تاچەند ژمارەكان لەدوای ژنێفەوە ریز دەبنچارەسەری سیاسیی بۆ تەنگژەی سوریاخۆهەڵخەڵەتاندنە
February 6, 2014
راپۆرتەکان
1. ئامادەبوونی شاندی رژێمی ئەسەد بۆ كۆنگرەكە بۆ پیشاندانی ئەوەبوو ئێستاش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم رژێمە شەرعیەتی ماوە و وەك دەوڵەتێكی خاوەنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بوونی هەیە.
2. ئامانجی شاندی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ ئەوە بوو كە رژێمی ئەسەد لەبەر چاوی جیهان دان بەوەدا بنێت، لە سوریا ئۆپۆزسیۆن هەیە، لەبەر ئەوەی رژێمی ئەسەد پێشتر ئۆپۆزسیۆنی بە یاخیبوو و تیرۆریست وەسف دەكرد و لە باشترین حاڵەتدا پێی دەگووتن ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن ( ئۆپۆزسیۆن).
ئەگەر ورد سەرنج لەم دوو ئامانجە بدەین و بەراوردیك لەسەر واقیعی ناو سوریا بكەین، ئەوا بەپێی ئامارەكان نزیكەی 2.5- 3 ملیۆن هاووڵاتی سوری ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، بەپێی لێدوانی نەتەوەیەكگرتووەكانیش نزیكەی 10 ملیۆن هاووڵاتی سوریا لە ناوەوە و دەرەوە پێویستیان بەوەیە هاوكاریی مرۆییان پێ بگەیەنرێت، لەم بارودۆخەدا كە نزیكەی 50% هاوڵاتیانی سوریا پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی بێت، زیاتر 25% هاووڵاتیانی سوریا ببوونە ئاوارە لە ناوەوە و لەدەرەوەی وڵات، لە هەمانكاتدا بەیانی كۆتایی كۆنگرەكەش ئاماژە بەوە بكات كە هیچ بەرەو پێشەوە چوونێك رووینەدابێت، ئەمە مانای ئەوەیە زۆر زەحمەتە هەفتەی داهاتوو واتە لە 10/2/2014 جارێكی دیكە درێژە بە دانوستانەكان بدەنەوە و بەرەو پێشەوەچوون رووبدات.
ئاكامەكانی كۆنگرەی ژنیف2
ئەوەی چاودێران لەسەر ئاكامی كۆنگرەی ژنیف 2 ئاماژەی پێدەكەن، بێجگە لەوەی كە هەردوولا ئۆپۆزسیۆن و رژێمی ئەسەد ویستوویانە نمایشی سیاسی خۆیان بكەن، سەبارەت بەم لایەنە پرسیارمان لە د.عومەر عیمادی تایبەتمەند لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و توێژەر لەسەنتەر دیراساتی سوریا لە زانكۆ سات ئەندریۆس لە بەریتانیا كرد و ئەویش لەوەڵامی گوڵاندا سەبارەت بە ئاكامی كۆنگرەی ژنیف2 بەمجۆرە هاتە ئاخاوتن: (دوو شێواز هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئاكامی كۆنگرەی ژنیف 2. یەكەمیان ئەوەیە كە ئەوەی لە ڕواڵەتدا دەردەكەوێت مایەی ڕەشبینییە، لەبەر ئەوەی هیچ شتێكی بەرچاو بەدەست نەهاتووە و هەروەك ئەخزەر ئیبراهیمی سەرنجیدا، كەلێنی نێوان هەردوو لایەنەكە زۆر بەرفراوانە. شێوازی دووەم، كە من لەگەڵیدام، ئەوەیە كە تەنها ئەو ڕاستیەی ژنێڤ 2 ڕوویدا خۆی لە خۆیدا ڕووداوێكی گرنگە. بۆ یەكەمجارە لە ماوەی سێ ساڵدا نوێنەرانی حكومەتی سوری لە یەك ژووردا لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانێتی-نیشتیمانی سوری- دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر پرسە مرۆییەكان و حكومەتی ئینیتقالی و تیرۆریزم بكەن. ئەوە ڕاستە كە لە گەڕی یەكەمی دانیشتنەكاندا لەسەر چەند خاڵێكی دیاریكراو ڕێك نەكەوتوون، بەڵام گەڕی دووەمی دانیشتنەكان لە ماوەی هەفتەیەكی دیكەدا دەستپێدەكات. لەم كاتەدا، تیمی موعارەزەی سوری بانگهێشتكراون بۆ مۆسكۆ. پێدەچێت» تێگەیشتنێك» لەنێوان ئەمەریكا و روسەكاندا هەبێت كە لە تەمموزی 2014دا(كاتێك خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەسەد كۆتایی دێت) بناغەی چارەسەرێكی سیاسی لە ئارادابێت. بە كورتی، هێشتا زۆر زووە بڵێین ئەم گفتوگۆیانە بە تەواوەتی شكستیان هێناوە)).
ئەوەی جۆرێك لە نائومێدی سەبارەت بە ئاكامی ئەم كۆنگرەیە پیشاندەدات، ئەوەیە لەلایەك رژێمی سوریا دوورخستنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات بە خەتی سوور دەزانیت و لەلایەكی دیكەوە ئۆپۆزسیۆن نەمانی ئەسەد بە هەنگاوی یەكەم دەزانێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت هەردوو تەفسیری جیاوازیان بۆ ناوەڕۆكی كۆنگرەی ژنیف یەك هەبێت، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای كۆنگرەی ژنیف یەك كۆنگرەی ژنیف 2 گرێدراوە، سەبارەت بەم لایەنە د.عومەر عیمادی لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان گوتی: (بەیانی ژنێڤی یەكەم بە ڕوونی ئەوەی تێدا هاتووە كە بە ڕەزامەندی هەردوولا دەستەیەكی حكومڕانی كاتی پێكبهێنرێت كە هەموو دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی هەبێت( لە نێویاندا بەرگری و ئاسایش). ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە ئەو دەستە ئینتیقالیە هیچ كەسێك لە خۆناگرێت كە موعارەزە ڕازی نەبێت لەسەری، هەروەها هیچ كەسێكیش لە خۆناگرێت كە حكومەتی سوریا ڕەزامەندی لەسەر نەبێت. ئەمە تەنها چوارچێوەیەكی ڕاستەقینەیە كە لەلایەن ئەمەریكا و روسیاوە پشتیوانی لێدەكرێت. هەموو شتەكانی دیكە، لە نێویاندا لێدوانی كێری و ئەوانی دیكە پتر گوزارشت لە هەڵوێستێك دەكەن نەك لە نیازی گۆڕێنی واقیعەكە لەسەر زەوی. لەم ساتەوەختەدا، ناكرێت نە ئەمەریكا و نە ئەوانی دیكە وا وەسف بكەین كە بە جیددی هەوڵی ئەوە دەدەن ئەسەد ناچاری دەستبەرداری بوونی دەسەڵات بكەن.من دەزانم كە ئەمە بێ ئەندازە سەختە. هەرچۆنێك بێت، باوەڕم وانییە كە ئەمە مەحاڵ بێت، بە مەرجێك فشاری پێویست بخرێتەسەر هەردوولا بۆ گەیشتن بە سازشێك لە هەڵوێستەكانیاندا، ئەگەر ئەم گوشارە هەبێت ئەوا باوەڕم وایە ژنێڤ 2 چوارچێوەیەكی گونجاو دەستەبەردەكات بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنها ئەو كاتە سەركەوتوو دەبێت ئەگەر ڕێككەوتنێك لە نێوان ئەمەریكا و ڕوسیادا بێتەئاراوە بۆ فشارخستنەسەر هاوپەیمانەكانیان بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی پرەنسیپەكانی ژنێڤ 1 بە تەواوەتی جێبەجێ دەكرێن. ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ژنێڤ 2دا شكست بهێنێت، ئەوا دەبێت شكستێكی مێژویی گەورە كە ئاكامی مرۆیی بێپێشینەی لێدەكەوێتەوە. و بە دڵنیاییەوە، بە مانای ئەوە دێت كە هیچ كێشەیەكی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پێویست چارەسەر ناكرێن. لەلایەكی دیكەوە ئێستا هەندێك لایەن هەن كە دەیانەوێت لایەنی كارەساتی مرۆیی سوریا لە بارودۆخە سیاسیەكە جیابكەنەوە، باوەڕیان وایە سەرەتا دەبێت تەركیز لەسەر دۆخە مرۆییە سەختەكە بكەن پێش ئەوەی بێینەسەر لایەنە سیاسیە ئاڵۆزەكانی. لەگەڵ ئەوەشدا، كێشەكە بریتییە لەوەی تاوەكو ناكۆكییە سیاسییەكە بەردەوام بێت، ئەوا قەیرانی مرۆیی زیاتر سەرهەڵدەدەن. كەواتە، شێوازی نموونەیی بریتییە لە گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیر)).
كەواتە ئەوەی د.عومەر عیمادی ئاماژەی پێكرد، كارەساتی مرۆیی لەسوریا چارەسەرناكریت ئەگەر چارەسەرێكی سیاسی ئاشتیانە نەدۆزرێتەوە، بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەم لایەنە پرسیارمان لە پرۆفیسۆر داڤید بۆتەر تۆژەری باڵا لە پرۆگرامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە ئامۆژگای چاتام هاوسی پادشایەتی بەریتانیا كرد، ئەویش سەبارەت بە رەوشی سوریا و ئاكامی كۆنگرەی ژنیف 2 بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی و وتی :(من پێم وانییە كۆنگرەی ژنیف 2 گۆڕانگاریەكی كۆنكرێتی زۆر بهێنێتە ئاراوە، لە ئێستادا گرنگە ئێمە باسی گەیاندنی هەندێ هاوكاریی مرۆیی بكەین، بەڵام لە رووی سیاسییەوە بووە هۆی ئەوەی موعارەزە میسداقیەتێكی زیاتر بەدەست بهێنن، و ڕەنگە هەندێ لاوازی رژێمەكەی پیشان دابێت. لەمەش زیاتر من پێموانییە كۆنفرانسی ژنێڤ2 بتوانێت لە دەرئەنجامدا دەسەڵاتێكی حكومڕانی ئینتیقالی پێكبهێنێت، هەروەك لە ئامانجەكاندا هاتووە. بەڵام دەبێتەهۆی دروستبوونی سابقەیەكی سیاسی لە ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕوسیایەوە، ئەگەر هەندێ پرۆسە لە ئایندەدا ئەهێنێتە ئاراوە، بەڵام تاوەكو گۆڕانگاری گرنگ لە هاوسەنگی هێز لە سەر ئەرزی واقیع لە سوریادا نەیەتەئاراوە، ئەوا پێناچێت جیهانی دەرەوە كارێكی زۆریان لە دەست بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئەسەد بكەن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆك، ئەگەرچی لە واقیعدا ئەمە دۆخە سیاسیەكە لە مەودای دووردا دەگۆڕێت. بەڵام ئەوەی ئێستا دۆخەكەی قورس كردووە بارودۆخی هاووڵاتیانی سوریا، ناكرێت ئەو بارودۆخە بێ چارەسەر بمێنتەوە، چونكە ئێستا ژمارەی ئاوارە تۆماركراوەكان لەلایەن UNCHR 2.5 ملیۆن كەسە لە دەرەوەی سوریا، و لە پەیوەندیدا بەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان ڕایدەگەیەنێت كە 9،3 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوكاری هەیە لە ڕووی دابینكردنی خۆراكەوە- كە نزیكەی نیوەی دانیشتوانەكەیە- و ئاشكرایە كە چارەسەرێك نییە بۆ نیشتەجێكردنەوەی ئاوارەكان یان بنیاتنانەوەی وڵاتەكە تاوەكو چارەسەرێكی سیاسی نەیەتە ئاراوە. لەم بارودۆخەشدا پێم وانییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەرێكی پێبێت، دەكرێت هەندێ هاوكاری بكات وبگرە دەكرێت هەندێ ئاستەنگ دروست بكات. فۆرمەكە و چوارچێوەكە لە ئارادایە و ئاشكرایە هیچ چارەسەرێك نایەتە ئاراوە تاوەكو لایەنەكانی سوریا گفتوگۆ لەگەڵ یەكدا نەكەن و سەركەوتنەكەش دەوەستێتە سەر هێزی ئەو لایەنانە، تا ئێستا هاوپەیمانێتی نیشتیمانی سوریا ئەوەندە لاواز و دابەش بوو نییە كە گریمانەی دەكرا و تا ڕاددەیەكی باش لە ڕووی پەیوەندییە ئیعلامیەكان و پەیوەندیە گشتییەكانەوە كارێكی باشیان كردووە.