ناكرێتەوە كە ئەگەر پێداویستییەكانی ژیانی لەدەست دا، روو لە كوێ بكات.
ئەو زیاتر باس لەوە دەكات كە ژمارەی هەژاران لە عێراق لە 8 ملیۆن كەس زیاترە، هەرچەندە دەڵێت من بڕوام بەم ژمارەیە نییە كە پێموایە زیاترە، بەڵام ناچێتە عەقڵەوە كە ئەوەندە كەسە لەژێر هێڵی هەژاریدابن لە كاتێكدا كە وڵات دووەم یەدەگی كارو دووەم وڵاتی هەناردەكەری نەوتە لە دوای سعودیە. ئاماژەشی بەوە كرد كە شكستهێنانی سیاسەتی ئابووری لە عێراق دەرئەنجامی ئەوەیە كە كەسی نەشیاو لە شوێنی شیاو دانراوە.
شایانی باسە عێراق بە پێی ئامارە نافەرمییەكان كە بەر لە چەند مانگێك دەرچووە، ئاشكرابووە كە پێویستی بە 380 ملیار دۆلارە بۆ بنیادنانەوەی قوتابخانەو رێگەوبان و نەخۆشخانە، واتا هەر پارێزگایەكی عێراق پێویستی بە 20 ملیار دۆلارە.
سەڵاح موسەوی شارەزا لە كاروباری وزە دەڵێت: هۆی سەرەكیی پاشكەوتن و چاك نەبوونی سیستەمی كارەبا لە عێراق گەندەڵی دارایی و كارگێڕییە، هەروەها نەزانی و تێنەگەیشتنی ئاستی تەكنیكیی بەرپرسانی وەزارەتە، هاوكات نەبوونی سیستەمێكی بەتواناو كارامەی كارگێڕی.
لەلای خۆیەوە محەمەد سەباح ئەلمەسعودی راگەیاندكارو رۆژنامەنووس لە بەغدای پایتەختەوە بە گوڵانی راگەیاند: بەغدا لە رەوشێكی زۆر ئامادەباشی و بڵاوبوونەوەی ئەمنیی چاوەڕواننەكراودا دەژیت، ئەمە وێڕای زێدەبوونی خاڵەكانی پشكنین بە تایبەتیش لە ناوەڕاستی پایتەختدا، دیارە ئەوەش لە ترسی دزەكردن و هاتنەناوەی چەكداران لە سامەڕاو ئەنبارو فەللوجەیە كە ئەو ناوچانە لە رەوشێكی خراپیی ئەمنیدا دەژین. ئەو زیاتر ئاماژەی بەوەدا كە جووڵەی ئابووری بە تەواوی وەستاوەو هاووڵاتیانی بەغدا تووشی بێزاری و نیگەرانییەكی زۆر بوونەتەوە بەهۆی ئەو گوزەرانە سەختەی كە هیچ ئومێدی باشبوونی لێ چاوەڕوان ناكرێت. ئەو نەیشاردەوە كە كێشەی كۆمەڵایەتیی زۆر سەری هەڵداوە بەهۆی نەبوونی پارەو پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبا و قەرەباڵغییەكی زۆری خەڵك لە پایتەختدا. مەبەستی ئەوە بوو كە سیستەمێكی رێك و پێكی پێدانی كارەبا لەئارادا نییە، تۆڕی گشتی كارەبا تەنیا دەتوانێت رۆژانە 11 سەعات كارەبا بۆ خەڵك دابین بكات تەنانەت لەو كاتانەشدا كە خەڵكەكە كەمتر پێویستی بە كارەبا دەبێت، بە پێی زانیارییەكانی وەزارەتی كارەبا، عێراق 8000 میگاوات بەرهەم دێنێت لە كۆی پێویستی وڵات كە لە نێوان 13،000 – 15،0000 میگاواتە.
رەئوف ساڵح حوسێن پارێزەر لە دادگای گشتیی بەغدا بە گوڵانی راگەیاند: رێژەی تەڵاق دوو ئەوەندەی هاوسەرگیرییە، زۆربەی حاڵەتەكانیش لە ئەنجامی هەژاری و تێكچوونی باری ئابوورییە لە نێوان هاووڵاتیان.
ئەو پارێزەرە لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئافرەتی عێراق لە سایەی حكومەتی عێراقدا هیوابڕبووە لە ژیاندا و لە پیاوان زیاتر دووچاری ئیفلیجیی هزریی بۆتەوە. ئاماژەشی بەوە كرد كە زۆربەی هاووڵاتیان كە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كردووە زۆر پەشیمانن.
رەئوف حوسێن جەختی لەوە كردەوە كە پێداویستییەكانی ژیان زۆر بەرزبۆتەوە و منداڵان و ئافرەتان پێویستییان بە خۆشگوزەرانییە، لە كاتێكدا كە دەبینن وڵاتانی دیكە یاخود پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەروەها هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزی ئابووری و ئەمنی و سیاسی و كۆمەڵایتیدا ژیان دەگوزەرێنن، كە ئەمەش وایان لێدەكات بیر لە هەڵەی زەق بكەنەوە.
ئامارە فەرمییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە یەك كەس لە نێوان پێنج كەسی عێراقی لە تەمەنی 10 بۆ 49 ساڵان خوێندن و نووسین نازانێت.
لەلای خۆشیەوە كادیرێكی وەزارەتی ناوخۆ بە ناوی(خ ح س) بە گوڵانی گوت: چەندین دۆسێ لە بنكەكانی پۆلیسی بەغدای پایتەخت كەڵەكە بوونە، رێژەیەكی زۆر لەو دۆسێیانە پەیوەستە بە كێشەكانی نێوان پیاوان و ئافرەتانەوە، ئەمە وێڕای بەرزبوونەوەی ژماری لەشفرۆشان لەبەر پێویست بوون بە پارەو ماڵ. سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات روونی كردەوە كە ئافرەت هەیە مێردی خۆی هەروەها رێژەیەكی زۆری كچانیش ماڵیان جێهێشتووەو روویان لە دەوڵەتان یان پارێزگاكانی دیكە كردووەو لە پێناو ژیانێكی لەبارتر و دەستكەوتنی كارەباو ئاوی پاكی خواردنەوە و سەلامەتیی تەندروستی و ئەمنی لەو شوێنانەدا، كە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بكەونە نێو هەڵەی زەق و مەترسیدار و كێشەی كۆمەڵایەتی.
Top