راپەڕینەكەی گەلی سودان... ترووسكاييە ئومێدێك بۆ رزگاربوون لە دیكتاتۆریەت

راپەڕینەكەی گەلی سودان...  ترووسكاييە ئومێدێك بۆ رزگاربوون لە دیكتاتۆریەت
ئەسما حوسەینی / گوڵان

راپەڕینی سودان كە پێی نایە هەفتەی چوارەمیەوە توانی بەستەڵەكی بێ دەنگیی بتوێنێتەوەو بەرەو رووی سەركوتكردنی ئەمنیی رژێمەكەی عومەر بەشیری سەرۆكی سودان و ئەو خەفەكردنە میدیاییە بوەستێتەوە كە بەسەریدا سەپێنراوە،بەم شێوەیەش توانی لە سنوورە لۆكاڵییەكەی دەرچێت وپەیامەكەی خۆی بە جیهانی دەرەوە رابگەیەنێت،هاوكات توانی ئەوەی نهێنییە بۆ هەموو لایەكی روون بكاتەوەو زەوی لەژێر پێی رژێمی فەرمانڕەوا بهەژێنێت،نەك لە رێگەی نەیارانی و شۆڕشگێڕانەوە بەڵكو لەرێی ئەو سەركردەو لایەنگرانەی خۆیشی كە رقیان لێیەتی.
راپەڕینی سودان سەرباری ئەوەی كە ئاشتیخوازەو لە رووی سەركردایەتییەوە لاواز دیارە، بەڵام توانی بەرەنگاری مێلیشیاكانی رژێم و هێزو هەواڵگرییەكانی ببێتەوە،هاوكات توانی هەموو نەیارانی ئەو رژێمە و ئەوانەیشی كە لێی بێ ئومێدن بەیەك ئاراستە كۆبكاتەوە،كە وادیارە لە ئێستادا هیوای ئەوە لە ئارادایە سەردەمێكی تازە بۆ سودان بنووسێتەوە،سەرباری ئەو خەمناكی و نالەبارییەی كە وڵاتی گرتەوە ئەویش بە رشتنی خوێنی 210 كەس تەنیا لە دە رۆژی یەكەمی شۆڕش بە گوێرەی رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئەمە وێڕای سەدان بریندارو دەستگیركراوو راونراو هەر لەوەتەی دەست پێكردنی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان.
ئەمڕۆكە بە ملیۆنەها سودانی بە هەر قوربانی و نرخێك بێت سوورن لەسەر رووخاندنی رژێم،سەرباری ئەوەی هەرچییەك دەگوترێت لەسەر ئەو شۆڕشە، ئەوان پێیانوایە كە رۆژی 23ی سێپتێمبەر كە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكرد دەبێتە هێڵی جیاكەرەوەی نێوان دوو سەردەمی فەرمانڕەوایەتی،هاوكات جەخت لەوە دەكەنەوە كە كاروبارەكان هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەو بەروارەی پێشوو،كاتێ گەلی تێكۆشەری قارەمانی سودان بەیەكەوە راپەڕین ،ئەو گەلەی كە لە مێژووداو لە نێو گەلانی ناوچەی عەرەبی و كیشوەری ئەفریقیادا بەوە ناسراوە كە عاشق و تینووی ئازادییە و هەمیشە ئامادەیە داكۆكی لە كەڕامەت و بوونی خۆی بكات،وێڕای نەرمی و سادەو ساكاریی ئەو گەلە كە هەمیشە ئاشتیخواز بووە،بەڵام گومانی تێدا نییە كە پتر لە 24 ساڵە لەژێر دەسەڵاتی سەربازیی دەناڵێنێت كە بە درووشمی ئیسلامی توانیویەتی كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكات و كاریگەریی هەبێت بۆ سەر سودان كە گەورەترین وڵاتی عەرەبی و گەیەنەری هەردوو ناوچەی عەرەبی و ئەفریقییە،ئەو رژێمەی كە عومەر بەشیر سەرۆكایەتیی دەكات بە زەبری كودەتایەك دژی دیموكراسییەت لە ساڵی 1989 جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست،كاتێ رایگەیاند كە ئەو هاتووە وڵات رزگاردەكات و پارێزگاریی لە یەكێتیی خاكەكەی دەكات،بەڵام ئەوەی روویدا دابەشبوونی سودان بوو بە تایبەتیش جودابوونەوەی باشوور ئەوەی كە ماوەتەوەش بەدەست شەڕو ناسەقامگیریی بەردەوام دەناڵێنێت وەك دارفۆر و باشووری كردەڤان و نیلی ئەزرەق، هاوكات رژێم بەوەش نەوەستا بگرە دەستیكرد بە تاكڕەویی لە حوكمڕانیداو سیاسەتی بەلاوەخستن و هەڵگیرساندنی شەڕوشۆڕی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و چەوساندنەوەی خەڵك بە ناوی شەریعەت، بۆیە دەبینین سودان گەورەترین و فراوانترین هەڵمەتی كۆچكردن و پەناگیریی بۆ وڵاتان بەخۆیەوە بینی.
راپەڕینی سودان رژێمی بەشیری بە یەكجاری لە پەیوەندی و بەهاكان داماڵی و بە یەكجاری لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا دووری خستەوە،كاتێ ئەو رژێمە بە ئاگرو ئاسن بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بووەوە بەمەش شەرعیەت و رەوایەتیی مۆرالی لێ داماڵرا،ئەو رژێمە بەوە سووك و بێ بەها بوو كاتێ بەدرۆو تەڵەكەبازی دەیەویست بە هەموو شێوەیەك فێڵ لە میللەت بكات كە گوایە رۆژئاواو ئەمریكاو ئیسرائیل دەیانەوێت پیلان دژی عەرەبایەتی و ئیسلامێتیی وڵات بگێڕن دیارە مەبەستیشی لەمەدا داپۆشینی قەبارەی ئەو ستەم و سەركوتكارییە بوو كە دژی خۆپیشاندەرو شۆڕشگێڕان پەیڕەوی دەكرد،جاران ئەو درۆ و دەلەسانەی رژێمەكەی بەشیر تا رادەیەك لە باكووری ئەفریقیاو دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی جێگەی باوەڕبوون،بەڵام لە ئێستادا هیچ كەسێك باوەڕی پێی نەماوە،هەر ئەوەش وایكردووە كە رژێمی سودان نەتوانێت تۆڕێكی خۆپاراستنی عەرەبی بۆخۆی فەراهەم بكات كە رێگە لە رووخانی بگرێت،بە تایبەتیش دوای ئەوەی راستگۆیی و متمانەی وڵاتانی عەرەبی لەدەست دا.
راپەڕین پەردەی لەسەر راستیی ئەو بارودۆخە لابرد كە گەلی سودان تێیدا دەگوزەرێت هەروەها ئەو خەباتە ڕەوایەی گرتوویەتییەبەر بۆ رزگاربوونی یەكجارەكی لە رژێمی دیكتاتۆر،بۆیە هەر لەسەرەتاوە دەستی دایە خەباتی ئاشتی و چەكداری تاكو كۆتایی بەم رژێمە سەركوتكارە بهێنێت،بەڵام لەئێستادا ئەو توانا سەربازییەی نییە لەهەمبەر توانای دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی رژێم كە بەزەبری ئاگرو ئاسن كۆنترۆڵی بارودۆخی وڵاتی كردووە،بە شێوەیەك وەك مۆتەكە سواری سنگی رۆڵەكانی ئەم وڵاتە بووەو بە هەموو شێوازێك ترس و دڵەڕاوكێی بەسەر دڵ و دەروونی خەڵكدا سەپاندووەو بەردەوامیش بەدوای شۆڕشگێڕانەوەیەو هەوڵ دەدات لە رووی مەعنەویشەوە ورەیان دابەزێنێت و بەم رێگەیەش مەبەستی ئەوەیە درێژە بە حوكمڕانیی دیكتاتۆریی خۆی بدات،ئەو رژێمە هەربەوەشەوە نەوەستا بەڵكو بەهەموو شێوەیەك ئاییندەی ئەم گەلەی خستە مەترسی و دواكەوتووییەوە كاتێ بە دەیان دەرفەتی گەورەی لەدەست سودان دا كە بۆ سەقامگیری و سازان و هەڵسانەوە هاتبوونە پێش، بۆیە دەبینین لەبەرامبەر دەرەوەدا چۆك دادەدات و بەمەش ئابووری وڵاتی خستە بارێكی ئەوتۆ كە بەشێوەیەك داڕما كە نەتوانێت جارێكی دیكە بكەوێتەوە سەرپێ،لە هەمووی كاریگەرترو مەترسیدارتر كە مایەی خەم و ناسۆرییە ئەویش لەدەستدانی دەیان رۆڵەی ئەم وڵاتەو هێنانی هێزی نێودەوڵەتییە تاكو دەست بخەنە نێو كاروباری ناوخۆی سودانەوە، تەنانەت ئەم رژێمە بووە پەندو عیبرەت كاتێ نموونەیەكی شێواوی لە دینداری و ئیسلامێتی پیشاندا كە لەلایەن هەموو مرۆڤ و ئاییندۆستێكەوە سەركۆنەكرا.
راپەڕین سودانییەكانی والێكرد كە توانای خۆیان بخەنەڕوو، هەروەها خاڵی هێزو لاوازییان دەست نیشان بكەن هاوكات هەستی ئینتیمایان بۆ وڵاتی خۆیان دووپات بكەنەوە،لەلایەكی دیكەوە راپەڕینی سودان زۆر لەمپەری بەزاند كە رژێم جارێك بەناوی هۆزو عەشیرەت و جارێكی دیكەش بەناوی ئایین سەپاندبووی،بۆیە زۆرینەی خەڵكی سودان بەخۆیاندا دەچنەوەو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێویستە دیدوبۆچوونی ئەلتەرناتیڤ بدۆزنەوە و لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بە نیشتمانێكە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكسانی و هاووڵاتیبوون پەرەی پێ بدرێت،هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین ئەو خوێنەی لە خەرتووم رژا زیاتر سودانییەكان هاندەدات بەخۆدابچنەوەو درك بەوە بكەن كە خوێنی هەموو تاكێكی وڵاتەكەیان یەك خوێنەو هەمووی هەر حەرامە،جا چ ئەوەی لە خەرتووم یان دوورتر لە باشوور و دارفۆر و باشوور ولە كردەڤان و نیلی ئەزرەق و لە باكوورو رۆژهەڵات رژا،ئەوان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە دۆخ و گوزەرانیان یەك شتەو شەڕو چارەنووسیان یەكەو پێویستە بە جیاوازیی بیروباوەڕو عەشیرەتیان ببنە یەك هێزو بە هیوایەكی گەشبینیەوە لە ئاییندەی خۆیان و وڵاتەكەیان بڕوانن.
رووداوەكانی ئەم دواییە ئەوەی سەلماند كە نەوەیەكی تازەی لاوان لە سودان هەیە،كە دیدو بۆچوون و توانای بەرچاویان هەیە لە كاركردن و بەخشش و فیداكاری،زۆربەی ئەو لاوانەیش كە سەركردایەتیی راپەڕینەكەی سودانیان كردووە ئەوانەن كە لە سایەی رژێمی بەشیر لە دایكبوونە،ئەوان ماوەیەكی زۆری ژیانیان لە سایەی ئەو دیموكراتییەتەی سودان بەسەرنەبردووە كە بابو باپیرانیان تێیدا ژیاون،بۆیە سەڵاح سەنهوڕی و چەند كەسێكی دیكە كە بوونە قوربانی شۆڕش و لە ئێستادا خۆپیشاندەران بە ناوی ئەوان هوتاف دەكێشن لەو نەوەیەن كە لەسەردەمی ئەم رژێمە چاویان بەژیان هەڵێناوە،ئەو رژێمەی جۆرەها شێوازی خوێندن و رۆشنبیری و ئایین و تەكفیری بەسەریاندا سەپاند،بەڵام ئەو گەنج ولاوانە دەستبەرداری واتاكانی ئازادی نەبوون و سنگیان دایە بەر گولە و باكیان بە ترس و تۆقاندنی دامودەزگا ئەمنییەكان نەبوو،ئەوەشیان سەلماندەوە كە تینووی ئازادی و كەڕامەت و ژیانی سەربەرزین وەك گەلانی دیكەی دەوڵەتانی عەرەبی،ئەو لاوانە توانیان بە شێوەیەكی دیكە و جیاواز گوزارشت لە شۆڕشەكەیان بكەن نەك هەر تەنیا بە زەبری چەك و شەڕو بەرگری، بەڵكو لە ڕێی كۆكردنەوەی دەنگ و رەنگ و وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری وڵاتەكەیان و گەیاندنیان بە دەزگاكانی هەمەجۆری میدیایی عەرەبی و جیهانی،هاوكات راپەڕینی سودان ئەوەی سەلماند كە گەلی سودان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە ژن و پیاوو گەنجان یەك مەبەست و ئامانج كۆیان دەكاتەوە ئەویش بەرەوڕووبوونەوەی مردن و زیندانی و ئازارو ئەشكەنجەیە هاوكات ئەم گەلە نەك هەر لە ناوخۆ بگرە لە تاراوگەو ژیانی پەنابەریشدا رۆڵی بەرچاویان لە ریسواكردنی رژێمی سەركوتكاریی سوداندا بینیوە بە تایبەتیش كە لە زۆر وڵاتدا خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دژی رژێمەكەی بەشیر سازكردووە بە ئاراستەی گوشارخستنە سەر بڕیاربەدەستان و رای گشتی.
راپەڕینەكەی سودان بەرەوڕووی چەندین سیناریۆ و ئەگەری كراوە دەبێتەوە،لەوانە هەندێ هێز هەن بە تایبەتیش هێزی دیكەی ئیسلامی نێو خودی رژێم لە هەوڵی ئەوەدان بەری ئەو شۆڕشە لە بەرژەوەندیی خۆیان بچننەوە جا رەنگە بە ئەنجامدانی كودەتای كۆشك یان كودەتای سەربازی بێت،بۆیە دەبینین بەر لە چەند مانگێك هەوڵێكی سەرنەگرتووی كودەتا سازكرا بە سەرۆكایەتیی فەریق سەڵاح قوش سەرۆكی پێشووی هەواڵگری و ژمارەیەك لە سەركردە سەربازییە ئیسلامییەكانی نێو سوپا، بەڵام هەرزوو لەناوبرا،بۆیە سودانییەكان بە بڕوایەكی تۆكمەو قایمەوە و بە ئومێدێكی گەشبینانە دەڕواننە پاشەڕۆژی شۆڕشەكەیان تاكو وڵات لە دەسەڵاتی رژێمی دیكتاتۆری بەشیر رزگار بكەن.
Top