نه‌ورۆز ئازادی و سه‌رفرازی ره‌هه‌نده سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تيه‌كانی
March 19, 2014
راپۆرتەکان
لیژنه‌ی باڵای فه‌توای هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه «لە ساڵی 1970 زانایانی کوردستان هەر یەک لە: م.شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ، م. مسته‌فا نه‌جیب قەرەداغی، م. عه‌بدولحه‌مید ئەتروشی، م. شێخ محه‌ممه‌دی قەرەداغی، م. سه‌ید حه‌سه‌ن لە کەرکووک، م. مه‌لا عه‌بدالله چروستانی، م. مه‌لا عه‌بدولڕه‌حیم پەرخی، و م. مه‌لا عه‌بدولسه‌لام) فتوایان داوە کە نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردەو ئاگری نەورۆزیش ئاماژەی سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەیەکە بەسەر زوڵم و ستەمدا، نەورۆزیش سەری ساڵی نوێی کوردیيە، خۆی لە خۆیدا بۆنەیەکی رەوایە». هه‌روه‌ها ليژنه‌كه ده‌ڵێت «ئەگەر شتی نائاسایی و ناپەسەندیش -خوا نەخواستە – لە هەر بۆنەیەک ڕووبدات، نابێت بەو هۆیەوە بۆنەو جەژنێکی نەتەوەیی گەلەکەمان لەکەدار بکەین».
له سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤايه‌تى و وڵاته جياوازه‌كاندا زۆرێك له ئه‌فسانه‌كان ڕەهەندى كۆمەڵایەتی و سياسى و ته‌نانه‌ت ئايينييان وه‌رگرتووه، زۆرجاريش ئه‌فسانه‌يه‌ك بۆته بنه‌ماى بۆنه‌يه‌كى نيشتمانى و جه‌ژنى(نه‌ورۆز)يش يه‌كێكه له‌و ئه‌فسانه كۆنانه‌ى مێژوو، كه تا ئێستا جگه له وڵاتانى به‌ركه‌وته‌ى كوردان، له چه‌ندين وڵاتى ديكه‌ش بايه‌خێكى نيشتمانى هه‌يه، گه‌لى كورديش له كۆنترين نه‌ته‌وه‌كانى سه‌ر گڵتۆپى خاكين و خۆيان به خاوه‌نى (نه‌ورۆز) ده‌زانن، له خه‌باتى ڕزگاريخوازيشدا وه‌ك هێمايه‌كى ئازادى و ڕزگارى له كۆتوبه‌ندى سته‌مكارى و ژێرده‌سته‌يى سه‌يريان كردووه. جيا له‌وه‌ش نه‌ورۆز وه‌ك ڕۆژێكى نوێ له بوارى كۆمه‌ڵايه‌تيش ڕەنگدانه‌وه‌ى به‌رچاوى له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى هه‌بووه‌و كوردان به هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌وه بايه‌خێكى زۆريان به‌م ڕۆژه داوه‌و ئاهه‌نگى جۆراوجۆريان بۆ گێڕاوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا هه‌نووكه ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و سياسييه‌كانى نەورۆز خوێندنه‌وه‌ى جياوازى بۆ ده‌كرێ. به‌شداربووانى ئه‌م ڕاپۆرته‌ى گوڵان ئه‌و تێڕوانينه جياوازانه زياتر به‌رجه‌سته ده‌كه‌نەوە.
نه‌ورۆز پێناسه‌ى جۆراوجۆرى بۆ ده‌كرێ
نه‌ورۆز وه‌ك سه‌ری ساڵی نوێ پێناسه‌ى جۆراوجۆرى بۆ كراوه، ده‌وترێ له‌و ڕۆژه‌دا ئاگر دۆزرا‌وه‌ته‌وه‌و خه‌ڵك کردوويه‌تى به جه‌ژن و دنیاى له تاریکی به‌ره‌و ڕووناکی بردووه، يان له ئه‌فسانه‌ى شانامه‌ى (فيردەوسى) دا نه‌ورۆز به ڕۆژى سه‌رکه‌وتنی کاوه‌و شکستی زوحاک ده‌ستنيشان كراوه، هه‌روه‌ها زه‌رده‌شتييه‌كان وه‌ك ڕۆژى سه‌رکه‌وتنی (ئه‌هوورا مه‌زدا) به‌سه‌ر (ئه‌هریمه‌ن)دا، ئاماژه‌يان پێكردووه، ژماره‌يه‌ك له مێژوونوووسانيش(نه‌ورۆز)يان وه‌ك ڕۆژى دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی (ماد) و يه‌كه‌م ده‌وڵه‌تى كوردى ناو بردووه، فه‌له‌كناسانيش قسه‌ى خۆيان له‌و بواره‌دا هه‌يه‌و باسى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه نه‌ورۆز ڕۆژی ڕاوه‌دوونانی زستانی ساردوسڕ و سه‌ره‌تای هاتنی وه‌رزی به‌پیت و به‌ره‌که‌تى به‌هاره و يه‌كه‌م ساتى يه‌كسانى ماوه‌ى ڕۆژ و شه‌وه و... تاد. له لايه‌كى ديكه‌وه به‌پێى زۆرێك له پێوه‌ره‌كانى ژيۆپۆلۆتيك نه‌ورۆز ته‌نيا جه‌ژنى كوردان نييه، چونكه له هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی پێشتر به‌شێك بوون له ده‌وڵه‌تی میدیا وه‌ك وڵاتانى ئێستا( ئێران، ئه‌فغانستان، تاجیکستان، کۆماری ئازه‌ربایجان، قه‌زاقستان، تورکما‌نستان، پاکستان، لوبنان و تورکیا و چه‌ندين وڵاتى ديكه‌ش) نه‌ريت و ڕێسا و ئاهه‌نگى تايبه‌تييان بۆ ئه‌و ڕۆژه هه‌يه، به‌ڵام نه‌ورۆز بۆ گه‌لى كورد بايه‌خێكى تايبه‌تيترى هه‌يه، له خه‌باتى ڕزگاريخوازيشدا وه‌ك هێمايه‌كى ئازادى و ڕزگارى له كۆتوبه‌ندى سته‌مكارى و ژێرده‌سته‌يى سه‌يريان كردووه. ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌م رۆژه‌دا و له ساڵی 1991 كه‌ركووكی دڵی كوردستان له ژێرده‌ستى رژێمى به‌عسى ڕزگار كراوه. ئه‌وه‌ش نه‌ورۆزى بۆ كوردان دره‌وشاوه‌تر كردووه.
كه‌ركووك و نه‌ورۆز و كوردستان لێكدانابڕێن
به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له زۆربه‌ی په‌یامه‌كانیدا به بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه (نه‌ورۆز و كه‌ركووك و كوردستان)ى پێكه‌وه گرێداوه، كه نموونه‌ى به‌رچاوى په‌يامى نه‌ورۆزى به‌ڕێزيان له ساڵى پار بوو، كه له په‌یامه‌كه‌یدا وێڕاى پيرۆزبايى له هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، «نه‌ورۆز بۆ گه‌لی كورد مانا و په‌یامی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. به درێژایی مێژوو ئه‌وه نه‌ورۆز بووه، خاڵی وه‌رچه‌رخانی له ژیانی گه‌لی كورددا دروست كردووه». سه‌رۆك بارزانی له‌و په‌يامه‌يدا جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه «زۆربه‌ی سه‌ركه‌وتن و خۆشی و ناخۆشییه‌كانی گه‌لی كورد له مانگی ئادار و نه‌ورۆزدا ڕوویانداوه»، له به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌يدا باسى ئه‌وه‌ى كرد كه: «زیاتر له 2700 ساڵه كورد زوڵمی قبووڵ نه‌كردووه‌و ئێستایش مه‌حاڵه قبووڵی بكات. جه‌ژنی نه‌ورۆز هه‌رده‌م بیره‌وه‌ریی ڕووخانی نه‌یارانی گه‌له‌كه‌مان و موژده‌ی ده‌ستپێكی ژیانێكی گه‌ش و پڕئومێدمان پێ ده‌به‌خشێت». وتيشى: «هه‌ڵاتنی خۆری ئازادی له نه‌ورۆزی 1991 ـی كه‌ركووكدا مانایه‌كی قووڵتری به‌خشییه نه‌ورۆز و ئه‌ده‌بیاتی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی ئێمه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد و سه‌لماندی كه كه‌ركووك و نه‌ورۆز و كوردستان قه‌ت لێك دانابڕێن». سه‌رۆك بارزانى له په‌يامى ياده‌كانى ئادارى ئه‌مساڵيشدا دووپاتيكرده‌وه كه جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، «جەژنی سەرکەوتنی ئیرادەی ژیان و ئازادی بەسەر زوڵم و بێدادیدايه، ئەوەش بۆ ئێمە مانای ئەوەیە کە ئەنجامی قوربانیدان و خەباتی ڕزگاریخوازی کورد گەیشتنە بە ئازادی، تێپەڕین بەو هەموو نەهامەتییانەدا ئامانجێکی ڕوونی هەیە، کە هەڵکردنی ئاگری ڕۆژێکی نوێیە بۆ کورد، ڕۆژێک کە گەلەکەمان تیایدا سەربەست دەبێت».
هەموو گەلێك مافی خۆیەتی بۆنەی نیشتمانی، يان ئایينی هه‌بێت
نه‌ورۆز ئه‌گه‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یری کورد، ته‌نیا هێماى نوێبوونه‌وه و ده‌ستپێکی ساڵێکی دیکه بێت و وه‌ک نه‌ریتێکی کۆنی كه‌لتوورى و کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی سه‌ير بکرێ، ئه‌وا بۆ کوردان و به‌تایبه‌ت له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا وه‌ک هێمایه‌کی به‌ره‌نگاری و به‌رخۆدانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی سه‌يركراوه.
ئەكرەم عومەر مامۆستای مێژووه و له ئاخافتنێكيدا بۆ گوڵان، سه‌ره‌تا هێماى بۆ ئه‌وه كرد كه نەورۆز ڕەهەندێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و وتى: «هەموو گەلێك مافی خۆیەتی بۆنەی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئایينی هه‌بێت، نەورۆزيش دێرینترین و رەسەنترين جەژنی گەلی كوردەو لای ئێمەی كورد بایەخێكی گرنگی مێژوویی هەیە كه تێكەڵ بە هزر و هۆش و بیرمان بووەو بۆتە بەشێكی رەسەن و نەمر لە كه‌لتووری گەلەكەمان و رەگی لە ناخی خه‌بات و به‌رەنگاريماندا داكوتاوه و لەڕووی ئەدەبیشەوە نەورۆز هەوێنی چەندین شاكاری ئەدەبییمان بووە». ئه‌و مامۆستايه له درێژه‌ى قسه‌كانيدا ئاماژه‌ى به ئاگركردنەوە له ڕۆژى نه‌ورۆز كرد و وتى: «گەلانی كۆن بە پشتبەستن بە پلەی گەرمی و هاتن و چوونی وەرزەكان توانيیان رۆژژمێرێكی سەرەتايی بۆ خۆیان دابڕێژن، كە دواتر بووە هەوێنی دەیان رۆژژمێر و كاتژمێری جیاواز، ئاگركردنه‌وه‌ى نەورۆز هێماى زاڵبوونه به سه‌ر تاريكيدا و یەكەمین ڕۆژژمێری كوردیشە». باسی لەوەش كرد كە نەورۆز بەلای هەموو ئەو نەتەوانەوه گرنگە كه لە خاكی (میدیا)دا ژیاون، كه بە نەتەوەكانی هیندوئەوروپی كۆن ناسراون، وتيشى: «ئەگەر تەماشا بكەین هەریەك لە ئەفغان و هیند و تاجیك و ئۆزبەگ و فارس بەشێوازی جیاجیا یادی نەورۆز دەكەنەوە، ئەمە مانای ئەوەیە كە هەموو میللەتانی ناوەڕاستی ئاسیا و نەوەكانی هیندوئه‌وروپی ئەم جەژنە بەپیرۆز دەزانن».
نه‌ورۆز كه‌لتوورى جلی كوردی زيندوو ده‌كاته‌وه
توێژەری كۆمەڵایەتی شەوین عەلی، سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس دەڵێت: «نەورۆز لەڕووی كۆمەڵایەتيیەوە گرنگی زۆری هەیەو دەبێتە هۆی نزیكبوونەوەی خێزانەكان بەتایبەتی لەو كاتانەی كە پێكەوە بۆ گەشتكردن دەچن، ئەمە بێجگە لەوەی كە چەندین خێزانى له يه‌ك تۆراو، له‌و ڕۆژه‌دا ئاشت دەبنەوە». وتيشى: «ئه‌م جه‌ژنه كۆمەڵێك پڕەنسیپی تایبەت بەخۆی هەیەو وەك رۆژەكانی تری ساڵ نيیە، يه‌كێك له تایبەتمەندییەكانی ئەو ڕۆژەش ئه‌وه‌يه كه كه‌لتوورى جلی كوردی زيندوو ده‌كاته‌وه، واته له‌به‌ركردنى جلی كوردی لە بۆنەكانی نەورۆزدا زیندووكردنەوەی ڕه‌سه‌نييه‌تى نەتەوەیی كورده، ئەمە بێجگە لەو جۆرە ڕەهەندە كۆمەڵایه‌تیيانەی كە نەورۆز بەدوای خۆیدا دەيهێنێـت، كه زۆر جار گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژیانی تاكدا دروستده‌كات، بۆيه پێويسته بە گرنگيیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕۆژەدا بكرێت».
ڕۆژانى پشووی نەورۆز كه‌مه و پێويسته زياتر بكرێ
شێروان تاهیر مامۆستای قۆناغى بنەڕەتیيەو و ئه‌ويش ڕايوايه، نەورۆز گرنگیيەكی زۆری لەڕووی نەتەوەییەوە هەیەو بووه‌ته هێمایەك بۆ یەكڕیزی نەتەوەیی و پێكەوەژیان. هاوكات ڕه‌خنه له كه‌مبوونى پشووى نه‌ورۆز ده‌گرێت و ده‌ڵێت: «بەداخەوە تا ئێستا ڕۆژانى پشووی نەورۆز دەستنیشان نەكراون، پێویستە لانیكەم هەفتەیەك بۆ فەرمانبەران بكرایەتە پشوو، هەتا بتوانن كاتێكی پڕ لە بەختەوەری لەم ماوەیەدا بەرنەسەر و نەورۆزەكەیان بەخۆشی بەڕێبكەن».
سدیق عوسمانی بەرگدروو، سه‌ره‌تا باسى ئه‌وه ده‌كات كه زۆربه‌ى خه‌ڵك به نزيكبوونه‌وه‌ى نه‌ورۆز هه‌وڵى دابينكردنى جلوبه‌رگى كوردى ده‌ده‌ن، وتيشى:»ئێمە بەر لە دوومانگ پێش هاتنی نەورۆز مشتەرییەكان ڕوومان تێدەكەن و جلوبەرگی كوردی بە كردن دەدەن».
كوردستانیيه‌كان هه‌م رێز له جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌گرن هه‌میش له جه‌ژنه ئایینه‌كان
له‌لاى خۆيه‌وه ئاری ئیسماعیل مامۆستای زانستە ئیسلامیيەكان، ئەوەی خستەڕوو كە نەورۆز جەژنێكی نەتەوەیی گەلی كوردەو نیشانەی سەركەوتن و كۆتایی هاتنە بە زوڵم و ستەم و زۆرداری لە مێژووی نەتەوەكەماندا، وتيشى:»نه‌ورۆز جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كوردستانه، گه‌لی كوردستانیش مافی خۆیه‌تی ئه‌م جه‌ژنه نیشتمانیه به ڕێزه‌وه یاد بكاته‌وه، هه‌روه‌ها به‌شی هه‌ره زۆری كوردستانیه‌كان موسڵمانن و رێزێكی گه‌وره‌ش له جه‌ژنه ئاینیه‌كان ده‌گرن، بۆیه له‌دژى ئایینی ئيسلام نييه«. ئه‌و مامۆستايه جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه كه هەموو گەل و نەتەوەیەك لە سەرتاسەری جیهاندا رۆژێكیان تەرخان كردووە بۆ جەژنی نیشتمانی، وتيشى: «هیچ دەقێك لە قورئان و فەرموودەدا نییە كە رێگە نەدات بە بۆنەكان بگوترێت جەژن، وەك جەژنی دایك و جەژنی ئافرەتان و جەژنی نەتەوەیی و نیشتمانی».
نابێت جەژنی نەتەوەیی گەلەکەمان لەکەدار بکەین
گه‌رچى هه‌ندێ له‌وانه‌ی خۆیان به شوێنكه‌وتووی ئیسلامی سیاسیی ده‌زانن هه‌ندێك شتی بێ بنه‌ما و دوور له قورئان و سووننه‌ت بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه نیشانه‌ی تێنەگه‌یشتنیانه له ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش هه‌ر ته‌نيا له دژی بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك جه‌ژنی نه‌ورۆ نیيه، به‌ڵكو پێش یه‌ك دوو مانگ، كوردستانیه‌كان به‌گشتی و هه‌ولێرییه‌كان به تایبه‌تی وه‌ك شانازییه‌كان یادی رۆژی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ریان (د.خ) كرده‌وه، كه‌چی ئه‌و جۆره ئیسلامیه ئوسوڵی و سیاسیانه، ئه‌وه‌یان به بیدعه له قه‌ڵه‌م ده‌دا، به‌مه‌ش هه‌م هه‌ستی كوردستانیه‌كانیان له‌سه‌ر جوانترین و پیرۆزترین بۆنه‌ی ئایینی بریندار كرد، هه‌م هه‌ستی هه‌ولێرییه‌كانیش به‌و سیفه‌ته‌ی سوڵتان موزه‌فه‌ره‌دین بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووداو له شاری هه‌ولێر یادی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی پێغه‌مبه‌ری (د.خ)كردۆتەوە، ئێستاش له‌سه‌روبه‌ندنی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یمان و سه‌رساڵی كوردی له هه‌ندێك بڵاوكرا‌وەی ئه‌و ئیسلامیانه شتی له‌و جۆره ده‌بینین كه هه‌ستی هه‌موو كوردستانیه‌كان بریندار ده‌كات، هه‌ر بۆ نموونه یه‌كێك له‌وانه وتاریكی نووسیووه به‌ناوی «نه‌ورۆز و ئیسلام» تیایدا هاتووه :(«له ئیسلامیشدا ته‌نيا دوو جه‌ژن هه‌یه (ڕه‌مه‌زان و قوربان) جگه له‌م دوو جه‌ژنه جه‌ژنه‌كانی تر داهێنراون و به‌شداریكردن و شادیكردن و پیرۆزباييكردن تیایاندا قه‌ده‌غه‌یه»)، پرسیاری گرنگه له‌م ئه‌قڵه دواكه‌وتووه ئه‌وه‌یه ئایا له هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌ی باڵای فه‌توای نیيه؟ ئایا یه‌کێتی زانایانی ئايینی ئیسلامیی کوردستانيش سەبارەت بە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز هه‌ڵوێستی چییه؟ بێگومان ئاشكرایه لیژنه‌ی باڵای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان، نه‌ورۆز به جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌يی گه‌لی كوردستان ده‌زانێت و هه‌ڵوێستی ئاشكرایه، هه‌روه‌ها یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیش رایگه‌یاندووه:»نەورۆز جەژنێکێ نەتەوەیی گەلی کوردستانە، نیشانەی سەرکەوتن و کۆتایی هاتنە بە زوڵم و ستەم و زۆرداری لە مێژووی نەتەوەکەماندايه، تا ئاشکرای بکات کە گەلێکی سەربەخۆی خاوەن ناسنامەی خۆیەتی و پەیوەندی بە بیروباوه‌ڕ (العقیدة) و پەرستشەکان (العبادات) نيیە».
لیژنه‌ی باڵای فه‌توای هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه «لە ساڵی 1970 زانایانی کوردستان هەر یەک لە: م.شێخ محه‌ممه‌دی خاڵ، م. مسته‌فا نه‌جیب قەرەداغی، م. عه‌بدولحه‌مید ئەتروشی، م. شێخ محه‌ممه‌دی قەرەداغی، م. سه‌ید حه‌سه‌ن لە کەرکووک، م. مه‌لا عه‌بدالله چروستانی، م. مه‌لا عه‌بدولڕه‌حیم پەرخی، و م. مه‌لا عه‌بدولسه‌لام) فتوایان داوە کە نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی کوردەو ئاگری نەورۆزیش ئاماژەی سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەیەکە بە سەر زوڵم و ستەمدا، نەورۆزیش سەری ساڵی نوێی کوردیيە، خۆی لە خۆیدا بۆنەیەکی رەوایە». هه‌روه‌ها ليژنه‌كه ده‌ڵێت «ئەگەر شتی نائاسایی و ناپەسەندیش -خوا نەخواستە – لە هەر بۆنەیەک ڕووبدات، نابێت بەو هۆیەوە بۆنە و جەژنێکی نەتەوەیی گەلەکەمان لەکەدار بکەین».
شایانی باسه له‌هه‌رێمی کوردستان ژماره‌يه‌ك له‌مامۆستایانی ئایينی فه‌توای حه‌رامبوونی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورديان داوه‌و رایانگه‌یاندووه که گه‌لی کورد ته‌نیا خاوه‌ن دوو جه‌ژنی ئایینییه و سه‌رجه‌م جه‌ژنه‌کانی دیکه حه‌رامن.