پەرلەمانتار نوێنەرایەتی وڵاتێك دەكات نەك تەنیا پارێزگایەكدابەشكردنی عێراق بۆ 18بازنەی هەڵبژاردن، فێڵێكە لەكورد دەكرێت

پەرلەمانتار نوێنەرایەتی وڵاتێك دەكات نەك تەنیا پارێزگایەكدابەشكردنی عێراق بۆ 18بازنەی هەڵبژاردن، فێڵێكە لەكورد دەكرێت
هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی دابەشكردنی عێراق بۆ 18 بازنەی هەڵبژاردن، هەوڵێكە بۆ سنورداركردنی رێژەی كورسییەكانی كورد لەپەرلەمانی عێراقدا، هۆكاری سادەش بۆ ئەمە ئەوەیە لەبەر ئەوەی كوردستان ئارامە و هەروەها كوردی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت بەشێوازی دیموكراتیانە مافی خۆیان بگێڕنەوە، ئەوا ئێستا لەلایەن عەرەبی عێراقەوە فێڵێكی سیاسیی دروستكراوە بۆ ئەوەی كورد سوود لەم دەرفەتە وەرنەگرێت، هەندێك پەرلەمانتاری عەرەبی عێراق كە نایانەوێت وەك خۆی پرانسیپەكانی دیموكراتی ببینین، بەوجۆرە پاساو بۆ ئەو فێڵە سیاسییە دێننەوە بەوەی گوایە دەستووری عێراق بۆ هەر 100 هاووڵاتی عێراقی نوێنەرێكی دیاری كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ژمارەی كورد 5.5- 6 ملیۆن بێت، ئەوا تەنیا ئەو رێژە كورسییەی بەردەكەوێت كە دەكاتە 57 كورسی وەك ئەوەی ئێستا لە پەرلەمانی عێراق بوونی هەیە، ئەمە لە كاتێكدا راستە دەستوری عێراق بۆ 100 هاووڵاتی نوێنەرێكی دیاری كردووە، بەڵام دیاریكردنی نرخی كورسیی پەرلەمانی بە رێژەی بەشداربوونی هاووڵاتی لە دەنگدان دیاری دەكرێت، ئەم حاڵەتە لە پرۆسەی دیموكراتی جۆرێك لە هاندانە بۆ بونیادی دیموكراتی و پاراستنی پرۆسەی دیموكراتی لە وڵاتدا، لەهەمانكاتدا لەبەر ئەوەی پەرلەمانتار نوێنەرایەتی وڵاتێك دەكات نەك پارێزگایەك ئەوا دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان بەر لە پرۆسەی دەنگدان بەسەر پارێزگاكاندا، خۆی لە خۆیدا ناسنامەی پەرلەمانتار لە ئەندامی پەرلەمان وەردەگرێتەوە و دەیكاتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەمە لە كاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگا بوونی هەیە و ئەم ئەنجومەنەش بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، لە هەمانكاتیشدا جیاوازە لە كاری پەرلەمانی لەسەر ئاستی وڵاتێك.
بۆیە ئەم كێشمەكێشەی ئێستا لەسەر یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق لە ئارادایە، ئەگەر بەو شێوەیە تێپەڕێنرێت كە عێراق بكاتە 18 بازنەی هەڵبژاردن و لەسەر حسابی دانیشتوان نەك رێژەی دەنگدان پێشوەختە كورسییەكان دابەش بكرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا گورزێكی كاریگەر لە پرۆسەی دیموكراتی دەوەشێنرێت و دەبێتە هۆكارێك كە هەرگیز ئاستی بەشداری هاووڵاتیان لە پرۆسەی دیموكراتی بەرز نەبێتەوە، هەروەها جیاوازییەكی ئەوتۆش لە دیاریكردنی نرخی كورسیی پەرلەمانی عێراق دروست دەكات، كە هیچ هۆكارێك نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پێكهاتەكان هەست بە عێراقیبوونی خۆیان بكەن.
سەبارەت بەم پرسە هاوپەیمانی كوردستانی دوای ئەوەی لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، زۆر بەتوندی هەڵوێستیان وەرگرتووە بەوەی ناكرێت كورد بەشدار بێت لەپرۆسەیەك كە پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق بەرەو دوا بگێڕێتەوە، یان ئەمجارەش وەك لەمەسەلەی بودجەی ساڵی پاردا ئەنجامیاندا، بە زۆینەی عەرەبی یاساكە بەسەر كوردیشدا بسەپێنن، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە زۆرینەی عەرەبی ناو پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی زۆرینەی دیكتاتۆریدا بیانەوێت ئەوەی دەیانەوێت بەسەر مافی كورد بیسەپێنن، ئەوا كورد نەك ناتوانێت قبوڵی بكات، هەروەها قبوڵیشی نییە بچێتە ناو پرۆسەكەیەوە كە رەوڕەوەی دیموكراتی بەرەو دواوە بباتەوە، هەربۆیە هەڵوێستی هاوپەیمانی كوردستانی راشكاوانەیە و دەرگای لەسەر هەموو ئەگەرەكان بە كراوەیی بەجێهێشتووە ئەگەر بێتو بە زۆرینەی نێو پەرلەمان ئەم یاسایە بەشێوەی دابەشكردنی عێراق بۆ 18 بازنە تێپەڕێنرێت و حساب بۆ هەڵوێستی هاوپەیمانی كوردستان نەكرێت.
سیاسەتێك بۆ كوشتنی هەستی هاونیشتمانی و
یەكپارچەیی عێراق
هاونیشتمانی یان عێراقیبوون لای ئەقڵە شۆڤێنیەكان بۆ كورد و نەتەوەكانی دیكە بەو جۆرە تەفسیركراوە، كە خۆمان بە عێراقی بزانین بەو شێوەی ئەوان چوارچێوەی بۆ دیاری دەكەن، نەك بەو شێوەی وەك هاووڵاتیەكی عێراقی هەست بە هاونیشتمانی خۆمان بكەین، بۆ نموونە هیچ عەرەبێكی عێراق بە شیعە و سوننە ناتوانن حاشا لەوە بكەن كە كەركوك شارێكی كوردستانییە و ئەگەر بواری ئەوە بدرێت بەشێوەیەكی دیموكراتیانە ئەم مەسەلەیە یەكلایی بكرێتەوە، ئەوا زۆرینەی دانیشتوانی كەركوك خۆیان دەزانن چ بڕیارێك دەدەن، بەڵام لە كاتێكدا كە ناتوانن بەشێوازی دیموكراتی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەم مەسەلەیە پێچەوانە بكەنەوە، ئەوا پەنا دەبەنە بەر دواخستنی هەڵبژاردنی بە تەنیا لە پارێزگای كەركوك، یان دەبنە رێگر لەبەردەم یاسای رێكخستنەوەی ئیداری شاری كەركوك، كە پێشتر رژێمی بەعس بۆ مەرامی بە عەرەبكردنی ئەوشارە سنوری ئیداری كەركوكی شێواندووە، ئەمەش راشكاوانە واتە درێژەدان بە سیاسەتی بەعەرەبكردن و هێشتنەوەی كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بەهەڵواسراوی، ئەمەش لەبری ئەوەی هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی كورد لەو عێراقەی پێی دەگوترێت عێراقی نوێ، هەست بە هاونیشتمانی و هاوبەشی لەعێراقدا بكات، هێندەی دیكە حەز دەكات رۆژێك زووتر لە عێراق جیابێتەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەو دیاردە ناتەندروستە بێت كە رژێمەكانی عێراق دەیان ساڵە دروستیان كردووە و شێوازی پەیوەندی ئاسایی و برایانەی نێوان كورد و عەرەبی تێكداوە، هەربۆیە هەوڵدانی كورد بۆ رزگاربوون لەو ئەقڵیەتە شۆڤێنیەی ئەم جیاوازییە لەنێوان كورد و عەرەب دروست دەكات، كەسەرەنجام بە زیان بۆ بەرژەوەندیی هەردوو نەتەوە دەشكێتەوە، هەوڵێكە بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندیەكی برایانە و هاوبەش لەسەر بنەمای هاوسەنگی راستەقینە، راستكردنەوەی ئەو چەمكە شۆڤێنیەیە كە بانگێشە بۆ ئەوە دەكات كە كورد نایەوێت لەگەڵ عەرەب لەوڵاتێكدا بژی، بەپێچەوانەوە لەبەر ئەوەی كورد و عەرەب ئەگەر لەدوو وڵاتی جیاوازیش بژین نەك یەك وڵات لەبەر ئەوەی دەبنە دراوسێی یەك دەبێت باشترین پەیوەندی هاوبەش و برایانە لەنێوانیاندا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ئاستی ئابووری سیاسیی جۆرێك لە تەكامول لەنێوان هەردوو نەتەوە دروست بكەن، بەڵام ئەو ئەقڵیەتە شۆڤینیە زاڵەی كە ناتوانن دەستبەرداری بن، هەموو بنەماكانی هەستی هاونیشتمانیبوونی تێكداوە، هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ ئەوەی پێگەی كورد بەشێوازی دیموكراتیانە لەنێو پەرلەمانی عێراق سنوردار بكات، هەروەك چۆن لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 بەم فێڵەی لە یاسای هەڵبژاردن بەكارهات، ژمارەی كورسییەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لە 79 كورسیەوە دابەزێت بۆ 57 كورسی، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد بە شێوەیەكی كارا لە پرۆسەی دیموكراتی بەشدار بێت یان ناكارا، ئەوا هەرگیز ناتوانێت ببێتە هاووڵاتیەكی عێراق و لەناو پەرلەمانی عێراقدا نوێنەرایەتی هەموو عێراق بكات، نەك تەنها پارێزگایەك، ئەمەش ئەو مانایەی هەیە كە كورد بۆی نییە لەو ئاستەی كە عەرەبی عێراق بۆی دیاری دەكات ناتوانێت بەشداری زیاتر بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد لە عێراقدا بمێنێتەوە دەبێت هەر بەوشێوەیە بێت كە عەرەبی عێراق چوارچێوەیەكەی بۆ دیاری دەكات و بواری ئەوە نادەن كە كورد وەك هاوبەش و نەتەوەی سەرەكی دووەم، عێراق بە نیشتمانی هاوبەش بزانێت و لەسەر بنەمای برایەتیەكی هاوسەنگ لەگەڵ عەرەب پێكەوە بژین، بۆیە ئەم حاڵەتە وایكردووە كە ئەمجارە هاوپەیمانی كوردستانی (تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان) هەموو پێكەوە هەڵوێستێكی هاوبەش وەربگرن و بەوە رازی نەبن كە چیدیكە مافەكانی كورد پێشێل بكرێت.
ئەگەر ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە ئەقڵیەتی شۆڤێنیەوە نییە بۆ سنورداركردنی پێگەی كورد، پرسیار ئەوەیە چۆن پەرلەمانی نیشتمانی بۆ وڵاتێك پێش پرۆسەی دەنگدان بە یاسایەك كورسیەكانی دابەش دەكرێت، بۆیە لەكاتێكدا كە ئاستی بەشداری هاووڵاتیانی هەرێم و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و ئەم بەشداریەش خۆی لە خۆیدا فاكتەرێكی گرنگە بۆ بونیاد و پاراستنی دیموكراتی لە عێراقدا، ئەوا ناكرێت تەنها بۆ دژایەتیكردن و سنورداركردنی پێگەی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا ئەمە قبوڵ بكرێت.
Top