جەنگی سیلڤاكیر و مشار لە باشووری سودان..دەرفەتەكانی چارەسەر و ئاڵۆزییەكانی قەیرانەكە
January 30, 2014
راپۆرتەکان
دوای مانگێك لە هەڵگیرسانی، جەنگی باشووری سودان پێی ناوەتە قۆناغێكی ئاڵۆز كە مەترسی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە هۆی ئیشكالیەت و ئاڵۆزیی زیاتر لەسایەی ئەو بارودۆخە لەرزۆكەی لە باشووری سودان و ناوچەكە بە گشتی هەیە، لەگەڵ بەردەوام بوونی شەڕ و بەرفراوان بوونی جوگرافیی كە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێك بۆ راگرتنی شەڕەكە، سەرەڕای ئەو فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی لەسەر هەردوو لا هەیە، كوشتنی رمەكی زۆر بووە و خوێن رژاوە و دەنگی تفەنگ و بۆنی باروت بە هەموو لایەكدا بڵاوبۆتەوە، لە میانەی پرۆسەی سەربازی كە یەك مانگی خایاند كوشتن و تۆڵەسەندنەوەی دڕندانە روویدا كە مۆركێكی نەژادی پێوە دیاربوو بەتایبەتی لەنێوان هەردوو هۆزی دینكا كە سیلڤا كیری میاردیتی سەرۆكی باشووری سودان سەر بە ئەوە و نویر كه دكتۆر ریاك مشاری جێگری پێشووی سەر بەو هۆزەیە، ئەم جەنگە بووە هۆی كوشتنی هەزاران و ئاوارە بوون و مەینەتی بۆ سەدان هەزار كەس كە ئێستا مەترسیی برسییەتی و نەخۆشی و مردنیان لێدەكرێت، وەك ئەوەی بڵێی كوشتن و ئاوارە بوون قەدەری باشووری سودان و هاووڵاتیان بێت كە لە دەست جەنگێك دەیانناڵاند پەنجا ساڵی كێشا، ئینجا بە زۆرینەی رەها دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات واقعێكی تاڵە بۆ هاووڵاتیانی باشووری سودان كە لە سودانی وڵاتی دایك رایانكرد بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و راكردن لە فەرامۆش كردن و زوڵم و ململانێ و گەندەڵی، كەچی رووبەڕووی دەوڵەتێك دەبنەوە كە ئەوەی لەبەریان راكردووە بەرهەمی دەهێنێتەوە، سەركردایەتی و نوخبە سیاسییەكانی باشووری سودان زۆر ئارامییان نەگرت بۆ بەدی هێنانی زۆر لەو پێشینیانەی كە دۆست و نەیارانیان لێیا چاوەڕێ دەكرد و مەترسی ئەوەشیان هەبوو كە دەوڵەتەكەیان رەنگە تووشی شكست بێتەوە، بەر لەوە ئەم دەوڵەتە نوێیە دوو ساڵ و نیوی تەمەنی تەواو بكات، ململانێیەكی سیاسی لەسەر كورسیی دەسەڵات لەنێوان سیلڤاكیر و جێگری پێشووی مشار و تیمەكەی كە چەند سەركردەیەك لەخۆ دەگرێت و هەموویان دژی سیلڤاكیر كۆبوونەوە و بە دەسەڵاتدارێكی دكتاتۆر تاوانباریان كرد، ئەویش لەلایەن خۆیەوە بە ئەنجامدانی كودەتا دژی تاوانباری كردن.
شكست هێنانی باشووری سودان چەندین هۆكاری بابەتی هەیە، لەوانە فاكتەری ناوخۆیی كە پەیوەستە بە گەندەڵی و بێ توانایی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی وڵات و نەبوونی ئاشتەواییەكی بەرفراوان، نوخبە سیاسییەكانی باشووریش بەشدار بوون بەشێوەیەك لەم شكستە، هەروەها كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەشێكی زۆری ئەم شكستەی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەویش بە وازهێنان لەو بەرپرسیاریەتییەی بەرامبەر بەم دەوڵەتە نوێیە هەیبوو و بەجێ نەگەیاندنی بەڵێنەكانی لە كۆنگرەی وڵات كۆمەك بەخشەكان و بەشداری نەكردنی وەكو پێویستی لە شیاندنی سوپا و پۆلیس و بونیاتنانی توانا و ژێرخانی، هەروەها پەیوەندیی شڵەژاوی لەگەڵ خەرتوم رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی باشوور و نەبوونی كەلوپەلی پێویست لە باشوور دوای وەستاندنی ناردنە دەرەوەی نەوت ناڕەزایەتییەكانی زیاتر كرد.
سەرەڕای ئەو هەموو شەڕانەی لەنێوان هەردوو لادا لە گەرموگوڕیدایە و شەڕەكان زیاتر لە شەڕی پارتیزانی دەچن، بەڵام پێناچێت هیچ لایەكیان بتوانێت لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلایان بكاتەوە و هەریەكیان هەوڵ دەدات هەڵوێستی خۆی لە كاتی دانوستاندنەكان بەهێزتر بكات ئەویش بە دەستگرتن بەسەر ناوچە دەوڵەمەندەكان بە پترۆل و شارە سەرەكییەكان، ئەگەرچی هێزەكانی سیلڤاكیر لە چەند رۆژی دواییدا بە هاوكاری هێزەكانی ئۆگەندا سەركەوتنیان بە دەستهێناوە، بەڵام لەناوبردنی هێزەكانی مشار كێشەكە چارەسەر ناكات و تا ئێستا ئەم مەسەلەیە بەم شێوەیە بیری لێنەكراوەتەوە، چونكە شەڕەكانی باشوور سەلماندیان ئەو لایەنەی هێزەكانی تووشی شكست دەبن، دواتر هێزەكانی دەبن بە میلیشیا و بە حوكمی واقعی جوگرافی و هۆزی و نەژادی و سنووری ئاڵۆز، دەتوانن گیروگرفت ئاستەنگ دروست بكەن.
ئەگەرچی سیلڤاكیر شارەزاییەكی زۆری لە بواری هەواڵگری و سەربازیدا هەیە و هەژموونی بەهێزە لەنێو سوپا و دامودەزگاكانی دەوڵەت و چەندین توێژی بەرفراوانی بەهێزی هۆزەكان لە گەورەترین تیرەكانی هۆزی دینكا و ئەو هاوپەیمانیەتیانەی هەوڵدەدات پێكیان بهێنێت لەگەڵ سەركردە كاریگەرەكانی دیكە لە هۆزەكانی نویر بۆ لێدانی مشاری جێگری، بەڵام ناكرێ نەیارەكانیشی حیسابیان بۆ نەكرێ، چونكە سەركردەن و خاوەن مێژوو و جەماوەر و لایەنگری زۆرن لە شارەزایی سیاسی و سەربازی. ئەگەر هەردوو لا نەگەیشتنە لێك تێگەیشتنێك ئەوا رەنگە ململانێی نێوانیان ببێتە كردارێكی خۆكوژی بۆ هەردوو لا بە یەكەوە، و سەرتاسەری باشوور ئەگەر ململانێی دیكەشی بێتە سەر كە ئێستا لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكان لە ئارادایە، چونكە لەم جۆرە ململانێیانە فاكتەری سەربازی و سیاسی و خێلەكی تێكەڵ دەبن لە ژێر سایەی واقعێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئاڵۆز، لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەندێك بەرز بوونەتەوە كە بە پێویستی دەزانن دەوڵەتی باشوور بخرێتە ژێر ویسایەی نێودەوڵەتی، هەروەها مەترسی هەیە لە ئاكامەكانی دەستێوەردانی چەند لایەنێكی هەرێمی كە بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە یەك ناگرێتەوە وەك ئۆگەندا و سودان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە باشووری سودان دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی.
سەرەڕای توندیی ململانێیەكە و توندوتیژیی و تاڵی و دەرەنجامەكانی كە خۆی لە نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوو لا دەبینێتەوە، بەرپرسیاریەتی ئەم سەركردانە بەرامبەر بە دەرهاوێشتەكان و بارودۆخی باشووری سودان تەنیا بەململانێی ئەم دواییەیان خۆی نابینێتەوە، بەڵكو سەرنەكەوتنیان لە دانانی بنەمایەك بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێكی نیشتیمانی كە هەموو نەوەكانی باشوور بتوانن تێیدا بژین بە نەژاد و هۆز و كەلتور و ئایینە جیاوازەكانیانەوە و لە جیاتی ئەو ململانێیەی هەیە لەسەر دەسەڵات و سامان كە ئێستا وردەكارییەكانی ئەم بابەتە بە روونی دیار دەكەوێت لە كاتێكدا زۆرینەی رۆڵەكانی باشوور، لە ململانێیەكدا كە كێشەی پەرەپێدان و نەهێشتنی گەندەڵی و كێشه راستەقینەكانی هاووڵاتی باشوور بۆ باشتر كردنی بواری تەندروستی و پەروەردە و رێگاوبان و دابینكردنی ئاوی پاك و خۆشگوزەرانی دەناڵێنن.
رەنگە میانگیری و فشارە نێودەوڵەتییەكان ببنە هۆكاری هێنانەدی سەقامگیری بۆ باشوور، چونكە ئەم لایەنانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا راددەیەكی زۆر بەرپرسن لە رووداوەكانی باشوور و سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان بە چیرۆكی سەركەوتنی خۆیان دەزانی، بەڵام رەخنەیەكی زۆریان ئاراستە دەكرد لەبەر نەبوونی فشاری پێویستی ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی ململانێیەكە و مەترسییەكانی درێژەكێشانی ململانێیەكە، بەڵام ئەم چارەسەرەی كە هێزە نێودەوڵەتییەكان هەوڵی هێنانەدیی دەدەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی و دەرخستنی بێ تاوانیی خۆیان، ئەگەر بێتە دی دیسان لەرزۆك و كاتی دەبێت و مەترسی داڕمانی سەر لە نوێی لێدەكرێت لە هەر چركە ساتێك و گەڕانەوەی سەر لەنوێ و خۆ بەخۆ لەناوبردن، ئەگەر كارێكی جددی نەكرێت بۆ بونیاتنانی دامەزراوگەڵێكی دەوڵەت لە باشوور لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی نەك خێڵەكی، ئەم كارەش پێویستی بە سەركردایەتی و نوخبەیەكە كە بەرژەوەندی نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی تاكە كەسییەوە.