دوای بڕیارەكەی سەرۆك بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە مەراسیمی یادكردنەوەی كیماباران و كۆمەڵكوژی شكۆدارتر دەبێت
March 13, 2014
راپۆرتەکان
دووبارە بونیاتنانەوەی شارو وڵاتێك لەدوای شەڕو كاولكاریی كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەت گەر بێتوو گەلەكەی بە هاوشێوەی نەتەوەی كورد رووبەڕووی رەشەكوژی بووبێتەوە، هەڵەبجە لەمێژووی دوور و هاوچەرخدا خاوەنی بزاوتێكی رۆشنبیری و سیاسی بووە بەدرێژایی مێژووی گەلەكەمان بووەتە گۆڕەپانی پڕ لەرووداوی سیاسی و سەربازیی، هەر ئەمەشە وایكردووە هەڵەبجە بەزیندوویەتی بمێنێتەوە وێڕای ئەوەی چەندین جار لەساڵانی 1963 و 1974 و 1983 و 1987 رووبەڕووی هێرش بووەتەوەو خەڵكێكی زۆری لێ قەتڵوعام كرا، دڕندانەترین هێرشەكانی سوپای عێراقیش ئەوەبوو كە لە 16/3/1988 لەرێگای فڕۆكەی جەنگی و تۆپبارانەوە بەچەكی كیمیایی هێرش كرایە سەری و 5 هەزار كەسی لێ شەهیدكراو 10 هەزاری تریشی لێ بریندار كرا. ئەم رەشەكوژییەی حكومەتی بەعس و سوپای عێراق كەبەرامبەر بە یەكێك لەقەزا گەورەكانی كوردستان ئەنجامدرا، تەنیا تاوانێك نەبوو لە دژی خەڵكی سیڤیڵی هەڵەبجە، بەڵكو تاوانێك بوو دژی مرۆڤایەتی و ژینگەو تەواویی دەڤەرەكەش وێرانكراو ئەوەبوو دانیشتوانەكەشی بەرەو ئێران و شارەكانی تری كوردستان كۆچیان كرد.
لەو سەردانەماندا بۆ دەڤەرەكە چەند گفتوگۆیەكمان لەگەڵ هاووڵاتیانی هەڵەبجە ئەنجامدا، ئەوان وێڕای داواكارییەكانیان بۆ پێشخستنی ئاستی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەپارێزگابوونی شارەكەیان بەجوانترین قەرەبوو دانا. هەروەها داوایان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكانی كرد ئاوڕێكی زیاتر لەهەڵەبجە بدەنەوە، چونكە فراوانبوونی شارەكەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی سنوورەكە واقیعێكی وای لێكەوتۆتەوە كە تادێت خواست و ویستەكان روو لەهەڵكشان دەكات، لەكاتێكدا هێشتا هەڵەبجە لەبواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا چەندین كەموكوڕیی تێدایە هەر لەخراپی و كۆنی تۆڕی ناوخۆی ئاوی خواردنەوەوە تا گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوەو نەبوونی سایلۆو نەبوونی كارگەی ریسایكلین و پشتگوێخستنی كەرتی گەشتوگوزار و كەموكوڕی لە پرۆژەی ماستەرپلانی شار، ئەمڕۆ تەنیا لەناو سەنتەری شاری هەڵەبجەدا زیاتر لە 60 هەزار كەس نیشتەجێیە، راستە ئەم شارە خاوەنی رووبەرێكی فراوانی دەشتی شارەزوورە كە بەدەشتە بەپیتەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەڵام نەتوانراوە پرۆژەی پێشكەوتووی كشتوكاڵی تێدا بكرێت، تەنانەت لەبەر بوونی كەموكوڕی لە پرۆژەی ماستەرپلانی شاردا بۆ فراوانبوونی شار و تەرخانكردنی زەوی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تا ئێستا پشت بەنەخشەی بنەڕەتی دەبەسترێت.
ئەمڕۆ هەڵەبجە لەچاوەڕوانی بوون بەپارێزگادایە..
بنەماكانی بەپارێزگابوونی هەر شارێك تەنیا بۆ مێژووە پڕ لەسەروەریی و قوربانییەكەی ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانەكەی دەگەڕێتەوە، هێشتا نەتوانراوە بەپێی پێویست و لە ئاست وێرانكارییەكەدا هەڵەبجە ئاوەدان بكرێتەوە، ئەمانە هەمووی فاكتەری گرنگن بۆ بوون بەپارێزگابوون و زیاتر ئاوەدانكردنەوەی تەواویی سنوورەكەو سڕینەوەی شوێنەواریی شەڕو رەشەكوژییەكە، هەربۆیە لەگەڵ بوون بەپارێزگادا زۆر پێویستە كار بۆ جێبەجێكردنی ئەم داواكارییانە بكرێت. ئەم داواكاریی و خواستەی هاووڵاتیانمان لەگەڵ گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجە باسكرد كە بەڕێزیان لەگەڵ چەندین پرسی دیكەی ئاماژە پێكردوو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
یەكێك لەداواكارییە سەرەكی و گرنگەكانی خەڵكی لە هەڵەبجە بە پارێزگابوونی شارەكەیانە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر چەندین جار بەڵێنیان پێدرابوو، بەڵام ئێستا پرسەكەیان گەیشتۆتە پەرلەمانی عێراق كە هاوكاتە لەگەڵ بارگرژییەكانی شەقامی سیاسی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكەو هەڕەشەكانی مالیكی بەبڕینی بەشە بودجەی هەرێم و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران؛ تەنانەت داواكارییەكەی خەڵكی هەڵەبجەو كوردستانیەكان بۆ بەپارێزگابوونی شارەكە لەلایەن بەغداوە بەسترایەوە بەپارێزگابوونی هەریەك لە تەلعەفەر و خورماتووەوە؛ لەم بارەیەوە گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە كرد بەستنەوەو بەرزكردنەوەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەیەك پاكێچ بۆ پەرلەمان و گفتوگۆكردن و بڕیار لەسەردانی تەنیا موزایەدەكردن بوو لەسەر كوردو وەكو گەمەیەكی سیاسی بەكاریان هێنا، هەربۆیە ناكرێت هەڵەبجە ببەسترێتەوە بەشوێنەكانی ترەوە، هەروەها قایمقامی هەڵەبجە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی خەڵكی هەڵەبجە بۆ بەپارێزگابوونی شارەكەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەرز هەڵسەنگاند، چونكە لە عێراق پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەستراوەتەوە بە بابەتی ترو وەكو گەمەیەكی سیاسی بەكاردەهێنرێت و رەچاوی تایبەتمەندی هەڵەبجە نەكراوە و ئومێدەوارین كۆمەڵێك حساباتی سیاسی زیندوو نەبێتەوە.
سەبارەت بەپارێزگابوون و ئامادەباشی هەڵەبجە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم، قایمقامی هەڵەبجە وتی: بنەماكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا بنەمای مێژوویی و قوربانیدانی خەڵكەكەی نییە كە رۆڵی گەورەیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد هەبووە، بەڵكو هەڵەبجە زۆر بنەمای تری لە رووی دارایی و ژێرخانی ئابووری و رۆشنبیری و هونەریی و سەرمایەی مرۆییەوە هەیە كە لە زۆر لەپارێزگاكانی عێراق نییە، بۆ نموونە چەندین كۆمپانیای وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی لەناوچەكەدا لەبواری نەوت و گازی سروشتی كار دەكەن و ناوچەكەمان خاوەنی سەرچاوەیەكی ئاو و خاكی بەپیتی وایە كە دەكرێت ببێتە دەوڵەمەندترین ناوچە كشتوكاڵیەكانی هەرێم و عێراق، ئەمە جگە لەوەی هەڵەبجە سنوورێكی 80 كیلۆمەتری لەگەڵ وڵاتی كۆماری ئیسلامی هەیە لەگەڵ مەرزێكی سنووریمان هەیە بەناوی شوشمێ كە دەكرێت لەرووی بازرگانیەوە سوودی لێوەربگرین، هەروەها ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەناو سەنتەری شارەكە هەیە.
سەبارەت بەتەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ هەڵەبجەو چۆنیەتی خەرجكردنی بەشە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا، قایمقامی هەڵەبجە وتی: ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی چەندین پرۆژە لەرێگای بودجەیەكی تایبەتەوە زیاتر لە 170 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرین كە جێگەی خۆشحاڵی خەڵكی سنوورەكەمان بوو، بۆ ئەمساڵیش لیستی 300 پرۆژەی جۆراوجۆرمان پێشكەش بەپارێزگای سلێمانی كردووە كە لەدوای پەسەندكردنی بودجەو چارەسەركردنی كێشەی نێوان بەغداو هەولێر چاوەڕوانین پرۆژەكان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلایەكی ترەوە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە لە هەڵەبجەو تەواویی سنوورەكە پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی وڵاتی كۆریاوە بەتەكنەلۆژیای پێشكەوتوو چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیە كە بەسوود وەرگرتن لە ئاوی زێی سیروان جێبەجێ دەكرێت، زیاتر لە 300 هەزار كەس لە شاری هەڵەبجەو قەزای سەیدسادق و ناحیەی سیروان و چەندین شوێنی تری ناوچەكە لێی سوودمەند دەبن. هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ خۆڕزگاركردن لە زبڵ و خاشاك بڕیارە لەنزیك ناوچەی سەیدسادق كارگەیەكی ریسایكلین دابمەزرێنێت بەمەش تەواوی ئەم ناوچەیە لەگرفتی زبڵ و خاشاك رزگاریان دەبێت. ئەمەو قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەخراپی پرۆژەی ماستەرپلانی شارەكەیان كردوو لەم رووەوە وتی: ئێستا ئێمە بەپێی نەخشەی بنەڕەتی شوێنی پرۆژەكان و گەورەبوونی شار جێبەجێ دەكەین، چونكە ئەو پرۆژە ماستەرپلانەی بۆمان دانرابوو كەموكوڕی زۆرەو رەچاوی لایەنی زانستی تێدا نەكراوەو ناتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت. ئومێدەوارم لەكابینەی نوێی حكومەتدا كاری جددیی تر و گەورەتر بۆ شاری هەڵەبجە ئەنجام بدرێت. بۆ ئەمساڵیش لەیادی هەڵەبجەدا داوەتنامە بۆ كەس نانێرین، چونكە هەموو كورد ئەم شارەو یادەكە بەهی خۆی دەزانێت و دەتوانن لەو رۆژە لەهەڵەبجە ئامادەبن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ساڵانە چەندین كەسایەتی ئامادەی یادەكە دەبن، بۆ ئەمساڵ داوەتی ئەحمەد ئۆزنجۆی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و سەرۆكی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كراوە كە رێكخراوێكی جیهانییەو زیاتر لە 190 رێكخراو لەخۆدەگرێت و ئێستا سەرقاڵی لەناوبردنی چەكی كیمیایی سوریایە، گەر بێتوو ئەو كەسایەتیەش ئامادە نەبێت ئەوا لەرێگای نوێنەریەوە بەشداریی یادەكە دەكات.
بە پشتبەستن بەڕای زۆرێك لە یاساناسان كە بابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید دەكەوێتە بازنەی سەڵاحیاتی ئیداریی هەرێم و هەروەها نەبوونی ئیستجابەی پێویست لەلایەن بەغدا بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بۆیە بڕیارماندا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات دەست بە ڕێوشوێنە ئیدارییەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بكات، بۆ ئەوەی داواكاری خەڵكی قارەمانی ئەم دەڤەرە جێبەجێ بكرێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
6ی ئازاری 2014