گۆڤاری فۆرن ئەفێرزلە ژمارەی ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵدا:نەوتی كوردستان ئەو هێزە نەرمەیەكۆتایی بە سایكس پیكۆ هێنا
May 8, 2014
راپۆرتەکان
لەلایەكی دیكەوە جیاواز لە شارەزایی و تایبەتمەندی نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە، ئەوەی پێویستە رەچاو بكرێت ئەوەیە، ئەم باسە لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرز بڵاوكراوەتەوە، كە ئەم گۆڤارە بەوە شانازی دەكات خاوەنی گەورەترین پێشبینی ستراتیژییە لە جیهاندا و هەموو ئەو دیراسەتانەی توانیویانە نەخشەی سیاسی بگۆڕن لەم گۆڤارە بڵاوكراونەتەوە وەك «پێكدادانی شارستانیەكان» هنتگتۆن، «لیبرال دیموكراتی و ئیلیبرال دیموكراتی» فەرید زەكەریا، «ئەمریكا دوای خۆی لە عێراق دەوڵەتێكی فاشیلی جێهێشت» نید پاركەر، «كۆتایی مێژوو و ئاییندەی مێژوو» فۆكۆیاما، «كۆتایی هاتنی سەردەمی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست» ریچارد هاس، «كاتێك بەغدا دەبینین سایگۆمان دێتە بەرچاو» ستیفن بیدل، «مێزگردی لە كوێدا هەڵەمان كردووە بۆ لاری دایمۆند، جامیس دۆبینز، چەیم كۆفمان، ستیفن بیدل، كە بۆ راستكردنەوەی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا ئەم گۆڤارە سازی كرد و ئاكامەكەشی ئەوەبوو لیژنەی دیراسەتی عێراق دامەزرا، هەروەها دەیان دیراسەتی دیكە) كە هەموویان كاریگەریان لەسەر سیاسەتی جیهانی بەجێهێشووە.
لە روانگەی بایەخی ئەم دیراسەتەوە، ئەمجارە گوڵان دیمانەی تایبەتی لەگەڵ پرۆفیسۆر مارینا ئۆتاوای و داڤید ئۆتاوای ئەنجامنەدا بۆ ئەوەی خوێنەرانی گوڵان بەكوردی ئەم دیراسەتە بخوێننەوە، جێگەی ئاماژە پێكردنیشە، گوڤاری گوڵان یەكەمین بڵاوكراوەی كوردییە كە لە 31/1/2007 یەكەمین دیمانەی رۆژنامەوانی لەگەڵ پرۆفیسۆر مارینا ئۆتاوای ئەنجامداو ئەم خانمەی بە خوێنەرانی كوردستان ناساندووە.
چۆن كوردەكان رێگای خۆیان دۆزییەوە
هەڵكشانی خێرای ناكۆكی توندی ئیتنی و تایەفەگەری لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای لە ژمارەیەك شیكەرەوە كردووە كە پێشبینی لەبەریەكهەڵوەشانی زۆرێك لە دەوڵەتە عەرەبیەكان بكەنەوەو. پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر هەڵگەڕانەوەی نەخشەی خاك لە ناوچەكەدا بێتە ئاراوە، ئەم ئەگەرەش بە «كۆتایی سایكس-پیكۆ» ناسراوە، ئەمەش وەك ئاماژەكردنێك بۆ رێككەوتنی نهێنی نێوان ئینگلیز و فەڕەنسیەكان بۆ دابەشكردنی ویلایەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست- كە لە ژێر سایە و دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون- بەپێی ئەم رێككەوتنە نهێنییە دابەشكران بۆ چەند زۆنێك و خرانە ژێر كۆنتڕۆڵی بەریتانی و فەڕەنسیەكانەوە. جا لەبەر ئەوەی دروستكردنی ئەو دەوڵەتانە بەپێی ئەو پەیماننامە ئەوروپیانە دروستكراون كە هێڵ و بنەماكانی ئەو رێككەوتنەیان پاراست، ئەوا سایكس-پیكۆ بووە سمبولێكی گونجاو بۆ ئەو نەخشەیەی هێزە كۆڵۆنیاڵیەكان سەپاندیان بەسەر ناوچەكەدا، ئەو نەخشەیەی كە بە شێوەیەكی بنەڕەتی تا رۆژگاری ئێستاش هەر ماوەتەوە و دەستكاری نەكراوە.
كۆتایی هاتنی سایكس پیكۆ
لەنێوان دوو ئاڕاستەی خوێناوی و نەرمدا
لەگەڵ درێژبوونەوەی خوێنڕێژی لە حەلەبەوە بەرەو بەغدا و بە ئاڕاستەی بەیروت، ئەوا بەڕاستی جێی خۆیەتی كە پێشبینی ئەوە بكەین رێككەوتنی سایكس پیكۆ بە شێوەیەكی توندوتیژ كۆتایی پێبێت، بەڵام ئەگەرچی پریشكی خراپترین شەڕ سنوورەكان دەبڕێت و ملی رێگای لەبەریەكەهەڵوەشان بە چەند وڵاتێكی، وەك سوریا، دەگرێت، ئەوا هێزێكی دیكە هەیە، كە هێڵە نەتەوەییەكان دەبڕێت و تەنانەت پێوەندییە نەتەوەییەكانیش رێك دەخاتەوە: ئەویش بریتییە لە بازرگانی. زۆنە نێودەوڵەتییە سەرو-نەتەوەییەكان، كە زۆنی هاوكاری ئابوورین، بوونە هۆی ئەوەی سنورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پتر سنورگەلێكی پڕ كەلەبەر بن، بەڵام بە شێوەیەك نا كە راستەخۆ ببنە تەحەددی بۆ سەر بوونی ئەو دەوڵەتانەی ئێستا لە ئارادان. لەبری ئەوە، رەنگە، بەرژەوەندی ئابووری دوولایەنە، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی نەوت و غازدا، ئاماژەیەك بدات بە كۆتایی هاتنێكی نەرمتری سایكس-پیكۆ.
زۆرترین دەركەوتنی ئەم داینامیكیەتە لە سنوری نێوان توركیا و كوردستانی عێراقدا دەردەكەوێت، كە رێككەوتنە نەوتیەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی بوونە تەحەددیەكی راستەوخۆ بۆ بانگەشەكەی بەغدا كە گوایە كۆنتڕۆڵی حەسری سەرچاوە سروشتیەكانی عێراقی لەدەستدایە، هەروەها سەركردەكانی توركیا و سەركردەكانی كورد لەبری ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەكتری بكەن، ئەوا ئێستا گفتوگۆیان لە بارەی بازرگانییەوە دەستپێكردووە. بە هەمان شێوە، لە شوێنانی دیكەش، هاوكاری ئابووری بۆتە بەدیلی توندوتیژی سیاسی. قوبرس، و یۆنان، و توركیا، گفتوگۆ لەسەر راكێشانی بۆری نەوت و غازی هاوبەش دەكەن، ئەمە سەرەڕای جیاوازیەكانی نێوانیان. هەروەها سۆدان و باشوری سۆدانیش، بە دوودڵیەوە ئەوەیان قبوڵ كرد كە پێویستیان بە هاوكاری یەكتر هەیە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەردوو وڵاتەكە لەدوای جیابوونەوەیان لە یەكتر لە ساڵی 2011دا. هاوكاری ئابووری چارەسەری هەموو گرفتەكان نییە لەم شوێنانەدا. بەڵام بوارێك بەم دەوڵەتانە دەدات بۆ ئەوەی پێكەوە بیر لە رێگای نوێ بكەنەوە، لەبری ئەوەی دەست بدەنە كارێك كە مەترسی پارچە پارچەبوونی وڵاتەكانیانی لێبكەوێتەوە.
هێڵی سەر لمەكان
ئەو دەوڵەتە عەرەبیانەی لەدوای یەكەمین جەنگی جیهانیی دروستكران، هەمیشە لە ململانێدا بوون لەگەڵ دانیشتوانە هەمەڕەنگەكانیان، و لەگەڵ، ناسنامە نیشتمانیە نابەدڵەكان و شەقاربوونە ناوخۆییە قووڵەكان. هەموو ئەمانە بۆ نزیكەی سەدەیەك لە ئارادابوون، و پەرە بە چەند بەرژەوەندییەكی جێگیریش دراوە، كە تەوەری ئەو بەرژەوەندییانەش پاراستنی سنور و دامەزراوە نەتەوەییەكانە. بەڵام هێشتا، دابەشبوونە ئیتنی و تایەفەگەری و خێڵەكیەكان ماون، هەروەك ناكۆكیەكانی عێراق و لوبنان و لیبیا و سوریا و یەمەن زۆر بە روونی ئەم راستیە دەردەخەن.
ئەو دابەشبوونانە زەقترین دابەش بوونن لە سوریادا، كە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆییەوە لەدوای سەركوتكردنی دڕندانەی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانەی هاووڵاتیان لەلایەن بەشار ئەسەدەوە لە ئازاری ساڵی 2011دا، دیمەشق كۆنتڕۆڵی بەسەر بەشێكی زۆری خاكی وڵاتەكەیدا لە دەست داوە. كوردەكانی سوریاش هەرێمی ئۆتۆنۆمی خۆیان لە باكووری رۆژهەڵات راگەیاند. ژمارەیەكیش لە گرووپە ئیسلامیە رادیكاڵەكان كە شەڕی حكومەت دەكەن، بەشێكی زۆر خاكی وڵاتەكەیان لە رۆژهەڵاتەوە كۆنتڕۆڵ كردووە و بە رەسمی خەونی خۆیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی ئیسلامی سوننی راگەیاندووە، كە یاسای ئیسلامی حكومڕان و پیادەكراو بێت تێیدا، چەند بەشێكی سوریا و عێراق كۆنترۆڵ بكات. تەنانەت هەندێ چاودێر مەزەندەی ئەوە دەكەن، عەلەویەكان، كە لقێكی دروست بووی ئیسلامی شیعەیە، و ئەسەدیش سەر بە عەلەویەكانە، هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی خۆیان دەدەن بە درێژایی كەناری دەریای سپی ناوەڕاست، كە لە سایەی پارێزگاری حزبوڵڵا و ئێران و روسیادا بێت، كە ئەمەش زیندووكردنەوەی ئەو دەوڵەتە پاشكۆیەیە كە لە ژێر ویصایەتی فەڕەنسیدا بوو لە ساڵانی بیستەكان و سییەكانی سەدەی رابردوودا.
دەوڵەتە عەرەبیەكان كێشەی خۆیان هەیە و بەدەستیەوە گرفتارن. لە لوبنان لەدوای كۆتایی هاتنی شەڕە ناوخۆییە خوێناوییەكەی (1975-1990)، هێشتا دابەشبوونی تایەفەگەری و ئایینی توند لە ئارادا ماوە. خەریكە بڵێین عێراق پارچە پارچە بووە بەدەست بۆمبە خۆكوژیەكان و میلیشیا تایەفەگەریەكانەوە لە دوای داگیركردنی ئەو وڵاتەوە لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003، بەم دواییەش ئاستی توندوتیژی بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، بەتایبەتی لە پارێزگای ئەنبار. ئەوەی كەمتر دراماتیكیە، بەڵام هێشتا گرنگە ئەوەیە كە ئەردەن هاوسەنگیەكی نائاسانی پاراستووە لە نێوان دانیشتوانی ئەسڵی وڵاتەكەیان و پەنابەرە فەلەستینیەكاندا، كە ئەمەی دواییان بۆ ماوەیەكی زۆرە زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەكەیانی پێكهێناوە.
هەرێمی كوردستان و
گەشەكردنی نوێ
لەنێو ئەم بارودۆخە شڵەژاوەدا شتێكی دیكە لە كوردستانی عێراقدا روودەدات. ئەم ناوچە نیمچە سەربەخۆیە(Semi-Autonomous) گەشەكردنی نوێی بەدەست هێناوە بەهۆی هاوكاری ئابووری سەر سنورەكانەوە، كە بۆی هەیە شوێنەكانی دیكە و بگرە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش هەوڵی لاساییكردنەوەی بدەن. هەر لە ساڵی 1991ـەوە كوردستانی عێراق خاوەنی خۆبەڕێوەبەریەكی ئەمری واقیع بووە، ئەویش لەدوای ئەوەی ئەمریكا ناوچەی دژە فڕینی سەپاند لە باكووری عێراقدا. ئەوەش بۆ خۆی دەرچوونە لەو حاڵەتەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، كە ئەوان لە رووی ئیتنیەوە جیاوازن لە باقی بەشەكانی دیكەی جیهانی عەرەبی. بۆی هەبوو پارێزگاریەكەی ئەمریكا هانی كوردەكانی بدایە بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی لە عێراق، شڵەژاندنی ئەو سنورانەی لە ئارادابوون. لەبری ئەوە، كوردەكان بژاردەی بەدواداچوونی بەرژەوەندیە ئابووریەكانی خۆیانیان گرتەبەر لە چوارچێوەی ئەو سنورانەدا كە هەبوون.
دوای داگیركردنی عێراق لە ساڵی 2003، كوردستانی عێراق پێشوازی لە ئەمریكا كرد، كە ئەوان پێشووتر و بۆ ماوەیەكی زۆر، سوودمەندی راستەوخۆ بوون. دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005دا پەسەند كرا، كە بە هۆی دروستكردنی سیستمی فیدراڵیەوە پێگەیەكی تایبەتی بە كوردستان بەخشی، كە بە راددەیەكی گەورە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە پایتەختەكەی هەولێرە، بۆ ئەوەی حكومڕانی پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی بكات. هەروەها دەرفەتی دا بە 15 پارێزگاكەی دیكەی عێراق كە پێگەی هاوشێوەیان هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی سیستمی فیدراڵی لە دەستووری عێراقدا چەسپیوە، ئەوا بەغدا هەرچی لە دەست هاتووە كردویەتی بۆ سنورداركردنی خۆبەڕێوەبەری كورد و رێگرتن لە پارێزگاكانی دیكە بۆ ئەوەی داواكاری خۆبەڕێوەبەری(ئۆتۆنۆمی) بكەن.
كرۆكی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر بریتییە لە كۆنتڕۆڵكردنی نەوت و غازی هەرێمەكە. بەغدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە سەرجەم داهاتەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ حكومەتی مەركەزی، كە دواتر دەست بە دابەشكردنی دەكرێت بەسەر سێ پارێزگاكەی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا. لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان، بڕیارە كوردستان لە سەدا 17ی تەواوی داهاتەكانی نەوتی عێراقی پێبدرێت. بەڵام هەرێمی كوردستان(KRG) بانگەشەی ئەوە دەكات كە دوای ئەوەی بەغدا خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت، و بەشە خەرجیەكانی كوردستان كە پەیوەستن بە بەرگری نیشتمانی و كاروبارە دەرەكیەكانەوە دەبڕێت، ئەوا كوردستان تەنیا 10-11% ی بودجەكەی پێدەدرێت.
سەرەتا هەرێمی كوردستان(KRG) هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی دا و دەستی كرد بە واژۆكردنی گرێبەست و گەڕان بە دوای نەوت لەگەڵ كۆمپانیای بچووكی وزەدا لە ساڵی 2002. بەڵام دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێ، بە پەلە و بە پەرۆشیەكی زیاترەوە هەوڵی گرێدانی گرێبەستی دا، ئەگەرچی روون نەبوو ئایا لە رووی یاساییەوە دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئەو كارەی هەیە. دەستوورەكە دەڵێت كە حكومەتی مەركەزی دەسەڵاتی حەسری هەیە بەسەر ئەو كێڵگە نەوتیانەی لە ئارادان، بەڵام تەم و مژی هەیە لەبارەی ئەوەی كێ دەسەڵاتی هەیە بەسەر كێڵگە نوێیەكاندا. تاوەكو ئەمڕۆ، حكومەتی مەركەزی دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە مافی هەیە بەسەر یەدەگی نەوتی كۆن و نوێدا، هەولێر بانگەشەی ئەوە دەكات مافی ئەوەی هەیە واژۆی گرێبەست بكات بۆ ئەو كێڵگە نوێیانەی لە سەر خاكەكەی دەدۆزرێنەوە.
ئەمریكا هەوڵیدا ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر لە رێی یاسای نیشتمانی نوێی نەوت و غازەوە یەكلا بكاتەوە، بەڵام هەردوولا نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن. لەبری ئەوە لە ساڵی 2007دا، پەرلەمانی كوردستان یاسای خۆی دەركرد بۆ رێكخستنی نەوت و غاز.
گرێبەستەكانی هەرێمەكە، بوار بە رێككەوتنی سەخاوەتمەندانەی دابەشكردنی بەرهەم دەدات لەگەڵ كۆمپانیا دەرەكیەكاندا. بە دەیان كۆمپانیای دەرەكی، وەك كۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی ئەنگلۆ- توركی، ئەداكس پەترۆلیومی چینی، تۆتاڵی فەڕەنسی، و دی ئێن ئۆی نەرویجی، و گازپرۆمی روسی، هاتوون بۆ ئەوەی شوێن پێیەكیان هەبێت لەو شوێنەی كە تۆنی هایوەرد.. لە ساڵی 2011دا بە «یەكێك لە دوا ناوچە پەرەپێنەدراوە مەزنەكانی نەوت و غاز» وەسفی كرد. لە ساڵی 2012دا تەنانەت گەورە كۆمپانیا نەوتیەكانی ئەمریكاش، وەك شیفرۆن و ئیكسۆن مۆبێل، راستەوخۆ رێككەوتنی بەدواداگەڕان و بەرهەمهێنانیان لەگەڵ هەولێر واژۆ كرد و بە ئاشكرا تەحەددای بەغدا و ئیدارەی ئۆبامایان كرد، كە سەرەڕای پشتیوانی چەسپاوی واشنتۆن بۆ كوردستانی عێراق، بەڵام بەرهەڵستی ئەو رێككەوتنانەی كرد، چونكه ترسی ئەوەی هەبوو كە ناكۆكیەكانی پەیوەست بە نەوتەوە لە چوارچێوەی عێراقدا بۆی هەیە ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری وڵاتەكە. ئەو گەورە كۆمپانیا نەوتیانەی ئەمریكا چوونە پاڵ پێنج كۆمپانیای بچووكی ئەمریكی- هێس، ئێچ كەی ئێن، هەنت، ماراسۆن، و مورفی- و پتر لە 40 كۆمپانیا لە كەنەدا، و چین، و نەرویج و روسیا و وڵاتە عەرەبی و ئاسیاییە جیاوازەكانەوە هاتنە كوردستان بۆ ئەوەی كار لە سامانی دەوڵەمەندی كوردی بكەن، كە لەلایەن شارەزایانی پیشەسازیەوە بە 45 ملیار بەرمیل نەوت و 99 ترلیۆن بۆ 201 ترلیۆن پێ سێجا غاز مەزەندە كراوە.
سەرەڕای ئەم دەرفەتە، ئەوا هێشتا هەرێمی كوردستان(KRG) پێویستی بە دەروازەیەكە بۆهەناردەكردنی نەوت و غازی كوردستان بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی. هەولێر دەیتوانی ئەم نەوتە لە رێی ئەو بۆریانەوە هەناردە بكات كە لە ئارادان- واتە هێڵی سەرەكی باكووری عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاو، كە شاری كەركوكی عێراقی بە بەندەری جیهانی توركییەوە- لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست دەبەستێتەوە، بەڵام بەغدا بەشە عێراقیەكەی ئەو هێڵەی كۆنتڕۆڵكردووە، بەو پێیە دەیتوانی كۆنتڕۆڵی داهاتی نەوتەكەش بكات. لەبری ئەوە، هەرێمی كوردستان(KRG)، بڕیاری دروستكردنی بۆریەكی نوێی دا، لە كێڵگەی نەوتی تەق تەقەوە، لە نێو جەرگەی كوردستانەوە، بۆ سنوری توركیا، كە لەوێوە بە هێڵی جەیهانەوە دەبەسترێتەوە كە ئەمەش تەحەددیەكی راستەوخۆ بوو بۆ بانگەشەكەی بەغدا بەوەی ئەو تەنیا لایەنە كە كۆنتڕۆڵی نەوتی عێراق دەكات.
بەم زووانە كوردستانی عێراق داهاتی پێویست بەدەست دەهێنێت لە ئەنجامی هەناردەكردنی نەوتەكەیەوە كە ئەمەش جێی ئەو داهاتەی بۆ دەگرێتەوە كە لە بەغداوە بەدەستی دەهێنێت.
سامانی كوردەكان
هەرچۆنێك بێت، هەرێمی كوردستان(KRG) نەیدەتوانی بە تەنیا ئەم كارە بكات، بەڵكو پێویستی بە هاوكاری دراوسێكەی باكوور هەبوو، واتە توركیا. دوای هەندێ دوودڵی، حكومەتی توركیا رازی بوو رێگا بدات بەوەی بۆری نوێی كوردەكان بە هێڵی جەیهانەوە ببەسترێتەوە. بەڵام لەوە گرنگتر، ئەنقەرە بەوەش رازی بوو كە داهاتی نەوتی كوردەكان لە حسابێكی بانكی كوردی لە توركیا هەڵبگیرێت، نەك لە حسابە نیشتمانیەكەی عێراق لە نیویۆرك، كە سەرجەم داهاتەكانی دیكەی نەوتی عێراقی تێدا هەڵدەگیرێت.
پشتیوانی حكومەتی توركیا بۆ داواكەی هەرێمی كوردستان(KRG) بۆ سەربەخۆبوونی دارایی ئاڵوگۆڕێكی جێی سەرسوڕمان بوو، لەبەر ئەوەی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ- توركیا- بەرهەڵستی خۆبەڕێوەبەری كوردستانی عێراقی دەكرد، چونكە پێیوابوو ئەمە دەبێتە پێشینەیەكی مەترسیدار، ئەویش بە لەبهرچاوگرتنی ئەوەی توركیا دانیشتوانێكی زۆری كوردی هەیە، كە ناكۆكیەكی بەردەوام و چارەسەرنەكراو و زۆرجار توندوتیژیان هەیە لەگەڵ ئەنقەرەدا. هەروەها ئەنقەرە هەوڵیداوە پێوەندی باشی لەگەڵ هەولێر و بەغدا هەبێت، بەڵام وڵاتەكە پێویستی بە دابینكردنی نەوت و غازی نوێ و هەرزان هەبوو بۆ ئابووریەكەی كە بە رەوتێكی خێرا گەشە دەكات. توركیا، هەروەك وەزیری نەوتەكەی، كە لە كانوونی یەكەمی رابردودا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسێكی هەواڵی كوردی عێراقیدا گوتی: «توركیا ناتوانێت دەستە و ئەژنۆ دابنیشێت.» كۆتایی ساڵی رابردوو، كوردستان دەستی كرد بە هەناردەكردنی نەوت بۆ جەیهان، كە پلانەكە ئەوەیە لە ساڵی 2015دا رێژەی هەناردەكردن لە رۆژێكدا بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت.
بە بەراورد بە بەشەكانی دیكەی عێراق، كوردستان كە خاوەنی ئاسایش و ئارامیەكی رێژەییە، كەشێكی لەبارتری بۆ بزنسكارەكانی توركیا رەخساندووە. لە ساڵی 2012، لە 70% سەرجەم بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان هەردوو وڵات لە كوردستاندا چڕ بۆوە، ئەگەرچی دانیشتوانەكەی یەك لەسەر شەشی تەواوی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنن.
جێی سەرسوڕمان نییە، لە ئەگەری ئەوەی كوردستانی عێراق نەوتی خۆی هەناردەی توركیا بكات، ناڕەزاییەتیەكی توندی بەغدای لێكەوتەوە. بەڵام كوردستانی عێراق پێداگیری دەكات بەوەی ئەو راستیەی لەبەرچاوە كە بەپێی دەستوور نەوت موڵكی هەموو عێراقیەكانە، هەرێمی كوردستانیش بەڵێنی ئەوە دەدات لە 83% داهاتەكە بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، ئەویش وەك جێبەجێكردنی ئەو شێوازەی ئێستا هەیە بۆ دابەشكردنی داهاتەكان كە وەك بەشێك لە گفتوگۆ بەردەوامەكانی بودجە پەرەی پێدراوە.
بەڵام لە هەمان كاتدا، دەسەڵاتی كوردی ئەوەیان بە روونی راگەیاندووە كە ئەوان لە بەشەكەی بەغدا 50 ملیار دۆلار دەبڕن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەمە قەرزە بەسەر بەغداوە، هەروەها، هەولێر هەڕەشەی ئەوەی كردووە بەشێك لەو داهاتە گل دەداتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی كە لەلایەن سەددامەوە و لە پێش ساڵی 1991ـەوە لە كوردستان كەوتوون، كە هەرێمی كوردستان ئەو زیانانە بە 380 ملیار دۆلار مەزەندە دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم هەڕەشەیەی دوایی زیاتر لە چوارچێوەی گووتار و قسەدا دەمێنێتەوە، هەرچۆنێك بێت بەم زووانە بەغدا بەشەكەی خۆی كە لە سەدا 83یە بە دەست ناگات. بە دڵنیاییەوە، حكومەتی مەركەزی دەتوانێت بە بڕینی سەرجەم داهاتەكانی نەوت لە كوردستان تۆڵەی خۆی بكاتەوە، بەڵام ئەو كاتە هەناردەی نەوتی كوردستان دەگاتە 450,000 بەرمیل لە رۆژێكدا، كە ئەمە لە كۆتایی ئەم ساڵدا روو دەدات، ئەوا كوردستان ئەوەندە داهات بەدەست دەهێنێت كە جێی ئەو داهاتەی بۆ بگرێتەوە كە لە بەغداوە بۆی دەهات، كە لە ساڵی رابردودا 12 ملیار دۆلار بوو.
ناڕەزایەتییەكانی بەغدا سڵی بە كوردستانی عێراق و توركیا نەكردەوە و هەردوولا بەردەوام بوونە لە ئەنجامدانی رێككەوتن و قووڵكردنەوەی هاوپەیمانێتی وزەی نێوانیان.
رێككەوتنی نێوان
هەرێمی كوردستان و توركیا
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا، رێككەوتنێكی نوێیان راگەیاند بۆ دروستكردنی هێڵێكی نوێی بۆڕی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی كوردستان بۆ جەیهان و بۆریەكی گواستنەوەی غاز بۆ دابینكردنی وزە بۆ وێستگە كارەباییەكان لە توركیا. بەپێی راپۆرتە دزەپێكراوەكان، سەرەتا توركیا لە ساڵێكدا 353 ملیار پێی سێجا غاز لە كوردستان دەكڕێت و لە كۆتاییدا دوو هێندەی ئەو بڕە دەكڕێت. هاوكاری نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان تەحەددیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئومێدەكانی بەغدا بە پاراستنی عێراق كە لە ژێر دەسەڵاتی مەركەزدا بێت. رێككەوتنەكانی راكێشانی بۆری و وزە لە نێوان توركیا و كورد رەنگدانەوەی تێڕوانینێكی جیاوازە بۆ عێراق، كە خەسڵەتەكەی بوونی هەرێمی ئۆتۆنۆمی بەهێز و سنورگەلێك بێت كە قابیلی ئیختراقكردن بن. بێگومان، هەرێمی كوردستان لە بۆشاییدا نەكەوتۆتە شوێن بەرژەوەندییە ئابووریەكانی خۆی.
كورد بێ بنەما
شوێن بەرژەوەندییە ئابورییەكانی نەكەوتووە
بێتوانایی سەلمێنراوی بەغدا لە بەكارهێنانی داهاتی نەوت بۆ ئاوهدانكردنەوەی عێراق بەتەواوەتی دەركەوتووە، هەروەها كەموكوڕیەكی زۆر لە دابینكردنی كارەبا هەیە كە بەشێكی زۆری وڵاتەكەی گرفتار كردووە ئەمانە هۆكارێكی یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی هەولێر رێگای خۆی بگرێتە بەر.
زاڵبوونی هەر یەكێك لەو دوو تێڕوانینە ئاكامی قووڵی لێدەكەوێتەوە لەسەر ئایندەی عێراق و ناوچەكە. هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نوری مالیكی، بۆ درێژەپێدان بە دەسەڵاتێكی مەركەزی بەسەر پارێزگاكانی عێراقەوە ئاگری توندوتیژی ئیتنی و تایەفەگەری هەڵگیرساند، كە ئەمەش گومانی ئەوەی دروست كرد كە ئایا عێراق دەتوانێت بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە؟ لە راستیدا، هەر هەوڵێكی بەغدا بۆ رێگری كردن لە هاوكاری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بۆی هەیە بە ئاسانی دەرئەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە، ئەمە وا دەكات هەرێمی كوردستان پەنا بۆ جاڕدانی سەربەخۆبوونی كوردستان بەرێت.
لەكۆتاییدا، هیچ لایەكیان خوازیاری ئەم دەرئەنجامە نین، بەغدا نایەوێت كوردستان و نەوتی كوردستان لەدەست بدات، كوردستانیش ئامادە نییە رووبەڕووی تەحەددیەكانی سەربەخۆیی ببێتەوە، لە نێویاندا لەدەستدانی داهاتی نەوت لە مەودای كورتخایەندا، تێكچوونی پێوەندیەكانی كورد لەگەڵ توركیادا، كە توركیا پێی باشترە مامەڵە لەگەڵ هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆدا بكات نەك دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، هەروەها پرۆسەیەكی دوورودرێژ و قورسی بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەم بە بنبەست گەیشتنە نەبۆتە هۆی ئەوەی بەغدا باجەكەی لەسەر كوردستان گرانتر نەكات، ئەویش بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە بودجەی نیشتمانیدا بۆی دیاری كراوە، و هەڕەشەی بەرزكردنەوەی داوای یاسایی دەكات لە هەرێمی كوردستان، و حكومەتی توركیا و هەر كۆمپانیایەك كە بێ مۆڵەتی ئەو نەوتی كوردستان هەناردە بكات. تەنانەت لە مانگی كانوونی دووەمدا، وەزیری نەوتی عێراق، عەبدولكەریم لوعەیبی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند ئەگەر توركیا كارئاسانی بكات بۆ هەناردە كردنی نەوتی كوردستان، ئەوا «دەستێوەردان دەكات لە دابەشكردنی عێراقدا.» لە ئێستادا و بەپێی لێدوانی یەڵدز، لە مانگی كانوونی دووەمەوە پتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی جەیهان كراوە و لە عەمبارەكاندا هەڵگیراون، تاوەكو ناكۆكیەكە یەكلا دەبێتەوە. پێدەچێت كات لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت، هەرچۆنێك بێت، لە كۆتاییدا نەوت و غاز رێگەی خۆیان دەدۆزنەوە بۆ بازاڕەكان، دوای هەموو شتێك، ئەوا كۆمپانیا دەرەكیەكان بۆ چەندین ساڵە نەوتی كوردستان دەردەهێنن بەبێ ئەوەی رەزامەندی عـــێـــراقــــیان وەرگرتبێت.
ئەگەر لە كۆتاییدا بەغدا ئەوە قبوڵ بكات كە كوردستان بە شێوەیەكی روو لە زیاد لە رووی ئابووریەوە خۆی بەڕێوە ببات و كوردستان هاوكاری ئابووری لەگەڵ توركیادا بكات، ئەوا ئەمە دەبێتە لاواز كردنێكی ناتوندوتیژ، بەڵام گرنگی ئەو سیستمە كۆنەی سایكس پیكۆ دروستی كردووە. ئەگەرچی هێشتا حكومەتی مەركەزی كۆنتڕۆڵی بەشێكی زۆری نەوتی عێراق دەكات، ئەوا باشترە ئەگەر دان بەو راستیەدا بنێت كە دەوڵەتێكی مەركەزی كراو كە سنورگەلێكی قایم و تۆكمەی هەبێت چیتر رەنگدانەوەی واقیعە ئابووری و سیاسییەكان نییە. بە راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی زیاتر و هەناردەكردنی نەوت و غاز،، ئەوا بە تێپەڕبوونی كات، كوردستانی عێراق پتر لە بەغدا دوور دەكەوێتەوە.
بە دڵنیاییەوە بەغدا، هۆكاری باشی هەیە بۆ ئەوەی لەو دەرئەنجامە بترسێت، چونكە نەك تەنیا مەترسی لە دەستدانی كۆنترۆڵی نەوتی كوردستانی لە خۆگرتووە، بەڵكو بوونی كوردستانێكی گەشەكردوو و خۆبەڕێوەبەر كە پێوەندی نزیكی لەگەڵ دەوڵەتێكی دەرەكیدا هەبێت بۆی هەیە ببێتە مۆدێلێك بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق، كە ئەوانیش ناڕازین لە حكومڕانی دەسەڵاتی مەركەزی - كە دەسەڵاتێكی گەندەڵكار و خۆسەپێنە- و دەیانەوێت خۆیان كۆنتڕۆڵی سەرچاوەكانی نەوت و غازی خۆیان بكەن.
پارێزگای نەینەوا بە نموونە وەربگرە، كە زۆرینەی لە عەرەبی سوننە پێكهاتووە و دەكەوێتە رۆژئاوای هەولێرەوە. بە چەشنی زۆرێك لە سوننەكان، لە سەرەتادا سەركردەكانی نەینەوا بەرهەڵستی خۆبەڕێوەبەری كوردیان دەكرد، بە یەكەم هەنگاوی دابەشبوونی وڵاتەكەیان دادەنا. بەڵام بەهۆی ئەگەری دۆزینەوەی نەوت لە پارێزگاكەیان و ئەو مۆدێلەی كوردستان پێشكەشی دەكات، ئەم تێڕوانینەیان لە گۆڕاندایە. پارێزگاری نەینەوا، ئەسیل ئەلنوجەیفی، بۆ چەندین ساڵ لە شەڕدا بوو لەگەڵ حكومەتی مەركەزی بۆ بەدەستهێنانی دارایی تەرخانكراو بۆ پارێزگاكەی كە لە راڕەوە بیرۆكراتیە پێچا و پێچەكانی بەغدادا گیری خواردووە. نوجەیفی پێشوازی لە سەرچاوەیەكی سەربەخۆیی بەدەستهێنانی داهات دەكات. لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2011دا، كاتێك ئیكسۆن مۆبێل گرێبەستی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد بۆ گەڕان بە دوای نەوتدا لە شەش كێڵگەی كوردستاندا، كە دووانیان دەكەونە سنورە ناكۆكی لەسەرەكان لەگەڵ نەینەوادا، راستەوخۆ نوجەیفی ئیدانەی ئەو رێككەوتنەی كرد. لەگەڵ ئەوەشدا، لە حوزەیرانی 2012دا، تۆنی قسەكردنی گۆڕی، باسی لەوە كرد پێویستە نەینەوا راستەوخۆ لەگەڵ ئیكسۆن مۆبێل و هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكات بۆ ئەوەی بە هاوبەشی نەوتی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەكار بهێنن، هەروەها نوجەیفی باسی لەوە كرد پێویستە نەینەوا چاو لە دراوسێ كوردەكەی بكات و ببێتە هەرێمێكی فیدراڵی نیمچە سەربەخۆ. سەرەڕای ئەوەی سەرەتای ئەم ساڵ ئەنجومەنی پارێزگا لە بەرژەوەندی ئەم گۆڕانكاریە دەنگیدا، بەڵام بەغدا پرۆسەكەی راگرتووە.
هەروەها چەندین پارێزگای شیعەنشین و سوننەنشین هەن كە بیر لە هەڵگرتنی هەنگاوێكی هاوشێوە دەكەنەوە. پارێزگای بەسرە كە زۆرینەیان شیعەن، و سەنتەری بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقە، كە لە سەدا 60ی یەدەگی نەوتی وڵاتەكەی تێدایە كە بە 141 ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت، لە ساڵی 2008ـەوە هەوڵیداوە لە بەغدا دوور بكەوێتەوە، چەندین جار ئەنجومەنی پارێزگاكە دەنگیان بۆ ئەم پرسە داوە. لە كۆتایی 2011 و سەرەتای 2012 ئەنبار و دیالە سەڵاحەددین، كە هەموویان پارێزگای سوننەنشینن، دەنگیان بۆ ئەوە داوە كە جاڕی خۆبەڕێوەبەری بدرێت لە بەرامبەر بەغدا، بەڵام مالیكی ئەو بڕیارانەی رەتكردەوە. ئێستاش نزیكەی نیوەی 18 پارێزگاكەی عێراق یان نیمچە سەربەخۆن(Semi-Autonomous)، وەك كوردستان، یاخود پلانی ئەوەیان هەیە نیمچە سەربەخۆبن، ئەویش بە پشتەبەستن بە دەستوری عێراق.
خەڵاتەكە
سەرهەڵدانی ناوچە سەرو نەتەوەییەكانی هاوكاری ئابووری وەك بەدیلێك بۆ لەبەریەكهەڵوەشانی دەوڵەت تەنیا لە كوردستانی عێراق و توركیادا كورت نابێتەوە. وەك بەشێك لە سیاسەتی «سفر كێشە لەگەڵ دراوسێكان»ی ئەردۆغان، كە بەم چەند ساڵەی دوایی بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینی(هاوشان بە هەڵوێستی سیاسییەكانی سەرۆك وەزیران)، ئەوا ئامڕازی دیپلۆماسی تەفزیڵكراوی توركیا بریتی بووە لە بازرگانی ئازاد. پێش راپەڕینەكانی سوریا لە ساڵی 2011، توركیا سنورەكانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكانی باشووردا كردەوە، كە لە سوریاوە- كە عەلەوییەكان باڵادەستن بەسەریدا و دەكەوێتە سەر كەناری دەریای سپی ناوەڕاست- بەرەو ناوچە كوردییەكانی لە باكووری رۆژهەڵاتدا. شارۆچكە سنورییەكانی توركیا ببوونە سەنتەری بازاڕ بۆ ئەو سوریانەی دەیانتوانی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بیگەنێ، هەروەها بووە مەڵبەندێكی ترانزێت بۆ بارهەڵگرە توركیەكان كە كاڵایان بۆ كەنداوەكە دەبرد. مەرجی وەرگرتنی فیزایان لەسەر ئەردەنی و لوبنانی و مەغریبی و تونسیەكان هەڵگرت، هەردوو كابینەی سوریی و توركی چەند كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا. تەنانەت ئەنقەرە ئامادەكاری كردبوو بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن بۆ دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئەردەن و لوبنان و سوریادا.
رەخنەگران ئەم سیاسەتەیان بە سیاسەتی «عوسمانی تازە» ناوزهد كرد و بە هەوڵێكی پەردەپۆشكراوی توركیایان دانا بۆ بەدەستهێنانەوەی باڵادەستی كۆنی خۆی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە راستیدا هەندێ لوتبەرزی ئیپمراتۆریانە لە پلانەكانی توركیادا هەبوو، و بەرژەوەندی خۆویستی و ئارەزووی بەدەستهێنانی وزەی هەرزان پاڵنەری سیاسەتی ئەنقەرەن لە ئاست كوردستانی عێراقدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سیاسەتە وەڵامدانەوەیەكە بۆ هێزە ئیتنی و تایەفەگەریە توندوتیژەكان كە هەڕەشەی ناسەقامگیركردنی دەوڵەتە عەرەبیەكان دەكەن، كە سەرەڕای سەدەیەك لە بەدامەزراوەییكردنی سنورەكان و ناسنامەی نەتەوەیی، هێشتا بە تەواوەتی ئەو دابەش بوونانە كۆتاییان نەهاتووە.
تەنانەت لەگەڵ بوونی ئەو دوژمنایەتیانەشدا، هێشتا ئەو ناوچانەی كە گرووپێكی ئیتنی یان تایەفەگەریان تێدایە، دەتوانن شوێن پێی كوردستانی عێراق هەڵبگرن بۆ چارەسەر، كە بریتییە لە هەوڵی بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری و هاوكاری لە چوارچێوەی زۆنێكی ئابووری بەرفراوانتردا، ئەمە لە كاتێكدا بە ناو لە چوارچێوەی سنورە نەتەوەییە كۆنەكاندا بمێننەوە. سوریا كە شەڕ شەكەتی كردووە، دەتوانێت ئەم مۆدێلە بگرێتەبەر، ئەویش كاتێك شەڕەكە وەستا و سوریەكان دەستیان بە بیركردنەوە كرد لەوەی چۆن جارێكی دیكە پێكەوە بژین. ئەگەری گەڕاندنەوەی دەوڵەتە بەعسیە كۆنەكە، كە مەركەزیەتێكی توندی هەبوو، ئەگەرێكی زۆر لاوازە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی یاخیبووەكان چەند ناوچەیەكیان لەو وڵاتەدا دامەزراندووە كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیاندایە. بەڵام دەرئەنجامەكانی دابەشبوونی سوریا بۆ چەند دەوڵەتێكی پاشكۆ- كە قابیلی بەردەوام بوون نەبن- مایەی ناڕەحەتی و نیگەرانییە. ئەوەی زیاتر مایەی مژدەبەخشین دەبێت ئەوەیە، رێگاچارەیەكی فیدراڵی بگیرێتەبەر، كە ئەحكامە باشەكانی دەستووری عێراق بكرێتە بناغە، كە تێیدا كورد لە باكوور، و سوننەكانیش لە رۆژهەڵات و عەلەویەكانیش بە درێژایی كەنارەكە جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەریان(ئۆتۆنۆمیان) هەبێت، كە هەموویان پێكەوە سەرقاڵی هاوكاری ئابووری ناوچەیی بن.
هەروەها دەكرێت، ئەم جۆرە چارەسەرە، لەسەر بنەمای هاوكاری ئابووری، رێگاچارەیەك بێت بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكیەكانی دیكە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا. دوای دەیەها ساڵ لە هەوڵی شكستخواردو بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان یۆنان و توركیا لەسەر دوورگەی قوبرس- كە دوورگەیەكی دابەش بووە-ئەوا لەگەڵ دۆزینەوەی كیڵگەیەكی گەورەی غازدا لە ئاوەكانی باشووری قوبرسدا، ئاماژەكانی ئومێد لە ساڵی 2011دا دەردەكەوتن. هەرزانترین رێگای هەناردە كردن كە لەڕێی بۆریەوە غاز لە قوبرسی یۆنانەوە لە باشوورەوە بەرەو بەشەكەی باكوور دەگوازێتەوە كە لەلایەن ئیدارەی توركیاوە بەڕێوە دەبردرێت، كە لەوێشەوە بەرەو توركیا دەچێت و بەو بۆریەوە گرێ دەدرێت كە بەم دواییە رەزامەندی لەسەر درا و بە ئەدریاتیكدا دەڕوات، كە لە یۆنان و ئەلبانیادا دەڕوات بەرەو ئیتاڵیا. ئەگەرچی هێشتا قوبرسی یۆنانی و بەرپرسانی توركیا تەنیا گفتوگۆیان لەسەر ئەگەری راكێشانی بۆری بە قوبرسدا كردووە، ئەوا حاڵی حازر توركیا و یۆنان پێكەوە كاردەكەن بۆ دروستكردنی بۆریەكان لە ئەدریاتیكدا، ئەمە سەرەڕای ناكۆكی دوورودرێژیان لەسەر قوبرس، لە نێو كۆمەڵێك پرسی دیكەدا.
لە هەمان كاتدا، پێوەندیەكانی نێوان سۆدان و باشوری سۆدان پڕ لە ناكۆكی توند بوو لە دوای سەربەخۆبوونی باشووری سۆدانەوە لە ساڵی 2011 و لە دوای بیست ساڵی شەڕی ناوخۆیی-، بەڵام درەنگ یان زوو دەبێت ئەو دوو دراوسێیە هاوكاری یەكتر بكەن لەسەر یەدەگی گەورەی نەوتەكەیان. سێ لەسەر چواری نەوتی هەردوو وڵاتەكە لە باشوری سۆدانەوە دێت- كە وڵاتێكی داخراوە و دەروازەی دەریایی نییە- كە پشت بە بۆریەكانی سۆدان دەبەستێت بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەرەوە. لەبەر ئەوەی باشووری سۆدان ئامادە نەبوو كرێی رۆیشتنی نەوت بە سۆدان بدات، كە كرێیەكی بەرز بوو، ئەوا باشووری سۆدان بەرهەمهێنانی نەوتی راگرت لە كانوونی دووەمی ساڵی 2012دا، كە زیانێكی ئابووری گەورەی بە هەردوو وڵاتەكە گەیاند، بەڵام ئەیلوولی رابردو تێڕوانینی هاوبەش زاڵبوو، هەردوولا سازشیان كرد، و رێگەیاندا بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باشووری سۆدان و كردنەوەی سنورە هاوبەشەكەیان بۆ هاتوچوونی خەڵك و بۆ بازرگانی.
مەحاڵە پێشبینی دەرئەنجامی درێژخایەنی ئەو هێزانە بكەین كە هەڕەشە لە سیستمی ئیقلیمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن. لە راستیدا بۆی هەیە، وڵاتێكی وێران بووی دەستی جەنگ و شەڕكردن، وەك سوریا، دابەش بن. زەمانەتی ئەوەش لە ئارادا نییە كە ئەو وڵاتانەی كە رێگای هاوكاری ئابووریان گرتۆتە بەر سەركەوتوو بن، چونكە بۆی هەیە سیاسەتە بازرگانیەكان و هەوڵەكانی هێنانەئارای هاوكاری ئابووری ببنە قوربانی هەمان ئەو هێزە ناسیۆنالیستانەی دەیەها ساڵە پاڵنەری سیاسەتی عەرەبی بوونە. بەڵام مژدەی كۆمەڵە ئابووریە سنوربڕەكان بۆی هەیە سنورێك دابنێت بۆ ئەگەری بەدەستهێنانەوەی دەوڵەتگەلێكی مەركەزی و خۆسەپێن و لەبەریەكهەڵوەشانەوەی توندوتیژ ئامێزی دەوڵەتان بۆ چەند ناوچەیەكی بچووكتری ئیتنی و تایەفەگەری.
پێویستە ئەمریكا لەلای خۆیەوە، دان بەم ئەگەرە نوێیەدا بنێت. واشنتۆن لەوە دەترسێت كە شڵەژانی ئەم سنورانەی كە ئێستا هەن تەنیا ناكۆكی و پشێوی زیاتر بە دوای خۆیاندا بهێنێت. هەرچەندە هۆكاری باش هەن بۆ ئەوەی كابوسی سوریا بمان ترسێنێت، بەڵام رەنگە هەوڵدان بۆ رێگرتن لە گۆڕینی سنوورەكان تەنیا بێتە هاندەرێك بۆ لەبەریەكهەڵوەشانی زیاتر - كە ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە كە ئەمریكا دەیەوێت خۆی لێ لابدات،بەڵام ئەو نەوتەی ئێستا بە سنووری كوردستان و توركیادا دەڕوات بەدیلێك دەخاتەڕوو: دروستكردنی ناوچەگەلێكی ئابووری نوێ كە پایەی لە سنورەكاندا هەیە و دوژمنایەتیە كۆنەكان تێدەپەڕێنێت.